رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

چینی خۆڵەمێشی و ئاساییكردنەوەی خراپە

Facebook
Twitter
LinkedIn

وەرگێڕان: کەیوان هەورامی

بابەتی ئەم وتارەمان، دوانە دەربارەی هانا ئارێنتی فەسیلەسووفی یەهوودی–ئەڵمانیی سەدەی بیستەم. هەوڵ دەدەم لە ڕوانگەی ئەوەوە شەنوكەوێكی چینی خۆڵەمێشی، بێباكی لە ئاست كۆمەڵگە و ئاساییكردنەوەی خراپە (بەو جۆرەی ئەو ناوزەدی دەكات) بكەم.

ئارێنت لە سەردەمی تۆتالیتاریزم و سەروەختی جەنگی جیهانیی دووەمدا دەژیا. خوێندكاری زانكۆ (بەشی فەلسەفە) و شەیدای مارتین هایدگەری مامۆستای بوو. پەیوەندیی ئەوان گۆڕا بۆ پەیوەندییەكی عاشقانە، وەلێ بە داخەوە چارەنووس وا سووڕا كە هایدگەر چووە بەرەی نازییەكانەوە؛ ئەو نازیانەی كە لێبڕابوون بۆ ڕاوكردنی یارەكەی ئەو. دواجار ئارێنت لە ئەڵمانیا هەڵهات، خۆی گەیاندە فەڕەنسا و پاشان لە ئەمریكا گیرسایەوە. هایدگەر دوای جەنگی دووەمی جیهانی لە نامەیەكدا دانی پێدا نا كە گوتوبێژ و ڕاگۆڕینەوە فكرییەكانی لەگەڵ كەسێكی دیاری وەك ئارێنت، بوونە هەوێنی باشترین ئادیدیا فەلسەفییەكانی نێو كتێبی «بوون و كات». ئەم دانپێدانانە، نیشاندەری لێهاتوویی و توانای فەلسەفیی خاتوو ئارێنتە. پێشنیار دەكەم بێ گومان كتێبەكانی بخوێننەوە، چونكە فەلسەكەی ئەو گەلێك گرنگە و ئێجگار پەیوەندیی بە ڕۆژگاری ئێمەوە هەیە. ئارێنت كە تا پێش جەنگی جیهانیی دووەم بە شێوازی فەلسەفەی ئەكادیمی ئیشی دەكرد، سەروەختی جەنگ بەو ئەنجامە گەیشت كە چەندە بێسوود و ساویلكانەیە كە لە كەشی داخراوی زانكۆ دابنیشێت و لە تەنیایی خۆیدا بیر لە جیهانێكی زەینی بكاتەوە، لە كاتێكدا كە ئەو جیهانە واقعییەی دەرەوەی ئەو چوار دیوارەی ئەوی لێ دانیشتووە، بەبۆنەی جەنگەوە وا وێران دەبێت و گڕ دەگرێت. خەریكبوون بە فەلسەفەیەكی دابڕاو لە واقعیەت كە تەنیا لە چوارچێوەی تیۆریدا بمێنێتەوە و پێ نەنێتە مەیدانی كردەوە، چ كەڵكێكی هەیە؟ ئەم فەلەسەفەیە گەرچی وەك قاڵبە زێڕ جوان و بەباقوبریقە، وەلێ ئاخۆ دەشێت چ كاریگەرییەكی هەبێت؟ وای وێنا بكەن كەسێك لە بیاباندا ون بووە، گەرووی وشك بووەتەوە و لە دوی ئاو دەگەڕێت كە قاڵبە ئاڵتوونێك دەدۆزێتەوە، لە ناوجەرگەی بیاباندا، كاتێك كە مرۆڤ خەریكە لە تاو تینووێتی و گەرمادا لەنێو دەچێت، قاڵبە ئاڵتوون چ كەڵكێكی دەگرێت؟

ئارێنت بڕیار دەدات خۆی لە كەشی زانكۆ و چوارچێوەی ڕۆشنبیراندا سنووردار نەكات و ئیدی تەنیا فەیلەسووفێكی ئەكادیمی نەبێت، لە كۆڕی جیاوازی كۆمەڵگەدا قسە بكات، وتار بۆ ڕۆژنامەكان بنووسێت، بە گشتی لە كۆمەڵگەدا ئامادە بێت و خۆی بە فەلسەفەیەكەوە سەرقاڵ بكات كە لە حیكمەتی تیۆرییەوە بگۆڕێت بۆ حیكمەتێكی كردەیی و هەر بە ڕاستی بتوانێت كاریگەری بخاتە سەر كۆمەڵگە. ئەو دەڵێت گەر بڕیار بێت فەلسەفەی سیاسی تەنیا لە چوارچێوەی تیۆریدا بێت و نەتوانێت پێ بنێتە نێو واقعیەت، ئەوا تكایە من بە فەیلەسووفی سیاسی ناو مەبەن. تەنیا بە تیۆریستی سیاسی ناوم بەرن، چونكە لانیكەم تیۆریی سیاسی، بۆ دەركەوتنی سەنگی، دەبێت بە ئەزموونی كردەیی هەڵبسەنگێنرێت و كاریگەرییەكەی لە دیاریكردنی چارەنووسی كۆمەڵگەدا بسەلمێت. فەلسەفەی ئارێنت بە هیچ جۆرێك دانەبڕاوە لە واقع، چونكە ئەو، ئەزموونە پڕ لە هەوراز و نشێوەكانی ژیانیی كردنە فەلسەفە.

ئێستە مۆڵەت بدەن كەم تا زۆر بگەڕێینەوە بۆ سێ هەزار ساڵی ڕابردوو؛ ئەو سەردەمەی كە سووقرات لە یۆنانی كەونارا و لە شاری ئەسینادا دەژیا. سووقرات لە سەردەمی ژیانیدا تەنانەت كتێبێكیشی نەنووسی، هەموو ئەوەی كە ئێمە دەربارەی ئەو دەیزانین، هەمووی لە نووسینەكانی ئەفلاتوونی خوێندكارییەوە پێمان گەیشتووە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو بە یەكێك لە گرنگترین و كاریگەرترین فەیلەسووفانی مێژوو دادەنرێت. سووقرات بەردەوام لە كۆمەڵگەدا ئامادە بوو. خەڵكی كۆڵان و بازاری دەدواند و لە هەناوی كۆمەڵگەدا دەپەرژایە سەر ئیشی فەلسەفە. لە ڕێی گوتبێژ و هەڵسوكەوت لەگەڵ ئەوانی دیكەدا واتای بە فەلسەفە دەبەخشی. فەلسەفەی سووقرات ئاوێتەی كردەی كۆمەڵایەتی و سیاسی بوو. حیكمەتی تیۆری و حیكمەتی كردەیی، لە فەلسەفەی سووقراتدا لێكدانەبڕاو بوون. بەڵام كاتێك سزای مردنیان بەسەر سووقراتدا سەپاند و جامی ژەهری خواردەوە و مرد، ئەفلاتوونی خوێندكاری لەتاو ئەوەی شاری ئەسینا درەوشاوەترین فەیلەسووفی كوشت، تاسا و تۆقی. ئەسینای جێ هێشت، ماوەیەكی زۆر خەریكی گەشت بوو، كاتێكیش گەڕایەوە، ئەكادیمیای دامەزراند. ئەكادیمیا یەكەمین قوتابخانە یان زانكۆی فەلسەفی بوو.

جا لە ڕوانگەی هانا ئارێنتەوە، كێشەكە لێرەوە سەری هەڵدا. چونكە ئەفلاتوون فەلسەفەی لە ناوجەرگەی كۆمەڵگە دابڕی و بردییە چوارچێوەی ئەكادیمیكەوە. فەلسەفەی ئەفلاتوون بەراورد بە فەلسەفەی سووقرات، تەواو تیۆری و دابڕاو لە واقعیەت بوو. وا دەردەكەوێت لەبەر ئەوەی كە بەسەر سووقراتدا هات، ئەفلاتوون قینی لە كۆمەڵگەی ئەسینا هەڵگرتبێت. لە ئەفسانەی ئەشكەوتدا دەیگوت، ئەوەی كە خەڵكی بەسەر دیواری ئەشكەوتەوە دەیبینن، هیچ نییە جگە لە سێبەر. دەبێت لە ڕۆشنایی دەرەوەی ئەشكەوتەكەدا لە دوی حەقیقەت بگەڕێیت. ئەشكەوت لە ڕوانگەی ئەفلاتوونەوە نموونەی كۆمەڵگە بوو. گوتی ئەو كەسانەی لە ئەشكەوتدان، دەست و پێیان بە زنجیر بەستراوەتەوە و توانای جووڵانیان بەرەو حەقیقەت نییە، گەر كەسێكیش وەكوو سووقرات بتوانێت كۆت و زنجیر لە دەست و پێی خۆی بكاتەوە، لە دەرەوەی ئەشكەوت حەقیقەت ببینێت و بگەڕێتەوە بۆ ئەشكەوتنشینانی باس بكات، بە تاوانی سووكایەتیكردن بە بیروبڕواكانیان، دەیكوژن. كەواتە باشتر وایە ئێمەی فەیلەسووفان لە كۆمەڵگە جیا ببینەوە و لە ئەكادیمیا خەریكی فەلسەفە بین. لە ڕوانگەی هانا ئارێنتەوە، كێشەكە ئالێرەوە پەیدا بوو. هەتا ڕۆژگاری ئەمڕۆش زۆربەی فەیلەسووفان تەنیا لە كەشی ئەكادیمی و دەستە ڕۆشنبیرییەكاندا ئامادەن، بەڵام هیچ پەیوەندییەك لەگەڵ هەناوی كۆمەڵگەدا نابەستن. تەنانەت بە ئەدەبیاتێكیش دەنووسن و دەدوێن، كە زۆربەی خەڵكی تێی ناگەن. كتێب و وتارگەلی زۆر دەنووسن، وەلێ بە كردەوە هیچ چالاكییەكی مەدەنی و كۆمەڵایەتییان نییە. هانا ئارێنت نەیدەویست فەیلەسووفێكی وا بێت. هەر بۆیە ڕێیەكی تری هەڵبژارد و لەسەر ڕێچكەی سووقرات پەرژایە سەر كاری فەلسەفە، نەك بە ڕێچكەی ئەفلاتوون.

هانا ئارێنت گەرچی زیاتر بە فەلسەفە سیاسییەكەی ناسراوە، وەلێ بە فەیلەسووفێكی بوونگەراش دادەنرێت. هزرینەكانی ئەو دەربارەی دیاردەناسیی مرۆڤ، گرنگ و جێسەرنجن. دەكرێت لە فەلسەفەی ئارێنتدا وەڵامی هەندێك پرسیاری بوونگەرایانە و بنەڕەتی بدۆزینەوە. پرسیارگەلی وەك «مرۆڤبوون واتە چی؟»، «ژیانی مرۆڤ چەند ڕەهەندی هەیە؟»، «مرۆڤ چۆن دەتوانێت مانا ببەخشێتە ژیانی خۆی؟». ئارێنت دەڵێت ژیان و بوونی مرۆڤ سێ ڕەهەندی هەیە. لە یەكەم ڕەهەندی ژیاندا، مرۆڤ وەك ئاژەڵێكی ڕەنجبەر وایە. ئەوەی كە لە چواردەوریدا بە دەستی دەهێنێت، بەكاری دەبات. ڕەهەندی دووەمی ژیان، كار و پیشەی مرۆڤە. لەم ڕەهەندەی ژیانیدا، دەبێت بە مرۆڤێكی بەرهەمهێن. ئیدی هەر بەوەندەوە ناوەستێت تەنیا ئەوە بەكار بەرێت كە لە چواردەوریدا دەستی دەكەوێت، بەڵكە هەوڵ دەدات خۆیشی بەرهەم بهێنێت. وەلێ ڕەهەندی سێیەمی ژیانی مرۆڤ، كە بە باڵاترین ڕەهەند دادەنرێت، چالاكیی سیاسییە، كە ئارێنت پێی دەڵێت «action». ئەو بە تەواوی هاوڕای ئەرستۆیە، كە دەڵێت: «مرۆڤ ئاژەڵێكی سیاسییە». هەڵبەتە مەبەستی ئارێنت، بۆچوونەكەی ماكیاڤیلی نییە لەسەر سیاسەت، لە دیدی ئەوەوە سیاسەت واتە گوتوبێژ و هەڵسوكەوتی تاكەكانی كۆمەڵگە لەگەڵ یەكتر لەپێناو هێنانەدیی هزرێكی گشتی، لەپێناو هەنگاونان بە ئاراستەی ئایدیاڵێكی كۆمەڵایەتی؛ لەپێناو باشتربوونی بەردەوامیی كۆمەڵگە. ئارێنت بڕوای وایە ئەو كەسەی ئەم ڕەهەندەی ژیانی ڕەد بكاتەوە و چالاكیی سیاسیی نەبێت، گرنگترین لایەنی بوونی خۆیی بەرجەستە نەكردووە و ناتوانێت هیچ مانایەك بۆ ژیانی بئافرێنێت. كەسێك كە ئەم ڕەهەندەی ژیانی بەدی نەهێنێت، لە شوناس دادەماڵرێت و بە كۆمەڵگە و ئەو جیهانەی تێیدا دەژی، نامۆ دەبێت. ئەمڕۆكە ئەو چینە زەوەندەی كۆمەڵگە كە هیچ چالاكییەكی سیاسی–كۆمەڵایەتیی نییە، ئێمە بە چینی خۆڵەمێشی ناوزەدمان كردووە.

لە جیهانی ئەمڕۆدا، ئەو توێژانەی خەڵكی كە چینی خۆڵەمێشی پێك دەهێنن، بە گوتەی ئەرستۆ ئیدی ئاژەڵی سیاسی نین. بە گوتەی ئارێنت، چیدی بوون بە ئاژەڵی ئابووری. چونكە تەنیا دوو ڕەهەندەكەی تری بوونیان (واتە ڕەهەندی بەكاربردن و بەرهەمهێنان) لە سووڕێكی بەتاڵدا بەرجەستە دەكەن. بەكار دەبەن بۆ ئەوەی كار بكەن، كار دەكەن بۆ ئەوەی بەكار ببەن. بەڵام ڕەهەندی سێیەم، واتە چالاكیی كۆمەڵایەتی–سیاسی كە لە ڕوانگەی ئارێنتەوە گرنگترین لایەنی ژیانی مرۆڤە، لە بەشێكی زۆری كۆمەڵانی خۆڵەمێشیی خەڵكیدا بەرجەستە نابێت. لە ڕوانگەی ئارێنتەوە، نابێت سیاسەت بە كەرەستەیەك بزانین بۆ گەیشتن بە ئامانجێك. چالاكیی كۆمەڵایەتی–سیاسی لە خۆیدا دەبێت تاكە ئامانجی ژیانی مرۆڤ بێت. ئەمڕۆكە سیاسەت بووە بە كەرەستەی گەیشتن بە ئامانجێك، كە ئەو ئامانجە هەمیشە ئابوورییە. سیاسەت بووە بە كەرەستەیەك بۆ بەدەستهێنانی ئابووری. كۆمەڵانی خەڵكی چینی خۆڵەمێشی، تووشی خەمساردیی سیاسی و بێباكی لە ئاست كۆمەڵگەدا بوون. وەلێ بەبێ كردەی سیاسی–كۆمەڵایەتی، ناتوانرێت وەڵامی پرسیاری «مرۆڤبوون واتە چی؟» بدرێتەوە. چونكە شوناسی مرۆڤ لە ڕەهەندە سیاسی–كۆمەڵایەتییەكەوە دەردەكەوێت. چینی خۆڵەمێشی لە سەردەمی مۆدێرندا، تووشی قەیرانی بێشووناسی بووە. من گەر بپرسیم: «فڵان چ جۆرە كەسێكە؟»، لە وەڵامدا بەپێی جۆری پیشەكەی یان ڕێژەی سامانەكەی دەیناسێنن. بۆ نموونە دەڵێن: «بەڕێز فڵان ئەندازیارە، خاوەنی ماڵێكە لە فیسارە گەڕەكدا و مۆدێلی سەرەكەشی فڵانە جۆرە.» شوناسی تاكەكان لە چینی خۆڵەمێشیدا، شوناسێكی ئابوورییە، نەك شوناسێكی سیاسی. لە چینی خۆڵەمیشیدا لە منداڵەكەمان دەپرسین: «بەنیازیت لە داهاتوودا چ پیشەیەكت هەبێت؟» ناپرسین: «دەتەوێت لە داهاتوودا چ جۆرە مرۆڤێك بیت؟» پرسی سیاسەت بۆ چینی خۆڵەمێشی بووە بە بابەتێكی لاوەكی و كەمبەها. سیاسەت لەوەدا پوخت كراوەتەوە كە گوێ لە كەناڵە هەواڵییەكان بگرین و ئاگاداری ڕووداوەكان بین، بۆ ئەوەی لە كۆبوونەوە و میوانیدا بتوانین خۆمان بنوێنین و قسەیەكمان پێ بێت بۆ كردن. ئارێنت دەڵێت لە یۆنانی كەونارادا شوناسی مرۆڤەكان، بەپێی چالاكییە سیاسی–كۆمەڵایەتییەكانیان پێناس دەكرا. سیاسەت كەرەستەیەك نەبوو بۆ ئابووری، ئابووری كەرەستەیەك بوو بۆ سیاسەت. خەڵكی وانەیان دەخوێند، هۆشیارییان پەیدا دەكرد و سامانیان پێكەوە دەنا لەپێناو ئەوەی بتوانن سیاسەتێكی باشتر بكەن و بە هێزێكی فرەترەوە بتوانن لە ژیانی كۆمەڵایەتیدا ئامادە بن. خەڵكی چینی خۆڵەمێشی تووشی تاكگەراییەكی زیادەڕۆیانە بوون. هەموو بەهاكان تاكەكەسین: ژیانی تاكەكەسی، ئازادیی تاكەكەسی، خاوەنداریەتیی تاكەكەسی… هەموو شتێك بووە بە تاكەكەسی. هەڵبەتە زۆربەیان لە ئاست خۆیان و خێزانەكەیاندا دڵسۆز و خەمخۆرن، بەڵام لە دەرەوەی سنووری خێزاندا، گیرۆدەی بێباكیی سیاسی–كۆمەڵاتی دەبن. لە بارێكدا ئێمە وەك هاوڵاتییەك، دەبێت وەك چۆن لە ئاست خۆمان و خێزانەكەماندا بەرپرسیارین، لە ئاست تاكەكانی كۆمەڵگە و ئەوەی لە كۆمەڵگەدا ڕادەبوورێت، بەرپرسیار بین. ئەو تاكەی سەر بە چینی خۆڵەمێشییە، وەك ئەوە وایە ڕەهەندێكی جیهانی (كەشی سیاسی–كۆمەڵایەتی) بزر كردبێت. ئەو لە چەمكی فرەیی تێناگات. ماركس باسی لە چەمكی نامۆبوون بە خۆ دەكرد، ئارێنت باس لە نامۆبوون بە كۆمەڵگە؛ نامۆبوون بە جیهان دەكات. خەڵكی سەر بە چینی خۆڵەمێشی، وەك ئەوە وایە نامۆ بن بە كۆمەڵگە. هەر مرۆڤێكیش نامۆ بێت بە كۆمەڵگە، شوناسی خۆی لە دەست دەدات. بە ڕای ئارێنت، چەمكێك بوونی نییە بە ناوی «مرۆڤ»ـەوە، ئەوەی هەیە «مرۆڤەكان»ـن، كە وێڕای فرەیی و جیاوازبوون لەگەڵ یەك، پێكەوە لە كۆمەڵگەدا و بە هەڵسوكەوت لەگەڵ یەكتری مانا پەیدا دەكەن.

كەواتە گوتم ئەو مرۆڤەی سەر بە چینی خۆڵەمێشییە، سوژەیەكی ئابوورییە، كە ئیدی هیچ كردەوەیەكی كۆمەڵایەتی–سیاسیی نییە، دەربارەی چارەنووسی گشتی بێباك بووە، ویژدان و ئەقڵی كۆمەڵایەتیی لە كار كەوتووە، چونكە بێشووناسە و نامۆ بووە بەو كۆمەڵگەیەی تێیدا دەژی. تەنانەت دەكرێت لەو كاتەدا كە كۆمەڵگە لەژێر چەپۆكی ستەم و چەوساندنەوە و كوشتاردایە، ئەو ئیش بكات و بەكار ببات و بە ڕای خۆیشی ژیانێكی ئاسایی هەبێت، بگرە دەكرێت لەمەش تێپەڕێت و خۆی ببێتە بەشێك لە دەستاگەیەكی تۆلیتار و مرۆڤكوژ. ئارێنت كتێبێكی هەیە بە ناوی «ئایشمەن لە ئۆرشەلیم». ئایشمەن ئەفسەرێكی پلەبەرزی حیزبی نازی بوو؛ ئەو بكوژێكی پشتمێزنشین بوو. ئیشی ئەوە بوو ڕۆژ تا ئێوارە بە كۆمەڵێك ژمارە و ناودا بچێتەوە و پێڕستێكی دووردورێژ لە ناوی كەسانێك ئامادە بكات و بە مەبەستی گواستنەوەیان بۆ ئاشۆیتس (كوورەی سووتاندنی جوولەكەكان) بەرنامە دابڕێژێت؛ كوشتنی بەكۆمەڵی دەستەیەكی زەوەندی كەسانی بێتاوان ڕێك بخات. ئەم كەسە دوای كۆتاییهاتنی جەنگ، بە شوناسێكی ساختەوە كۆچ دەكات بۆ ئەرجەنتین. بەڵام دواجار مۆساد دەیناسێتەوە و دەستبەسەری دەكات و دەگوازرێتەوە ئیسرائیل بۆ ئەوەی دادگایی بكرێت. گرۆی ئەو خەڵكە زەوەندەی كە لە دادگە كۆ دەبنەوە، چەمەڕای ئەوەن چاویان بە شەیتانێكی بەدشێوە؛ دێوێكی خوێنخۆر بكەوێت. وەلێ لە دادگە، بەر دیمەنێكی دۆشداهێن كەوتن؛ بەر مرۆڤێكی ئاسایی، كە بە ڕواڵەت نە زیرەكی، نە دزێوی، نە كارێزما و هیچ تایبەتمەندییەكی جیاكەرەوەی نەبوو. ئەو لە مرۆڤە ئاساییەكان دەچوو. دەیگوت: «من تەنیا داشێكی بچۆلەی نێو دەسگایەكی مەزن بووم. منیش ئەو كارەم نەكردبا، كەسێكی تریان دەخستە شوێنم.» ئەو بە چواندنی خۆی بە بڕغوو و پێچكی مەكینەیەك، مرۆڤبوونی خۆیی ڕەد دەكردەوە و نیشانی دەدا كە چۆن دەكرێت مرۆڤێكی ئاسایی، تا ئەو ڕادەیە تووشی بێباكییەكی ئاكاری ببێت. ئەمە هەمان ئەو شتەیە كە ئارێنت پێی دەڵێت ئاساییكردنەوەی خراپە (banality of evil)؛ ئاساییكردنەوەی تاوان. زۆربەی تاوانەكانی مێژوو بە دەستی كەسانی مامناوەند دەكران، كە تەنیا فەرمانیان جێبەجێ دەكرد. ئایشمەن دەیگوت تەنانەت ڕقیشی لەو كەسانە نەبووە كە ڕەوانەی كوشتارگەكان دەكران. واتە ئیشەكەی ئەو لەپێناو ئایدۆلۆژیایەكی ڕەگەزپەرستانە نەبووە. ئەو بەپێی لێكدانەوە و ڕوانینی خۆی، تەنیا بە ڕەچاوكردنی ئەو یاسایەی كە لە وڵاتەكەیدا جێگیر كراوە، خەریكی جێبەجێكردنی ئەو ئیشە بووە كە پێی سپێردراوە، بۆ ئەوەی داهاتێكی هەبێت، پێش بكەوێت، لە كۆتایی ساڵدا دەستخۆشیی بۆ بێتەوە و سەرۆكەكەی لێی قایل بێت. ئابەمە دەڵێن ئاژەڵێكی ئابووری، بەری لە ئەقڵی كۆمەڵایەتی، بەری لە ئاكاری ویژدانی. كاتێك تاك ناتوانێت شوناس و بەهاكانی خۆی دیاری بكات، ئیدی لە دوی ڕابەرێك، دەستەیەك، ئایینێك یان ئایدۆلۆژیایەك دەگەڕێت تا یەكلایی بكاتەوە و بیخاتە سەر ڕێگەیەك و ئەركەكانیی بۆ دیاری بكات، چونكە خۆی بەرییە لە ژیری. ئەو ژیریی تاكەكەسیی هەیە، بەڵام ژیریی كۆمەڵایەتیی نییە، ئاخر سێیەمین ڕەهەندی ژیانیی (ڕەهەندی كۆمەڵایەتی–سیاسی) لەنێو بردووە. ئاشیمەن كەسێك نییە لە ژیانیدا تووشی كۆمەڵێك نەهامەتی هاتبێت و بیەوێت تۆڵە لە جیهان بكاتەوە، جا دواتر دۆخێكی بۆ ڕەخسابێت كە بتوانێت مرۆڤ بكوژێت. نا، ئایشمەن بە درێژایی تەمەنی ویستوویەتی ببێتە ئەندامی ئەم گرووپ و ئەو گرووپ، ئەمەش بەو هیوایەی كە ئەم ئەندامیێتییە بكرێت شوناسێكی پێ ببەخشێت، یەكێك پێی بڵێت ئەركەكانی ڕۆژانەی چین و دەبێت چۆن بژی. ئایشمەن لە ڕوانگەی ئارێنتەوە ئەهریمەنێكی بلیمەت نییە، مرۆڤێكی ئاسییە كە بە جیهانی مرۆڤەكان نامۆ بووە.

بەنیاز بووم لە كۆتایی ئەم وتارەدا باس لە سیسمی تۆتالیتاریزم و پەیوەندیی بە چینی خۆڵەمێشییەوە بكەم. دەمویست باسی هاوڕێژەیی تۆتالیتاریزم و ئاساییكردنەوەی خراپە و بێباكیی كۆمەڵایەتی بكەم. وەلێ بۆ ئەوەی ماندووتان نەكەم، بۆ وتارێكی دیكەی دادەنێم. دواهەمین خاڵ ئەوەیە گەر لە زاری هانا ئارێنتەوە باسی چینی خۆڵەمێشیم كرد، كە بێ گومان ئەمە بابەتی ئەمڕۆیی كۆمەڵگەی ئێمەشە، بۆ ئەوە نەبووە ویستبێتم داوەری لەسەر كەسێك بكەم، یان وانەی ئاكاری بە كەسێك بڵێمەوە. خۆ گەر وەها نیازێكم هەبێت، پێویستە سەرەتا ئاراستەی تیری ڕەخنە لە خۆم بكەم، چونكە من خۆشم وەك زۆربەی مرۆڤانی سەردەمی پۆستمۆدێرن، وەك پێویست و بەو جۆرەی كە دەبێت، چالاكیی سیاسی–كۆمەڵایەتیم نەبووە. لە جیهانی منیشدا پرسی خراپە ئاسایی كراوەتەوە. منیش گیرۆدەی خەمساردیی كۆمەڵایەتیم. لەم كەشەدا، هزر و فەلسەفەی ئارێنت بۆ ئێمە وەك سیخورمەیەك وایە. فەلسەفەكەی ئەو بیری مۆرڤی پۆستمۆدێرن دەهێنێتەوە كە «تۆ بوونەوەرێكی ئابووری نییت، تۆ هەر بە سرووشت بوونەوەرێكی كۆمەڵایەتی–سیاسییت. گەر لە جیهانی پۆستمۆدێرندا تووشی قەیرانی بێشوناسی بوویت، لەبەر ئەوەیە كە گرنگترین ڕەهەندی بوونی خۆتت ڕەد كرووەتەوە. ئامادە نییت بۆ تێفكرینێكی هەروەزانە و كردەی كۆمەڵایەتی.»

ئێمەی ئێرانییەكان كاتێك گەشت دەكەین بۆ وڵاتێكی دەرەوە، قسەیەك لە نێوانماندا باوە، دەڵێین: «ئێمە خەڵكانێكی شارستانی و باشین، حوكوومەتەكەمان خراپە. ئەوە ئەوانن كە تاوان دەكەن، دەنا ئێمە خەڵكانێكی نەرمونیانین.» لە ڕوانگەی ئارێنتەوە ئەمە قسەی كەسانێكە، كە بە كۆمەڵگە و جیهانی خۆیان نامۆ بوون. لەبەر ئەوەی هیچ چالاكییەكی سیاسی–كۆمەڵایەتییان نییە و خۆیان لە بەرپرسیاریەتی داماڵیوە. لە كۆمەڵگەیەكی پەرتكراودا كە لێوڕێژە لە تاكگەراییەكی زیادەڕۆیانە، كەڵكەڵەیان تەنیا خۆیان و خێزانەكەیانە. بڕیاریان داوە لە دەرەوەی سنووری خێزاندا، ئیدی هیچ ڕۆڵێكیان لە چارەنووسی سیاسی–كۆمەڵایەتیی كۆمەڵگەدا نەبێت. لە ڕوانگەی ئارێنتەوە، ئێمە هەموومان بەرپرسیارین، هەر ستەم و نادادپەروەرییەك لە كۆمەڵگەدا بكرێت، دەستی یەك بە یەكمانی لە پشتە: چ ئەوەی فەرمان دەكات، چ ئەوەی جێبەجێی دەكات، چ ئەوەی سەیر دەكات و هیچ ناڵێت. هەتا كاتێكیش ئەم هەستكردن بە بەرپرسیاریەتی و تێفكرینە گشتییە نەیێتە ئارا، دۆخی كۆمەڵگە ناگۆڕێت.

سەرچاوە:

آوای فلسفە

هانا آرنت (قشر خاكستری و بی تفاوتی اجتماعی)

هاوشێوە