رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

بۆ ئەوەی داهاتوومان بگۆڕین، پێویستە شێوازی فێرکردنی مێژوو بۆ منداڵان بگۆڕین.

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسین: یوڤال نووح هەراری

وەرگێران: ئەرکان جەوهەر

ئێمە ناتوانین [تا سەر حەقیقەتی] مێژوو لە منداڵان بشارینەوە. لە ئۆکرانیا ملیۆنان خێزان ماڵ و حاڵی خۆیان بەهۆی ئەو جەنگەی کە ”ڤلادمیر پۆتین” بەرپای کردووە لەدەست داوە. لە نیودەلهی گەرمایەکی بێوێنە کە پلەی گەرمییەکەی لە هاویندا سەروو (٥٠ پلە)یە، منداڵانی لە ماڵەوە دیل کردووە و لە خوێندن و یارییش بێبەشی کردوون؛ [لەو لایشەوە] نرخی خۆراک لە هەموو جیهاندا تا کەشکەڵانی فەلەک بەرز بووەتەوە و منداڵانی لە سەرانسەری دونیادا گیرۆدەی برسێتییەکی زۆر کردووە. بۆیە بێ گومان نەوەی داهاتوو خوازیاری ئەوەن ڕووبەڕووی پرسیارە گەورەکان ببنەوە، [پرسیاری ئەوەی] بۆچی جەنگ بوونی هەیە؟ [ڕۆڵ] و پێگەی ئێمە لەناو سرووشدا چییە؟ پارە چییە و بۆچی هێندە گرنگە؟

بە زۆری ئەم پرسیارانە بە نیسبەت منداڵانەوە گرنگترن تا گەورەکان، [بە گشتی] ئەو شتانەی کە بۆ گەورەکان واقعی و حاشاهەڵنەگرن، منداڵان بە گومانەوە لێی دەڕوانن. [بۆیە زۆر جار] کاتێک منداڵێک لە بەرانبەر وەڵامی پرسیارەکانیدا پێمان دەڵێت ”بۆچی؟” ڕەنگە ئێمە تووڕە ببین، [چونکە ئێمە لەوە تێناگەین] ئەم منداڵە تەنیا کۆشش دەکات پەی بە ڕیشەی هەموو شتێک بەرێت. ئەمە هەر ئەو کارەیە کە ئێمە ساڵانێکی زۆرە خۆمانمان لێ بوواردووە.

سەرەڕای ئەوەیش ئێمە ناتوانین رێگە لە منداڵان بگرین، ڕووبەڕووی ئەو هەموو حیکایەت و چیرۆکە هەڵبەستراوانەی ناو مێژوو نەبنەوە. منداڵان هەر لە سەرەتای تەمەنێکی زۆر کەمەوە مێشکیان بە خورافە و زانیاری فریودەر، نەک تەنیا دەربارەی ڕووداوەکانی ئەمڕۆ، بەڵکوو دەربارەی مێژووی مرۆڤ، شوناس، بنەچە و بەسەرهاتەکانمان بۆردوومان دەکرێت.

هەر بۆ نموونە: لە زێدی لەدایکبوونم‌دا ”واتا ئیسرائیل”، تەنانەت خوێندکارە سیکۆلارەکانیش، پێش ئەوەی هیچ شتیک دەربارەی نیاندەرتاڵەکان بزانن، یان پاشماوەی تابلۆی سەر دیواری ئەشکەوتەکانی لاسکۆ(([1]Lascaux و سولاوسی(Sulawese[2])ـیان بینیبێت، حیکایەتی (باخی عەدەنـ)ـیان بۆ دەگێڕنەوە و وێنە و [پۆترێتی] ڕەنگاوڕەنگی کەشتییەکەی نووحیان پیشان دەدەن؛ سەرەنجام ناتوانین کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئەم کارە نادیدە بگرین. هەر بۆیە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ لەنێوان ئایەتی(زەوی پڕ بکەن و بیخەنە ژێر ڕکێفتانەوە)ـی سفری پەیدابوون و شۆڕشی پیشەسازی و قەیرانی ئیکۆلۆژیدا بوونی هەیە. هەروەها لەنێوان ئەو چیرۆکە مێژوویانەی کە منداڵانی ڕووسی لە قوتابخانەکاندا دەیخوێنن و داگیرکارییەکانی پۆتین بۆ سەر ئۆکرانیا و قەیرانی جیهانی خۆراکیشدا، دیسان پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ بوونی هەیە.

بۆیە گەر منداڵان تەنیا بە [چیرۆکە ئوستوورەیی] و ئەفسانەییەکان بسپێرین، ئەوا دەستبەرداربوون لەم ئەفسانانە لە گەورەییدا کارێکی زەحمەت و هەندێک جاریش نامومکینە. بۆیە پێویستە لەگەڵ منداڵاندا هەم بە شێوەیەکی بەرپرسیارانە و ڕاشکاو، هەم زانستی و لۆژیکی دەربارەی پرسە گەورەکان قسە بکەین، نەک لەسەر بنەمای بڕوایەکی دۆگم و [دەمارگیرانە]. ئەمە ئەو کێشەیەیە کە خۆم لەم ساڵانەی دواییدا لە کاتی نووسینی ”مێژووی جیهان” بۆ منداڵان دەستوپەنجەم لەگەڵی نەرم کردووە.

نووسینی ئەم پرۆژەیە فێری کردم، قسەکردن لەگەڵ منداڵاندا دەربارەی پرسە گەورە و مێژووییەکان کارێکی ئاڵؤزە. مامەڵەکردن لەگەڵ هەندێک پرسی وەک: ژیانی ڕۆژانەی ”ڕاوچییە-کۆکەرەوەکان” لە چاخی بەردینی کۆندا، واتا ئەو سەردەمەی کە مرۆڤ لە جەنگەڵ و دەشتاییەکاندا دەژیا و منداڵان کاتەکانیان بۆ فێربوون بەسەر درەختەکاندا و ڕۆیشتن بەدوای شوێنپێی ئاژەڵان و کردنەوەی ئاگردا بەسەر دەبرد. بەڵام پرسی لەمە ئاڵۆزتریش هەیە، بۆ نموونە: مامەڵەکردن لەگەڵ دەرئەنجامی تێکەڵی و زاوزێی نیاندەرتاڵەکان لەگەڵ یەکەمین مرۆڤی ژیر(sapiens)ـدا، سەرهەڵدەکێشێت بۆ مشتومڕ لەسەر ئەو کۆرپەیەی کە لە دایکێکی هۆشمەند و باوکێکی نیاندەرتاڵییەوە کەوتووەتەوە و دواجار لەگەڵ خۆیدا بابەتگەلی وەک: جەنگ، کۆمەڵکوژی و لەناوچوون دەهێننە ئاراوە.

قسەکردن دەربارەی دیوە تاریکەکەی مێژوو گەلێک گرنگە، لێ چۆن بتوانین ڕێگە بگرین لەوەی کە منداڵان [لەو دیوە تاریکەی مێژوو] نەترسن. یەکێک لە بنەماکانی ڕێنمایی ئەوەیە، کە تا ئەو کاتەی گوێگر نەگەیشتووەتە ئاستی بالغبوون، نابێت باسی هەموو کارەساتێکی ناخۆشی بۆ بکرێت. بەڵکوو لە جیاتی ئەوە، لە کاتی قسەکردن لەسەر کارەسات و نادادپەروەری، پێویستە جەخت لەسەر لایەنی ئینسانی بکرێتەوە و پێیان بڵێین: هەرچەند بارودۆخ خراپ بێت، خەڵکی بە گشتی دەتوانن بارودۆخەکە بگۆڕن و باشتری بکەن؛ ئەمە خەیاڵپڵاوی نییە، بەڵکوو پوختەی مێژووە. مێژوو نە لێکۆڵینەوە و توێژینەوەیە لە ڕابردوو، نە تەنیا لیستی ئەو جەنگ و کارەساتانەیە کە هەزارن ساڵ لەمەوبەر پاشاکان لە سەردەمی حکوومڕانی خۆیاندا بەرپایان کرووە؛ بەڵکوو مێژوو بریتییە لە چۆنێتی گۆڕانی ڕووداوەکان.

گەر وا بیر بکەینەوە کە دنیا هەمیشە هەر بەم شێوە بووە و ڕەوتی ژیانی ئێستامان تاکە شێوەی ژیانی مرۆڤایەتییە، ئەوا ئاساییە هەست بەوە بکەین گۆڕان [لەژیانی رۆژانەماندا] نامومکینە و ئەو کێشە و گرفتانەی کە ڕووبەڕوومان دەبنەوە چارەسەر ناکرێن. لە حاڵەتێکی وادا تەنانەت لە بەرانبەر نادادپەروەرییەکی زۆریشدا بە خۆمان دەڵێین: هیچمان لەدەست نایەت و دونیا هەر بەو شێوەیە بووە کە هەیە. لێ بە ڵێکۆڵینەوە لە مێژوو لەوە تیدەگەین کە مرۆڤ لە ڕابردوودا، هەرگیز وەک ئێمە نەژیاوە و ژیان هەردەم لە گۆڕان و بەرەوپێشچووندایە. دونیای ئەمڕۆ بەرئەنجامی داهێنانی دەستی مرۆڤە، هەر بۆیە مرۆڤ دەتوانێت چۆنی بووێت وا بیگۆڕێت؛ هەرچەندە ئەمە کارێکی ئاسان نییە، لی پێشتر چەندان جار ئەمە ڕوویداوە.

هەر لەبەر ئەم هۆکارەیە مێژوو هێندە بەهێزە، چونکە تاکە کلیلی گۆڕینی جیهانە. بۆیە سەیر نییە کە هەندێك لە دەوڵەتان لە[حووکمی] مێژوو دەترسن، بە دەگمەن ڕێک دەکەوێت سەرکردە و بەرپرسان ڕێگری لە خەڵک بکەن فێری زانستەکانی وەک فیزیا، یان ماتماتیک ببن. لێ زۆرینەی دەوڵەتان ڕێگە لە خەڵک، بەتایبەتی توێژی گەنجان دەگرن، لانیکەم هەندێک [هەقیقەت و]دیوە ڕاستییەکەی مێژوو بزانن. مێژووی ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پاشایانەی کە هەزاران ساڵ لەمەوبەر لەناوچوون، وەک بڵێی دەستە سارد و بێ‌ڕووحەکەیان لە گۆڕ هاتووەتە دەرەوە و تا بەر بە بیرکردنەوەمان بگرن و ڕێگەیش لە گۆڕانکاری.

هەر ئەو پاشایانە بوون کە چیرۆکی جۆراوجۆریان دەربارەی خودا، نەتەوە، پارە و عەشق دادەهێنا و دواتر پەرەیان پێ دەدا، ئەو چیرۆکانەی کە تا ئەمڕۆیش هێشتا زۆرینەی خەڵک باوەڕیان پێیەتی. بۆیە بۆ دەستخستنی هەندێک ئازادی لەم حیکایەتانەدا و ڕەفتاری جیاواز ئەنجام بدەین، ئەوا پێویستە لەوە تێبگەین ئەم حیکایەتانە سەرەتا چۆن دەرکەوتوون و چۆنچۆنی بایەخیان پەیدا کردووە. گەرنا هەرگیز لەوە تێناگەین ئەمانە تەنیا حیکایەتن. چونکە ئەو منداڵانەی کە هەردەم پرسیارەکانیان بە ”بۆچی؟” دەست پێ دەکات، هیز و توانای ئەوەیان هەیە بن‌وبنچینەی ئەم چیرۆکە دێرینانە لە ڕیشەوە هەڵتەکێنن.

بەڵام سەرەڕای نەترساندنی منداڵان، پێویستە ئاگاداری ئەوەبین بەرپرسیارێتی خۆمان نەخەینە ئەستۆی ئەوان. باوترین هەڵەی ئێمەی مرۆڤ ئەوەیە، کە چاوەڕوانی ئەوە لە منداڵان دەکەین ئەرک و پرۆژەکانمان بگرنە ئەستۆ و ئەو کێشانە جارەسەر بکەن کە خۆمان لەچارەسەرکردنیان ناکام ماوینەتەوە. بۆیە کاتێک لەگەڵ منداڵان لەسەر پرسە گرنگەکان قسە دەکەین، دەبێت هەندێک جار لە خۆمان بپرسین، هەر بەڕاستی بۆچی دەمانەوێت ئەوە بکەین.

هەر مرۆڤێک لە دونیادا ئەرکێکی قورسی لە ئەستۆیە، هەندێک جار مەبەست لە فێرکردنی منداڵان بە مێژوو ئەوەیە، بەشێک لەو بارگرانییە بخەینە ئەستۆی نەوەی داهاتوو. واتا ئێمە دەمانەوێت هەمان بیروڕا، یادەوەری، شوناس و ئەو ململانێیانەی کە بە درێژایی تەمەنمان بارگرانی بۆ دروست کردووین، بیخەینە ئەستۆی منداڵان. [ئەمە ڕێک وەک ئەوەیە بڵێین]: (هێی بچکۆل، تا ئێرە وەرە، من ئەم هەموو شتەم تا ئێرە هەڵگرتووە، لێرەوە نۆرەی تۆیە.)

لێ ئەمە نادادپەروەرییە. چونکە ڕێگەیەکی زۆر لەمە باشتر بۆ فێربوونی منداڵان دەربارەی میژوو هەیە، [ئەویش بریتییە لەوەی]، لانیکەم یارمەتیان بدەین بۆ ئەوەی لە دەستی هەندێک ترس، وەهم و ئازار ڕزگاریان ببێت. بۆ نموونە پێیان بلێین: (بچکۆل ئەم شتانە دەبینیت؟ ئەمە هەر ئەو شتانەیە کە من ساڵانێک بە دەستیانەوە گیرۆدە بووم و هەموو ژیانمیان وێران کرد، بۆیە وریابە، پێویست ناکات تۆیش هەمان ئەزموونی من دووبارە بکەیتەوە.)

[لە کۆتاییدا] ئومێدەوارم مێژوو ببێتە ئامرازێک بۆ ڕزگارکردنی مرۆڤایەتی، نەک کۆت و بەندکردنی. ببێتە ئامرازێک بۆ پێکهێنانی پەیماننامەی نۆێ، نەک بەردەوامبوون لە ململانێکانی ڕابردوو. هەرچۆنێک بێت، ئامانج لە تێگەیشتنی مێژوو، بۆ وەبیرهێنانەوەی [ڕووداوەکانی] ڕابردوو نییە، بەڵكوو ڕزگارکردنێتی لە کۆت و بەندی ڕابردوو.


[1] – ئەشکەوتی لاسکۆ، یان لاسکاوخ(Lascayx)، زنجیرە ئەشکەوتێکە دەکەوێتە باشووری ڕۆژئاوای فەرەنساوە. لەم ئەشکەوتانەدا کۆمەڵیک نیگار و تابلۆی هەڵکۆڵراو دۆزراونەتەوە کە مێژووەکەیان دەکەڕێتەوە نۆ سەردەمی چاخی بەردینی کۆن. نیگارەکانی ناو ئەشکەوتەکان بریتین لە کۆمەڵێک وێنەی ئەو ئاژەڵە بە بەردبووانەی کە بەم دوایانە لە نیزک ئەشکەوتەکان دۆزراونەتەوە. تەمەنی هەریەک لەو نیگارانە نزتکەی ١٧ هەزار ساڵە.

[2] – ئەشکەوتێکە دەکەوێتە ناو یەکێک لە دوورگەکانی ئەندۆنیسیاوە، لەسەر دیواری ئەشکەوتەکە نیگاری چەند ئاژەڵیک هەڵکۆڵراون کە تەمەنیان دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی چل هەزار ساڵ لەمەوبەر. بۆیە بە کۆنترین پاشماوەی هونەری مرۆڤ دادەنریت.

هاوشێوە