رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

بایەخی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسین : د. شاهۆ سەعید

بەشی یەکەم:

لە سەردەمی ئەمڕۆماندا زانیاریەکان بە خێرایی تیشک دەگوزەرێن و زاووزێ دەکەن. بەرهەمەکانی ژیریی دەستکرد و تەکنۆڵۆجیای زانیاری بەردەوام گەشەدەکەن. لەگەڵ هەموو گەشەیەکدا شێوازی ژیان، ئەرک و چاوەڕوانیەکانی مرۆڤ گۆڕانیان بەسەردێت. هاوکات ئاڵنگاری و گرفتەکان کەڵەکە دەبن، کە پێویستیان بە تێگەیشتنی قووڵتر، هەڵسەنگاندنی وردتر و دۆزینەوەی رێچاری خێراترە.

خێرایی، کە خەسڵەتی سەرەکی ئەم سەردەمەیە، پێویستی بە چالاککردنی توانا زەینیەکانی مرۆڤە لەسەر سێ ئاست: (یەکەم) خێراکردنی بیرکردنەوە و چالاککردنی بەهرەکانی تێگەیشتن و شیکاریی و بەڵگەسازی. واتە دوورکەوتنەوە لە هەموو جۆرەکانی لایەنداریی پێشوەخت، لافی بێ بەڵگە، ناواخنی زیادە و کڵێشە باوەکانی بیرکردنەوە، کە هەموویان پرۆسێسی بیرکردنەوە خاودەکەنەوە؛ (دووەم) قەرزکردنی دیدگای ئەوانی تر، هی تاکەکانی تر و کۆمەڵگاکانی تر، بۆ بینینی خۆمان لەپێگەی ئەوانەوە؛ واتە دوورکەوتنەوە لە لافە زیانبەخشەکانی خۆ-پەسەندیی و کۆمەڵ-پەسەندیی، کە دەشێت چەند وێنەیەکی بێبناغە و هەڵخەڵەتێنەرمان بۆ دروست بکەن؛ (سێیەم) متمانەکردن بە توانای زەینیی خۆمان، چ وەک تاک و چ وەک کۆمەڵگا، بەوەی کە دەتوانین قەڵەمبازی کولتوریی و پەروەردەیی گەورە لە چۆنایەتی (کواڵێتی) بیرکردنەوەدا ئەنجام بدەین. واتە بەگەڕخستنی ئیرادەی زانین کە دەرفەتمان دەداتێ ببینە خاوەنی هەموو ئەو بەهرە زانستی و پەرەوەردەیی و کولتوریانەی کە کۆمەڵگاکانی تر لێی سوودمەند بوون.

لەم پێناوەدا، بیرکردنەوەی ڕەخنەیی هاوکاریمان دەکات بۆ کورتکردنەوەی ڕێگا پەروەردەیی و کولتوریەکان، بۆ تێپەڕاندنی کۆسپە تاکەکسی و دەستەجەمعیەکان، بۆ پەیبردن بە ماتە-وزەی هزرین و داهێنان. بیرکردنەوەی ڕەخنەیی چەندین بایەخی فیکری و پەروەردەیی و کولتوریی هەیە، پەیوەست بە کۆمەڵگای خۆمان لەم پێنج بایەخەدا کورتی دەکەینەوە:

بایەخی یەکەم:

بیرکردنەوەی ڕەخنەیی وەک فەلسەفەی پەروەردەیی و پێداگۆجی فێربوونی بەردەوام

پەروەردەی هاوچەرخ بڕوای بە چەشنێک لە مەعریفە هەیە کە بەردەوام کەڵەکە دەبێت، گەشە دەکات، ئەزموون دەکرێت، هەموار دەکرێت، تەنانەت رەتدەکرێتەوە و ئاڵتەرناتیڤی بۆ دەدۆزرێتەوە. واتە قوتابخانە شوێنی هەڵگرتن و پاڕاستنی زانیاری نیە؛ بەڵکو شوێنی تێگەیشتن، شیکردنەوە، بژارکردن و هەڵسەنگاندنی زانیاریەکانە. ئەگەر ئەم پرۆسەیە لە زانکۆکاندا لە رێگای داهێنان و توێژنەوەی بەردەوامەوە  دەستەبەر بکرێت؛ ئەوە لە قۆناغە سەرەتاییەکانی خوێندندا لەڕێگای پێگەیاندنی جۆرێک لە فێرخوازەوە مسۆگەر دەبێت کە لە سەرەتای تەمەنیەوە فێر ببێت ڕەخنەییانە بیربکاتەوە، توانای ئارگیومێنتی هەبێت، پەنابەرێت بۆ شیکردنەوە و ئەزموونکردنی تاقیگەیی و دۆزینەوەی رێچاری نوێ. فێرخواز، بەم پێیە، دەبێتە کەسێکی چالاک و بەشدار لە دروستکردنی مەعریفە و ڕەوایەتی بەخشین بە گریمانەکان، هەروەها فێری داهێنان دەبێت؛ چونکە داهێنەر تەنها ئەو کەسە نیە کە بەرهەمێک بۆ یەکەمین جار دروستدەکات؛ بەڵکو کەسێکە بیرکردنەوەی ئەمڕۆی لە دوێنێی ناچێت و لە رووی زەینییەوە گەشەدەکات. واتە پێوانەکردنی داهێنان، وەک باڵاترین ئاستی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی، لە کەسێکەوە بۆ کەسێک و لە قۆناغێکی خوێندنەوە بۆ قۆناغێکی تر گۆڕانی بەسەر دێت.

بیرکردنەوەی ڕەخنەیی کۆمەکمان دەکات ئەو کەلێنە پڕبکەینەوە کە لەنێوان واقعی پێشکەوتنی تەکنەڵۆجیای زانیاری و کەڵەکەبوونی پرسیار و کێشەکانی سەردەم لە لایەک و دۆخی وەستاوی پەروەردەی کلاسیک لە لایەکی ترەوە دروست بووە. پیادەکردنی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی لە قوتابخانەدا پێویستی بە فەلسەفەیەکی پەروەردەیی ڕۆشن هەیە کە لە دۆخی ئێستا تێبگات و ئاسۆکانی ئایندەش ببینێت. قەیرانێکی سەرەکی خوێندن لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا پەیوەندیی بە سستی و دەستەوسانی سیستمی پەروەردەوەییەوە هەیە کە ناتوانێت مۆدێلێکی نوێی مامۆستا و پرۆگرامی خوێندن ئامادەبکات کە خۆگونجێن Flexible بێت و شانبەشانی گەشەی تەکنەڵۆجیا و گەشەی کۆمەڵگاکان و کەڵەکەبوونی کێشەکان گەشەبکات و خۆی تازەبکاتەوە.

بایەخی دووەم:

بیرکردنەوەی ڕەخنەیی وەک پارێزەری تاکەکەس لەئاست ئەقڵیەتی دەستەجەمعیدا

بیرکردنەوەی ڕەخنەیی کۆمەکمان دەکات بایەخی ئازادیی تاکەکەس بزانین و پارێزگاریی لێبکەین، چونکە بیرکردنەوە زادەی هەڵبژاردنی ئازادانەی تاکەکانە و ناتوانین زۆر لە هیچ تاکێک بکەین ڕەخنەییانە بیربکاتەوە.  ئازدای، لەسەر هەموو ئاستەکان، پێشمەرجی بیرکردنەوەی ڕەخنەییە؛ بەڵام گرنگترین جۆری ئازادی پەیوەندیی بە ئازادی تاکەکەسەوە هەیە کە دەرفەتی هەبێت ئازادانە گوزارشت لە خۆی و بیروبۆچوونی بکات و ملکەچی هیچ سانسۆر و گوشارێکی فەرمی و کولتوری و کۆمەڵایەتی نەبێت.

زۆرجار پاسەوانانی کۆمەڵگا نەریت پارێزەکان ترسیان هەیە ئازادیی ڕادەربڕین ببێتەهۆی دروستبوونی بیرکردنەوەی خراپ و هەڕەشە لەسەر بەها کۆمەڵایەتیەکان دروست بکات؛ بەڵام لە ڕاستیدا ترسی لەم جۆرە بێ مانایە و بنەمای لۆجیکیی نیە، چونکە هەموو بیروباوەڕێک لای خاوەنەکەی ڕاست و ڕەوایە تا ئەو کاتەی گوزارشتی لێدەکرێت و دەبێتە بابەتی ئارگیومێنت.. لەوە بەدوا خەوش و کەموکورتیەکانی دەردەکەون و مرۆڤ خۆبەخۆ هەمواری دەکات، یان لێیان پاشگەز دەبێتەوە. پێچەوانەکەیشی هەر ڕاستە، هەندێک جار دیدگای نوێی تاکەکان، بەهۆی باڵادەستی سیستێم و کولتور و دابونەریتەوە، پێشوازییان لێناکرێت و پەسەند ناکرێن؛ بەڵام بەهۆی هێزی ئارگیومێنت و لۆجیکی ئەو کەسانەوە کە داکۆکی لێدەکەن وردە.. وردە.. رەوایەتی پەیدا دەکات و کۆمەڵگا پاشگەز دەبێتەوە لە دژایەتیکرنیان.

واتە بیرکردنەوەی ڕەخنەیی بە هەمان ئەو ئەندازەیەی کۆمەڵگا لەوە دەپارێزێت ببێتە ملکەچی دیدی تاکە کەسێک یان تاکە گروپێک، تاکەکەسیش لەوە دەپارێزێت ببێتە گوێرایەڵی دیدگای باوی کۆمەڵایەتی. بیرکردنەوەی ڕەخنەیی دید و بۆچوون و ئارگیومێنتی تاکەکان پاڵفتە و بژار دەکات، لە بێژنگی لۆجیک و ئاکار و بەستێنی کۆمەڵایەتییان دەدات، هاوکات ئەو دەرفەتەش دەڕەخسێنێت تاک خاوەن ئارگیومێنتی خۆی بێت و داکۆکی لە بۆچوونی خۆی بکات، تەنانەت گەر پێچەوانەی بۆچوونی باویش بێت.

بایەخی سێیەم:

بیرکردنەوەی ڕەخنەیی وەک ئامرازی دادپەروەریی فیکریی

یەکێک لە ئامانجەکانی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی بریتییە لە کۆتاییهێنان بە بریکاری (وەکالەت)ی فیکریی. واتە تێپەڕاندنی ئەو دۆخەی کەسێک لەبری کەسێکی تر، یان تاکێک لەبری کەرتێکی کۆمەڵایەتی بیربکاتەوە و بڕیاربدات و ئارگیومێنت بکات. ئەمە بەو مانایە نایەت کە بیرکردنەوەی هەموو تاکەکان لە ئاستێکی پەسەندایە و جیاوازی لەنێوان دیدگای کەسی ئاسایی و کەسی زانا و شارەزا و ڕۆشنبیردا نیە؛ بەڵکو بەو مانایە دێت هێزی بەڵگەسازی و ئارگیومێنت بەندە بە پاساوی لۆجیکییەوە نەک پێگەی خاوەنەکەی. ئارگیومێنت بۆ ئەوەی رەوا و قایلکار بێت دەبێت رێز لە وەرگرەکەی بگرێت تەنانەت ئەگەر کەسێکی ئاسایی یان فێرخوازێکی سەرەتاییش بێت. واتە دەبێت مافی ئەوەی بداتێ لێی تێنەگات، یان گومانی لێبکات، یان ناکۆک بێت لەگەڵی تا بۆی یەکلایی دەبێتەوە.

ئەگەر ئەم دادپەروەرییە فیکرییە بۆ فاکت و بابەتە زانستیەکان پێویست بێت، ئەوە بۆ پرسە سیاسی و کولتوریەکان و بۆ بریارە شەخسیەکانی مرۆڤ چەندین جار پێویستترە؛ چونکە لەو پرسانەدا هیچ پلەبەندیەک نامێنێت، دەکرێت ئارگیومێنتی کەسێکی ئاسایی زۆر لە ئارگیومێنتی کەسێکی بەناوبانگ لۆجیکی تر و قایلکار تر بێت. بە دەربڕینێکی تر، دادپەروەری فیکریی دژی یەکسانکردنەوەی ئارگیومێنتی ئەو کەسانەیە کە لە رووی فیکرییەوە چالاکن بەرامبەر ئەو کەسانەی کە لە رووی زەینییەوە تەمبەڵن.. بەڵام هاوکات دژی ئەریستۆکراتیەتی فیکریی و پیشەییە بۆ بەرتەسککردنەوەی مافی بیرکردنەوە و ئارگیومێنت لەسەر بنەمای تەمەن و رەگەز و ئاستی خوێندن و پێگەی کۆمەڵایەتی و پیشەیی و سیاسی و ئاینی و نەتەوەیی.

هاوشێوە