رێکخراوی ئازادبوون بۆ گەشەپێدانی بەردەوام

‎ خۆشبەختی  مەزنترین ئامانجی مرۆڤە

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسین: گاندارڤ والیا

وەرگێڕان: هادی ئەحمد

‎ویست و حەزەکانی مرۆڤ بە گشتی لە چوارچێوەی هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی خۆشبەختی و دۆخێکی ئارام و سەقامگیر کە مرۆڤ تێیدا ئاسودە بێت ڕەنگدەداتەوە، ئەمە تا ئێرە ئاسایی و سانا دەردەکەوێت، کەچی لێرەدا ڕووبەڕووی دۆخێکی پارادۆکسیکاڵ دەبینەوە. چیە ئەم دۆخە کە ئێمە هەوڵی بۆ دەدەین لەدەرەوەی تێرکردنی  غەریزە سروشتیەکانی مرۆڤ، مرۆڤ چۆن ئاسوودە دەبێت ئایا ئارامی لە دەرەوەیە و دەبێت بیکەینە ئامانج و لە قۆناخێکدا پێ بگەین یان هەر لێرەیە و لە ناوەوی خۆماندا و هەنوکەییە و بە دوایدا بگەڕێین، چۆن ئەم ئارامییە دەروونییە لە ناوەوەی مرۆڤ و بەدەر لە کاریگەری فاکتەر گەلی  جۆراو و جۆر بەرخورد بکەین، لێرەدا فەیەلەسوفی یۆنانی ئەپیکۆر دیدگا و تەرزێکی سەرنجڕاکێش پێشکەش دەکات، کە  ئەم  ئارامییە دەروونییە بە شێوەیەکی هەنوکەی لە هزری و دەرونی مرۆڤدایە نەک لە شوێنێکی دیکە. هەر ئەم ئارامییە مانای خۆشبەختی هەمیشەیییە وەکیتر شتگەلێک کە گوایە جێژن و خۆشبەختین چ نین جگە لە خۆشیێکی کاتی. نوسینێک دەربارەی  فەلسەفەی ئەپیکۆر:

​ئەم فەیلەسوفە ناودارەی یۆنان، وانەی بەهادارمان دەربارەی ئارامیی دەروونی، چێژ، پێکەنین و سروشتی مرۆڤ پێشکەش دەکات. ئەپیکۆر لەو بڕوایەدا بوو کە خۆشبەختی گەورەترین ئامانجی ژیانە و پەیامەکەی ڕێگەی گەیشتن بەم ئامانجەمان نیشان دەدات. لە فەلسەفەی ئەودا، «ئاسوودەیی» و «ژیری» (عەقڵانییەت) دوو کۆڵەکەی سەرەکیی خۆشبەختین.

‎​ئەم تێڕوانینە ڕەنگدانەوەی بناغەی فەلسەفەکەیەتی. ئەو لەبری ڕاکردن بەدوای سامان، دەسەڵات یان ناوبانگدا، مرۆڤ هان دەدات کە سەرنجیان لەسەر ئارامیی ناوەکی، ڕوونیی هزر، هاوڕێیەتیی مانادار و چێژە سادەکانی ژیان بێت. وانەکانی ئەپیکۆر کاریگەرییەکی قووڵیان لەسەر بیرمەندانی دوای خۆی جێهێشتووە و هێشتاش بۆ جیهانی ئەمڕۆمان گرنگ و کاریگەرن. ئەم وتەیە پاڵنەرە بۆ ئەوەی قووڵتر بیر لەوە بکەینەوە کە چ شتێک بە ڕاستی ڕازیمان دەکات، و چۆن هەڵبژاردنە ژیرانە (عەقلانیی)ەکان ڕێبەرێمان دەکەن بەرەو ژیانێکی هاوسەنگتر.

‎​بەهای هەمیشەییی وتە ئیلهام بەخشەکان

‎​گووتە ئیلهام بەخشەکان ناوبانگی خۆیان دەپارێزن، چونکە  خەڵکی دەتوانن لە هەر قۆناغێکی ژیانیاندا، لە گووتەکاندا خۆیان ببیننەوە. ئەم گووتانە هاندەرن بۆ بیرکردنەوەی ئەرێنی، خۆبەرەوپێشبردن و بڕیاردانی دروستتر. زۆربەی گووتە ناسراوەکان چەمکە ئاڵۆزەکانی وەک ڕەفتار و بەها مرۆییەکان بە زمانێکی سادە و قووڵ ڕوون دەکەنەوە. مرۆڤ بە وردبوونەوە لەم وشانە، دەگاتە تێگەیشتنێکی نوێ و سەرنجی دەچێتە سەر ئەو شتانەی کە لە ناوەرۆکدا گرنگن.

‎​تێگەیشتن لە ناواخن و کڕۆکی  وتەکە

‎​ئەپیکۆر پێی وابوو خۆشبەختی باڵاترین شوێنی مرۆڤە. بە بڕوای ئەو، مرۆڤەکان بە سروشتی خۆیان بەدوای بەختەوەریدا دەگەڕێن و لە ئازار ڕادەکەن، بەڵام چەمکی خۆشبەختی لای ئەو لەسەر بنەمای زیادەڕۆیی و خۆشگوزەرانیی مادی بنیاد نەنراوە، بەڵکوو چەقەکەی بریتییە لە: ئارامیی دەروونی، ڕەوینەوەی ترس و ڕزگاربوون لە ئارەزووە ناپێویستەکان.

‎​کاتێک ئەپیکۆر باس لە ئارامی دەکات، مەبەستی ئارامیی ناخی مرۆڤە. کەسێک کە گیرۆدەی ترسی بەردەوام و نیگەرانیی داهاتوو نەبێت، دەتوانێت ژیانێکی هێمنتر ئەزموون بکات. ئەم ئارامییە دەرفەت بە مرۆڤ دەدات قەدری چرکەساتی ئێستا بزانێت و هاوسەنگیی دەروونیی خۆی بپارێزێت.

‎​”ژیری” یان عەقڵانیەت، دووەم بنەمای سەرەکیی ناو گووتەکەیەتی، کە بە مانای بەکارهێنانی عەقڵ و بڕیاردانی هۆشیارانە و ئاگایانە دێت. ئەو پێی وابوو پێویستە مرۆڤ پێش هەر هەنگاوێک قووڵ بیر بکاتەوە؛ چونکە هەڵبژاردنی عەقڵانی ڕێگرە لەوەی مرۆڤ بکەوێتە ناو ئەو کارانەی کە لە پاشەڕۆژدا دەبنە مایەی ئازار. هەروەها بڕیارێک کە لۆژیکبێت و بیرلێکراوەبێت، دەبێتە مایەی ژیانێکی سەقامگیر و ئاسوودەتر..

‎​پەیوەندیی گووتەکە تەکە بە جیهانی ئەمڕۆوە

‎​پەیامی پشتی ئەم وتەیە بۆ کۆمەڵگەی مۆدێرن یەکجار گرنگە. لەم سەردەمەدا، زۆرینەی خەڵک بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتن، پێگەی کۆمەڵایەتی و ناوبانگ کات بەفیڕۆ دەدەن. هەرچەندە ئەم ئامانجانە بڕێک سوودی کاتییان هەیە، بەڵام قەت بەختەوەریی ڕاستەقینە گەرەنتی ناکەن. ئەپیکۆر پێشنیاری خۆشبەختییەکی هەمیشەییمان بۆ دەکات کە سەرچاوەکەی ئارامیی دەروونە نەک دەستکەوتە دەرەکییەکان. وانەکانی ئەو خەڵک هان دەدەن بەرەو ئەو شتانەی کە لە بنەڕەتدا گرنگن  وەک پەیوەندیی کۆمەڵایەتیی بەهێز، ئارامیی هزری و بیرکردنەوەی کردەی، زۆرجار ڕازیبوونێکی هەمیشەیی دەبەخشن کە لە هیچ دەستکەوتێکی کاتییەوە بەدەست نایەت.

‎​لە جیهانێکدا کە دەورەدراوین بە لێشاوی زانیاری، کێبرکێی چڕ بۆ سەرکەوتن و دڵەڕاوکێی بەردەوام، ئەم گووتەیە وەبیرمان دەهێنێتەوە کە هێمن ببینەوە و سەرنج بخەینە سەر ئەو شتانەی باری تەندروستی و خۆشبەختیمان بەرەو پێش دەبەن. بیرکردنەوەی ژیرانە نیگەرانیی ناپێویست کەم دەکاتەوە، لە کاتێکدا ئارامیی دەروونی دەتوانێت تەندروستیی سۆزداری و دەروونیمان بەتەواوی باشتر بکات.

سەرچاوە: epicurus: Quote of the day by Epicurus: ‘Happiness is man’s greatest…’ Life lessons on inner peace, joy, laughter and human nature by renowned Greek philosopher – The Economic Times

هاوشێوە