نووسین: د.ئهحمهد فاتح محهمهد
پەیوەندیی دیالێکتیکیی نێوان سێگۆشەی “دەوڵەت، دەسەڵات، و یاسا” لە میانی مێژووی فەلسەفەی سیاسی و یاساییدا ههیه، هەمیشەش وەک گرنگترین بنەمای تیۆری فهلسهفهی یاسا سەیرکراوە بۆ هەڵسەنگاندنی ئاراستەی شارستانیی کۆمەڵگەکان و شیکردنەوەی میکانیزمەکانی بەڕێوەبردنی گشتی. کاتێک لە گۆشهنیگای لۆژیکی تیۆریی دەوڵەتی مۆدێرن و فەلسەفەی یاساوە سەیری دۆخی سیاسی، دەستووری، و پێكهاتهی عێراق دەکەین، پەی بە وەرچەرخانێکی مێژوویی و داڕمانێکی مەترسیدار دەبەین. وەرچەرخانێک لە دۆخی “دەوڵەتی دەسەڵات و نایاسایی” (کە تێیدا دەسەڵاتێکی ڕەها، چەسپاو و ستهمكار یاسای وەک ئامرازێکی ڕووت بۆ سەپاندنی هەژموون و شەرعییەتدان بە ڕەفتارەکانی خۆی بەکاردەهێنا) بەرەو دۆخی “بۆشایی دەسەڵات و یاسا” (کە تێیدا مۆنۆپۆلی توندوتیژیی ڕەوا بە تەواوهتی داڕماوە، هەژموونی دەوڵەت دابەشبووە و یاساش ئامادهگی پێكهاتهیی، سەربەخۆ و کارای خۆی لەدەستداوە). لیرهدا هەوڵێک بۆ شرۆڤەکردنی ئەم داڕمانە دەستووری و سیاسییە بە پشتبەستن بە لۆژیکی یاسایی، تیۆریی سەروەری، و بنەماکانی دەستوور دهبهستین.
لێ شیکردنەوەی دیاردەی دەوڵەتی مۆدێرن ناکرێت تەنها لە چوارچێوەی بوونی دامەزراوەی کارگێڕیی ڕووکەش، بینای باڵاخانە ڕەسمییەکان، بەرزکردنەوەی ئاڵا، یان نوێنەرایەتیی دیپلۆماسی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا کورتبکرێتەوە. دەوڵەت لە كرۆكه فەلسەفییەکەیدا بریتییە لە ئیرادەیەکی یاسایی و سیاسیی باڵا کە خاوەنی سەروەریی بێوێنە، ڕەهاییه لە دەربڕینی ئیرادەی گشتی و جێبەجێکردنی یاسادا. کاتێک ئەم ئیرادە باڵایە دابەش دەبێت یان لەلایەن هێزە نافەرمی و دەرەکییەکانەوە زەوت دەکرێت، فۆرمی یاسایی و كرۆكی دەوڵەت دادەرمێت و دەبێتە قەوارەیەکی پوچ کە تەنها ناو و ڕوکارێکی بێناوەرۆکی دەوڵەتی هەڵگرتووە. لێرەوە، کێشەی بنەڕەتی و کوشندە لە کۆماری عێراقدا تەنها خراپیی ئیدارە، پەککەوتنی خزمەتگوزارییەکان یان دیاردەی گەندەڵی کارگێڕی نییە، بەڵکو قەیرانی نەبوونی پێناسەیەکی دەستووریی ڕوونە بۆ كرۆكی سەروەری و جێبەجێکردنی یاسا بەسەر هەموو تاک، گروپ و دەسەڵاتێکدا بە بێ جیاوازی.
یەکەم: وەرچەرخان لە دەوڵەتی دەسەڵات و نایاساییەوە بۆ دابەشبوونی سەروەری
لە قۆناغەکانی پێش ساڵی 2003دا، حوکمڕانی لە عێراقدا وێنەیەکی کلاسیکی و دەقئاسای “دەوڵەتی دەسەڵات و نایاسایی” بوو. سیستەمێک تێیدا دەسەڵاتی سیاسیی ناوەندی بە بێ هیچ سنوورێکی دەستووری و ئەخلاقی بەکاری دەهێنرا. لەو مۆدێلەدا، یاسا نەک وەک چوارچێوەیەک بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری، پاراستنی مافەکان و سنوردارکردنی دەسەڵاتداران ولێكجیاكردنهوهی دهسهڵاتهكان، بەڵکو وەک ئامرازێکی سیاسی و سەرکوتکار بۆ شەرعییەتدان بە ئیرادەی ڕووتی حزبی دەسەڵاتدار و تاقمی فەرمانڕەوا داڕێژرابوو.لە دوای گۆڕانکارییە سیاسیی ساڵی 2003 و داڕمانی ئەو سیستەمە دەسەڵاتگەرایە ستهمكاره، هەوڵدرا لە ڕێگەی داڕشتنی دەستووری کۆماری عێراقی ساڵی 2005ەوە، مۆدێلێکی نوێی “دەوڵەتی یاسا، دامەزراوەیی و دەستووریی” بونیاد بنرێتەوە.
لە دەستووردا و لە ماددەی یەکەمدا، جەخت لەسەر ئەو چەمکە تیۆرییانە کراوهتهوه بەوەی ئاماژە بەوە دەکات کە: “کۆماری عێراق دەوڵەتێکی فیدراڵی، خاوەن سەروەری، سەربەخۆ و خاوەن سیستەمێکی حوکمڕانیی کۆماریی پەرلەمانیی دیموکراتییە.” بەڵام لە بڕی پەڕینەوەی ڕاستەقینە بەرەو دەوڵەتێکی مۆدێرن و یاسایی، عێراق کەوتە ناو دۆخێکی زۆر مەترسیدارتر لە ڕووی سیاسی و پێكهاتهییهوه، ئەویش دۆخی “بۆشایی دەسەڵات و یاسا”یە. دەوڵەت لە عێراقی نوێدا نەیتوانیوە ئەو پێوەرە بنەڕەتی و سادەیەی تیۆریی دەوڵەت—کە مۆنۆپۆلکردنی توندوتیژیی ڕەوا و چەکە له دهرهوهی دهوڵهت—بپارێزێت.
لێ ماددەی نۆیەمی بڕگهی -ب- له دەستووری عێراق ڕاشكاوانه بێ هیچ تەمومژێک جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە : “قهدهغهكردنی میلیشیای سهربازی لە دەرەوەی چوارچێوەی دەسەڵاتی دەوڵەت قەدەغەیە.” سەرەڕای بوونی ئەم دەقە دەستوورییە لێبڕاوه، لە واقعی حاڵدا چەندین هێزی چەکداری نافەرمی، تائیفی، حزبی و ناوچەیی لە دەرەوەی بڕیاری فەرمیی دەزگا ئەمنییەکانی دەوڵەت بوونیان هەیە کە خاوەن چەک، ئابوری، ودارایی و ههواڵگری و ههژمونی سەربازین و زۆر جار لە دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەت خاوەن دەسەڵاتتر و بڕیاردەرترن.
ئەم بەواقیعیبونەی فرەیی هێز و ناوەندەکانی بڕیاردان، بووەتە هۆی ئەوەی سەروەریی دەوڵەت پارچەپارچە بێت و لەبەریەک هەڵوەشێتەوە. کاتێک چەک، ئاسایش و بڕیاری ستراتیژی لە دەرەوەی چوارچێوەی دامەزراوە فەرمییەکانی وەک وەزارەتی بەرگری و ناوخۆدا بوونیان هەبێت، دەوڵەت لە فۆرمە مۆدێرنەکەی خۆی دادەماڵرێت و دەکەوێتە ناو “بۆشایی دەسەڵات”. لەم بۆشاییەدا دەوڵەت توانای کەرامەتدارانە و جێبەجێکردنی بڕیارە سەروەرییەکانی لەدەستدەدات، و لەبری ئەوە، بەرژەوەندیی گروپە چەکدارەکان، هەژمونی هێزە ئیقلیمییەکان و هاوکێشە نێودەوڵەتییەکان دەبنە ئاراستەکاری سەرەکیی بڕیارە ناوخۆیی و دەرەکییەکان.
جگە لەوەش، لە ڕووی تیۆریی سیاسییەوە، دەوڵەتی مۆدێرن لەسەر بنەمای “گرێبەستی کۆمەڵایەتی” دادەمەزرێت، تێیدا هاوڵاتییان خۆبەخشانە بەشێک لە مافە سەرەتاییەکانی خۆیان دەبەخشنە دەوڵەت لە بەرامبەر دابینکردنی ئاسایش، دادپەروەری و سەروەریی یاسادا. بهپێچهوانهوه لە عێراقی هاوچەرخدا، ئەم گرێبەستە لە بنەڕەتەوە هەڵوەشاوەتەوە، چونکە دەوڵەت لەبری ئەوەی بێتە پارێزەری گشتیی هەمووان، بووەتە زەمینەیەکی ڕووت بۆ دابەشکردنی دەستکەوت، ئیمتیازات و سامانی گشتی لە نێوان دهستهبژێری دەسەڵاتدار و کارەکتەرە نادەوڵەتییەکاندا. ئەم دۆخە وا دەکات کاتێک “دەوڵەتی دەسەڵات” دەڕوخێت و جێگەی خۆی ناداتە “دەوڵەتی یاسا”، بە ناچاری مۆدێلی “بۆشایی دەسەڵات” سەر هەڵبدات کە تێیدا هیچ ئیرادەیەکی یاسایی باڵا لە کۆمەڵگەدا سەروەر نابێت.
دووەم: داڕمانی سەروەری یاسا و پەککەوتنی دەقە دەستوورییەکان
یاسا لە فەلسەفەی بونیادگهرایی خۆیدا بۆ ئەوە هاتووە یەکسانی، دادپەروەری، ئاسایشی یاسایی و جێگیری فەراهەم بکات و کۆتایی بە ڕەفتاری بێسەروبەر، تۆڵەی تایبەتی و فەرمانڕەوایی شەخسی بهێنێت. بەڵام لە عێراقدا گواستنەوە بۆ بۆشایی یاسا بووەتە دیاردەیەکی بەرچاو و حاشاهەڵنەگر. پڕۆسەی یاسادانان خۆی تووشی پەککەوتن، بازرگانی سیاسی و لادانی گەورە بووە، یاساکان زۆرجار بەرهەمی ڕێککەوتنی سیاسیی پشتپەردە، وەبەرهێنانی حزبایەتی و سازشی نێوان تاقمە دەسەڵاتدارەکانن، نەک دەربڕی ئیرادەی گشتیی کۆمەڵگە یان زانستییانە پێویستییە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان.
ماددەی 13ی دەستووری عێراق بڕگهی یهكهم بە ڕاشکاوی ڕایدەگەیەنێت: ” يەكەم: ئەم دەستورە بە یاسای باڵا و هەرە بەرز دادەنرێت لە عێراقدا، پێويستە لە هەموو شوێنێكى عێراقدا پابەندبن پێوهی بە بێ جياوازی.” لێ بهڵام لە پراکتیکی واقعدا، دەبینین یاسای حزبییەکان، ڕێککەوتنە سیاسییە نادەستوورییەکان، یاسا و نەریتە هۆزایەتییەکان، و هەروەها فەرمانەکانی هێزە دیپۆفاکتۆ چەکدارەکان بەسەر دەقە دەستوورییەکاندا زاڵ کراون و بایەخی یاسایی باڵاترین بەڵگەنامەی وڵاتیان پووچەڵ کردووەتەوە.
ئەم داڕمانە یاساییە ڕاستەوخۆ کاریگەریی ڕاستهوخۆی بەسەر سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەریدا جێهێشتووە. ماددەی 87 و 88ی دەستووری عێراق جەخت لەسەر سەربەخۆیی تەواوی دەسەڵاتی دادوەری و دادوەرەکان دەکەنەوە و دەڵێن: “دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆیە… و دادوەرەکان سەربەخۆن وجگه له یاسا له ژێر ركێفی هیچ دەسەڵاتێکدا نین لە دەركردنی بڕیارەکانیاندا.” بەڵام کاتێک بۆشایی لە دەسەڵاتی دەوڵەتدا دروست دەبێت، بڕیارە دادوەرییەکانیش دەکەونە ژێر گوشاری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی هاوسەنگییە سیاسییە هەستیارەکان، هەڕەشەی سەربازی و بەرژەوەندیی تاقمە حزبییەکانەوە.
لێرەدا، چەمکی ڕەسەنی “سەروەریی یاسا” جێگەی خۆی دەداتە “تەوافوقی سیاسی”، کە تێیدا دەقی یاسایی جێبەجێ ناکرێت ئەگەرچی بەرژەوەندیی هێزە باڵادەستەکان و لایەنە چەکدارەکان بخاتە مەترسییەوە. کەواتە ئەگەر لە سیستەمی پێش ساڵی 2003دا یاسا وەک “ئامرازی دەسەڵات” بۆ سەرکوتکردنی خەڵک بەکاربهێنرایە، لە سیستەمی ئێستادا یاسا تووشی “پەککەوتن، ئیفلیجی و بۆشایی” بووە. کاتێک فەرمانی گرتن یان بڕیاری دادگا بەرامبەر بەرپرسێکی باڵا یان سەرکردەیەکی فەرماندەیی میلیشیایی جێبەجێ ناکرێت، بەڵام بەرامبەر هاوڵاتییەکی بێپشتوانی ئاسایی بە توندترین شێوە کارا دەکرێت، ئەمە بەڵگەی حاشاهەڵنەگرە لەسەر ئەوەی کە یاسا جەوهەری خۆی کە دادپەروەری، بێلایەنی و یەکسانییە بە تەواوی لەدەستداوە.
دیاردەی گەشەکردنی یاسا لۆکاڵی، خێڵەکی و عەشایەرییەکان ئهلتهرنانیڤێكی زۆر مەترسیدارە زۆر بە خێرایی بۆشایی یاسای دەوڵەت لە کۆمەڵگەدا پڕدەکاتەوە. کاتێک هاوڵاتی هەست دەکات دادگای فەرمیی دەوڵەت ناتوانێت مافەکانی بۆ بگەڕێنێتەوە، ئاسایشی بۆ دابین بکات یان بڕیارەکانی بەرامبەر ستهمكاران جێبەجێ بکات، بە ناچاری و لە پێناو پاراستنی خۆیدا پەنا دەباتە بەر ناوەندە نافەرمییەکان، سەنگەری عەشایەری یان گروپە دەسەڵاتدارەکان. ئەم گەڕانەوە ناچارییه بۆ پەیوەندییە سەرەتایی و پێش-دەوڵەتییەکان، مانای هەڵوەشاندنەوەی پلەبەندیی یاسایی و پووچەڵبوونەوەی ئەو بنەما دەستوورییانەیە کە دەوڵەتی مۆدێرنی لەسەر بونیاد نراوە، ئەمەش دروستکردنی بۆشاییەکی یاسایی ڕەهایە لە جەرگەی کۆمەڵگەدا.
سێیەم: دەرئەنجامە پهیكهربهندییهكانی بۆشایی دەسەڵات و یاسا لەسەر داهاتووی کۆمەڵگەدا
گواستنەوەی عێراق لە دۆخی “دەوڵەتی دەسەڵات و نایاسایی” بۆ “بۆشایی دەسەڵات و یاسا” تەنها ئاڵوگۆڕێکی سیستەمی کارگێڕی یان گۆڕینی کەسایەتییە سیاسییەکان نییە، بەڵکو هەڵوەشاندنەوەیەکی پهیكهربهندیی، فەلسەفی و ئهخلاقییه بۆ کۆی بنەماکان و بنچینەکانی نیشتمانسازی و هاوڵاتیبوون. کاتێک دەزگاکانی دەوڵەت ناتوانن کۆنتڕۆڵی تەواوی خاک، سنوورەکان، چەک و بڕیارە سیاسییەکان بڕەخسێنن، نیشتمان دەبێتە کێڵگەیەکی بێسەروبەر کە تێیدا لۆژیکی هێز، پارە و هەڕەشە بەسەر لۆژیکی ماف، یاسا و لێپرسینەوەدا زاڵ دەبێت. ئەم دۆخە نەخوازراوە بووەتە هۆی دروستبوونی نامۆبوونی قووڵی هاوڵاتی لەگەڵ دەستوور و یاساکانی وڵاتدا، چونکە دەستووری 2005 لەبری ئەوەی ببێتە ئامرازی بونیادنانی دەوڵەتێکی کارا و دادپەروەر، لە پراکتیکدا بووەتە بەڵگەنامەیەک بۆ شەرعییەتدان بە پشکپشکێنەی تائیفی، نەتەوەیی و حزبی.
لە لێکەوتە مەترسیدارەکانی تر و زۆر دیاری ئەم بۆشاییە، داڕمانی چەمکی “هاوڵاتیبوونی ئاسۆیی” و بەهێزبوونی ناسنامە لۆکاڵی و لاوەکییەکانە. کاتێک دەوڵەت لە ئەنجامدانی ئەرکە یاسایی، ئەمنی و ئابوورییەکانی خۆی پەککەوتوو و بێدەسەڵات دەبێت، تاکەکانی کۆمەڵگە ناچار دەبن ئاسایش، کار و مافەکانیان لە چوارچێوەی مەزههبگهرایی، نەتەوە، یان هۆز و حزبەکاندا بپشکنن. ئەمەش ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی پارچەپارچەبوونی خانهی کۆمەڵایەتی و ڕێگریکردن لە دروستبوونی ڕوحیەتی گشتیی نیشتمانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی.
جگە لەوەش، شێوازی حوکمڕانی تەوافوقی کە لەسەر بنەمای دابەشکردنی دەسەڵات و سامانی گشتی لە نێوان هێزە باڵادەستەکاندا بونیاد نراوە، کۆی یاساکانی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و دیوانی چاودێری دارایی بێئەنجام و بێکاریگەر کردووە. لە سایەی بۆشایی یاسادا، دەزگاکانی چاودێری و دەستەی نەزاهەت ناتوانن لێپرسینەوە لە کارەکتەرە دەسەڵاتدار و بڕیاردەرەکان بڕەخسێنن، چونکە سیستەمە سیاسییەکە خۆی وەک قەڵایەک پارێزگاری لە تاوانباران و گەندەڵکاران دەکات لە چوارچێوەی هاوسەنگییە حزبی و تایفییەکاندا. بەم شێوەیە، گەندەڵی لە دیاردەیەکی ڕەفتاریی تاكەکەسییەوە دەگۆڕێت بۆ پێکهاتەیەکی جێگیر، بهدهستووریبون و بە دامەزراوەکردنهوه له ناو سیستەمەکە کە لە ژێر سایەی نەبوونی یاسای سەروەردا گەشە دەکات و دەست بەسەر ئایندهی نەوەکانیشدا دەگرێت.
لە کۆتاییدا، دەوڵەت لە عێراقی ئەمڕۆدا لەبەردەم قەیرانێکی بوونگەرایی، هەیكەلی و سیستماتیکدایە چارەسەرکردنی تەنها لە ڕێگەی دەستکاریی کاتی، هەموارکردنی ڕووکەشی و چاکسازیی ئیداریی بەپەلەوە بەدەست ناهێنرێت. هەتا ئەو کاتەی “سەروەریی ڕەها، و بێگەردی دەوڵەت” بەرەو سەرەوە نەگەڕێتەوە، و هەتا ئەو کاتەی ماددە دەستوورییەکان (بە تایبەت ماددەکانی 1، 9، 13، 87 و 88) لە دەقی سەر کاغەز و دروشمی بێناوەڕۆکەوە نەبنە واقیعێکی چەسپاو کە کۆتایی بە فرەسەروەری، بێسەروبەریی چەک، و دەستتێوەردانە ناوخۆیی و دەرەکییەکان بهێنێت، بۆشایی دەسەڵات و یاسا هەر دەمێنێتەوە و بەرەو قوڵبوونەوەی زیاتر دەچێت. یاسا بەبێ دەسەڵاتێکی سەروەر و دادپەروەر تەنها دەقێکی بێگیانی سەر کاغەزە، و دەسەڵاتیش بەبێ سەروەریی یاسا، تەنها هێزێکی بێسەروبەر یان بۆشاییەکی کاولکارە کە ئایندەی دەوڵەت و کۆمەڵگە بەرەو داڕمانی یەکجارەکی و هەڵوەشاندنەوەی سەرتاسەری دەبات.