نووسین: د.ئهحمهد فاتح محهمهد
لەو تێڕامانە فەلسەفییە قوڵانەی فەیلەسوف و ڕۆماننوسی مەزن ئالبێر کامۆ لەبارەی ئەفسانەی سیزیف و مرۆڤی یاخیی یهوه نوسیویهتی، کێشەی مرۆڤ هەمیشە لەو چرکەساتە مێژوییەوه دەست پێدەکات کە هەست دەکات پێگەی یاسایی و ئیرادەی دەستوریی خۆی لە نێو سیستمێکی بیرۆکراسیی سارددا پەکخراوە. کامو لەوێدا باسی ئەو پێکهاتە کارگێڕییە وشک و بێبەزەیییانە دەکات تێیدا تاکی کۆمەڵگە لە کەسایەتییەکی یاسایی خاوەن مافەوە دەبێتە ئامێرێکی بێدەنگ لە خزمەت هێزێکی ناوەندیی قۆرخکاردا. زۆر جار کە تەماشای ئەم فەزا سیاسییەی هەرێمی کوردستان دەکەین، بۆمان دەردەکەوێت کێشەی سەرەکی تەنها نەبوونی خزمەتگوزاریی سەرەتایی یان قەیرانی دارایی کاتی نییە، بەڵکو کێشە بنەڕەتییەکە لە نهبونی ئهقڵی بهرهو دهوڵهت بوون و پەککەوتنی شەرعیەتی دەستوری و داڕمانی بنەماکانی پەیمانی کۆمەڵایەتی دایە، کە بنچینەی دامەزراندنی هەر قەوارەیەکی سیاسیی مۆدێرنن.
له ڕۆژههڵاتی ناوڕاست به ههرێمی كوردستانیشهوه، هاوڵاتی وەک سەرچاوەی سەرەکیی دەسەڵاتەکان، بەردەوام خۆی لەبەردەم پڕۆسەیەکی سیستماتیکی لادان لە دەسەڵات دەبینێتەوە. کاتێک ئامرازەکانی حوکمڕانی لە جێبەجێکردنی بەرژەوەندیی گشتیدا لادەدەن، سروشتی دەسەڵات لە پاراستنی سیستەمی گشتی ودابینکردنی مافەکانەوە دەگۆڕێت بۆ توندوتیژییەکی ڕێکخراو لە دەرەوەی چوارچێوەی یاسادا. کاتێک کورسیی حوکمڕانی لە ئەرکێکی کارگێڕیی و بهرێوهبردنی کاتییەوە دەگۆڕێت بۆ دەسەڵاتێکی ڕەهای نەگۆڕ، یاساکانیش لە فەلسەفەی پاراستنی کەرامەتی مرۆڤەوە بهتاڵ دەکرێن و دەکرێنە کەرەستەیەکی سادە بۆ شەرعیەتدان بە بەرژەوەندییەکانی دەستەبژێری دەسەڵاتدار. ئەمە یادگارییەکی تاڵە لە مێژوی فەلسەفەی یاسای گشتیدا، کاتێک پێگەی دەستوریی هاوڵاتیان دەکرێتە بارمتەی یاسایەکی شکڵی کە تەنها بۆ شەرعیەتدان بە مانەوەی سیاسییەکان نووسراوەتەوە.
چهمكی دەوڵەتی یاسا لە سەرەتاوە بۆ ئەوە هات کە مۆنۆپۆلی توندوتیژی لە چوارچێوەی سەروەریی یاسادا ڕێکبخات و پرەنسیپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان پەیڕەو بکات، نەک ئەوەی دامەزراوە یاسایی و دادوەرییەکان بکرێنە کەرەستەیەک بۆ قورخکاریی حیزبی وكهمینهیهكی ئۆلیگارشی. بەڵام کاتێک ئەم بونیادە دەستورییە کورت دەکرێتەوە بۆ پاراستنی دەستکەوتی شەخسی، ئێمە دەبینە بینەری داڕمانی باڵادەستیی دەستور و مەرگی سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری. کاتێک لە کاتی دامەزراندن و بەڕێوەبردنی دامەزراوە کارگێڕییەکاندا، پرەنسیپی یەکسانیی لەبەردەم یاسادا پێشێل دەکرێت و دهستهگهری سیاسی وخزم خزمێنه دەبێتە پێوەری سەرەکی، ئەمە نەک هەر لادانە لە ئەقڵانیەتی کارگێڕی، بەڵکو کوشتنی کۆی بەها دەستورییەکانە لە پێناو مانەوەی سیستەمێکی نادادپەروەردا.
ئەم بارودۆخە ناهەموارە یاساییە لە دیدی هانا ئارێنتەوە لە کاتی شیکردنەوەی بونیادی تۆتالیتاریزمدا بە ڕوونی دەبینرێت، کاتێک دەسەڵات لە ڕێگەی بڕیارەكانی دهرهوهی یاسا وفەرمانە نادەستورییەکانیەوە هەوڵدەدات پێگەی دەستووریی تاکەکان بە تەواوی بسڕێتهوه، بۆ ئەوەی هیچ گەرەنتییەکی یاسایی نەبێت بەرگری لە ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکانیان بکات. لێ تەلارە بریقەدارەکان و نوسینگه ڕازاوهكانی كایهیی یاسایی دهوڵهت، تەنها وەک دەمامکێکی ڕووکەش بەکاردەهێنرێن بۆ شاردنەوەی ئەو بۆشاییە دەستوورییە قوڵەی لە غیابی دەسەڵاتێکی دادوەریی سەربەخۆدا دروست بووە. تاکی هۆشیار لەم تەمومژە یاساییەدا هەست بە نامۆییەکی کوشندە دەکات، چونکە دەبینێت لە نیشتمانی خۆیدا هیچ چەتری پاراستنێکی یاسایی نییە بەرگری لە شکۆ و کەرامەتی بکات لەبەردەم ههژمونی دەسەڵاتی جێبهجێكردن دا. چارەسەری ئەم بنبەستە دەستوورییە، وەک چۆن لە قوتابخانە فیکرییە یاساییهكاندا هاتووە، تەنها لە مۆدێرنەکردنی کاتیی دامەزراوەکاندا نییە، بەڵکو لە بونیادنانی ڕاستەقینەی دەوڵەتی یاسا دایە، ئەو دەوڵەتەی تێیدا دەسەڵاتی کارگێڕی بە تەواوی ملکەچی پرەنسیپی شەرعیەتی یاسایی دەبێت و هیچ ڕێكار و بڕیارێکی کارگێڕی ناتوانێت لە سەروی دەسەڵاتی دەستور و یاسا بەرکارەکانەوە بێت. لێ دەبێت پێگەی یاسایی هاوڵاتی و گەرەنتییە دادوەرییەکان بکرێنە کۆڵەکەی سەرەکیی سیستەمی سیاسی، نەک بەرژەوەندییە کاتییەکانی حیزب.
پێویستە یاسا لە ئامرازێکی سیاسییەوە بگەڕێنرێتەوە بۆ مانا فەلسەفییە ڕەسەنەکەی خۆی کە پاراستنی هاوسەنگییە لە نێوان دەسەڵاتی گشتی و ئازادییە شەخسییەکاندا، ودابینکردنی چاودێریی دادوەریی کارا بەسەر بڕیارەکانی دەسەڵاتی جێبەجێکردنهوه بۆ ڕێگریکردن لە هەر جۆرە لادان و خراپ بەکارهێنانێکی دەسەڵات. تاوەکو بونیادی سیاسی نیشتمان لە غەریزەی حوکمڕانیی تاکەکەسییەوە نەگوازرێتەوە بۆ سەر دەسەڵاتی دامەزراوە دەستوورییە سەربەخۆکان، ئێمە وەک سیزیف لە بازنەیەکی بەردەوامی بێهودەیی یاساییدا دەسوڕێینەوە. ئهو وڵاتانهی تێیدا تەلارە بریقەدارەکان بە مۆڵەتی گزیكردنی یاسایی بەرز دەبنەوە، ئهوا بونیادی ڕاستەقینەی دادپەروەری، شەرعیەت و سەروەریی یاسا ڕۆژ دوای ڕۆژ ڕووبەڕووی داڕمان و مەرگی هێواش دەبنەوە.