رێکخراوی ئازادبوون بۆ گەشەپێدانی بەردەوام

لە کۆشکی شاهانەی بابلەوە بۆ کورسییەکانی بەغدا، کاتێک واقیع دەبێتە شانۆگەری

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسین: نەوزاد عومەر

 لە مێژووی فەلسەفەی سیاسیدا دەسەڵات هەمیشە وەک مەشروبێکی سەرخۆشکەر وەسف کراوە، هەر کەسێک بێ پێشینەیەکی فیکری و ئەخلاقی بیخواتەوە تووشی جۆرێک لە “شێتیی خۆبەمەزنزانین” (Megalomania) دەبێت. فەیلەسوفە کۆنەکان هەمیشە هۆشدارییان لە کورسیی دەسەڵات داوە کە توانایەکی سەیری لە گۆڕینی واقیع بۆ وەهم و لە گۆڕینی مرۆڤی سادە بۆ بوونەوەرێکی نامۆ هەیە، کە وابزانێت ئەو لەسەرووی یاساکانی سروشت و مێژووەوەیە. کتێبی یاداشتەکانی سینوهە (پزیشکی ناوداری فیرعەون) تەنها بەڵگەنامەیەکی پزیشکی، یان مێژوویی نییە، بەڵکو قووڵترین دەقی فەلسەفییە لەسەر شیکردنەوەی دەروونی کۆیلە و پاشاکان.

 لەنێو تەواوی ئەو نەریتە کۆنانەی کە سینوهە باسیان دەکات هیچ کامێکیان هێندەی “جەژنی پاشای درۆینە”ی بابلییەکان پڕ نەبووە لە هێمای فەلسەفی. لەو جەژنەدا دەسەڵاتی ڕەها بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر دەبەخشرا بە غەریبەیەک بە دەستفرۆشێک، یان مرۆڤێکی پەراوێزخراوی نێو عامەی خەڵک. تراژیدیای ئەو جەژنە لە ساتەوەختی پۆشینی جلی ئاوریشمی و دانیشتن لەسەر تەختی شاهانەدا دەستی پێنەدەکرد، بەڵکو لەو چرکەساتە دەروونییەدا دەستی پێدەکرد کە ئەو مرۆڤە سادەیە لەژێر چەپڵەڕێزانی حەشمەت و هێزی مەستیی مەیەکەی بابلدا باوەڕی بە درۆکە دەکرد. ئەو لەو ٢٤ کاتژمێرەدا لەبیری دەچووەوە کە ئەو تەنها سێبەرێکی کاتییە، ماسکێکی شانۆییە و مێژوو بۆ کاتبەسەربردن ئەم پۆستەی پێبەخشیوە. پێش ئەوەی تیشکی خۆری ڕۆژی دواتر واقیعی ڕاستەقینەی خۆی بیربهێنێتەوە، ژەهری مەرگی دەرخوارد دەدرا، چونکە مێژوویی دکتاتۆریەت ڕێگا نادات ماسکەکان بۆ هەمیشە بژین.

 ئەم تێزە فەلسەفییە قووڵەی سینۆها بە تەواوی بەسەر واقیعی بیست و سێ ساڵی ڕابردووی عێراقدا جێبەجێ دەبێت. لە مێژووی نوێی ئەم وڵاتەدا (لە دوای ٢٠٠٣ ەوە) ئێمە تەنها گۆڕینی ڕژێمێکمان نەبینی بەڵکو شایەتحاڵی گەورەترین تاقیکردنەوەی دەروونی و کۆمەڵایەتی بووین ئەویش:”هەڵتەکاندنی چینایەتی و دروستکردنی پاشای درۆینە لە ناوچە پەراوێزخراوەکانەوە”.

 مێژوو لێرەدا لە ماوەی ٢٣ ساڵدا یارییەکی زۆر توندوتیژی ئەنجامدا. ئەو کەسانەی کە دوێنێ لە شەقامەکاندا عارەبانچی و دەستفرۆش، یان لە حاشییەی ژیاندا بوون و هیچ سەرمایەیەکی فیکری و زانستییان نەبوو لەپڕ کاتژمێری مێژوویی ئەوانی گەیاندە سەر تەختی دەسەڵات. بەڵام شانۆی جیاوازییەکە لە نێوان سێ هەزار ساڵدا لەوەدایە کە جەژنی بابلییەکان تەنها ٢٤ کاتژمێر بوو لە کاتێکدا جەژنی ئەمان زیاتر لە دوو دەیە (٢٣ ساڵ)ی خایاند. ئەم ماوە درێژە وایکرد کە وەهمەکەیان لا ببێتە ناسنامە.

 کاتێک مرۆڤێک بەبێ شایستەیی فیکری، یان هاوسەنگی کۆمەڵایەتی، یان ئاشتبوونەوە لەگەڵ خودی خۆیدا دەبێتە خاوەنی پۆستی “جەنەڕاڵ”، یان بڕوانامەی “دکتۆرای تەزویر” لە زانکۆکانی دەرەوە، یان بازاڕی مرێدی دەکڕێت و دەبێتە وەزیر و بەرپرس لە ڕووی فەلسەفییەوە تووشی فینۆمینۆلۆژیای (Phenomenology) دابڕانی ڕەها لە ڕابردووی خۆی دەبێت. ئەوان قەناعەتێکی دەروونیی وایان لا دروستبوو بە جۆرێک بڕوایان وابوو ئەم خاکە قەرزداری ئەوانە. فیز و لووتبەرزییان گەیشتە ئاستێک کە هەندێکیان لە ناخەوە خۆیان وەک کوڕ و کچی شاژنە ئێلیزابێت دەبینی، خوێنی خۆیان بە خوێنێکی شین و پیرۆز دەزانی و هاووڵاتیانی ئاساییان وەک “ڕەشۆکی” و خزمەتکار دەبینی. ئەمە نیشانەی سەرەکیی هەموو دکتاتۆر و ستەمکارەکانی مێژووە: کاتێک مرۆڤ لە قەبارەی ڕاستەقینەی خۆی گەورەتر دەبێت یەکەم شت کە لەدەستی دەدات توانای بینینی واقیعە وەک خۆی. مێژووی دکتاتۆریەت پێمان دەڵێت کە هیچ ستەمکارێک لە سەرەتای دەسەڵاتیدا نافەوتێت بەڵکو ڕێک لەو کاتەدا دەفەوتێت کە مەستییەکەی دەگاتە “لووتکە” (Climax). کارڵ مارکس دەڵێت: “مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە جارێک وەک تراژیدیا و جارێک وەک کۆمیدیا.”

 ئەمڕۆ لە عێراقدا ئێمە لەبەردەم کۆتایی ئەو شانۆگەرییە کۆمیدییە ڕەشەداین. گۆڕانکاری و پێشهاتە سیاسییەکانی ئێستا، بەتایبەت جوڵە و ستراتیژەکانی زەیدی ئەو هێزە مێژووییەن کە هاتوون تا پێشوازی لە ساتی بەئاگاهاتنەوەی پاشا درۆینەکان بکەن. لە ڕووی فەلسەفییەوە مەرگی دەروونیی ئەم بەرپرس و پاشا درۆینانە پێش مەرگی فیزیکییان دەست پێدەکات. کاتێک تەمومژی مەستیی دەسەڵات دەڕوێتەوە ئەوان لەپڕ سەیری دەستی خۆیان دەکەن و دەبینن، دووشەش لە دەستیاندا تۆپیوە، نە جەنەڕاڵن نە خاوەن دکتۆران و نە خوێنی شاژنیان تێدایە، ئەوان تەنها بووکەڵەی شڵەژاوی سەر شانۆکە بوون کە کاتی نمایش و لووتکەی مەستیی بەسەرچووە و خەنجەری مێژوو لە پشتەملیان تووند کراوە.

 ئەم قۆناغە نوێیەی کە عێراق پێیدا تێپەڕ دەبێت هاوشێوەی ساتەوەختی کۆتایی جەژنی بابلییەکانە. کاتێک کحولەکە کاریگەری نامێنێت، تاریكی شەو دەشکێت و کۆشکەکە بێدەنگ دەبێت. پاشا درۆینەکانی ئێستای عێراق گەیشتنە لووتکەی مەستی و هەوەسبازی خۆیان لە ناوچەی سەوز، بەڵام نایەنزای کە تیغی جەلادەکە لە پشت پەردەوە بۆیان ئامادەکراوە. مێژوو بە زمانێکی بێدەنگ پێیان دەڵێت: ئێوە نەتانتوانی ببنە بەشێک لە حیکمەتی مێژوو بۆیە دەبێت ببنە بەشێک لە زبڵدانی مێژوو.

 کاتێک ماسکی دکتاتۆریەت و دەسەڵاتی ساختە دەدڕێت هیچ شتێک نامێنێتەوە جگە لەو ڕاستییەی کە مرۆڤ ناتوانێت بۆ هەمیشە بە درۆ فەرمانڕوایی بکات. ئەمەش دینامیکییەتی فەلسەفەی کەوتنی دکتاتۆرەکانە. پاشا درۆینەکانی بەغدا کە ٢٣ ساڵ بوو لەسەر کورسیی جەهل، گەندەڵی و خوێن سەمایان دەکرد ئێستا ڕووبەڕووی یاسایەکی ئەزەلیی مێژوو دەبنەوە: “هەر کەسێک بە ماسکەوە بچێتە سەر تەخت بە خەنجەری واقیع دادەبەزێنرێت.” نمایشەکە کۆتایی هات و ئیتر کاتی ئەوەیە کە نیشتمان لەم خەوە قورس و پڕ لە کابووسە بەئاگا بێتەوە.

هاوشێوە