نووسین: نەوزاد عومەر
لە چەند دەیەی ڕابردوودا، نیولیبراڵیزم وەک مۆدێلێکی ئابووری و سیاسی بە کۆمەڵە بەڵێنێک: ئازادیی بازاڕ، کەمکردنەوەی ڕۆڵی دەوڵەت و کرانەوەی سنوورەکان بەڕووی بازرگانیی نێودەوڵەتیدا خۆی ناساند. لە ڕووکاردا، ئەم مۆدێلە بە ناوی گەشەی ئابووری، پێشکەوتن و نەمانی هەژاری ناسێنرا، بەڵام ئەنجامەکەی لە زۆر وڵاتدا بووە هۆی لاوازکردنی توانای بەرهەمهێنانی ناوخۆیی و گۆڕینی نەتەوەکان بۆ بازاڕی بەکارهێنانی بەرهەمەکانی دەرەوە و گۆڕینی تاکەکان بۆ تاکێکی مەسرەفگەرا.
نیولیبراڵیزم لە بنەڕەتدا باوەڕی وایە کە بازاڕ باشترین بڕیاردەرە و دەبێت ڕۆڵی دەوڵەت سنووردار بکرێتەوە. بەڵام لە زۆر وڵاتانی گەشەسەندوودا، ئەم سیاسەتە نەک نەبووە هۆی دروستبوونی کەرتی پیشەسازی و بەرهەمهێنان، بەڵکو بووە هۆی داخستنی کارگە ناوخۆییەکان و وابەستەیی بە کاڵای هاوردەکراو و دروستبوونی لەشکرێک لە بێکاری لە نێو گەنجاندا بەتایبەتی ئەوانەی لە دایکبووی ١٩٩٧ – ٢٠١٢ کە بە نەوەی (GEN Z) پۆلێن کراون. کاتێک کەرتی کشتوکاڵ لاواز دەکرێت و بازاڕەکانمان بە بەرهەمە بیانییەکان پڕ دەکرێتەوە. نەک هەر ڕۆڵی گوند و جوتیار لاواز دەبێت، بەڵکو خۆیان دەبن بە بەکاربەر، کاتێک کارگە ناوخۆییەکان ناتوانن لەگەڵ کۆمپانیا گەورە نێودەوڵەتییە هاوشێوەکانیاندا کێبڕکێ بکەن، پیشەسازیی ناوخۆیی پاشەکشە دەکات. ئەنجامەکەش ڕوونە، ئەگەرچی ئەو وڵاتە خاوەن سامانی سروشتیشی گەورەش بێت، بەڵام لە هەمان کاتدا لە خواردن، دەرمان، تەکنەلۆژیا و تەنانەت لە کەلوپەل و پێداویستی سەرەتایی ژیاندا وابەستەی دەرەوە دەبێت.
سەرمایەداریی مۆدێرن فۆرمی جەنگەکانی خۆی گۆڕیوە، چونکە مەرج نییە هەمیشە بە دەنگی تۆپ، موشەک و بەهێزیی تانکەکان ئامانجەکانی بپێکێت. چونکە مەترسیدارترین جەنگ لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، ئەو جەنگە بێدەنگەیە کە تێیدا نەتەوەیەک بێ ئەوەی یەک فیشەکی پێوە بنرێت، چۆک دادەدات. ئەمەش ئەو هاوکێشەی جیۆپۆلەتیکە نوێیەیە: “گۆڕینی دەوڵەت لە قەوارەیەکی خاوەن سەروەرییەوە بۆ بازاڕێکی بەکاربەر”.
کاتێک نەتەوەیەک توانای بەرهەمهێنانی خۆی لەدەست دەدات، ناسنامەی دەوڵەتبوونی لێ دادەماڵرێت و دەبێتە تەنها کۆگایەک بۆ ساغکردنەوەی کاڵای کۆمپانیا زلهێزەکان. ئەم گۆڕانکارییە بەڕێکەوت ڕوونادات، بەڵکو دەرەنجامی پلانێکی داڕێژراوی هەواڵگری و ئابوورییە کە ئامانجەکەی هێشتنەوەی گەلانە لە بازنەی لاوازی، وابەستەیی و پشتبەستندا. ڕاستییەکی تاڵ هەیە کە پێویستە تێیبگەین، ئەوانەی دەیانەوێت جڵەوی جیهان بگرنە دەست، نایانەوێت گەلانی دیکە گەشەی ئابووری و تەکنەلۆژیا بکەن، چونکە نەتەوەی بەهێز پێویستی بە کڕینی بەرهەمی کەس نییە.
ستراتیژیی کۆنترۆڵکردنی مۆدێرن، یان ئیمپریالیزمی نەرم، یان پایەکانی داگیرکاریی سپی (خۆراک و دەرمان و چەکە) لەسەر سێ تەوەری سەرەکی کار دەکات:
۱- نەخۆشخستنی کۆمەڵگە: سیستمی تەندروستی لاواز دەکرێت تا نەخۆشخانەکان ببنە بازاڕێکی هەمیشەیی بۆ دەرمانی دەرەکی. گومانی تێدا نییە هەر نەتەوەیەک تەندروستیی خۆی لە دەستدا، ئیرادەی داهێنانیشی لەدەست دەدات.
۲- لاوازکردنی هۆشیاریی و دەرکردنەکردن بە گرنگی ئاسایشی خۆراک: زەوییە کشتوکاڵییەکان پشتگوێ دەخرێن و کارگەکان دادەخرێن، تا گەل بۆ هێنانی گەنم و نانی ڕۆژانەی خۆی هەمیشە دەست بۆ دەرەوە پان بکاتەوە.
۳- ترس و شەڕی ناوخۆیی: لە ڕێگەی تێگیراندنی گەلانی ناوچەکە و دروستکردنی ململانێی ناوخۆیی، بازاڕی چەک کڕین گەرم دەکرێت. لەم هاوکێشەیەدا، خوێنی مرۆڤەکان تەنها دەبێتە ژمارەیەک لە دەفتەری قازانجی کۆمپانیا گەورەکانی چەکدا.
لە ڕوانگەی نیولیبراڵیزمدا، هاووڵاتی زۆرجار وەک “بەکارهێنەر” دەبینرێت، نەک وەک “بەرهەمهێنەر”. سەرکەوتن بە بڕی فرۆشتن و کڕین دەپێوردرێت، نەک بە توانای بەرهەمهێنان و داهێنان. بەم شێوەیە، نەتەوە هێواش هێواش لە کۆمەڵگەیەکی بەرهەمهێنەرەوە دەگۆڕدرێت بۆ بازاڕێکی گەورەی بەکارهێنان.
هەروەها، نیولیبراڵیزم تەنها پرسێکی ئابووری نییە. ئەم مۆدێلە زۆرجار لەگەڵ جۆرێک لە جیهانیبوون هاوتەریبە کە بڕیارە گرنگەکانی ئابووری لە ناو سنووری نەتەوەکاندا ناهێڵێتەوە. ڕێکخراوە دارایی و بازرگانییە نێودەوڵەتییەکان، قەرزە دەرەکییەکان و فشارەکانی بازاڕی جیهانی دەتوانن کاریگەری لەسەر سیاسەتی ناوخۆیی وڵاتان دابنێن. بەم شێوەیە و خۆکارانە وابەستەیی ئابووری زۆرجار دەبێتە وابەستەیی سیاسی.
بەڵام مێژوو نیشانی داوە کە هیچ نەتەوەیەک بە تەنها بە فرۆشتن و بەکارهێنان نەبووەتە خاوەن هێز و سیادە. ئەو وڵاتانەی ئەمڕۆ لە پێشەوەی پێشکەوتنی جیهاندان (چین وەک نموونە) لە قۆناغێکدا سیاسەتی پاراستنی پیشەسازی ناوخۆیی، پاڵپشتی کشتوکاڵ و وەبەرهێنان لە فێرکاری و توێژینەوەیان گرتووەتەبەر. واتە پێش ئەوەی بازاڕەکانیان بکەنەوە، بناغەی بەرهەمهێنانی خۆیان بەهێز کردووە.
ئایا سیادەی نەتەوەیی و چەکی ڕاستەقینەی ڕزگاری چییە؟
لە جیهانی ئەمڕۆدا، گەورەترین مەترسی بۆ نەتەوەکان تەنها داگیرکاریی سەربازی نییە، بەڵکو گۆڕینیانە بۆ بازاڕێکی هەمیشەیی کە هەموو شتێک دەکڕێت و هیچ شتێک بەرهەم ناهێنێت. مەترسیدارترین کارێک کە نەتەوەیەکی هۆشیار بتوانێت بیکات، تێگەیشتنە لەم یارییە قێزەونە. ڕزگاربوون و سەربەخۆیی ڕاستەقینە تەنها بە دروشمی بریقەدار و هاواری سەر شەقامەکان بەدی نایەت. گۆڕانکاریی ڕاستەقینە لەو کاتەوە دەست پێدەکات کە گەل لە کڕیارێکی گوێڕایەڵەوە، ببێتە هێزێکی بەرهەمهێنەر، ببێتە کارگە، کێڵگە، تاقیگە و قەڵایەکی بەرگری.
ڕزگاریی ڕاستەقینە ئەو کاتە لەدایک دەبێت کە نەتەوە بتوانێت خواردنی خۆی دابین بکات، دەرمانی خۆی دروست بکات، زانستی خۆی بەرهەم بهێنێت و بڕیارە ستراتیژییەکانی خۆی بەبێ فشارە دەرەکییەکان وەربگرێت، تەنها لەو کاتەدا، نەتەوە لە بازاڕێکی بێدەسەڵاتەوە دەبێتە قەوارەیەک کە نە دەکڕێت و نە دەشکێنرێت. چونکە ئەو نەتەوەیەی کە تەنها بازاڕێکە بۆ کاڵای بییانی، داهاتووی خۆی فرۆشتووە. بەڵام ئەو نەتەوەیەی بەرهەمی زەوی خۆی بخوات کە بە دەستی خۆی دەیچێنێت، بەو دەرمانە چارەسەری خۆی بکات کە بە زانستی خۆی دروستی کردووە و بەمێشک و عەقڵی ڕۆڵەکانی خۆی بەرگری لە خاکەکەی بکات، لە ڕاستییدا داهاتوو بۆ خۆی بنیات دەنێت.