رێکخراوی ئازادبوون بۆ گەشەپێدانی بەردەوام

مێژوونووس وەک جەنگاوەر

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسین: شارا تاهیر

بەشی چوارەم

جەنگ بەردەوامبوونی سیاسەتە بە شێوازی دیکە” -فۆکۆ”

هەر چۆنێک بە ناو مێژوودا بڕۆین، لە هەر کۆڵان و سووچ و پەنایەکییەوە تەماشای مێژوو بکەین و لێی وردبینەوە جگە لە جەنگ و شەڕی خوێناوی هیچی تر نابینین، مێژوو وەک ئاوێنەی جەنگ، جەنگیش وەک ئاوێنەی مێژوو. ئەم پەیوەندییە دانەبڕاو و تۆکمەیەی نێوان مێژوو و جەنگ وا لە فەیلەسووفێکی وردبینی وەک میشێل فۆکۆ دەکات بڵێت: “گرنگ نییە چەند دوور بڕۆینەوە بەسەر لاپەڕەکانی مێژوودا، چونکە ئەو زانیارییە مێژووییەی هەیە و لەبەردەستماندایە باس لە سروشت، ماف، ڕێسا، ئاشتی و ئارامی ژیانی مرۆڤەکان ناکات، بەڵکوو بە تەنیا باس لە جەنگ و ئاکامەکانی جەنگ دەکات. بە دڵی خۆت بە ناو لاپەڕەکانی مێژوودا بگەڕێ جگە لە جەنگی بێکۆتایی، جگە لە هێز و دەسەڵات لە دژی هێز و دەسەڵاتێکی دیکە هیچی تر نابینن”.

لەم ڕوانگەیەوە بۆ فۆکۆ مێژوو هیچ نییە جگە لە پێکدادانی هێز و جەنگێکی بەردەوام لە نێوان هێزەکاندا. لێرەشدا ئێمە بەر کاریگەری و گرنگی پەیوەندی نێوان جەنگ و مەعریفە دەکەوین، چونکە خودی مەعریفەش بە ڕای فۆکۆ هیچ نییە جگە لە چەکێک لە چەکەکانی جەنگ. مێژوو خۆی مێژووی هەڵگیرسانی جەنگە، وەلێ لە ڕێی لاپەڕەکانی مێژووشەوە بەر ڕووداو و جەبەروتی جەنگ دەکەوین. بەو مانایەی ئەوە مێژووە کە مێژووی جەنگمان بۆ دەگێڕێتەوە و باسی دەکات. فۆکۆ جەخت لە سەر گرنگی مێژوو و مێژووگەرایی دەکات و دەڵێت: “لە بری ئەوەی خۆمان لە ڕاستی پەیوەندی نێوان جەنگ و مێژوو بدزینەوە و خۆمانی لێ غافڵ بکەین ئەوا پێویستە مێژووناس بین و بە قووڵایی مێژوودا بچینە خوارەوە تا لەو پەیوەندییە دانەبڕاوەی نێوان جەنگ و مێژوو، مێژوو و جەنگ بگەین”.

فۆکۆ لە وانەکانیدا سەبارەت بەم پەیوەندییە دە گەڕیتەوە بۆ مێژوونووسێکی وەک (هنری دو بولەینڤەیلەرز) بۆ ئەوەی وەسفی ئەو مۆدێلە نوێیەی مێژوویی سیاسەت بکات. لێرەدا مێژوونووس وەک سوبێکتێکی نوێی قسەکەر، ئەو کەسەی خودی مێژوو وەک مەیدانی جەنگ دەبینێت. لەم مۆدێلە نوێیەی مێژوودا مێژوونووس تەنانەت خودی حەقیقەتیش وەک چەک لە مەیدانی جەنگدا دەبینیت، چونکە ئەو کەسەی کە مێژوو دەنووسێتەوە بۆ خۆی کەسێک و چاودێریکەرێکی بێلایەن نییە، بەڵکوو کەسێکە سەرقاڵ و تێگلاوی ناو جەنگە، هەر بۆیە خودی حەقیقەت وەک چەکێکی ستراتیژی بەکار دەهێنێت تا بتوانێت لە ڕێگەی حەقیقەتەوە جارێکی تر هاوسەنگی هێز ڕابگرێت. نەک ئەوەش، بەڵکوو ئەم کەسە تەواوی نەزمی مەدەنی و کۆمەڵایەتی وەک دۆخێکی ئاشتی و ئاسایش نابینێت، بەڵکوو وەک دیوێکی تری نەزمی جەنگ تەماشای دەکات، بەو مانایەی جەنگ بەردەوامە و هەرگیز کۆتایی نەهاتووە. ئەمە گوتاری سەرەکی بولەینڤەیلەرز بوو وەک مێژوونووس و ڕاڤە کاری سەردەمی خۆی، مێژوونووسێک کە فۆکۆ بە یەکەمین ڕاڤە کاری سیاسی ناوی دەبات و شانازی پێوە دەکات وەک فیگەرێکی دیاری سەدەی هەژدە کە توانی مۆدێلێکی نوێ لە کایەی مێژووی سیاسییدا دابمەزرێنێت. ئەوە بولەینڤەیلەرز بوو کە توانی مێژوو وەک تەنیا گێڕانەوەی “ستایشی ڕۆما” سەروەری ڕەها بشکێنێت، لە بری ئەوە جەنگی کردە بابەتی سەرەکی و بنەمای تێگەیشتنی مێژوو. فۆکۆ لە وانەکانیدا گرنگییەکی تایبەت بە ڕۆڵ و کاریگەری بولەینڤەیلەرز دەدات چونکە پێ وایە ئەوە بولەینڤەیلەرز بوو کە توانی سوبێکتێکی نوێ لە مێژوودا بە ناوی “نەتەوە یان نەتەوەکان” بهێنێتە کایەوە، نەتەوە وەک چەمکێکی نوێی سوبێکت-ئۆبێکت لە مێژوودا. لە مۆدێلە نوێیەکەی بولەینڤەیلەرزدا، نەتەوە چیتر بریتی نییە لە کۆمەڵێک خەڵک کە دەبێت ملکەچی سەروەری پاشا یان سنووری خاک بن، بەڵکوو نەتەوە خۆی زادەی بەرژەوەندی هاوبەش و داب و نەریتی یاسایەکی دیاری کراون. لەم ڕوانگەیەوە خانە دانەکانی (گاڵ[1] ) نەتەوەیەکی تایبەت بوون کە خاوەنی مێژوویەکی جیاواز لە سەرکەوتن و مافی تایبەت بە خۆیان بوون، مێژوویەک پشتی بە ئیرادەی پاشا نەبەستبوو. کارە گرنگەکەی بولەینڤەیلەرز ئەوە بوو ڕاڤە و شیکاری دەسەڵاتی لە مۆدێلی یاسایی سەروەریی “پاشا” بگۆڕێت بۆ مۆدێلی باڵادەستی هێز و پەیوەندییەکانی هێز. فۆکۆ ئاماژە بەوە دەکات کە بولەینڤەیلەرز هێز و دەسەڵات وەک شتێکی پەیوەندیدار لەگەڵ یەک بینیوە نەک وەک مافێک تەنها کەسێک بتوانێت خاوەندارێتی بکات، بولەینڤەیلەرز دەسەڵاتی وەک گەمەی نێوان هێزە دژ بە یەکەکان بینیوە، کە لایەنێک هەرگیز خاڵی سفر لە هێز نییە، وەک چۆن لایەکی تریش خاوەنی هێزی بێ کۆتا نییە. فۆکۆ بۆ قسەکردنی زیاتر لە سەر ئەم مۆدێلە نوێیەی گوتاری مێژوویی، دیسان دەگەڕێتەوە سەر تێزەکەی بولەینڤەیلەرز سەبارەت بە جەنگ، چونکە ئەو بۆ یەکەم جار جەنگ وەک شیکارییەکی کۆمەڵایەتی بەکارهێناوە ئەویش بە گشتاندنی جەنگ بە سێ شێوە کە ئەمانەن:

●جەنگ وەک یاسای مێژوو: بە ڕای بولەینڤەیلەرز ئەو یاسا نایەکسانییەی مێژوو بە ناوی “سەرکەوتن و هێز” هەمیشە بەهێزترە لە یاسا “ئەبستراکت ویەکسانی خوازیییەکەی سروشت” هەر بۆیە لەم ڕوانگەیەوە مافی سروشتی هیچ نییە جگە لە مافی دۆڕاوەکان.

●جەنگ وەک دامەزراوەی سەربازی: لێرەدا بولەینڤەیلەرز جەنگی وەک ڕێکخستنی ناوخۆیی کۆمەڵگە لە سەر بنەمای کێ خاوەنی زیاترین هێز و جبەخانەی چەکە، شیکار دەکات. نموونەش سەرکەوتنی فەرەنسییەکان یان فڕانکییەکان زامن بوو چونکە جەنگاوەرەکان چەک و خاکیان زەوت کرد بۆ خۆیان، خەڵکی گاڵیان بێ چەک کرد.

●جەنگ وەک ئەژمارکردنی هێز: لە مۆدێلەکەی بولەینڤەیلەرزدا خودی مێژوو دەبێتەوە بە شیکارییەک بۆ ڕاڤەکردنی چۆنیەتی گۆڕانی دەسەڵاتی بەهێزەکان بۆ لاوازەکان، یان بە پێچەوانەوە چۆن لاوازەکان بەهێز دەبن. لێرەدا بولەینڤەیلەرز نمونەی خانەدانەکانی گاڵ دەهێنێتەوە کە چۆن دەسەڵات و هەژموونی خۆیان لە پێناوی پاشادا لەدەستدا چونکە شارەزا و عارف نەبوون بە زمانی لاتینی و بە فڕوفێڵە ئیدارییەکانی سەردەمی خۆیان.

لێرەوە گرنگی بولەینڤەیلەرز بۆ زمان دەردەکەوێت چونکە ئەو بە یەکەم کەس دادەنرێت کە توانی گێرانەوەی مێژوویی و خودی حیساباتی وردی سیاسی بکاتە بەشێک لە هەمان مەیدانی ستراتیژی جەنگ. هەر بۆیە فۆکۆ دەڵێت دەتوانین بڵێین بولەینڤەیلەرزهەر بە تەنیا مێژووی تۆمارنەکردووە، بەڵکوو خودی مێژووی وەک چەکێکی ستراتیژی بەکارهێناوە بۆ زیندووکردنەوەی یادەوەرییەکان و بە ئاگا هێنانەوەی خانە دانەکان و هاوسەنگبوونەوەی هێز. تەنانەت زاراوە بەناوبانگەکەی فۆکۆ سەبارەت بە مەعریفە وەک دەسەڵات دەگەڕێتەوە بۆ بولەینڤەیلەرز، چونکە ئەو لە کاتی خۆیدا بۆ هاوسەنگکردنەوەی هێز بانگهێشتی خانەدانە فەڕەنسیەکان دەکات و دەڵێت: “ئێوە هەرگیز هێز و دەسەڵاتی خۆتان بەدەست ناهێننەوە، ئەگەر ئەو مەعریفە و زانیارییانە بە دەست نەهێننەوە کە لێتان زەوت کراوە یاخود ئەو مەعریفەیەی کە هەرگیز هەوڵتان نەداوە بەدەستی بهێنن و هەر لە سەرەتاوە خاوەنی نەبوون”.

بۆ جەختکردن لەسەر گرنگی و پێگەی بولەینڤەیلەرز لە مێژووی سیاسی ئەورووپادا بە گشتی و فەرەنسا بە تایبەتی، فۆکۆ ئاماژە بەوە دەکات خودی گوتە بەناوبانگەکەی کلاوزڤیتز کە دەڵێت “سیاسەت بەردەوامبوونی جەنگە بە شێوازی دیکە” ئەم گوتەیەی کە بووەتە مانشێتی سەرەکی زۆرێک لە سیاسەتمدارەکانی دونیا، لە ڕاستیدا دوای سەد ساڵ بەسەر کارەکانی بولەینڤەیلەرزدا گوتراوە. وەلێ فۆکۆ بە گەڕانەوە بۆ بولەینڤەیلەرز و مێژووی جەنگ ئەم دەستەواژەیەی کلاوزڤیتز هەڵدەگێڕێتەوە و دەڵێت: “جەنگ بەردەوامبوونی سیاسەتە بە شێوازی دیکە”. بە ڕای فۆکۆ هیچ کات جەنگ کۆتایی نەهاتووە، تەنانەت لە سایەی هێمنی و دۆخی هەڵخەڵەتێنەی سیستەمی مەدەنیشدا، جەنگێکی بێدەنگ لورەی دێت، جەنگێک کەڵ کەڵەی ئەو دڵنیایی و ئاسایشە دەدات بە گوێماندا کە خوێن لە یاساکانماندا وشک بووە و سەردەمی جەنگ بەسەرچووە، گوایە ئیدی جەنگ بۆ ئەبەد کۆتایی هاتووە، لە کاتێکدا خودی ئەم گۆڕانانە یاخود ئەم ئارامی و ئاسایشە بۆ خۆی هیچ نییە جگە لە بەردەوامبوونی جەنگ بە شێوازی دیکە، تا ئەو کاتەی جەنگێکی تری ڕاستەقینە بەرپا دەبێتەوە.

بە ڕای فۆکۆ هێزە سیاسییەکان کۆتایی بە پەیوەندی ئەو دەسەڵاتانە ناهێنن کە دەرەنجامی جەنگە، بەڵکوو زۆر بە سادەیی جارێکی تر ئەم هێزانە لە فۆرمی دامەزراوە، نایەکسانی ئابووریی، خودی یاسا خۆیدا دەنووسنەوە. بینینی ئەم وردەکارییە بۆ مێژوونووسی ڕۆشنبیر و خاوەن فیکر تا ڕادەیەک ئارام بەخشە، چونکە ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە هەموو یاسایەک بە ناوی “ئاشتی”خۆی زادەی دەسەڵاتی یاسادانانە، بە مانایەکی تر، خودی یاساکان مانۆڕێکی تەکتیکی یە لە هەڵمەتێکی بەردەوام بۆ جەنگ. هەر بۆیە سیستەمی یاسایی بۆ خۆی بێلان نییە بۆ دابینکردنی دادپەروەری، بەڵکوو ئەمیش شێوازێکە بۆ تۆمارکردن و پێدا هەڵدانی سەرکەوتنەکانی جەنگ.

[1] گاڵ (بە لاتینی: Gallia) ناوچەیەکی ڕۆژئاوای ئەورووپا بوو کە یەکەم جار بە ڕوونی لەلایەن ڕۆمانەکانەوە وەسف کرا، فەرەنسا، بەلجیکا، هۆڵەندا، لوکسەمبورگ و بەشێک لە سویسرا و ئەڵمانیا و باکووری ئیتاڵیا دەگرێتەوە.

هاوشێوە