رێکخراوی ئازادبوون بۆ گەشەپێدانی بەردەوام

نەتەوە وەک چەمکێکی نوێیی سوبێکت-ئۆبێکت لە مێژوودا

Facebook
Twitter
LinkedIn

بەشی پێنجەم و کۆتایی

تەواوی بابەتەکە بە pdf

تەواوی وتارەکە بە شێوەی pdf

سەدەی حەڤدەهەم خاڵێکی وەرچەرخان و گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە مێژووی دیسکۆرسی بیرکردنەوەی سیاسیی ڕۆژئاوا پێکدەهێنێت؛ ئەو ساتەی کە تێیدا شێوازی کۆنی مێژوونووسی ــ کە بە مێژووی «ژوپیتەریی » پاشاکان ناسراو بوو ــ دەستی بە لاوازبوون کرد و شوێنی خۆی دا بە شێوازێکی نوێی گێڕانەوەی مێژوویی، کە بنەمای لەسەر ناکۆکی، ملمڵانێ و جیاوازیی هێزە کۆمەڵایەتییەکان دامەزراندبوو. مێژووی ژوپیتەریی، وەک شێوازێکی فکری و سیاسی، ئەرکی سەرەکیی خۆی لە پیرۆزکردنی دەسەڵات، سروشتی‌کردنی پەیوەندییەکانی فەرمانڕەوایی و دروستکردنی بەردەوامییەکی تا ڕادەیەک خەیاڵی لەنێوان ڕابردووی پیرۆز و دەسەڵاتی ئێستادا دەبینی. بەڵام لە سەدەی حەڤدەهەمدا ئەم شێوازە تووشی جۆرێک لە قەیران بوو؛ چونکە مێژوو چیتر تەنها گێڕانەوەی شکۆ و نەسەبی پاشاکان نەبوو، بەڵکو بوو بە مەیدانی کێبڕکێی یادەوەری، ناسنامە و بەرگریی سوبژێکتە نوێیەکان.
لە ناو ئەم گۆڕانەدا، «نەتەوە» نەک تەنها وەک کۆمەڵەیەکی مرۆیی یان یەکەیەکی سیاسی دەردەکەوێت، بەڵکو وەک سوبژێکتێکی مێژوویی سەربەخۆ سەرهەڵدەدات؛ سوبژێکتێک کە خۆی مێژوو دەنووسێتەوە، یادەوەریی خۆی بەرهەم دەهێنێت و لە هەمان کاتدا خۆی دەبێتە بابەتی ناسین، پۆلێنکردن و بەڕێوەبردنی دەسەڵات. بەم مانایە، سەرهەڵدانی نەتەوە تەنها گۆڕینێک لە ناوەڕۆکی مێژوو نەبوو، بەڵکو شکستی شێوازێکی کۆنی نووسینەوەی مێژوو بوو؛ شێوازێک کە بناغەکانی لە میراتی مێژوویی هندوـئەورووپی و ڕۆمایی وەرگرتبوو.
بەپێی ئەم شێوازەی کۆن، مێژوو ئامرازێک بوو بۆ دروستکردنی زنجیرەیەکی بەردەوام لە نەسەب، ڕەچەڵەک و شەرعیەتی پیرۆز. هێزە دەسەڵاتدارەکانی ئەورووپا بۆ زیاترلە هەزار ساڵ ڕەوایەتیی خۆیان لە ڕێگەی ئەفسانەی ترۆیا و گێڕانەوەکانی پەیوەندییان بە ڕۆمای کۆنەوە دامەزراند. بانگەشەی ئەوەی کە لە نەوەی کەسانێک وەک فرانکوس یان برۆتوسن، یان لە میراتگرانی ڕۆما بن، تەنها گێڕانەوەیەکی ئەفسانەیی نەبوو؛ بەڵکو میکانیزمێکی سیاسی بوو بۆ بەرهەمهێنانی بەردەوامیی مێژوویی و پیرۆزکردنی دەسەڵات و سەرەوریی ڕۆما بوو. لەم چوارچێوەیەدا، مێژوو نەک وەک تێگەیشتنێک لە ڕابردوو، بەڵکو وەک ئامرازێک بۆ دروستکردنی ڕەوایەتی کاریدەکرد.
هەربۆیە پرسیاری کەسێکی وەک پێترارک کە دەپرسێت ــ «ئایا لە مێژوودا شتێکی دیکەمان جگە لە ستایشکردنی ڕۆما هەیە؟» ــ بە شێوەیەکی ڕەخنەگرانە سنوورەکانی ئەم دیسکۆرسە ئاشکرا دەکات. ئەو مێژووەی کە تەنها بەرپرسیاری پاراستنی شکۆی ڕۆما و پاشایەتی بوو، نەک تەنها دەنگی لێدراو و بێدەنگکراوانی لەبەرچاو نەدەگرت، بەڵکو بە مەبەست ئەوانی لە دەرەوەی ناوەندی دەسەڵات لە مێژوودا دەسڕییەوە.
لەگەڵ لاوازبوونی بیرۆکەی یەکگرتوویی جیهانی لەژێر سایەی ڕۆما، مێژوو هێواش هێواش دەستی لە گێڕانەوەیەکی یەکدەنگ و سەروەرییەکی پیرۆز هەڵگرت و بوو بە مەیدانی ناکۆکی. لەم خاڵەدا، شێوازێکی نوێی مێژوونووسی ــ کە لە گێڕانەوەکانی دینی و «ئینجیلی» نزیک بوو ــ جێگای شێوازی ڕۆمایی گرتەوە. ئەم دیسکۆرسە نوێیە مێژوو وەک ئامرازێک بۆ پاراستنی ئارامی و هاوسەنگی نەدەبینی، بەڵکو وەک چەکێک بۆ ئاشکراکردنی ستەم، بیرخستنەوەی لەدەستدان و بانگەوازی بۆ بەرخۆدان بەکاردەهێنا.
بەم شێوەیە، نەتەوە لە ناو دیسکۆرسی ملمڵانێدا لەدایک دەبێت، نەک لە ناو دیسکۆرسی یەکگرتن و سازانەوە. نەتەوە خۆی لە ڕێگەی یادەوەریی هاوبەشی، ئەزموونی ستەم، بەرگری و چیرۆکی مانەوەدا دروست دەکات. لە یەک لایەنەوە، نەتەوە دەبێتە بکەری مێژوو؛ واتە ئەو سوبژێکتەی کە دەنگی خۆی دەخاتە ناو گێڕانەوەی مێژوویی و مێژوو لە دەستی مێژوونووسانی پاشا و دەسەڵاتدارانی ڕەچەڵەکی وەردەگرێتەوە. لە لایەکی دیکەوە، هەمان نەتەوە دەبێتە بابەتی دەسەڵات؛ جەستەیەکی کۆمەڵایەتی کە دەبێت بناسرێت، پێوانە بکرێت، پۆلێنبکرێت و بە شێوەیەکی زانستی بەڕێوەببرێت.سەرهەڵدانی نەتەوە وەک سوبژێکتێکی مێژوویی دوو ڕووی هەمان پرۆسە پیشان دەدات: لە یەک ڕووەوە، نەتەوە دەنگی ئەوانە دەبێت کە لە مێژووی فەرمی دەرکراون؛ لە ڕووی دیکەوە، دەبێتە بابەتی شێوازێکی نوێی دەسەڵات کە لە ڕێگەی زانین، ئاسایی‌کردنەوە و بەڕێوەبردنی ژیان کاردەکات. بەم مانایە، نەتەوە هەمان کات هەم بەرهەمی بەرخۆدانە و هەم بەرهەمی دەسەڵات؛ هەم شوێنی دروستبوونی حەقیقەتی نوێیە و هەم مەیدانی جێبەجێکردنی میکانیزمە نوێیەکانی کۆنتڕۆڵ.
لەو خاڵەدا بیرۆکەکانی میشێل فۆکۆ گرنگییەکی تایبەتیان هەیە. فۆکۆ لە وانەکانی کۆلێژ دو فرانس لە ساڵی ١٩٧٦دا نیشان دەدات کە دەسەڵات چیتر تەنها لە ناو دامەزراوەی پاشایەتی یان یاسای سەروەری کۆنابێتەوە، بەڵکو دەبێتە تۆڕێک لە پەیوەندی و میکانیزمەکان کە لە هەموو بەشەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی کاردەکات. خێزان، قوتابخانە، سوپا و دامەزراوەکانی زانین دەبن بە مەیدانی بەرهەمهێنانی دەسەڵات؛ شوێنێک کە مرۆڤەکان تەنها کۆنترۆڵ ناکرێن، بەڵکو وەک سوبژێکت دروست دەکرێن.
ئەم پرۆسەیە پەیوەندییەکی قووڵی بەوە هەیە کە فۆکۆ ناوی «زانینە سەرکوتکراوەکان»ی لێ دەنێت ؛ واتە ئەو جۆرە زانیارییانەی کە لە ژێر گوتاری زانستی و فەرمی شاراوە ماونەتەوە، بەڵام لە یادەوەریی گرووپە پەراوێزخراوەکاندا هەڵگیراون. ئەم زانیارییانە دەنگی ئەوانەیە کە مێژووی فەرمی بێدەنگی کردوون: ستەملێکراوان، کۆلۆنیالکراوان، تاوانبارکراوان و هەموو ئەو سوبژێکتانەی کە لە ناوەندی دەسەڵات دوورخراونەتەوە.
لە ڕوانگەی جینۆلۆجییەوە، نەتەوە بەم شێوەیە یەکەیەکی سروشتی و هەمیشەیی نییە؛ بەڵکو بەرهەمی مێژوویەکی ئاڵۆز لە ملمڵانێ، هێز و پەیوەندییە سیاسییەکانە. نەتەوە نە لە گرێبەستێکی یاساییی سادەوە دروست بووە و نەک تەنها جەستەیەکی یەکگرتووە لەژێر یاسایەکی هاوبەش؛ بەڵکو لە ناو شەڕی یادەوەری، ستەم، بەرگری و هەوڵی ناساندنی خۆیدا پێکهاتووە. بە مانایەکی دیکە، هەمان ئەو مێژووەی کە نەتەوە بۆ ئازادکردنی دەنگی خۆی بەکاریهێنا، دواتر بوو بە سەرچاوەی زانیاریی دەوڵەت بۆ چاودێری و بەڕێوەبردنی دانیشتوان. ناسنامە، ژمارە، دابەشکردن، ئامار و زانینی کۆمەڵایەتی بوون بە ئامرازەکانی دەسەڵات بۆ ناسین و ڕێکخستنی ژیانی مرۆڤەکان.
گەڕانەوە بۆ مێژوو
پرسیارە جەوهەرییەکە بۆ فۆکۆ ئایا ئەم شتە-ئۆبێکتە نوێیە”نەتەوە” لە مێژووی نوێیدا و سەرەتای سەدەی هەژدەدا چۆن دروست بوو؟
بۆ وەڵامی ئەم پرسیارەیش سەرەتا فۆکۆ دەگەڕیتەوە بۆ مێژووی سەدەی حەڤدە لە ئینگلترا و دەڵێت: کێشەکە لەوێ لە نێوان دوو هەژمونی هێزی داد و مافدا بوو، هێز و هەژمونی نۆرمانەکان کە بریتیبوون لە ئەرستۆکراتەکان و مۆنارکییەکان کە هەژمون و دەسەڵاتی ڕەهایبوونی خۆیان لە سەر ستەم و داگیرکاری دروستکردبوو، لەملایشەوە هێزی ساکسۆنەکان کە ئەمانە بە سروشتی خۆیان وا ڕێکەوتووە لە دانیشتوانە یەکەمینەکانی ووڵاتەکەبن. واتە کێشمەکێش و گرژییەکان لە نێوان دوو هێز و دوو دەسەڵاتی ناو هەمان ووڵاتدا بووە. لە سەروبەندی ئەم مێژووە خوێناوییەدا ئێمە بەر نووسەرێکی وەک هۆبز دەکەوین کە باس لە جەنگ و ئاکامەکانی جەنگ لە ناو ووڵاتەکەی خۆیدا دەکات. ئەگەرچی زۆرکەس هۆبز وەک فەیلەسوفی جەنگ دەبینن، وەلێ لە ڕوانگەی مێژوو نووسە جەنگاوەرەکاندا ئەو بە باوکسالارێکی ساختە دادەنرێت. بە ڕای فۆکۆ کاتێک هۆبز باس لە “جەنگی هەموو پیاوێک لە دژی هەموو پیاوێک” دەکات، ئەوا خودی ئەم تێزەی وەک شانۆ و نمایشێک بەکار‌هێناوە بۆ پاراستنی سەروەری دەسەڵاتدارەکان لە قوڕ و لیتاوی داگیرکاری راستەقینە. چونکە هۆبز باس لە جەنگ دەکات وەک دۆخێكی سروشتی مرۆڤەکان نەک وەک واقعێکی مێژوویی لە کوشتن و بڕین لە ڕێی داگیرکارییەوە، هەر بۆیە دۆخە سروشتییەکەی هۆبز بۆ جەنگ شانۆی نمایشەکانە، جۆرێکە لە دبلۆماسیەتی سەرەتایی کە تیایدا خوێن بە ڕاستی نەڕژاوە.
دواتر دوای سەدەیەک هەمان کێشە لە فەڕەنسادا بەڵام بە شیوەیەکی ئاڵۆزتر و سەختر دەستپێدەکات. خانەدان و نۆبڵە فەڕەنیسیەکان دووچاری هەمان کێشە دەبن، بەڵام ئەمان لە دوولاوە دەکەونە کێشمەکێشەوە. واتە لە دوو سنورەوە لە لایەک لەگەڵ هێز و دەسەڵاتی ڕەهای مۆنارکی، لێرەدا خانەدانەکان پێداگرییان لە مافەکانی خۆیان دەکردەوە و سووربوون لەسەر ئەوەی هەمان ئازادییان دەویست کە لەو کاتەدا فڕانکیشی و ئەڵمانیەکان هەیانبوو، ئەوانەی بە جۆرێک لە جۆرەکان فەڕەنسایان داگیر کرد، لەملایشەوە لە کێشمەکێشیاندا لەگەڵ دەسەڵاتی مۆنارکی خانەدانەکاندا بانگەشەی ئازادیان دەکرد، لە لایەکی تر لەگەڵ(چینی سێهەم) دا، خانەدانەکان بانگەشەی مافی ڕەها و بێسنوریان بۆ خۆیان دەکرد، ئەمەیش هەر لە ڕێی داگیرکردنەوە دەستیان کەوتبوو. یاخود بە مانایەکی تر، لە کێشمەکێشیاندا لەگەڵ چینی سێهەم دەیانویست خۆیان براوەی موتڵەق بن و مافی ڕەهای خۆیان وەربگرن، وەلێ لەگەڵ دەسەڵاتی مۆنارکی دەیانویست لە ناو چوارچێوەی دەسەڵاتی ئەواندا مافی خۆیان وەربگرن. کەواتە خانەدانەکان لە بەرامبەر ڕەهایی مۆنارکیدا بانگەشەی ئازادییان دەکرد، وەلێ لەملایشەوە لە بەرامبەر چینی سێهەمدا، ئەمانیش بریتیبوون لە (جێرمانەکان) ئەڵمانیەکان، ئەوانەی کە لە قۆناغیكی مێژوویدا فەڕەنسایان داگیر کردبوو، بانگەشەی دانوستانیان دەکرد.
لە ناو ئەم مێژووەدا فۆکۆ بەر ڕاڤەکارێکی وەک بولەینڤەیلەرز دەکەوێت، دەڵێت دەتوانین وەک خاڵی یەکەم و سەرەتایی شیکارەکانمان بۆ تێگەیشتن لە نەتەوە وەک سوبێکتی نوێی مێژوو بەکاریبێنین، چونکە بە ڕای فۆکۆ شیکارییەکانی بولەینڤەیلەرز دەتوانێت ووردەکاری و ئاڵۆزی پەیوەندی هێزمان لەو سەردەمەدا بۆ ڕوونبکاتەوە.
لێرەدا گرنگە بچینەوە سەر ئەو قۆناغە جیاجیانەی بولەینڤەیلەرز ئاماژەی پێدەکات لە شیکارییەکەی سەبارەت بە داگیرکاری ڕۆما بە تایبەت کاتێک بۆ یەکەمجار دێنە ناو گاڵەوە.
دیارە سەرەتا یەکەم کاری ڕۆمانیەکان دەستبەجێ ئەوە بووە جەنگاوەرە ئەرستۆکراتەکان چەک بکەن، ئەو جەنگاوەرانەی تاکە هێزێکی سەربازی بوون بۆ ئەگەری دروستبوونی هەر هێزێکی ئۆپۆزسیۆن. ئەم چەککردنەیش هەر بەتەنها لێسەندنەوەی چەکەکانیان نەبوو بەڵکو، لە ڕێی ئیهانەکردن و ڕەزیلکردنی جەنگاوەرەکان بوو لە ڕووی سیاسی و ئابوورییەوە. ئەم کارەشیان بە دروشمی یەکسانخوازی لە نێوان خەڵکی ئاسایی و جەنگاوەرەکاندا کردووە. بە ڕای بولینڤەیلەرز بەکار‌هێنانی دروشمی یەکسانی تاکتیکێکی لێزانانە بوو بۆ فریودان و ‌هەڵخڵەتاندنی خەڵکی ئاسایی. ئەم تاکتیکەی ڕۆما شتێکی نوێ نەبوو ،بەڵکو جەوهەری فریودان بە ناوی یەکسانییەوە بە ڕای ئەوان لەوەوە هاتبوو، گەر قەناعەت بە کەمینەی خەڵک بکەیت بەوەی خاوەنی بڕێک لە ئازادین و مافی یەکسانیان هەیە کاریگەری زۆر لەوە زیاترە کە ئازادی بدەیت بە هەمووان. خودی ئەم (یەکسانیبوونە)یش خۆی بووە هۆی دروستبوونی حکومەتێکی چەوسێنەر، واتە خودی فەراهەمکردنی یەکسانی بۆ خەڵکی ئاسایی لە بەرامبەر کەمایەتی و سووکایەتی پێکردنی خانەدانەکان و جەنگاوەرە ئەرستۆکراسەکانی گاڵ بوو. ئەمە قۆناغی یەکەمی داگیرکردنەکە بوو کە بە کۆمەڵکوژی سیستماتیکی کالیگۆلایی بۆ خانەدان و نۆبڵەکانی گاڵ دەستیپێکرد. بەمەیش دەسەڵاتی ئەو خانەدانانەی لە سەرەتاوە بەرەنگاری سیاسەتی ستەمکاری ڕۆمانیەکان بوونەوە، کۆتایی هات. هەر لەم قۆناغەدا ڕۆمانیەکان کەوتنە بەرهەمهێنانی ئەو جۆرە لە خانەدان کە لەگەڵ سیاسەت و پێویستی خۆیاندا دەهاتەوە و پشتگیری مەرامە سیاسیەکانی ئەوانیان دەکرد.
ئەمانە وەک ئەوانەی پێشوو خانەدانی سەربازی و هێزی چەک نەبوون تا بتوانن بەرەنگاریان ببنەوە و دژایەتیان بکەن بەڵکو، ئەمانە بە شێوەیەک ڕێکخرابوون کە لە خزمەتی بەرژەوەندی ڕۆما بن، سەروەت و سامانی گاڵ، تەنانەت سیستمی باجیشیان لە قازانجی خۆیان بۆ خۆیان بەکاربێنن. ئەم جۆرە نوێیە لە خانەدان کە مەدەنی، یاسایی، ئیداری بوون، بە شێوەیەک دامەزرابوون مافەکانی ڕۆما بزانن و بەرگری لێبکەن. خودی ئەم زانین و تێگەیشتنە لە ماف و سەروەرییەکانی ڕۆما بە هۆی مەعریفەی تەواویان بە زمانی ڕۆمانی بوو. بە مانایەکی دی، خودی زمان و مەعریفە بە ماف و زمانی ڕۆما ڕێی بە دروستبوونی ئەم جۆرە لە خانەدانی نوێ دا تا بتوانن ماف و بوونی ڕۆما بپارێزێن.
گەڕانەوە بۆ ئەم دیدە مێژووییە ئەو ئەفسانەیەی سەدەی حەڤدەمان بۆ پووچەڵدەکاتەوە کە گوایە خەڵکی ئەرکادی و گاڵی- ڕۆمانی بەختەوەر و دڵخۆش بوون. بەشێکیش لەم نکولیکردن و پووچەڵکردنەوەی ئەو ئەفسانەیە لەوەدا خۆی نمایش دەکرد کە بە پاشای ئەو کاتەی فەڕەنسا بڵێین گەر تۆ مافی دەسەڵاتی ڕەهای ڕۆما بەرجەستە و نمایشدەکەیت ئەوا ئەم مافە هەموو خەڵکی گاڵ ناگرێتەوە بەڵکو تایبەتە بە بەشێکی دیاریکراو، خودی ئەم ڕەهاییەش زادە و دەرئەنجامی داگیرکاری و ستەمکارییە نەک یەکسانی و ئازادی. دواجار بە یارمەتی هێز و سوپای ئەڵمانیەکان توانرا ئەم دەسەڵاتە ڕامباڵرێت، واتە ئەوەی وایکرد هێز و هەژمونی چەک و سوپای دەرەوە بوو نەک داڕزان و وێرانەیی ناوەوە.
دوای ئەمەیش بولەینڤەیلەرز دێتە سەر قۆناغی دوومی شیکارییەکەی سەبارەت بە کاریگەری داگیرکردن و ستەمکاری ڕۆما لە سەر خەڵکی گاڵ. ئەو کاتەی ئەڵمانیەکان یان فڕانکیەکان هاتنە ناو گاڵەوە کەوتن بە سەر ووڵاتێکی داگیرکراودا، لەو کاتەدا بە درێژایی ڕووباری( ڕەین)، کەسیان نەبوو پارێزگاریان لێبکات، لەو ماوەیەدا چیتر خانەدان نەمابوو تا بتوانن پشتیان پێببەستن، هەر بۆیە بۆ پارێزگارکردنی خاکی گاڵ کە خۆیان داگیریان کردبوو، ناچاربوون ڕووبکەنە بازرگانەکان، چونکە ئەمان شەڕیان نەدەکرد، یان بۆیان گرنگ نەبوو خاکی خۆیان بپارێزن، ئەوەی گرنگ بوو بۆ ئەمانە تەنها پارەوپوول بوو. هەربۆیە بوونی سوپایەکی بازرگانی، سوپایەکی بە کرێگیراو بێ چەک گرنگ بوو بۆ درێژەپێدانی داگیرکاری خەڵکی گاڵ وەلێ، بۆ دەسەڵاتی ڕۆما هەر ئەوە نەبوو ئەم سوپایە دابین بکات بەڵکو چۆنیش مووچەیان دابین بکات و بەخێویان بکات. ئەمەیش بە ڕای بولەینڤەیلەرز دوو کاریگەری هەبوو:
یەکەم: دابینکردنی بڕێکی زۆر لە پارەی باج کە بە کاش دەدار.
دووەم: پارەیەکی زۆر هاتە ناو بازاڕەوە کە وایکرد خودی پارە قیمەت و نرخی نەمێنێت. دابەزینی نرخی پارەیش بووە هۆی کەمبوونەوەی ئیش و کار. هەر ئەم هۆکارەیش وایکرد دۆخی گاڵ هەستیار بێت لە بەردەم داگیرکردنی فڕانکییەکان. چونکە داگیرکردنەکە پەیوەست بوو بە داڕمانی ووڵاتەکەوە لە لایەک وە بە دروستبوونی سوپای بە کرێگیراوە لە لایەکی تر کە خاکی گاڵیان بۆ گرنگ نەبوو هێندەی قازانجی شەخسی خۆیان.

جەنگاوەرە فەڕەنسیەکان کێ بوون؟
لێرەیشدا پرسیاری جەوهەی بۆ فۆکۆ ئەوەیە ئایا دەسەڵاتی ڕەهای ڕۆمانی توانیان لە داگیرکردنی گاڵیەکان (فڕانکیەکان یان ئەڵمانیەکان) دەربازبن، یان ئەگەر پرسیارەکە پێچەوانە بکەینەوە و بڵێین ئایا فڕانکیەکان توانیان هێز و هەژموونی سەروەری ڕۆمانیەکان لە گاڵ بشکێنن؟
وەڵامی ئەم پرسیارەیش هەر بەتەنها لەوەدا کورت نابێتەوە بزانین ئەمیان سەرکەوتووە بەسەر ئەویتردا ، یان سیستمێکی ماف و داد جێی سیستمیکی تر گرتۆتەوە بەڵکو، ئەوەی لە شیکارییەکەی بولینڤەیلەرز دا گرنگە و دواتریش لە ڕاڤە و تەفسیری ئەوانی تردا ڕەنگی داوەتەوە هۆکارەکانی ئەم سەرکەوتنە بوو. بە ڕای فۆکۆ ئەم شیکارییە بووە بە گرنگترین کڵێشە بۆ نوسینەکانی سەدەی هەژدە، هەم لە ڕووی مێژوویی وە هەم لە ڕووی ئەدەبیەوە، هاتنە کایەی بوارێکی نوێ لە نوسین و گێرانەوە کە بە کایەی ئەدەبیاتی سیاسی-ئابووری دەناسرێتەوە.
هاتنە کایەی مۆدێلێکی نوێ کە کێشەی ئەوە نەبوو ماف ڕەتدبکاتەوە، یان سیستمی ماف بگۆڕێت، یاخود خودی سیستمی داد و مافی ڕەها بگۆڕێت بۆ سیستمی ئەڵمانی-فڕانکی. هەموو ئەم تەفسیرانە بە ووردی لە بەشی یەکەمی شیکارییەکانی باولەینڤەیلەرز دا دەبینیەوە. بەڵکو لێرەدا ئێمە بەر کێشەگەلێکی تر دەکەوین کە پەیوەندی بە فەڕەنسا و فەڕەنسیەکانەوە هەیە. هەر بۆیە فۆکۆ دەڵیت: لە جێ خۆیدا پرسیار بکەین ئەو فەڕەنسیانە کامانە و کێبوون، توانییان لەگەڵ کەمی ژمارەیانەدا گەورەترین ئیمپراتۆریەتی مرۆڤایەتی ئەو سەردەمە شکست پێبهێنن و بیانخەن؟
سەرەتایش بۆ ئەوەی لە هێز و توانای ئەو فەڕەنسیانە تێبگەین ئەوا بەوە دەست پێدەکەین و دەڵێن ئەوان خەڵکانێک بوون خاوەنی جەنگاوەر بوون. جەنگاوەر ئەو شتەی کە ڕۆمانیەکان بە خەیاڵی خۆیان دەیانتوانی بەردەوام بن لەسەر دەسەڵات و داگیرکاری لە سەر خاکی گاڵ بە بێ بوون و گرنگیدان بە بەها و پێویستی جەنگاوەر. لێرەشدا مەبەست لە جەنگاوەری ئەرستۆکراسیە فەڕەنسیەکان بوو، نەک شەڕکەرێکی ئاسایی. بۆ ئەوەی بتوانین لەم کۆنتێکستە مێژووییەدا لە چەمکی جەنگاوەر تێبگەین ئەوا پێویستە بچینەوە سەر بونیادی کۆمەڵگەی فەڕەنسی کۆن. فۆکۆ بە شێوەیە وەسفی کۆمەڵگەی فڕانکشی دەکات.
کۆی گشتی کۆمەڵگەی فڕانکشی-فەرەنسی کۆن- لە دەوری جەنگاوەرەکانی دامەزرابوو، ئەمانیش خەڵکانێک لە دەوریان کۆببوونەوە کەهەر فڕانکیشی بوون وەلێ، خۆیان بە خزمەتکاری جەنگاوەرەکان دەبینی و لە خزمەتیاندا بوون، ئامادەی گیان فیدان بوون، هەر وەک چۆن خەڵکی ئەڵمانی بە (Leute یان (leudes پێکهاتبوون، کە بە مانای پیاوانی چەکدار دێت ئەوا ئەمانیش چەکدار و دەست بەچەک بوون. لێهاتوویی ئەم جەنگاوارانە یاخود ئەو پیاوە چەکدارانە، یان با بڵێین ئەرستۆکراتە جەنگاوەرەکان ئەوەبوو کە ژیرانە توانیان پاشایەک بۆ خۆیان هەڵبژێرن. پاشایەک تەنها وەزیفەکەی هەڵسوڕانی کاروباری یاسایی بوو لە کاتی ئاسایش و ئاشتیدا، ئەم پاشایە بە تەنها سەرەورێکی ئاشتی بوو. هەر ئەوەیش نا بەڵکو، ئەم پاشایە لە ڕێێ گروپێکی جەنگاوەری (Leute) یان گروپی ئەو پیاوە چەکدارانەوە هەڵبژێرابوو، چونکە ئەوان پێیانوابووە ئەوە تەنها لە کاتی شەڕدایە کە ئەوان پێویستیان بە یەک دەسەڵات و یەک هێزی ڕیکخراو هەیە، بۆ ئەمەیش سەرکردەی جەنگیان هەبوو، ئەم سەرکردەیەش ملکەچی هەموو پرەنسیپەکانی جەنگ بوو، وەلێ لە هەمان کاتدا هەر خۆی لە ساتە قورسەکانی جەنگدا دەسەڵاتی سەرەکی و موتڵەقی بڕیاردانی هەبوو.
لەو کاتەدا ئەم سەرکردەیەی ڕۆڵی ژەنەڕاڵی هەبوو پێویستی بەوە نەبووە پاشای کۆمەڵگەی مەدەنی بێت، لێ هەر کات پیوێستی کردبێت، توانیویەتی ڕۆڵی پاشایش ببینێت. نمونەیش بۆ ئەمە جەنگاوەرێکی وەک کلۆڤیس(Clovis) بوو، کاتێک ئەم جەنگاوەرە هەڵبژیرا ڕۆڵی جەنەڕاڵ ببینێت ئەوا هەردوو ڕۆڵی یاسایی و مەدەنی بینیوە هاوکات ڕۆڵی بریکاری پاشایش بووە. فۆکۆ پێوایە هەرچۆنێک لەم کۆمەڵگەیە ووردبینەوە ئەوا ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە رۆڵی هێز کەم و مینیماڵ بووە. لانی کەم لە کاتی ئاشتیدا بەو شیوەیە بووە، هەر کاتێکیش هێز و دەسەڵات مینیماڵە و ئەوا ئازادی بەرفراوانە و لە لوتکەدایە. جۆرێک لە ئازادی کە وا لە فۆکۆ دەکات بپرسێت داخۆ ئەو ئازادییەی ئەم جەنگاوەرە ئەرستۆکراتانە هەیانبوو، چێژیان لێوەردەگرت، کام جۆرە لە ئازادی بووە؟
وەڵامەکەیش ئەوەیە ئەو ئازادییە بە مانای سەربەخۆیی نەبووە، وەکچۆنیش ئەو جۆرە لە ئازادی نەبووە کە لە سەر بنەمای رێز لە سنورەکانی بوون و مافی ئەوانیتر دروستبووبێت. زۆر بە سادەیی ئەو ئازادییەی ئەو جەنگاوەرە ئەرستۆکراتانە پێوەی دەنازین و چێژیان لێوەدەگرت لە بنەڕەتدا لە سەر بنەمای ئازادی ئیگۆیزمی جەنگاوەرەکان، چاوچنۆکیان بۆ شتومەک، خولیا و کەڵکەڵەی شەڕ، داگیرکردن و تاڵانکردنی ئەویتر دروست بوو. ئازادی بۆ ئەم جەنگاوەرانە بە مانای خودی ئازادی و جەوهەری تۆڵەرانس و یەکسانی بۆ هەمووان نەبووە بەڵکو، ئەو جۆرە بووە لە ئازادی کە لە ڕێی چەوسانەوەی ئەویتر بەدەست هاتبوو. ووردتر بڵێێن، ئەم ئازادییە لەسەر بنەمای ڕێز نەبووە بەڵکو لەسەر بنەمای کەمکردنەوە و کەمایەتی پێکردنی ئەوانیتر دروستبوو.
لێرەدا ئەوەی سەرنجە کاتێک بولەینڤەیلەرز دەگەڕێتەوە بۆ ڕەگوڕیشەی ووشەی فڕانک (Franc) لە ڕووی ئیتیمۆلۆژییەوە ئەوا دەڵێت بە دڵنییایەوە ئەم ووشەیە بە مانای ئازادی (Free) نایەت، بەو جۆرەی کە ئێمە لە ئێستادا لە مانای ووشەکە گەیشتووین بەڵکو، لە بنەڕەتدا ووشەکە بە مانای (Ferocious) کە ڕەگی ووشەکە لە زمانی گریکیدا بریتیە لە (ferox)، لەم ڕوانگەیەوە بێت خودی ووشەی (Franc) وەک ووشە لاتینیەکە (ferox) بە هەمان مانا دێت، بە ڕای کەسێکی وەک فرێرێت (Freret) ئەم ووشەیە مانای خوازراو وە نەخوازراویش لە خۆیدەگرێت، چونکە گەر بە ووردی لە مانا و دالەکانی ئەم ووشەیە بکۆڵینەوە ئەوا بەر ئەم وەسفانە دەکەوین کە ئەمانەن: (شکۆدار، نەترس، خۆبەزلزان و لوتبەرز، دڵڕەق). هەر لێرەیشەوە ئێمە بەر وێناو و پۆرترێتی وورد بۆ (بەربەریەکان) دەکەوین، ئەم وێنایەش تا سەدەی نۆزدە درێژ دەبێتەوە لە کارەکانی، بۆ نموونە لاى نیتچە تەواو زەق دەبێتەوە، فۆکۆ ئاماژە بە نیچە دەکات چونکە ئەو ئازادی لە دۆخە ڕاستەقینەکەی خۆیدا دەبینێت، نیچە دەزانێت ڕەگوڕیشەی ئازادی لە کوێوە هاتووە، هەر بۆیە ئازادی بۆ نیچە یەکسانە بە کەمایەتی، ئازادی بریتیە لە خولیا بۆ دەسەڵات، خولیایەک کە چاوچنۆکی سنورەکانی دیاریدەکات، خودی ئازادی واتە نەکردەیی و بێتوانایی بۆ خزمەتکردنی ئەوانیتر، ئازادی واتە ئارەزوویەکی بەردەوام بۆ داگیرکردنی ئەوانیتر، هەربۆیە سەیر نیە کاتێک نیچە دەڵێت ئازادی بریتیە لە: (ڕەفتار و هەڵسوکەتی پۆڵیشنەکراو، ڕقێکە بۆ ناوە ڕۆمانیەکان، زمانی ڕۆمانی، خوو و ڕەفتاری ڕۆمانی، عاشقە ئازا و بوێرەکانی ئازادی، قەزەمە ڕەنگاو ڕەنگەکان، بێ باوەڕەکانن، ئەوانەی بە تەنها خولیای وەرگرتنیان هەیە، بێ حەوسەڵە و نەسرەوتەکان بۆ گەیشتن بە زیاتر و زیاتر…هتد) .
ئەمە بڕێکە لەو وەسفانەی کە بولەینڤەیلەرز و هاوەڵانی دوای خۆی هەوڵیانداوە وەسفی ئەو قژزەردە بەربەریانەی پێ بکەن، کە ئێمە سوپاسیان دەکەین بۆ تێکست و نوسینەکانیان، چونکە بۆمان دەردەکەوێت کە چۆن هاتوونەتە نێو مێژووی ئەوروپاوە.
ئەو وەسفە پۆرترێتیەی قژزەردە ئەڵمانیەکان ئەگەری ڕوونکردنەوەی ئەوەمان بۆ فەراهەم دەکات کە چۆن بۆ یەکەم جار ئەم جەنگاوەرە فڕانکیشیانە هاتن بۆ گاڵ نەیانتوانیوە خۆیان لەگەڵ یاسا و رێسای ڕۆمانی ئەو کاتە بگونجێنین نەک ئەوەیش بەڵکو، بە تەواوی مافی ئیمراتۆریەتی ڕۆمانیان بۆ خۆیان رەتکردۆتەوە، ڕازی نەبوون دوای فەرمان و یاسا و ڕێساکان بکەون. ئەم جەنگاوەرانە زۆر ئازادبوون! لێرەدا فۆکۆ دەڵێت کاتێک دەڵێم زۆر ئازادبوون ئەوا مەبەستم لەوەیە کە ئەمانە زۆر لوتبەرز، ئارۆگانت بوون باکیان بە کەس نەبووە، نەک ئەوەیش بەڵکو نەیانهێشتووە ژەنەڕاڵەکەیان ببێتە سەروەریان بە مانا ڕۆمانیەکەی.
خودی ئەو ئازادیی و بەربەرەڵاییەی ئەم جەنگاوەرانەی پێ ناسراوەتەوە وایلێکردوون کە ئەو خەیاڵە بدەن بە ڕۆمانیەکان کە ئەمانە دوورن لەوەی بیر لە ڕزگارکردنی خاکەکەیان بکەنەوە و بیانەوێت بۆ مەبەستی شەخسی خۆیان زاڵبن بە سەریدا. هەر بۆیە سەرکەوتنی فڕانکیشیەکان واینەکرد کە سەرکردە و ژەنەڕاڵەکەیان ببێتە سەرەوەری گاڵ، وەلێ لەملایشەوە هەر یەک لە ژەنەڕاڵەکان سوود و قانجی خۆیان لەو سەرکەوتنە وەردەگرت. هەر جەنگاوەرێک بۆ خۆی بانگەشەی پارچە زەویەکی بۆ خۆی لە ووڵاتی گاڵدا کرد. ئەمەیش سەرەتای دروستبوونی دەرەبەگایەتی بوو. واتە جەنگاوەرەکانی دوێنی کە شەڕی مان و نەمانیان دەکرد بوون بە دەرەبەگەکانی ئەمڕۆی گاڵ و خاوەن زەوی و زار.
فۆکۆ بە پاڵپشتی تێزە و شیکاری بولەینڤەیلەرز ئەوەمان بۆ ڕووندەکاتەوە کە چۆن هەر جەنگاوەرێک پارچەیەک زەوی بۆ خۆی وەرگرتووە، واتە بە کورتی دۆخەکە بەو شێوەیە نەبووە کە پاشا مافی موتلەقی بەسەر هەموو گاڵدا هەبێت، هەر بۆیە ئەم پاشایە هەمان شێواز و هەژمونی پیادەکردنی مافی وەک سەروەرێکی ڕۆمانی نەبووە. بەو مانایەی کە جەنگاوەرەکان هەر یەکە بۆ خۆی سەربەخۆ، خاوەنی زەوی خۆی بووە، ئەوا پێویستیان بە قبوڵکردنی پاشایەک نەبوو کە فەرمانڕەواییان بکات، واتە هەر یەکە بۆ خۆی پاشایەک بووە. فۆکۆ جەخت لە سەر گێرانەوەی ئەم مێژووە دەکات و بە مێژووگرافی ناویدەبات و دەڵێت لە ناو ئەم مێژووەدا بەر چێرۆکێکی وەک (گوڵدانەکەی سۆیسۆنس) دەکەوین.
فۆکۆ باس لە چیرۆکی گوڵدانی سۆیسۆنس دەکات، کە حیکایەتێکی مێژوویی بەناوبانگە بۆ وێناکردنی کێشەیەکی بنەڕەتی لە یاسای دەستووری و گواستنەوەی مۆدێلەکانی دەسەڵاتدا بەکاری دەهێنێت. فۆکۆ چیرۆکەکە بەکاردەهێنێت بۆ تیشک خستنە سەر گۆڕانکاری لە مۆدێلی دەسەڵاتی “جەنگاوەری” ئەڵمانییەوە بۆ لەدایکبوونی پاشایەتی ڕەها. کورتەی بەسەرهاتەکە بەرجەستەی تەواوی ئەو ماوە مێژووییە و گۆڕینی سیستمی ماف دەکات، یان ووردتر بڵێین لە ناو ئەم چیرۆکەدا بەر لە ناوبردن و داڕمانی سیستیمی مافی ڕۆمانی دەوکەوین. ئەم چیرۆکەیش لە لایەن بولەینڤەیلەرز و ئەوانەی پێش ئەو، دوای ئەویش گێڕدراوەتەوە کە هەر هەمووشیان لە( گریگۆری تۆرسەوە)، وەریانگرتووە. لە بەر گرنگی چیرۆکەکە لە گێرانەوەی ئەو مێژووەی ئەوروپادا کە تا ئیشتایش لە وانەکانی مێژوودا دەخوێنرێت، ئەوا منیش لێرەدا بە کورتی باسی دەکەمەوە. چیرۆکەکە بە دوو قۆناغ دەگێڕدرێتەوە.
قۆناغی یەکەمی گوڵدانەکەی سۆیسۆنس: قۆناغی مافی غەنیمە یان تاڵانی جەنگ
چیرۆکی گوڵدانەکەی سۆیسۆنس لەو کاتەدا دەستپێدەکات کە (کڵۆڤیس) وەک بەڕێوبەرێکی مەدەنی لە یەکێک لە شەڕەکاندا، دوای بردنەوەی شەڕەکە و لە کاتی دابەشکردنی تاڵانیەکاندا، دەنگ بەرزدەکاتەوە دەڵێت: من ئەو گوڵدانەم دەوێت، ئەو گوڵدانە بۆ منە!
هەر لەو کاتەدا یەکێک لە جەنگاوەرەکان لێ دێتە دەنگ و دەڵێت:
)ڕاوەستە دەست بۆ ئەو گوڵدانە نەبەیت! دەکرێت تۆ پاشا بیت بەڵام کاتێک دێتە سەر دابەشکردنی تاڵانی ئەوا هەر وەک یەکێک لە ئێمە تاڵانیەکەت بەردەکەوێت، ئەوەی کە تۆ پاشا ئێمەیت هیچ مافێکی زیاتر و پێشوەخت، یان مافی ڕەهات ناداتێ، بەڵکو هەموو جەنگاوەرەکان مافی وەک یەک مافی تاڵانی و غەنیمەی شەڕیان هەیە و دەبێت وەک یەک و بە یەکسانی بەشبکرێت، پاشایەتی مافی دەسکەوتی ئەبەدی نییە(.
گێڕانەوەی بولەینڤەیلەرز بۆ ئەم چیرۆکە بۆ ئەوەیە لە لایەک ئەوەمان بۆ ڕوونبکاتەوە کە ئەم کۆمەڵگە ئەڵمانییە بە تەواوی سیستمی هێز و دەسەڵاتی ڕۆمانی هەر لە سەرەتاوە ڕەتکردۆتەوە و قبوڵی نەبووە پیادەی هەمان نەزمی یاسا و ڕێسا بکات. لە لایەکی تریشەوە ڕاڤەی ئەوەیشمان بۆ بکات کە چۆن گروپێکی بچووکی هەژار توانیویانە بەسەر ووڵاتێکی دەوڵەمەند و بەپیتی وەک گاڵ زاڵ بن.
لێرەدا پرسیارەکە بۆ بولەینڤەیلەرز ئەوەیە، چۆن ئەم بێدەسەڵاتانە توانیان ببنە خاوەنی دەسەڵات و هێزێکی گەورەی وەها کە ڕۆمانیەکان پەک بخەن؟
بە ڕای بولەینڤەیلەرز هۆکاری ئەوەی چۆن فڕانکیەکان توانیان بەرگە بگرن لەو ووڵاتەی کە داگیریان کرد ئەوە بوو کە یەکەم شت بە تەنها پڕچەککردنی گاڵ نەبوو، بەڵکو دەستگرتن بەسەر چەکەکانی ئەوان بوو. ئەمەیش وایکرد کە چینە سەربازییەکەی خۆیان تەواو جیابکەنەوە، ئەو چینە سەربازییەیش ئەڵمانی بوون. گاوڵیەکان چیتر خاوەنی هیچ چەکێک نەبوون، بەڵام لەملایشەوە هێشتا هەر خاوەنی زەوی و زاری خۆیان بوون. کەواتە ئەوەی شەڕی کرد فڕانکیەکان بوو ئەوەی مایەوە لە سەر زەوی و زار خۆی بەردەوام بوو لە کشتوکاڵکردن گاڵیەکان بوون. ئەوەی کە پێویست بوو لەسەریان پێدانی باج و خەراج بوو تا ڕێی بە ئەڵمانیەکان بدەن وەزیفە سەربازییەکەی خۆیان ئەنجام بدەن. ئەم باجانە زۆر نەبوو بەڵام بە بەراورد بەوەی کە دایاندا بە ڕۆمانیەکان کەمتربوو. هەر ئەوەیش نا بە پێی ئەم گێرانەوە مێژووییە بێت کاتێک ڕۆمانیەکان داوایان لە جووتیارەکان دەکرد باج بدەن بە بازرگانەکان، ئەوا بە زمانێکی ڕەق و ناشرین داوایان دەکرد لە کاتێکدا ئەمانی تر بە جوانی بە ڕیزەوە داوای باجیان دەکرد ئەمەیش وایکرد کە جووتیارەکان بە خۆشحاڵیەوە باجی خۆیان بدەن. لێرەیشدا هیچ جیاوازییەک لە نێوان جوتیارە گاوڵیەکاندا کە باجیان دەدا لەگەڵ چینی سەربازی کە پێکهاتبوون لە جەنگاوەرە ئەڵمانیەکان کە باجیان وەردەگرت نەما، بە مانایەکی دیکە جیاوازی لە نێوان داگیرکەر و داگیرکراودا نەما، هەربۆیە دەتوانین بڵێین لەو سەردەمەدا بەر گاڵێکی دڵخۆش و سەقامگیر دەکەوین، ئەگەرچی لە ڕاستیدا بە بەرواد بەو گاڵەی کە لە کۆتایی داگیرکردنی ڕۆمانیەکاندا هەبوو کەمتر پێشکەوتوو بوو، بەڵام سەقامگیر و ئاسایش بوو.
بە پێی شیکارییەکانی بولەینڤەیلەرز بێت فڕانکییەکان و گاڵییەکان بە دڵخۆشی بێ کێشە شان بە شانی یەک لەگەڵ یەک ژیاون. هەردوولا بێ کێشە توانیویانە چێژ لەو بڕە ئازادییە وەربگرن و چێژی لێ ببینین کە هەر یەکە بۆ خۆی و بە شێوازی خۆی چنگی کەوتبوو. فڕانکییەکان ئاسوودە بوون چونکە گاڵە نوێیەکە پێوسیتی ئەوانیان پردەکردەوە، گاوڵیەکانیش ئاسوودە بوون چونکە فڕانکییەکان ئاسایشیان بۆ دابیندەکردن. لێرەدا سیستمی فیودالیزم دێتە کایەوە وەک سیستمێکی مێژوو-یاسایی کە مێژووەکەی دەگەڕیتەوە بۆ سەدەی شەش، حەوت و هەشتی کۆمەڵگەی ئەوروپی.
فۆکۆ دەڵێت ئەم سیستمە پێش بولەینڤەیلەرز هیچ مێژوو نوسێک یان یاساییەک بەم شێوەیە شیکاری نەکردووە باسی لێوەنەکردووە. گەڕانەوەی فۆکۆ بۆ شیکاری بولەینڤەیلەرز لەوەدا گرنگە ئێمە بەر ترۆپکی فیودالیزم دەکەوین وەک سیستمێک و یەکەیەکی یاسایی-سیاسی، یەکەیەک یەکگرتوو کە لە کرۆک و ناوەخنی خۆیدا چینێکی سەربازی بە پاڵپشتی جوتیارەکان بەڕیوەدەچوو، ئەو جوتیارانەی کە بە شیوەیەکی جوان و دڵنەرمانە و بێ کیشە باجی خۆیان دەدا.
خاڵێکی گرنگی تری شیکارییەکەی بولەینڤەیلەرز کە بە ڕای فۆکۆ پێویستە هەڵوەستەی لەسەر بکرێت جیا بکرێتەوە، ئەو ڕووداوانەیە کە تیایدا خانەدانەکان، یان با بڵیین جەنگاوەرە ئەرستۆکراسەکان ووردە ووردە سەروەت و سامان و هێزی خۆیان لەدەستدا، کەوتنە ژێر دەسەڵاتی هێزی مۆنارکیەوە.
قۆناغی دووەمی گوڵدانەکەی سۆیسۆنس: یان قۆناغی لەدایکبوونی پاشایەتی
لە خوێندنەوەی فۆکۆ بۆ دەقە مێژووییەکانی بەولینڤەیلەرز (Henri de Boulainvilliers)، یەکێک لە گرنگترین خاڵەکان شیکردنەوەی چۆنیەتی گۆڕانی پەیوەندی نێوان چینی جەنگاوەر (ئەرستۆکراسی) و دامەزراوەی مۆنارکییە. بە ڕای فۆکۆ، بەولەینڤەیلەرز تەنها مێژووی سەرهەڵدانی فیودالیزم ناگێڕێتەوە، بەڵکو پرۆسەیەکی درێژخایەن و ئاڵۆزی گواستنەوەی دەسەڵات لە دەستی چینێکی سەربازی و ئازاد بۆ دامەزراوەیەکی ناوەندی و دەسەڵاتگەرای وەک مۆنارکی ڕاڤە دەکات. لەو ڕوانگەیەوە، مێژووی فڕانکەکان مێژووی سەرکەوتنی پاشا نییە، بەڵکو مێژووی کەمبوونەوەی ئازادی و دەسەڵاتی چینی جەنگاوەرە.
بەولەینڤەیلەرز بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم گۆڕانە دەڵێت کە لە سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی فڕانکدا، پاشا هیچ شتێکی پیرۆز یان سروشتی نەبوو. دەسەڵاتی پاشا لە بنەڕەتدا دەسەڵاتێکی هەڵبژێردراو، سنووردار و کاتی بوو و لە دوو ڕەهەنددا خۆی دەبینیەوە. یەکەم، لە کاتی شەڕدا، پاشا وەک سەرکردەی سەربازی هەڵدەبژێردرا. لەو بارودۆخەدا، هەموو جەنگاوەرەکان بۆ سەرکەوتنی شەڕ پێویست بوو فەرمانەکانی جێبەجێ بکەن، بۆیە دەسەڵاتێکی فراوانی هەبوو. بەڵام ئەم دەسەڵاتە تەواو بە کاتی بوو و بە تەواوبوونی شەڕ کۆتایی پێدەهات. ئەم دەسەڵاتە لە هیچ شێوەیەکدا مافی حوکمڕانی هەمیشەیی بۆ پاشا دروست نەدەکرد.
دووەم، لە کاتی ئاشتی و ژیانی مەدەنی، پاشا وەک بەڕێوەبەری کاروباری گشتی کاردەکرد، نەک وەک دەسەڵاتێکی ڕەها. لەم قۆناغەدا بڕیارە گرنگەکان لەلایەن کۆڕ و کۆبوونەوەی سەرۆک خێڵەکان، سەرکردە سەربازییەکان و جەنگاوەرانی بەرزپایەوە دەدران. واتە، پاشا یەکێک بوو لە ناو دەستەی دەسەڵات، نەک خاوەنی تەواوی دەسەڵات. هەر بۆیە پاشایەتی نە میراتی بوو و نە مافی بنەماڵەیەکی دیاریکراو. هەر کەسێک بتوانایە پشتگیری و متمانەی چینی جەنگاوەر بەدەست بهێنێت، دەتوانی بۆ ئەو پۆستە هەڵبژێردرێت.
بە ڕای بولەینڤەیلەرز، ئەم شێوازەی دەسەڵات جەوهەری ڕێکخستنی سیاسی کۆمەڵگەی فڕانکی پێکدەهێنا. دەسەڵات لە بنەڕەتدا هاوبەش بوو و هیچ تاکێک نەتوانی بەبێ ڕەزامەندی ئەوانی تر دەسەڵاتەکەی فراوان بکات. لەبەر ئەوەشە چیرۆکی گوڵدانەکەی سۆیسۆنس گرنگییەکی تایبەتی هەیە؛ چونکە نیشان دەدات کە تەنانەت پاشاش لە بەرامبەر یاسای هاوبەشی جەنگاوەراندا سنووردار بوو وتوانای ئەوەی نەبوو مافی زیاتر بۆ خۆی داوا بکات. لە ڕوانگەی بولەینڤەیلەرز، ئەم ڕووداوە بەڵگەیەکە بۆ ئەوەی کە لە سەرەتادا دەسەڵات لەسەر بنەمای هاوسەنگی و هاوبەشکردن دامەزرابوو، نەک لەسەر بنەمای سەروەرییەکی ڕەها.
بەڵام ئەم هاوسەنگییە بەردەوام نەما. بولەینڤەیلەرز پرۆسەیەکی مێژوویی و درێژخایەن وەسف دەکات کە تێیدا دەسەڵاتی پاشا ووردەووردە لە سنوورە سەرەتاییەکانی خۆی دەرباز دەبێت. ئەوەی لە سەرەتادا دەسەڵاتێکی کاتی بوو، دەبێتە دەسەڵاتێکی بەردەوام؛ ئەوەی هەڵبژێردراو بوو، دەبێتە میراتی؛ ئەوەی سنووردار بوو، دەگۆڕێت بۆ دەسەڵاتێکی ناوەندی. ئەم گۆڕانە بە هێواشی و لە ماوەی چەند سەدەیەکدا ڕوویدا، بەڵام ئەنجامەکەی گۆڕانێکی بنەڕەتی لە پێکهاتەی دەوڵەت بوو.
فۆکۆ لەم شوێنەدا گرنگییەکی زۆر بە شیکاری بولەینڤەیلەرز دەدات، چونکە بە ڕای ئەو، بولەینڤەیلەرز یەکەم بیرمەندە کە دامەزراندنی مۆنارکی ڕەها وەک پرۆسەیەکی «داگیرکردنی ناوخۆیی» شی دەکاتەوە. واتە، مۆنارکی تەنها بەسەر خەڵکی ئاسایی زاڵ نەبوو، بەڵکو پێش هەر شتێک بەسەر هێز و ئازادییەکانی ئەرستۆکراسی زاڵ بوو. پاشاکان بەردەوام دەیانویست هێزی سەربازییە ناوخۆییەکان لەژێر دەسەڵاتی خۆیان بهێنن، مافی شەڕکردن، دادوەری، وەرگرتنی باج و بەڕێوەبردنی ناوچەکان کۆتایی پێبهێنن و هەموو ئەو مافانە بخەنە ناو دامەزراوەی مۆنارکی.
لە ئەنجامی ئەم پرۆسەیەدا، ئەرستۆکراسی کە لە سەرەتادا سەرچاوەی سەرەکی هێزی سەربازی و سیاسی بوو، ووردەووردە بوو بە خزمەتکاری دەوڵەت. سەروەت، زەوی، هێزی سەربازی و دادوەرییەکانیان یەک لەدوای یەک لەژێر چاودێری مۆنارکی هاتن. لە شوێنی پەیوەندییە فیودالییە ناوخۆییەکان، دەوڵەتێکی ناوەندی سەریهەڵدا کە یاسا، باج، سوپا و دادگایەکی یەکگرتووی هەبوو. بەم شێوەیە، پاشا بوو بە یەکەمین سەرچاوەی یاسا و دەسەڵات.
بە ڕای فۆکۆ، ئەم خوێندنەوەیەی بولەینڤەیلەرز گرنگییەکی زۆری تیۆری هەیە، چونکە نیشان دەدات مۆنارکی ڕەها بە سروشت یان بە ویستی خودا دروست نەبوو، بەڵکو ئەنجامی کۆمەڵێک ململانێی مێژوویی، شەڕی دەسەڵات و گواستنەوەی هێز بوو. هەر بۆیە، دەوڵەتی مۆدێرنیش لە بنەڕەتدا بەرهەمی ئەم پرۆسە مێژووییەیە، نەک دامەزراوەیەکی سروشتی یان هەمیشەیی. ئەم تێڕوانینە دواتر دەبێتە یەکێک لە بناغە سەرەکییەکانی شیکارییەکانی فۆکۆ لەسەر پەیوەندی نێوان مێژوو، هێز و دەسەڵات؛ چونکە بۆ ئەو، هەر شێوازێکی دەسەڵات ئەنجامی کێبڕکێ و پەیوەندییە مێژووییەکانە، نەک بەرهەمی یاسایەکی سروشتی یان پیرۆز.
ئەوەی تا ئێستا باسمان کرد، گێڕانەوەی بەشی یەکەمی چیرۆکی «گوڵدانی سۆیسۆنس» بوو؛ قۆناغێک کە هێشتا دەسەڵات لە چوارچێوەی ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی و یاساییی کۆمەڵەیەکی هاوبەشدا دەجوڵا. بەڵام قۆناغی دووەمی ئەم چیرۆکە، کە دەتوانرێت بە سەرەتای لەدایکبوونی پاشایەتیی ڕەها ناوزەندبکرێت، لەو ساتەدا دەست پێدەکات کە یەک ساڵ دوای ئەو ڕووداوە، کلۆڤیس لە کاتی پێداچوونەوەیەکی سەربازیدا ئەو جەنگاوەرە دەناسێتەوە کە پێشتر دژی خواستەکەی وەستابوو و ڕێگری لە بردنی گوڵدانەکەی کردبوو. کلۆڤیس بێ ئەوەی هیچ پرۆسەیەکی یاسایی یان دادوەری بەکاربهێنێت، بەرەو ئەو جەنگاوەرە دەچێت و بە پاچێک گورزێکی لێدەدات و پشتی دەشکێنێت، پاشان دەڵێت: «گوڵدانەکەی سۆیسۆنس لە بیرت بێت.» ئەم کردارە تەنها تۆڵەسەندنەوەی تاکەکەسی نییە؛ بەڵکو نیشانەی گۆڕانێکی قووڵ لە مانای دەسەڵاتە. کلۆڤیس لەو ساتەدا چیتر وەک فەرمانڕەوایەکی مەدەنی ناناسرێتەوە، بەڵکو وەک سەرکردەیەکی سەربازی دەردەکەوێت؛ وەک کەسێک کە هێزی ڕەها لە دەستی خۆیدا کۆدەکاتەوە بۆ کۆنتڕۆڵکردن و ڕێکخستنی ناکۆکییە ناوخۆییەکان. هەر لەو ساتە وەختەدا مۆنارکی نوێ سەرهەڵدەدات: نە تەنها وەک دامەزراوەیەکی سیاسی، بەڵکو وەک تێکەڵبوونی هێزی سەربازی و دیسیپلینی کۆمەڵایەتی. دەسەڵاتی پاشا لەو ساتەدا ڕەها دەبێت کە توانای هێزی سەربازی بگۆڕێت بۆ ئامرازێک بۆ ڕێکخستنی ژیانی مەدەنی و دانانی سنوور بۆ ماف و ڕەفتاری کۆمەڵگا.
فاکتەرێکی دیکە کە لە دروستبوونی ئەم هێزی مەدەنییەی پاشایەتی گرنگ بوو ئەویش دووفاقی لە دروستکردنی هاوپەیمانییەکاندا. لە لایەک، هێزی مەدەنی هەوڵی دا پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ خەڵکی گوند و چینە خوارەوەکان بەهێز بکات و پشتگیریی ئەوان بۆ دامەزراندنی ڕێکخستنێکی نوێ وەربگرێت؛ بەڵام لە هەمان کاتدا، هاوپەیمانییەکی ستراتیژی لەگەڵ پاشایەتی و بەشێک لە ئەریستۆکراسیی کۆنی گال دروست کرد. ئەم دووڕووییە بنەمای هێزی پاشایەتیی نوێ بوو: دەسەڵاتێک کە لە یەک کاتدا خۆی وەک پارێزەری ڕێکخستنی کۆمەڵگا پیشان دەدا و لە هەمان کاتدا بە پشتبەستن بە هێزی سەربازی و پەیوەندییەکانی نەریتی، بناغەی دەسەڵاتی ڕەهای خۆی دادەنا.
فۆکۆ دەڵێت بەم شێوەیە بەولەینڤەیلەرز شیکارییەکانی خۆی کردووە و پرسیاری جدی بۆ ئەو ئایا کاتێک فڕانکییەکان هاتن، کاریگەری زۆر خراپی بۆ زۆرینەی دانیشتوانی گاڵ هەبوو؟
ئایا کاریگەری هەر ئەوەندە بوو کە جوتیارەکان لە پێدانی باجەوە بە شیوەیەکی زۆرملێ بوو بە پێدانی باج بە شیوەیەکی جوان و دڵنەرمانە. لە لایەکی تریشەوە ئەرستۆکراسە گاوڵییەکان کە زەوی و زاریان لە لایەن جەنگاوەرە ئەڵمانی و فڕانکیەکان زەوتکرا، ئەم خەڵکانە بوون کە زەرەری گەورەیان لە هاتنی فڕانکیەکان بۆ گاڵ کرد، ئەمانە بوون کە دووچاری ئازار و ئەشکەنجەی داگیرکاری بوون، ئەمانە بوون زەوی و زاریان لێ زەوتکرا بە لە ناوچوونی دەوڵەتی ڕۆمانی، هەر بۆیە تاکە پەناگەیان کەنیسە بوو، دەبوو پەنابەرن بۆ کەنیسە وەک تاکە سەبوورییەک بۆ ئەوەی کە لە دەستیان چووە. لێرەیشەوە هەر بە تەنها خەریکی دامەزراندنی کەنیسە نەبوون وەک ئامرازێک بۆ دڵنەوایی خۆیان، بەڵکو خەریکی بەرفراونکردنی کاریگەری و پێگەی کەنیسە بوون لە ناو خەڵکدا ئەویش بە بەگەڕخستنی سیستمی باوەڕ و ئیمان لە ناو خەڵکدا. هەر بۆیە ئەوە لە ناو کەنیسەدا بوو وە بەهۆی کەنیسەوە کە زمانی ڕۆمانی و مەعریفەی ڕۆمانی گەشەی سەند، یاسای ڕۆمانی دەخوێنرا، ئەم یاسایەیش یاسای ڕەها بوو. لێرەیشەوە کاتێک سەروەری فراکیشی داوای یارمەتی و پاڵپشتی لە خەڵک دەکات لە دژی ئەرستوکراسی ئەڵمانی هاوکات بۆ دۆزینەوەی دەوڵەت یان لانی کەم مۆنارکی کە مۆنارکی ڕۆمانیە، ئەوا کێ لەم خەڵکانە باشتر دەدۆزنەوە کە هێندە کاریگەرییان هەیە بە سەر خەڵکیەوە. کە بە زمانی ڕۆمانی و یاسای ڕۆمانی ئاشنان جگە لە ئەرستۆکراسە گاوڵیەکان خۆیان.
کەواتە خانەدانە گاوڵیەکان هاوپشت و پاڵپشتی مۆنارکە تازەکە بوون ئەو کاتەی بۆ یەکەمجار رەهابوونی خۆیان لەسەر بنەمای زمانی لاتین، یاسای ڕۆمانی مەعریفەی داد دامەزراند. کەواتە ئەوەی کە تازە دروستکرا لە سەر بنەمای زمان و مەعریفەی کۆنەکە دامەزرا.
ئەوەی جێی سەرنجە بۆ فۆکۆ، کە بەولینڤەیلەرز لە شیکارییەکەیدا جەختێکی زۆر دەخاتە سەر زمانی مەعریفە یاخود هەردوو سیستمی زمان-مەعریفە، گوتەی ئەوەی کە مەعریفە دەسەڵاتە دەگەڕیێەوە بۆ بولەینڤەیلەرز. ئەو ئەوەمان بۆ ڕووندەکاتەوە چۆن جەنگاوەرە ئەرستۆکراسەکان بە تەواوی لە لایەن هاوپەیمانی نێوان مۆنارکی و خەڵکەکە تێپەڕێندران، وە خودی ئەو هاوپەیمانییەش لە سەر بنەمای دەوڵەت بوو، کە دەشڵێن دەوڵەت واتە زمانی لاتین و مەعریفەی تەواوی یاسای ڕۆمانی بوو. کەواتە زمانی لاتین بوو بە زمانی دەوڵەت، بوو بە زمانی مەعریفە، بوو بە زمانی یاسا. هەر بەم هۆکارەیش خانەدانەکان هەموو هێز و دەسەڵاتی خۆیان لەدەستدا، بە ڕادەیەک کە ئەوان سەر بە سیستمی زمانێکی تر بوون و وەک بڵێی تەواو لە دەرەوەی زمانی دەوڵەت بوون. چونکە خانەدانەکان بە زمانی ئەڵمانی دەدوان و لە زمانی لاتین نەدەگەیشتن. ئەمەیش مانای ئەوەیە کاتێک سیستمی ماف و داد دارێژرا ئەوا ئەمان نەیاندەزانی چی لە ناو ئەو سیستمەدا دەگوزەرێت. هەر بۆیە لە لایەک کەنیسە کاری بۆ ئەم چاوەشەکارییە دەکرد، لە لایەکی تریشەوە مۆنارکی زۆر بە ئەمەکانە ئیشی بۆ ئەوە دەکرد کە ئەو خەڵکە لە تاریکی و نەزانینی خۆیان بۆ تەواوی سیستمەکە بمێننەوە.
لێرەدا بەولیەنڤەیلەرز ئاسەواری مێژووی ئەم چەواشەکارییەی کەنیسە و پیاوانی ئاینی لە گوتارەکانیاندا سەبارەت بە ژیانی پاش مەرگ دەبینێتەوە. بە ڕای بەولیەنڤیەلەرز پەروەردەکردنی خانەدانەکان بەوەی کە ژیانی ئەم دونیایە فانییە و هیچ گرنگییەکی نییە، ئەوەیش کە لەم دونیایەدا ڕوودەدات هیچ گرنگیەکی نیە بەڵکو قەدەری ڕاستەقینەی مرۆڤ پاش مردنە و لە ژیانی ئەبەدی پاش مردندایە. هەر بۆیە ئەو ئەڵمانیانەی کە زۆر خولیای موڵک و داگیرکاری بوون، هەموو ئەو جەنگاوەرە قژ زەردانەی کە پەیوەستی ژیان و دۆخی هەنووکەیی شۆرش و ژیان بوون ووردە ووردە گۆڕان بۆ شۆڕشگێڕی دێرین و بوونە خاچ پەرست بە شیوەیەک کە بۆیان گرنگ نەبوو چی لە ووڵات و شارەکەی خۆیان دەگوزەرێت. بە ڕادەیەک بێئاگابوون کاتێک خۆیان بینییەوە لە هەموو سەروەت و سامان و دەسەڵاتێک کرابوون. کاتێک بولیەنڤیەلەرز جەنگاوەرەکان دەشوبهێنێت بە خاچپەرستەکان دەویەوێت جەخت لەسەر گۆڕانی ڕۆحی شۆڕشگێری و داگیرکاری ئەم جەنگاوەرانە بکات، خاچپەرستەکان وەک ئەو کەسانەی کە خولیای تەواویان بۆ زیارەتکردن و خۆ ئامادەکردنەوە بۆ دونیاکەی دیکە، دونیای پاش مەرگ.

ئەوەی کە لە شیکارییەکەی بەولیەنڤیلەرزدا گرنگە و جیاوازە، ئەوەیە کە ئەم بانگەشە بۆ یاخیوبوون و هەڵگیرسانی شۆڕش ناکات وەک مێژووگرافەرەکانی تر، بە تایبەت ئەوانەی سەدەی حەڤدە لە ئینگلترا، بەڵکو بەولیەنڤیەلەرز بانگەشەی خانەدانەکان دەکات بۆ ئەوەی مەعریفەی خۆیان بەرفراوان بکەنەوە، هاواری زیندوکردنەوەی یادەوەرییەکانی خۆیان دەکات، هەوڵدەدات بە ئاگایان بهێنێتەوە لە ئەزموون و گەڕانەوەی بۆ ئەزموونی ڕابردوویان، بۆ مەعریفە و زمانی ڕەسەنی خۆیان. ئەوەی کە بولیەنڤیەلەرز ئاماژەی پێدەکرد و هەوڵی دەدا خانەدانەکان بە خەبەر بێنێتەوە ئەوە بوو کە بە پلەی نایاب دەیگووت: (ئێوە ناتوانن دەسەڵاتی خۆتان بە دەستبهێنەوە گەر پایە و پێگەی مەعریفە نەگرنەوە دەست، ئەو پایە و پێگەیەی کە لێتان زەوتکرا- یان ڕەنگە هەر لە سەرەتاوە خاوەنی ئەو پایە و پێگە مەعریفییە نەبووبێتن. کێشەکە ئەوەیە کە ئێوە هەمیشە جەنگاون بە بێ ئەوەی درک بەو ڕاستییە بکەن کە رؤژێک دادێت جەنگە ڕاستەقینەکە، یان لانی کەم شەڕی ناو کۆمەڵگە بە چەک و جبەخانە ناکرێت بەڵکو بە مەعریفە دەکرێت).
باولینڤەیلەرز زۆر بە ڕاشکاوانە دەڵێت کە باوباپیرانمان درۆزن بوون، خۆیان بە شکۆیەکی ساختە و بەتاڵ هەڵخڵەتاندوە، ئەوان نەیانزانیوە کە لە ڕاستیدا کێن. ئەوەی کە بەردەوامی خۆیان لەبیرچۆتەوە و درکیان بە ڕاستەقینەی مێژووی خۆیان نەکردووە ئەوەنەی تر باری شانی قورسکردوون لە ڕۆچوونیان لە گەمژەیی یان بڕوابوونیان بە جادووگەریی. بەدەستهێنانی خودئاگاییەکی نوێ و بەدواکەوتنی ئاسەواری سەرچاوەی هەموو مەعریفە و یادەوەرییەکان بە مانای نکۆڵیکردن و بە ئەفسانەکردنی مێژووە. گەر خودی ئەو مێژووە خۆی بکاتەوە بەسەر تۆڕی مەعریفەدا و جارێکی تر خۆی لە ناو یادەوەرییەکاندا بدۆزێتەوە، ئەوا بە ڕای باولینڤەیلەرز خانەدانەکان فرسەتێکی تری ئەوەیان هەیە جارێکی تر ببنەوە بە هێز و خۆیان وەک سوبێکت و بکەری مێژوو بناسنەوە. کەواتە بۆ ئەوەی جارێکی تر هێز و دەسەڵات بە دەست بهێنەوە ئەوا پێویستیان بە خود ئاگاییەکی نوێیە، خود ئاگاییەک کە لە ناو نەزمی مەعریفەدا دروست بێتەوە.
بۆ فۆکۆ شیکارییەکانی باولینڤەیلەرز لە سێ ئاستەوە بۆ ئێمە گرنگە کاتێک بێینە سەر شییکاری سیاسی سەدەی حەڤدە، کە ئەمانەن:
ئاستی یەکەم جەنگ و پەیوەندی جەنگ و فۆڕمەکانی، خودی ئەم ئاستەیش بۆ بەولینڤەیلەرز لە سێ ڕوەوە گشتگیری دەکاتەوە، کە ئەویش یەکەم جەنگ و گشتگیرکردنی جەنگ لە ڕووی بنەماکانی مافەوە، دووەم لە ڕووی جۆرەکانی گۆڕەپانەکانی شەڕەوە، سێهەم لە ڕووی ڕاستینەی داگیرکاری و دەرئەنجامی لەشکرکێشی کە ئەمەیش یاخیبوونی لێدەکەوێتەوە.
کاتێک قسە لە سەر جەنگ دەکرێت بە پەیوەندی بە ماف و بنەماکانی مافەوە ئەوا بە ڕای فۆکۆ بە گەڕانەوە بۆ شیکارییەکانی پەرلەمانتارە فەڕەنسیەکانی سەدەی حەڤدە، هاوکات پەرلەمانتارە ئیگلیزەکانی هەمان سەدە، جەنگ بە مانای دۆخێکی لە پڕ و لە ناکاوی تێکدەر دێت کە سەنگی ماف هەم لە لایەک تێکدەدات وە هەم لە لایەکی تریشەوە دروستیدەکاتەوە.
جەنگ ئەو “پیاوە” ئەفسانەییە کە ڕێدەدات سیستمی ماف لە یەکێکەوە بگۆڕێت بۆ یەکێکی تر، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە کە جەنگ هەمان ڕۆڵ و پێگەی لە تێزە و شیکارییەکەی بەولینڤەیلەرز نییە بەڵکو جەنگ بۆ ئەو هەر بەتەنها سیستمی ماف
نالەقێنێت و تێکنادات تا دروستی بکاتەوە، بەڵکو لە ڕاستیدا جەنگ بە تەواوی هەموو مافێک، تەنانەت مافی سرووشتیش مەحف دەکاتەوە، بە ڕادەیەک جەنگ لە ناو خۆیدا ماف وندەکات کە خودی ماف دەبێتەوە بە شتێکی ناڕاستی و ئەبستراکت، دەبێتەوە بە جۆرێک لە خەیاڵ.

هاوشێوە