رێکخراوی ئازادبوون بۆ گەشەپێدانی بەردەوام

كلیپتۆكراسی و گه‌نده‌ڵی كارگێڕی

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسین: د.ئه‌حمه‌د فاتح محه‌مه‌د

نوسینەوەی مێژووی دەوڵەت لە ڕاستیدا نوسینەوەی ئەو ململانێیە فەلسەفییە قووڵەیە کە لە نێوان ئیرادەی گشتی و غەریزەی سەپاندندا هەیە. کاتێک لە ڕوانگەیەکی فەلسەفی-یاساییەوە سەیری پێکهاتەی دەوڵەت دەکەین، یاسا وەک گەورەترین داهێنانی ئەقڵی مرۆڤایەتی دەردەکەوێت بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی و ڕێگریکردن لە گەڕانەوەی مرۆڤ بۆ یه‌كه‌مین دۆخی سروشتی خۆی کە تێیدا چه‌مكی هێز تاقە پێوەر بوو. بەڵام گەورەترین مەرگەساتی فیکری و یاسایی کاتێک ڕوودەدات کە ئەم ئامرازە ئەقڵانییە واتە یاسا، لە كرۆكه‌ مۆڕاڵییەکەی خۆی بەتاڵ دەکرێتەوە و دەخرێتە خزمەت غەریزەی تاڵانکارییەوە. لێ لێره‌دا  پێویسته‌ سنوورێکی ڕوون و ڕیشه‌یی لە نێوان دوو چەمکی تەواو جیاوازدا بکێشین: گەندەڵی کارگێڕی  و سیستمی کلیپتۆکراسی. ئەم جیاکارییە تەنیا جیاوازییەکی چەندایەتی یان دارایی نییە، بەڵکو گۆڕانکارییەکی کوشندەیە لە فەلسەفە و ناسنامەی دەوڵەتدا. گەندەڵی کارگێڕی لە قووڵایی فەلسەفەی یاسادا، وەک لادانێکی کاتی یان هێرشێکی دەرەکی بۆ سەر جەستەی دەق سەیر دەکرێت. ئەو کەسەی بەرتیل دەدات یان وەردەگرێت، لە ناورۆكدا دان بە شكۆمه‌ندی و شەرعیەتی یاسادا دەنێت، ئەو دەزانێت کە کارەکەی دەرچوونە لە نۆرم، بۆیە لە سێبەر و تاریکیدا ئەنجامی دەدات. لەم دۆخەدا یاسا هێشتا وەک سەروەریی گشتی  بوونی هه‌یه‌ و غەریزەی دادپەروەری تێدا بزر نه‌بووه‌، بەڵکو تەنیا پێشێل کراوە. لێرەدا گەندەڵی وەک نەخۆشییەک وایە لەسەر جەستەی دەوڵەت، بەڵام خودی دەوڵەت هێشتا وەک چەمکێکی ئەقڵانی کە بۆ پاراستنی بەرژەوەندی گشتی داڕێژراوە، شەرعیەتی فیکری خۆی لەدەست نەداوە.

بەڵام کاتێک باس لە کلیپتۆکراسی دەکەین ئیتر ئێمە لەبەردەم نەخۆشییەک دا نین لەناو سیستمدا، بەڵکو لەبەردەم سیستمێکداین کە خۆی نەخۆشییەکەیە. کلیپتۆکراسی گۆڕینی فەلسەفەی حوکمڕانییە. لێرەدا دەوڵەت لە دەزگایەکی ئەقڵانیی دابەشکردنی دادپەروەری و پاراستنی مافەکانەوە دەگۆڕێت بۆ ئامرازێکی گەورەی میکانیکی کە تاقە فەرمانی بریتییە لە کۆکردنەوەی سەروەت لە خوارەوە بۆ سەرەوە. لەم دۆخەدا گەندەڵی لە کردارێکی دەرەکییەوە دەبێتە کڕۆک و جەوهەری ناوەکی خودی دەسەڵات. کاتێک تاقمێکی کلیپتۆکرات دەست بەسەر دەوڵەتدا دەگرن، یەکەم کاریان شێواندنی زمان و مانا یاساییەکانە. ئەوان ئیتر پێویستیان بە شکاندنی یاسا نییە، چونکە توانای ئەوەیان هەیە یاساکە بە جۆرێک دابڕێژن کە تاوانەکەیان تێدا ببێتە دەقێکی پیرۆز و شەرعی.

ئەم گۆڕانکارییە فەلسەفییە جۆرێک لە شێتیی یاسایی بەرهەم دەهێنێت. یاسا کە بە سروشتی خۆی دەبێت پارێزەری لاوازەکان بێت لە بەردەم ستەمی بەهێزەکاندا، لە سیستمی کلیپتۆکراسیدا پێچەوانە دەبێتەوە دەبێتە چەکێکی سارد و یاسایی بۆ ڕووتکردنەوەی کۆمەڵگە لە سامانی گشتی و مافە بنەڕەتییەکانی. ئەمە ئەو شوێنەیە کە گرێبەستی کۆمەڵایەتی تیایدا تەواو هاڕدراوە. هاووڵاتی کاتێک ڕووبەڕووی ئەم سیستمە دەبێتەوە تووشی نامۆبوونێکی قووڵی فیکری دەبێت ئەو دەبینێت هەموو شتێک بە ڕواڵەت یاسایییە، لە گرێبەستە گەورەکانەوە تا تەرخانکردنی بودجە و زەوییەکان، بەڵام لە ناوەڕۆکدا هەموو ئەم دەقانە تەنیا مۆڵەتنامەن بۆ شەرعیەتدان بە دزینی داهاتووی نەتەوەیەک.

تێگەیشتنی فەلسەفی لە کلیپتۆکراسی پێمان دەڵێت ئێمە لەبەردەم کۆمەڵێک تاوانباری ئاساییدا نین کە یاسایان شکاندبێت، بەڵکو لەبەردەم سڕینەوەی تەواوی مانا فەلسەفییەکەی دەوڵەتدا وەستاوین. کاتێک یاسا لە دادپەروەری جیا دەکرێتەوە و دەبێتە تەنیا تەکنیکێکی ڕووت بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی تاقمێکی کەم، دەوڵەت دەمرێت و تەنیا تەرمێکی یاسایی لێ بەجێ دەمێنێت کە لە ناوەوەیدا هیچ شتێک نەماوەتەوە جگە لە غەریزەی ڕووتکردنەوە و مانەوە لە دەسەڵاتدا.

هاوشێوە