رێکخراوی ئازادبوون بۆ گەشەپێدانی بەردەوام

کولتووری یەکتر قەبووڵکردن و لێبوردەیی “Tolerance” بەهایەکی باڵا بۆ پێکەوە ژیان

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسين: هادی ئەحمەد

“بەرزترین بەرئەنجامی پەروەردە، یەکتر قەبووڵکردنە.”

هێلین کێلەر

تۆلێرانس چییە؟ ئەگەر بمانەوێت پێناسەیەک و دیدگایەک سەبارەت بە تۆلێرانس بخەینەڕوو  بۆ ئەوەی چیەتی ئەم چەمکە ڕوونبێت، پێناسەکەی یونسکۆ دەروازەیەکی باش دەبێت. یونسکۆ بەم شێوەیە پێناسەی تۆلێرانس دەکات: تۆلێرانس (لێبووردەیی) بریتییە لە ڕێزگرتن، قەبووڵکردن و پێزانین بۆ هەمەجۆریی دەوڵەمەندی کولتوورەکانی جیهان، شێوازەکانی دەربڕین و ڕێگەکانی مرۆڤبوون. تۆلێرانس، کرانەوە، پەیوەندیکردن(کۆمنیکەیشن) و ئازادیی بیرکردنەوە، ویژدان و باوەڕە. تۆلێرانس تەباییە لە جیاوازیدا. تۆلێرانس تەنها ئەرکێکی ئەخلاقیی نییە، بەڵکو پێویستییەکی سیاسی و یاساییشە. تۆلێرانس ئەو فەزیلەتەی ئاشتیيە دەشێت  بەشداربێت لە جێگرتنەوەی کولتووری جەنگ بە کولتووری ئاشتی. [i]

فەیلەسووفی ئینگلیزی جۆن لۆک لە پەرتوکە بەناوبانگەکەی “نامەیەک دەربارەی لێبوردەی”                       “A Letter Concerning Toleration, 1689”  ئەرکی دەسەڵات دیاری دەکات. دەسەڵات پاراستنی سەر و ماڵ و ئازادی هاوڵاتیانە سەپاندنی هیچ  بیروباوەڕێکی ئاینی ناچێتە چوارچێوەی ئەرکی دەسەڵات. هەروەها ئەم ریتواڵە ئاینیانەش بە زۆر ناسەپێنرێن بە سەر خەڵکیدا، دیارە ئەمەش لە بەستێنێکی مێژوویدا نوسراوە کە کلێسای مەسیحی دەستی دەخستە ناو هەموو پنتێکی ژیانی خەڵکەوە. لەو سەردەمەدا و لە دواتریش چەندان فەیلەسووف و بیرمەندی دیکە جەختیان لە گرنگی و پێویستی کولتووری یەکتر قەبوڵکردن کردووەتەوە، بۆ پێکەوەژیان بە جیاوازییەکانەوە لە ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا، کە بیروبۆچوونە باوەکان بوون بە کولتورێکی بەهێز و فۆڕمێک لە دۆگم کە ئازادی و مافە کەسییەکان. [ii] ئەم بەهایانە لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا جێگەیان بۆ نامێنێتەوە، بیرکردنەوە و پەیڕەوی ژیانی کەسی دەکرێتە دەرەوەی ژینگەی کۆمەڵایەتی.

فەیلەسوفی ترانسدێنتاڵێ ئەڵمانی و یەک لە فەیلەسووفە بێهاوتاکان کە بەگرنگی دەڕوانێتە بنەماکانی مافی مرۆڤ و ئازادی ڕادەربڕین و مافە کەسییەکان  لە پەرتووکە بەناوبانگەکەی ”ڕەخنەی عەقلی پراکتیکی” دا باس  لە  رێزگرتن  لە ڕای جیاواز دەکات و هەتا وەک ئەرکێکی ئەخلاقی و سیاسی پێناسەی دەکات. هەروەها بیرمەند و فەیلەسووفی دیکەش زۆرن باسیان  لە گرنگی تۆلێرانس کردووە بۆ جیهانێکی ئارامتر و دوور لە تووندو تیژی.

دوای پێناسەکردن و ناسینی چیەتی تۆلێرانس لێرەوە باس لە زەروورەتی ئەم چەمکە بۆ کۆمەڵگەی کوردی و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش باسێکی دیکەی ئەم نوسینە مان دەبێت، ژیانکردنی تەندروست لەناو کۆمەڵگەیەکی فرەی (Pluralism) دا، کە پڕیەتی لە ئاین و مەزهەب و گروپی ئەتنی جیاواز لەگەڵ ئەم فرەییە پێویستە بۆ کۆمەڵگە و ببێتە پەروەردەیەک  بۆ نەوەی داهاتوو.

تۆلێرانس مانای تەندروستیی کۆمەڵ و بەرزیی ئاستی پەروەردەی ئەو کۆمەڵگەیە نیشان دەدات. گرووپە ئەتنیکی و کۆمەڵایەتییەکان و پێکهاتەکان لە هەر وڵات و ناوچەیەک بەرئەنجامی گەشەی مێژوویی و کولتووری کۆمەڵگەن،  دەسەڵاتیش وەک دیوێکی دیکە لە  نێوان هەردوولادا پەیوەندییەکی دیالێکتیکی هەیە و یەکتر بەرهەم دەهێننەوە. لەبەرئەوە تۆلێرانس تەنها بە دەسەڵات بە دینایەت، بەڵکوو دەسەڵات دەبێتە فاکتەرێکی گرنگ و بەرهەمهێنانی بیرکردنەوەی تەندروست. لەم ڕێگەیەوە دەسەڵات لە تەک کۆمەڵگەدا دنیابینی و پەروەردەی تەندروستر بەرهەمدێنن.

کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش وەکو پێگەیەکی ستراتیژی و پڕ لە جیاوازی، هەمیشە لانکەی کولتوورە جیاوازەکان و ئاین و ئاینزا و گرووپە ئەتنیکییەکان بووە. نموونەی بەرچاوی فرەی کۆمەڵگە  ئێزدییەکانن کە یەکێک لە ڕەسەنترین پێکهاتە ئاینی و کولتوورییەکانی ناوچەکەن و پێکهاتەیەکی دانەبڕاون لەم فرەییە، پاراستنی ناسنامە و مافەکانیان تاقیکردنەوەیەکی کرداریی تۆلێرانسە ، پارسەنگێک بۆ ئەم چەمکە و بەها باڵایانە: ئاشتی، یەکسانی، دیموکراسیەت و بەرجەستەکردنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی. مێژووی پێکهاتەیەکی وەک ئێزیدییەکان پڕە لە سەپاندنی جینۆساید و هەڵاوێردن بەسەریاندا و گۆڕینی ناسنامە و بەلاوەنیان، جگە لەم هێرش و جینۆسایدانە گووتاری تووندڕەوەی کە فەزای ڕەمەزی  گرتووەتەوە هەتا سۆشتال میدیا و پلاتفۆڕمەکانی دیکەش. هەر گوتارێکی توندڕەوانە بەرامبەر هەر پێکهاتەیەک، بەرئەنجامی پەروەردەیەکی ناتەندروست و ئاگانەبوونە لە هۆشیاریی مرۆیی و بەها باڵاکان و گیانی هاوکاری  کە بنچینە و بنەڕەتی مافە گەردوونییەکانی هەرتاکێکە لە جیهاندا، کە ئازادی لە بیرکرنەوە و  چۆنیەتی پەیڕەوکردنی ریتواڵە دینییەکان و ئازادی لە مافی ئاینداریدا، تا ئەو جێگەیەی کە نەبێتە  هەڕەشە بۆ سەر ئەوانی دیکە.

قەبووڵکردنی فرەڕەنگییەکان، دەشێت تەنها لە پەروەردەیەکی تەندروستەوە بکەوێتەوە. مامەڵەکردنیش لەگەڵ ئەم جیاوازییانە و یەکتر قەبووڵکردن، وەرچەرخانێکی مێژوویی و مرۆیی گەورەیە کە تەنها لە تێگەیشتن لە بەها باڵاکانی مرۆڤ و وەرچەرخانێکی هۆشیاریی مرۆییەوە پەیدادەبێت، تا هەموو ئەم جیاوازییانە وەک خاڵی بەهێز و ئەرێنی ببینرێن و یەکتر قەبوڵکردنی هەموو جیاوازی و پێکهاتەکان لە ناوچەکە وەک دەوڵەمەندی تەمەشا بکرێت. لێبوردەیی یان تۆلێرانس پێویستییەکی مرۆییە تا ببێتە ڕەوشتی کۆمەڵگە و کولتوورێکی بەهێزی پێکەوەژیانی لەسەر بونیاد بنرێت، خاڵی وەرچەرخانی هزری و کۆمەڵایەتی کە لە دیدێکی ئەرێنییەوە سەیری ئەم جیاوازییانە بکرێت تا ئازادیی مرۆڤ و مافەکانی پێشێل نەکرێن.

رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و کوردستانیش بەتایبەتی لە چەندین نەتەوە و ئاین و مەزهەب  پێکدێت، جا ئەم نەتەوە و ئاین و ئاینزایەنەش ئەگەر چەندین خاڵی هاوبەش و بنەمای هاوبەشیان هەبێت، بەهۆی  رەهەندی جوگرافی  و مێژووی و دۆخی سیاسی و جۆری سیستەمی حوکمڕانیان  ئەوەندەش جیاوازن، با لەوەوە دەستپێبکەین کە ئایا رەگەزپەرستی و هەڵاواردن لە کوێوە وە سەرچاوە دەگرێت، ئەم هەڵوێستە کە لە جیهاندا و لە مێژوودا زۆر بەرچاو دەکەوێت دەگاتە ئاستی دەمارگیری و ڕق و کینە چەندین فاکتەری هەیە، کە هەریەکەیان بە ئاستی خۆی بەشدارن لە وەزەبەخشین بە ئەو دنیابینییە، فۆڕمە کۆنە مەعریفیکەی مرۆڤ کە لە ئەفسانەوە دەست پێدەکات و مرۆڤی ئەو کات شرۆڤەی گەردوونی لە ڕێگەی ئەفسانەوە دەکرد شیکردنەوەیەکی جیاوازی هەبوو بۆ گەردوون و تێگەشتن لە  مانای ژیان، دوای گەشەسەندنی مرۆڤ و هاتنە ناو قۆناغێکی دیکە  فەلسەفە و زانست شیکردنەوە بۆ گەردون و تێگەشتن لە مانای ژیان و چیەتی مرۆڤ و گەردون دەبێتە بواری لێکۆڵینەوە. لەم مێژووەدا وەرچەرخان و شۆڕشی زۆر گەورە کراون، کە دەشێت لەدوای ئەمانە مرۆڤ بە جۆرێکی دیکە بیربکاتەوە و لەو پێگە خۆ بە سەنتەر زانین و پیرۆزی ڕەچەڵەکە تێپەڕێت کە مرۆڤ تەنها بە چاویلکەی خۆی ببینێت.

خۆ بە سەنتەر زانین چییە!

 لەسەردەمی کانتدا گریمانەیەک دەرکەوت کە ئێستا بە شۆڕشی کۆپەرنیکۆسی دەناسرێت پێش دەرکەوتنی ئەم مۆدڵە پارادایمی زەوی سەنتەری هەبوو، لە زەوی سەنتەریدا هەموو هەسارەکانی دیکە بە دەوری زەویدا دەسوڕێنەوە، زەوی ناوەندی گەردوونە. یەکەمین جەنگی سەرەکیی نێوان ئاین و زانست، و پڕواتاترین جەنگ، بەرکەوتنی تیۆریەکانی پەیوەندی دار بەباسەکانی ئەستێرەناسی لەسەر ئەوەی ئایە خۆر چەقی گەردوونە یان زەوەی چەقی کۆمەڵەکەیە لەو سەردەمەدا ڕوویدا. پێش شۆڕشەکەی کۆپەرنیکۆس مۆدڵی پەتلیمۆس، هەبوو مۆدڵەکەی بۆ چەندەها ساڵ مایەی مشتومڕبوو، بەڵام بە شێوەیەکی جدی وەرنەگیرا. تێڕوانینی چەقە زەوی دیاردەیەک بوو کە مرۆڤ وەک دەرهاویشتەیەکی غەریزەیی تەبەنیی کردبوو. پارادایمی زەوی سەنتەری چیە؟ ئەو پارادایمە بوو کە لە یۆنانی کۆنەوە لەزانستی ئەستێرە ناسی و فیزیای ئەرستۆوە سەرچاوەی گرتبوو، هەروەها یەکێک لەو زانایانەی بە پێشڕەوی زانستی ئەستێرەناسی دادەنرا ( پتۆلیمی)بوو.   مرۆڤ بە سروشت و غەریزە خۆی بە موقەدەس دەزانی هەموو ئەم گەردوونەی کە هەیە  بۆ چەشنێکی تایبەت دروستکراوە و هەر ئەو سەرداری زەوییە، ئەم تیۆرە  بە شێوەیەکی شۆڕشگێڕانە ئەم دیدگایەی مرۆڤی خستە لاوە، کە لە ناوەندی زانستی و فەلسەفی هیچ ئامادەییەکی نەماوە.[iii]

بۆچی باسی ئەم شۆڕشە دەکەین، ئەم بیرکرنەوەی مرۆڤ بە شێوەیەکی گشتی دەبێتە چاویلکەیەک کە مرۆڤ چۆن دیدگایەک کە خۆی بە پیرۆز  دەزانێت و بۆ ناو دنیابینیەکانی دیکەش دەڕوات، نەتەوە و گروپەکانی دیکەش بەهەمان شێوە دنیابینی و دەقە پیرۆزییەکانیان پێیان دەلێت کە حەقیقەت لە لای ئێوەیە و ڕاستی ئەم گەردوونە لای ئێوەیە، بێگومان ئەمە مەرجیش نیە بە دەقی راستەوخۆ هەبێت، بەڵکوو دەبێت بە توراسێک و لەوەش زیاتر مەزهبەکانیش بەهەمانشێوە شیکردنەوەی جیاواز بۆ دەقەکان دەکەن کە ئەفزەلیەت و پیرۆزی دەدەن بە خۆیان،  ئەمانە دەبن بە کۆسپ و بت لەبەردەم بینی حەقیقەت و  و ڕەگەز و ئاین و هتد. دەبن بە دەمارگیری و نەخۆشی و ڕەتکردنەوەی ئەوی دیکە کە جیاوازە لە تۆ و بیروو باوەڕێکی جیاواز لەوەی تۆی هەیە و روودەکاتە گۆشەیەکی دیکە. ئەم  تێزەی کۆپەرنیکۆس پێی گوتین  کە زەوی جگە لە هەسارەیەک بە جیاوازییەکانیەوە کە بەدەوری خۆردا دەخولێتەوە هیچی تر نییە، ئەمەش یەکەم لە پیرۆزخستنی زەوی سەنتەری بوو و لە ناو زەویشدا مرۆڤ، کە دواتر داروین دێت بە تێزەکەی ئەوەندەی دیکە پێگەی مرۆڤ لە ژیاندا ڕوون دەکاتەوە کە مرۆڤیش بەرهەمی ئەو پرۆسە بەردەوامەیە کە بە  ” ئیڤلوشن ” ناودەبرێت و مرۆڤ لە ناو بوونەوەرەکانی دیکە هیچ پیرۆزییەکی نییە و بەرهەمی گۆڕانکارییە.یان دروستر بڵێین بەرهەمی پرۆسەی ” ئیڤلوشنە”.

مرۆڤ  بە غەریزە  مەیلی باڵا دەستی و  ویستی ڕاست بوونی خۆی هەیە لە هەموو بابەتەکاندا،  ئەمەش پەیوەندی بە سروشتی مرۆڤەوە هەیە، کە وادەکات بەرامبەر دۆزەکان ئەم دنیبیناییەی هەیەتی بەرگرییەکی سەرسەختانەی لێبکات. هەروەها بگاتە ئاستی  رەتکردنەوەی هەموو ئەو پێگە و دنیبیانیانەی دیکە کە  هاوئاهەنگ نەبن لەگەڵ بیرکرنەوەی ئەو، بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخەو گۆشکردن بە ئازادی بیروڕا و رێزگرتن لە بەهاو دیدگا و ئایدلۆجی ئەوانی دیکە وەها پێویست دەکات، کە  کولتوری تۆلێرانس بچێتە ناو پەروەردەوە، چونکا پەروەردە تاکە دەریچەیە بۆ گەشتن بە ئاسودەی و پێکەوەژیان. بونی دیدگایی جیاواز و کولتوری جیاواز… هتد،  داینەمۆو هێزن، هەموو ئەمانە بە تێکەڵبوونیان بەرئەنجامی کاریگەرتر و دەروونێکی ئاسودەتر و ژیانێکی دیموکراتر و کۆمەڵگەیەکی بەهێزتر دروست دەکەن.

‎‎گوتاری توند ئاژۆ بەرامبەر بە هەر گروپێکی ئەتنیکی و سیاسی و کۆمەڵایەتی، دەبێتە کۆسپێک لەبەردەم گەسەندن و تێکەڵبوونی توانستە جیاوازەکان،  ئەم پێکەوە ژیانە دەبێتە دەریچەیەک بۆ گەشتن بە ئاشتەوایی و  هەڵبژاردنی بەختەوەری و دورکەوتنەوە لە حوکم”بڕیار” ــدان لەسەر ئەو گرووپ و خەڵکانەی لە تۆ جیاوازن. تۆلێرانس ببێتە هاندانێک بۆ تێگەشتن لە ئایدیای نوێ و فێربون لە کولتوورە جیاوازەکانەوە. هاوکات دەبێتە فاکتەرێک بۆ ئەوەی هەست بە  ئاسایش بکەین کاتێک هەریەکێک وەکوو خۆێ قەبوڵبکرێت، ئەمەش وادەکات سەرکوتکردن نەبێت بە کولتورێک کە ئەمڕۆ ڕەگی داکوتاوە بە ناو گشت بوارەکانی ژیاندا،  لە هەبوونی تۆلێرانسدا تاکەکان دەتوانن خۆیا بن. هاوسۆز بوون, گوێگرتن, رێزگرتن بۆ ئەوانی دیکە ببێتە (فەزیڵەت) و  ئەمەش  دەبێتە  فاکتەرێک  بۆ کرانەوە و فێربوون و تێکەڵبوون بە کولتوری  و ئایدیای نوێ کە ئەمڕۆ لە سەردەمەی جیهانگیریدا ئایدیا و بەهاکان زۆر بە خێرای بە جیهاندا بڵاودەبنەوە، تاکەکان لە  هەر شوێنێکی دنیا بە ئاسانی لە ڕێگەی پلاتفۆڕمەکانی سۆشیال میدیا  بە دیدگا و کردەوەو هەمەجۆرییەکان ئاشنا دەبن.


[i] https://www.unesco.org/en/query-list/t/tolerance#term-definition

[ii] https://shorturl.at/ZqGNK

[iii] https://shorturl.at/THoZD

هاوشێوە