رێکخراوی ئازادبوون بۆ گەشەپێدانی بەردەوام

لە جەستەی مرۆڤەوە بۆ جەستەی نیشتمان؛ کوردستان و ئۆتۆئیمیوونیی سیاسی

Facebook
Twitter
LinkedIn

نوسین: شارا تاهیر

دەتوانین هەموو سیستمێکی کۆمەڵایەتی، سیاسی، پەروەردەیی و ئابووری بە ئۆرگانیزمێکی زیندوو بچوێنین؛ ئۆرگانیزمێک کە لەدایک دەبێت، گەشە دەکات، پێدەگات، ئەزموون کۆدەکاتەوە و لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا دەگۆڕێت. هەر ئۆرگانیزمێک بۆ مانەوە پێویستی بە توانای خۆگونجاندن، خۆچاککردنەوە و نوێکردنەوەی میکانیزمەکانی هەیە. ئەگەر نەتوانێت لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی ژینگەدا بگونجێت، لە هەڵەکانی خۆی فێر ببێت و خۆی لەگەڵ پێداویستییە نوێیەکانی ژیاندا بگونجێنێت، وردە وردە توانای مانەوەی لەدەست دەدات و بەرەو لاوازی و لەناوچوون دەڕوات.

هیچ ئۆرگانیزمێک تەنها بە گەورەیی و زەبەلاحییەوە نامێنێتەوە؛ ئەوەی مانەوەی بۆ مسۆگەر دەکات، توانای ناسینەوەی هەڕەشەکان، وەڵامدانەوەیان، خۆگونجاندن و پاراستنی هاوسەنگیی ناوخۆییەتی. لە ڕوانگەی داروینییەوە، مانەوە تەنها مافی بەهێزترین نییە، بەڵکو زیاتر پەیوەندی بە توانای گونجاندن لەگەڵ ژینگە و گۆڕانکارییەکانیەوە هەیە. ئەگەر قەبارە و هێزی جەستەیی بە تەنها پێوەری مانەوە بوایە، ئەوا دایناسۆرەکان، وەک زەبەلاحترین بونەوەرەکانی سەر زەوی، هێشتا باڵادەست دەبوون؛ مێروولەکانیش بەهۆی بچووکی جەستەیانەوە زوو لەناو دەچوون. بەڵام سروشت وانەیەکی قووڵترمان فێر دەکات: مانەوە هونەری خۆگونجاندنە، نەک تەنها پیشاندانی هێز.

مرۆڤیش وەک ئۆرگانیزمێکی زیندوو، خاوەنی یەکێک لە ئاڵۆزترین سیستمەکانی بەرگرییە؛ سیستمێک کە لە کۆمەڵێک میکانیزمی جەستەیی و دەروونی پێکهاتووە. هەردووکیان بەردەوام لە کاردان و پێکەوە پێویستن؛ چونکە تەندروستیی مرۆڤ تەنها بە تەندروستیی جەستەیی دابین نابێت. ئارامیی دەروونی، هەستی ئاسایش، توانای بڕیاردان و خۆگونجاندن لەگەڵ قورساییەکانی ژیانیش بەشێکی بنەڕەتین لە مانەوەی مرۆڤدا.

سیستمی بەرگریی جەستە، وەک پاسەوانێکی بەردەوام لە هەستیاری و ئاگاداری، چاودێریی جەستە دەکات؛ هەڕەشەکان دەناسێتەوە، لەگەڵیان دەجەنگێت و هەوڵ دەدات هاوسەنگیی ژیان بپارێزێت. بەڵام هەندێک جار هەمان ئەم پاسەوانە لە ژێر فشاری بەردەوام دا هەڵە دەکات؛ ئەوەی دەبوو لە دوژمن بپارێزێت، خۆی دەکاتە ئامانجی هێرشەکانی. خانە و شانەکانی جەستەی خۆی بە هەڕەشە دەناسێتەوە و لەبری پاراستنیان، دەست دەکات بە زیانگەیاندنیان. ئەمە ئەو دۆخەیە کە لە نەخۆشییە ئۆتۆئیمیوونییەکاندا ڕوودەدات؛ کاتێک سیستمی بەرگری ناتوانێت سنووری نێوان خۆی و ئەوەی دەرەوەی خۆیەتی بە دروستی بناسێتەوە.

لەو ساتەوەدا جەستە دەبێتە مەیدانی شەڕێکی ناوخۆیی؛ شەڕێک کە دوژمنەکەی لە دەرەوە نییە، بەڵکو لە ناخی خۆیدایە. مرۆڤ تووشی نەخۆشییە درێژخایەن و کرۆنیکەکان دەبێت؛ نەخۆشییەک کە وەک سێبەرێکی قورس بەدوایدا دەڕوات، هێزی لێ دەسەنێتەوە، ئارامیی لێ دەستێنێت و ژیانی ڕۆژانەی دەگۆڕێت بۆ خەباتێکی بەردەوام لەگەڵ ئازار و ماندووبوون.

لەو کاتەدا مرۆڤ تەنها لەگەڵ نەخۆشییەکەی شەڕ ناکات، بەڵکو لەگەڵ جەستەی خۆیشیدا دەکەوێتە شەڕ؛ جەستەیەک کە پێشتر پەنا و پشتی بوو، ئێستا دەبێتە سەرچاوەی ئازار و ناخۆشی. ئیدی تۆ وەک ئۆرگانیزمێکی زیندوو گیرۆدەی نەخۆشییەک یان چەند نەخۆشییەک دەبیت کە وەک لەعنەتێک بە دواتەوە دەبن؛ ئەوەی ڕاست بێت تا نەتکوژێت، بەرۆکت بەرنادات.

لەم کاتانەدا هەندێک جار پێویست دەکات دەستێکی دەرەکی بێت و هێزی ئەم سیستمی بەرگرییە لە کارکردنی زیادەڕەوانەی بخات. لە ڕووی پزیشکییەوە، ئەمە بە هۆی دەرمانە کیمیایی و بایۆلۆژییەکانەوە دەکرێت؛ دەرمانگەلێک کە بە شێوەیەکی دیاریکراو چالاکیی سیستمی بەرگری کەم دەکەنەوە یان بەشێک لە کارکردنی ڕادەگرن. بەڵام ئەم چارەسەرەش بێ تێچوو نییە؛ چونکە کەمکردنەوەی چالاکیی بەرگری، جەستە لە بەرامبەر هەندێک هەڕەشەی دیکەدا لاوازتر دەکات و مرۆڤ دەخاتە دۆخێکی هەستیاری و مەترسیدارەوە. ئەوەی بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییەکی پێویستە، هەندێک جار خۆی دەبێتە هۆی مەترسییەکی نوێ و مایەی دروستبوونی چەندین نەخۆشی دیکە. ئیدی مرۆڤ هێندە ناسک و بێ پەڕوباڵ دەبیتەوە کە تەنانەت لەگەڵ مردنیشدا دەبیتە هاوسێ؛ هەر تیژبوونەوەیەکی نەخۆشییەکەت تامی مردنت پێدەکات، هەموو جارێک لە دەرگای مردن دەدەیت و گەمەی مردنی کۆتایی دەکەیت. ژیان دەبێتە نێوان دوو ترس؛ ترسی نەخۆشییەکە و ترسی ئەوەی کە چارەسەرەیش خۆی دەتوانێت هەڕەشەیەکی دیکە بێت.

ئەمە تراژیدیایەکی قووڵی مرۆییە؛ چونکە ئەم سیستمی بەرگرییە لەو باوکە بێباکە دەچێت کە خۆی منداڵەکانی هەڕاج دەکات و دەیانسپێرێت بە دەستی نامەردترین مرۆڤەکان. لەو باوکە دەچێت کە دەرگای ماڵەکەی بەڕوودا دەکاتەوە تا هەر کەسێک بتوانێت لێیەوە بچێتە ژوورەوە و دەربچێت. لەو مامۆستا و ڕۆشنبیرە نارسیستە دەچێت کە لەبری پەرەپێدانی مەعریفە، جەهل بەرهەم دەهێنێت؛ لەو دکتۆرە دەچێت کە لەبری چاککردنەوەی نەخۆش، بە هەڵە و بێبەرپرسیاریی خۆی زیانی زیاتر دەگەیەنێت؛ لەو پیاوە ئاینییە دەچێت کە بە ناوی ئیمانەوە، لەبری ڕەوشتی مرۆیی و چاکە، دووبەرەکی و فەساد بڵاو دەکاتەوە؛ و لەو دایکە دەچێت کە منداڵەکانی بە دەستی خۆی دەداتە دەم ئاوەوە.

لە سیاسەتیشدا هەمان دۆخ ڕوودەدات؛ کاتێک هێزێکی سیاسی لەبری پاراستنی ماف، ئاسایش و ئازادیی هاووڵاتیان، بەرژەوەندیی خۆی دەخاتە پێشەوە؛ لەبری تۆکمەکردنی سنوورەکانی نیشتمان، بەهۆی ناکۆکی و ملمـلانێی ناوخۆییەوە دەرگای هەڕەشە و دەستێوەردانی دەرەکی زیاتر دەکاتەوە؛ و لەبری خەبات بۆ مانەوەی نیشتمان، خەون و خوێن و قوربانییەکانی نەوەیەک دەکاتە قوربانیی مانەوەی خۆی لە دەسەڵاتدا.

لە هەموو ئەم وێنانەدا خاڵێکی هاوبەش هەیە: ئەوەی ئەرکی پاراستنی پێ سپێردراوە، خۆی دەبێتە هۆکاری زیانگەیاندن بەو شتەی کە دەبوو بیپارێزێت.

لە جەستەی مرۆڤەوە بۆ جەستەی نیشتمان

ئەگەر ئەم وێنەیە لە جەستەی مرۆڤەوە بگوازینەوە بۆ جەستەی کۆمەڵگا و ئۆرگانیزمی سیاسی، بە تایبەتی بۆ دۆخی ئێستای باشووری کوردستان، دەتوانین هاوشێوەیییەکی قووڵ لەنێوان ئەم دوو دۆخەدا ببینین.

هەر کۆمەڵگایەک بۆ مانەوە و گەشەکردن پێویستی بە سیستمی بەرگریی سیاسی و کۆمەڵایەتی هەیە؛ سیستەمێک کە لە دامەزراوە یاساییەکان، دەزگا ئەمنییەکان، سیستمی پەروەردە، ئابووری، دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان و میکانیزمەکانی چاودێری و بەرپرسیارێتی پێک دێت. هەر یەک لەم دامەزراوانە دەبێت بەشێک بن لە سیستمی پاراستنی کۆمەڵگا؛ ماف و ئازادیی هاووڵاتیان بپارێزن، سنوورەکانی نیشتمان تۆکمە بکەن، متمانەی گشتی دروست بکەن و ژینگەیەکی گونجاو بۆ گەشە و مانەوەی نەوەکانی داهاتوو دابین بکەن.

باشووری کوردستانیش بۆ گەیشتن بە ئەم قۆناغە، لە مێژووی خۆیدا قوربانییەکی زۆری داوە. ئەم هەرێمە بە ئاسانی و بە هەوانتە بەدەست نەهاتووە؛ لە پشت ئەم هەرێمە و دامەزراوانەوە مێژوویەک لە خەبات، زیندان، کیمابارانی هەڵەبجە، ئەنفال، شەهید، ئاوارەیی، برین و خەونی نەوەیەک هەیە. هەر بۆیە ئەوەی ئەمڕۆ هەمانە، نابێت تەنها وەک دەستکەوتێکی سیاسی سەیر بکرێت؛ بەڵکو دەبێت وەک ئەمانەتێکی مێژوویی و مرۆیی بپارێزرێت.

جا پرسیاری جەوهەری ئەوەیە: ئایا ئەو سیستەمە سیاسی، ئیداری و ئەمنییەی کە بۆ پاراستنی کوردستان دامەزراوە، هێشتا لە خزمەتی پاراستنی کوردستاندایە؟ یان خودی ئەم سیستمە بووەتە بەشێک لە هەڕەشەکانی سەر تەندروستی و مانەوەی ئەو ئۆرگانیزمە سیاسییە؟

کاتێک ناکۆکیی سیاسی، یان بە وردیتر بڵێین ناکۆکیی حیزبی، دەبێتە بەشێکی هەمیشەیی لە ژیانی خەڵک؛ کاتێک دامەزراوەکان لەبری خزمەتکردنی هاووڵاتیان، دەبنە ئامرازی پاراستنی بەرژەوەندییە حیزبی و خێزانییەکان؛ کاتێک داهاتی نیشتمانی و سەرچاوە سروشتییەکان لەبری ئەوەی ببنە بنەمای خۆشگوزەرانیی گشتی، دەبنە بابەتی ملمـلانێ و کێبڕکێی سیاسی؛ کاتێک دەسەڵات لەبری ئەوەی ئەرکێکی گشتی بێت، وەک مافێکی تایبەتی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت؛ و کاتێک دامەزراوەکان لەبری پشتبەستن بە یاسا، بە پەیوەندییە حیزبی و خێزانییەکان دەبەسترێنەوە، ئەوا کێشەکە تەنها لە خراپیی بەڕێوەبردندا نییە؛ بەڵکو لە خودی میکانیزمی بەرگریی ئەم ئۆرگانیزمەدایە کە وەک خۆرە خەریکە سەری خۆی دەخوات.

ئەمە دەتوانرێت بە جۆرێک لە ئۆتۆئیمیوونیی سیاسی بچوێنرێت؛ کاتێک سیستەمەکە لەبری ئەوەی لە بەرامبەر هەڕەشە دەرەکی و ناوخۆییەکاندا کۆمەڵگا بپارێزێت، وزە و توانای خۆی بەسەر پاراستنی بەرژەوەندییە تایبەتییەکاندا بەفیڕۆ دەدات و بەشێک لە توانای خۆی بە دژی ئەو کۆمەڵگایە بەکاردەهێنێت کە خۆی لە ناویدا دامەزراوە.

لەو کاتەدا کوردستان دەچێتە دۆخێکەوە کە جەستەیەک لەگەڵ نەخۆشییەکی درێژخایەندا دەژی؛ نەخۆشییەک کە هەر جارێک هیوا و ئارەزووی چاکبوونەوە بەدی دەکەین، لە لایەکی ترەوە دادەڕزێت و دادەڕووخێت.

ئەوەی جێی داخە، ئەوەیە کە تێچووی ئەم نەخۆشییە سیاسییە لەسەر شانی هاووڵاتیی ئاسایی دەکەوێت. ئەو کرێکارەی چاوەڕێی مووچەیە؛ ئەو مامۆستایەی نازانێت سبەی چۆن ژیانی خێزانەکەی بەڕێوە ببات؛ ئەو گەنجەی بەهۆی نەبوونی ئاسۆیەکی ڕوونەوە بیر لە کۆچکردن دەکاتەوە؛ ئەو نەخۆشەی بۆ دۆزینەوەی چارەسەری پزیشکی پەنای بۆ دەرەوەی وڵات دەبات؛ و ئەو باوکەی لەبەردەم منداڵەکانی شەرمەزارە، چونکە ناتوانێت پێداویستییە سەرەتاییەکانیان دابین بکات؛ هەموویان بەشێکن لە جەستەی ئەم ئۆرگانیزمە نەخۆشە. پشت هەر ئامارێکی ئابووری، پشت هەر دواکەوتنێکی ئیداری و پشت هەر ملمـلانێیەکی سیاسییەوە، ژیانی مرۆڤێک هەیە؛ مرۆڤێک کە خەونی هەبوو، هیوا و پلانێکی بۆ داهاتوو هەبوو، بەڵام لە نێوان ناکۆکی و بێ‌سەقامگیرییەکاندا وردە وردە هیوای خۆی لەدەست داوە نەک باکی بەخۆی بەڵکو بە ژیان و نیشتمانیش نەماوە.

تۆم باراک لە لەندەن؛ پەیامی دەرەوە بۆ نەخۆشییەکانی ناوەوە

لەو کەشوهەوا سیاسییەدا، قسەکانی تۆم باراک لە لەندەن و داواکەی لە سەرکردە سیاسییە کوردەکان بۆ تێپەڕاندنی ناکۆکییە ناوخۆییەکان، جارێکی تر پرسیارێکی گرنگی خستەڕوو: تا کەی کوردستان دەبێت لە ژێر باری ملمـلانێیە ناوخۆییەکاندا بمێنێتەوە؟

ئەو بە وتەی «Get over it» بە کورتی پێیان دەڵێت: ئیتر بەسە، بیبڕنەوە!! داوا لە سەرکردەکان دەکات بەرپرسیارێتیی چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکانیان بگرنە ئەستۆ و لە بیرکردنەوەی بەردەوام لە ڕابردوودا دەربچن.

بەڵام ئەوەی جێی سەرنج و داخە، شێوازی وەڵامدانەوەی هەندێک لە ئامادەبووان بوو؛ ئەوانەی بە پێکەنین و لاقرتێیەوە مامەڵەیان لەگەڵ قسەکان کرد. لە ڕاستیدا، دۆخەکە لە دەرەوە وێنەیەکی کۆمیدیای سیاسییە: میللەتێک لە دەرەوە داوای دەوڵەتی کوردی دەکات، بەڵام لە ناوخۆی خۆیدا هێشتا ناتوانێت لەسەر بنەما بنەڕەتییەکانی یەکگرتوویی و هاوبەشیی سیاسی ڕێک بکەوێت! نەک ئەوەیش بەڵکو خەریکی پارچە پارچەکردنی خۆیەتی!

بۆ من، پەیامی ئەم وتەیە تەنها بانگکردنێک نییە بۆ ئاشتبوونەوەی دوو لایەنی سیاسی؛ بەڵکو ئاگادارکردنەوەیەکە لەوەی کە هیچ ئۆرگانیزمێک ناتوانێت بەردەوام لە شەڕی ناوخۆیدا بژی و لە هەمان کاتدا چاوەڕێی گەشە و پێشکەوتنیش بکات.

ئەگەر ئەم ئۆرگانیزمە سیاسییە خۆی نەتوانێت میکانیزمەکانی بەرگری و خۆگونجاندنی خۆی چاک بکاتەوە، ئەوا هێزە دەرەکییەکان دەتوانن بە پێی بەرژەوەندیی خۆیان دەست لە ڕێکخستنی دۆخەکەوە بدەن؛ هەر وەک لە جەستەی مرۆڤدا هەندێک جار پێویست بە دەرمانێکی دەرەکی دەبێت بۆ کۆنترۆڵکردنی سیستمی بەرگری. بەڵام لە سیاسەتدا ئەم جۆرە دەستێوەردانە لەوانەیە تەنها نەخۆشییەکە کۆنترۆڵ نەکات، بەڵکو بنەمای سەروەری و توانای بڕیاردانی سیاسییش لاواز بکات. ئەوەی لە دەرەوە وەک چاککردنەوە دەردەکەوێت، لەوانەیە لە ناوەوە ببێتە دەستپێکی داڕمانی ئۆرگانیزمی سیاسی.

جا پرسیارەکە ئەوەیە: سیاسیی کورد کەی لە مانای سیاسەت تێدەگات؟ کەی لە مانای سەروەری تێدەگات؟ سەروەری تەنها دروشم و ئاڵا و ناوی نیشتمان نییە؛ سەروەری ئەو توانایەیە کە بتوانیت کێشەکانی خۆت بە بڕیاری خۆت چارەسەر بکەیت و چارەنووسی خۆت بە دەستی خۆت دیاری بکەیت.

ئایا ئۆرگانیزمێک کە نەتوانێت ناکۆکییەکانی ناوخۆی خۆی چارەسەر بکات، دەتوانێت بە دڵنیایی لە بەرامبەر هەڕەشە دەرەکییەکاندا بەرگری بکات؟ ئایا سیستمێک کە بەردەوام وزە و توانای خۆی لە ملمـلانێی نێوان بەشەکانی خۆیدا بەفیڕۆ دەدات، دەتوانێت خۆی بۆ گەشە، بەرهەمهێنان و مانەوە تەرخان بکات؟ و ئایا سەرکردەیەک کە بەردەوام خەریکی پاراستنی شوێن و نفووزی خۆیەتی، هەلی ئەوەی هەیە بە جدی بیر لە ئایندەی نەوەکانی داهاتوو بکاتەوە؟

هەربۆیە مەسەلەکە تەنها ئاشتبوونەوەی نێوان دوو بنەماڵە یان دوو لایەنی سیاسی نییە؛ بەڵکو چارەسەرکردنی بنەڕەتیی کێشەکانە. ئاشتبوونەوە بە تەنها چارەسەر نییە. ئەگەر لایەنە سیاسییەکان تەنها لەسەر دابەشکردنی دەسەڵات و پۆست و بەرژەوەندییەکان ڕێک بکەون، بەڵام سیستمی دامەزراوەیی و یاسایی هەروا لە ژێر کاریگەریی بەرژەوەندییە حیزبی و خێزانییەکاندا بمێنێتەوە، ئەوا نەخۆشییەکە چارەسەر نەکراوە؛ تەنها ئازارەکە، یان بە زمانی پزیشکی نیشانەکانی نەخۆشییەکە، بۆ ماوەیەک دەشاردرێنەوە.

ئاشتبوونەوەی ڕاستەقینە ئەوە نییە کە دوو لایەنی سیاسی دەستی یەکتر بگرن و بەڵێنی هاوکاری بدەن؛ بەڵکو ئەوەیە کە هۆکارە بنەڕەتییەکانی ناکۆکییەکە چارەسەر بکرێن. هیچ لایەنێک خۆی بە خاوەنی نیشتمان نەزانێت، هیچ حیزبێک دامەزراوە گشتییەکان بە موڵکی خۆی نەزانێت و هیچ سەرکردەیەک خۆی لە سەرووی یاسا و بەرپرسیارێتییەوە نەبینێت.

کوردستان پێویستی بە چاکسازییەکی قووڵتر لە ئاشتبوونەوە هەیە؛ پێویستی بە گۆڕینی شێوازی بیرکردنەوەی سیاسی، نوێکردنەوەی پەیوەندیی نێوان دەسەڵات و هاووڵاتی، دامەزراوەیەکی سەربەخۆ و یاسایەک هەیە کە بۆ هەمووان یەکسان بێت.

چونکە ئەگەر نەخۆشییەکە لە خودی سیستمی بەرگریدا بێت، تەنها بە ڕێککەوتنێکی کاتی ناتوانرێت چارەسەر بکرێت؛ پێویستە خودی میکانیزمی بەرگری چاک بکرێتەوە. وەک جەستەی مرۆڤ، کوردستانیش بۆ مانەوە پێویستی بە سیستمی بەرگرییە؛ بەڵام سیستمی بەرگرییەک کە نیشتمان لە دوژمن بپارێزێت، نەک نیشتمان بکاتە دوژمنی خۆی.

هاوشێوە