وەک وەڵامێک بۆ وەلید عومەر هەر لە کلیپی باوک و کچەکەوە دەست پێ دەکەین.
نوسین: شارا تاهیر
لە یەکەم نیگادا، هەموو شتێک سادە دیارە: باوک و کچێک[1] بەرامبەر یەک گۆرانی دەڵێن، لەبەردەم کامێرا دەجوڵێن و بۆ ساتێک وەک دوو عاشق ئاکت دەکەن و لە یەکدی دەڕوانن. کلیپەکە، وەک هەموو بابەتێکی تری ڕۆژەڤ، فیچقە دەکاتە ناو سۆشیال میدیا، بینەران لە دەوری خۆی کۆدەکاتەوە و کاردانەوەکان بە دوای خۆیدا دێنێت. ئیدی دەنگەکان بەرز دەبنەوە و هەرکەس بە زمانی خۆی هەوڵ دەدات ناوێک بۆ ئەو شتە بدۆزێتەوە کە بینیویەتی:
یەکێک دەڵێت تابۆیە.
یەکێک دەڵێت گوناهە.
یەکێک دەڵێت شکاندنی نەریتە.
یەکێک دەڵێت ئازادیی هونەرە.
و یەکێکی تر، بە خێرایی، ناوی «ئۆدیب یان نیوە ئۆدیپ» ی دەخاتە سەر.
بەڵام ئەگەر کەمێک لە کلیپەکە دوورتر بوەستین، دەبینین کێشەکە تەنها پێکدادانی وێنەکان نییە؛ تەنانەت تەنها گرفتی ناونانیش نییە، وەکچۆن تەنها قبوڵکردن یان قبوڵنەکردنی کلیپەکە نییە. لە قووڵایی خۆیدا، کێشەکە پەیوەندیی نێوان ئارەزوو و کۆدە.
چونکە کۆمەڵگا زۆر بە دەگمەن ڕێگا دەدات ئارەزوو بەبێ ناو بژی. هەرکات شەپۆل یان ڕەوتێکی ئارەزوو لە دەرەوەی سنوورە ناسراوەکان دەردەکەوێت و خۆی نمایش دەکات، هەوڵێک دەست پێ دەکات بۆ ئەوەی بیخاتە ناو وشەیەک، پۆلێنێک، یاسایەک یان ناسنامەیەک: «ئەمە باوکە» «ئەمە کچە» «ئەمە محرمە» «ئەمە نامەحرەمە» «ئەمە هونەرە» «ئەمە گوناهە» «ئەمە تابۆیە» «ئەمە ئۆدیبە». بەڵام هیچ کام لەم ناوانە تەنها وەسفێکی بێلایەن نییە. هەر یەکەیان شێوازێکە بۆ ڕێکخستنی ئەوەی دەبینرێت و ئەوەی نابێت ببینرێت؛ شێوازێکە بۆ ئەوەی ڕەوتێکی ئاڵۆز و نادیار بخرێتە ناو چوارچێوەیەکی ناسراو و دیار.
ئارەزوو پێش ئۆدیب
ئەگەر لە خوێندنەوەی کلاسیکیی گرێی ئۆدیب کەمێک دوور بکەوینەوە و لەگەڵ دولوز و گواتاری بچینە ناو جیهانی Anti-Oedipus، یەکێک لە پرسیارە سەرەکییەکان ئەمەیە:
بۆچی دەبێت هەموو ئارەزوویەک بگەڕێندرێتەوە بۆ خێزان؟
لە دیدی دولوز و گواتاری، ئارەزوو پێش ئەوەی لە سێگۆشەی «دایک ـ باوک ـ منداڵ»دا بخوێندرێتەوە؛ ڕەوتێک کە جەستە بە جەستە، دەنگ بە وێنە، وێنە بە بینەر و تاک بە کۆمەڵگا دەبەستێتەوە. ئارەزوو تەنها ئەو شتە نییە کە مرۆڤ دەیخوازێت. ئارەزوو خۆی بەرهەمهێنەرە. پەیوەندی بەرهەم دەهێنێت، مانا دروست دەکات و تەنانەت شێوەی خۆیی ئارەزووکردنیش بەرهەم دەهێنێت.
لەو ڕوانگەیەوە، کلیپی باوک و کچەکە تەنها وێنەی «باوک و کچ» نییە. لە نێوانیاندا دەنگ هەیە، موزیک هەیە، ژێست هەیە، کامێرا هەیە، بینەر هەیە، میدیا هەیە، دین هەیە، نەریت هەیە، خێزان هەیە و کۆمەڵگا هەیە. هەموو ئەمانە لەگەڵ یەکدا دەچنە ناو زنجیرەیەکی بەرهەمهێنان؛ ئەوەی دولوز و گواتاری بە ماشینەکانی ئارەزوو ناوی دەهێنن.
کلیپەکە خۆی بەشێکە لە ماشینەکە؛ بینەرەکانیش بەشێکن لە هەمان ماشین، و کاردانەوەکانیش بەشێکی تری ئەو پرۆسەیە. کلیپ، بینەر و کاردانەوە، هەموویان لە دۆخێکی بەردەوامی بەرهەمهێنانی مانادا بەیەکەوە کار دەکەن.
بۆیە وەڵامی بینەر تەنها «وەڵام» نییە؛ خۆی دەبێتە بەشێک لە مانای کلیپەکە، لە هەمان کاتدا، بەشێک لە ماشینی بەرهەمهێنانی مانا.
کەسێک تووڕە دەبێت، کەسێک پشتیوانی دەکات، کەسێک جنێو دەدات، کەسێک دەنووسێت، میدیاش بە شێوازی خۆی وێنەکە دووبارە بەرهەم دەهێنێتەوە. لەو ساتەدا، کلیپەکە تەنها وێنەیەکی جێگیر و وەستاو نییە کە لەسەر شاشە بمێنێتەوە؛ دەچێتە ناو دەنگ و قسە و کاردانەوەی بینەران و میدیا و کۆمەڵگا. بۆیە ئەوەی دەبینرێت، زیاترە لە کلیپێک. پێویستە قسە لەسەر ئەو زیادەیە بکەین.
کاتێک وێنەکە لە ناوەکەدا جێی نابێتەوە
کێشەکە لەو ساتەدا دەست پێ دەکات کە وێنەکە ناتوانێت بە تەواوی لە ژێر ناونیشانی پەیوەندی «باوک» و «کچ»دا جێی بێتەوە.
ئەمە بە مانای ئەوە نییە کە پەیوەندیی خێزانییەکە بوونی نییە؛ بەڵکو واتە مانای وێنەکە لە ناو ئەو ناسنامەیەدا تەواو نابێت و جێی نابێتەوە. چونکە ئەگەر «باوک» تەنها باوک بێت و «کچ» تەنها کچ، ئەوا بۆچی ئەم کلیپە ئەم هەموو گرژییە دروست دەکات؟
بۆچی کلیپێکی چەند چرکەیی دەبێتە بابەتی تووڕەیی، پشتیوانی، جنێو، ڕەخنە و گفتوگۆی کۆمەڵایەتی؟
لەوانەیە وەڵامەکە لەوەدا بێت کە شتێکی زیاتر لە ناسنامەکان لە وێنەکەدا بەرهەم هاتووە.
کۆمەڵگا هەوڵ دەدات ئەو «زیادە»یە بگرێت و بیخاتە ناو ناوە ئامادەکان:
تابۆ، گوناه، نامەحرەم، عەیب، ئازادیی هونەری، ئۆدیب…
بەڵام هیچ کام لەم ناوانە بە تەواوی ئەو زیادەیە ناگرێت و دەرەقەتی ئەو شتە نایەت کە لە وێنەکەدا دروست بووە.
هەر بۆیە گەر لە ڕوانگەی شیزۆشیکاریییەوە پرسیار بکەین ئەوا ناڵێێن:
«کام ناوە ڕاستترە؟»
بەڵکو دەپرسیین:
«چی لە ناو کۆدەکەدا جێی نابێتەوە؟»
«چی وای کردووە باوک و کچ تەنها ناسنامەی دووکەس نەبن، بەڵکو ببنە شوێنی ململاێی نێوان ئارەزوو و کۆدە کۆمەڵایەتییەکان؟»
لەوانەیە ناوەڕۆکی قووڵیی ڕووداوەکە هەر لێرەدا بێت.
لە ئۆدیبەوە بۆ بە ئۆدیبکردن
لە خوێندنەوەی کلاسیکیی گرێی ئۆدیبدا وەک وەلید عومەر ئاماژەی بێکردووە، دۆخەکە دەتوانرێت بە سێگۆشەی باوک، کچ و ئارەزوو بخوێندرێتەوە؛ وێنەکە دەخرێتە ناو پەیوەندییەکی خێزانی و ئارەزووەکەش لە هەمان چوارچێوەدا مانادار دەکرێت. بەڵام دولوز و گواتاری ئاگادارمان دەکەنەوە لەوەی ئۆدیب نەبێتە کلیلێکی گشتی بۆ کردنەوەی هەموو دەرگاکانی ئارەزوو.
چونکە ئەگەر هەموو ئارەزوویەک بگەڕێنینەوە بۆ دایک و باوک و منداڵ، ئەوا ئارەزوو لە جیهانی فراوانی خۆی دادەبڕین و دەیکەینە شتێکی تایبەت بە خێزان. لە دیدی دولوز و گواتاری، ئارەزوو لە بنەڕەتدا تەنها پەیوەندیی نێوان سێ کەس نییە؛ بەڵکو تۆڕێکە لە پەیوەندیی نێوان جەستەکان، زمان، دەزگاکان، ئابووری، دین، میدیا، خێزان و هێزە کۆمەڵایەتییەکان.
لەبەرئەوە، جیاوازییەکی گرنگ هەیە لەنێوان ئەوەی بڵێین:
«کلیپەکە گرێی ئۆدیبە.»
و ئەوەی بڵێین:
«کلیپەکە ئۆدیب بەرهەم دەهێنێت.»
لە یەکەم ڕستەدا، کلیپەکە خۆی دەکەینە نموونەی ئۆدیب؛ ڕووداوەکەمان دەخەینە ناو سێگۆشەیەکی خێزانی و لەوێدا کۆتایی پێ دەهێنین.
بەڵام لە ڕستەی دووەمدا، ئۆدیب دەبێتە پرۆسە؛ پرۆسەیەک کە کۆمەڵگا لە ڕێگەیەوە هەوڵ دەدات ئارەزوو بناسێنێت، سنووری بۆ دابنێت و بیخاتە ناو چوارچێوەیەکی ناسراو.
لێرەدا ئۆدیب ئەنجامی ڕووداو نییە؛ «ئۆدیبکردن» خۆی میکانیزمی کۆدکردنە.
ئارەزوو خۆی نمایش دەکات و کۆمەڵگا دەڵێت:
«ئەمە باوکە، ئەمە کچە؛ بۆیە ئەوەی لەنێوانیاندا دەبینرێت، دەبێت بەو پێوەرانە بخوێندرێتەوە».
ڕەوتێکی ئاڵۆز دەکرێتە «محرم و نامەحرەم».
پەیوەندییەکی جەستەیی و نیشانەیی دەکرێتە «هونەر یان گوناه».
وێنەیەک دەکرێتە «تابۆ».
و لە کۆتاییدا، هەموو ئەمانە هەوڵی کۆدکردنن؛ هەوڵی گۆڕینی ڕەوتێکی ئاڵۆز و نا تەواو یان نەشیاو بۆ شتێکی ناولێنراو، جێگیر و کۆنترۆڵکراو.
شیزۆشیکاری؛ دوو ئەرک
لێرەدا دەگەینە ئەو خاڵەی کە شیزۆشیکاری لە دەروونشیکاری جیا دەبێتەوە.
شیزۆشیکاری تەنها نایەت بۆ ئەوەی مانایەکی شاراوە بۆ کلیپەکە بدۆزێتەوە. ئەو دوو ئەرکی بنەڕەتی هەیە:
یەکەم، ئەرکی نێگەتیڤ و ڕووخێنەر:
دەبێت ئەو شێوازەی خوێندنەوە بشکێنێت کە هەموو ئارەزووێک دەگەڕێنێتەوە بۆ ئۆدیب و خێزان؛ دەبێت ئەو قەفەسە بشکێنێت کە ئارەزوو تەنها لە سێگۆشەی دایک ـ باوک ـ منداڵدا دەبینێت.
دووەم، ئەرکی ئەرێنی:
پاش ئەوەی کۆدە ئۆدیپییەکە ڕووخێندرا، دەبێت بگەڕێین بەدوای ئەوەی ئارەزوو چۆن کار دەکات؛ چۆن پەیوەندی دروست دەکات، چۆن دەچێتە ناو جەستە و زمان و میدیا و کۆمەڵگا، و چۆن ماشینەکانی ئارەزوو دروست دەکات.
بە واتایەکی تر، پرسیاری شیزۆشیکاری تەنها ئەوە نییە:
«ئەمە چی مانایەکی شاراوەی هەیە؟»
بەڵکو:
«ئەمە چۆن کار دەکات؟ چی بە چی دەبەستێت؟ چی بەرهەم دەهێنێت؟ و کۆمەڵگا چۆن هەوڵ دەدات ئەو ڕەوتە کۆد بکات؟»
لەوێوە شیزۆشیکاری لە ڕاڤە و شیکاری ناخودئاگاییەوە دەگوازرێتەوە بۆ خوێندنەوەی پرۆسەی بەرهەمهێنانی ئارەزوو.
«تا نیوە»؛ کاتێک کۆدکردن تەواو نابێت
ئەگەر لە ڕوانگەی شیزۆشیکارییەوە ئەو دەربڕینەی «گرێی ئۆدیب تا نیوە هاتووە»، بیخوێنینەوە، ئەوا دەڵێین نوسەر بە ئاگا بێت یان نائاگا دەستی بۆ پرسیارێکی دولوزی بردووە. چونکە ئۆدیب لێرەدا نە بە تەواوی سەلمێنراوە و نە بە تەواوی ڕەتکراوەتەوە.
کۆمەڵگا تا ڕادەیەک دۆخەکەی خسۆتەوە ناو خێزان؛ باوک و کچی ناساندووە، سنوور و قەدەغەی بۆ داناوە و ئارەزووەکەی خستووەتە ناو چوارچێوەیەکی ناسراو. بەڵام هەموو شتێکی وێنەکەی نەخستووەتە ناو ئەو چوارچێوەیە.
ئەوەی دەمێنێتەوە، هەمان «نیوە»یە.
کۆد هەیە، بەڵام کۆدکردن تەواو نییە.
ناو هەیە، بەڵام ناونان تەواو نییە.
قەدەغە هەیە، بەڵام ئەوەی قەدەغە دەکرێت لە سنووری قەدەغەکە فراوانترە.
لەو درزەی نێوان ناو و شت، نێوان وێنە و مانا، شتێک دەمێنێتەوە کە بە تەواوی ناگیرێت و خودی ناو دەرەقەتی نایەت.
کۆدشکاندن، نەک ڕزگاربوون
بەڵام لێرەدا نابێت هەڵەیەکی تر بکەین و وا بزانین هەر شتێک کۆد دەشکێنێت، خۆکارانە مانای «ئازادی»یە.
کۆدشکاندن بە مانای ڕزگاربوونی کۆتایی نییە. چونکە ئارەزوو دەتوانێت بۆ ساتێک لە چوارچێوەی ناسراوی خۆی داببڕێت، بەڵام دواتر لە چوارچێوەیەکی نوێدا دووبارە جێگیر بکرێتەوە. دەرچوون لە جێگای کۆن و جێگیرکردنەوە لە جێگای نوێ، دوو جوڵەی بەردەوامی شەپۆل یان ڕەوتی ئارەزوون.
ئەمەیە ئەو پەیوەندییەی دولوز و گواتاری بە deterritorialization و reterritorialization ناوی دەهێنن.
کلیپەکە کەمێک لە چوارچێوەی ناسراوی خۆی وەک وێنا و ناوەڕۆک دەردەچێت؛ بەڵام کاردانەوەی کۆمەڵگا هەوڵ دەدات بیگەڕێنێتەوە بۆ فەزایەکی ناسراو و دیاریکراو هەربۆیە
یەکێک دەڵێت گوناهە.
یەکێک دەڵێت ئازادیی هونەرە.
یەکێک دەڵێت تابۆیە.
یەکێک دەڵێت نیوە ئۆدیبە.
کۆدەکان جیاوازن، بەڵام هەموویان لە خاڵێکدا یەکدەگرن: هەوڵی جێگیرکردنەوەی ئەو ڕەوتە دەدەن کە بۆ ساتێک لە شوێنی ناسراوی خۆی دزەی کردووە و دەرچووە. لەو مانایەدا، دژایەتیی نێوان دیندار، هونەرمەند و نوسەر لە دەرەوەی هەمان پرۆسە نییە؛ هەر هەموویان، بە کۆدی جیاواز، هەوڵ دەدەن وێنەکە جارێکی بخەنە ناو فەزایەکی مانادار و دیاریکراو تا بتوانن بەرگەی بگرن.
ئەوەی وونە، ناوی ئۆدیب نییە؛ شوێنی ئارەزووە
لێرەدا دەتوانین جارێکی تر بگەڕێینەوە بۆ پرسیاری ناونان. لەوانەیە کێشەکە ئەوە نەبێت کە کۆمەڵگەی کوردی لە گرێی ئۆدیب تێنەگەیشتووە، یان کەسێک نەیتوانیوە بڵێت: «ئەمە گرێی ئۆدیبە.» یاخود ناو لەو شتە نەنراوە وەک خۆی بەڵکو، گرفت فرەناوییە بۆ شاردنەوەی ئەو شتەی کە ناوی نییە و لە ناو ناودا جێی نابێتەوە. چونکە هێشتا زمانێکمان نییە کە بتوانێت ئەو زیادەیەی نێوان وێنە و کۆد، نێوان جەستە و ناو، بگرێت و ناوڕێژی بکات. بۆیە یەکێک پەنا دەباتە بەر دین، یەکێک بۆ ئەخلاق، یەکێک بۆ هونەر و یەکێک بۆ گرێی ئۆدیب. هەر یەکێک لەم ناوانە هەوڵێکە بۆ ئەوەی شتێکی ناسراو، بە شتێکی ناسراوتر بگۆڕێت؛ بۆ ئەوەی ئەو شتەی لە سنووری ناوەکان دەردەچێت، جارێکی تر لە ناو ناسنامەیەکی دیاریکراودا دایکوتێت جێگیری بکاتەوە.
هەربۆیە پێویستە هەنگاوێک لە هەموو ئەم ناوانە دوورتر بڕۆین و بپرسین:
پێش ئەوەی وێنەی ئەم کلیپە بێتە ئاراوە پەیوەندیی «باوک و کچ»، خۆی چی بوو؟
ئەم پرسیارە بە مانای ئەوە نییە کە بوونی پەیوەندیی «باوک و کچ» گرنگ نییە؛ بەڵکو واتە پێویستە ئەو ڕەوتە ببینین کە ناونان هەوڵی دەدات بیخاتە ناو ناسنامەیەکی دیاریکراو.
واتە گەڕانەوە بۆ ئارەزوو پێش ئۆدیب؛ نە بە مانای دۆزینەوەی شتێکی پاک و بێ کۆد لە پشت هەموو ناسنامەکان، بەڵکو بە مانای گەڕان بۆ ئەو ڕەوتەی کە پاشان کۆمەڵگا هەوڵ دەدات بیخاتە ناو کۆد و ناسنامە.
ئەو ڕەوتەی هێشتا بە تەواوی نەکراوەتە «باوک و کچ»، نەکراوەتە «تابۆ و گوناه»، نەکراوەتە «هونەر و ئەخلاق»، و نەکراوەتە «ئۆدیب».
لەوانەیە پرسیاری کۆتایی ئەوە نەبێت:
«ئایا کۆمەڵگەی کوردی لە گرێی ئۆدیب تێگەیشتووە؟»
بەڵکو:
«ئایا کۆمەڵگا توانای بینینی ئارەزوو هەیە، پێش ئەوەی بە تەواوی بیخاتە ناو کۆدی ئۆدیب؟»
چونکە کاتێک ئارەزوو بە ئۆدیبەوە دەبەسترێتەوە، جیهانێکی پێشوەخت ڕێکخراو و دیاریکراومان بۆ دروست دەبێت: باوک هەیە، کچ هەیە، دایک لە پشتەوەیە و ئارەزوو لە نێوانیاندا دابەش دەکرێت.
هەموو شتێک شوێنی خۆی دەدۆزێتەوە.
هەموو شتێک ناوی خۆی هەیە.
هەموو شتێک لە ناو سێگۆشەیەکی ناسراودا جێگیر دەبێت.
بەڵام شیزۆشیکاری دەڵێت:
نەخێر؛ ئارەزوو لەو سێگۆشەکەوە دەست پێ ناکات. سێگۆشەکە دواتر دێت، بۆ ئەوەی ئارەزوو کۆد بکات.
لەم ڕوانگەیەوە، کلیپی باوک و کچەکە دەبێتە نموونەیەکی بچووک بۆ پرسیارێکی زۆر گەورەتر:
کەلتور چۆن ئارەزوو دەخاتە ناو ناسنامە و جێگیری دەکات؟
چۆن دەڵێت:
«ئەمە باوکە، ئەمە کچە، ئەمە هونەرە و ئەمە گوناهە»؟
کاتێکیش شتێک لە نێوان ئەم ناوانەدا دەردەکەوێت کە بە تەواوی ناگیرێت و جێی نابێتەوە نوسەرێکی وەک وەلید عومەر دێت و هەوڵ دەدات بیخاتە ناو ئۆدیب؛ یان لەوانەیە لەوەش کەمتر، بیخاتە ناو «نیوە ئۆدیب»ێک؛ ناوێک کە بتوانێت شتێکی نادیار، شتێکی زیاتر لە ناوەکان، بۆ ساتێک کۆنترۆڵ بکات.
لێرەدا بۆ من پەنا بردن بۆ شیزۆشیکاری دولوز و گواتاری گرنگە، چونکە ئەوان ناڵێن ئۆدیب بوونی نییە؛ دەڵێن «ئۆدیبکردن» خۆی پرۆسەیەکی کۆمەڵایەتییە بۆ کەمکردنەوە، خێزانیکردن و کۆدکردنی ئارەزوو.
لەبەر ئەوە، لەوانەیە باشترین خوێندنەوەی کلیپی باوک و کچەکە ئەوە نەبێت کە بڵێین:
«ئەمە ئۆدیبە.»
بەڵکو:
«ئەمە ساتێکە کە کۆمەڵگا هەوڵ دەدات ئارەزوو بخاتە ناو سێگۆشەی ئۆدیبەوە جا بە ئاگا بێت لە گرێی ئۆدیپ تێبگات، یان فڕی پێوە نەبێت و تێنەگات» و لەوانەیە گرنگیی کلیپەکەش هەر لە هەمان ئەو شوێنەوە دەست پێ بکات: لەوەی کە ئەم ئۆدیبکردنە بە تەواوی سەرکەوتوو نابێت.
چونکە هێشتا شتێک دەمێنێتەوە.
شتێک لە نێوان وێنە و ناو؛
لە نێوان جەستە و کۆد؛
لە نێوان باوک و کچ؛
لە نێوان ئەوەی دەبینرێت و ئەوەی ناتوانرێت ببینرێت؛
لە نێوان ئارەزوو و ئەوەی کەلتور پێی دەڵێت ئارەزوو چییە، بۆ کێیە و چۆن دەبێت بەرهەم بێت.
ئەو «زیادە» یە، هەمان ئەو شتەیە کە هیچ ناوێک بە تەواوی ناتوانێت بیگرێت و پڕی بکاتەوە.
چونکە هەر کاتێک ناوێک دێت بۆ ئەوەی شتێک تەواو بکات، شتێکی دیکە لە دەست دەردەچێت؛ هەر کاتێک کۆدێک دێت بۆ ئەوەی ڕەوتێک جێگیر بکات، بەشێک لەو ڕەوتە هێشتا لە دەرەوەی کۆدەکە دەمێنێتەوە.
لەوانەیە شوێنی ئارەزوو هەر ئەو دەرەوەیە بێت؛ نە وەک شوێنێکی دەرەکی و جوگرافی، بەڵکو وەک ئەو خاڵەی کە هیچ ناسنامەیەک ناتوانێت بە تەواوی دایبپۆشێت؛ ئەو درزەی نێوان ناو و شت، نێوان وێنە و مانا، نێوان ئارەزوو و ناسنامە.
لەوێدا شتێک هێشتا بەردەوامە لە دروستبوون و بەرهەهێنان. هەربۆیە شیزۆشیکاری لە هەمان ئەو شوێنەوە دەست بە قسەکردن دەکات لەبری ئەوەی بپرسێت «ئەمە چییە؟»، دێت و دەپرسێت:
«چییە ئەو شتەی هێشتا ناتوانین بە ناوێک بیگرین؟»
ئیدی گواستنەوە لە دەروونشیکارییەوە بۆ شیزۆشیکاری دەست پێ دەکات: لە تفسیرکردنی ئارەزوو بۆ خوێندنەوەی ڕەوتەکانی؛ لە پرسیاری «ئەمە مانای چییە و ناوی چی لێ بنێن؟» بۆ پرسیاری «ئەمە چۆن کار دەکات و چی بەرهەمدەهێنێت؟»؛ لە ئۆدیب وەک کۆتایی خوێندنەوە، بۆ ئۆدیبکردن وەک پرۆسەی کۆدکردنی ئارەزوو؛ لە کۆتاییدا، بۆ ئەو دەرەوەیەی کە هیچ کۆدێک ناتوانێت بە تەواوی ناوڕێژی بکات.
[1] من لێرەدا بە مەبەست ناوی کەسەکانم نەهێناوە، ئەویش بۆ بەرزکردنەوەی بابەتەکە لە سەر ئاستی شەخسی و تاکەکەسی بۆ پرسێکی گشتی کە دەکرێت لە وێنای تر و بابەتی تردا سەدان بارە بێتەوە.