رێکخراوی ئازادبوون بۆ گەشەپێدانی بەردەوام

 لە ئەلبێر کامۆوە بۆ جۆن هاڵوەی: فەڕەنسا و درزەکانی سەرمایەداری

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسین: شارا تاهیر

 کامۆ: پووچی، خۆشەویستی و یاخیبوون

ئەلبێر کامۆ لە یاداشتەکانی ڕۆژانەی خۆیدا نووسیویەتی گەر ڕۆژێک بڕیار بدات کتێبێک لەبارەی ئەخلاق بنووسێت، ئەو کتێبە تەنها سەد لاپەڕە دەبێت؛ نەوەد و نۆ لاپەڕەی بە بەتاڵی دەهێڵێتەوە و لە لاپەڕەی کۆتاییدا تەنها یەک ڕستە دەنووسێت:

 «من تەنها یەک ئەرک دەناسم، ئەویش خۆشەویستییە».

ئەم ڕستەیە لە یەکەم خوێندنەوەدا زۆر سادە و ڕوون دیارە؛ وەک ئەوەی کامۆ لە بەرامبەر هەموو ئاڵۆزییەکانی جیهان، لەبەردەم شکست و ئازارەکانی ژیاندا، تەنها یەک وەڵامی هەبێت ئەویش خۆشەویستیە. وەلێ، ئەوەی ئەم ڕستەیە قووڵ و پڕ پرسیار دەکات ئەوەیە، کامۆ پێمان ناڵێت خۆشەویستی بە ڕاستی مانای چییە، چۆن دەکرێت لە جیهانێکدا کە پووچی لە هەموو لایەکەوە داگیر و وێرانی  کردووە، خۆشەویستی بکەین، یاخود ئەو ئەرکەی پەیوەست بە خۆشەویستییەوە چۆن لە ژیانی ڕۆژانەدا جێبەجێ بکەین. ئەو زیاتر لەوە دەدوێت چۆن بتوانین لە جیهانێکی پووچدا بژین؛ جیهانێک کە نە مانایەکی ئامادەمان پێ دەبەخشێت، نە بەڵێنی دادپەروەری دەدات و نە دڵنیاییمان دەکاتەوە کە لە کۆتاییدا هەموو ئازارەکانمان بە پاداشتێک قەرەبوو دەکرێنەوە.

 جا گەر جیهان هیچ مانایەکی کۆتایی بۆ ژیانمان مسۆگەر نەکات، ئەگەر دادپەروەری هەمیشە سەرنەکەوێت، گەر خۆشەویستی هەرچەندە قووڵ و بێگەرد بێت لەبەرامبەر مردن و لەدەستداندا سنووردار بێت، ئەی هێز و هەرەکەت بۆ خۆشەویستی لە کوێ بێنین؟

ئەگەرچی کامۆ وەک نوسەرێکی ئەبزورد (عبث) و ڕەشبین ناسراوە، بەڵام بۆ وەڵامی ئەم پرسیارانە لە دەرەوەی ژیان، لە بەڵێنێکی مێتافیزیکی یان لە ئومێدی ڕزگارییەکی کۆتاییدا ناگەڕێتەوە؛ بەڵکو لە ناو خودی ژیاندا، لە خۆشەویستی، ئازادی، جوانی و یاخیبووندا دەیاندۆزێتەوە. ئەو ناڵێت جیهان دادپەروەرانەیە، بەڵکو بە تەواوی ئەوە ڕەتدەکاتەوە کە نادادپەروەری ببێتە پاساوێک بۆ دەستبەرداربوون لە خەبات بۆ دادپەروەری. ناڵێت ئازار لەناو دەچێت، بەڵکوو ڕێگا نادات ئازار ببێتە کۆتا وشە و یادەوەری ژیانمان. لەم ڕوانگەیەوە، پووچی کۆتایی هەوڵی مرۆڤ نییە؛ بەڵکو خاڵی دەستپێکی بەرپرسیارێتییە. کاتێک مانای ژیان پێشوەخت و بە شێوەیەکی ئامادە دیاری نەکراوە، مرۆڤ دەبێت بە شێوازی ژیان، هەڵوێست و کردارەکانی خۆی مانا دروست بکات.

لە فەلسەفەی کامۆدا، پووچی لە بەرکەوتنی دوو هێزەوە سەرهەڵدەدات: مرۆڤێک کە بەدوای مانا، دادپەروەری و دڵنیاییدا دەگەڕێت، و جیهانێک کە وەڵامێکی کۆتایی بۆ داواکارییەکانی پێشکەش ناکات. مرۆڤ دەیەوێت بزانێت بۆچی دەژی، بۆچی ئازار دەچێژێت و بۆچی ئەو شتانەی خۆشدەوێت لەدەستی دەدات؛ بەڵام جیهان بەرامبەر ئەم پرسیارانە نەک هەر بێدەنگە بەڵکو خۆی جۆرێکە لە بەردەوامی پووچی. بەم مانایە پووچی نە تەنها تایبەتمەندیی جیهانە و نە تەنها هەستێکی ناوخۆییی مرۆڤ، بەڵکو لە نێوان داواکارییەکانی مرۆڤ و بێدەنگیی جیهاندا دروست دەبێت و خۆی نوێ دەکاتەوە.

کامۆ لە کتێبی ئەفسانەی سیزیڤدا، پرسی پووچی لە وێنای ئەو پیاوەدا بەرجەستە دەکات کە چارەنووسی پاڵپێوەنان و بردنی تاشەبەردێکی قورسە بۆ سەر لوتکەی چیا؛ بەڵام هەر جارێک نزیک دەبێتەوە لە لوتکە، تاشەبەردەکە گلۆردەبێتەوە بۆ دامێنی چیاکە. هەوڵەکەی دووبارە مایەپووچ دەبێتەوە، ماندووبوونەکەی کۆتایی نایەت و هیچ سەرکەوتنێکی کۆتایی چاوەڕێی ناکات. ئەوەی ئەم چارەنووسە ترسناکتر دەکات، تەنها قورساییی تاشەبەردەکە نییە، بەڵکوو دووبارەبوونەوەی بێکۆتایی هەوڵێکە کە هەر جارێک دەبێت لە خاڵی سفرەوە دەست پێ بکاتەوە.

ئەو ساتە وەختەی ئەم بێهودەیی و چارەنوسە دەگۆڕێت و درزێک دەخاتە مانای ژیانەوە: ئەو ساتەیە سیزیڤ بە ئاگایی لە چارەنووسی خۆی، لە لوتکەوە بەرەو خوارەوە دەگەڕێتەوە. ئەو چیتر بە وەهمی سەرکەوتنێکی کۆتایی خۆی هەڵناخەڵەتێنێت وەكچۆن چاوەڕێی هیچ پاداشتێکیش نییە. سیزیڤ باش دەزانێت چی ڕوودەدات و چۆن هەوڵەکەی دووبارە مایەپووچ دەبێتەوە. لە دیدی کامۆدا، ئەم ئاگاییە دەبێتە بنەمایەک بۆ ئازادییەکەی، بۆ دۆزینەوەی مانا لە هەناوی پووچیدا.

ئازادیی سیزیڤ لەوەدا نییە کە بتوانێت چارەنووسی خۆی بگۆڕێت، بەڵکو لەوەدایە کە ڕێگا نادات چیدی چارەنووسەکەی بە تەواوی ناوەڕۆکی بوون و مانای ژیانی دیاری بکات. ئەو ناتوانێت تاشەبەردەکە لە گلۆر بوونەوە ڕابگرێت، بەڵام دەتوانێت بە ئاگاییەوە ڕووبەڕووی حەقیقەتی ژیانی خۆی ببێتەوە. ئەمە مانای ئەوە نییە کە ئاگایی بە تەنها هەموو کێشەکان چارەسەر دەکات، یان هەموو شکستێک بە هەڵوێستێکی لەوجۆرە دەبێتە سەرکەوتن و خۆشبەختی. گرنگیی سیزیڤ لەوەدایە کە ناهێڵێت ئەوەی ناتوانێت بیگۆڕێت، هەموو ئەوەش دیاری بکات کە دەتوانێت هەستی پێ بکات و چۆن هەڵسوکەوتی لەگەڵدا بکات. بە مانایەکی دیکە، ئەوەی مرۆڤ دەسەڵاتی بەسەردا هەیە خودی ڕووداوەکان نییە بەڵکو، کاردانەوە و هەڵوێستەکانیەتی بەرامبەر ڕووداوەکان. 

یاخیبوون: لە «نەخێر»ەوە بۆ «بەڵێ»

لە فەلسەفەی کامۆدا، یاخیبوون تەنها هەڵوێستێکی تاکەکەسی بەرامبەر پووچی بوون نییە؛ بەڵکو بنەمایەکی ئەخلاقییە لە ناو سنوورداریی بوونی مرۆڤدا سەرهەڵدەدات. مرۆڤی یاخیبوو لە بەرامبەر ئەو هێزانەدا دەوەستێتەوە کە هەوڵ دەدەن کەرامەتی لێ بستێننەوە. «نەخێر»ی ئەو تەنها ڕەتکردنەوە و نیشاندانی ناڕازیبوون و قایلنەبوون بە دۆخێک نییە؛ چونکە لە ناخیدا «بەڵێ»یەکیش هەیە: بەڵێ بۆ ژیان،  بۆ ئازادی، بۆ پاراستنی شکۆ و کەرامەتی مرۆڤ، بۆ بەرگری لەو بەهایانەی کە پێویستە بە هەمووان بپارێزرێن.

کاتێک مرۆڤ لە بەرامبەر ستەم و سووکایەتی و بێبەشکردن لە مافەکاندا دەوەستێتەوە، تەنها ڕەت لەوە ناکاتەوە کە خۆی ببێتە قوربانی؛ بەڵکوو بە هەڵوێستی خۆی سنوورێک بۆ زۆرداری دادەنێت؛ سنوورێک کە پاراستنی تەنها بە مانای پاراستنی کەرامەتی تاک نییە، بەڵکوو داننانە بە کەرامەتی هەموو مرۆڤێک. ئەگەر من مافی ڕەتکردنەوەی ستەمم هەبێت، چۆن دەتوانم ئەو مافە لە کەسانی تر زەوت بکەم؟ لێرەدا، ئاگادارییە فەلسەفییەکەی نیچە مانای تەواوی خۆی دەگەیەنێت: «ئەوەی لەگەڵ ئەهریمەن دەجەنگێت، با ئاگادار بێت لەوەی لە ئەنجامی ئەو جەنگەدا خۆی نەبێتە ئەهریمەن؛ چونکە ئەگەر زۆر بڕوانیتە ناو قوڵایی تاریکی، ئەوا تاریکیش بە وردی تەماشای تۆ دەکات».

لێرەوە، یاخیبوون لە سنووری تاکەکەسی دەردەچێت و دەبێتە بنەمای بەرپرسیارێتییەکی هاوبەش. مرۆڤی یاخیبوو تەنها داوای ئازادی بۆ خۆی ناکات، بەڵکوو خۆی بەرامبەر ئازادی و کەرامەتی ئەوانی تریش بەرپرسیار دەزانێت؛ چونکە ناتوانرێت ئازادیی خۆت لەسەر وێرانکردنی ئازادیی ئەوانی تر بنیاد بنێیت. هەر بۆیە، یاخیبوون لای کامۆ نە پاساوێکە بۆ توندوتیژیی بێ‌سنوور، نە بیانوویەکە بۆ سەپاندنی دەسەڵاتێکی نوێ بە ناوی ئازادییەوە. یاخیبوونی ڕاستەقینە ئەو کاتە بە مانای خۆی دەمێنێتەوە کە لە ڕەتکردنەوەی ستەمدا، خۆی نەبێتە بەرهەمهێنەری ستەمێکی تر.

خۆشەویستی و بەرپرسیارێتیی ژیان

بە گەڕانەوە بۆ گوتەکەی کامۆ «من تەنها یەک ئەرک دەناسم، ئەویش خۆشەویستییە»، ئەوا خۆشەویستی تەنها هەستێکی تایبەتی یان پەیوەندییەکی تاکەکەسی نییە؛ هەڵوێستێکە بەرامبەر جیهانێک کە مرۆڤ لە نێو بەرداشی تەنهایی، ترس و نائومێدیدا دەهاڕێت. خۆشەویستی بڕیارێکە بۆ مانەوە لەگەڵ یەکتر، بەشداریکردن لە ژیانی یەکتر و پاراستنی پەیوەندییەکانمان، تەنانەت کاتێک دەزانین هیچ بەڵێنێک نییە کە لە لەدەستدان و مردن بمانپارێزێت. بەهای خۆشەویستی لەوەدا نییە کە مردن هەڵدەوەشێنێتەوە، بەڵکوو لەوەدایە کە ناهێڵێت پووچی و ئازار بە تەنها مانای ژیانمان دیاری بکەن.

خۆشەویستی لەم ڕوانگەیەوە تەنها خۆشەویستی بۆ ئەوانە نییە کە نزیکمانن، لەگەڵمان هاوڕان یان سوودیان بۆمان هەیە. ئەگەر خۆشەویستی لەگەڵ کەرامەتی مرۆڤ و بەرپرسیارێتیی هاوبەشدا پەیوەست بێت، ئەوا داوامان لێ دەکات بەرامبەر ئازار و بێبەشکردنی کەسانی تر بێ‌هەڵوێست نەبین. بە مانایەکی دیکە، خۆشەویستی ڕەتکردنەوەی ئەو جیهانەیە کە مرۆڤ دەکاتە ژمارە، کەرەستە یان ئامرازێک بۆ گەیشتن بە ئامانجێکی تر.

لە دیدی کامۆدا، خۆشەویستی و یاخیبوون دوو ڕەهەندی هەمان میکانیزمی بەرگریی مرۆڤن لەبەرامبەر پووچی؛ یەکێک بە مانابەخشین بە ژیان، ئەوی تریان بە ڕەتکردنەوەی ملکەچبوون. مرۆڤ، سەرەڕای نەبوونی مانایەکی کۆتایی و دڵنیایی لە داهاتوو، دەتوانێت بە هەڵبژاردن و کردارەکانی ژیانی خۆی بەهایەک ببەخشێت. بەڵام ئەگەر پووچی دۆخی هاوبەشی مرۆڤ بێت، ئایا یاخیبوونی تاکەکەسی بەسە بۆ ڕزگاربوون لەو پەیوەندییانەی کە ئازادی و کەرامەتی مرۆڤ سنووردار دەکەن؟

لە جیهانێکدا کە سەرمایەداری مرۆڤی کردۆتە بێگانە و نامۆ بە خۆی، لە بەرهەمی کاری خۆی، لە کەسانی تر و لەو جیهانەیش کە تیایدا دەژی، ئەوا ئاگایی و ئازادیی تاکەکس بە تەنها ناتوانێت بەربەستەکانی ئازادیی ڕاستەقینە لاببات. خۆشەویستی ئەگەر لە سنووری پەیوەندییە تایبەتییەکاندا بمێنێتەوە، یاخیبوون گەر نەگاتە ڕەخنەی ڕادیکاڵ لەو دەسەڵاتەی کە ستەم و نایەکسانی بەرهەم دەهێنن، ئەوا هەردووکیان چەند لە تیوریدا بریقەدار و تەلیسماوی بن دواتر لە گۆڕینی واقیعدا زۆر سنووردارن.

پرسیارەکە ئەوەیە چؤن ئەم هێزی یاخیبوونە لە بەرگریی تاکەکەسییەوە بۆ دۆزینەوەی مانا بۆ ژیان  دەگاتە ئاگاییی هاوبەش و خەبات بۆ گۆڕینی ئەو پەیوەندییانەی کە مرۆڤ دەکەنە ئامرازێک بۆ قازانج و دەسەڵات؟

جۆن هاڵوەی: ڕەخنەی فەلسەفی لە جیهانی سەرمایەداری و ئەگەری ژیانێکی تر

ئەگەر ئەلبێر کامۆ لە پووچیی بوونەوە دەست پێ بکات و بپرسێت چۆن دەتوانین لە جیهانێکی پڕ پووچیدا بژین، جیهانێک کە هیچ مانایەکی پێشوەختە و گەرەنتییەک بۆ ژیانێکی شایستە لە داهاتوودا نییە، ئەوا جۆن هاڵوەی لە قەیرانێکی کۆمەڵایەتی و مێژووییەوە دەست پێ دەکات و پرسیارێکی جیاواز، بەڵام بە هەمان ئەندازە بنەڕەتی، دەخاتە ڕوو: چۆن دەتوانین لە جیهانێکدا بژین کە شێوازی ڕێکخستنی ژیانمان، کارەکانمان، پەیوەندییەکانمان و تەنانەت ئارەزوو و خەونەکانمان دەخاتە خزمەتی بەرهەمهێنان و زیادکردنی قازانجەوە؟

گەر پرسیاری کامۆ ئەوە بێت چۆن دەتوانین لە بەرامبەر پووچیی بووندا بەرگە بگرین و هێشتا بە خۆشەویستییەوە بژین، پرسیاری بنەڕەتیی جۆن هاڵوەی ئەوەیە چۆن دەتوانین جیهانێک بگۆڕین کە بەرهەمی کردارەکانی خۆمانە، بەڵام وەک هێزێکی بێگانە بەسەرماندا  لێدەخوڕێت و حوکم دەکات. لە بیرکردنەوەی ئەودا، کێشەی سەرمایەداری تەنها نادادپەروەریی ئابووری، نایەکسانیی چینایەتی یان کۆبوونەوەی سامان لە دەستی کەمینەیەکدا نییە؛ بەڵکوو لەو شێوازەی ڕێکخستنی کۆمەڵگەدایە کە چالاکیی مرۆڤ دەخاتە ژێر فەرمانڕەوایی سەرمایە و ژیان دەکاتە ئامرازێک بۆ بەرهەمهێنانی بەهای زیاتر.

هاڵوەی لە کتێبەکانی Change the World Without Taking Power و Crack Capitalism ـدا هەوڵ دەدات شۆڕش لە تەنها گۆڕینی دەسەڵاتداران و دامەزراوەکانی دەسەڵات جیابکاتەوە و سەرنج بخاتە سەر گۆڕینی ئەو پەیوەندییانەی کە کۆمەڵگە بەهۆیانەوە بەرهەم دەهێنرێت و بەردەوام دووبارە دەبێتەوە. بەم پێیە، گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی تەنها پرسیاری ئەوە نییە کە کێ دەسەڵات بەدەست دەگرێت؛ پرسیاری ئەوەشە کە چۆن دەتوانین شێوازی چالاکیی خۆمان بگۆڕین و توانای ڕێکخستنی ژیان لە چنگی لۆژیکی سەرمایە دەربهێنین.

گرنگیی بیرکردنەوەی هاڵوەی لەوەدایە کە سەرمایەداری وەک واقیعێکی سروشتی و نەگۆڕ تەماشا ناکات. لە ڕوانگەی ئەودا، سەرمایەداری بەرهەمی پەیوەندییە مێژووییەکانی مرۆڤە؛ پەیوەندییەکانیش، چونکە بە کردار و پەیوەندیی مرۆڤەکان دروست بوون، دەتوانن بگۆڕدرێن. بەڵام ئەم ئەگەری گۆڕانکارییە تەنها بە ئاوات و نیازی تاکەکەسی بەدی نایەت؛ پێویستی بە پراکتیکێکی کۆمەڵایەتی هەیە کە تێیدا مرۆڤەکان شێوازی بەرهەمهێنان، هاوکاری و بڕیاردانی خۆیان دووبارە ڕێک بخەنەوە.

لەبەرئەوە، پرسیاری جەوهەری هاڵوەی ئەوەیە: چۆن مرۆڤەکان جیهانێک دروست دەکەن کە دواتر هەمان جیهان دەبێتە هۆی سنووردارکردنی توانایان بۆ ژیانکردن؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، پێویستە لە ڕووکەشی دابەشکردنی سامان و کۆبوونەوەی دەسەڵات تێپەڕین و بپرسین چۆن خودی توانای مرۆڤ بۆ دروستکردنی ژیانی کۆمەڵایەتی دەبێتە هێزێکی بێگانە کە ئاراستەی ژیان و بوونی ئەو مرۆڤانە دیاری دەکات.

لە بیرکردنەوەی هاڵوەیدا، سەرمایەداری تەنها سیستەمێکی ئابووری نییە کە لە بازاڕ، موڵکایەتی تایبەت و پەیوەندییەکانی کرێ و سەرمایە پێک هاتبێت؛ بەڵکوو شێوازێکە بۆ ڕێکخستنی کرداری مرۆڤ و پەیوەندییەکانی، بە شێوەیەک کە بەرهەمی ئەو کردارە لە ژێر فەرمانڕەواییی بەها و سەرمایەدا کۆدەبێتەوە. لەم ڕوانگەیەوە، پرسیاری ڕەخنەیی ئەوە نییە تەنها کێ خاوەنی ئامرازەکانی بەرهەمهێنانە؛ بەڵکوو ئەوەشە بۆچی چالاکیی مرۆڤ، کە جیهانی کۆمەڵایەتی دروست دەکات، ناتوانێت بە ئازادی ئاراستەی ئەو جیهانە دیاری بکات.

ئەمەش بە مانای ئەوە نییە کە هەموو کردارێکی مرۆڤ ڕاستەوخۆ بە بازاڕ کۆنترۆڵ دەکرێت. کێشەکە قووڵترە: پەیوەندییەکانی سەرمایەداری سنوور و مەرجی ئەو کردارە دیاری دەکەن. بۆ نمونە کەسێک دەتوانێت بە ئارەزووی خۆی کارێک هەڵبژێرێت، بەڵام ئەو هەڵبژاردنە لە چوارچێوەی پێویستیی مانەوە، دابینکردنی بژێوی و مەرجەکانی بازاڕدا ئەنجام دەدرێت. بۆیە، ئازادیی هەڵبژاردن بە خۆی بەڵگەی ئەوە نییە کە مرۆڤ خاوەنی مەرجەکانی ژیانی خۆیەتی.

«کردن» و فەرمانڕەواییی بەها

یەکێک لە چەمکە سەرەکییەکانی جۆن هاڵوەی، doing ـە؛ واتە «کردن» وەک چالاکیی زیندووی مرۆڤ. مەبەست لە کردن تەنها کارکردن بە مانای ئابووریی وشەکە نییە، بەڵکو هەموو ئەو چالاکییانە دەگرێتەوە کە مرۆڤەکان بەهۆیانەوە جیهانی خۆیان دروست دەکەن، پەیوەندی دادەمەزرێنن و تواناکانیان بەکار دەهێنن.

هاڵوەی لە کتێبی Crack Capitalism ـدا، ئەم چەمکە لە بەرامبەر لۆژیکی سەرمایەدا تاقیدەکاتەوە. لە لایەکەوە، «کردن» بریتییە لە توانای مرۆڤ بۆ دروستکردن و گۆڕینی جیهان؛ لە لایەکی ترەوە، لە چوارچێوەی سەرمایەداریدا، ئەم توانایە دەخرێتە ژێر داواکاریی بەرهەمهێنانی بەها و زیادکردنی قازانج. هەربۆیە ئەوەی گرنگە تەنها ناوەڕۆکی کار نییە، بەڵکوو شێوازی ڕێکخستن و ئاراستەکردنی چالاکیی مرۆڤیشە.

لە ژێر سایەی سیستمی سەرمایەداریدا، کار هەم چالاکییەکی مرۆییە و هەم شتێکە کە بە پێی کات، بەرهەمداری و بەهای بازاڕ هەڵدەسەنگێندرێت. مرۆڤ توانای خۆی بەکار دەهێنێت، بەڵام مەبەست و ئەنجامی ئەو چالاکییە بە تەواوی لە ژێر دەستی ئەودا نییە. بەم پێیە، ئەو کارەی کە دەتوانێت مەیدانی خۆدەربڕین، داهێنان و مانای ژیان بێت، دەکرێتە ئامرازێک بۆ بەردەوامکردنی بەرهەمهێنانی بەها و زیادکردنی قازانج.

لەبەر ئەوە، ڕەخنەی هاڵوەی لە سەرمایەداری ڕەتکردنەوەی کار نییە؛ بەڵکو هەوڵێکە بۆ جیاکردنەوە لە نێوان توانای مرۆڤ بۆ دروستکردنی جیهان و ئەو شێوازەی کە ئەم توانایە لە خزمەتی سەرمایەدا ڕێک دەخرێت. کێشەکە ئەوە نییە کە مرۆڤ کار دەکات، بەڵکو ئەوەیە کە ئاراستە و مەبەستی کارەکەی لە ژێر کاریگەریی پەیوەندییەکانی سەرمایەداریدا دیاری دەکرێت، نەک تەنها بە پێی پێداویستی و بڕیاری ئەو کەسانەی بەشداریی تێدا دەکەن.

هەربۆیە گەر ڕەخنە تەنها لە دابەشکردنی نادادپەروەرانەی داهاتدا بوەستێت، ڕەنگە پەیوەندییە بنەڕەتییەکانی بەرهەمهێنان بە هەمان شێوە بمێننەوە. بەڵام ئەگەر کێشەکە فەرمانڕەوایی بەها بەسەر چالاکیی مرۆڤدا بێت، ئەوا پرسیاری سیاسی دەگۆڕێت: چۆن دەتوانین شێوازی بەرهەمهێنان و پەیوەندییەکانی ژیان بە شێوەیەک ڕێک بخەینەوە کە مرۆڤەکان خۆیان بتوانن مەبەست و ئاراستەی چالاکییەکانیان دیاری بکەن؟

 

بێگانەبوون: کاتێک توانای مرۆڤ لە دژی خۆی کار دەکات

چەمکی بێگانەبوون لە بیرکردنەوەی هاڵوەیدا ئاماژەیە بۆ دۆخێک کە مرۆڤەکان لە ئەنجامی چالاکیی خۆیاندا دەکەونە ژێر فەرمانڕەواییی هێزێک کە خۆیان بەرهەمیان هێناوە. ئەم هێزە لە دەرەوەی کۆمەڵگەوە نەهاتووە؛ بەڵکوو لە کۆی کردار و پەیوەندییە مرۆییەکانەوە دروست بووە، بەڵام لە چوارچێوەی ڕێکخستنێکی تایبەتدا لە بەرهەمهێنەرەکانی خۆی جیادەبێتەوە و وەک هێزێکی سەربەخۆ دژی ئەوان کار دەکات.

بیگانەبوون لەم واتایەدا تەنها ئەوە نییە کە کرێکار لە خۆی و  بەرهەمی کاری خۆی دوور دەکەوێتەوە؛ بەڵکو ئەوەشە کە توانای مرۆڤ بۆ دیاریکردنی مەبەست و ئاراستەی چالاکیی خۆی سنووردار دەبێت و لە قاڵب دەدرێت. بە مانەیکی دیکە، بەرهەمهێنان بەردەوامە، بەڵام بڕیاردان لەسەر ئەوەی چی بەرهەم بهێنرێت، چۆن بەرهەم بهێنرێت و ئەنجامەکانی بۆ کێ بەکار بهێنرێن، بە شێوەیەکی یەکسان لە دەستی ئەو کەسانەدا نییە کە بەشداری لەو پرۆسەیەدا دەکەن.

ئەم کێشەیە لە سەردەمی زیرەکیی دەستکرددا ڕەهەندێکی نوێ و ئاڵۆزتر وەردەگرێت. ئەگەر ڕۆبۆت و سیستەمە زیرەکەکان بتوانن بەشێکی زیاتر لە کارەکانی مرۆڤ ئەنجام بدەن، پرسیارەکە تەنها ئەوە نییە کە چەند کار دەگۆڕدرێت یان لەناو دەچێت؛ بەڵکوو ئەوەشە کە سوودی ئەم توانای تەکنەلۆژییە بۆ کێ دەبێت و کێ دەسەڵاتی بەکارهێنانی دیاری دەکات.

ئەگەر تەکنەلۆژیا بتوانێت کاتی پێویست بۆ بەرهەمهێنان کەم بکاتەوە، ئایا ئەمە دەبێتە هۆی فراوانبوونی ئازادی و دەرفەتی مرۆڤ بۆ ژیانێکی جیاواز، خۆدەربڕین و خۆدۆزینەوە، یان بە پێچەوانەوە، تەنها هێزی کاری پێویست کەم دەکاتەوە و قازانجی خاوەن سەرمایە زیاد دەکات؟ پرسیاری بنەڕەتی ئەوەیە کێ بڕیار لەسەر بەکارهێنانی ئەم توانایە دەدات و کێ سوود لە ئەنجامەکانی وەردەگرێت. گرنگتر لەوەش، ئەگەر پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا کاتی مرۆڤ لە بەرهەمهێنان ڕزگار بکات، ئایا ئەو کاتە دەبێتە دەرفەتێک بۆ ژیانێکی ئازادتر و پڕماناتر، یان لە ژێر فەرمانڕەواییی لۆژیکی سەرمایەداریدا، بەهۆی کەمبوونەوەی پێویستیی بازاڕ بە هێزی کاری مرۆڤ، هەستی پووچی، بێکەڵکی و بێبایەخیی بوون لە مرۆڤدا زیاتر دەبێت؟ لێرەدا کێشەکە تەنها ئەوە نییە کە مرۆڤ چەند کاتێکی زیاتر بەدەست دەهێنێت، بەڵکوو ئەوەیە کە ئایا دەتوانێت خۆی بڕیار لەسەر چۆنیەتی بەکارهێنانی ئەو کاتە بدات یان لە چیدا سەرفی بکات؟، یاخود  گەڕانەوەی کات و ڕزگاربوونی لە بازاڕی کار بۆ خۆی دەبێتەوە بە مەیدانێکی نوێ بۆ بەرهەمهێنانی پووچی زیاتر و بیگانەبوونێکی کوشندەتر؟

ئازادی لەم ڕوانگەیەوە تەنها توانای هەڵبژاردن لە نێوان چەند کارێکدا نییە. مرۆڤ دەتوانێت کارێک هەڵبژێرێت، بەڵام ئەگەر ئەو هەڵبژاردنە لە ژێر مەرجی فرۆشتنی هێزی کار و پێویستیی دابینکردنی بژێوی ئەنجام بدرێت، ئەوا خودی مەرجەکانی ئازادی هێشتا لە ژێر پرسیارن. ئازادیی ڕاستەقینە پەیوەندی بە توانای بەشداری لە گۆڕینی ئەو مەرجانەشە کە ژیان و چالاکیی مرۆڤ ڕێک دەخەن.

بەم شێوەیە، هاڵوەی پرسیاری بیگانەبوون دەبەستێتەوە بە کردار و گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی. ئەگەر بیگانەبوون لە پەیوەندییە مێژووییەکاندا دروست دەبێت، نابێت وەک دۆخێکی سروشتی و نەگۆڕ لێی بڕوانین. بەڵام گۆڕینی هەڵوێست و بیرکردنەوەی تاکەکەسی بە تەنها بەس نییە؛ پێویستە ئەو پەیوەندییانەش بگۆڕدرێن کە توانای مرۆڤ دەخەنە ژێر فەرمانڕەواییی خۆیان.

بە مانایەکی دیکە، پرسیاری هاڵوەی ئەوە نییە تەنها چۆن دەتوانین لە جیهانێکی بێگانە بە خۆمان بژین، بەڵکوو چۆن دەتوانین ئەو پەیوەندییانە بگۆڕین کە خودی ئەو جیهانە بۆمان دروست دەکەن کە بەدەستی خۆمان دروستمانکردوە و دواتر وەک هێزێکی دەرەکی بەسەرماندا حوکم دەکەن. لێرەدا، ڕزگاری نە لە دەرەوەی کردارە مرۆییەکاندا دەست پێ دەکات و نە بە گۆڕینی هەڵویستی تاکەکەسی تەواو دەبێت؛ بەڵکوو لە هەوڵی هاوبەش بۆ گۆڕینی شێوازی ڕێکخستنی ژیان و بەدەستهێنانەوەی توانای مرۆڤ بۆ دیاریکردنی داهاتووی خۆیدا مانا وەردەگرێت.

«هاوار» ڕەتکردنەوەی ئەوەی هەیە

هاڵوەی لە کتێبی  Change the World Without Taking Power ـدا، بیرکردنەوەی خۆی بە «هاوار» دەست پێ دەکات و دەڵێت ” سەرەتا هاوار بوو.. ئێمە هاوار دەکەین”. هاوار لێرەدا تەنها دەربڕینی تووڕەیی یان ناڕەزایی نییە؛ دەستپێکی ڕەخنەیە لەو جیهانەی کە وەک واقیعێکی داخراو و نەگۆڕ خۆی دەخاتە پێشمان و ناچارمان دەکات تیایدا بژین.

«نا» لەم بیرکردنەوەیەدا پێش ئەوەی وەڵامێکی تەواو بۆ داهاتوو بێت، ڕەتکردنەوەی ئەوەیە کە واقیعی ئێستا تەنها ئەگەری بوونی ژیان بێت. هاوار لە ناکۆکیی نێوان ئەوەی هەیە و ئەوەی دەتوانێت هەبێت سەرهەڵدەدات؛ لە نێوان ئەو شێوازەی کە ژیان ڕێک دەخرێت و ئەو توانا و پۆتێنسیالەی کە هێشتا لە ناو ئەو ژیانەدا بە تەواوی کۆنترۆڵ نەکراوە.

لە ڕوانگەی هاڵوەیەوە، ئەوەی هەیە تەنها بەهۆی بوونییەوە ڕەوا نابێت و ناکرێت وەک شتێکی نەگۆڕ تەماشا بکرێت. بوونی دامەزراوە، بازاڕ و پەیوەندییەکانی سەرمایەداری بەڵگەی ئەوە نییە کە ئەم پەیوەندییانە سروشتی، پێویست یان هەمیشەیی بن. ئەوانە بەرهەمی مێژوون، وەک هەر پەیوەندییەکی مێژوویی دەتوانرێت بخەینە ژێر پرسیارەوە. هاوار بەو مانایە، ڕەتکردنەوەی هەموو ئەو بانگەشەیەیە کە واقیعی ئێستا بە شێوەیەکی تەواو سنووری ئەگەری مرۆڤ دیاری دەکات.

وەلێ، «نا» بە تەنها پێناسەی ئەوە ناکات کە چی دەبێت لە شوێنی ئەو واقیعەدا دابنرێت. هاڵوەی نەخشەیەکی تەواو و پێشوەختە بۆ کۆمەڵگەی داهاتوو پێشکەش ناکات. گرنگیی هاوار لەوەدایە کە درزێک دەکاتە ئەو داخراوییە و دەیشکێنێت کە تێیدا واقیع خۆی وەک ئەگەرێکی بێ جێگرەوە پیشان دەدات. بەڵام لە ڕەتکردنەوەوە بۆ گۆڕینی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، کێشەی کردار و ڕێکخستن هەر دەمێنێتەوە.

لەبەر ئەوە، هاوار نابێت وەک بەڵێنێکی سادە بۆ ڕزگاری لێکبدرێتەوە، بەڵکو زیاتر دەستپێکی ڕەخنەیە: ڕەتکردنەوەی ئەوەی کە ژیان بە پێی لۆژیکی بەها و قازانج سنووردار بکرێت، و کردنەوەی پرسیارێک لەبارەی ئەوەی کە مرۆڤەکان چۆن دەتوانن پەیوەندییەکانی خۆیان لە جیهاندا بگۆڕن.

«درز» لە ناو واقیعی زاڵدا

لە کتێبی Crack Capitalism ـدا، هاڵوەی چەمکی «درز» دەخاتە ناوەندی ڕەخنەکەیەوە. درز ئاماژەیە بۆ ئەو کردار و پەیوەندییانەی کە لە ناو جیهانی سەرمایەداریدا سەرهەڵدەدەن و هەوڵ دەدەن لۆژیکی زاڵی ئەم جیهانە ڕەت بکەنەوە. مەبەست لە درز، دۆزینەوەی شوێنێکی پاک و تەواو دەرەوەی سەرمایەداری نییە؛ بەڵکوو تێگەیشتنە لەوەی کە فەرمانڕەواییی سەرمایە، هەرچەندە فراوان بێت، ناتوانێت بە تەواوی هەموو ڕەهەندەکانی ژیان بخاتە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە. سەرمایەداری سیستەمێکی سروشتی و نەگۆڕ نییە، بەڵکو بەرهەمی پەیوەندییە مێژووییەکانی مرۆڤە؛ لەبەرئەوەش، ئەگەری گۆڕانکاری و شکاندنی پەیوەندییە زاڵەکانی هەمیشە هەیە. هاڵوەی لەمبارەیەوە دەڵێت: ” درز بریتییە لە دروستکردنی ئاساییی شوێنێک یان ساتێک کە تێیدا مرۆڤەکان  شێوازێکی جیاواز لە کردە (کردن) بەرجەستە دەکەن”.

درز کاتێک سەرهەڵدەدات کە مرۆڤەکان هەوڵ دەدەن چالاکییەکانیان بە پێی پێوەرێکی جیاواز لە بەرهەمهێنانی بەها ڕێک بخەن. ئەم پێوەرە دەتوانێت پێداویستیی هاوبەش، هاوکاری، بڕیاردانی کۆمەڵی یان توانای مرۆڤ بۆ دیاریکردنی مەبەست و ئاراستەی چالاکیی خۆی بێت. بە مانایەکی دیکە، گرنگ نییە تەنها چ چالاکییەک ئەنجام دەدرێت؛ شێوازی ڕێکخستن، دابەشکردنی ئەرک و پەیوەندییەکانی نێوان بەشداربووانیش گرنگن.

بۆ نموونە، کۆمەڵەیەکی هاوکاری لەوانەیە لە دەرەوەی بازاڕ دەست پێ بکات، بەڵام ئەگەر بڕیارەکان لە دەستی کەمینەیەکدا کۆ ببنەوە، یان بەردەوامیی چالاکییەکە بە ڕکابەری و بەرهەمهێنانی بەهای زیاترەوە گرێ بدرێت، ئەوا پەیوەندییەکانی سەرمایەداری بە تەواوی لەوێدا نەشکاون. بۆیە، درز نابێت تەنها بە پێی جیاوازیی دەرکەوتنی لە دامەزراوە زاڵەکان هەڵبسەنگێندرێت؛ پێویستە بپرسین ئایا شێوازی بڕیاردان، بەرهەمهێنان و پەیوەندیگرتن دەگۆڕێت یان نا.

لای هاڵوەی، درز پرۆسەیە، نەک شوێنێکی کۆتایی یان ئامانجێکی گەیشتن. ئەم پرۆسەیە لە ناو جیهانێکدا دەست پێ دەکات کە مرۆڤەکان هێشتا پێویستییان بە کار، سامان و دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان هەیە، بەڵام لە هەمان کاتدا هەوڵ دەدەن پەیوەندییەکانیان بەمانەوە بگۆڕن. ئەم ناکۆکییە بە خۆی چارەسەر نابێت، بەڵکوو دەبێتە مەیدانی ملمڵانێ لە نێوان لۆژیکی بەها و هەوڵی مرۆڤەکان بۆ ڕێکخستنی ژیان بە شێوەیەکی تر.

ئیدی پرسیاری گرنگ ئەوەیە: ئایا درزەکان دەتوانن بەردەوام بن، یان لە کۆتاییدا لەلایەن پەیوەندییە زاڵەکانەوە هەڵدەمژرێنەوە و جارێکی تر دادەخرێنەوە؟ هاڵوەی بەڵێن نادات کە هەر کردارێکی هاوبەش بە خۆی دەتوانێت سەرمایەداری تێک بشکێنێت. بەڵکو پرسیارەکە دەخاتە ڕوو کە چۆن ئەم کردارە جیاوازانە دەتوانن بەردەوام بن، پەیوەندییان بە یەکترەوە هەبێت و توانای گۆڕینی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان فراوان بکەن.

فەڕەنسا و درزەکانی سەرمایەداری

یەکێک لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی بیرکردنەوەی جۆن هاڵوەی ئەوەیە کە شۆڕش بە دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات سنووردار ناکات. ئەگەر کێشەکە لە شێوازی ڕێکخستنی ژیان و فەرمانڕەواییی سەرمایە بەسەر چالاکیی مرۆڤدا بێت، گۆڕینی ئەوانەی لە سەرەوە فەرمان دەدەن، بە تەنها، چارەسەرێکی تەواوی کێشەکە نییە. دەکرێت خاوەندارێتی و بەڕێوەبردنی دامەزراوەکان بگۆڕدرێن، بەڵام پەیوەندییە بنەڕەتییەکانی بەرهەمهێنان و بڕیاردان بە هەمان شێوە بمێننەوە و فەرمانڕەوایی لە شێوەیەکی ترەوە بەردەوام بێتەوە.

لەبەر ئەوە، پرسیاری هاڵوەی تەنها ئەوە نییە کە کێ دەسەڵات بەدەستەوە دەگرێت، بەڵکوو ئەوەشە کە پەیوەندییەکانی دەسەڵات چۆن دەگۆڕدرێن، تاکو خەڵک بتوانن بەشداریی ڕاستەقینە لە دیاریکردنی مەبەست و ئاراستەی چالاکیی کۆمەڵایەتیدا بکەن.

ئەم ڕوانگەیە سیاسەت لە سنووری دەوڵەت و دامەزراوە فەرمییەکاندا ڕاناگرێت. سیاسەت لە هەموو ئەو شوێنانەدا هەیە کە مرۆڤەکان لەبارەی شێوازی کارکردن، دابەشکردنی ئەرک، بەکارهێنانی سامان و بڕیاردانی هاوبەشەوە ململانێ دەکەن. لەم ڕوانگەیەدا، پرسیاری دەسەڵات تەنها ئەوە نییە کە کێ فەرمان دەدات، بەڵکوو ئەوەشە کە کێ مەرجەکانی فەرماندان و جێبەجێکردن دیاری دەکات.

بەم پێیە، ئەگەر ئامانج گۆڕینی فەرمانڕەواییی سەرمایە بێت، دەبێت پەیوەندییە مادی و کۆمەڵایەتییەکانی ژیانیش ببنە بابەتی ڕەخنە و گۆڕانکاری. گۆڕینی ناوی دەسەڵات، کەسانی بەڕێوەبەر یان خاوەندارانی دامەزراوەکان بە تەنها ناتوانێت ئەم ئامانجە دابین بکات.

بەڵام ئەم ڕەخنەیە دوو مەترسی لەبەردەم خۆیدا دەبینێت: لە لایەکەوە، ئەوەی سەرمایەداری وەک سیستەمێکی داخراو و بێ جێگرەوە ببینرێت؛ لە لایەکی ترەوە، ئەوەی هەر کردارێکی بچووک و جیاواز بە نیشانەی ڕزگاریی کۆتایی لێک بدرێتەوە. ڕەخنەی فەلسەفی دەبێت هەردوو تێگەیشتنەکە بخاتە ژێر پرسیارەوە: نە واقیعی ئێستا هەموو ئەگەرەکان لە خۆی کۆدەکاتەوە، نە هەر کردارێکی جیاواز دەتوانێت بە تەنها پەیوەندییە زاڵەکان بگۆڕێت.

لێرەدا چەمکی «درز» گرنگ دەبێت. درز تەنها ڕەتکردنەوەی لۆژیکی سەرمایە نییە، بەڵکوو هەوڵێکە بۆ گەڕاندنەوەی توانای ڕێکخستنی ژیان بۆ خودی مرۆڤەکان. بەڵام ئەم توانایە کاتێک دەتوانێت ببێتە بنەمای گۆڕانکارییەکی قووڵ، کە کردارە جیاوازەکان پەیوەندییان بە یەکترەوە هەبێت و شێوازەکانی هاوکاری و بڕیاردانی هاوبەش بەردەوام بکرێن و فراوان بکرێن.

ئەگەر چەمکی «درز»ی هاڵوەی بخەینە بەردەم ڕووداوەکانی فەڕەنسا، لە ساڵانی ڕابردوودا شەقامەکان تەنها شوێنی دەربڕینی ناڕەزایی نین، بەڵکو مەیدانی دەرکەوتنی ناکۆکییە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانن. فەڕەنسا، وەک وڵاتێک کە مێژووی سیاسیی مۆدێرنی لەسەر بەهاکانی ئازادی، یەکسانی و پیکەوە ژیان بنیات نراوە، هێشتا لەگەڵ ناکۆکییەکی قووڵ لە نێوان ئەم بەهایانە و ئەزموونی ڕۆژانەی بەشێک لە دانیشتووانی خۆیدا ڕووبەڕووە.

ناڕەزایی دژی گرانی و باج، خەبات دژی زیادکردنی تەمەنی خانەنشینی، تووڕەیی لە توندوتیژیی پۆلیس و خۆپیشاندانی جوتیاران، هەموویان بە شێوەی جیاواز پرسیارێکی هاوبەش دەخەنەڕوو: ئایا ژیان بۆ خزمەتکردنی مرۆڤ ڕێکخراوە، یان مرۆڤ بۆ خزمەتکردنی سیستەمێک کە بەردەوام داوای کارکردنی زیاتر و قبووڵکردنی بارێکی قورستری ژیان دەکات؟

هێلەک زەردەکان: ناڕەزایی دژی نادادپەروەریی ئابووری

جووڵانەوەی «جل زەردەکان» کە لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٨دا لە دژی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و تێچووی ژیان دەستی پێ کرد، زوو بووە دەربڕینی ناڕەزایییەکی فراوانتر دژی نادادپەروەریی ئابووری و هەستی پشتگوێخستن. بۆ زۆرێک لە بەشداربووان، کێشەکە تەنها باجێکی نوێ نەبوو؛ بەڵکوو ئەوە بوو کە داهاتیان بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکان بەشی نەدەکرد، لە کاتێکدا هەستیان بە دووری لە بڕیاردانی سیاسی دەکرد.

لە ڕوانگەی هاڵوەیەوە، ئەم جووڵانەوەیە دەتوانێت وەک درزێک لە ڕێکخستنی زاڵی ژیان بخوێندرێتەوە؛ چونکە بەشداربووان ڕەتیان کردەوە فشارە ئابوورییەکانیان وەک بارودۆخێکی ئاسایی و نەگۆڕ قبووڵ بکەن. ئەوان ناڕەزایییەکی ڕۆژانەیان گۆڕی بۆ کێشەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی.

بەڵام ئەم درزە سنووری خۆیشی هەبوو. بەشداربووان هەمیشە لەسەر ئامانج و ڕێگای گۆڕانکاری هاوڕا نەبوون، و هەندێک لە خۆپیشاندانەکان بە توندوتیژی و تێکدانی ماڵ و موڵک تێکەڵ بوون. لەبەر ئەوە، گرنگیی جووڵانەوەکە تەنها لەوەدا نییە کە سیستەمێکی زاڵی هەژاند، بەڵکوو لەو پرسیارەدایە کە ئایا ئەو هەژانە بووە هۆی دروستکردنی شێوازێکی نوێی هاوکاری و بڕیاردانی هاوبەش، یان ناڕەزاییەکە بەبێ گۆڕینی پەیوەندییە بنەڕەتییەکان لاواز بووەوە.

خانەنشینی: کێ مافی دیاریکردنی سنووری کارکردن هەیە؟

لە ساڵی ٢٠٢٣دا، خۆپیشاندانەکانی دژی زیادکردنی تەمەنی خانەنشینی لە ٦٢ ساڵەوە بۆ ٦٤ ساڵ، ڕەهەندێکی تری ناکۆکیی نێوان ژیان و داواکارییەکانی بەرهەمهێنانیان ئاشکرا کرد. حکومەت گۆڕانکارییەکەی بە پێویستییەکانی سیستەمی خانەنشینی و داراییەوە پەیوەست دەکرد؛ بەڵام بۆ زۆرێک لە کرێکاران و ناڕازییان، پرسیارەکە ئەوە بوو کە کێ مافی دیاریکردنی سنووری ماندووبوون و تەمەنی کارکردنی مرۆڤی هەیە.

ئایا ژیانی مرۆڤ دەبێت زیاتر بخرێتە خزمەت بازاڕ و بەرهەمهێنان، تەنانەت ئەگەر ئەمە بە کەمکردنەوەی کاتی پشوودان و ژیانی کەسی تەواو بێت؟ بەرەنگاربوونەوەی ئەم ڕێفۆرمە بە خەباتێک لەسەر مانای کار، دابەشکردنی بار و مافی مرۆڤ بۆ ژیانێک گۆڕا کە تەنها لە کارکردن پێک نەهاتبێت.

لەم خاڵەدا، چەمکی درز لە ڕەتکردنەوەی بڕیارێکی حکومەت تێدەپەڕێت. پرسیاری بنەڕەتی ئەوەیە کە ئایا کرێکاران و کۆمەڵگا دەتوانن لەبارەی مانای کار، دابەشکردنی بەرهەم و بڕیاردان لەسەر ژیان گفتوگۆ بکەن و بەشداریی ڕاستەقینەیان هەبێت؟ ئەگەر خەبات تەنها لە ڕەتکردنەوەی ڕێفۆرمێکدا بوەستێت، ئەگەری ئەوە هەیە درزەکە دابخرێتەوە؛ بەڵام ئەگەر ببێتە دەرفەتێک بۆ بەهێزکردنی هاوکاری و دیموکراسی لە شوێنی کاردا، دەتوانێت پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بگۆڕێت.

توندوتیژیی پۆلیس و یاخیبوونی گەنجان

لە ٢٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٣دا، کوژرانی ناهێل مێرزۆک، گەنجی ١٧ ساڵە، بە دەستی پۆلیس لە نانتێر، شەپۆلێک لە خۆپیشاندان و توندوتیژی لە فەڕەنسادا لێکەوتەوە. ئەم ڕووداوە کێشەی توندوتیژیی پۆلیس، نایەکسانی و پەیوەندیی ناتەندروستی نێوان هەندێک گەنجی گەڕەکە کەم‌دەرامەتەکان و دامەزراوەکانی دەوڵەتی دووبارە خستە ناوەندی گفتوگۆی گشتییەوە.

لێرەدا پێویستە جیاوازیی نێوان «هاوار» و «درز» بپارێزین. هاوار دەنگی ئەو مرۆڤەیە کە چیتر ناتوانێت سووکایەتی و نادادپەروەری قبووڵ بکات؛ بەڵام درز ئەو ئەگەرەیە کە ئەم ڕەتکردنەوەیە بگۆڕێت بۆ شێوازێکی تر لە پەیوەندی و ڕێکخستنی ژیان.

تووڕەییی گەنجان دەتوانێت ئاماژە بێت بۆ درزێکی قووڵ لە پەیوەندیی نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگا، بەڵام توندوتیژی، سووتاندنی ئۆتۆمبێل و وێرانکردنی شوێنە گشتییەکان بە خۆیان شێوازێکی ئازادتر بۆ ژیان دروست ناکەن. وەکچۆن توندوتیژیی دژی خەڵکی بێ‌ تاوان، فەرهودی ماڵ و موڵکی کەسانی ئاسایی ناتوانێت بە ناوی ڕزگاریی و ئازادییەوە پاساوی بۆ بهێنرێتەوە.

لە ڕوانگەی هاڵوەیەوە، پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا ناڕەزایی دەتوانێت ببێتە پرۆسەیەک بۆ پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ و فراوانکردنی دەرفەتی بەشداری، یان لە ژێر فشاردا دەکوژێتەوە و دابەشبوونی کۆمەڵایەتی قووڵتر دەکاتەوە. بەم پێیە، توندوتیژی نابێت بە شێوەیەکی میکانیکی بە مانای شکست یان سەرکەوتنی درز لێک بدرێتەوە؛ دەبێت هۆکار، ئاراستە و ئەنجامەکانی بپشکنرێن.

وەکچۆن توندوتیژیی دەوڵەت، توندوتیژیی گرووپەکانی خۆپیشاندان و توندوتیژیی دژی خەڵکی ئاسایی یەک شت نین و نابێت بە یەک پێوەر هەڵبسەنگێندرێن. بەڵام هیچ کامێکیان بە خۆی بەڵگەی ئەوە نییە کە شێوازێکی دادپەروەرانەتر بۆ ژیان دروست بووە یان ئەگەری دروستبوونی هەیە.

جوتیاران و ناکۆکیی نێوان بەرهەمهێنان و ژیان

لە ساڵی ٢٠٢٤دا، ناڕەزاییی جوتیاران ڕەهەندێکی تری ئەم ناکۆکییەی ئاشکرا کرد. داهاتی کەم، تێچووی بەرزی بەرهەمهێنان، ڕێساکانی قورس و مەترسیی ڕکابەری لەگەڵ هاوردەی هەرزان، هۆکاری سەرەکیی ناڕەزایییەکانیان بوون. داخستنی ڕێگا و خۆپیشاندانەکان پرسیارێکی بنەڕەتییان خستەڕوو: کاتێک خواردن و بەرهەمی کشتوکاڵ دەبێتە بەشێک لە بازاڕێکی جیهانی، ئایا جوتیار دەتوانێت بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بژی، یان ناچارە لە ژێر فشاری نرخ و ڕکابەریدا بەردەوام بێت، تەنانەت ئەگەر بەهای کاری خۆی و توانای مانەوەی لەدەست بدات؟

ئەم ناڕەزاییانە نیشان دەدەن کە ناکۆکیی نێوان بەرهەمهێنان و ژیان تەنها بە ژیانی کرێکارانی پیشەسازی سنووردار نییە. کاتێک بەرهەمهێنان بە پێوەری قازانج و ڕکابەری هەڵدەسەنگێندرێت، مانەوەی ئەو کەسانەی بەرهەمە سەرەتاییەکانی ژیان دابین دەکەن، دەکرێت بخەیتە مەترسییەوە.

لە چوارچێوەی هزری هاڵوەیدا، درز لەو شوێنەدا دەردەکەوێت کە خەڵک ڕەتی دەکەنەوە ژیانیان تەنها بە پێوەرەکانی بازاڕ ڕێک بخرێت. بەڵام گۆڕانکاریی بنەڕەتی پێویستی بەوە هەیە کە ناڕەزایی بگاتە پرسیاری خاوەندارێتی، دابەشکردنی بەرهەم و توانای بەشداری لە بڕیارداندا.

کالیدۆنیای نوێ: دەسەڵات، ناسنامە و مافی دیاریکردنی چارەنووس

ناڕەزایییەکانی کالیدۆنیای نوێ لە ساڵی ٢٠٢٤دا نیشانیان دا کە کێشەی دەسەڵات و دادپەروەری تەنها بە داهات و کارەوە پەیوەست نییە. خۆپیشاندانەکان دژی گۆڕانکاریی یاسایی لە مافی دەنگداندا بوون؛ گۆڕانکارییەک کە بە دیدی زۆرێک لە کۆمەڵگای ڕەسەنی کاناک، دەکرا کاریگەریی سیاسییان لاواز بکات.

ئەم ڕووداوانە کێشەی کۆلۆنیالیزم، مافی دیاریکردنی چارەنووس و نایەکسانیی سیاسییان دووبارە خستەوە بەردەم فەڕەنسا. وەکچۆن توندوتیژی و زیانەکانی ئەم ناکۆکییانە نیشانیان دا کە ململانێ لەسەر دەسەڵات، ئەگەر نەگاتە چارەسەرییەکی سیاسی و دادپەروەرانە، دەتوانێت زیانی زیاتر لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بدات.

ئەم نموونەیە ئاگادارمان دەکاتەوە کە نابێت هەموو ناکۆکییەکان بە چوارچێوەیەکی تەنها ئابوورییەوە ڕوون بکەینەوە. درز دەتوانێت لە ملمڵانێ لەسەر ناسنامە، ماف و بەشداریی سیاسییشدا دەربکەوێت. بەڵام بۆ ئەوەی ببێتە ئەگەری گۆڕانکاریی ڕزگارکەر، پێویستە ڕەتکردنەوەی دەسەڵاتی نادادپەروەرانە بگاتە دروستکردنی پەیوەندییەکی دادپەروەرانەتر.

«هەموو شتێک بوەستێنن»: کێشەی بەستنەوەی ناڕەزاییەکان

بە گەیشتن بە ساڵی ٢٠٢٥، جووڵانەوەی «هەموو شتێک بوەستێنن» (Bloquons Tout) نموونەیەکی تری هەوڵی فراوانکردنی ناڕەزایییە کۆمەڵایەتییەکان بوو. خۆپیشاندان و داخرانی ڕێگەکان لەسەر بنەمای ناڕەزایی لە نادادپەروەریی کۆمەڵایەتی، فشارە ئابوورییەکان و بڕیارە سیاسییەکان گەشەیان کرد. بەڵام جۆراوجۆریی بەشداربووان و نەبوونی ناوەندێکی یەکگرتوو، پرسیاری بەردەوامبوون و ئاراستەی سیاسیی جووڵانەوەکەی هێشتەوە.

بە گەڕانەوە بۆ دیدی هاڵوەی ئەوا دەتوانین بلێین بەستنەوەی ناڕەزایییە جیاوازەکان بە یەکەوە بە تەنها بەس نییە. درز پێویستی بە شێوازێکی ژیان هەیە کە بتوانێت لە ناو ڕەتکردنەوەدا بڕوێت و گەشە بکات؛ لە هاوکاریی نێوان کرێکار و خوێندکار، پاراستنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان، بەرگری لە مافی کەسانی لاوازتر، دیموکراسیی شوێنی کار و دروستکردنی شوێنە هاوبەشەکاندا.

ئەگەر ناڕەزایی تەنها ببێتە زنجیرەیەک لە ڕووداوە کورتخایەنەکان و پێکدادانەکان، سیستەم دەتوانێت بە بیانووی پاراستنی ئارامی، کۆنترۆڵی زیاتر بسەپێنێت. بەڵام ئەگەر ناڕەزایی بتوانێت پەیوەندییەکانی هاوکاری و بەشداری بەهێز بکات، ئەوا ئەگەری ئەوە هەیە درزەکە فراوانتر ببێتەوە و ببێتە هێزێک بۆ گۆڕینی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان.

 درز یان توندوتیژی؟

ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ پرسیاری سەرەکیی هاڵوەی، دەبێت بپرسین: ئەوەی لە شەقامەکانی فەڕەنسادا دەیبینین، درزێکە لە دڵی  سەرمایەداریدا، یان نیشانەی قووڵبوونەوەی ناکۆکییەکان و لاوازبوونی پەیوەندییە هاوبەشەکانە؟

وەڵامەکە بە جۆری ڕووداوەکان و شێوازی بەردەوامبوونی ناڕەزایی دەگۆڕێت. کاتێک خەڵک لە دژی گرانی، نایەکسانی و بڕیاردانی بێ‌بەشداریی خۆیان دەوەستنەوە، دەکرێت لەو ناڕەزاییەدا درزێک ببینین؛ چونکە ڕەزامەندی لە ڕێکخستنی زاڵی ژیان تێک دەشکێت. بەڵام کاتێک ناڕەزایی دەگۆڕێت بۆ هێرش بۆ سەر خەڵکی بێ‌ تاوان، وێرانکردنی شوێنە گشتییەکان و توندوتیژیی بێ ئاراستە، دەبێت بپرسین: ئایا ئەم کردارە پەیوەندییە زاڵەکان دەگۆڕێت، یان تەنها شێوەیەکی تری ترس و کۆنترۆڵ بەرهەم دەهێنێتەوە کە بە قازانجی دەسەڵات دەشکێتەوە؟

بۆ وەڵامدانەوە بەو پرسیارە، پێویستە سێ ڕەهەند لەبەرچاو بگرین:

  • هۆکار: ناڕەزایی لە چ جۆرە نادادپەروەری یان بێ‌بەشدارییەکەوە سەرچاوە دەگرێت؟
  • ئاراستە: ئایا کردارەکان تەنها ڕەتکردنەوە دەردەبڕن، یان هەوڵ دەدەن شێوازێکی جیاوازی هاوکاری و بڕیاردان دروست بکەن؟
  • ئەنجام: ئایا ئەم کردارە توانای خەڵک بۆ ڕێکخستنی هاوبەشی ژیانیان زیاد دەکات، یان متمانە لاواز و ترس و کۆنترۆڵ بەهێزتر دەکات؟

بەم پێیە، توندوتیژی نابێت بە شێوەیەکی خۆکارانە بەڵگەی شکست یان سەرکەوتنی شۆڕش بزانرێت. هەروەها، نابێت هەر ناڕەزایییەک بەهۆی ئەوەی لە دژی دەسەڵاتەوەیە، بە کردارێکی ڕزگارکەر دابنرێت. پێوەری گرنگ ئەوەیە کە ئایا ئەو کردارە دەتوانێت توانای بەشداری، هاوکاری و بڕیاردانی خەڵک زیاد بکات، یان هەمان پەیوەندییە نادادپەروەرانەکان بە شێوەیەکی نوێ بەرهەم دەهێنێتەوە.

درزێکی ڕاستەقینە تەنها ئەوە نییە کە شتێک دەشکێنێت؛ بەڵکوو ئەوەیە کە لە ناو شکاندندا ئەگەری شتێکی تر دروست دەکات. ئەگەر شەقامەکان تەنها ببنە شوێنی پێکدادان و وێرانکاری، ئەوا درزەکە ڕەنگە بگۆڕێت بۆ شکانێکی قووڵتر لە نێوان خەڵک و کۆمەڵگا. بەڵام ئەگەر ناڕەزایی بگاتە دروستکردنی پەیوەندییەکی نوێی هاوکاری، بەشداری و بەرپرسیارێتی، دەتوانێت ببێتە دەستپێکی گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی.

 کامۆ و هاڵوەی: لە «نا»وە بۆ «بەڵێ»

لێرەدا بیرکردنەوەی ئەلبێر کامۆ و جۆن هاڵوەی لە خاڵێکی گرنگدا یەک دەگرنەوە: ڕەتکردنەوە بە تەنها بەس نییە.

لای کامۆ، یاخیبوون وەڵامێکە بەرامبەر ستەم و پووچی؛ مرۆڤ بە یاخیبوون سنوورێک بۆ دەسەڵاتی ستەمکار دادەنێت و کەرامەتی خۆی و ئەوانی تر دەپارێزێت. بەم پێیە، یاخیبوون تەنها دەربڕینی تووڕەیی نییە، بەڵکوو هەڵوێستێکە کە لە ناو ڕەتکردنەوەدا بەهای ژیان و هاوبەشی دەناسێنێت.

هاڵوەییش بە چەمکی درزەوە پرسیارێکی تر دەخاتەڕوو: چۆن دەتوانین ئەم ڕەتکردنەوەیە بگۆڕین بۆ کردارێکی هاوبەش کە پەیوەندییە زاڵەکان بگۆڕێت و ئەگەری شێوازێکی تر لە ژیان دروست بکات؟

لە ڕووداوەکانی فەڕەنسادا، ئەم دوو ڕوانگەیە یارمەتیمان دەدەن جیاوازی بکەین لە نێوان ناڕەزایی و گۆڕانکاری. ناڕەزایی دەتوانێت دەسەڵات بخاتە ژێر پرسیارەوە، بەڵام گۆڕانکاریی بنەڕەتی پێویستی بە دروستکردنی پەیوەندییەکی جیاواز هەیە؛ پەیوەندییەک کە تێیدا خەڵک بتوانن لەسەر کار، کات، سامان و ئاراستەی ژیانی هاوبەشیان بڕیار بدەن.

کۆتایی: درز و ئەگەری جیهانێکی تر

ڕووداوەکانی فەڕەنسا نیشان دەدەن کە چەمکی «درز» لای هاڵوەی نابێت وەک ناوێکی جوان و بریقەدار بۆ هەر جۆرە یاخیبوونێک بەکاربهێنرێت. درز چەمکێکی ڕەخنەییە کە داوامان لێ دەکات بپرسین: ئایا ئەوەی ڕەتی دەکەینەوە، بە ڕاستی جێگای خۆی بە شتێکی باشتر دەداتەوە؟ ئایا لە ناو ناڕەزاییەکەدا شوێنێک بۆ کەرامەتی مرۆڤ، ژیانی هاوبەش و ئازادیی زیاتر دروست دەبێت؟

لەبەر ئەوە، پێوەری سەرەکیی درز تەنها ژمارەی خۆپیشاندانەکان، ئاستی زیانەکان یان قەبارەی پێکدادان نییە؛ بەڵکوو ئەوەیە کە ئەم ڕووداوانە چۆن توانای کۆمەڵگا بۆ ڕێکخستنی ژیانی خۆی دەگۆڕن. ئەگەر ناڕەزایی بتوانێت هاوکاریی نێوان گرووپە جیاوازەکان بەهێز بکات، دەرفەتی بەشداری فراوان بکات و شێوازەکانی بڕیاردانی هاوبەش دروست بکات، ئەوا دەتوانێت ببێتە بنەمای گۆڕانکارییەکی قووڵ. بەڵام ئەگەر بە توندوتیژیی بێ ئاراستە و دابەشبوونی زیاتر کۆتایی بێت، ئەگەری ئەوە هەیە هەمان پەیوەندییەکانی ترس و کۆنترۆڵ دووبارە بەرهەم بهێنێتەوە.

بەم مانایە، درز تەنها ئەو ساتە نییە کە مرۆڤ دەڵێت «نا»؛ بەڵکوو ئەو ساتەشە کە دەست دەکات بە دروستکردنی ئەو «بەڵێ»یەی کە ژیانێکی تر مومکین دەکات. لای کامۆ، ئەم «نا»یە بە پاراستنی کەرامەتی مرۆڤەوە پەیوەستە؛ لای هاڵوەی، ئەم ڕەتکردنەوەیە دەبێت بگاتە گۆڕینی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان.

لە کۆتاییدا، پرسیاری بنەڕەتی ئەوە نییە کە ئایا خەڵک دەتوانن دەسەڵات هەژێنن، بەڵکوو ئەوەیە کە ئایا دەتوانن لە ناو ئەو هەژانەدا توانای بڕیاردان و ڕێکخستنی ژیانی خۆیان بەدەست بهێننەوە. چونکە گۆڕانکاریی ڕاستەقینە کاتێک دەست پێ دەکات کە ڕەتکردنەوە لە سنووری ناڕەزایی تێدەپەڕێت و دەبێتە هەوڵێکی هاوبەش بۆ دروستکردنی شێوازێکی دادپەروەرانەتر و ئازادانەتر بۆ ژیان بێ توندوتیژی.

 

هاوشێوە