رێکخراوی ئازادبوون بۆ گەشەپێدانی بەردەوام

فەلسەفەی دەستوور و تەنگەژەی دەسەڵات: هەڵوەشاندنەوەی وەهمی دەوڵەتی یاسایی

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسین: د.ئەحمەد فاتح محەمەد

بۆ شەرعیەتدان بە دەسەڵاتی سیاسیی مۆدێرن، بەتەنها ئەوە بەس نییە خۆی بە چەمکی “دەوڵەتی یاسا”دا شۆڕ بکاتەوە، ئەو چەمکەی لە زۆرێک لە سیستمە پۆزەتیڤەکاندا بووەتە پێکهاتەیەکی ڕووکەشی خاڵی و بۆش، و داڕشتنێکی ئەندازەیی ساردوسڕ کە مۆرکی زەبروزەنگ بەیاسایی دەکات وخەسڵەتی دەستووریبوون بە  ستەمکاریی دەبەخشێت.

لێ ئایا دەوڵەتی یاسایی ناوڕۆكه‌كه‌ی هه‌رچییه‌ك بێت بریتییه‌ له‌ ملکەچبوونی دەسەڵات و جەماوەر بۆ دەقە دەستورییەکان؟ یان بریتییه‌ له‌ ملکەچبوونێکی ڕەها بۆ “هزرەی دادپەروەری” کە لەپشت دەقەکانەوە خۆی مەلاس داوە؟ تەنگەژەکە لێره‌دا بەئاشکرا لە نێوان قوتابخانەی ڕووتی فەلسەفەی دەستووری، کە دادگایی پێکهاتەی دەسەڵات دەکات، و قوتابخانەی شیکاریی ئامانج دار کە بەدوای ناوەڕۆکی کۆمەڵایەتی و ئەخلاقیی بنەما یاساییەکاندا دەگەڕێت دەردەکەوێت.

لێ ئەگەر بەدواداچوون بۆ پێکهاتەی ڕووتی دەوڵەت بکەین، دەبینین دەسەڵات لە سروشتی خۆیدا مەیلی بۆ فراوانبوون و خۆسەپاندن هەیە، بۆ ئه‌مه‌ش درێغی ناکات لەوه‌ی “یاسا” وەک ئامرازێک به‌كاربهێنێت بۆ تێپەڕاندنی خواستەکانی خۆی. ده‌زانین دەستوور لە کرۆکە فەلسەفییەکەیدا، تەنها بەڵگەنامەیەک نییە بۆ دابەشکردن و لێكجیاكردنه‌وه‌ی دەسەڵاتەکان لە نێوان دامەزراوەکاندا، بەڵکو پەیماننامەیەکە بۆ کۆتوبەندکردنی دەسەڵات و هێز. بەڵام ئەوه‌ وەهمە باوه‌كانه‌ وامان لێدەکەن چەمکی “دەوڵەتی یاسا” و “دەوڵەت بە یاسا” تێکەڵ بکەین. لە باری دووەمیاندا یاسادانان دەبێتە تەنها “ڕووخسارێکی دەرەکیی فۆڕم” لە کاتێکدا کرۆکەکەی بە تەواوەتی لە فەلسەفەی ماف بەتاڵ دەبێتەوە.

لێرەدا با بۆ نموونە سەیری ماددەی (38)ی دەستووری عێراقیی ساڵی 2005 بکەین، کە زامنی ئازادیی ڕادەربڕین دەکات بە هەموو جۆرەکانییەوە وەک ئازادیی ڕۆژنامەگەری، چاپ، ڕیکلام و بڵاوکردنەوە. لێره‌دا دەقە دەستوورییەکە لە ڕوكه‌ش وناوڕۆكی فەلسەفیی خۆیدا زۆر دره‌وشاوه‌ و بێگەرد دیارە، چونکە مافێکی سروشتیی پەیوەست بە کەسایەتیی مرۆڤەوە دەچەسپێنێت. بەڵام دۆگمابوونه‌كه‌ لەوێوە سه‌رهه‌ڵده‌دات کە ڕێکخستنی ئەم مافە دەسپێردرێت بە یاسادانەری ئاسایی لە ڕێگەی دەستەواژەی “بە مەرجێک کەموکورتی لە سیستەمی گشتی و ئادابدا دروست نەکات”. ئیتر “لادانی یاسادانان – الانحراف التشریعی” لێره‌وه‌ دزە دەکات، چونکە دەسەڵاتی جێبه‌جێكردن دەستەواژە لاستیکی و ڕووتەکانی وەک “سیستەمی گشتی” دەقۆزێتەوە بۆ داڕشتنی یاسای لاوەکی کە بنەما دەستوورییەکە لە ناوەڕۆکە ئەخلاقییەکەی بەتاڵ دەکاتەوە، بەمەش ڕێکخستن دەگۆڕێت بۆ هەڵوەشاندنەوە، و دەوڵەتی یاساییش دەگۆڕێت بۆ ڕووکارێکی ساختە بۆ بەیاساییکردنی سەرکوتکردن.

یاسا به‌و پێیه‌ی كرۆكی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌خلاقیی خۆیی هه‌یه‌، خۆی لە خۆیدا ئامانج نییە، بەڵکو ئامرازێکە بۆ بەدیهێنانی “کرۆکی دادپەروەریی”. لەم سۆنگەیەوە دادگاییکردنی دەقە دانراوەکان تەنها لە سنووری دروستیی دەرچوونی ڕواڵەتییان لە پەرلەمانەوە ناوەستێت، بەڵکو درێژ دەبێتەوە بۆ پشکنینی ئامانج و ناوەڕۆکە کۆمەڵایەتییەکە. لێ ئەو یاسایانەی لە ئامانجەکەیان لادەدەن کۆڵەکەی “ڕەوایەتیی فیکری”یان لێ ون دەبێت، تەنانەت ئەگەر “دەستووریبوونی ڕواڵەتی”یشیان بەدەستهێنابێت. ئەم ململانێیە بە ڕوونی دەردەکەوێت کاتێک سەیری بڕگەی (ج) لە ماددەی (2)ی دەستووری عێراق دەکەین، کە دەڵێت: “نابێت هیچ یاسایەک دابنرێت کە پێچەوانەی ئەو ماف و ئازادییە بنەڕەتییانە بێت کە لەم دەستوورەدا هاتوون”. ئەم دەقە نوێنەرایەتیی کۆتوبەندێکی بابەتی و ئامانج دار دەکات بۆ یاسادانەر. لەگەڵ ئەوەشدا لە واقیعی یاساداناندا مەیلی بەردەوام دەبینین بۆ داڕشتنی یاسای سزایی و شارستانی، و ئەو یاسایانەی پەیوەستن بە بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامەگەری و میدیای دیجیتاڵییەوە، کە مۆرکێکی پۆزەتیڤیزمی وشکیان پێوە دیارە، وتێیدا مامەڵە لەگەڵ دەقەکەدا دەکرێت وەک شتێکی پیرۆزی دابڕاو لە کاریگەرییە کۆمەڵایەتییەکەی. فەلسەفەی یاسا ئەم نامۆبوونە ڕەتدەکاتەوە، چونکە پابەندبوون بە یاساوە لە ترسی سزای ماددی “به‌زۆر”ەوە هەڵناقوڵێت، بەڵکو لە باوەڕی ناوەکی بە دادپەروەریی بنەماکە و گونجاندنی لەگەڵ ویژدانی دەستەجەمعیی کۆمەڵگادا سەرچاوە دەگرێت. چونكه‌ کاتێک دەق لە ئەخلاق جیادەبێتەوە، “گەندەڵیی یاسادانان” لەدایک دەبێت.

دیالەکتیکی دەسەڵات و لادان لە یاساداناندا

 لادانی یاسادانان ئەو کونجە تاریکەیە کە دەسەڵاتخوازیی مۆدێرن تێیدا خۆی حەشار دەدات. ئەمە دەستدرێژیکردنە بۆ سەر ڕۆحی دەستوور لەگەڵ پاراستنی ڕووكاریی جەستەکەیدا. لێ کاتێک زۆرینەی سیاسی یاساگەلێک دەردەکات کە بەرژەوەندییە تەسکەکانی خۆی دەپارێزێت، یان پانتایی ڕۆژنامەگەری کۆتوبەند دەکات بە بیانوی پاراستنی دامەزراوەکانی دەوڵەت، ئەوا لە ڕووی ڕێکارەوە کردارێکی یاسایی دروست ئەنجام دەدات، بەڵام لە ڕووی فەلسەفی و ئەخلاقییەوە کردارێکی نزم و بێبەهایە. دەوڵەتی یاسایی ڕاستەقینە تەنها ئەو دەوڵەتە نییە کە دادگایەکی دەستووریی هەیە و بە شێوەیەکی ڕووكه‌شانه‌ چاودێریی پلەبەندیی بنەما یاساییەکان دەکات، بەڵکو ئەو دەوڵەتەیە تێیدا دەسەڵات ملکەچی “باڵادەستیی بنەما دەستوورییەکان”بێت، کە لە ئازادیی و دادپەروەری و یەکسانیدا بەرجەستە دەبن. ماددەی (46)ی دەستووری عێراق پێوەرێکی یەکلاکەرەوەی بۆ ناوەڕۆکەکە داناوە کاتێک دەڵێت: “کۆتوبەندکردن یان دیاریکردنی هەر یەکێک لەو ماف و ئازادییانەی لەم دەستوورەدا هاتوون، تەنها بە یاسا یان لەسەر بنەمای یاسا دەبێت، بەو مەرجەی ئەو دیاریکردن و کۆتوبەندکردنە زیان بە كرۆكی ماف و ئازادییەکە نەگەیەنێت”.

ئەم “كرۆكه‌” ئەو شتەیە کە ڕێبازی لێكهه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی فەلسەفەی یاسایی و ئامانجدار بانگەشەی بۆ دەکات، ئه‌ویش بریتییە لەو سنوورەی لۆژیکی زەبروزەنگی سیاسی لە ئاستیدا دەوەستێت. ئەگەر یاسادانەر دەست بۆ ئەم كرۆكه‌ ببات، ئەوا تاجە گوڵینەی “یاساییبوون” لە سەری دەوڵەت دەکەوێت و پێ دەنێتە قۆناغی “دەوڵەتی هێز و کۆنترۆڵکردن”ەوە.

لێره‌دا هەڵوەشاندنەوەی وەهمەکانی دەوڵەتی یاسایی ، ناچارمان دەکات لە “لێكدانه‌وه‌ی ده‌قا وده‌قی وشک”ی دەقەکانەوە بپەڕینەوە بۆ “لێكدانه‌وه‌ی ئامانجدار” کە بەدوای مەبەستە ڕاستەقینەکانی یاسادانەری دەستووری و بەرژەوەندیی کۆمەڵگادا دەگەڕێت. ده‌بێت ئه‌وه‌ بزانین دەستوور دەقێکی وشكهه‌ڵاتووی مردوو نییه‌ “ئه‌گه‌رچی ده‌ستوور خۆی دوو به‌شه‌ ده‌ستووری نه‌رم و ده‌ستووری ڕه‌ق”، بەڵکو بوونەوەرێکی زیندووە  شەرعیەتی خۆی لە توانای جڵەوکردنی باڵادەستیی دەسەڵات و پارێزگاریكردن له‌ مرۆڤەوە وەردەگرێت. ئه‌گه‌ر ئەندازه‌ دەستوورییە دەرەکییەکە لەگەڵ ناوڕۆكه‌ ئەخلاقییە ناوەکییەکەی دادپەروەریدا یەک نەگرێتەوە، ئەوا “دەوڵەتی یاسا” تەنها وەک وەهمێکی ئەکادیمی، و ئامرازێکی ڕازاوه‌ و دره‌وشاوه‌ دەمێنێتەوە ئه‌وه‌ش بۆ پاساوهێنانەوە بۆ ستەمکاری لەژێر به‌رگیی یاسادا.

هاوشێوە