رێکخراوی ئازادبوون بۆ گەشەپێدانی بەردەوام

ئازادی لە نێوان تاک و کۆمەڵگە

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسين: ئەحمەدی مەلا

ئەمە جەدەلێکی کۆنە، هەمیشە بە تازەیی دووبارە دەبێتەوە. ئازادی من لە کوێ دەوەستێت، ئازادی ئەوییتر تا کوێ بڕ دەکات. منی تاک و ئەوی کۆ دوو دراوی بزۆکن.

کۆمەڵگە پاسەوانی خۆی بەرهەمدەهێنێت و ئەم پاسەوانانە وا دەزانن ئەخلاقی گشتی دەپارێزن، تاک بە پێی هەلومەرجە نوێیەکان دەیەوێ ئازادی زیاتری هەبێت. ئەم جەنگە ساردە بەردەوامە، هەر لایەک پاساوی خۆی هەیە، زۆرجار لە ژێر پاساوی ئەخلاق توندڕەویی ئەنجام دەدرێت.

ئەخلاق پارێزان هەمیشە هاوکێشەی ئازادی و ئەخلاق هەند سادە دەکەنەوە، مرۆڤ تووشی هێڵنج دەکات، وەک ئەوەی لە پشت هەموو ئازادییەکەوە کارێکی بەدئەخلاقانە خۆی مەڵاس دابێت.

ئەوەمان لەبیر دەچێت زانست بە بێ ئازادی، بە بێ رەخنە، بە بێ سەرنج و لێوردبوونەوە ئایدیۆلۆژیا بەرهەمدەهێنێت. ئایدیۆلۆژیا بۆ راگرتنی رەوتی ئاسایی کۆمەڵگەیە، یا بەلایەن کەم ئاڕاستەکردنی کۆمەڵگەیە بۆ ئامانجێکی دیارییکراو.

لە ناوەڕۆکدا ئەمە پێی ناگوترێت جڵەوکردنی جلوبەرگ، بەڵکو، لە پێش جلوبەرگەوە، هەوڵی جڵەوکردنی هزر دەدرێت، هزرێک دەبێ لە ساتەوەختێکی دیارییکراودا راگیردرێت، چونکە، ئەگەر سنووری خۆی تەی کرد کۆمەڵگە بەرەو هەڵوەشانەوە و داتەپین دەبات. بەڵام، ئەوەی لە پشتەوەی چەمکی هەڵوەشانەوە و داتەپین خۆی دەشارێتەوە تەنها کێشەی سێکسە.

سێکس وەک تارماییەک لە هەموو گوتارێک کە سەبارەت بە ئازادی دێتە ئاراوە، خۆی نمایش دەکات. کورتکردنەوەی ئازادییە گشتییەکان بۆ کەفوکوڵی سێکسی، گوزارشت لە کورتبینین دەکات.

بۆیە دەبینین هیچ گوتارێکی ئاینی باسی ئازادی ناکات، نازانی چی بڵێت، بەڵکو خودی ئەم چەمکە دەخاتە دەرەوەی هەموو بایەخ پێدانێکی. ئازادی دەبێ بەو کابووسەی کە گوتاری ئاینی خۆی لێ لادەدات. وەک ئەوەی خودی هەڵبژاردنی ئیمان لە دەرەوەی بژاردەی ئازادانەوە ئەنجام درابێت. ئەگەر بێت و ئاین بژاردەیەکی ئازادانە نەبێت، دەبێتە بەرهەمی ئیستیبداد. واتە، تۆ یا ئیمانداری یا دەبێ دەمت دابخەیت.

دواجار، کۆمەڵگەی ئێمە هەندەی دەمداخراوی دەوێت هەندە نایەوێت لە بارەی ئازادییەکانەوە قسە بکات. ئازادی تەنها سێکس نییە، ئازادی هەموو وردەکارییەکانی ژیانمان دەگرێتەوە. تەنها مرۆڤی ئازاد دەتوانێت ئیماندار بێت، ئەگینا دەبێ بە پاسەوانی خودا، بە مەرجێک خودا پێویستی بە پاسوان نییە، پێشی هەبێت پاسەوانی گەلحۆی وەک تۆی ناوێت!

هاوشێوە