نووسين: د.ئهحمهد فاتح محهمهد
لە سیستەمی سیاسی و یاسایی هاوچەرخدا ڕژێمە كلیپتۆكراتەكان (چهتهكان) تەنها بۆ پڕکردنی گیرفانیان پەنا بۆ وەرگرتنی قەرزی نێودەوڵەتی نابەن، بەڵکو قەرزی سەروەر وەک ئامرازێکی ستراتیژی بۆ ڕەوایەتیيدان بە دەسەڵاتە تاڵانکەریهکەیان بەکاردەهێنن. کاتێک بانکە بیانییەکان و دامەزراوە داراییە فرەلایەنەکان گرێبەستی قەرز لەگەڵ دهسهڵاتدارێكی گەندەڵ واژۆ دەکەن، لە ڕاستیدا دانپێدانانێکی ناڕاستەوخۆ بە ڕهوایهتی سیاسی و یاسایی ئەو دەسەڵاتە دەبەخشن. كلیپتۆكراسی لە ڕێگای ئەم قەرزانە وای نیشان دەدات لایەنێکی باوەڕپێکراوی نێودەوڵەتییە و سەروەریی دەوڵەتی لەدەستدایە، لە کاتێکدا ئەو پارانە نەک ناچێته بهرژهوهندی پێداویستییەکانی کۆمەڵگاوه، بەڵکو دەکرێنە کەرەستەی پاراستنی دهسهڵات و فراوانکردنی تۆڕی دەستکەوتی تایبەتی، و کڕینی بێدەنگیی هێزە دەرەکییەکان لە بەرامبەر گەندەڵییەکانیاندا. بەم جۆرە قەرز دەبێتە مۆرێکی یاساییی نێودەوڵەتی بۆ شاردنەوەی تاوانی دزینی سامانی گشتی. ئەم پرۆسەیە لەژێر پەردەی بنەمای یاساییی بەردەوامیی دەوڵەت دا دەشاردرێتەوە، کە وادەکات دوای نەمانی دەسەڵاتدارە چهتهكان ئەرکی دانەوەی ئەو ملیاران دۆلارە بخرێتە سەر شانی هاووڵاتیان. بەڵام یاسای نێودەوڵەتی بێ وەڵام نییە بەرامبەر ئەم هەڵخەڵەتاندنە، تیۆریی قەرزی نهگریس کە لەلایەن ئەلێکساندەر ساک[i] لە ساڵی 1927 داڕیژراوه بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم شەرعییەتە ساختەیە گهشهی پێدراوه. بەپێی ئەم پرەنسیپە دادوەرییە قەرزێک کە لەلایەن دەسەڵاتێکی ستەمکارەوە بەبێ ڕەزامەندیی گەل وەربگیرێت و بۆ مەرامی تایبەتی خەرج بکرێت، نابێتە پابەندبونێك لهسهر دەوڵەت بەڵکو وەک قەرزێکی شەخسی دەمێنێتەوە. هەرکاتێک لایەنی قەرزار بە نیازی خراپ یان بێباکانە مامەڵەی کردبێت، گرێبەستەکە سیفەتی ڕەوایەتی لەدەست دەدات و دادگاکان دەتوانن پوچهڵی بکەنەوە. لە ڕوانگەی یاسای بەرپرسیارێتیی مەدەنی و گرێبەستەکاندا، پێدانی قەرز بە ڕژێمی كلیپتۆكراسی هاوشێوەی ئهنجام دانی ڕێککەوتنێكه لەگەڵ بریکارێکی ناپاک کە دەسەڵاتەکانی خۆی بهزاندووه ، دادگا نێودەوڵەتییەکان وەک لە دۆسیەی مێژوویی ناوبژیوانیی تینۆکۆ**[ii] 1923دا سەلمێنرا جەخت دەکەنەوە ناتوانرێت شەرعییەتی قەرز بەسەر نەتەوەدا بسەپێنرێت کاتێک بانکە قەرزدەرەکان دەیانزانی ئەو سەروەتە ناچێتە بهرژهوهندی ژێرخان و ئاوەدانیی گشتییهوه. بەشداریکردنی دامەزراوە داراییەکان لە پێدانی ئەم قەرزانە، بە مانای هاوکاریکردن دێت لە تاوانی كلیپتۆكراسیدا، چونکە ناتوانن لە ژێر پەردەی بێلایەنیی داراییدا پاساو بۆ بەهێزکردنی دیکتاتۆریەت و بەهەدەردانی داهاتی گشتی بهێننەوە. لێرەوە پێوەری نەبوونی سودی گشتی هاوكات بهئاگایی خاوهن قهرز، بنەمای هەڵوەشاندنەوەی هەر گرێبەستێکی لەو چەشنە پێکدەهێنن. لەم سۆنگەیەوە پێویستە دەسهڵاتی دهوڵهت دوای كلیپتۆكراسی بێبەریبوونی خۆیان لەم قەرزانە وەک ئەرکێکی یاسایی بۆ ساغکردنەوەی سەروەری تەماشا بکەن، نەک وەک پاشگەزبوونەوە لە پابەندییە نێودەوڵەتییەکان. ئهمهش لە ڕێگای پێکهێنانی لیژنەی سەربەخۆی وردبینیی دارایی، حکومەتەکان دەتوانن ڕاگرتنی کاتیی دانەوەی پابەندییەکان ڕابگەیەنن و دەمامکی ئەو شەرعییەتە هەڵماڵن کە بە پارەی دزراو کڕدراوە. سیستەمی دادوەری دەبێت ئەو ڕاستییە بچەسپێنێت چهتهگهرایی سامان بە بۆند و واژۆی دەوڵەتی تاوانەکە ناکاتە یاسا بەڵکو قەرزدەرانیش بەرپرسیار دەکات لە زیانەکانیان. هەڵوەشاندنەوەی قەرزی نەگریس مافێکی بنەڕەتیی نەوەکانی ئایندەیە بۆ ڕزگاربوون لە باجدان بە تاڵانکاریی حاکمە گەندەڵەکان. تاڵانکردنی گەل شەرعییەتی یاسایی دروست ناکات، و یاسای نێودەوڵەتی ناتوانێت ببێتە پەناگەیەک بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی ئەوانەی سەروەریی دەوڵەتیان کردە قوربانیی كلیپتۆكراسی. کەواتە هەڵوەشاندنەوەی فەرمیی ئەم زنجیرە گرێبەستە نایاساییانە، دەبێتە یەکەمین هەنگاوی مێژوویی بۆ ڕزگارکردنی ئابووریی نیشتمان و چەسپاندنی دادپەروەریی بنەڕەتی لە نێوان نەوەکانی ئایندەدا.
[i] ئهلیكساندهر ناحوم ساك شارهزایهكی بواری یاسا و داراییه به ڕهچهڵهك ڕووسیه و له ئهمریكا دادهنیشت، چهمكی قهرزی نهگریسی گهشهپێداوه.
[ii] دۆسێی دادگای نیودهوڵهتی تینۆكۆ یهكێكه له گرنگترین ڕێسا دادگاییهكانی یاسای نێودهوڵهتی تایبهتمهنده به دداننان به حكومهتهكاندا ولێپرسراوێتی یاساییان.