رێکخراوی ئازادبوون بۆ گەشەپێدانی بەردەوام

ئاڵەنگارییەکانی پرۆسەی ئاشتی

Facebook
Twitter
LinkedIn

کەمپەینی دێواندن و ناوزڕاندن

نووسين: هۆمەر محەمەد

بەرایی

ئەم وتارە خوێندنەوەیەکی شیکاری و هەڵهێنجانە بۆ ئەو دیدگا فکرییانەی خاتوو شارا تاهیر لە وتارەکەیدا بە ناونیشانی (هاواری کۆتاییم: هاوارێکە بۆ ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک — ئاپۆ) خستوویەتیە ڕوو. نووسینەکە هەوڵێکە بۆ گرێدانی تیۆرییەکانی جۆناسان پاوڵ سەبارەت بە دانوستان لەگەڵ ئەو واقیعە سیاسییەی کە ئێستا لە ناو کۆمەڵگەی کوردیدا دەگوزەرێت، بەتایبەتی ئەو کەمپەینە سیستماتیکەی دژ بە عەبدوڵڵا ئۆجەلان و مەزڵووم عەبدی بەڕێوە دەچێت. جێگەی گومانە بۆیە دەکرێت ئەم نووسینە وەک دەرئەنجام و ڕەنگدانەوەیەکی فکریی ئەو شیکارییە ورد و چڕە بێت کە تێیدا تیشک خراوەتە سەر تیۆرییەکانی پاوڵ بۆ دانوستان و ستراتیژییەکانی ئاپۆ بۆ گەیشتن بە ئاشتی.

لێرەدا هەوڵم داوە لەبەر ڕۆشنایی ئەو وتارە زانستییە، تێڕوانینێکی ڕەخنەیی بۆ ئەو ئاستەنگ و کەمپەینە ناڕەزایەتییانە بخەینە ڕوو کە لە ئێستادا وەک بەشێک لە داینامیکی ململانێکە لەئارادان. پرۆسەی ئاشتی و دانوستان لە ململانێیەکی مێژوویی و ئاڵۆزی وەک پرسی کورد، تەنها لەسەر مێزی گفتوگۆکان بەڕێوە ناچێت، بەڵکو مەیدانێکی فراوانی ململانێی ئیرادە و شەرعییەتە لە پشت پەردەکان و لەناو شەقامی سیاسیدا.

دەوڵەتی تورکیا بە باشی درک بەو ڕاستییە دەکات کە گەیشتن بە ئامانجەکەی کە لای ئەوان کۆتاییهێنان بەتیرۆرە و لای ئۆجەلانیش ئاشتییەکی ڕاستەقینەیە. بێ بوونی سەرکردەیەکی کاریزمای وەک ئۆجەلان مەحاڵە، چونکە دەزانن تەنها ئەو دەتوانێت بڕیارە قورسەکانی کۆتاییهێنان بە جەنگ بەسەر جەماوەر و هێزە مەیدانییەکاندا جێبەجێ بکات. لەبەر ئەوە، ستراتیژیی ئێستای تورکەکان لەسەر دروستکردنی درز لە نێوان سێگۆشەی ئیمراڵی، قەندیل و بنکە جەماوەرییەکەیدا وەستاوە، تا لە ڕێگەی پەرتبوونی ئەم یەکگرتووییەوە مەرجەکانی خۆیان بەسەر پەکەکەو ئۆجەلاندا بسەپێنن. ئەمە لە کاتێکدایە کە بزووتنەوەکە بەرەو گۆڕانێکی ستراتیژی هەنگاو دەنێت کە تێیدا ناوەندی قورسایی خەبات لە چەکەوە بۆ سیاسەت و لە حیزبەوە بۆ گەل دەگوازرێتەوە هەتا وەک بکەرێکی کارا بێتە سەر شانۆی بڕیاردان.

لە سەرووی هەموو ئەمانەشەوە، ترسێکی قووڵی دەوڵەت لە دووبارەبوونەوەی ئەزموونی ماندێلایە، کە تێیدا ئۆجەلان لە پشت دیوارەکانی زیندانەوە ببێتە سمبوولێکی جیهانی بۆ چارەسەری سیاسی و ڕزگاریی نەتەوەیی. بۆیە هەموو هەوڵێک دەدات ڕێگری نەک لەمە بکات بەڵکو  پرۆسەیەی دانوستانەکەش وابێت بە کەمترین دەستکەوت بۆ کورد کۆتایی بێت و شەرمەزاری بەردەم تۆرانییەت نەبن. وەک جۆناسان پاوڵ ئاماژەی پێ دەکات، سەرکەوتنی هەر دانوستانێک بە پلەی یەکەم بەندە بە بوونی سەرکردایەتییەکی بەهێز کە توانای کۆنترۆڵکردنی ئەندامانی پارتەکەی و جەماوەری هەبێت. لەم سۆنگەیەوە، ئەو کەمپەین و دەنگە ناڕەزایەتییانەی کە لە ئێستادا دروست دەکرێن، دەکرێت لە سێ ڕەهەندی جیاواز و مەترسیداردا لێک بدرێنەوە کە خزمەت بە پەکخستنی پرۆسەی چارەسەری دەکەن:

١. ڕەهەندی هەواڵگری و پلانی داگیرکەر:

ئەو جوڵانەی کە بە پلانی هەواڵگریی تورکی و هێزە دەرەکییەکان کەوتوونەتە گەڕ، ئامانجیان بەهێزکردنی کەمپەینی ناڕەزایەتی و دیواندنە. ئەمانە دەیانەوێت وای نیشان بدەن کە سەرکردایەتی کورد کۆنترۆڵی جەماوەری نەماوە تا پێگەی کورد لەسەر مێزی دانوستان لاواز بکەن.

٢. ڕەهەندی بێمتمانەیی و دڵسۆزیی و ناهۆشیاریی:

ئەوانەی بێمتمانەن بە دەوڵەت و بەگومانن لەوەی ئەم پرۆسەیەش فێڵێک بێت بۆ فریودان. زۆربەیان خەڵکە دڵسۆزە سادە و ساکارەکەن کە لەبەر بێزاری لە ستەم و بەهۆی نەبوونی وردبوونەوەی سیاسی، دەکەونە دوای عەوام و داوی دەزگا سیخوڕییەکانەوە. ئەوەی ئەمانە دەیڵێن، ئەگەرچی لە دڵسۆزییەوەیە، بەڵام بە ناڕاستەوخۆ دەچێتە خانەی بەرژەوەندیی دەوڵەتەوە نەک کورد.

٣. ڕەهەندی ڕق و بەرژەوەندیی سیاسیی تەسک:

ئەوانەی بەهۆی ڕق لە پەکەکە یان ترسیان لە پەراوێزکەوتن، وا هەست دەکەن سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەری لە تورکیا زیانی بۆ پێگەی سیاسی و ناوبانگی ئەوان هەیە. ئەمانە بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی حیزبی و شەخسی خۆیان، هەوڵی تێکدانی کەشوهەوای متمانە و ناوزڕاندنی سەرکردایەتی پەکەکە دەدەن. ئەمەش لەهیرشکردنە سەر ئۆجەلان و پرۆسەی ئاشتی و مەزڵوم عەبدیدا بەڕوونی دەردەکەوێ.

٤. ئەرکی ڕۆشنبیر لە بەردەم فێڵەکانی داگیرکەردا:

بۆیە ئەرکی ڕۆشنبیر، نووسەر و ئەکادیمییەکان لێرەدا قورستر و هەستیارتر دەبێت. هۆشیاریی سیاسی تەنها بریتی نییە لە لایەنگری یان دژایەتیکردنی لایەنێک، بەڵکو تێگەیشتنە لەو داو و فێڵە ستراتیژییانەی کە داگیرکەران بۆ تێکدانی ئیرادەی نەتەوەیی دەیچێنن. ئەگەر ڕۆشنبیرێک لانی کەمی هۆشیاریی بۆ ئەم جۆرە فێڵ و داوانەی داگیرکەران نەبێت، ئەوا هەرچەندی خەمخۆر و دڵسۆز بێت، سەرئەنجام بەرهەمی کارەکانی هەر دەچێتەوە خزمەتی داگیرکەران. کەواتە ڕۆشنبیر دەبێت بتوانێت لە پشت پەردەی دروشمەکانەوە، ئامانجە هەواڵگرییەکان ببینێت و ڕێگە نەدات دڵسۆزیی خەڵکی سادە ببێتە سوتەمەنی ماشێنێک بۆ هاڕین و بێهێزکردنی کورد لە کاتە چارەنووسسازەکاندا. پاراستنی شەرعییەتی نوێنەرایەتیی کورد لەم قۆناغەدا، نەک تەنها ئەرکێکی سیاسی، بەڵکو بەرپرسیارێتییەکی نەتەوەیی و مێژووییە.

٥. بەرپرسیارێتی زیاتر:  

پێویستە ئاماژە بە بەرپرسیارێتیی بزووتنەوەی پەکەکە و لایەنگرانی بدرێت لە چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم دۆخەدا. بەداخەوە، بەشێکی زۆر لە لایەنگرانی ئەم بزووتنەوەیەش نەک هەر نەبوونەتە بەربەست لە بەردەم کەمپەینەکانی ناوزڕاندندا، بەڵکو خۆشیان بە پەرچەکرداری توند دەکەونە ناو هەمان داوی دیواندن و شکاندنی نەیارەکانیان. ئەم جۆرە مامەڵەیە، کە دەنگە ڕەخنەگرەکان و تەنانەت ئەو کەسانەش دەپێچێتەوە کە بە نائاگایی کەوتوونەتە ناو داوی دەزگا سیخوڕییەکان، ئەمەش دەبێتە هۆی قووڵکردنەوەی درزە ناوخۆییەکان و تێکدانی کەشوهەوای لێکتێگەیشتن.

 لێرەدا پەکەکە و پشتیوانانی بەرپرسیارن کە لەبری پەنابردن بۆ گوتاری زبر و تۆمەتبارکردنی لایەنەکان، بە زمانێکی سیاسیی دانسقە و لۆژیکی، ڕاستییەکان بۆ جەماوەرەکەیان ڕوون بکەنەوە و جیاوازی لە نێوان نەیاری ستراتیژی و کەسانی دڵسۆزی خەڵەتێنراودا بکەن. چونکە بەردەوامبوون لە شکاندنی بەرامبەر، لە کۆتاییدا هەر خزمەت بەو پیلانە دەکات کە دەیەوێت نێوانماڵی کورد بە پەرتبوویی نیشانی جیهان بدات و ئیرادەی پێشکەوتنی پرۆسەی ئاشتی پەک بخات.

هاوشێوە