نوسین: شارا تاهیر
بەشی دووەم و کۆتایی
تەواوی بابەتە بە PDF:
“جیاوازیی سەرەکی لەنێوان دانوستان و یاری شەترەنج ئەوەیە کە لە کردەوەدا، دانوستان هیچ یاسایەکی جێگیر و پێشوەختەی نییە، جگە لەو یاسایانەی کە یەکێک لە لایەنەکان بتوانێت بەسەر پرۆسەکەدا بسەپێنێت[1]“.
مێژووی جەنگە درێژخایەنەکان تەنها مێژووی خوێن ڕشتن و پێكدادانی هێزە دژ بەیەکەکان نییە؛ بەڵکو مێژووی گەڕانیشە بەدوای ئەو ساتەی هێزەکان لە مەیدانی جەنگ دەگەڕێنەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ. هەر جەنگێک، هەرچەندە بە هەموو توانای خۆیەوە درێژ بکرێتەوە، لە کۆتاییدا ڕووبەڕووی پرسیارێک دەبێتەوە کە هیچ چەکێک ناتوانێت وەڵامی بداتەوە ئەویش پرسیاری: چۆن کۆتایی بە جەنگ بهێنین؟
ئەم ساتە تەنها کۆتایی هێنان بە شەڕ نییە؛ بەڵکو دەستپێکی گۆڕان و قۆناغێکی نوێی سیاسییە. لەوێدا، پرسیاری “کێ شەڕەکە دەباتەوە؟” دەگۆڕێت بۆ “چۆن دەتوانین لەگەڵ یەکدی بژین؟”. چونکە جەنگ دەتوانێت هێزەکان بگۆڕێت، دوژمن لاواز بکات، هاوسەنگییە سیاسییەکان بگۆڕێت و تەنانەت دۆخی ناوچەیەک بە تەواوی بگۆڕێت؛ وەلێ بە تەنیا ناتوانێت ئەو کێشە سیاسییە بنەڕەتییە چارەسەر بکات کە لە بنەڕەتدا هۆکاری هەڵگیرسانی شەڕ و پێکدادان بووە0
بەم مانایە، مێزی دانوستان دەبێتە جێگای مەیدانی جەنگ، وشە و گفتوگۆ دەبنە بەدیل و ئەڵتەرناتیڤی چەک. بەڵام گواستنەوە لە مەیدانی شەڕەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ، هەرگیز کارێکی ئاسان نییە، بەڵکو ڕێگەیەکی کاکی بە کاکییە و پڕە لە هەڵکشان و داکشان. پرۆسەیەکە پێویستی بەوەیە لایەنەکان، لەگەڵ هەموو دوژمنکاریی، بێ متمانەیی بەیەکدی و بیرەوەرییە ناخۆشەکانی ڕابردوویان، بتوانن یەکدی نەک تەنها وەک “دوژمن”، بەڵکو وەک بەرامبەرێک ببینن .بەرامبەرێک کە دەبێت لەگەڵیدا قسە بکرێت و چارەسەرێک بۆ داهاتووی هەردوولا پێکەوە بدۆزرێتەوە. بە مانایەکی دیکە، خودی “دوژمنکاری” تەنها لە کرداردا نییە؛ بەڵکو پەیوەندییەکی زۆری بەو چاویلکەیەوە هەیە کە لە ڕێگەیەوە سەیری بەرامبەرەکەمان دەکەین. ئەو کەسەی لە چاوی تۆوە “شەڕەڤانی ئازادییە”ە، لە چاوی بەرامبەرەکەتەوە”دوژمنەکەتەوە”بە “تیرۆریست” دەیبینێت؛ و ئەوەی بۆ تۆ “داواکاریی ماف”ە، بۆ ئەوی بەرامبەر و دوژمن “هەڕەشەیە بۆ یەکپارچەیی و سەقامگیریی وڵات”.
ئەگەر ئەم هاوکێشەیە لە پەیوەندیی نێوان دەوڵەتی تورکیا و بزوتنەوەی پەکەکەدا تەماشا بکەین، ئەوا جیاوازیی دوو چاویلکەکە بە ڕوونی دەردەکەوێت. لە چاویلکەی زۆرێک لە کوردەوە، خۆمان بە خاوەنی ماف دەبینین و بەرخودان و خەبات بۆ ئازادی و مافە نەتەوەییەکانمان بە بەشێک لە مێژووی خەباتی کورد دەزانین؛ دروستکردنی دەوڵەتی کوردی بە تایبەتی لە قۆناغە سەرەتاییەکانی خەباتی ئۆجەلان، پێش دەستگیرکردن و زیندانیکردنی ئامانجی گەورەی بزوتنەوەکە بوو. لە بەرامبەردا، لە چاویلکەی دەوڵەتی تورکیایەوە، هەمان بەرخودان و داواکاریی مافە سیاسی و یاساییەکان، پێش و دوای زیندانیکردنی ئۆجەلان، بە شێوەیەکی جیاواز لێکدراونەتەوە؛ پەکەکە نەک بە بزوتنەوەیەکی خاوەن ماف بەڵکو، بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ناسێنراوە و ئەندام و چەکدارەکانی بە “تیرۆریست” ناوبراون ئەمیش هەر لە سەر ئاستی تورکیادا نا بەڵکو لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی[2].
ئەم جیاوازییە لە ناوناندا، تەنها جیاوازیی وشە نییە؛ بەڵکو جیاوازییە لە شێوازی تێگەیشتن لە ڕابردوو، ئێستا و داهاتوو. هەربۆیە یەکێک لە قورسترین هەنگاوەکانی هەر پرۆسەیەکی ئاشتی ئەوەیە کە بتوانیت لەگەڵ ئەو کەسە قسە بکەیت کە ساڵانێک لە دژی تۆ وەستاوە؛ ئەوەی دوژمنی تۆ بووە، لەگەڵ تۆ شەڕی کردووە و لە هەردوو لاوە ئازار و بیرەوەرییە قورسەکان بەجێ ماوە.
لێ ڕاستییەکە ئەوەیە کە ئاشتی لەو ساتەوە دەست پێ دەکات کە گفتوگۆکردن لەگەڵ دوژمن دەبێتە هەڵبژاردەیەک. زۆر جار دیمەنەکانی پەرلەمانی تورکیامان بینیوە؛ دیمەنەکانی مشتومڕ، تووڕەیی و ناکۆکی لەسەر پرۆسەی ئاشتی و گفتوگۆ لەبارەی ئۆجەلان. لە دانیشتنی ١٤ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥یش، گفتوگۆیەکی توند لەنێوان پەروین بوڵدان و توڕهان چۆمەز ڕوویدا. چۆمەز بە وشەیەکی توند ڕووی لە بوڵدان کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو لەسەر کورسیی ئەتاتورک دانیشتووە، و لە هەمان کاتدا بە سەردانی ئیمڕاڵی و گواستنەوەی پەیامەکانی ئۆجەلانەوە، ڕەخنەی توندی ئاراستەی کرد.
بوڵدانیش بەبێ ئەوەی لە توندیی قسەکەی چۆمەز بترسێت، وەڵامێکی ڕوون و قایمی دایەوە؛ ئەوەی ئەو دەیکات، بۆ سادەکردنەوەی ڕابردوو یان پشتگوێخستنی ئازارەکانی نییە، بەڵکو بۆ ئەوەیە ڕێگایەک بۆ داهاتوو و بۆ ئاشتی بکرێتەوە. ئەم دیمەنە لە پەرلەماندا تەنها مشتومڕێکی سیاسی نەبوو؛ بەڵکو وێنەیەکی بچووکی ئەو ڕاستییە گەورەیە بوو کە هەر پرۆسەیەکی ئاشتی لەگەڵیدا ڕووبەڕووی دەبێتەوە: چۆن دەتوانیت لەگەڵ کەسێک گفتوگۆ بکەیت کە ڕابردووتان لەگەڵ یەکدی پڕە لە شەڕ، کوشتار و خوێن ڕشتن؟
هەڵبەت ناونان و پۆلێنکردنی کەس و ڕێکخراوەکان هەمیشە شتێکی جێگیر نییە. ماندێلا، کە خۆی ساڵانێک لە زیندان بەسەر برد، لە ساڵی ٢٠٠٠ لە بەرنامەی Larry King Live باس لە گۆڕانی ئەو ناونانە سیاسییە کرد و وتی: “دوێنێ پێیان دەگوتم تیرۆریست؛ بەڵام کاتێک لە زیندان هاتمە دەرەوە، زۆر کەس پێشوازییان لێم کرد، لەوانەش دوژمنەکانم”.
ئەم گوتەیەی ماندێلا ئەوەمان بیر دەخاتەوە ئەوەی ئەمڕۆ بە ناوی “دوژمن» یان «تیرۆریست” دەناسرێت، دەشێت لە داهاتوودا ببێتە بەشێک لە پرۆسەیەکی سیاسی و ئاشتی. ئەمە بە مانای لەبیرکردنی تاوان و ڕابردوو نییە؛ بەڵکو مانای ئەوەیە کە ڕابردوو نابێت هەمیشە داهاتوومان دیاری بکات.
لە کۆتاییدا، ئێمە تەنها دوو ئامرازی سەرەکیمان هەیە: یان شەڕکردن یان گفتوگۆکردن. سەرکردەکان بەرپرسیارن لەوەی لە وانەکانی مێژوو فێرببن و هەموو ئەو ڕێگایانە تاقی بکەنەوە کە دەتوانێت لە دووبارەبوونەوەی زیان و لەدەستدانی بێهۆی زیانەکان ڕێگری بکات. چونکە پشتگوێخستنی ئەو ڕێگایەی کە دەتوانێت شەڕ کۆتایی پێبهێنێت، لەوانەیە زیانێکی دیکەی مێژوویی بێت. ئاشتی بە لێبوردن لە ڕابردوو بەدەست نایەت؛ بە هەڵوێستێکی هۆشیارانە، ووردبین و ستراتیژیک بەرامبەر داهاتوو بەدەست دێت.چونکە ئامانجی گفتوگۆ ئەوە نییە ڕابردوو بسڕێتەوە یان مێژوو بگۆڕێت؛ بەڵکو ئامانجی سەرەکیی ئەوەیە ڕێگە لە بەردەوامبوونی خوێنڕشتن بگرێت و نەوەکانی داهاتوو ناچار نەکات میراتگریی شەڕ و ناکۆکییەکانی ئەمڕۆبن. لەوانەیە هەر ئاشتییەکی ڕاستەقینە لەو ساتەوە دەست پێ بکات کە مرۆڤ، دوژمنەکەی تەنها وەک “دوژمن” نەبینێت، بەڵکو وەک ئەو بەرامبەرەی ببینێت کە ناچارە بۆ دروستکردنی داهاتوو لەگەڵیدا گفتوگۆ بکات. لێرەدا دانوستان لە ئاستی قسەکردن و سازان تێدەپەڕێت و دەگۆڕێت بۆ هونەر و زانستی دروستکردنی ڕێگایەکی هاوبەش بۆ داهاتوو.
لە ڕوانگەی جۆناثان پاوڵەوە، دانوستان تەنها هونەری قسەکردن، مامەڵەکردن یان گەیشتن بە سازان نییە؛ بەڵکو هونەری دروستکردنی ئەو دۆخە سیاسی و ئەمنییەیە کە دوژمنانی پێشووتر بتوانن، دوای ساڵانێک لە ڕووبەڕووبوونەوە، لەسەر مێزی دانوستان دابنیشن و لەبری بەردەوامکردنی گفتوگۆ لەسەر ڕابردوو، دەست بکەن بە دانان و گفتوگۆکردن لەسەر داهاتوو. بەم مانایە، دانوستانکار تەنها چارەسەری ناکۆکییەکە نییە؛ بەڵکو دەبێت مەرج و ژینگەی سیاسیی پێویست بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکە دروست بکات.
پاوڵ بۆ ڕوونکردنەوەی قورسایی و ئاڵۆزیی پرۆسەکانی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئاماژە بە وتەیەکی بەناوبانگی شیمۆن پێرێس دەکات :”هەواڵی باش ئەوەیە کە لە کۆتایی تونێلەکەدا ڕووناکی هەیە؛ هەواڵی خراپ ئەوەیە کە هیچ تونێلێکمان نییە”. مەبەستی پێرێس ئەوەیە کە لایەنەکان لەوانەیە تا ڕادەیەکی زۆر بزانن ڕێککەوتنی کۆتایی چ شێوەیەکی دەبێت، بەتایبەتی لە بابەتە هەستیارەکانی وەک خاک و سنوور، پەنابەران و پرسی قودس؛ بەڵام کێشەی سەرەکی لە ناسینەوەی “ئامانج”دا نییە، بەڵکو لە نەبوونی ڕێگایەکی کرداری، هەنگاوبەهەنگاو و جێگیر بۆ گەیشتن بەو ئامانجەدایە.
لەو بارودۆخە ئاڵۆزانەدا، ئەرکی سەرەکیی دانوستانکار ئەوە نییە تەنها لەسەر شێوەی ڕێککەوتنی کۆتایی گفتوگۆ بکات؛ بەڵکو دەبێت ئەو “تونێلە” دروست بکات کە لایەنەکان بتوانن بە هەنگاوە بچووک، بەردەوام و پشتڕاستکراوەکاندا تێیدا پێشبکەون. ئەم ڕێگایە دەبێت بتوانێت متمانە دروست بکات، ترس و گومان کەم بکاتەوە و هەر ناکۆکییەکی نوێ بە هۆیەکی وەستاندنی تەواوی پرۆسەکە نەگۆڕێت. بەم پێیە، پێش ئەوەی لایەنەکان بتوانن بە “ڕووناکیی کۆتایی تونێل” بگەن، پێویستە سەرەتا خۆی تونێلەکە دروست بکرێت؛ چونکە لە پرۆسەی ئاشتییەکی جێگیر، ڕێگای گەیشتن بە ئامانج هێندەی خودی ئامانجەکە گرنگە.
پاوڵ ئەم تێگەیشتنە تەنها لە کتێب و تیۆرییەوە وەرینەگرتووە. ئەزموونی ئەو لە پرۆسەی ئاشتیی ئیرلەندا، و دواتر بەشداریی لە هەوڵەکانی دانوستانی نێوان کورد و تورکیا لە ساڵانی ٢٠١٣ و ٢٠١٥، وای کردووە بە نزیکەوە ببینێت کە دانوستان چۆن لە نێوان دوژمنایەتی و متمانە، لە نێوان ترس و هیوا، و لە نێوان جەنگ و ئاشتی ڕێگای خۆی دەدۆزێتەوە.
ساڵانی ٢٠١٣ و ٢٠١٥، بەشێکن لە بیرەوەریی سیاسیی پرۆسەی دانوستانی کورد و تورکیا؛ قۆناغێک کە هیوای گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسی بۆ کێشەی کورد، و گەڕان بەدوای ڕێگایەکی نوێ بۆ کۆتاییهێنان بە چەندین دەیەی ململانێ، بۆ ماوەیەک بە شێوەیەکی بەرچاو گەشەی کرد و دواتریش شکستی هێنا. ئەزموونی پاوڵ لەو پرۆسەیەدا ئەوەیە کە دانوستان لە ئاستی وشە و پەیامە سیاسییەکان دەردەهێنێت و دەیخاتە ناو جیهانی واقعیی متمانەسازی، هەنگاو بە هەنگاو، و حسابکردنی هەموو وشە و هەموو هەنگاوێکی سیاسی.
لە دیدی پاوڵەوە، دانوستان بە مانای پەسەندکردنی دوژمن نییە؛ بە مانای لەبیرکردنەوەی ڕابردوو نییە؛ و وەکچۆن بە مانای دەستبەرداربوون لە بنەما و مافە سیاسییەکانیش نییە. دانوستان، لە قووڵترین ماناکەیدا، داننانە بەو ڕاستییەی کە هەندێک کێشەی سیاسی بە هێزی چەک چارەسەر نابن، و ئەوەی جەنگ نەیتوانیوە بەدەستی بهێنێت، دەکرێت لە ڕێی سیاسەتەوە چارەسەر بکرێت.لێرەدا ئەزموونی جۆناثان پاوڵ دەبێتە پەنجەرەیەک بۆ تێگەیشتن لە هونەری دانوستان. پاوڵ، بە پشتبەستن بە ئەزموونی پرۆسەی ئاشتیی ئیرلەندا و کارکردن لەگەڵ لایەنە چەکدارەکان، لە بنەڕەتدا باسی ڕاستییەکی سادە دەکات کە زۆرجار لە سیاسەتدا پەسەندکردنی قورسە ئەویش گەر نەتوانیت دوژمنەکەت لەناوببەیت، لە کۆتاییدا دەبێت فێری ئەوە بیت چۆن لەگەڵی قسە بکەیت. لێرەدا دانوستان، بە مانای تەسلیمبوون یان کورد واتەنی بە مانای ئاشبەتاڵ نییە؛ وەکچۆن پەسەندکردنی دوژمن نییە؛ پشتکردن لە مافەکان نییە. بەڵکو، دانوستان لە سادەترین پێناسەیدا ناسینەوەی ئەو سنوورەیە کە هێز لەوێدا کۆتایی دێت و سیاسەت دەبێت کاری خۆی بکات.
بۆیە پرسیاری سەرەکی لە هەر پرۆسەیەکیی ئاشتی ڕاستەقینەدا ئەوە نییە کە “ئایا دەبێت دانوستان بکەین؟”؛ بەڵکوو پرسیارەکە ئەوەیە:کەی دەبێت دانوستان دەست پێ بکات؟ چۆن دەبێت بەردەوام بێت؟ چۆن دەتوانێت لە گفتوگۆوە بگاتە ڕێککەوتن؟
ئەم پرسیارانە بۆ کورد و تورکیا تەنها پرسیاری ئەمڕۆ نین؛ بارێکی مێژوویی و ساڵانێک لە خوێن ڕشتن و خەباتکردن لە پشتەوەیانە. لە پشت هەر وشەیەکی دانوستان، دەیان ساڵ ململانێ، قوربانی، بێمتمانەیی، زیندان، ئاوارەیی و شکستی هەوڵەکانی پێشوو هەیە. لەبەر ئەوە، هەر هەنگاوێک بەرەو گفتوگۆ، تەنها هەنگاوێکی دیپلۆماسی نییە؛ بەڵکو هەنگاوێکە لە دنیای جەنگ بەرەو دنیای سیاسەت.
ئەمڕۆ، کاتێک پرۆسەیەکی نوێ لە نێوان کورد و تورکیا جارێکی تر بووەتە بابەتی گفتوگۆ و هەڵسەنگاندنی سیاسی، ئەزموونی ساڵانی ٢٠١٣ تا ٢٠١٥ ناتوانرێت لەبیر بکرێت. ئەو ئەزموونە تەنها پەڕەیەک لە کتێبی مێژوو نییە؛ بەڵکو وانەیەکی زیندووە لەسەر ئەوەی پرۆسەی ئاشتی چۆن دەست پێ دەکات، چۆن متمانە دروست دەبێت، لە کوێدا لاواز دەبێت و لە هەموو شتێک گرنگتر، چۆن دەتوانین لە هەڵەکانی ڕابردوو فێر بین. چونکە ئاشتی تەنها بە بێدەنگبوونی چەکەکان دروست نابێت. بێدەنگبوونی چەکەکان دەتوانێت دەستپێکی ئاشتی بێت، بەڵام ئاشتیی ڕاستەقینە ئەو کاتە دەست پێ دەکات کە لایەنەکان بتوانن لە پشت دیواری بێ متمانەیی و ترس و بیرەوەرییە ناخۆشەکانی ڕابردووەوە، یەکدی ببینن؛ ئەو کاتەی “دوژمن” هێواش هێواش دەبێتە “بەرامبەر”، ئەو کاتەی پرسیاری “کێ دەباتەوە؟” جێگای خۆی دەدات بە پرسیاری گرنگتر:”چۆن دەتوانین پێکەوە بژین؟”.
لەو چوارچێوەیەدا، بۆچوون و ئەزموونی جۆناثان پاوڵ گرنگییەکی تایبەتی هەیە. پاوڵ، کە خۆی لە قۆناغێکدا بەشێک بووە لە پرۆسەی ئاشتیی تورکیا و لەگەڵ بەرپرسانی تورک و نوێنەرانی کورد کۆبووەتەوە، هەوڵی داوە ئەزموونی ئیرلەندا وەک سەرچاوەیەک بۆ تێگەیشتن و ڕێنماییکردنی پرۆسەکە بەکاربهێنێت. بەڵام گرنگترین خاڵ لە دیدگای پاوڵ ئەوەیە کە ئەزموونی ئیرلەندا دەکرێت وەک چرایەک ڕێگا پیشان بدات، بەڵام ناتوانرێت وەک پەکێجێکی ئامادە لە وڵاتێکەوە بخرێتە ناو وڵاتێکی دیکە.
پاوڵ لە ساڵی ٢٠١٥، لە ئیستانبوڵ بە ڕوونی جەختی لەوە کردەوە کە “مۆدێلی ئیرلەندا” ناتوانرێت بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ تورکیا کۆپی بکرێت؛ چونکە هەر ململانێیەکی سیاسی مێژوو، تایبەتمەندی، پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و دینامیکی تایبەتی خۆی هەیە. ئەوەی لە شوێنێک کاریگەریی هەبووە، لە شوێنێکی دیکە پێویستی بە گۆڕانکاری و گونجاندن هەیە.
لە هەمان کاتدا، پاوڵ بەرامبەر پرۆسەی “چارەسەر” لە تورکیا گەشبین بوو و گرنگییەکی زۆری بەوە دەدا کە لایەنەکان لە ئەزموونی یەکدی و لە ئەزموونی ململانێکانی دیکەی جیهان فێرببن، بەڵام چارەسەری کۆتایی لە ناو خودی کۆمەڵگا و مێژووی ئەو وڵاتەوە سەرهەڵبدات. لە ڕوانگەی پاوڵەوە، ئەزموونی ئیرلەندا نابێت ببێتە “مۆدێلێک بۆ کۆپیکردن”، بەڵکو دەبێت ببێتە ئاوێنەیەک بۆ بیرکردنەوە؛ ئاوێنەیەک کە لایەنەکان لە ڕێگەیەوە بتوانن، بزانن چۆن متمانە دروست دەکرێت، چۆن گفتوگۆ لەگەڵ بەرامبەر دەکرێت، چۆن دەتوانرێت لە دوژمنایەتییەکی درێژخایەنەوە بەرەو هاوبەشییەکی سیاسی بڕۆیت، و چۆن هەڵەکانی ڕابردوونەبێتە بەربەستێک بۆ داهاتوو.
پاوڵ بیر و بۆچوونەکانی خۆی سەبارەت بە ئەزموونی تورکیا و پرۆسەی ئاشتی لە چەند خاڵێکی سەرەکی کورت کردووەتەوە؛ خاڵگەلێک کە هەر یەکەیان دەتوانێت ببێتە دەستپێک بۆ گفتوگۆیەکی قووڵتر لەسەر ئەوەی لە پرۆسەی پێشوودا چی فێربووین و ئەمجارە چۆن دەتوانین ڕێگایەکی جیاواز بگرین. لێرەدا دید و بۆچوونەکانی پاوڵ لەسەر ئەو ئەزمونە بە چەند خاڵێک دەخەمەڕوو.
1-گفتوگۆکانی ئیمڕالی و پرۆسەی چارەسەر
بە ڕای پاوڵ، کێشەی کورد لە تورکیا یەکێکە لەو کێشە درێژخایەن و ئاڵۆزانە کە چارەسەرکردنی بە تەنها بە ئامرازە سەربازی و ئەمنییەکان نەیتوانیوە کۆتایی پێ بهێنێت. ئەم ململانییە لە ماوەی چەند دەیەیەکدا تەنها بە شێوەیەکی سەربازی نەماوەتەوە، بەڵکو ڕەهەندە سیاسی، نەتەوەیی، کۆمەڵایەتی، دیمۆگرافی و نێودەوڵەتییە جۆراوجۆرەکانی لەخۆگرتووە. بۆیە، تێگەیشتن لە چۆنیەتی دروستبوون و بەردەوامبوونی ئەم ململانییە و هەروەها هەڵسەنگاندنی هەوڵەکانی بۆ چارەسەر پێویستی بە لێکدانەوەی کێشەکە لە چوارچێوەیەکی فراوانتر هەیە.
پاوڵ لە شیکردنەوەی کێشەی کوردی جەخت لەوە دەکاتەوە کە ململانێی نێوان پەکەکە و حکومەتی تورکیا تەنها شەڕێکی سەربازی نییە، بەڵکو پرسیارەکانی ناسنامە، ماف بڕیاری چارەنوس (self-determination) بەشێکی گرنگ لە بنەمای ئەم ناکۆکییە پێک دەهێنن. لە ڕوانگەی ئەوەوە، ئەم ململانێیە دەتوانرێت لە چوارچێوەی ناکۆکی جیابوونەوەیی (secessionist conflict) تێبگەین؛ چونکە لە مێژووی ئەم کێشەیەدا پرسیاری ناسنامەی کوردی و داواکارییە سیاسییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو ڕۆڵیان هەبووە.
لەگەڵ ئەمەشدا، پاوڵ لە شیکردنەوەی هۆکارەکانی بەردەوامبوونی کێشەی کورد لە تورکیا، تەنها بە فاکتەری سیاسی و سەربازی نەوەستاوە، بەڵکو پێکهاتەی دیمۆگرافیی کۆمەڵگاش وەک یەکێک لە فاکتەری کاریگەرەکان دەخاتەڕوو. ئەو، بە پشتبەستن بە هەندێک توێژینەوەی ئەکادیمی، باسی دیاردەی «زۆربوونی گەنجان» (Youth Bulge) دەکات و ئاماژە بەوە دەدات کە لە ناوچە کوردنشینەکانی تورکیا، بەتایبەتی لەنێوان پیاوانی تەمەن ١٥ تا ٢٩ ساڵ، ڕێژەی گەنجان بەرز بووە. لە هەندێک لێکۆڵینەوەدا، پەیوەندییەکی مێژوویی لەنێوان بەرزبوونەوەی ڕێژەی ئەم گرووپە تەمەنییە و ئەگەری سەرهەڵدان و بەردەوامبوونی توندوتیژی و شۆڕشە چەکدارەکاندا دانراوە. بەپێی ئەم ڕوانگەیە، پێکهاتەی دیمۆگرافی، بەتایبەتی کاتێک لەگەڵ بێکاری، هەژاری، کەمیی دەرفەت و فاکتەری سیاسییەوە کۆ دەبێتەوە، دەتوانێت بوارێک بۆ درێژبوونەوەی ناکۆکی دروست بکات.
بەڵام، ئەم ڕاڤەکردنە پێویستی بە هەڵسەنگاندنێکی ڕەخنەگرانە هەیە؛ چونکە گەنجبوون بە خۆی ناتوانێت هۆکاری ڕاستەوخۆی بەرخودان، توندوتیژی یان بەردەوامبوونی بزوتنەوەیەکی سیاسی بێت. ئەگەر تەنها زۆربوونی گەنجان و دۆخی ئابووری بەس بێت بۆ ڕوونکردنەوەی سەرهەڵدانی خەبات، ئەوا دەبوو هەموو کۆمەڵگایەک کە ڕێژەی گەنجانی تێدا بەرزە و بێکارییەکی بەرزی هەیە، بە هەمان شێوە ڕووبەڕووی خەبات و توندوتیژی ببێتەوە؛ بەڵام ئەمە لە ڕاستیدا وا نییە. بۆیە، «زۆربوونی گەنجان» دەتوانێت فاکتەرێکی لاوەکی بێت، بەڵام ناتوانرێت وەک هۆکاری سەرەکی و سەربەخۆی ناکۆکی لێک بدرێتەوە.
لە مێژووی بزوتنەوەی کوردی لە تورکیاشدا، بەشداریی گەنجان و هێزی بەرخودان تەنها بە دۆخی ئابووری و نەبوونی دەرفەتی کار لێکنادرێتەوە. بەڵکو ئەم بەشدارییە لە چوارچێوەی کۆمەڵێک فاکتەری قووڵتر، وەک ناسنامە، هەستی بەرپرسیاریی کۆمەڵایەتی، ئەزموونی مێژویی، بیرکردنەوەی سیاسی و باوەڕ بە ماف و مافی دیاریکردنی چارەنووس، شێوەی گرتووە. ئەمەش واتە گەنجی بەشدار لە بزوتنەوەکە نابێت تەنها وەک تاکێک ببینرێت کە لەبەر بێکاری یان نەبوونی دەرفەتی ئابووری ڕوو لە خەبات کردووە؛ بەڵکو دەبێت وەک ئەکتەرێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی تێبگەین کە هەڵوێستەکەی لە پەیوەندییەکی ئاڵۆز لەنێوان ناسنامە، باوەڕ، ئەزموونی مێژوویی و داواکارییە سیاسییەکاندا دروست دەبێت.
هەربۆیە، فاکتەری دیمۆگرافی دەتوانێت لە شیکردنەوەی پاوڵدا وەک مەرجێکی لاوەکی و یارمەتیدەر بۆ مەترسیی هەڵکشانی ناکۆکی گرنگ بێت، بەڵام نابێت ببێتە ڕاڤەکاریی تەواو بۆ کێشەیەکی گەورەی وەک کیشەی کورد یاخود هێزی بەرخودان و بەردەوامیی بزوتنەوەکە. ڕاڤەکردنی ئەم دیاردەیە پێویستی بە تێڕوانینێکی چەند فاکتەری هەیە؛ تێڕوانینێک کە دیمۆگرافی لەگەڵ فاکتەری سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، ناسنامەیی و مێژوویی لە یەک چوارچێوەدا کۆبکاتەوە. لەم ڕوانگەیەوە، گرنگترین پرسیار تەنها ئەوە نییە کە «چەند گەنج هەیە و چەند بێکاری هەیە؟»، بەڵکو ئەوەیە کە گەنجان لە چ جۆرە ژینگەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە هەست بە ناکۆکی و نادادپەروەری دەکەن، چۆن ناسنامە و باوەڕەکانیان شێوە دەگرێت، و چی وای لێ دەکات بەرخودان و بەشداریی سیاسی وەک هەڵبژاردەیەکی مانادار ببینن؟
لە نێوان ڕووداوە گرنگەکانی مێژووی ئەم ململانێیەدا، پاوڵ گرنگییەکی تایبەت بە دەستگیرکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە کینیا لە ساڵی ١٩٩٩ دەدات. بەڕای ئەو، دەستگیرکردنی سەرکردەیەکی کاریزماتیکی وەک ئۆجەلان توانای ئەوەی هەبوو بۆ ماوەیەکی کاتی ئاستی توندوتیژی و پێکدادانەکان کەم بکاتەوە، بەڵام نەیتوانی بە تەواوی کۆتایی بە ململانێی چەکداری بهێنێت. ئەمەش نیشان دەدات کە چارەسەرکردنی کێشەکە بە تەنها لە ڕێگەی لاوازکردن یان هەڵوەشاندنەوەی سەرکردایەتی PKK و دەستگیرکردنی ئۆجەلانەوە دەستەبەر نابێت؛ بەڵکو پێویستی بە پرۆسەیەکی سیاسی و گفتوگۆیی هەیە کە بتوانێت لەگەڵ هۆکار و بنەما سەرەکییەکانی ململانێیەکە مامەڵە بکات.
لەو چوارچێوەیەدا، گفتوگۆ لەگەڵ ئۆجەلان لە زیندان لە دوورگەی ئیمڕالی گرنگییەکی تایبەتی هەبوو. ئەم هەوڵانە دواتر بوونە بەشێک لە پرۆسەیەکی سیاسی کە لە مێژووی نوێی تورکیا بە “پرۆسەی چارەسەر(Solution Process)”ناسراوە. بە تایبەتی لە ساڵانی ٢٠١٣ تا ٢٠١٥، یەکێک بوو لە گرنگترین هەوڵەکانی حکومەتی تورکیا بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسی بۆ کێشەی کوردی. لە ماوەی ئەم پرۆسەیەدا، گفتوگۆ و هەوڵەکانی ئاشتی لە نێوان حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان بە شێوەیەکی دیار بەردەوام بوون. هەرچەندە ئەم پرۆسەیە لە کۆتاییدا نەگەیشتە چارەسەرێکی بەردەوام، بەڵام گرنگییەکەی لەوەدایە کە نیشانی دا کێشەیەکی درێژخایەن و ئاڵۆز وەک کێشەی کوردی، تەنها بە ئامرازە سەربازییەکان چارەسەر نابێت؛ بەڵکو پێویستی بە پرۆسەیەکی سیاسی، گفتوگۆ، دروستکردنی متمانە و مامەڵەکردن لەگەڵ بنەما و داواکارییە سەرەکییەکانی ململانێکە هەیە.
٢- ڕۆڵی دیاسپۆڕای کورد لە پرۆسەی گفتوگۆ
پاوڵ لە شیکردنەوەی خۆیدا ئاماژە بە ڕۆڵ و کاریگەریی دیاسپۆڕای کورد لە ئەورووپادا دەکات. بە پێی باسەکەی، هەندێک لە سەرکردە و نوێنەرانی دیاسپۆڕای کورد لەگەڵ حکومەتی تورکیا پەیوەندی و گفتوگۆی جۆراوجۆریان هەبووە. ئەمە نیشان دەدات کە دیاسپۆڕا تەنها کۆمەڵێک کۆمەڵگەی نەتەوەیی لە دەرەوەی وڵات نییە، بەڵکو لە هەندێک بارودۆخی سیاسی و بە تایبەتی لە ململانێی چەکداردا، دەتوانێت ببێتە کەناڵێک بۆ پەیوەندیکردن و نزیککردنەوەی دیدگا جیاوازەکان.
لە ڕوانگەی پاوڵەوە، ئەم نموونەیە بە شێوەیەکی گشتی ئەو بیرۆکەیە پشتڕاست دەکاتەوە کە دیاسپۆڕاکان دەتوانن ببنە “دەرگای پێشەوە” بۆ گەیشتن بە گرووپە چەکدارەکان. واتە، لەو بارودۆخانەی کە حکومەت یان لایەنێکی سیاسی بە شێوەی ڕاستەوخۆ ناتوانێت پەیوەندییەکی کاریگەر لەگەڵ گرووپێکی چەکدار دابمەزرێنێت، کەسایەتی یان دامەزراوەکانی پەیوەست بە دیاسپۆڕا دەتوانن ڕۆڵی کەناڵێکی ناڕاستەوخۆ بۆ گەیاندنی پەیام، دروستکردنی پەیوەندی و دەستپێکردنی گفتوگۆ بگێڕن. بەم شێوەیە، دیاسپۆڕا دەتوانێت لە هەندێک پرۆسەی چارەسەری ململانێدا، نەک تەنها وەک بەشدارێکی سیاسی، بەڵکو وەک پەیوەندیکەر و هاوبەشی پرۆسەی گفتوگۆش کار بکات.
٣- ڕووداوەکەی قەندیل و مەترسییەکانی ناوبژیوانان
یەکێک لە نموونە گرنگەکانی پاوڵ بۆ ڕوونکردنەوەی مەترسی و ئاڵۆزییەکانی ناوبژیوانی لە ململانێیە چەکدارەکاندا، سەردانی گرووپێک لە ناوبژیوان و ڕێکخەرانی نێودەوڵەتییە بۆ ناوچەی قەندیل لە باکووری عێراق، کە لەو سەردەمەدا شوێنی بوونی بەشێک لە سەرکردایەتیی PKK بوو.
بەپێی باسەکەی پاوڵ، لە ماوەی مانەوەی ناوبژیوانەکان لە کەمپەکەدا هیچ ڕووداوێکی هەڕەشەئامێز یان پێکدادانێکی ئەمنی ڕووینەدا. بەڵام کەمێک دوای جێهێشتنی ناوبژیوانەکان، شوێنی کەمپەکە لەلایەن هێزی ئاسمانییەوە چاودێری کرا و دواتر بۆمباران کرا، کە لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا شەش کەس لە گەریلاکانی PKK گیانیان لەدەست دا.
ئەم ڕووداوە بە شێوەیەکی ڕوون ئاڵۆزی و مەترسییەکانی کاری ناوبژیوانی لە ململانێی چەکداردا دەخاتەڕوو. ناوبژیوانی تەنها بە دروستکردنی پەیوەندی و متمانە لەنێوان لایەنەکان کۆتایی نایەت؛ بەڵکو پێویستی بە هەڵسەنگاندنی وردی بارودۆخی ئەمنی، سیاسی و ستراتیژیی ناوچەکەش هەیە. بۆیە، ناوبژیوان دەبێت لە هەموو هەنگاوێکدا هەستیارییەکانی ململانێیەکە و ئەگەری کاریگەرییە ناخوازییەکان لەسەر ئەمنیی خۆی و لایەنەکانی دیکە لەبەرچاو بگرێت.
لە ڕوانگەی پاوڵەوە، ئەم نموونەیە نیشان دەدات کە ناوبژیوانی لە ململانێی سیاسی نێوان بزوتنەوەیەکی چەکدار و حکومەتدا کارێکی سادە و ئاسان نییە؛ چونکە ناوبژیوان دەبێت لە نێوان پێویستیی دروستکردنی متمانە و پاراستنی بێلایەنی، لە هەمان کاتدا هەستیارییە ئەمنی و سیاسییەکانی ناوچەکە بەڕێوە ببات. هەر هەڵەیەک لە هەڵسەنگاندنی بارودۆخدا دەتوانێت نەک تەنها پرۆسەی ناوبژیوانی، بەڵکو ئەمنیی ناوبژیوانەکان و متمانەی لایەنەکانیش بخاتە مەترسییەوە. لە چوارچێوەی باسکردنی بەردەوامیی پرۆسەی ئاشتی و ڕۆڵی ناوبژیوانە دەرەکییەکاندا، پاۆڵ جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ناوبژیوانە لایەنە سێیەمەکان، وەک نەتەوە یەکگرتووەکان، حکومەتە بیانییەکان و ڕێکخراوە ناحکومییەکان، دەتوانن ڕۆڵێکی گرنگ لە دروستکردنی متمانە، نزیککردنەوەی لایەنە ناکۆکەکان و پاراستنی کەناڵەکانی گفتوگۆ بگێڕن؛ بەڵام ناتوانن لە دەرەوە ئاشتییەکی بەردەوام دروست بکەن. لەم ڕوانگەیەوە، مارتتی ئەهتیساری، ناوبژیوانی ناسراو و خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی، هەمان بیروبۆچوونی هەیە و پێوایە کە پشتبەستنێکی زۆر بە ناوبژیوانە دەرەکییەکان دەتوانێت «خاوەندارێتیی لایەنەکانی ناکۆکی بەسەر پرۆسەکە» لاواز بکات و ئەو تێگەیشتنە هەڵەیە بەهێز بکات کە گوایە ئاشتی شتێکە کە لە دەرەوەوە دێت و دەتوانرێت بۆ کۆمەڵگا بهێنرێت.
ئەم تێڕوانینە لەگەڵ بۆچوونی ئاپۆیش هاوتەریبە؛ ئەو جەخت لەوە دەکاتەوە کە «تەنها جەنگاوەران دەتوانن ئاشتی دروست بکەن؛ تەنها ئەوانەی بەرپرسیاری جەنگ و هەڵگیرساندنی جەنگن، دەتوانن بەرپرسیاری ئاشتی بن و دانوستانی ئاشتی بکەن.» بەم مانایە، بەرپرسیاریی سەرەکیی چارەسەرکردنی ناکۆکی دەبێت لەسەر شانی لایەنە سەرەکییەکان بێت؛ چونکە ناوبژیوان دەتوانێت ڕێگا خۆش بکات و متمانە دروست بکات، بەڵام ناتوانێت جێگەی ویستی سیاسی، سازش و بڕیاری ئەو لایەنانە بگرێتەوە.
لە ئەنجامدا، سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی نە بەبوونی ناوبژیوانێکی دەرەکی بە تەنیا، بەڵکو بە کۆکردنەوەی سێ توخم پەیوەستە: یەکەم، خاوەندارێتی و بەرپرسیاریەتیی خودی لایەنە ناکۆکیدارەکان؛ دووەم، ناوبژیوانی و ئاسانکاریی دەرەکی بۆ دروستکردنی ژینگەی گونجاو بۆ گفتوگۆ؛ و سێیەم، دامەزراندنی میکانیزمە یاسایی و دامەزراوەییەکان بۆ پاراستنی بەردەوامیی پرۆسەکە. ئەگەر ئەم سێ ئاستە بتوانن بە یەکەوە کار بکەن، پرۆسەی ئاشتی تەنها بە ڕێککەوتنێکی کاتی سنووردار نابێت، بەڵکو دەتوانێت بگۆڕێت بۆ پرۆسەیەکی سیاسیی بەردەوام کە توانای مامەڵەکردن لەگەڵ قەیران و بەربەستە نوێیەکانیش هەبێت.
هۆکارەکانی شکستی پرۆسەی “چارەسەر“ ئاشتی لە ساڵانی ٢٠١٣ و ٢٠١٥ لە دیدی جۆناثان پاوڵ
بە گشتی، بۆچوونەکانی پاوڵ ئەوە نیشان دەدەن کە کێشەی کورد لە تورکیا تەنها بە ڕوانگەیەکی سەربازی یان ئەمنییەوە ناتوانرێت لێک بدرێتەوە؛ بەڵکو ململانێیەکی ئاڵۆز و فرە ڕەهەندە کە ڕەهەندە سیاسی، نەتەوەیی، دیمۆگرافی و نێودەوڵەتییەکانی لەخۆ دەگرێت. لەبە ئەمەش، هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە پێویستی بە کەناڵە جۆراوجۆرەکانی گفتوگۆ و پەیوەندی هەیە.گفتوگۆکانی ئیمڕالی، ڕۆڵی دیاسپۆڕای کورد و هەوڵەکانی ناوبژیوانی لە قەندیل، هەموویان نموونەی ئەوەن کە بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسی، پێویستە پەیوەندی لەگەڵ لایەنە جیاوازەکانی ململانێ دروست بکرێت و هەموو ئەکتەرە سەرەکییەکان لە پرۆسەکەدا بەشداربن.
هەر بۆیە بۆ تێگەیشتن لە شکستی پرۆسەی چارەسەر نێوان کورد و تورکیا، پرسیاری سەرەکی نابێت تەنها ئەوە بێت کە “کێ بەرپرسیار بوو؟”؛ بەڵکو پێویستە پرسیارێکی قووڵتر بکرێت: بۆچی پرۆسەکە نەیتوانی لە قەیرانەکان تێپەڕێت و بگات بە ڕێککەوتنێکی بەردەوام و جێگیر؟
لە ڕوانگەی ئەو ئەزموون و توێژینەوانەی پاوڵ و توێژەرانی دیکە، چەند فاکتەرێک لە شکستی ئەو پرۆسەیەدا ڕۆڵێکی گرنگیان هەبوو:
یەکەم: نەبوونی متمانەی تەواو لە نێوان لایەنەکان؛ متمانەیەک کە بنەمای سەرەکیی بەردەوامبوونی گفتوگۆ بێت، جێبەجێکردنی بەڵێنەکان و بەردەوامیی پرۆسەی ئاشتی بێت.
دووەم: بەشێکی گرنگی پرۆسەکە بە کەسایەتییە سەرەکییەکان وابەستەبوو، ئەمەیش پرۆسەکەی لە بەرامبەر گۆڕانکارییە سیاسییەکاندا زیاتر لاواز و بێ پارێزگاری کرد.
سێیەم:گۆڕانکارییە ناوخۆییە سیاسییەکان و پێشبڕکێی حزبی کاریگەرییەکی بەرچاویان لەسەر ئاراستە و چارەنووسی پرۆسەکە دانا. لە هەمان کاتدا، جەنگی سوریا و گۆڕانی هاوسەنگیی هێز لە ناوچەکە، بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی تورکیای بە شێوەیەکی بەرچاو گۆڕی. لە کۆتاییدا، نەبوونی چوارچێوەیەکی بەهێز بۆ پاراستنی پرۆسەکە لە کاتی قەیران، لەگەڵ نەگەیشتن لە گفتوگۆی سەرەتاییەوە بۆ دانوستانێکی ڕاستەقینە، سیستەماتیک و پابەندکەر، پرۆسەکەی زیاتر لە مەترسیی ڕووخان و شکست نزیک کردەوە.
لەو چوارچێوەیەدا، بیرۆکەی “تێکدەرانی پرۆسە(spoilers)”گرنگییەکی تایبەتی هەیە. لە هەر پرۆسەیەکی ئاشتییەکدا، هەندێک لایەن دەتوانن بەهۆی بەرژەوەندییە سیاسی، ئەمنی یان ئایدیۆلۆژیکییەکانیانەوە هەوڵی تێکدانی پرۆسەکە بدەن؛ چونکە لە هەندێک بارودۆخدا، بەردەوامبوونی قەیران بۆیان سودبەخشترە و لەبارترە تا گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ئاشتی.
هەڵبەت پاوڵ لە سەرەتای پرۆسەکەدا هۆشداریی لە مەترسیی ئەم “تێکدەرانی پرۆسە”دا و جەختی لەوە کردەوە کە نابێت ئەم لایەنانە بتوانن گفتوگۆکە لە ڕێڕەوی خۆی لابدەن. لە دیدی ئەوەوە، پرۆسەکە پێویستی بە پشتگیرییەکی فراوانی سیاسی و میکانیزمێکی باوەڕپێکراو هەبوو بۆ چاودێریکردن و پشتڕاستکردنەوەی هەنگاوەکان و پاراستنی ئاگربەست.
یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی پرۆسەکە ئەوە بوو کە بە تەواوی لە قۆناغی مشتومڕ «talks about talks» ـەوە نەگوازرایەوە بۆ دانوستانێکی ڕاستەقینە و سیستەماتیک.گفتوگۆی سەرەتایی دەتوانێت دەرگای پەیوەندی بکاتەوە و ڕێگای تێگەیشتنی نێوان لایەنەکان خۆش بکات، بەڵام بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی بەردەوام، پێویستە ئەم پەیوەندییە بگۆڕدرێت بۆ پرۆسەیەکی ڕوون، هەنگاو بە هەنگاو و پابەندکەر. ئەمەش ئەو خاڵەیە کە لە ئەزموونی پرۆسەی کورد و تورکیا بە تەواوی جێبەجێ نەکرا.
لە هەمان چوارچێوەدا، پاوڵ جەخت لە گرنگیی دامەزراوەیی کردنی پرۆسە دەکات، نەک وابەستەکردنی بە کەسایەتییە تایبەتەکان. ئەو بە تایبەتی بەراوردێک لەنێوان ڕۆڵی خۆی لە پرۆسەی ئیرلەندا و ڕۆڵی هاکان فیدان لە پرۆسەی تورکیا دەکات و ئاماژە بەوە دەدات کە گۆڕانی کەسایەتییە سەرەکییەکان دەتوانێت متمانە و پەیوەندییە دروستکراوەکان لاواز بکات. کاتێک پرۆسەیەک زۆر بە کەسێکی دیاریکراو وابەستە دەبێت، گۆڕینی ئەو کەسە دەتوانێت بە ئاسانی ببێتە هۆی گۆڕینی ئاراستە و شێوازی بەڕێوەبردنی پرۆسەکە.
لەبەر ئەمە، پاوڵ پێی وایە کە پرۆسەیەکی سەقامگیر و بەردەوام نابێت تەنها لەنێوان دوو کەس یان دوو لایەن بەڕێوە بچێت. لە دیدی ئەوەوە، پرۆسەکە پێویستی بە میتۆد و ستراتیژییەکی سێ پایە هەیە؛ بە شێوەیەک کە حکومەت، ئۆجەلان و ڕێکخراوی چەکدار، لەگەڵ لایەنی سیاسیی کورد، بە شێوەیەکی ڕوون، ڕێکخراو و هاوبەش بەشداری تێدا بکەن. بوونی ئەم جۆرە ستراتیژییەیە دەتوانێت بازنەی گفتوگۆ فراوانتر بکات و پرۆسەکە لە وابەستەبوون بە یەک کەناڵ، یەک کەس یان یەک شێوازی پەیوەندی بپارێزێت.
بۆ ڕوونکردنەوەی گرنگیی بەردەوامی لە پرۆسەی ئاشتی، پاوڵ سوود لە تیۆری “پاسکیل” وەردەگرێت و پرۆسەی ئاشتی بە پاسکیل دەچوێنێت: پاسکیل ئەگەر بوەستێت، دەکەوێت. بە هەمان شێوە، پرۆسەی ئاشتی نابێت بۆ ماوەیەکی درێژ لەنێوان هەنگاوەکاندا بوەستێت؛ چونکە وەستانی گفتوگۆ دەتوانێت متمانەی نێوان لایەنەکان لاواز بکات و هیوای کۆمەڵگا بە سەرکەوتنی پرۆسەکە کەم بکاتەوە. لەبەر ئەمە، بەردەوامی تەنها تایبەتمەندییەکی لاوەکی نییە، بەڵکو خۆی یەکێکە لە مەرجە سەرەکییەکانی سەقامگیری و سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی.
ئەم دیدگایە بەتایبەتی بۆ هەڵسەنگاندنی ئەزموونی پرۆسەی ئاشتیی کورد و تورکیا لە ساڵانی ٢٠١٢–٢٠١٥ گرنگە. بەپێی تۆماری پەرلەمانی تورکیا، گفتوگۆکانی ئیمڕاڵی لە ١٦ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٢ دەستی پێ کرد و ئەو قۆناغە لە ٥ی نیسانی ٢٠١٥دا کۆتایی هات. ئەم ئەزموونە نیشانیدا کە بوونی گفتوگۆ بە تەنهایی بۆ پاراستنی پرۆسەکە بەس نییە؛ بەڵکو پێویستە پرۆسەکە خاوەنی چوارچێوەیەکی ڕوون و دامەزراو بێت کە بتوانێت لە کاتی دروستبوونی ناکۆکی و قەیراندا، گفتوگۆ بەردەوام بکات و ڕێگە نەدات هەر کێشەیەکی سیاسی یان ئەمنی هەموو پرۆسەکە بخاتە مەترسییەوە.
لە هەمان چوارچێوەدا، جیاوازیی نێوان پرۆسە و ئەنجام، گرنگییەکی تایبەتی هەیە.گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی کۆتایی نابێت تاکە ئامانجی سەرەکیی پرۆسەی ئاشتی بێت؛ چونکە ڕێککەوتنێکی بەردەوام پێویستی بە پرۆسەیەکی درێژخایەن، هەنگاو بە هەنگاو و پشتڕاستکراو هەیە. لایەنەکان دەبێت لە ڕێگەی هەنگاوی بچووک و بەردەوامەوە متمانە دروست بکەن، بەڵێنەکانیان بە کردار پشتڕاست بکەنەوە و توانای مامەڵەکردن لەگەڵ ناکۆکییە نوێکان لەناو هەمان چوارچێوەدا پەرەپێبدەن. بەم پێیە، سەرکەوتنی پرۆسەکە تەنها بەوە ناپێورێت کە ئایا ڕێککەوتنێکی کۆتایی بەدەست هاتووە یان نا؛ بەڵکو بە توانای پرۆسەکە بۆ دروستکردنی متمانە و بەردەوامکردنی گفتوگۆ لە کاتی قەیران و ناکۆکیدا پێوانە دەکرێت.
لە قۆناغی نوێی پرۆسەکەدا، ئەم مەسەلەیە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە دامەزراوەییبوونی پرۆسەکەوە هەیە. ئەگەر پرۆسەی ئاشتی تەنها پشت بە گفتوگۆی نێوان ژمارەیەکی سنووردار لە لایەنە سیاسییەکان ببەستێت، هەر گۆڕانکارییەکی سیاسی، هەڵبژاردن، قەیرانی ئەمنی یان گۆڕینی هاوسەنگیی هێزەکان دەتوانێت کاریگەریی لەسەر بەردەوامییەکەی دابنێت. بەڵام کاتێک پرۆسەکە لە دامەزراوە دیموکراتیکەکاندا جێگیر دەکرێت و ڕۆڵ و بەرپرسیارییەکان بە شێوەیەکی ڕوون دیاری دەکرێن، هەلی مانەوە و بەردەوامییەکەی لە کاتی گۆڕانکارییە سیاسییەکاندا زیاتر دەبێت.
لەو ڕووەوە، ڕۆڵی پەرلەمان لە قۆناغی نوێدا گرنگییەکی تایبەتی هەیە. لە ئەزموونی ٢٠١٢–٢٠١٥دا پەرلەمان بە شێوەیەکی سەرەتایی لە چوارچێوەی یاسایی و سیاسیی پرۆسەکەدا بەشدار بوو؛ بەڵام لە قۆناغی نوێدا هەوڵ دراوە ئەم ڕۆڵە بە شێوەیەکی دامەزراوەییتر و فراوانتر بکرێت.کۆمیسیۆنی هاوبەشیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی لە ٥ی ئابی ٢٠٢٥ دەستی بە کار کرد و لە ماوەی کارکردنیدا کۆمەڵێک دانیشتن و گوێگرتنی ئەنجام دا. هەروەها، لە ٢٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥دا هەیئەتێکی هەڵبژێردراو لەلایەن کۆمیسیۆنەکەوە سەردانی ئیمڕاڵی کرد. ئەم هەنگاوانە نیشانەی ئەو ئاراستەیەن کە پرۆسەکە لە گفتوگۆیەکی سنووردار بەرەو بەشداریی دامەزراوەیی و پەرلەمانی دەگوازرێتەوە.
بەشداریی پەرلەمان تەنها بۆ زیادکردنی ڕەوایەتیی سیاسیی پرۆسەکە گرنگ نییە؛ بەڵکو دەتوانێت میکانیزمێک بۆ کەمکردنەوەی مەترسیی وەستاندن دابین بکات. پەرلەمان، وەک دامەزراوەیەکی نوێنەرایەتی، دەتوانێت ڕوانگە و نیگەرانییە جیاوازەکانی کۆمەڵگا بگوازێتە ناو پرۆسەکە و لە هەمان کاتدا ڕێککەوتنە سیاسییەکان بەرەو چوارچێوەی یاسایی و دامەزراوەیی ببات. ئەمە بەتایبەتی گرنگە لە کۆمەڵگایەکدا کە پرۆسەی ئاشتی دەتوانێت لە هەردوو لایەنەوە ڕووبەڕووی ناڕەزایی و هەستیارییە سیاسی و نەتەوەییەکان ببێتەوە.
لە تورکیا، هەر هەنگاوێک بەرەو گفتوگۆ و سازان دەتوانێت لەگەڵ فشار و ڕەخنەی بەشێک لە کۆمەڵگا و هێزە سیاسییەکان بەرەوڕوو ببێت؛ لە کۆمەڵگای کوردیشدا، هەمان هەنگاو دەتوانێت لەلایەن بەشێک لە کۆمەڵگا وەک پاشەکشە “ئاشبەتاڵ” یان دەستبەرداری لە مافە سیاسی و نەتەوەییەکان لێک بدرێتەوە. بۆیە، سەرکردایەتیی پرۆسەکە تەنها توانای دانوستان و گەیشتن بە ڕێککەوتن نییە؛ بەڵکو پێویستی بە بەڕێوەبردنی چاوەڕوانییەکان، ڕوونکردنەوەی ئامانج و سنوورەکانی پرۆسە و دروستکردنی پشتگیرییەکی فراوانی کۆمەڵایەتی و سیاسی هەیە.
لەبەر ئەمە، پرۆسەی نوێی ئاشتی پێویستی بە میکانیزمێکی ڕوون و باوەڕپێکراو هەیە کە چەند ئەرکێک لە یەک کاتدا جێبەجێ بکات: دروستکردنی متمانە، پشتڕاستکردنەوەی هەنگاوەکان، پاراستنی گفتوگۆ لە کاریگەریی قەیرانە ئەمنییەکان، کەمکردنەوەی کاریگەریی فشارە کورتخایەنە حزبی و هەڵبژاردنییەکان، و دڵنیابوون لە بەردەوامیی پرۆسەکە لە کاتی گۆڕانکارییە سیاسی و ئەمنییەکاندا. هەروەها، پێویستە هەموو ئەکتەرە سەرەکییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان تا ئەوەی دەکرێت بە شێوەیەکی بەرپرسیارانە و دامەزراوەیی بەشداری بکەن.
لە کۆتاییدا، وانەی سەرەکیی ئەزموونی پێشووی کورد و تورکیا ئەوەیە کە ئاشتی تەنها بە نیازی سیاسی یان بە ڕێککەوتنێکی کۆتایی بەدەست نایەت. ئاشتیی بەردەوام پرۆسەیەکی درێژخایەنە کە پێویستی بە متمانەسازی، بەردەوامیی گفتوگۆ، دامەزراوەییبوون، بەشداریی کۆمەڵایەتی و توانای مامەڵەکردن لەگەڵ قەیران و ناکۆکی هەیە. لەو چوارچێوەیەدا، تیۆری “پاسکیل” تەنها وێنەیەکی سادە بۆ باسکردنی بەردەوامی نییە؛ بەڵکو ئاماژەیەکی گرنگە بۆ ئەوەی پرۆسەی ئاشتی دەبێت هەمیشە لە جوڵەدا بێت و بۆ هیچ قەیرانێک ڕێگە نەدات کە کۆی پرۆسەکە بوەستێنێت. ئەگەر قۆناغی نوێ بتوانێت ئەم بنەمایانە لە چوارچێوەیەکی دامەزراوەیی و یاسایی جێگیر بکات، بەشداریی پەرلەمان و کۆمەڵگا فراوانتر بکات و میکانیزمی بەرگری لە وەستاندن و پاشەکشە دروست بکات، ئەوا ئەگەری گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی سیاسیی بەردەوام و چارەسەرێکی ئاشتییانە بۆ کێشەی کورد لە تورکیا بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات.
لەگەڵ ئەو بنەمایانەدا، هەندێک فاکتەری دیکەش هەن کە ڕەنگە لە هەندێک شیکردنەوەدا کەمتر جەختیان لەسەر کرابێتەوە، بەڵام دەتوانن بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ کاریگەریی گرنگیان لەسەر ئاراستە و ئەنجامی پرۆسەی ئاشتی هەبێت. ئەم فاکتەرانە تەنها پەیوەندییان بە ناوەڕۆکی دانوستاندنەوە نییە، بەڵکو پەیوەندییان بە ژینگەی سیاسی، کۆمەڵایەتی، دامەزراوەیی و نێودەوڵەتیی پرۆسەکەش هەیە لەوانەیش:
- ڕۆڵی زلهێزەکان و سیستەمی باڵادەستیی جیهانی: بەرژەوەندییە جیۆپۆلیتیکی و ئابوورییەکان، هاوپەیمانییە نێودەوڵەتییەکان، دەستێوەردانی دەرەکی و ڕۆڵی کۆمپانیا و بازاڕە پەیوەندیدارەکان بە شەڕ و بازرگانیی چەک، دەتوانن ژینگەی دانوستاندن بگۆڕن و ئاراستەی پرۆسەکە دیاری بکەن.
- پێکهاتە و توانای هەردوو لایەنی دانوستانکار: ئاستی یەکگرتوویی ناوخۆیی، جیاوازیی بەرژەوەندی و بیرکردنەوە سیاسییەکان، ئاستی دامەزراوەبوون، توانای بڕیاردان و پابەندبوون بە ڕێککەوتن، کاریگەرییەکی بنەڕەتییان لەسەر سەرکەوتن یان شکستی پرۆسەکە هەیە.
- بەشداری و نوێنەرایەتیی کۆمەڵگە: فراوانیی بەشداریی کۆمەڵگەی مەدەنی و گرووپە جیاوازە کۆمەڵایەتییەکان، لەگەڵ ئاستی نوێنەرایەتیی ئەو بەشانەی کە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە ناکۆکییەکە کاریگەرییان لێ وەرگیراوە، کاریگەریی گرنگی لەسەر ڕەوایی، متمانە و پشتگیریی گشتیی پرۆسەی ئاشتی هەیە.
- کەمیی متمانە و قووڵیی ناکۆکی: مێژووی شەڕ و توندوتیژی، برینە کۆمەڵایەتییەکان، ترس، گومان و نەبوونی متمانە لەنێوان لایەنەکان، دەتوانێت ئامادەیی بۆ سازش کەم بکات و پرۆسەکە بەردەوام لە مەترسیی پاشەکشە و وەستاندن دابنێت.
- نابەرامبەریی هێز لەنێوان لایەنەکان: جیاوازیی توانای سیاسی، سەربازی، ئابووری و دامەزراوەیی دەتوانێت هاوسەنگیی دانوستاندن تێک بدات و هەندێک لایەن لە هەستکردن بە پێویستیی سازش دوور بخاتەوە.
- لاوازیی دامەزراوە و میکانیزمی جێبەجێکردن: نەبوونی چوارچێوەیەکی یاسایی و دامەزراوەیی ڕوون، چاودێریی سەربەخۆ، گەرەنتیی جێبەجێکردن و میکانیزمی چارەسەرکردنی پێشێلکارییەکان، دەتوانێت تەنانەت ڕێککەوتنی سیاسیی سەرەتایی لە قۆناغی جێبەجێکردندا تووشی شکست بکات.
- ڕۆڵی میدیا و ڕای گشتی: شێوازی پێشکەشکردنی ناکۆکی لە میدیا، پڕۆپاگەندە، دروستکردنی وێنەی «دوژمن»، هەڵگیرساندنی هەستی ناسنامەیی و فشارەکانی ڕای گشتی، دەتوانن مەودای سازشکردنی بڕیاردەران کەم بکەن و متمانەی نێوان لایەنەکان لاواز بکەن.
- نەبوونی ستراتیژیی درێژخایەن و پلان بۆ دوای ڕێککەوتن: سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی تەنها بە گەیشتن بە ڕێککەوتن کۆتایی نایەت؛ بەڵکو پێویستی بە پلانێکی ڕوون بۆ قۆناغی دوای ڕێککەوتن، جێبەجێکردنی بەڵێنەکان، چاودێریی پرۆسە و پاراستنی ئەنجامەکان هەیە. نەبوونی ئەم ستراتیژییە دەتوانێت ڕێککەوتنێکی سەرەتایی بگۆڕێت بۆ پرۆسەیەکی لاواز و شکستخواردوو.
[1] گوتەی (دامیەن کینگزبووری)ە، ڕاوێژکاری سیاسیی ئەو بزوتنەوەیە بوو لە دانوستانەکانی ئاشتیی هێلسینکی لە ساڵی ٢٠٠٥، کە لە کۆتاییدا بە ڕێککەوتنی ئاشتی نێوان حکومەتی ئیندۆنیزیا و GAM گەیشت.
بە واتایەکی ڕوونتر، لە شەترەنجدا هەردوو یاریزان پابەندی کۆمەڵێک یاسای دیاریکراون؛ بەڵام لە دانوستاندا، یاسا و سنوورەکانی یاری زۆرجار خۆیان بەشێک لە ململانێکەن و لایەنە بەهێزترەکان دەتوانن هەندێک مەرج و سنوور بەسەر پرۆسەکەدا بسەپێنن. لەبەر ئەمە، دانوستان تەنها هونەری گەیشتن بە سازان نییە؛ بەڵکو تێکەڵەیەکە لە هێز، ستراتیژی، متمانەسازی و توانای دانانی یاسا و چوارچێوەی گفتوگۆ.
[2]ناوزەندکردنی پەکەکە لە ئاستی نێودەوڵەتی و دانانی ناوی ئەم ڕێکخراوە لە لیستی گروپە تیرۆریستییەکان، تەنها کاریگەریی لەسەر شێوەی مامەڵەکردن لەگەڵ پەکەکە و ئەندام و پشتیوانەکانی بە تەنها لە تورکیادا نەبووە؛ بەڵکو لە هەندێک گوتاری سیاسی و ئەمنییدا وای کردووە کە ناوی پەکەکە بە ئاسانی بخرێتە پاڵ ڕووداوە سیاسی و ئەمنییە نادیارەکان، تەنانەت لە کاتی نەبوونی بەڵگەیەکی قایم بۆ بەشداریی ڕاستەوخۆی ئەو ڕێکخراوە. لەم مانایەدا، پەکەکە ببووە جۆرێک لە “قۆچی قوربانی( (Scapegoat” واتە ئەکتەرێک کە بە ئاسانی تاوانی ڕووداوێکی نادیار دەخرێتە پاڵی. یەکێک لە نموونە دیارەکانی ئەم بابەتە، کوژرانی سەرۆکوەزیرانی پێشووی سوید، ئۆڵۆف پالمێ، لە شەوی ٢٨ی شوباتی ١٩٨٦ لە ستۆکهۆڵم. لە ماوەی لێکۆڵینەوەی درێژخایەنی ئەم کەیسەدا، یەکێک لە تیۆرییەکان پەیوەندیی بە پەکەکەوە دەدا و گومان لە بەشداریی ڕێکخراوەکە لە کوشتنەکە دەکرا؛ بەڵام ئەم گومانە هەرگیز نەبوو بە بەڵگەیەکی دادگایی و قایلکەرەوە دژی پەکەکە.
ئەگەرچی لە ساڵی ٢٠٢٠دا دەسەڵاتە دادوەرییەکانی سوید لێکۆڵینەوەکەیان داخست (ستیگ ئینگستروێم-Stig Engström) یان وەک گومانلێکراوی سەرەکی ناوبرد؛ بەڵام چونکە Engström پێشتر مردبوو، نە دادگایی کرا و نە حوکمێکی دادگایی دژی ئەو دەرچوو. بۆیە، لە ڕووی یاساییەوە کەیسەکە بە حوکمێکی کۆتایی و سەلمێنراوی دادگایی کۆتایی نەهاتووە.