رێکخراوی ئازادبوون بۆ گەشەپێدانی بەردەوام

چەمکی جێنۆساید لە نێوان تیۆریی ئەکادیمی و هەڵاواردندا

Facebook
Twitter
LinkedIn

خوێندنەوەیەکی ڕەخنەیی بۆ بڵاوکراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان

نووسین: هۆمەر محەمەد

وێڕای دەربڕینی ڕێز و پێزانین بۆ هەر هەوڵێکی ئەکادیمیی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی کە ئامانجی هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بێت لە مەترسییەکانی کۆمەڵکوژی و جینۆسایدی گرووپە نەتەوەیی، ئایینی و ئیتنیکییەکان، هەروەها وێڕای پێشوازیکردنی بەردەوام لەو هەنگاوە جەوهەرییانەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئەو مەبەستە دەیاننێت، بەڵام جێی تێڕامانێکی قووڵە کە لە ساڵی ٢٠٠٩دا و لە ڕێگەی نامیلکە و کۆمەڵە وتارێکی بەشی زانیاریی گشتییەوە بە ناونیشانی “هۆلۆکۆست و بەرنامەی گەیاندنی نەتەوە یەکگرتووەکان” بابەتێک بڵاو کراوەتەوە کە ناوەڕۆکەکەی لە ئامادەکاری و شیکردنەوەی میکانیزمەکانی ڕقوکینە و ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی تاوانەکانی جینۆساید، جەنگ و تاوانە دژە مرۆییەکان پێک دێت. و کۆمەڵێک توێژەری بەئەزموون و بەناوبانگ قسەیان تێدا کردووە.

لێرەدا نیگەرانی و سەرنجی ڕەخنەیی خۆم بەرامبەر بە فەرامۆشکردن، پەراوێزخستن و ئەو هەڵاواردنە دەردەبڕم کە لەم جۆرە دەقە ئەکادیمی و فەرمییانەدا بەرامبەر بە دۆسیەی جینۆسایدی کورد دەکرێت. لەو بڕوایەدام هەر توێژەر، چالاکوان یان دامەزراوەیەک کە دژی تاوانکاری و کۆمەڵکوژی دەوەستێتەوە، مەرجە باوەڕێکی قووڵی بە مافەکانی مرۆڤ هەبێت؛ ئەمەیش بە جۆرێک کە بە شێوەیەکی یەکسان و بەبێ ڕەچاوکردنی نەتەوە، ڕەگەز، ئایین یان پاشخانی ئایدیۆلۆجیی قوربانییەکە بێت. ناکرێت و نابێت چەمکی مرۆڤایەتی لە توێژینەوە زانستییەکاندا، بەپێی بەرژەوەندیی جوگرافیای سیاسی پۆلێن و دابەش بکرێت.

کیۆ ئاکاساکا، جێگری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە پێشەکی ئەو کتێبەدا کە لە ٢٠٠٩دا بڵاوکردووەتەوە، جەخت لەوە دەکاتەوە کە تاوانی هۆڵۆکۆست هاندەری بنەڕەتیی دامەزراندنی نەتەوە یەکگرتووەکان بووە. ناوبراو ئاماژە بە بڕیارنامەی ساڵی (٢٠٠٥) دەکات، کە تێیدا ڕێکخراوەکە پابەند کراوە بە دامەزراندنی بەرنامەی گەیاندنی نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوە لە وانەکانی هۆڵۆکۆست و هۆکارەکانی ڕق و ڕەگەزپەرستی، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی جینۆساید لە سەدەی بیست و یەکەمدا. ناوبراو ئاماژە بەوە دەکات کە “کڕۆکی ئەم دەستپێشخەرییە لە چەمکی بەرپرسیارێتیی پاراستندا کۆ کراوەتەوە”، کە وەک بەڵێنێکی ئەخلاقی و یاسایی جیهانی وێنا کراوە بۆ پاراستنی “هەموو نەتەوەکان” لە تاوانی جەنگ و پاکتاوی ڕەگەزی! بەڵام سێ ساڵ پێشتر سوپاسالارێکی، تۆمەتباری ئەنفال لە وڵاتی دانیمارک، خرایە بەردەم لێپرسینەوە و پارێزگاریی لێنەکراو ڕای کرد!

بەپێی قسەکانی کێو ئاکاساکا ئامانجی ئەم هەوڵە ئەکادیمییە، داڕشتنی ستراتیجێکی گشتگیرە کە داکۆکی لە شکۆی مرۆڤ بکات و وانە مێژووییەکان بکاتە ئامرازێک بۆ دەستەبەرکردنی دادپەروەری بۆ تەواوی قوربانیانی جیهان. کەچی لەو کاتەدا و لەهەمان ساڵدا یەکێک لە دۆسێکانی جینۆسایدی کورد لە هۆڵەندا لەبەردەم دادگا بوو بۆ لێپێچینەوە لە بازرگانێکی هۆڵندی کە مەوادی سەرەتایی چەکی کیمیایی بۆ ڕژێمی سەدام دابینکردبوو! دووساڵ پێشتریش دادگای دانیمارک، سوپاسالار فەریقی یەکەمی ڕوکن نزارعەبدولکەریم خەزرەجی سەرۆک ئەرکانی پێشووی سوپای عێراق و تۆمەتباری ئەنفالی بانگهێشت کردبوو بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی، کەچی دەسەڵاتداران یاسا و مافی قوربانییەکانیان پێشێلکرد و لەکاتی دادگایی کردنیدا ئەو تۆمەتبارەیان دەربازکرد.

کیۆ ئاکاساکا ئاماژەی بەوەش داوە کە لە کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٠٦ ڕێکخراوەکە دامەزرا بۆ ڕێزگرتن لە یادی قوربانییەکان و هاندانی کۆمەڵگەی مەدەنی بۆ پەروەردەکردن و یادکردنەوەی هۆڵۆکۆست. هاوکات لە ٢١ی ئابی هەمان ساڵدا دادگاییکردنی تۆمەتبارانی ئەنفال لە بەغدا بەڕێوە دەچوو، دادگای لاهای سزای بەسەر فرانس ڤان ئانرات دا سەپاند، خەزرەجی لەدەست دادگای دانیمارک هەڵاتبوو. سەرەڕای ئەمە، نە جێگری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و نە توێژەرانی ئەو کۆنفرانسەش بە یەک وشەش باسی دۆسێی جینۆسایدی کوردیان نەکردووە.

کەم و کوڕییە میتۆدۆلۆجییەکان لە وتارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دا

کاتێک چاو بە ناوەڕۆکی ئەم بەرهەمە ئەکادیمییەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەخشێنین، دەبینین توێژەرە نێودەوڵەتییەکان مۆدێل و تیۆریی جۆراوجۆریان داڕشتووە، ئاماژە بەگروپە جێنۆساید کراوەکان دەدەن. بەڵام بەهەر هۆیەک بووبێت جینۆسایدی کوردیان نادیدە گرتووە، وەک لە خوارەوە ئاماژەیان پێ دەکەین.

یەکەم، پڕۆفیسۆر “یەهودا پاوەر” لە توێژینەوەکەیدا بە ناونیشانی هۆلۆکۆست ڕەهەندە جیهانی و تایبەتییەکان، ئاماژە بە مەترسیی یۆتۆپیا ڕادیکاڵەکان دەکات کە مرۆڤ دەکوژن؛ بەڵام ئایدیۆلۆجیای بەعسی شۆڤێنیستی فەرامۆش کردووە، کە لەسەر هەمان بنەمای فاشیستی، بەکردەوە سڕینەوەی نەتەوەی کوردی پەیڕەو کرد.

دووەم، پڕۆفیسۆر “بێن کیرنان” لە بابەتەکەیدا وەک خاڵە هاوبەشەکانی ئایدیۆلۆجیای کۆمەڵکوژی، بەراوردکاری لە نێوان هیتلەر و پۆڵ پۆت و دەسەڵاتی هوتوو لە ڕواندا دەکات و باسی چەمکەکانی پاکتاوی ڕەگەزی و پیرۆزکردنی خاک دەکات؛ لە کاتێکدا ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنفال و کۆمەڵکوژی کوردان باشترین نموونەی هاوچەرخی ئەم تیۆرییەن، بەڵام بە وشەیەکیش ناوی ئەنفال و جێنۆسایدی کوردی نەهێناوە!

سێیەم، پڕۆفیسۆر “خۆ سین” لە وتاری پەروەردە و خوێندنی هۆلۆکۆست لە چین دا، باس لە پەرەسەندنی تێڕوانینی وڵاتەکەی دەکات لە ڕێگەی بەراوردکاری لەگەڵ تاوانی نانجینگ؛ لێرەشدا دەبینین مۆدێلەکان سنوورە جوگرافییەکان دەبەزێنن بەڵام ناگەنە سەر دۆسییەی کورد.!

چوارەم، لە ڕووی یاسایی و پێشگرتنیشەوە، جێگری سکرتێری گشتیی پێشوو “سیمۆن ڤێی” لە وتاری یادەوەری و بەرپرسیارێتی تاکەکەسی، ڕاوێژکارانی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان پڕۆفیسۆر “ئێدوارد کیسی” و “فرانسیس دێنگ” لە بابەتەکانیاندا لەسەر میکانیزمەکانی ڕێگریکردن لە کۆمەڵکوژی لە ئەفریقا و جیهان، تیشک دەخەنە سەر ئاماژەکانی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە و وتاری ڕق لێبوونەوە؛ کەچی سەرنج نادەن کە چۆن تەواوی ئەم ئاماژەو نیشانانە بەپێش چاوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە لە دژی کورد لەلایەن دەوڵەتی عێراق جێبەجێ کران.

دادپەروەریی درەنگ وەختە لە بێدەنگیی کاتی تاوانەوە بۆ بێدەنگیی مێژوویی

کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دەزگاکانی ڕاگەیاندنی جیهانی، کە ئەمڕۆ بەردەوام پەیام و دروشمەکانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ دەڵێنەوە، قەرزداری نەتەوەی کوردن. دۆسییەی کورد وەک چۆن لە کاتی ڕوودانی تاوانەکانی ڕژێمی بەعس دا لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستەمدا ڕووبەڕووی بێدەنگی نێودەوڵەتی بووەوە، بێئەوەی پاساوێکیان هەبێت. بە هیچ شێوەیەک ڕەوا نییە لە دوای تاوانەکانیش و لە دوای سەلماندن و دۆکیۆمێنتکردنیدا، دیسانەوە لە ناوەندە ئەکادیمییەکاندا بە بێدەنگی و پەراوێزخستن لەچوارچێوەی چالاکییەکی نەتەوە یەکگرتووەکان دا مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.

ئەم کەمکوڕییە ئەکادیمییە لە کاتێکدایە کە جینۆسایدی کورد تەنیا بانگەشە و پڕوپاگەندەی سیاسی نییە، بەڵکوو ڕاستییەکی یاسایی چەسپاوە. بەلای کەمەوە چوار دۆسییەی تاوانکاری بە فەرمی لە دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق‌ بە جینۆساید ناسێنراون و بڕیاری کۆتایییان لێ دراوە، و پەرلەمانی عێراقیش دانی پێدا ناون، کە ئەمانەن:

(جینۆسایدی کوردانی فەیلی؛ جینۆسایدی بارزانییەکان؛ تاوانی ئەنفال؛ هەروەها، کیمیابارانی هەڵەبجە).

ئەمە جگە لە دۆسیەی تراجیدی و هاوچەرخی جینۆسایدی کوردانی ئێزدی لە لایەن ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش، کە هێشتا برینێکی تەڕ و ساڕێژ نەبووە؛ سەرباری ئەوەی نەتەوەیەکگرتووەکان بەجینۆسایدی ناساندووە کەچی هێشتا نە لە دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق و نە لە دادگای نێودەوڵەتی دۆسیەی دادوەریی پێویستیان بۆ نەکراوەتەوە، نازانرێت کەی و لەکوێ تۆمەتبارانی جێنۆسایدی ئیزدی دادگایی دەکرێن ؟ هێشتا قوربانیەکانیان بێ ماف ماونەتەوە.

پێشینەی یاسایی نێودەوڵەتی

مادام بڵاوکراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و توێژەرەکانی، مۆدێلی دادگایی و سزادانی تاوانباران دەکەنە پێوەر، پێویست بوو ئاوڕ لەو ڕاستییە یاساییە جیهانییەش بدەنەوە کە لە دەرەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش دانی بەم جینۆسایدەدا ناوە. بۆ نموونە، دادگای شاری لاهای لە هۆڵەندا لە ٢٠٠٥ بازرگانی هۆڵەندی فرانس ڤان ئانراتی دادگایی کرد و لە کۆتاییدا بە ١٧ ساڵ زیندانی سزای دا، بەهۆی تێوەگلانی لە دابینکردنی کەرەستەی کیمیایی بۆ ڕژێمی پێشووی عێراق کە دژ بە هاووڵاتییانی کورد بەکارهێنرا. ئەو چەکە کیمیاییانەی کە شار و گوندەکانی کوردستانی لە هەرێمی کوردستانی عێراق و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەکۆمەڵ پێ کوژران و بریندار کران، لەوانە تاوانی گازبارانی شاری سەردەشت و گوندەکانی دەوروبەری لە ١٩٨٧، گوندەکانی شێخ وەسانان و بالیسان و سەرگەڵو و بەرگەڵو لەهەمان ساڵدا، هەروەها شار و ئاواییەکانی پاوە و نۆدشە لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، گوندەکانی سێوسێنان و گۆپتەپە و عەسکەرلە پارێزگای کەرکووک و گوندی برجینی لە پارێزگای دهۆک لە ١٩٨٨دا کە لە هەمووشیاندا خەڵکی مەدەنی بەکۆمەڵ کوژران و بریندار کران. ئەم بڕیارە دادوەرییە بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگری نێودەوڵەتییە لەسەر ناساندنی ڕەهەندەکانی ئەم کۆمەڵکوژییە.

کورد وەک پارێزەری بەها مرۆییە جیهانییەکان

جێگەی سەرنجە کە توێژەران و ڕۆشنبیرانی جیهان سەرەڕای ئەو تاوانە گەورانەش کە لێی کراوە سەیری ئامادەیی کورد ناکەن لە پاراستنی بەهای مرۆڤایەتیدا. مێژووی نوێ و کۆنی کورد پڕە لە نموونەی واقیعی کە بە تەواوی دژ بە فەلسەفەی جینۆساید و ڕق لێبوونەوەن. مێژوونووسان دەبێت ڕووداوەکانی ڕاپەڕینی ئاداری ١٩٩١ی نەتەوەی کورد بەبیر بهێننەوە؛ کاتێک لە دوای کەمتر لە سێ ساڵ لە تاوانەکانی ئەنفال و کیمیاباران، سوپای عێراق لە کوردستان لەلایەن خەڵکی ڕاپەڕیوەوە چەک کرا، خەڵکی کوردستان و کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوەکان، سەرەڕای ئەوەی بەدەیان هەزار کەس شەهید ببوون و گیرابوون و چارەنوسیان نادیاربوو، نەک تۆڵەیان لە سەربازە دیلەکانی سوپای عێراق نەسەندەوە و سزایان نەدان، بەڵکوو بە ڕۆحێکی بەرز و لێبوردەییەوە کە ڕەوا نیە مێژوو لەبیری بکات، نان و جلوبەرگ و پێداویستییەکانی ژیانیان بۆ دابین کردن و بە سەلامەتی ڕەوانەی لای کەسوکاریان کردنەوە. ئەمە لەکاتێکدا بوو کە کوردستان لە ژێر سەختترین دۆخی گەمارۆی ئابووریدا بوون. ئەو هەڵوێستە باشترین پەرچەکرداری دژە جینۆساید بوو، ئازار نەدانی سەربازە چەککراوەکانی سوپای عێراق لەکاتێکدا بوو کە هەموو کەس چەکی بەدەستەوە بوو. ئەم هەڵوێستە شایان بەڕێزگرتنە لەپێناوی شکۆی مرۆڤدا هەتا لە داهاتوودا پەند و وانە وەرگرن و لە وێرانکاری نیشتمان و بکوژی هاونیشتمانییەوە، ببنە پارێزەری نیشتمان و شکۆی هاونیشتمانیان.

ئەم بنەما مۆڕاڵییە لە قۆناغی هاوچەرخیشدا بەبەرچاوی میدیای جیهانییەوە دووبارە بووەوە؛ کاتێک جیهان لەبەردەم مەترسیی گەورەترین و دڕندەترین پەلامارەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش دا بوو، کوردەکان بوونە سەنگەر و پارێزەری سەرەکی تەواوی جیهان. ئەمە وای کرد کە داعش لەسەر دەستی پێشمەرگەو شەڕڤانان، بە تایبەتیش ژنانی کورد، بە هاوکاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، تێکبشکێت.

جێی ڕێز و تێڕامانە، لە کاتێکدا ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش دیلەکان و مەدەنییە کوردەکانی بە شمشێر سەردەبڕی و ژنانی کوردی ئێزدییان ڕووبەڕووی دڕندەترین شێوازی دەستدرێژی دەکردەوە، بەڵام هیچ بەڵگەیەک لەبەردەستدا نییە کە تەنانەت یەک دیلیش لە لایەن شەڕڤان و پێشمەرگەی کوردوە کوژرابێت یان سووکایەتی پێکرابێت. گەلێک کە لە ناو جەرگەی ئاگر و لە پێناو ئازادی و پاراستنی بەها مرۆییەکانی جیهاندا بەم مۆڕاڵە بڵندەوە بجەنگێت، شایانی ئەوەیە مێژووی ئازار و تاوانەکانی بە یەکسانی و بێ جیاوازی لە ناوەندە ئەکادیمییەکاندا تەماشا بکرێت.

بەرەو تێڕوانینێکی گشتگیرتر بۆ (ئیتر هەرگیز)

بۆ ئەوەی دروشمی “ئیدی هەرگیز” تەنیا وتارێکی دیپلۆماسیی بێ ناوەڕۆک نەبێت، پێویستە دامەزراوە ئەکادیمی و مرۆییەکانی سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان چاو بە ستراتیجی کارکردنیاندا بخشێننەوە. فەرامۆشکردنی تاوانی جینۆسایدکردنی کورد بە گشتی، ئەنفال و هەڵەبجە و شەنگال بە تایبەتی، لە توێژینەوەکانی تایبەت بە جینۆساید، کەلێنێکی میتۆدۆلۆجی گەورە لە زانستی کۆمەڵکوژیدا دروست دەکات. مرۆڤایەتی بەهەڵاواردن سوودمەند نابێت، بەڵکوو دادپەروەریی ئابڕوی مرۆڤایەتی دەپارێزێت، بۆیە داواکارم نووسەران و توێژەران و بیرمەندانی جیهانی بە گیانێکی ئینسانیی ڕاستگۆیانەوە بڕواننە مێژوو، تا چەمکی دادپەروەری لە چوارچێوەی بەرژەوەندییە سیاسییەکاندا کورت نەبێتەوە و دەنگی هەموو قوربانیانی جیهان وەک یەک بگاتە نەوەکانی داهاتوو. بۆئەوەی بەهەموومان کۆتایی بە کوشتار و جینۆساید بهێنین.

هاوشێوە