رێکخراوی ئازادبوون بۆ گەشەپێدانی بەردەوام

لە سێدارەدانی عەجاج و لە گۆڕنانی دۆسێی جێنۆساید

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسین: هۆمەر محەمەد

بەرایی

پەندێکی کوردی هەیە، دەڵێت: «کابرا گایەکی لێ دزراوە و بە گوڵمە گۆشتێک خەنییە.» ئەمە ڕێک ئەو وێنە تراژیدییەیە کە ئەمڕۆ لە مامەڵەی دەوڵەتی عێراق و دەسەڵاتی سیاسیدا لەگەڵ پرسی جینۆسایدی کورددا دەبینرێت؛ کاتێک دەیانەوێت دڕندەیەک بخەنە تای تەرازوویەکەوە و بە کوشتنی ئەو، یەکسانی بکەن بە ئازارو خوێنی هەزاران مرۆڤی بێتاوان! ئەم جۆرە لە “دادپەروەریی کارتۆنی”، لەبری ئەوەی برینەکان سارێژ بکات، سوکایەتییەکی گەورەیە بە قوربانییان، چونکە دەیەوێت میللەتێکی جینۆسایدکراو بە “پەتێکی سێدارە” خەنی بکات و لە بەرانبەریشدا مێژوویەکی پڕ لە تاوان و ناسنامەی بکوژە ڕاستەقینەکان بشارێتەوە. لەسێدارەدانی عەجاج تکریتی بەو خێراییە، تەنها کوشتنی جەلادێک نییە، بەڵکو گۆڕینەوەی “مانای تراژیدیای جێنۆسایدە” بە “سیناریۆیەکی سیاسی” کە تێیدا بکوژ دەبێتە قوربانیی مەزهەبی و دەوڵەتیش لە ئەرکی خۆی و ئیستیحقاقە مێژووییەکان بەرانبەر مافی هاوڵاتی ڕادەکات.

بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان، دادگاییکردنی تاوانبارانی جینۆساید پرۆسەیەکی یاسایی ڕووت نییە بۆ سزادانی بکەرێکی بکوژ و وێرانکار، یاخود کارەکتەرێکی ڕووت بۆ ئازاردانی دەرونی و جەستەیی، بەڵکو دەرفەتێکە بۆ بەهادان بە دادپەروەری و پاراستنی شکۆی مرۆڤایەتی، بەو پێیەی جێنۆساید ڕەهەندی نێودەوڵەتی هەیە، دەکرێت ئەنجامدەرانیشی لەداگای نیودەوڵەتی یاخود دادگایەکی ناوخۆ بەهەمان ئەو بەندو بڕگە نێودەوڵەتیانە دادگایی بکرێن. جێنۆساید بەواتای نیازی سڕینەوە و پاکتاوکردنی گروپێکی دەستنیشانکراو دێت لەلایەن سیستمێکی سیاسییەوە. بۆیە ناسینی ئەو عەقڵییەتەی کە مەرگی بە کۆمەڵ بەڕەوادەبینێ لە پێناوی مانەوەی خۆی ناکرێت دادگایی کردنی تۆمەتبارەکانی لە تۆڵەی تاکە کەسیدا کورت بکرێنەوە. بەپێچەوانەوە دادگایی کردنی هەر تۆمەتبارێکی ئەوجۆرە تاوانانە لەبنەرەتەوە دەبێت لەسەر بنەمای دادگایی کردنی سیستمێکی فاشستی بێت، کە نەک هەر تۆمەتبارە بەکوشتنی مرۆڤ بەڵکو تۆمەتبارە بەوەی کە مرۆڤی گۆڕیوە بۆشتێک و لە مرۆڤبوون دایماڵیوە و ئەم فەزایەی بەرهەمهێناوە. ئەم لە مرۆڤ خستنە بۆ هەردوولا (جەلاد و قوربانی) ڕاستە.

 ئەفسوس سەرەڕای ئەوەی بڕیاری لە سێدارەدانی (عەجاج) دڵی کەسوکاری قوربانیەکانی خۆشکردووە، بەڵام ئەوەی لە پرۆسەی دادگاییکردن و بڕیاری لەسێدارەدانەکەیدا بینیمان، زیاتر لە “دیزە بەدەرخۆنەکردنی” تاوانێکی مێژوویی دەچێت، نەک سیستمێکی داپەروەری نێودەوڵەتی، هەوڵێکە تێیدا دەوڵەتی نوێ کە میراتگری دەوڵەتی پێشووە، بەچنگ و نینۆک تێدەکۆشێ خۆی لەبەرپرسیارێتی قانوونی و ئەخلاقی بدزێتەوە چ جای گەیشتن بە دادپەروەری.

سیستمی دادوەری لە عێراقدا و هاوکات بێدەنگیی سیاسیی لە کوردستان، عەجاجیان لەجەلادێکەوە گۆڕی بۆ قوربانی، بەتایبەتیش لەناو سەدان تاوانکاری ئەنفالدا با ئەو کارەکتەرە بەدڕەفتارو تاوانکارە شایان بەسزای لە سێدارەدانیش بێت، بەڵام وەک قوربانییەکی مەزهەبی و سیاسی نیشان دەدرێت، ئەوەی وونە لەم دۆسێیەدا ئەم تاوانکارە وەک ” تۆمەتباری جینۆساید” نیشان نادرێت جا با بەهەمان ئەو بەندو بڕگانەش لێپێچینەوەی لەگەڵدا بکەن. کە لە دادگای باڵای تاوانەکاندا ئەوانیدی پێ دادگایی کراوە. کێشەی گەورە ئەوەیە کە هێشتا تێگەیشتن لە ماهیەتی تاوانەکە زۆر لاوازە؛ بۆیە لە کارەکتەری تاوانەکەش تێناگەن. بەداخەوە ئەگەر لای دەسەڵاتداران پەتی سێدارە کۆتایی چیرۆکەکەیە، دەبوو لای کورد سەرەتای چیرۆکەکە بێت دەنا لە سێدارەدانی بێ لێکۆڵینەوە، کۆتاییهێنانە بەو دەرفەتەی کە دەکرا تێیدا بەعس و “ئەنفال” زیاتر بناسین. تەنانەت هەوڵبدەین ئەمە وەک زانستێک و وەک تێگەیشتنێکی فەلسەفی لە دڕندەیی مرۆڤ دایبڕێژینەوە. نەک هەر بۆکورد بەڵکو بۆهەموو عێراقییەکان چونکە دواجار تێگەیشتن لەم بەڵایە سوودی بۆ هەموو پێکهاتەکانی عیراق دەبێت. لە پێش کوردەوە سووننە وشیعە لێی سوودمەند دەبن و هیچیان بەدەستی ئەوی تریان بەدەردی کورد ناچن.

کۆتایی هێنان بە دادگایی کردنی عەجاج بەو خێراییە و بڵاوکردنەوەی بەو شێوەیە و نیشاندانی دڵخۆشی کورد لەو ئاستەدا لەڕاستیدا سیناریۆیەکە، کەتیایدا بەکەم تەماشاکردنی دۆسێی جێنۆسایدی کورد بەڕوونی دیارە! کە خودی دادگاکەشیان بێنرخ کرد. ئەم خێراییە لە بڕیاردان، نیشانەی ئەوەیە کە دەوڵەتی عێراق بەنیازنیە بچێتە ژێرباری قەرەبووکردنەوەی کورد وەک پێکهاتەیەکی جێنۆسایدکراو کە دەبوو وەک میراتگری دەوڵەتی پێشوو بەرپرسیارێتی یاسایی هەڵگرێت. بەڵام دیارە ئەم دەوڵەتە تاوانەکانی دەوڵەتی پێشووش وەک بەشێک لە ڕابردووی تاوانکاریی نێودەوڵەتی قبوڵ ناکات، بۆیە دەیەوێت بە پەلە دۆسێکان بەم شێوەیە دابخات تاوەکو نەوەی نوێ تێنەگەن کە ئەنفال و جێنۆساید تاوانی سیستماتیکی دەوڵەت بووە. دەیانەوێ وای نیشانبدەن ئەوەی ڕوویداوە تەنها ڕەفتارێکی تاکەکەسیی چەند جەلادێک بووە و ئەمانە بەرپرسن نەک دەوڵەت!. بەداخەوە کورد بە کەسوکاری قوربانییەکانیشەوە بەشدارن لەم سیناریۆیە وێنەکان نیشانیاندا ڕێک وەک ئەوەی گایەکیان لێ دزرابێت و بە گوڵمە گۆشتێک خەنییان بکەن.!

ئێمە لەبەردەم پارادۆکسێکی شەرمەزارکەرداین؛ لە کاتێکدا جەلادێکی وەک عەجاج بە هۆکاری سیاسی و مەزهەبی پەتی سێدارەی بۆ ئامادە دەکرێت، کە بەپێش چاوی دەوڵەوت و هەمان دادگاوە هەزاران تۆمەتبار و گومان لێکراو تەنانەت دەیان داواکراوی ئەنفال لە هەمان دادگادا لە ئەفسەر و سەرباز و “جاش” و بەکرێگیراوی میلیشیاکانی ئەوسای دەوڵەت ئازادن! نەک هەر لە شارەکانی عێراقدا بەڵکو لە هەولێر و سلێمانی لەژێر سێبەری دەسەڵاتی کوردییدا بێ ترس لە لێپرسینەوەو تەنانەت بێ شەرم کردن لەو تاوانە دەژین.

ئێستا لەهەرکاتێک باشتر تێدەگەم کە بۆچی خەڵکی کوردستان داوایان دەکرد عەلی حەسەن مەجید بهێنن لەهەڵەبجە لەسێدارە بدرێت؟! بۆچی دیسان هەمان دەنگ بڵند بووەوە و دیسان داوا دەکەن عەجاج بهێندرێتە کوردستان دادگایی بکرێت؟ ئەمە هەمان ئەو سیناریۆیانەن کە دەوڵەتدار دەیەوێت لە زەینی گشتیدا جێکەوتەی بکات و کۆمەڵێک کەسیش بێ بیرکردنەوە خێرا بەدەم هەر سیناریۆیەکی حازربەدەستەوە، دەچن چونکە بەناوکەوتن و بەدواکەوتنی قەرەباڵغیان لەبیرکردنەوە بەلاوە ئاسانترو بێ سەرئێشەترە بەتایبەتیش کە میدیا دەبێتە سەکۆیەکی کاریگەری ڕوماڵی ئەم سیناریۆیانە.

وەنەبێت ئەمە تەنها تێڕوانینی دەوڵەتی عێراق بێت، بەڵکو لەکوردستان دۆخەکە خراپترە دەسەڵاتداری کورد لەبری ئەوەی ئەنفال و دۆسێکانی جێنۆساید بکاتە هۆیەک بۆ تێڕامان و تێفکرین و تراژیدیای خۆی بکاتە هۆیەک بۆ قایمکردنی پێگەی سیاسی خۆی، بۆخۆی دۆسێکەی کردووەتە ئامرازی سیناریۆی شیوەن و مەراسیمی شینگێڕانی کردووەتە ئەڵتەرناتیڤی سەنتەری توێژینەوەو لێکۆڵینەوە. لەبری ئەوەی لە بەغدا شەڕی جێنۆساید بکات شەڕی نەوت و پۆست و پێگەی حزبی دەکات. بۆیە دۆخەکە بەم تێگەیشتنەوە هەر ئەمەی لێ شین دەبێت. کاتێک مێژوو تەنها وەک شیوەن بگێڕدرێتەوە، رۆژبەڕۆژ و ساڵ بەساڵ دەستەی شینگێڕانیش کەم دەبنەوە، شینگێڕی چەندی قەرەباڵغیش بێت فیکر و فەلسەفەی لێ بەرهەم نایات، بێگومان ئەمەش هەر چاوەڕێی دووبارەبوونەوەی جێنۆساید و تراژیدیای لێدەکرێت.

ئەگەر ئەمرۆش ئەوە نەبیندرێت سبەی دەردەکەوێت مامەڵەکردنی دەوڵەتی عێراق لەگەڵ ئەم دۆسێیانە و لە ئێستاشدا لەسێدارەدانی عەجاج تکریتی بەم شێوازە، پەردەپۆشکردنی دەوڵەتە لە ئیحراجی زیاتر. عێراقی نوێ نایەوێت دان بەوەدا بنێت کە عەقڵییەتی “ئەنفال” هێشتا لە ناو دەمارەکانی دەوڵەتدا زیندووە، بۆیە بە کوشتنی عەجاج، دەیانەوێت مێژووی تاوانەکەش لەگۆڕبنێن. کوردیش، ئەگەر نەتوانێت لەم “دادگاییە تەمومژاوییانە” تێبگا و دڵی بەتۆڵە سەندنەوە خۆشبێ و هەڵواسینی تەرمی جەلادێک بخاتە شوێنی قەرەبوو کردنەوەی کورد، ئەوا جارێکی تر دەیسەلمێنێ کە هێشتا لە ئاستی گەورەیی تاوانەکەدا نییە. دەنا دەبێت سزادانی ئەم تۆمەتبارانە هێندە زەمینەسازی بۆ بکرێت هۆشیاری بگاتە ئاستێک کە پێش کەسوکاری ئەنفالکراوان کەسوکاری تاوانباران نەفرەت لەرەفتاری کەسەکانیان بکەن.

ئەفسوس ئەم بڕیارە درێژکراوەی هەمان ئەو عەقڵییەتەیە کە لەمێژە ڕەخنەی لێ دەگرین. وەک چۆن مانشێتی ژمارە (٧٧)ی هەفتەنامەی ئاوێنەی ڕێکەوتی ١٠ی تەموزی ٢٠٠٧ ئەوە نیشان دەدات کە نوری مالیکی داوای لەسەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەتی هەرێم کردووە و گوتوویەتی: (پەتی سێدارە بۆ عەلی حەسەن مەجید لە هەڵەبجە ئامادە بکەن)، هەر ئەوکاتە لە وتارێکدا لە ژمارە (٧٨)ی هەفتەنامەی “ئاوێنە”دا نووسیومە: “گومانم لەم دڵفراوانییەی بەرێز مالیکی هەیە.. چونكە وای بۆدەچم بیەوێت بە بەردێك دوونیشان بشكێنێت، لەلایەك وەک شیعەیەک سونەكان ئیستفزاز دەكات و كوردیش لەدوو بەرەكێی شەری مەزهەبیەوە دەگلێنێت‌، لەلایەکی تریش داوا گچكەكانی کورد نیشانی دنیا دەدات”. ئەمڕۆش هەمان مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە؛ دەوڵەتی عێراق دەیەوێت بە سێدارەدانێکی خێرا، پرسی جینۆساید لە “کێشەیەکی نیشتمانی و نێودەوڵەتییەوە” بگوازێتەوە بۆ “تۆڵەسەندنەوەیەکی تاکەکەسی” کە لەبنەرەتەوە بەکارهێنانی دۆسێی ئەنفالە بۆ ڕقێکی مەزهەبی.

دادپەروەریی ڕاستەقینە ئەوەیە کە هەموو تۆمەتباران، لەبەردەم دادگایەکی نیشتمانی یاخود نێودەوڵەتیدا ڕووبەڕووی دادگا بکرێنەوە. دەنا لە سێدارەی تاکە کەسێک چ عەجاج بێت یان هەر تاکێکی تر تەنها سیناریۆیەکی سیاسییە و ئامانجیش سپیکردنەوەی ڕووی دەوڵەت و دەسەڵاتدارانی بەغدایە و هاوکات نیشاندانەوەی کەمتەرخەمییەکانی دەسەڵاتدارانی کوردستانە.  

هاوشێوە