نووسین: هادی ئەحمەد عومەر
کۆچکردن یەکێکە لە دیاردە مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکان و مێژوویەکی کۆنی لە جیهاندا هەیە. کۆچکردن دەشێت فرە ڕەهەند بێت و تەنها یەک هۆکار لە پشت کۆچکردنی مرۆڤەوە نەبێت. هەروەها مێژوویەکی جیاوازی هەیە لە سەردەم و کۆمەڵگەیەکەوە بۆ دانەیەکی دیکە، کە هۆکاری جیاوازی لە پشت بووە. سەردەمانێک کۆچکردن بۆ شوێنێکی نادیار بوو؛ ئەو شوێنەی کۆچبەر ڕووی تێدەکرد ڕوون نەبوو چییە، یان دروستر بڵێین ئاشنایەتییان پێی نەبوو. بەڵام لە سەردەمی جیهانگیریدا بەو شێوەیە نەمایەوە و کۆچکردن پێناسە و مانایەکی دیکە وەردەگرێت. ئەگەر لە سەرەتاکانی دۆزینەوەی جوگرافییەکان ناوچە نوێ دۆزراوەکان وەک داگیرگەیەک بۆ وڵاتانی دیکە سەیر کرابن، سوود لە ژێرخانی وڵاتەکە بینرابێت، و زەویوزار و سامانیان لەلایەن کۆچبەرانەوە(یان داگیرکەر) دزرابێت و دەستی بەسەردا گیرابێت، دەتوانین بڵێین ئێستا کۆچ بە پێناسە و پڕۆسەیەکی دیکە دەناسێنرێت و هەڵگری ماهییەتێکی دیکەیە.
سەردەمانێک ڤایکینگەکان ڕیسکیان بە ژیانی خۆیان دەکرد، خۆیان دەدایە دەست زەریا و با، و گەرەکیان بوو بگەن بە ڕۆژاوا تا بزانن دوای ئەم زەریایە چی هەیە و چی نییە، مرۆڤ و ئاژەڵەکانی ئەم سەر زەمینە چین. ئەوان هێرشیان دەکردە سەر بەریتانیا و سوودیان لە خاک و سامانی ئەو وڵاتە دەبینی وهەوڵیان دەدا لەو خاکەدا بمێننەوە و سوودی لێ وەرگرن. یاخود هێرشی هۆڵەندییەکان بۆ ئەمریکا و دەستکردنیان بە دروستکردنی «نیو ئەمستردام». ئەو کات کۆچبەرەکان «سەبجێکت» (بکەر) بوون و خاکی کۆچبۆکراو «ئۆبجێکت» (بەرکار)یان بوو؛ دواتر ئینگلیزەکان نیو ئەمستردامیان کڕی و ناوەکەیان گۆڕی بۆ «نیویۆرک».
ئەوەی لێرەدا دەمەوێت بیڵێم ئەوەیە کە کۆچکردن مێژوویەکی دێرینی هەیە، بەوپێیەی مرۆڤ خولیای زانینی هەیە و لە کۆنەوە حەزی کردووە گەشت بە جیهاندا بکات. بەپێی گۆڕانی سەردەم و ژیانیش، مەبەستەکانی کۆچکردن گۆڕانیان بەسەردا هاتووە. ئەگەر لە سەدەکانی ناوەڕاست، مۆدێرنە و هاوچەرخدا کۆچکردن بە مەبەستی ئایینی و داگیرکاری بووبێت، دەتوانم بڵێیم ئێستا مەبەستەکە گۆڕاوە؛ کۆچبەر بە دوای ئامانج و مەبەستی جیاوازتردا دەگەڕێت. چیتر کۆچبەر مەبەستی نییە هێزی ڕاستەوخۆی خۆی بەسەر کۆمەڵگە، کولتوور و بردنی سامانی «ئەویتر»دا بسەپێنێت، یاخود ئەو توانایەی نییە. هەڵبەتە ئەمە بابەتی سەرەکیی ئێمە نییە لەم وتارەدا، ئەوەی جێگەی سەرنجی ئێمەیە، کۆچی هەنووکەیییە؛ داخۆ کاریگەریی کۆچبەر لەسەر کولتوور و کۆمەڵگەی ئەویتر چییە؟ نامۆبوونی تاک بە ژینگە، ئایین و نەریت (ترادیسیۆن). ئایا بەڕاستی کۆچبەر ئەو مافەی هەیە کاریگەریی هەبێت یاخود ببێتە هەڕەشە بۆ سەر جۆری بیرکردنەوەی ئەویتر؟ ڕێگری بکات لە مومارەسەکردنی ئازادیی ئەویتر کە سەدان ساڵ شۆڕش و خوێنی لە پێناودا دراوە؟ ئایا دروستکردنی کاریکاتێر مافێکی ڕەوای خەڵکی نییە؟ ئەمانە و چەند شرۆڤەیەکی دیکە مژاری بابەتەکەن.
کۆچکردن پڕۆسەیەکە کە لە ڕێگەیەوە تاکەکان دەبنە نیشتەجێی هەمیشەیی یان هاوڵاتیی وڵاتێکی دیکە. لە مێژوودا پڕۆسەی کۆچکردن سوودێکی گەورەی کۆمەڵایەتی، ئابووری و کولتووریی بۆ دەوڵەتەکان هەبووە. ئەزموونی کۆچبەری درێژخایەن و جۆراوجۆرە، و لە زۆر حاڵەتدا بووەتە هۆی گەشەسەندنی کۆمەڵگە فرەکولتوورەکان؛ زۆرێک لە دەوڵەتە مۆدێرنەکان بە چەندین جۆری کولتوور و نەتەوە تایبەتمەندن کە لە قۆناغەکانی پێشووی کۆچبەرییەوە سەرچاوەیان گرتووە. کۆچکردن کاتێک ڕوودەدات کە کەسێک ڕوو لە وڵاتێکی تر بکات بۆ ئەوەی تا کاتێکی نادیار بمێنێتەوە. بەم شێوەیە، بەهۆی کورتیی سەردانەکانیانەوە، بۆ نموونە گەشتیاران، گەشتیارانی بازرگانی و خوێندکارە بیانییەکان، بە شێوەیەکی گشتی بە کۆچبەر دانانرێن، هەرچەندە لە وڵاتێکی بیانیدا کات بەسەر دەبەن.
پرسی کۆچبەر لە ئێستادا پرسێکی فرە گرنگە . ئامانجی کۆچکردن لە نیشتمانەوە بۆ خاکێکی دیکە دەبێت لە پێناو چیدا بێت؟ لە کۆمەڵگەی ئێمەدا تاکە ڕەهەندێک کە زۆر پەنجەی بۆ درێژ دەکرێت، ڕامیاری (سیاسەت-ئەمنیە)ە. دۆخی ڕامیاریی هەنووکە لە ناوچەکەدا وایکردووە ئاسایش تا ئاستێکی خراپ دابەزێت. جەنگ و شەڕی تیرۆر وایکردووە کە هەزاران کۆچبەر لە ڕێگا پڕ مەترسیدارەکانەوە بەرەو وڵاتانی ئەورووپی کۆچ بکەن [کۆچ بەرەو وڵاتانی دراوسێش هەبووە، ڕەنگە زۆرتریش بێت، بەڵام لێرەدا سەرنجمان لەسەر کۆچە بەرەو ئەورووپا] و لەوێ ژیان بکەن. هەروەها دەشێت کۆچکردن هۆکاری دیکەشی لە پشت بێت. ڕوونە ستراکچەری کولتوور و نەریتی ڕۆژاوا زۆر جیاوازە لە ڕۆژهەڵات، و لە سەردەمی ئێمەدا مرۆڤەکان ئاسانتر دەتوانن ئاشنایەتی پەیدا بکەن بە شێوازی ژیانکردنی ئەوانی دیکە، جا لە ڕێگەی سۆشیال میدیا یان هۆکارەکانی دیکەوە بێت.
کاتێک کۆچبەرەکان بەر ژینگە و هاوڵاتیی ڕۆژاوایی دەکەون، بە تەواوی ئەزموونێکی جیاواز دەکەن؛ ئەوەی بۆ تاکی ڕۆژهەڵاتی پیرۆز (موقەدەس) و هێڵی سوورە، بە نیسبەت ڕۆژاواییەکانەوە زۆر ئاساییە و دەمێکە تێپەڕێنراوە.
یاخود ئەوەی بۆ ئێمە بابەتی جدی و هێڵی سوورە، بۆ ئەوان جێگەی گفتوگۆی ئەقڵانی، تەنز و کاریکاتێرە. جا ئەوەی گرنگە ، شرۆڤەکردنی ئەو بەریەککەوتنەیە. کاتێک پەنابەر دەبینێت موقەدەسەکانی ئەو لەو وڵاتەدا تەنها بۆ خۆی پیرۆزن و هێڵی سوور نین، ئاکتە توندوتیژەکانی دژ بە نەریت، کولتوور و ئازادیی ئەوانی دیکە دەردەکەون. لێرەدا شرۆڤەی ئەم بەریەککەوتنە دەکەین؛ داخۆ بۆ پەنابەرێک کە ڕووی کردووەتە سەرزەمینێکی دیکە، بە چ پێوەرێک مامەڵە لەگەڵ ئەوانی دیکەدا بکات؟ ئایا بەرگریکردن لە دۆگمەکانی بە توندوتیژی لەو وڵاتەدا کە زەمینەی ئاکتی مەدەنییە، لە ڕوانگەی ئەخلاقییەوە چۆن هەڵدەسەنگێنین؟
کاریکاتێریش یەکێکە لەو هونەرە باوە تەنزامێزانەی کۆمەڵگەی ڕۆژاوایی کە کاردانەوەی زۆر توندوتیژی لەلایەن موسڵمانە فەندەمێنتالیستەکانەوە لێکەوتووەتەوە. بۆیە لە سەرەتاوە پێناسەیەکی هونەری کاریکاتێر دەکەین، لەسەر بنەمای ئەو ڕووداوە مێژووییە توندوتیژانەی ئەنجامدراون و تەواو پێچەوانەی بنەماکانی کۆمەڵگەی ڕۆژئاوایی بوون.
کاریکاتێر چییە؟
کاریکاتێر بریتییە لە وێنەکێشانی کەسێکی ڕاستەقینە کە هەندێک تایبەتمەندی دەشێوێنێت یان زیادەڕەویی تێدا دەکرێت، بەڵام هێشتا هاوشێوەیەکی دەهێڵێتەوە، بە واتایەکی دیکە، پارچەیەکی زیادەڕەویکراوە لە هونەری پۆرترێت. کاریکاتێر بۆ یەکەمجار لە سەدەی شانزە و حەڤدەدا سەریهەڵداوە و ژانرێکی بەناوبانگی هونەرە جوانەکانە، لەلایەن تەنزنووسەکانەوە بۆ گاڵتەکردن بە کەسایەتییە گشتییەکان و سیاسەتمەداران دروستکراوە (کاریکاتێرێک پەیامی ئەخلاقی لەگەڵ بێت بە تەنز دادەنرێت) (Visual Arts Cork, n.d.). تا ئەمڕۆش ئەم بەردەوامییە هەیە و لە گۆڤار و ڕۆژنامەکاندا بەکاردەهێنرێت بۆ گاڵتەکردن بە ئەستێرەکانی سینەما، سیاسەتمەداران و کەسایەتییە ناودارەکان (Visual Arts Cork, n.d.).
ئایا کاریکاتێر لە سەرەتای مێژووی ئێمەوە هەبووە؟ نموونەی ئەم فۆرمە هونەرییە لە دیواری ئەشکەوتەکان و گۆڕەکانی میسردا دەردەکەون (Visual Arts Cork, n.d.). وشەی کاریکاتێر لە وشەی ئیتاڵیی «کاریکۆ» (carico) و «کاریکاتێرە» (caricare)وە هاتووە، بە واتای «بارکردن» یان «زیادەڕەویکردن» (Visual Arts Cork, n.d.). لە ساڵانی ١٥٩٠دا، ئەنیبالێ کاراچیی ئیتاڵی (و ئاگۆستینۆی برای) ئەم وشانەیان بەکارهێنا بۆ هەندێک سکێچی پۆرترێت کە زیادەڕەوییان لە دروستکردنیاندا کردبوو وەک خۆیان (Visual Arts Cork, n.d.). ئەو وەسفانەی کە بەجێیان هێشتوون، باس لەوە دەکەن کە وێنەکان بۆ نوکتە و گاڵتەکردن بووە بە تیۆرییە هونەرییەکانی خۆیان کە لە ئەکادیمیای بۆلۆنیا وانەیان دەگوتەوە (Visual Arts Cork, n.d.).
ئینسایکلۆپیدیای بریتانیکا کاریکاتێر بەم شێوەیە پێناسە دەکات:
> پێشکەشکردنی وێنەی کەسێک، جۆرێک، یان کردەوەیەک بە شێواوی. بە شێوەیەکی باو، تایبەتمەندییەکی بەرچاو یان گونجاوی بابەتەکە دەستی بەسەردا دەگیرێت و زیادەڕەویی تێدا دەکرێت، یان تایبەتمەندییەکانی ئاژەڵ، باڵندە، یان سەوزە بە جێگرەوەی بەشەکانی مرۆڤ دادەنرێن، یان لێکچوون بە کردارەکانی ئاژەڵ دەکرێت. بەگشتی مرۆڤ بیر لە کاریکاتێر دەکاتەوە وەک هێڵکارییەک کە مەبەست لێی بڵاوکردنەوە بێت بۆ سەرگەرمی ئەو کەسانەی کە ئەسڵییەکەیان پێ ئاشنایە :بەزۆری سیفەتی کەسیی تێدا ئامادەیە.
هونەرمەندێکی گەورەی کاریکاتێر دەزانێت چۆن سەیری تاکێک بکات و دیاری بکات چ تایبەتمەندییەک ناوازەی دەکات — وەک چەناگەی گەورەتر، ناوچەوانی بەرز یان دانانی چاوی ناوازە — و ئەو تایبەتمەندییانە زیادەڕەویی تێدا دەکات بۆ دروستکردنی وێنەیەکی ستایلدار و بە شێوەیەکی تایبەت گاڵتەجاڕانە لەسەر کەسەکە.
لەم تێگەیشتنە بۆمان دەردەکەوێت کە فیگەرە دیارەکانی ناو کۆمەڵگەی ڕۆژاوایی دەکرێنە ئامانجی هونەرمەندەکان و کەسیش بێبەری نییە، تەنانەت خێزانی شاهانەش دەگرێتەوە؛ بە مانایەکی دیکە، کەسێک خاوەن کەسایەتیی گشتی بوو، لەوە دەترازێت کە نەکەوێتە بەر لێشاوی تەنزەکان.
یەکێک لە کاریکاتێریستەکان بە ناوی «کورت وێستەرگارد» لە ساڵی ٢٠٠٥دا کاریکاتێرێکی لە ڕۆژنامەیەکی دانیمارکیدا بڵاوکردەوە لەسەر محەمەد، پێغەمبەری ئیسلام (BBC, 2021). ئەم کاریکاتێرە کاردانەوەی زۆر توندوتیژانەی بە دوای خۆیدا هێنا (BBC, 2021). ئەو لە پشت مشتومڕاویترین کاریکاتێر بوو لە نێو ١٢ کاریکاتێردا کە ڕۆژنامەکە بڵاویکردنەوە، بۆ ئەوەی خاڵێک لەسەر خۆسانسۆری و ڕەخنەگرتن لە ئیسلام بخاتەڕوو (BBC, 2021). تێیدا دەرکەوتووە کە پێغەمبەر عەمامەیەکی لە شێوەی بۆمبدا لەسەردایە (BBC, 2021). لە بیرکردنەوەی موسڵمانانیشدا ئەمە مانای سوکایەتیکردن بوو بە پێغەمبەرەکەیان. ئەو دۆزە بەو شێوەیە کۆتایی نەهات و کارەساتی دیکەی بە دوای خۆیدا هێنا.
ئەو کارتۆنانە بوونە هۆی ناڕەزایەتی لە دانیمارک و لە سەرانسەری جیهانی ئیسلامیدا (BBC, 2021). لە ئاژاوەگێڕییەکانی دواتردا هێرش کرایە سەر باڵیۆزخانەکانی دانیمارک و دەیان کەس گیانیان لەدەستدا (BBC, 2021). ئەم پشێوییانە بەردەوامییان هەبوو، تا لە ساڵی ٢٠١٥دا و لە هێرشێکی چەکدارانی ئیسلامیدا بۆ سەر نووسینگەکانی گۆڤاری تەنزئامێزی فەرەنسی «شارلی ئیبدۆ» کە کاریکاتێرەکانی بڵاوکردبووەوە، ١٢ کەس کوژران (BBC, 2021). هەروەها وێستەرگارد چەندین هەڕەشەی کوشتنی لێکرا و هەوڵی تیرۆرکردنی درا (BBC, 2021). سەرەتا خۆی حەشاردا، بەڵام دواتر بڕیاریدا بە ئاشکرا لە ماڵێکی قەڵادراودا بژی (BBC, 2021). لە ساڵی ٢٠٠٨دا دەسەڵاتدارانی دانیمارک سێ کەسیان تۆمەتبار کرد بە پلاندانان بۆ کوشتنی وێستەرگارد (BBC, 2021). دوای دوو ساڵ، پیاوێکیان گرت کە چەقۆیەکی بەدەستەوە بوو و دەچووە ناو ماڵەکەیەوە (BBC, 2021). دواتر محەمەد گیلێ بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ کوشتن و تیرۆر سزا درا و بۆ ماوەی نۆ ساڵ زیندانی کرا (BBC, 2021).
لێرەوە بەریەککەوتن دروستدەبێت؛ ئایا ڕەوایە پەنابەرێک ببێتە مەترسی بۆ سەر نەریتی چەندین ساڵەی هاوڵاتییەکی ڕۆژاوایی؟ لە کولتووری ڕۆژاوادا کاریکاتێر و تەنزگرتن مافێکی سروشتیی هاوڵاتیانە. ئایا پەنابەرێکی ڕۆژهەڵاتی کە دەبێتە مەترسی بۆ سەر ئازادیی هاوڵاتییەکی ئەو زەمینەیەی کە پەروەردەی ئەو نەریتەیە، پێویستە چۆن مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت؟ لە بەرانبەریشدا، موقەدەساتی تاکی ڕۆژهەڵاتی دەبێتە تەنز و کاریکاتێر. بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە، پێویستە لەوە تێبگەین ئایا نەریت، نۆرم، بەها و یاسای وڵاتانی ئەورووپی چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆزەدا دەکەن؟ ئایا پیرۆزییە ئایینییەکان پیرۆزیی هەموو کۆمەڵگەن یاخود تەنها بۆ کەسی باوەڕدار پیرۆزن؟
مەرجە لەبەر ئەوەی کاسۆلیکێک پێی وایە مەسیح کوڕی خودایە، ئەوانی دیکە نەڵێن وانییە، یاخود لە کاریکاتێرێکدا بیکەن بە تەنز؟ ئایا کاسۆلیکەکە هەڵدەستێت خاوەن کاریکاتێرەکە بکوژێت تەنها لەبەر ئەوەی موقەدەساتی ئەو کراوە بە کاریکاتێر؟ بێگومان نەخێر، لەبەر ئەوەی لە نەریتێکدا گەورە بووە کە پیرۆزییەکانی خۆی بۆ خۆی هەڵگرێت و نەیسەپێنێت بەسەر ئەوانی دیکەدا. فەندەمێنتالیستە خۆرهەڵاتییەکە کۆسپە بۆ بەرخوردی ئازادییەکان، ئەمەش لە ڕێگەی تیرۆرکردن و تۆقاندنەوە. وێستەرگارد بۆ ماوەیەکی زۆر ناچار بوو بە نهێنی و لەگەڵ پاسەواندا بژیت (BBC, 2021). ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە هەڵگرانی ئەو ئایدیایانە دەبنە مایەی ترس و تۆقاندن بۆ هاوڵاتیانی دیکە.
لە ڕووداوێکی دیکەی هەمانشێوەدا، مامۆستایەکی مێژووی قوتابخانەیەکی ناوەندی لە فەرەنسا (ساموێل پاتی)، لە پێش قوتابخانەکەی خۆیدا بە چەقۆ کوژرا، تەنها لەبەر ئەوەی کاریکاتێری پێغەمبەر محەمەدی پیشانی قوتابییەکانی دابوو، کە لەلایەن موسڵمانانەوە بە کوفر دادەنرێت (Reuters, 2020). مامۆستایەک کارتۆنێک پیشانی خوێندکارەکانی دەدات و ئەمەش هیچ گرفتێکی نییە لەگەڵ بنەماکانی کۆمەڵگەی فەرەنسی، کەچی بە چەقۆ دەکوژرێت لەبەر ئەوەی کۆچبەرێک هەیە پێی وایە ئەمە کوفرە و لەگەڵ ئایینی پیرۆزی ئیسلامدا یەکناگرێتەوە و سوکایەتیکردنە بە موقەدەسەکانی.
لێرەدا ئێمە لەگەڵ دوو جۆر تاکدا دەرگیرین؛ یەکەمیان پێی وایە دروستکردنی کاریکاتێر ئازادییە و مافی خۆیەتی، کەسی دووەمیش وەک پێشێلکاری و سوکایەتی دەیبینێت. کەسی یەکەم لەگەڵ بنچینەکانی کۆماری فەرەنسیدا هیچ گرفتێکی نییە و وەک مەترسیش نابینرێت بۆ سەر کۆمار، هەرچی کەسی دووەمە، هەستاوە بە تیرۆرکردنی هاوڵاتییەکی مەدەنی کە تاکە تاوانی پیشاندانی کاریکاتێرێک بووە (Reuters, 2020). ئەم ئاڕاستەکردنە تەنها لە نێوان باوەڕەدارە فەندەمێنتالیستەکاندا دەکرێت نەک گشت موسڵمانان، چونکە ئەمە ڕێژەیییە و ڕەها نییە؛ هەموو ئایندارەکان ئاوا بیر ناکەنەوە. بەڵام لە ئاکتێکی ئاوادا، کاریگەری لەسەر تەواوی موسڵمانان دادەنێت و دەشێت کۆماری فەرەنسا بە دیدێکی توندتر سەیری گروپ و ڕێکخراوە ئایینییەکان بکات کە لەو وڵاتەدا خەریکی مومارەسەکردنی ئایینەکەیانن، هەروەک لە ڕابردووشدا کردی.
هەروەها وەچەخستنەوەی پەنابەران بە ڕێژەیەکی بەرز لە بەرانبەر هاوڵاتیانی دیکەدا، گرفتێکی دیکەیە بۆ سەر کۆمەڵگەی ڕۆژاوایی. ئەورووپییەکان بە بەراورد بە ڕۆژهەڵاتییەکان کەمتر منداڵ دەخەنەوە، بۆیە بە ڕێژەیەکی بەرچاو ژمارەی موسڵمانانی ناوچەکە بەرز دەبێتەوە، کە ئەمەش بۆ هاوڵاتییە ڕەسەنەکان وەک جۆرێک لە مەترسی سەیر دەکرێت.
لە کۆتاییدا دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی کە کۆچی بەلێشاو لە ژینگەیەکەوە بۆ ژینگەیەکی فرە جیاواز، کاردەکاتە سەر پەیکەربەندیی کۆمەڵایەتی، نەریت و کولتووری ئەو نەتەوەیە. دەشێت ئەم کاریگەرییە هەندێک جار بگاتە ئاستێکی بەرز و کاریگەریی نەرێنیش لەسەر ژینگەی کۆمەڵایەتی دابنێت. لەبەر ئەوە، سانسۆردانان لەسەر کۆچکردن یەکێکە لە ڕەهەندەکانی بەرگریکردن لە نەریت، شوناس و ماهییەتی خەڵکی دیاریکراوی ناوچەیەک، هەروەها پاراستنی بنەماکانی ئەو ستاتۆییەی کە کۆچبەر ڕووی تێدەکات.
کۆچکردن لە ژینگەیەکەوە بۆ ژینگەیەکی دیکە کەوتووەتە سەر کۆمەڵێک هۆکار. ئەگەر سەرنج بدەین، کۆچکردنی کەنەدییەکان زۆر ئاسانە بۆ ئەمریکا، کەچی کۆچی مەکسیکییەکان و هاوشێوەکانیان ئاستەنگی زۆری دێتە پێش. یاخود کۆچکردنی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا ئاسانترە وەک لە وڵاتێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە ئەو هاوڵاتیانەی هاوئایین، هاونەریت و هاوکولتوورن یاخود نزیکایەتییان هەیە، وەک مەترسی بۆ سەر کۆمەڵگەکەیان نابینرێن. نزیکیی کولتوور، هونەر و ئاستی زانینیان، فاکتەرگەلێکن لەسەر چۆنیەتیی سەیرکردنیان بۆ پەنابەران و مامەڵەکردن لەگەڵیاندا.
لیستی سەرچاوەکان
* **BBC.** (2021). *Kurt Westergaard: Danish Prophet Muhammad cartoonist dies aged 86*. Retrieved from https://www.bbc.com/news/world-europe-57883392
* **Reuters.** (2020). *French school teacher beheaded after showing Prophet Mohammad cartoons in class*. Retrieved from https://www.reuters.com/article/france-security-idUSKBN2712MP
* **Visual Arts Cork.** (n.d.). *Caricature Art: History, Characteristics of Satirical Portraits*. Retrieved from http://www.visual-arts-cork.com/caricature-art.htm