نووسین: هۆمەر محەمەد
لەبەراییدا دەمەوێت ئاماژە بەوە بکەم هەرچەندە هێشتا دەنگێک هەیە لەناو کورددا، کە هاتنی بەلێشاوی عەرەب بەمەترسی نازانێت بۆ هەرێمی کوردستان. بەڵام ئاگاییەکی باشیش هەیە لەوەی نەک هاتنی عەرەب بەو ڕێژەیە جێگەی مەترسییە، بەڵکو لەوە مەترسیدارتر داگیرکردنی کەلتوورە.. ئەمەش لەڕێگەی ئەو ڕێکخراوو ڕەوتە سیاسیانەوە لە دوای ڕاپەڕینی (١٩٩١)ەوە بەپلان کاری لەسەر دەکرێت و ئێستا لێکەوتەکانی زیاتر دەرکەوتوون و خێراتر ئەنجام دەدرێت. ئەمە سیاسەتێکی پلان بۆ داڕێژراوە و لەلایەن تورکیاو ئێران و قەتەرو سعودییەوە پشتیوانی دارایی و باربۆ دەکرێن.
ئەو مەترسیەی ئێستا بەگەرمی قسەی لەبارەوە دەکرێت، لەمێژە دەجوڵێ و کاربۆ ئامانجی داگیرکاران دەکەن نمونەی بەرچاویش لەسەرەتای نەوەدەکانی سەدەی ڕابووردووەوە، لە پەنای کاری خێرخوازییەوە بەگۆڕینی ناوی منداڵان لەبەرانبەر پێدانی هەتیوانەو بێوژنانە دەستی پێکردووە. ئەمەش هەر لێکەوتەی ئەنفال و کیمیاباران و دواتریش شەڕی ناوخۆی حزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان هێندەی تر زەمینەی بۆسازاندن و بێوەژن و منداڵی بێ دایک وباوک و بێ سەرپەرشتی زیاتریان وەک ماتریالێکی مرۆیی دایەدەست ئەو ڕەوتە سیاسیانەوە کە بەناوی ئاین و رێکخراوی خێرخوازییەوە کەوتبوونە وێزەی کۆمەڵگەی کوردی. کەم نین ئەو منداڵانەی ناوەکانیان لە کوردییەوە گۆڕدرا بۆ عەرەبی لەکاروان و ئازاد و نازدارو ڕووناکەوە گۆڕان بۆ ئوسامەو زەید و شیماو فاطمە. کەم نین ئەو منداڵانەی ناوی باوک و باپیریان کوردییەو خۆیان ناوی عەرەبییان لێندراوە.
ئێستا ئێمە لەگەرمەی شەڕێکی کەلتووریی نەرمداین، بەڵام لێکەوتە مەترسیدارەکانی لەداهاتوودا لەنەرمەوە دەگۆڕێ بۆ توندوتیژی و پێکدادان. بۆیە کورد لەدەرەوەی سیاسەتی حزبە دەسەڵاتدارەکان دەبێت تەماشای ئەم کێشەیە بکات و بێگوێدانە کەمتەرخەمی ئەوان ئەرکێتی دەست بەشوناس و کەلتووریی خۆیەوە بگرێت.
لە زۆربەی ململانێ نێودەوڵەتییەکاندا، گۆڕینی کەلتوور وەک دەرئەنجامێکی پاشکۆی داگیرکردنی خاک سەیر دەکرێت. بەڵام لە دۆخی کوردستانی باشووردا، ئەم هاوکێشەیە پێچەوانەیە. ئەگەرچی ئەم دیاردەیەش هەر دەرهاویشتەی داگیرکردنی مێژوویی خاکی کوردستانە. بۆ نمونە کاتێک شارەکانی کووت و عەلی غەربی و عەلی شەرقی بەتەواوی کوردنشین بوون و دانیشتوانەکەی (فەیلی – پەهلی) بوون. ڕێژەی عەرەب لەناویاندا لە جێی نەبووان بووە. ئەم قسەیە بۆ موسڵیش هەر ڕاستە. بەڵام ئێستا زۆری دەوێت هەتا بڕوا بە کوردەکان بهێنی ئەوشارانە کوردی بوون و تەنانەت بەغدا هەتا ساڵی ١٩٨٠ش بازاڕەکانی بەدەست کوردی فەیلییەوە بووەو بەهۆی سیاسەتی ڕاگواستن و جێنۆسایدەوە بەم دەرئەنجامە گەیشتووە. تەنانەت یەکێک لەهۆکارەکانی کۆمەڵکوژی و دەرکردنی فەیلیەکان لە عێراق دەوڵەمەندییان بوو، کەجڵەوی بازاڕەکانی عێراق بەتایبەتیش بەغداو عەمارەو کووت و دیالە و بەسرەشیان بەدەستەوە بووە. ئەمە جگەلە کوردبوون و شیعەبوونیان. باشترین نمونەش ئەوەیە کە ساڵی ١٩٨٠ رژێمی بەعس ٤٠٠ بازرگانی فەیلی لەسێدارەداو دەستی بەسەر سامانی گواستراوەونەگواستراوەیاندا گرت.
لێرەدا قسە لەسەر ئەو مێژووە نییە، بەڵکو لەسەر داگیرکردنی کەلتوورە بەناوی (مقدەس) و ئاینەوە، کاتێک بەپارەو باربووی قەتەر و تورکیا مزگەوتێک لە شارێکی مێژوویی و دێرینی وەک (کۆیە) لە ئازادییەوە دەگۆڕن بە مەدینە. دەست بۆ پاساوی ئاینی دەبەن! وەک بڵێی خودا دژایەتی لەگەڵ ناوی کوردی هەبێ و مزگەوتێک بەناوی کوردییەوە بۆ ماڵی خودا ناڕەوابێت !. بۆیە کەلتوور لێرەدا تەنها پاشکۆی باس و بابەتێک نییە، بەڵکو ئامرازێکی سەرەکییە بۆ گەیشتن بە ئامانجی سیاسی و جوگرافی.
پڕۆسەی داگیرکاری لەم ناوچەیەدا لە گۆڕینی ناوی شارەکان، قەدەغەکردنی زمان و سەپاندنی شوناسی بیانییەوە دەست پێ دەکات، تاوەکو لە کۆتاییدا ڕەوایەتی بە داگیرکردنی خاکیش بدات. کاتێک کوردێک عەقڵی داگیر دەکرێت بەئاسانی کەلتووریشی داگیر دەکرێت، ئامانج لەم داگیرکارییەش لە خۆڕاو بێ بەرنامە نییە، داگیرکارانی کوردستان باش دەزانن ئەوەی کوردی بە پێوەڕاگرتووە زمان و کەلتوورەکەیەتی بۆیە هەوڵدەدەن عەقلی مرۆڤی کورد داگیر بکەن بۆئەوەی کەلتووری داگیر بکەن و ئەو چەکە گرنگەی بەرەنگاریی لێوەربگرنەوە.
هەستیاریی بەرانبەر زمانی نەتەوەی سەردەست.
لەنێودونیای سۆشیال میدیادا هەندێک دەڵێن بۆچی (کەس بۆ ناوی ئینگلیزی و بیانی دەنگی لێوە نایاو کەچی بەرانبەر ناوی عەرەبی قەڵس دەبن)؟! بێ ئەوەی تێبفکرێ لەوەی ئەو هەستیارییەی کە تاکی “کوردی هۆشیار” بەرانبەر ناوی عەرەبی، تورکی یان فارسی هەیەتی، ڕقێکی نەتەوەیی دەمارگیرانە نییە، بەڵکو کاردانەوەیەکی دەروونی و سیاسییە بەرانبەر بە مێژوویەکی درێژ لە داگیرکاریی و ئاسمیلەکردن. لەبەر ئەوەی ئەم زمانانە لە چوارچێوەی دەسەڵاتی سیاسیی زاڵدا وەک ئامرازێک بۆ سڕینەوەی شوناسی کوردی بەکار هێنراون، هەر وشە و ناوێکی ناو ئەم زمانانە لە هۆشیاریی تاکی کورددا وەک نیشانەیەک بۆ داگیرکاری و نکۆڵیکردن وێنا دەکرێت. کاتێک دەوڵەتە داگیرکەرەکان ناوی کوردییان قەدەغە کردووە و ناوی بیانییان بەسەر ژینەگەو شوێن و شوناسی خەڵکدا سەپاندووە، ناوەکە لە مانا زمانەوانییەکەی داماڵراوە و بووە بە سیمبۆلێکی سیاسی بۆ سەپاندنی هەژموون. بۆنمونە شاری کووت کە گۆڕاوە بۆ (واسط) ئامانج لێی سڕینەوەی موڵکدارێتی شوناسی نەتەوەییە لەبەرئەوەی کووت لەبنەڕەتەوە ناوێکی کوردییە (کووتەک) و (گۆتی) دوو لەو گریمانانە کە ناوی شارەکەی لێوە هاتبێت لەبەرئەوەی کووت و ئیلام دوو مەڵبەندی گەورەی کورد نشین بوون . کە شوێنی نیشتەجێی گۆتییەکان بووە. رایەکیش هەیە کە شاری کووت لە شوێنی نیشتەجێی کووتەک بەدەستەکان بووبێت لەبەرئەوەی کوردە فەیلیەکان لەمێژوودا بەکووتەک شەڕیان کردووە.
جیاوازیی دیدگا بۆ زمانە جیهانییەکان
لێرەدا پرسیارێکی گرنگ سەرهەڵدەدات کە بۆچی هەمان ئەو هەستیارییە بەرانبەر ناوی ئینگلیزی یان فەرەنسی بوونی نییە. وەڵامەکە لە جۆری ئەو پەیوەندییەدایە کە لە نێوان زمان و دەسەڵاتدا هەیە. زمانە ڕۆژئاواییەکان، بەتایبەت ئینگلیزی، لە ئێستادا وەک زمانی زانست، تەکنەلۆژیا و جیهانگیری دەبینرێن. ئەم زمانانە لە ڕووی جوگرافییەوە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ نین بۆ سەر خاکی کوردستان و هەوڵی سڕینەوەی شوناسی نەتەوەیی کورد نادەن بەو شێوەیە کە دەوڵەتانی دراوسێ بە ئامانجی داگیرکاریی ئەنجامی دەدەن. داگیرکاریی سەردەمی جیهانگیری جیاوازە لە داگیرکاریی سەردەمی فتوحات و دەوڵەت نەتەوە وەک داگیرکاریی بەعسیەکان و تۆرانیەکان و عەجەمەکان داگیرکاریی ئەمانە لە سۆنگەی جەنگ و جێنۆسایدەوەیە یاخود لەکاتێکدا ئەگەر کورد مل بەسیاسەتەکانیان نەدات ڕووبەڕووی جەنگ و جێنۆساید دەکرێتەوە.
کاتێک تاکێکی کورد ناوێکی ئینگلیزی بەکار دەهێنێت، هەست ناکات کە لە ژێر گوشاری سیاسی یان پڕۆسەی سڕینەوەی ناسنامەدایە. بە پێچەوانەوە، زۆر جار وەک هەوڵێک بۆ هاوچەرخبوون و پەیوەندی لەگەڵ جیهانی دەرەوە لێی دەڕوانرێت. لە کاتێکدا بەکارهێنانی ناوی نەتەوە سەردەستەکان، بیرهێنانەوەی ئەو قۆناغانەیە کە تێیدا هەوڵ دراوە شوناسی کوردی لە نێو شوناسە گەورەکاندا بتوێنرێتەوە.
بە کورتی، ململانێی کەلتووری لە کوردستان بەشێکی دانەبڕاوە لە ململانێی سیاسی و داگیرکردنی خاک. هەستیاری بەرانبەر ناوی گەلانی تری وەک عەرەب وعەجەم و تورک، دەمارگیری نەتەوەیی نییە بەڵکو بەرگرییەکی دەروونییە بۆ پاراستنی ئەوەی کە ماوەتەوە. ئەم تێڕوانینە نیشانەی تێگەیشتنی وردی کۆمەڵگەیە لەوەی کە داگیرکردنی ناو و زمان، هەنگاوی یەکەمە بۆ داگیرکردنی هەمیشەیی خاک. جیاوازیی مامەڵەکردن لەگەڵ زمانی ئینگلیزی و زمانە هەرێمییەکان، پێوەرێکی ڕوونە بۆ ناسینەوەی ئەو زمانانەی کە وەک کەرەستەی زانست دەبینرێن لە بەرانبەر ئەو زمانانەی کە وەک ئامرازی داگیرکاری بەکار هێنراون.
دەنا ئامانجی داگیرکاران ڕوونە و تەنانەت لەتەعریبیش تێپەڕیوە و بەرەو تواندنەوەو ئاسمیلە بوون ڕۆیشتووە، لەهەنگاوی یەکەمیاندا ئامانجەکە تەعریب نییە بەڵکو ئامانج بێزراندنی کورد و لەکوردخستنە هەتا مرۆڤی کورد لەبری ئەوەی شانازی بەکوردبوونیەوە بکات وەک (هیچ)ێک تەماشای خۆی بکات. رەووتە ئیسلامیەکان و بەتایبەتی سەلەفییەکان بوونە کارەکتەر و سەربازو دەهۆڵکوتی ئەم سیاسەتەو خۆشیان نەیان شاردووەتەوە، کە ئەوان نەتەوەیان بەلاوە گرنگ نییەو ئاینیان پیش هەمووشتێک خستووە، لەکاتێکدا هیچ کام لە دەوڵەتە داگیرکارەکان ئامادەنین نەتەوەو دەوڵەتەکانیان بەقوربانی ئاین بکەن، بەڵکو بەپێچەوانەوە بەبەرچاوی هەموو دونیاوە ئاینیان بۆ سەرخستنی سیاسەتەکانیان بەکاردەهێنن. نەک سیاسەت و دەوڵەتەکانیان خستبێتە خزمەتی ئاین و مرۆڤی ئیماندارەوە.