رێکخراوی ئازادبوون بۆ گەشەپێدانی بەردەوام

کاتێك ستەملێکراو، ئەخلاقی جەلادەکەی بەرهەمناهێنێتەوە، هەڵەبجە وەك نموونە!

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسین: عومەر خەتات

ئەوەی لەم چەند ڕۆژەدا لە هەڵەبجــــــە و هەورامان ڕوویدا، جێگەی تێڕامــــان و لێکۆڵیـــنەوەی زۆرە. خنکانی “روقیــیە”ی کەربەلایی لە ئاوی هاویــنە هەواری ئەحماوا و دواتریش ئەو هاوپشــتییە جەماوەرییەی خەڵکی خورماڵ و هەڵەبجە بە گشتی لە تەرمی ئەو کچە منداڵە و بەڕێکردنی بۆ شاری کەربەلا، ڕووداوێکی کۆمەڵایەتی قوڵە و هێمایە کە خەڵکی کوردســتان خاوەنی مۆراڵ و بەهای شۆڕشگێڕانەی بەرزن. شکستپێهێنـــــانێکی فەرمییە بە پرۆژەی فاشیزمی بەعسی کە بۆ دەیان ساڵ سیاسەتی سڕینەوەی ئیرادە، بەرهەمهێنانی بیرچوونەوە و تۆوی شۆڤینیزمێکی شاراوەی لە ناو ویژدانی هەموو تاکێکی کورددا چاندبوو. ئەمڕۆ هەڵەبجەییەکان لەو شوێنەی ڕژێمی بەعس کیمیایی بەسەر ئەم ناوچەیەدا وەشــاند، بە گوڵ، تەرمی ڕوقییەیان بۆ زێدی خۆی بەڕێ کرد و بەمەش بۆ مێژوویــان ڕاگەیــاند کە ماشێنی فاشیزم نەیتوانی بەها بەرزەکانیان پیس بکات و بیانکاتە کۆپیــیەکی دڵڕەقی خۆی، ئەمڕۆ لە هەڵەبجە یادەوەری زیــندوو سەرکەوت بەسەر یادەوەریی فاشیزمدا.

لە مێژوودا کاریگەریی ڕووداوەکان بە تایــبەتی ئەو ڕووداوانەی کە خۆرســکین لە ڕەهەندە هەنووکەییەکانیــدا دەرناکەوێت، بەڵکو لە توانای ئاشکراکردنی دژایەتیــیە کۆمەڵایەتی و سیاســییەکانیدا خۆیمان پیشــان دەدات. ئەم ڕووداوەش دژایەتی قوڵی کۆمەڵایەتی و سیاسی گەورەی لە ناو دەروونی کۆمەڵگەی کوردیدا ئاشکرا کرد، دژایەتیگەلێك کە تێــیدا ئەخلاقی مرۆڤدۆســتانە، بریــنە مێژوویــیەکان و لێکدانەوە ئایدیۆلۆژیــیەکان تێــیدا یەکتر دەبڕن.

 ئەم ئاکتە خۆرســکییە باڵایەی خەڵکی هەڵەبجە و هەورامان لوتی دەتەقێت بە چەند خوێندنەوەیەکی ئایدیۆلۆژی و شۆڤینیستی کوێرانەی کۆمەڵێك رۆشنبیر و قەڵەمبەدەست و سلیبریتی سۆشیال میدیادا کە لایانوایە پەرۆشیی هەڵەبجەییەکان بۆ دۆزینەوە و بەڕێکردنی تەرمی ڕوقیــیە بریتیــیە لە لاوازی، ملکەچی، لەبیرچوونەوەی یادەوەری. تەخوین کردنی هەڵەبجە و هەڵەبجەییەکان لەسەر نواندنی ئەخلاقی مرۆڤدۆســتانە بەرامبەر بە “ئەوی دی”یەك کە لە ئێمە ناچێت و دەبوایە لە جیــاتی دەستی یارمەتی و هاوپشتی لە زەوی باو و باپیران شاربەدەرمان بکردنایە، بەشێکە لەو پەیامانەی کە ئەم ڕۆژانە بیسەر و بینەری بووین.

بەشێك لەو خوێندنەوانەی کە ئەم ڕۆژانە وەك قارچی ژەهراوی لەبەر لووتماندا هەڵتۆقین:

یەکەم:

خانمێكی ڕۆژهەڵاتی لە ئەوروپاوە لەبەردەم مۆبایلەکەیدا دانیشتووە و لە زمانی حەنا ئارندتەوە دەیەوێت بیسەلمێنێت کە ئەو کارەی هەڵەبجەییەکان کردنیــان، بیرچوونەوەی ستەمێکە کە “عەرەب”ی فاشی بەرامبەر کورد ئەنجامی داوە. گوایە حەنا ئارندت لە کتێبی “تۆتالیتاریزمدا” ووتوویەتی کە: تۆتالیتاریزم وا لە مرۆڤ دەکات کە توانای جیاکردنەوەی حەقیقەت و وەهم لە دەست بدات. گوایە هەڵەبجەییەکان و کورد بە گشتی ئەم بیرچوونەوەیان بەسەردا فەرز کراوە و ساویلکەن! بەڵام خوێندنەوەی خانمی ڕۆژهەڵاتی بۆ حەنا ئارندت، هەم هەڵەی تێگەیشتنی تێدایە و هەم هەڵەی سیاق. ئارندت لە “بنەماکانی تۆتالیتاریزمدا” باس لە سیستمێکی تایبەت دەکات کە تێیدا ئایدیۆلۆژیا و تیرۆری دەوڵەتی بە یەکەوە دەبەسترێنەوە بۆ لەناوبردنی تاك وەك تاك. ئەو باس لە کەمپەکانی ئەشویتز و گوولاگ دەکات، باس لە دەوڵەتێك دەکات کە مرۆڤ دەکاتە زیادە-(superfluous) . ئەوەی لە کوردستانی باشووردا ڕوودەدات تۆتالیتاریزمی ئارندتی نییە، بەڵکو سیستەمی موحاسەسەی تایەفی-قەومی-سەرمایەدارییە. سیستەمێکە کە تێیدا دەسەڵاتداران نە بە هێزی تیرۆری تاکەکەسی، بەڵکو بە هێزی ئەمنی، ئابووری و ئایدیۆلۆژی هەوڵ دەدەن هەژموون بکەن. جیاوازییەکە لە نێوان ئەم دووانەدا بنەڕەتییە، لە سیستمی تۆتالیتاریدا، مرۆڤ “نازانێت” ستەمی لێدەکرێت؛ لە سیستمی هەژمۆنیدا، مرۆڤ دەزانێت ستەمی لێدەکرێت، بەڵام ناتوانێت دەنگی بەرز بکاتەوە. خەڵکی کوردستان بە تەواوی بە ئاگان بۆ ستەمکارییەکانی ئێران و تورکیا، بە ئاگان بۆ گەندەڵی و ستەمکاریی ناوخۆ، بەڵام ترس و سەرکوتی ماددی (زیندان، کوشتن، بێکارکردن) دەنگیان دەبڕێت. ئەمە “بیرچوونەوە” نییە، ئەمە بێدەنگییەکی زۆرەملێیە.

خانمی رۆژهەڵاتی هەموو “عەرەب” بۆ چەوسێنەر کورتدەکاتەوە و خێزانی ڕوقییەی هەژاری کەربەلایی بۆ ڕەمزی ئەو چەوسێنەرە کە کوردی چەوساندۆتەوە. ئەم تێکەڵکردنە تەواوی بونیادی سیاسی و چینایەتی دەسەڵات – بەعس – لە بەرپرسیارێتی بێبەری دەکات و ململانێکە بەرەو شەڕێکی شوناسی نەتەوەیی تەسك پاڵ پێوە دەنێت. بە مانایەك دەبێت ئێمەی کوردیش هەمـــان فاشیزم و شۆڤینیزمی قەومی بەرامبەر بە دوژمنەکانمان بەکار بهێنیــنەوە. پەیامێکی لەو جۆرە ترســناکە و هێمایە بۆ بوونی شۆڤینزمێکی ناوخۆیی کە بە زەرەر دەشکێتەوە بۆ کۆمەڵگە و تەنانەت بۆ پرسی نەتەوایەتی خەڵکی کوردســتان کە پرسێکی ڕەوا و سروشتییە. پرسی کورد کاتێك بە ڕەنگی شۆڤینیزم و ڕق لە “ئەوی دی” ڕەنگ دەکرێت، شەرعیەتی ئەخلاقی خۆی لە بەرامبەر جیهاندا لە دەست دەدات.

ڕەنگە لێرەدا تەجروبەی بەرەنگاربوونەوەی ئاپارتاید لە خوارووی ئەفریقیــا نموونەیەکی سیاسی باش بێت بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم باسە. لە سەردەمی سیستەمی ئاپارتایدی خوارووی ئەفریقیــادا، دەسەڵاتدارانی کۆلۆنیالیزمی سپیپێستەکان بە هەموو شێوەیەك هەوڵیان دەدا ململانێکان بگۆڕن بۆ ململانێیەکی ڕەگەزیی (ڕەشپێستەکان بەرامبەر سپیپێستەکان). بەڵام بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کە لەلایەن نیلسۆن ماندێلا و مارکسیستەکانی حزبی کۆمۆنیستی ئەفریقای باشوورەوە سەرکردایەتی دەکرا ڕەتیانکردەوە کە ئەوانیش دەست بەرن بۆ دژە شۆڤینیزمی ڕەشپێستەکان. کاتێك تووندڕەوە سپیپێستەکان کۆمەڵکوژییان لە دژی ڕەشپێستەکان ئەنجام دەدا، بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی پێداگری لەسەر ئەوە دەکرد کە خەباتی ئەوان دژی “خەڵکی سپیپێستی ئاسایی” نییە، بەڵکو دژی “پێکهاتەی ڕەگەزپەرستانەی سیستەمی سەرمایەدارییە”. ئەم جیاکارییە هۆشیارانەیە، سیستمی ئاپارتایدی لە چاوی جیهاندا بێ شەرعیەت ناساند و کۆمەڵگای لە شەڕێکی ماڵوێرانکەری ناوخۆ پاراست، ئەمەش نیشانی دا کە بەرزترین شێوەی بەرخۆدان، ڕۆنەچوونە لەگەڵ عەقڵیەتی جەلاددا.

دووەم:

یەکێكی تر لەو خوێندنەوانە دەڵێ: [کۆمەك و هاوپشــتی پارێزگاری هەڵەبجە و هەڵەبجییەکان بە “عەرەبێکی بیابانی” و بە ناوی مرۆڤایەتییەوە دەبوایە بۆ “غەزەل” بکرایە. کورد دەبێ لە خەو بەئاگا بێ و خۆشەویستی خۆی بۆ داگیرکەر ڕەت بکاتەوە. ئەم هەموو هەوڵە قورسەی شەو و ڕۆژتان بۆ وەرگرتنەوەی تەرمی عەرەبێك خستبووەگەڕ، دەکرا بەرەو ناسنامەی کوردایەتیمان و شەهیدی کورد، غەزەل، ئاراستە بکرایە. ئەوەی ئێوە بۆ ئەم ژنە عەرەبەتان کرد، نیشانەی کەمتەرخەمی و ملکەچبوونە بۆ بەرژەوەندی داگیرکەر. شەرم بۆ ئەم خۆ بەکەمزانینە و خۆشەویستییە بۆ داگیرکەر! بەڵێ بۆ دەرکردنی عەرەب لە سلێمانی و هەڵەبجە و باشووری کوردستان!]

ئەم داوایە، جەوهەری عەقڵییەتی شۆڤینیستێك دەردەخات کە هەوڵدەدات هۆشمەندی خەڵکی کوردستان بشێوێنێت و بیکاتە هۆشمەندییەکی ڕەگەزپەرســتانە و ساختە. ئەم عەقڵیەتە پارانۆیایە، نموونەی ئەو بیرکردنەوە فاشیستییەیە کە داوای بەرەنگاربوونەوەی فاشیزم دەکات بەڵام تەنهــا لۆجیکەکەی کۆپی دەکات. ئەمە هەمان لۆژیکی بەعسییە فاشییەکانە کە هەموو کوردێکی بە “عمیل” و “خائن” ناو دەبرد. ئەوەی کە پارێزگاریی لە بەها و ئەخلاقی داگیرکەر دەکات، ئەوە خەڵکی هەڵەبجە نیــن کە هاوپشتییان بۆ خێزانێکی عەرەب دەربڕییوە، بەڵکو ئەم جۆرە گوتارە شۆڤینیستیەیە کە لۆژیکی دەوڵەتی داگیرکەری هەڵگرتووە. ئەوەی کە خیانەت لە کورد دەکات ئەوانە نین کە ماتەمینی بۆ ڕوقیەی عەرەب دەدەبڕن، بەڵکو ئەوانەن کە داوای دەرکردنی عەرەب دەکەن، بەمەش کورد لە قوربانی فاشیزمەوە دەگۆڕن بۆ پراکتیزەکەری لۆژیکی فاشیزم.

 سێهەم:

تێکەڵکردنی کەیسی روقییە لەگەڵ غەزەل، تێکەڵکردنێکی ئایدیۆلۆژیانەیە. ئەم گوتارە ناوی غەزەل دەدزێت و پاســاوی ڕق و کینــە دەروونییەکانی خۆی پێدەکات. خاوەنانی ئەم گوتارە سەرەڕای زۆریــیان بەڵام توخنی هۆکارە ڕاستەقینەکانی کوشتنی غەزەل ناکەون. مەعلومە ئەوەی غەزەلی کوشت، بۆردوومانی کۆماری پەت و سێدارەیە. ئەوەشی نەیهێشت غەزەل چارەسەر بکرێت دەسەڵاتێکی سەرکوتگەرانەی بزووتنەوەی کوردایەتی بوو کە پەیوەندییەکانی خۆی و بەرژەوەندییەکانی ئاسایشی لە ژیانی هاووڵاتییەکانی بەلاوە گرنگترە. غەزەل، برینێکی کراوەیە و خەڵکی کوردســتان بە دەیان برینی وا بە لەشیانەوەیە. بەڵام ئەوەی کە لە مەرگی غەزەل کارەساتبارترە ئەو بێدەنگیــیە ترسناکە بوو کە کۆمەڵگەی تەنی. نە خۆپیشاندان، نە تووڕەیی جەماوەری گەورە و تەنانەت نە پرسەیەکی ماتەمینی شایستە و بەرچاو. ئەم بێدەنگیــیە سروشتی نیــیە، بەڵکو ســیاسییە و دروست کراوە. بەرهەمی بونیادێکی سەرکوتگەرانەیە کە بزووتنەوەی کوردایەتی لە کۆمەڵگەدا زاڵی کردووە. بۆ تێگەیشتن لەم دژایەتییە، پێویستە تێبگەین کە بنیادی چینایەتیی حکومڕانی لە کوردستان چییە؟ زیاتر لە سی ساڵە کوردستانی باشوور لە ژێر دەسەڵاتی سەرمایەداری بزووتنەوەی کوردایەتیدایە (یەکێتی و پارتی). سەرەڕای زۆری بەرهەمە سروشتییەکان و پارەیەکی خەیاڵی لە بازرگانی نەوت، نەبووە شوێنێك بۆ خۆشگوزەرانی و ئازادی، بەڵکو زیاتر گرێبەستێکی ئەمنی-ئابوورییە کە هاوسەنگییەکانی نێوان عێراق و تورکیا و ئێران دەپارێزێت. ئەم دەسەڵاتە، ڕووبەڕووی دژایەتییەکی دووانەیی بووەتەوە؛ لە لایەکەوە لەگەڵ سەرمایەدارانی هەرێمی (ئێران و تورکیا) بەرژەوەندی هاوبەشی هەیە و لە لایەکی دیکەوە لەگەڵ جەماوەری خەڵکی زەحمەتکێش کە دادپەروەری کۆمەڵایەتیان دەوێت دەرگیرە. ئەم بۆرژوازییە ناتوانێت ڕووبەڕووی یەکەم ببێتەوە چونکە پەیوەندیی ئۆرگانیکی و ئابووری و ئەمنی لەگەڵیدا هەیە. هەروەهـــا نایەوێت ڕووبەڕووی دووەم ببێتەوە چونکە مانای کۆتایی بە ئیمتیازەکانیەتی دەهێنێت. چارەسەر بۆ ئەم گوتارە ناسیۆنالیستییە، دروستکردنی “دوژمنێکی جێگرەوە”یە. لەبری هێرشکردنە سەر ئێران کە کوردستان بۆردوومان دەکات، هێرش دەکاتە سەر عەرەب لە کوردستان. لێرەوە ڕوون دەبێتەوە کە بێدەنگی خەڵك لە مەرگی غەزەل کەمتەرخەمیی خەڵك نییە بەڵکو سەرکوتە. هاوپشتییە جەماوەرییەکە لەگەڵ ڕوقییەش “عەشقی داگیرکەر” نییە بەڵکو ڕەنگدانەوەی ئاگایی و هوشیارییەکی گەورەی کۆمەڵاتییە. ئەوانەی داوای دەرکردنی عەرەب دەکەن، نەك هەر توخنی ئەم ڕاستییە ناکەون، بەڵکو بە ئاگایی یان بەبێ ئاگایی خزمەت بەو بۆرژوازییە دەکەن کە دەیەوێت سەرنج و تووڕەیی خەڵك لەسەر دوژمنی ڕاستەقینە لابەرن. خاڵێکی تری گرنگ لەم باسەدا؛ خنکانی ڕوقییە لە مەخیلەی گشتیدا وەك کارەساتێکی قەدەری دەخوێندرێتەوە، لێرەدایە خەڵك لە ئەجێندا سیاسییەکانی دوور دەکەوێتەوە و دەگەڕێتەوە ناو سروشتە ئۆرگانییەکەی خۆی وەك مرۆڤی سروشتی خاوەن یارمەتی و هاوپشتی. مردنی غەزەل بە پێچەوانەوە مەرگێکی سیاسییە و هەڵوێستی سیاسی دەوێت و ئەوەی خەڵك زۆر بە دەمییەوە نەچوون، بێتواناییەکی سیاسیی و ترسێکە کە بەسەریدا فەرز کراوە.

چوارەم:

بۆ تێگەیشتن لە ڕەهەندەکانی ئەم ئایدیۆلۆژیا شۆڤینیستییەی ئێستا کە لە ناو بەشێك لە ناسیۆنالیستەکاندا لێرە و لەوێ دەبینیــن، پێویستە بگەڕێینەوە بۆ میکانیزمەکانی ستەمکاریی کە ڕژێمی فاشیستی بەعسی دایمەزراندبوو.

دەسەڵاتی فاشیستانەی بەعس تەنها بە “توندوتیژی فیزیکی” لە ڕێگەی جینۆسایدی کیمیایی و جینۆســایدی (ئەنفال)دا ناناسرێتەوە، بەڵکو ماشــێنێکی گەورەی تەکنۆلۆژیای ئەندازیاریی کۆمەڵایەتی و دەرونی پەرەپێدا کە دوو بونیادی بنەڕەتی لە هۆشیاری کورددا کردە ئامانج؛ یادەوەری مێژوویی و کاریگەریی سیاسی. مەکینە ئایدیۆلۆژییەکەی فاشیزمی بەعسی هەوڵی سەپاندنی گێڕانەوەیەکی تاکڕەهەندانەی خۆی دا کە تایبەتمەندی ماددی و مێژوویی گەلی کورد نەفی بکات، هەوڵیدا جەماوەری کورد لە ڕێی دەزگاکانی سەرکوت و ترسەوە لە کۆمپاسی “ناسیونالیزمی شۆڤێنیستی دەسەڵاتدار”دا لە رێی توانەوەی دامەزراوە پەروەردەیی و ڕۆشنبیرییەکان بۆ ناو قاڵبێکی بەعسیانە جووت بکات. ئەمە حاڵەتێکی نامۆبوونی وجودی لە یادەوەری نەتەوەیی و مێژوویی خەڵکی کورد دروست کرد. هەر بەرەنگارییەك و هەوڵێك بۆ ڕزگاریی لە لایەن خەڵکی کوردستانەوە بە “خیانەت”ی نەتەوەیی ڵیکدرایەوە. ئەمە کاریگەریی دانا لەسەر مەخیلەی گشتی و “بیرچوونەوە” وەك میکلانیزمێکی بایۆلۆژی و دەروونی بەسەر خەڵکدا فەرز کرا. کێشەکە لە ئێســتادا ئەوەیە کە ئەم کاریگەرییەی سیاسەتە فاشیتییەکانی بەعس، نەك لای خەڵكی ئاسایی، بەڵکو لای ئەو نوخبە ڕۆشنبیرانە ماوون کە بە چاویلکەی دەمارگیریی نەتەوەییەوە لە ڕووداوەکان دەڕوانن. ڕقبوون لە عەرەب و داوای دەرکردنیان لە کوردستان هەمان سیاسەتی وەلانان، هەمان کوێریی ئیتنیکی و هەمان پاکتاوی نەتەوەیی بەعس پراکتیزە دەکاتەوە. شۆڤینیستی کورد نەك هەوڵی ڕەتکردنەوەی فاشیزمی بەعس دەدات، بەڵکو لۆجیکەکەی کۆپی دەکاتەوە. بەعس ووتی “هەموو کوردێك خائینە”، شۆڤینیستی کوردیش دەڵێت “هەموو عەرەبێك داگیرکەرە”. هەردووکیان یەك لۆجیك بەکاردەهێنن. لەم پێرسپێکتیڤەدا جەلاد هێشتا نەمردووە، بەڵکو هاتۆتە ناو بونیادی فیکریی قوربانییەکەوە. ئەمە یاسایەکی دیالەکتیکییە، ئەو گەلەی کە فاشیزمی بەسەردا سەپاوە، ئەگەر ئاگایی خۆی جیانەکاتەوە لە لۆجیکی جەلادەکەی، ئەوا مەحکوومە بە دووبارەکردنەوەی فاشیزمی جەلادەکەی لە شێوەیەکی دیکەدا.

کۆتا خاڵ:

ئەوەی لە هەڵەبجە ڕوویدا هوشیارییەکی باڵایە کە دەمارگیری و تەنگبینیی نەتەوەپەرستی پیسی نەکردووە و بە سادەیی دەڵێت؛ سیاسەتەکانی بەعسی فاشی وامان لێناکات ڕقمان لە عەرەب بێت؛ ئێمە دژی فاشیزمین لە هەر کوێیەك بێت و لەگەڵ قوربانییەکانی فاشیزمیش هاوبەشین جا هەر کەسێك بن. ئەم هاوسۆزییە کتوپڕەی هەڵەبجە و هەڵەبجەییەکان بە گوڵ و فرمێسکەوە بۆ بەڕێکردنی ڕوقییە، “ساویلکەیی” یان “خۆبەکەمزانین” نییە، بەڵکو کردەوەیەکی شۆڕشگێڕانەیە بۆ پاککردنەوەی ئاگایی مرۆڤی کورد لە ژەهری فاشیزمی بەعس. خەڵکی هەڵەبجە لە ڕێگەی پراکتیزەکردنی مرۆڤایەتی و جیاکردنەوەی هۆشیارانەی نێوان “خەڵکی سادە” و “ڕژێمە ستەمکارەکان”، شکستی پڕۆژەی کۆیلایەتی و ژێردەستەیی سەدام ڕادەگەیەنن.

کاتێك ستەملێکراو ئەخلاقی جەلادەکەی بەرهەمناهێنێتەوە، ئەوا ڕزگاربوونی ئاگایی دەبێتە مەرجی ڕزگاربوونی گشتی و کاتێك ستەملێکراو ڕەتیدەکاتەوە ببێتە جەلاد، ئەوا ڕزگاربوونی خۆی دەبێتە سەرەتای ڕزگاربوونی هەموو ستەملێکراوان. ئەمە ڕێگایەکی ئاسان نییە، بەڵکو تاکە ڕێگایە کە دادپەروەریی کۆمەڵایەتی تێدا جیانەبێتەوە.

هاوشێوە