رێکخراوی ئازادبوون بۆ گەشەپێدانی بەردەوام

خۆشەویســتی بریتییە لە بەخشـــینی ئەوەی کە نیــــتە، بە کەسێك کە نایەوێت!

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسین: عومەر خەتات

ئەمە پێنـــاسەیەکی ژاك لاکانە بۆ خۆشەویســتی. دەربڕینــــــــێکی سەیر و نا سروشتی دێــتە گوێ. بەڵام یەکێکە لە سەرنجڕاکێشترین پێکهتەکان لە دەروونشـــیکاریدا. ئەم ووتەیە شۆك و گومـــانێکە بەرامبەر جیهانی ئایدیا باوەکانی سەبارەت بە خۆشەویستی، بەخشین و ئارەزوو و تەنانەت پەیوەندیمان لەگەڵ ئەوانی تردا.

ئەم قسەیەی لاکان هەموو دید و بۆچوونە ســادە ڕۆمانسییەکانمان تێکدەشکێنێت و ناچارمان دەکات بیر لەوە بکەینەوە کە خۆشەویستی مانای چییە؟ ئەی ئەم دەربڕیــنەی لاکان یانی چی؟ بۆچی شــتێك دەدەین کە نیمــــانە؟ وە بۆچی بەرامبەر نایەوێت؟ لاکان لە ڕێگەی ئەم دەربڕیـــنەوە پێکهاتەی ئارەزووەکانی مرۆڤ و بنبەستەکانی پەیوەندییە سۆزداریەکان و کارەساتی – یان جوانی – گەڕانمان بۆ ئەویتر ئاشـــکرا دەکات. با لە گرێ وگۆڵی ئەم دەربڕیــنە وردببـــینەوە و بەدواداچوون بۆ ڕەهەندە فراوانەکانی ماناکەی بکەین. ئامانج ئەوەیە ئەم پێناسە غەریبەی لاکان کەمێك ئاسان بکەین.

ئــارەزوو وەك برینێکی بنەڕەتی (سوبیەکتی دابەشکراو)

لە نێو جەرگەی بیرکردنەوەی لاکاندا، پارادۆکســــێکی بنەڕەتی هەیە: خۆشەویستی یانی بەخشینی ئەوەی کە مرۆڤ خاوەنی نییە. دوور لە خەیاڵی کامڵبوون و یەکگرتنی ئایدیالی، خۆشەویستی ئەو “کەمی” و “کەلێن”ە دەردەخات و دەیخاتە گەڕ کە ئێمە وەك مرۆڤ (سوبێکت) پێکدەهێنێت.

لای لاکان، مرۆڤ بوونەوەرێکی پڕ لە ئارەزووە، کە کەلێـــــــنێکی بنەڕەتی تێیدایە و هیچ شتێك ناتوانێت پڕی بکاتەوە. لە کتێبی “نووسینەکان”یدا (Écrits) دەڵێت: “ئارەزووی مرۆڤ، ئارەزووی ئەویدییە (ئەوی ترە)”. بە واتایەکی تر، ئارەزووی ئێمە لە بنەڕەتدا بریتییە لە ئارەزووی ناسراوبوون و خۆشەویستبوون لەلایەن ئەوی ترەوە، لە گەڕانێکدا کە هەم زیندووە و هەم مەحاڵە.

ئەفســـانەی ئیرۆس: چۆن لە نەبوونەوە عەشق دروست دەبێت؟

بۆ تێگەیشتن لەوەی بۆچی لاکان خۆشەویستی لەسەر بنــەمای “نەبوون” بونیاد دەنێت، دەبێت بگەڕێـــینەوە بۆ ئەو ئەفســانەیەی کە لە دیالۆگی “میوانداریی- Symposium”ی پلاتۆوە دەیهێـــــنێتە ناو دەروونشیکارییەوە؛ ئەویش ئەفســـــانەی لە دایکبوونی “ئیرۆس-عەشق”ـە لە دوو دایك و باوکی دژبەیەك؛ “پۆرۆس”(خوداوەندی دەوڵەمدنی و فراوانی) و “پێــنیا”(کچە هەژارەکە). لە ئاهەنگی لە دایكبوونی خوداوەندی جوانی، پۆرۆس بە سەرخۆشی دەخەوێت. پێــــــنیا کە تەواو “کەمکوڕ و هەژارە”، ئەم دەرفەتە دەقۆزێـــتەوە و لە پۆرۆس دووگیـــــان دەبێت. لەم یەکگرتنە نایەکســـانە، ئیرۆس-عەشق” لە دایك دەبێت کە سروشتی هەردووکیـــانی تێدایە، ئەو هەمیشە وەك دایکە هەژارەکەی لە گەڕان و تینوویەتیدایە، بەڵام وەك باوکی خاوەن فێڵ و بوێرییە.

ئەوەی سەرنجی لاکان ڕادەکێشێت ئەوەیە کە پێــــــــنیا کە نوێنەرایەتی “نەبوونی ڕەها” دەکات، خۆی دەسسپێشخەرییەکە دەکات و ئەوە دەبەخشێت کە نیــیەتی تاوەکو عەشق بخوڵقێنێت، کەواتە عەشق لە منداڵدانی کەمایەسییەوە سەرچاوە دەگرێت، عەشق بەخشینێك نیــیە لە زۆری و تێربوونی خودەوە بەڵکو دانپیانانە بە کەمایەســیەکانی خۆتدا و دانی ئەم کەمایەســییە وەك بەخشـــینێکی سیمبوڵی بە ئەوی دی.

بەخشینی ئەوەی کە نیتە:

لە ژیانی ڕۆژانەمــــاندا، زۆرجار وا وێنا دەکەین کە خۆشەویستی بەخشـــــینی شتێکە؛ گرنگیپــــێدان، کات، دیاری، یان وتەی شیرین. بە کورتی، وا دەزانین خۆشەویستی بریتییە لەوەی خاوەنی شــــتێك بیت و پێشکەشی بکەیت. ئەم تێگەیشتنە وا وێنامان دەکات کە ئێمە مرۆڤێکی “پڕ” و “تەواوین” و تەنها ئەوەمان ماوە کە ئەم پڕییە لەگەڵ کەسێکی تردا بەش بکەین.

بەڵام دەروونشیکارییەکەی لاکان، شتێکی تەواو جیاوازمان نیشان دەدات؛ مرۆڤ (سوبێکت) وەك بوونەوەرێکی تەواو و کامڵ لەدایك نابێت، بەڵکو بە دابەشبوویی و بە “ناتەواوی” لەدایك دەبێت؛ مرۆڤ کەلێنێکی تێدایە کە بونیادی ئەو پێکدەهێنێت. ئەم “کەمی” یان “ناتەواوییە” ئەو باجەیە کە دەبێت بیدەین تاوەکو بچینە ناو جیهانی زمان، کولتوور و جیهانی ئەوانی ترەوە.

کاتێك لاکـــان دەڵێت؛ خۆشەویستی بەخشــــــــینی ئەوەیە کە نیــــتە. ئەمە بەخشینی “شت” (ئۆبژێکت) نییە، بەڵکو بەخشینێکی سیمبۆلیکە؛ بەخشینی “کەمی”یە، پێشکەشکردنی “بۆشایی”یە. ئەوەی لە خۆشەویستیدا بە دوایدا دەگەڕێین، پڕکردنەوەی کەسێك یان پڕبوونی خۆمان نییە، بەڵکو چوونە ناو کایەی ئارەزووی “ئەوی تر”ەوە.

ئاشکرایە کە ئارەزووش لە “کەمی”یەوە لەدایك دەبێت؛ ئێمە ئارەزووی ئەو شتە دەکەین کە لێمان ڕادەکات، ئەو شتەی کە نیمانە و پێویستمانە. لێرەوە، خۆشەویستی نابــــــێتە هیچ شتێك جگە لە شانۆی ژوانێکی شکستخواردوو یان لێتێنەگەیشتنێکی بناغەیی. بەخشینی ئەوەی کە نیتە، واتە دانی دیمەنی ناتەواویی خۆمان بە ئەوی تر، بەو ئومێدە شێتانەیەی کە ئەو بتوانێت برینی دابەشــــــبوونمان ساڕێژ بکات. بەڵام ئەم چاوەڕوانییە مەحکومە بە نائومێدی، چونکە کەس ناتوانێت ئەوە بدات بە کەسێکی تر کە خۆی نییەتی.

بەخشـــینی ئەوەی کە نیتە، هەروەها بە واتای خۆشویستنی ئەوی تر دێت لە “جیاوازییە ڕادیکاڵەکەی”دا، دوور لە خەیاڵەکان و یاریی ئاوێنــــەکان. زۆرجار، ئێمە لە کەسی بەرامبەردا ڕەنگدانەوەی فانـــــــتازیاکانی خۆمان خۆش دەوێت و گوێ بە تایبەتمەندییە جیاوازەکانی ئەو نادەین. لە بنەڕەتدا، خۆشەویستی بریــــــتییە لە قبوڵکردنی ئازاری “جیاوازی”، چونکە خۆشەویستنی ڕاستەقینە پێویستی بە “کۆنترۆڵکردن” نیــیە. ئەوەیە کە قبوڵی بکەیت ئەوی تر هەمیشە لە لایەکەوە لێت ڕادەکات، وەك نهێنییەك دەمێنێتەوە و دەبێتە تاقیکردنەوە بۆ تێگەیشتنی تۆ. وەك ئیمانوێل لێڤیناس دەڵێت: “خۆشەویستی پەیوەندییە لەگەڵ ئەوی تر وەك ئەوەی کە ئەویدییە، پەیوەندییە لەگەڵ نهێنیـــــیەك”. دەبێت لە خۆشەویستی ڕاستەقینەدا کەمتر بەڵێنی بەختەوەری ببینین و زیاتر وەك سەرکێشییەکی گەورە، ئەزموونکردنی سنوورەکان و تاقیکردنەوەی خود بیبینین.

خۆشەویستی واتە بە ئەوی تر بڵێیت: “بەڵگەت دەدەمێ کە من کەســێکی (کامڵ نیم)، بەڵکو هەم ئارەزووم هەیە و هەمیش کەلێــــــــــنم تێدایە”. پارادۆکسەکە لێرەدایە؛ ئەم بەخشینی “کەمی”یە لە واقیــــعدا هەمان ئەو شتەیە کە ئەوی تر چــــــاوەڕێی دەکات، بەو مانایەی کە ڕێگە خۆش دەکات شتێك لە جۆری ئارەزووی دوولایەنە سەر هەڵبدات.

بۆ کەسێك کە نایەوێت: ئەوی دی وەك مەتەڵ

لە دەروونشیکاریدا، “ئەویدی” هەرگیز شەفاف و ڕوون نیــــیە. ئەو تەمومژاوییە، نەناسراوە، “ئەویدی”یە، ئەویدیی گەورە.

خەیاڵی “هەمووشتزانین”ی عەشقی ڕۆمانسی، ئەو جۆرەی کە تێـــــیدا لامان وایە “دەزانین” ئەوی تر چی دەوێت، چی هەســــت پێ دەکات و چاوەڕێی چییە، لە ڕێگەی ئەزموونی کلینیکییەوە هاڕە دەکـــات. لە ڕاســتیدا ئێمە نازانین ئەوی تر چی دەوێت. زۆرجار، ئەوی تر ئەوەی نایەوێت کە ئێمە پێی دەبەخشین.

لێرەوە بەشی دووەمی ڕستەکە دێت: “بۆ کەسێك کە نایەوێت”. ئەمە بۆ بێئومێدکردنمان نیـیە، بەڵکو بۆ ئاماژەکردنە بە ڕاســـــــتییەکی تراژیدی. عەشق هەوڵ دەدات کەلێنێك پڕ بکاتەوە، بەڵام تووشی بەرگری دەبێت. ئەوی تر ئەم بەخشینەی ناوێت یان پێویستی پێی نیــــیە، چونکە ئەو بەخشینە هەرگیز بە تەواوی لەگەڵ “کەمی” و کەلێنەکانی خۆیدا ناگونجێت.

ئەوەی من دەیدەم، ئەوە نیـــیە کە ئەوی تر دەیەوێت، ئەوەی ئەوی تر چاوەڕێی دەکات هەرگیز بە تەواوی ناتوانرێت دەرببڕدرێت. کەواتە عەشق لەسەر بنەمای “لێتێنەگەیشتنێکی قووڵ” و لێکتێنەگەیشتنێکی بونیادی بەڕێوە دەچێت.

هەر بۆیە لاکان لە شوێنێـــــکی تردا دەڵێت: خۆشەویستی هەمیشە دوولایەنەیە بەڵام لە نێو لێکتێنەگەیشتندا. ئێمە وا دەزانین ئەوە دەبەخشــــــین کە ئەوی تر ئارەزووی دەکات، بەڵام لە ڕاســــــتیدا ئێمە ئەوە دەبەخشین کە “لامان وایە” ئەو ئارەزووی دەکات. ئەویش، شتێکی تر وەردەگرێت. ئەم جیاوازی و لێکترازانە ڕێکەوت نییە، بەڵکو خودی بونیادی پەیوەندیی خۆشەویستییە.

خۆشەویستی یەکگرتن نییە

گوتاری باو دەربارەی خۆشەویستی پڕە لە کڵێشەگەلی وەك: “دۆزینەوەی نیوەکەی تر”، “پڕکردنەوەی کەسی بەرامبەر”، “بوونــــــیان بە یەك”. ئەم وێنـــانە لە هەمان کاتدا سەرنجڕاکێش و پڕ کێشەشن، چونکە جیاوازی، دابڕان و ئەو دابەشبوونە دەسڕنەوە کە بنەمای دروستبوونی مرۆڤ (سوبێکت) و ئارەزووەکانین.

لاکان دێت ئەم وەهمە تێکدەشکێنێت. ئەو پێمان دەڵێت: نەخێر، خۆشەویستی بە واتای یەکگرتن و توانــــــەوە نییە، بە واتای پڕبوونەوەی ئەو “کەمی”یە نییە، بەڵکو بە واتای ناسینی ئەو کەمییە، گوزارشتکردن لێی (سیمبۆلیزەکردنی) و بەشکردنیەتی لەگەڵ ئەوی تردا. کەواتە، خۆشەویستی ڕاستەقینە یەکگرتن نییە، بەڵکو پەیوەندییەکە لە نێوان دوو “کەمی”دا (دوو ناتەواویدا). باسەکە لەسەر دوو بوونەوەری “تەواو و کامڵ” نییە کە خۆیان پێشکەشی یەکتر بکەن، بەڵکو لەسەر دوو بوونەوەری “ناتەواوە” کە ڕازی دەبن خۆیان بخەنە ناو مەترسیی ژوانێکی نادیارەوە.

لە کۆتاییدا، خۆشەویستی فێربوونی پەیوەندییەکە کە لە وشیاری و ئازایەتی پێکهاتووە. بیرکردنەوەی لاکانی، کە زۆر ڕادیکاڵ و وردە، بانگهێشتمان دەکات کە ئەو “کەلێن”ەی تێماندایە ڕابهێنین تاوەکو باشتر ڕوو لە ئەوی تر بکەین لە جیاوازییە دانەبڕاوەکەیدا. بەوەی بیرمان دەخاتەوە کە خۆشەویستی کەمتر “کامڵبوون”ە و زیاتر “بەڵێن”ە، کەمتر “خاوەندارێتی”یە و زیاتر “بەخشینی خود”ە، ئەم دەروونشیکارە ئازادی و ئارەزووە هەرە قووڵەکانمان بۆ دەگەڕێنێتەوە. مەبەست لێرەدا ڕزگاربوونە لە کڵێشە ڕۆمانسییەکان و ئەفسانە دڵنەواکەرەکان، تاوەکو “ناتەواویی” بنەڕەتیی خۆمان لەباوەش بگرین و خۆشەویستی نەکەینە زیندانێکی زێڕین، بەڵکو بیکەینە ڕێگەیەك بۆ ڕزگاری و دۆزینەوە.

هاوشێوە