رێکخراوی ئازادبوون بۆ گەشەپێدانی بەردەوام

داڕشتنەوەى فەلسەفەى پەروەردەی ژینگەیی لە کوردستان

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسین: سەروەر قەرەداغی

وتارێک لە کتێبى (پەروەردەى ژینگەیی) لەچاندنى هۆشیارییەوە بۆ پڕۆژەى کرداریی

داڕشتنەوەی فەلسەفەی پەروەردەی ژینگەیی لە کوردستان، پێشئەوەی بابەتێکی زانستیی یان مێتۆدێکی فێرکاریی بێت، پرسێکی بوونی و فەلسەفیی قووڵە کە ڕاستەوخۆ بە پرسی شوناس و مەرجەکانی مانەوەی نەتەوەییەوە بەستراوەتەوە. چیاکان تەنیا دیاردەیەکی سرووشتیی زەوی نین، بەڵکو ژێرخانێکی ستراتیژیی و ژینگەیەکی بایۆلۆژین کە بە درێژایی مێژوو وەک چوارچێوەیەکی پارێزەر، فۆڕمیان بە سیستەمی کۆمەڵایەتیی و مەرجەکانی مانەوەی سیاسیی نەتەوە بەخشیوە. هەر بۆیە هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر ئەم سیستەمە ژینگەیییە، هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ژێرخانی بوونی نەتەوەییمان.

فەلسەفەی ئەم پەروەردەیە پێویستی بە هاوردەکردنی بیردۆزەکانی ڕۆژئاوا نییە، چونکە ڕەگەکانی لەناو مێژوویەکی خۆڕسک و حیکمەتێکی دێریندایە کە ئەمڕۆ جیهان بەدوایدا دەگەڕێت. ئەوەی ئێستا وەک پێویستییەکی ستراتیژیی دەردەکەوێت، ئاشتبوونەوەیەکی فەلسەفیی و ئاوێتەکردنی ئەو ڕەسەنایەتییە کەلتوورییەیە لەگەڵ زانستدا، تا خاک وەک مەرجی سەرەکیی بەردەوامیی و ناسنامەی بوون بناسێنرێت.

یەکەمین کۆڵەگەی فەلسەفەی ئێمە لە چەمکی ژیاندۆستی (بیۆفیلیا)وە دەست پێ دەکات کە بریتییە لەو عەشقە خۆڕسک و زیندەییەی مرۆڤ بۆ ژیان و سیستەمە زیندووەکان هەیەتی. مرۆڤی کورد بە درێژایی مێژوو، پەیوەندییەکی دانەبڕاو و گیانیی لەگەڵ ژینگەکەیدا هەبووە. ئەم عەشقە لە ناوەکانماندا ڕەنگیداوەتەوە، کاتێک ناوی منداڵەکانمان دەنێین (نێرگز، کانی، چیا، داریان، زەنوێر)، تەنیا ناوێک هەڵنابژێرین، بەڵکو شوناسی منداڵەکەمان بە توخمە هەرە زیندووەکانی سرووشتەوە گرێدەدەین. زمانی کوردی لە بنەڕەتدا زمانێکی ئیکۆلۆژییە و گوزارشت لە هاوژیانیی مرۆڤ و ژینگە دەکات.

لە مێژووی نەریتیی کورددا، خێزان وەک سیستەمێکی سرووشتیی و هاوسەنگ کاری کردووە کە تێیدا هەموو لایەنەکانی ژیان لەگەڵ ژینگەی دەوروبەردا یەکانگیربوون. لەو سەردەمەدا، پەروەردەی ژینگەیی لە ڕێی نەریت و کردارەوە دەگوازرایەوە. لە ماڵی کۆنی کوردیدا، چەمکی پاشماوە و زبڵ مانایەکی نەبووە، هەموو شتێک دەگەڕایەوە بۆ خولی سرووشت. پاشماوەی خواردنەکان دەبوونە خۆراکی ئاژەڵ، جلوبەرگەکان دەستاودەست دەکران و ئاویش وەک نیعمەتێکی پیرۆز مامەڵەی لەگەڵ دەکرا. ئەمە قووڵترین جۆری ئەخلاقی مامەڵەکردن بووە لەگەڵ زەویدا. مرۆڤ خۆی بە سەروەری سرووشت نەدەزانی، بەڵکو خۆی بە بەشێکی هاوسەنگ لەو دەوروبەرە دەبینی. فەلسەفەی بەرەکەت لە کەلتووری کوردیدا، ڕێک هاوواتای گەشەپێدانی بەردەوامیی سەردەمە، واتە بەکارهێنانی کەمترین سەرچاوە بۆ دابینکردنی پێویستییەکان، بەبێ تێکدانی هاوسەنگیی سرووشت.

بەڵام لە چەند دەیەی ڕابردوودا، مرۆڤی کورد تووشی گۆڕانکارییەکی مەترسیدار بووە کە دەتوانین ناوی بنێین نامۆبوونی ژینگەیی. لەگەڵ سەرهەڵدانی شارنشینیی خێرا و هاتنی شەپۆلی بەکاربردن، خێزانی کورد لە خاک دابڕا، ژینگە لە ماڵ و شوناسەوە گۆڕا بۆ دیمەن و کاڵا. لێرەدا فەلسەفەی تەنەکەی خۆڵ و پلاستیک، جێگەی فەلسەفەی قەدرگرتنی نیعمەتی گرتەوە.

ئەمڕۆ مرۆڤی کورد کە ڕوو لە سرووشت دەکات بۆ گەشت و سەیران، وەک داگیرکەرێکی کاتی مامەڵە دەکات. ئەو چیا و دۆڵانەی لە شیعرەکانماندا بە پیرۆزیان زانیون، لەژێر لێشاوێک لە پاشماوەی پلاستیکیی و نایلۆندا داپۆشراون. ئەمە نیشانەی تێکچوونی پەیوەندییە دەروونییەکەیە. ئێستا سرووشت لای مرۆڤ بووە بە ئەویتر، نەک خۆمان.

منداڵی ئێستا لەناو دیوارە چیمەنتۆییەکان و شاشە ئەلیکترۆنییەکاندا گەورە دەبێت، بەبێ ئەوەی فێر بکرێت کە هەر زبڵێک فڕێیدەدات، برینێکە لە جەستەی نیشتمانەکەی. (ڕیچارد لۆڤ) لە کتێبی (کۆتا منداڵ لە دارستانەکاندا) باس لە دیاردەی تێکچوونی کورتهێنانی سرووشت دەکات، ڕێک ئەم وێنەیەیە کە ئێستا لە کوردستاندا دەیبینین.

فەلسەفەی پەروەردەی ژینگەیی لە کوردستان دەبێت لەسەر بنەمای ئەخلاقیاتی بەرپرسیارێتیی دابڕێژرێتەوە، وەک ئەوەی فەیلەسووف (هانس یۆناس) ئاماژەی پێ دەکات. ئەم ئەخلاقیاتە پێمان دەڵێت کە ئێمە خاوەنی ئەم خاکە نین، بەڵکو ئەمانەتدارین.

بەرپرسیارین بەرامبەر بە دوو گرووپ کە دەنگیان نییە: یەکەمیان نەوەکانی داهاتوو کە مافیان بەسەر ئێمەوە هەیە خاکێکی شیاوی ژیانیان بۆ جێبهێڵین، دووهەمیشیان سرووشت (زیندەوەر، گیانەوەر و ڕووەک)ە کە هاوبەشی ئێمەن لەم نیشتمانەدا.

پەروەردەی نوێ دەبێت ئەم پرسیارە لە ویژدانی هەر تاکێکدا بچێنێت: ئایا ئەو کوردستانەی بۆ نەوەکانی دوای خۆمی بەجێدەهێڵم، جێی ژیانە؟ لێرەدا، نیشتمانپەروەریی مانایەکی نوێ وەردەگرێت؛ نیشتمانپەروەر تەنیا ئەو کەسە نییە کە ئاڵا هەڵدەگرێت، بەڵکو ئەو کەسەیە کە کانییەک پاکدەکاتەوە و درەختێکی بەڕوو لە بڕینەوە دەپارێزێت. پاراستنی ژینگە، باڵاترین شێوەی ئاسایشی نەتەوەییە، چونکە نەتەوەی بێ خاک و بێ سەرچاوە، نەتەوەیەکی مردووە.

فەلسەفەی پەروەردە پێمان دەڵێت کە کردار هەمیشە لە گوفتار بەرزترە. لەناو ماڵی کوردیدا، دایک و باوک تەنیا دابینکەری بژێوی و پێداویستییە مادییەکان نین، بەڵکو یەکەمین ئەندازیارانی تەلارسازیی ویژدانی منداڵن. ئەگەر خێزان وەک (لانکەی پاراستن) ڕۆڵی خۆی نەگێڕێت، گەورەترین و پێشکەوتووترین خوێندنگەکانی جیهانیش ناتوانن تاکێکی ژینگەدۆست بەرهەمبهێنن. لێرەدا چەمکی سەرمەشقیی کردەیی دەبێتە چەقی پەروەردە، چونکە ڕێزگرتن لە درەخت، ئاو و خاک، دەبێت وەک بنەمایەکی ئەخلاقیی لەناو ماڵدا مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، نەک وەک زانیارییەکی گشتیی سارد.

ئەگەر منداڵێک ببینێت دایکی بە عەشقەوە ئاو دەکاتە بنى گوڵەکان و وەک بوونەوەرێکی زیندوو لەگەڵیان دەدوێت، یان ببینێت باوکی لە کاتی دەستشۆردندا پارێزگاری لە هەر دڵۆپە ئاوێک دەکات، ئەو منداڵە فێری ئەخلاقیاتی ژینگەیی دەبێت، بەبێ ئەوەی یەک دێڕ لەناو کتێبەکاندا بخوێنێتەوە. بەپێچەوانەوە، بێباکیی دایک و باوک لە فڕێدانی پاشماوە یان بەفیڕۆدانی سەرچاوەکان و وزە، وێنەیەکی شێواو لە دەروونی منداڵدا دروستدەکات کە بە هیچ وانەیەکی خوێندنگە چاکنابێتەوە.

یەکێک لە گەورەترین مەترسییەکانی سەر ژینگەی کوردستان، زاڵبوونی کەلتووری بەکاربەرییە کە خێزانی ئێستای کوردی کردووەتە ناوەندێک بۆ چاندنی ئەقڵێتی کڕین و بەفیڕۆدان. پەروەردەی ژینگەیی لەناو ماڵدا بە واتای گۆڕینی ئەم دیدگایە دێت. پێویستە فەلسەفەی قەدرگرتنی ماددە و چەمکی ڕەسەنی بەرەکەت بگەڕێتەوە ناو ژیانی ڕۆژانەمان. کاتێک خێزانێک کەلوپەلە کۆنەکان فڕێنادەن و لە ڕێی دووبارە بەکارهێنانەوەوە ژیانیان پێ دەبەخشنەوە، یان کاتێک پاشماوەی خواردن بەفیڕۆنادەن، وانەی بەردەوامیی ژینگەیی بە منداڵەکانیان دەڵێنەوە. ئەمە تەنیا پرسێکی ئابووریی نییە، بەڵکو پرسێکی پەروەردەیی قووڵە تا منداڵ تێبگات کە هەر ڕەگەزێکى ژینگەیی، سەرچاوەیەکی سنووردارە و مافی نەوەکانی داهاتووی تێدایە. ئەم ئەقڵێتی پاراستنە وادەکات کە منداڵ لە داهاتوودا ببێتە پارێزەرێکی هۆشیار و هەست بە بەرپرسیارێتیی مێژوویی بکات.

لە کوردستاندا، سەیران تەنیا گەشتێک نییە، بەڵکو ڕەگێکی کەلتووریی قووڵی هەیە، بەڵام پێویستە فەلسەفەکەی لە خواردن و جێهێشتنی پاشماوەوە بگۆڕرێت بۆ پرۆسەیەکی ناسین و دروستکردنی یادەوەریی ژینگەیی. دروستکردنی یادەوەریی بۆ منداڵ لەگەڵ سرووشتدا، کلیلی پەیوەندییە دەروونییەکانە. کاتێک باوکێک دەستی منداڵەکەی دەگرێت و فێریدەکات درەختی بەڕوو چۆن دەڕوێت، یان نێرگز چۆن لەناو بەفردا سەر دەردەهێنێت، لێرەدا پەیوەندیی دەروونی لەنێوان مرۆڤ و خاکدا بونیاددەنرێت. کاتێک منداڵ ناو و سیفەتی درەخت و گوڵەکانی نیشتمانەکەی دەزانێت، ئەو ژینگەیە دەبێتە بەشێک لە دەروون و شوناسی. مرۆڤیش هەرگیز ئەو شتانە تێکنادات کە خۆشیدەوێن و بەشێکن لە یادەوەرییە دڵگیرەکانی.

قۆناغی پێش خوێندنگە، واتە دایەنگە و باخچەی منداڵان، گرنگترین و هەستیارترین وێستگەیە بۆ ڕێگریکردن لەو دابڕانەی کە ڕیچارد لۆڤ بە کورتهێنانی سرووشت ناویدەبات. پێویستە باخچەکانی منداڵان لە کوردستاندا لە ناوەندێکی چاودێریی سادەوە بگۆڕدرێن بۆ فێرگەی چاندنی بەهای ژینگەپارێزیی. ئەگەر منداڵ لەم تەمەنەدا فێرنەبێت کە درەختەکە هاوڕێیەتی، ئەوا لە داهاتوودا دەبێتە دوژمنی ژینگە. لەم قۆناغەدا دەبێت وانەکان لە دەرەوەی چواردیواری پۆلەکان بن، منداڵ دەبێت بە دەستی خۆی دەست لە خاک بدات، تۆو بچێنێت و چاوەڕێی گەشەی بکات. لێرەدایە کە بناغەی کەسایەتیی مرۆڤ بونیاددەنرێت و تۆوی ڕێزگرتن لە ژیان دەچێنرێت، تا دڵنیابین لەوەی نەوەیەکی پارێزەری ژینگەمان بۆ داهاتوو دەبێت.

ناوەندەکانی خوێندن لە کوردستان لە مێژووی هاوچەرخیاندا، زیاتر لە دەوری بونیادنانی شوناسی سیاسیی و نەتەوەیی سووڕاونەتەوە، ئەمەیش وایکردووە کە پاراستنی سرووشت وەک بابەتێکی لاوەکیی لە پەراوێزی پڕۆگرامەکاندا بمێنێتەوە. کێشەکە لێرەدا ئەوەیە کە ژینگە وەک زانستێکی وشک و کۆمەڵێک زانیاریی تیۆری دەخوێنرێت و هیچ پەیوەندییەکی ڕۆحیی و ئەخلاقیی لەگەڵ سرووشتدا دروستناکات. ئەم دۆخە بووەتە هۆی سەرهەڵدانی پەروەردەی بۆنەیی، جۆرێک لە نمایش کە تێیدا ژینگەدۆستیی تەنیا لە ڕۆژە جیهانییەکاندا کورتدەبێتەوە و پاش چەند وێنەیەک، نەمامەکان بێ ئاو جێدەهێڵرێن.

بۆ تێپەڕاندنی ئەم قەیرانە، پێویستمان بە پڕۆگرامێکی ژینگەیی هاوچەرخ هەیە کە لە زانستی وشکەوە بەرەو هۆشیاریی ژینگەیی هەنگاوبنێت. لەم بۆشاییە ڕۆشنبیرییەدا دەسپێشخەرییەکانی وەک پڕۆژە ستراتیژییەکەی (ڕێکخراوی سرووشتی کوردستان) و هاوبەشەکانى کە لە ساڵی (٢٠١٨)وە کار بۆ ئامادەکردنى پڕۆگرامێکی ژینگەیی بۆ باخچەی منداڵان و قۆناغی بنەڕەتى دەکەن، هەوڵێکی ڕەسەنە بۆ بونیادنانەوەی پەیوەندیی نێوان منداڵ و خاکی نیشتمان.

فەلسەفەی نوێی پەروەردە دەبێت جەخت لەسەر بنەمای پەروەردەی ژینگە-تەوەر بکاتەوە، بەو مانایەی کە ژینگە چیتر بابەتێکی پەراوێزخراو نەبێت، بەڵکو ببێتە ئەو تەوەرە سەرەکییەی کە تەواوی زانستەکانی تر لەدەوریدا دەسوڕێنەوە.

پێویستە فێربوون لە فێربوون دەربارەی ژینگە بگۆڕدرێت بۆ فێربوون بۆ ژینگە. ئەرکی خوێندنگە ئەوەیە ویژدانی خوێندکار بەئاگابهێنێتەوە کە پاراستنی ژینگە، پابەندییەکی ئەخلاقییە بەرامبەر بە زیندەوەران و مافی نەوەکانی داهاتوو.

بۆ ئەوەی ژینگە لە باسێکی لاوەکییەوە ببێتە چەقی هزری، پێویستە وانەیەکی سەربەخۆ و پڕۆگرامێکی نیشتمانیی تایبەت بە ژینگە لە ناوەندەکانی خوێندندا هەبێت کە لەسەر بنەمای فێربوونی ئەزموونیی بێت، نەک تەنها خوێندنەوە و لەبەرکردن.

هەبوونی وانەیەکی سەربەخۆ بەو مانایە نییە کە ژینگە لە وانەکانی تر داببڕێنرێت، بەڵکو دەبێت ببێتە گیانی هەموو وانەکان. لە وانەی ئەدەبدا، بە خوێندنەوەی شیعری شاعیرانی وەک نالی و گۆران، ئاوێتەبوونێکی ڕۆحیی لەنێوان وشە و خاک دروستدەبێت.

لە وانەی بیرکاریدا، دەکرێت هاوکێشەکان بۆ ئەژمارکردنی بڕی ئاوی بەفیڕۆچوو بەکاربهێنرێن، لە مێژووشدا باس لەوە بکرێت کە چۆن جینۆسایدی ئەنفال و سیاسەتی زەویی سووتاو جەستەی سرووشتی کوردستانیان وێرانکرد.

خوێندنگە دەبێت لە ڕێی پڕۆگرامی شاراوە وە ببێتە نموونەیەکی ژینگەدۆست لە پاکوخاوێنیی حەوشە و بەکارهێنانی وزەی پاک، چونکە ئەوەی خوێندکار بە چاو دەیبینێت لە هەزار کتێب کاریگەرترە. لێرەدا پێویستە سیستەمی نمرەدان بگۆڕدرێت و نمرەی ڕەفتاری ژینگەیی دابنرێت، تا نمرەی خوێندکار تەنیا لەسەر تاقیکردنەوەی نووسین نەبێت، بەڵکو لەسەر بنەمای کردەیی وەک چاندنی نەمام و پاراستنی ژینگەی خوێندنگەکە بێت.

لە کۆتاییدا، ڕزگارکردنی ژینگەی کوردستان پێویستی بە شۆڕشێکی پەروەردەیی هەیە کە تێیدا دەسەڵاتی سیاسی تێبگات کە ئاسایشی ژینگەیی بەشێکی جیانەکراوەیە لە ئاسایشی نەتەوەیی. نەتەوەیەک خاکەکەی وشک بێت و ئاوەکەی نەمێنێت، شوناس و سەروەرییەکەی لەدەستدەدات. پەروەردەی ژینگەیی گەشتێکە لە دابڕانەوە بۆ ئاشتبوونەوە، کاتێک خێزان وەک لانکەی پاراستن و خوێندنگە وەک فێرگەی هۆشیاریی یەکتری تەواودەکەن، ئەو کاتە نەوەیەک پێدەگەیەنین کە کوردستان وەک گیانێکی زیندوو دەبینن. پاراستنی کوردستان دەبێت لەناو مێشک و ویژدانەوە دەستپێبکات، چونکە تەنیا لەم ڕێیەوە دەتوانین داهاتوویەکی ڕوون و سەوز بۆ نەوەکانمان مسۆگەر بکەین، چونکە ئەمە تەنیا پەروەردە نییە، بەڵکو فەلسەفەی مانەوەمانە.

هاوشێوە