نووسین: شارا تاهیر
بەشی یەکەم
«تەنها جەنگاوەرەکان دەتوانن ئاشتی دروست بکەن؛ تەنها ئەوانەی بەرپرسیاری جەنگ و هەڵگیرساندنی جەنگن، دەتوانن بەرپرسیاری ئاشتی بن و دانوستانی ئاشتی بکەن».
-ئاپۆ
پێشەکی
ئاپۆ لە بیست و پێنجی نیسانی ئەمساڵدا، وەک بەشێک لە دیدوبۆچوونەکانی خۆی لەسەر ئەم قۆناغە نوێیە و پرۆسەی ئاشتی، بانگەوازێکی ئاراستەی کۆمەڵگەی کوردی کرد. ئەوەی لەم بانگەوازەدا جێی سەرنجە، جەختکردنەوەیە لەسەر ئەو ڕاستییەی ئەگەر دەستپێکردنی دانوستان جارێک کارێکی ئەستەم و قورس بێت، ئەوا بەردەوامبوون و گەیاندنی پرۆسەکە بە سەرکەوتن سەد جار قورسترە.
ئاپۆ لەم بارەیەوە دەڵێت: ئەم وتەیە تەنها بانگەوازێک نییە بۆ وەستاندنی شەڕ و دەستپێکردنی گفتوگۆ؛ بەڵکو دەتوانرێت وەک هەوڵێک بۆ دانانی چوارچێوەیەکی نوێ بۆ خوێندنەوەی ناکۆکیی نێوان کورد و تورک و پرسی داهاتووی کورد بخوێندرێتەوە.
گرنگیی ئەم بانگەوازە لەوەدایە کە پرسی ئاشتی لە ئاستی «ئاگربەست» و «وەستاندنی توندوتیژی» بەرز دەکاتەوە بۆ ئاستی پرسیارکردن لە سروشتی قۆناغەکە، سروشتی بزووتنەوە، شێوازی خەبات، پەیوەندیی نێوان کورد و دەوڵەت، ئەوەی کە دوای کۆتاییهاتنی جەنگ، چ جۆرە پەیوەندییەکی سیاسی و چ جۆرە کۆمەڵگەیەک دەبێت دروست بکرێت.
لێرەدا پرسیاری جەوهەریی ئەم بانگەوازە ئەوەیە:
ئایا ئەم جارە پرۆسەی ئاشتی تەنها گۆڕانێکە لە شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ کێشەی کورد، یان بەڕاستی هەنگاوێکە بەرەو گۆڕینی ئەو سیستمی بیرکردنەوە و ئەقڵیەتە سیاسییەی کە بۆ چەندین ساڵ، پەیوەندیی نێوان کورد و دەوڵەتی تورکیا و شێوازی خەباتی کوردی دیاریکردووە؟
هەڵبەت، هەر لە سەرەتای دەستپێکردنی ئەم پرۆسەیەوە، ڕەخنە و دیدوبۆچوونە جۆراوجۆرەکان لە کۆمەڵگەی کوردیدا بەرە و ئەم ئاراستەیە چوونەتە پێشەوە کە ئەمە یەکەمین جار نییە دەوڵەتی تورکیا پەنا بۆ دانوستان دەبات. لە دیدی ئەم ڕەخنەگرانەدا، هەر جارێک دەوڵەت هەستی بە لاوازیی خۆی کردووە، یان نەیتوانیوە قۆناغێکی سیاسی و سەربازی بە ئاسانی تێپەڕێنێت، هانا و پەنای بردووەتە بەر دانوستان؛ بەڵام لە کۆتاییدا، بەڵێنی مافەکان و چارەسەری سیاسی بووەتە کارتی دانوستان، و دوای گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆیان، پرۆسەکەیان بەجێهێشتووە و کوردشیان بە دەستی بەتاڵ گەڕاندووەتەوە بۆ لاپەڕەکانی مێژوو. هەر بۆیە لە جێی خۆیدایە کە ئەم بۆچوونانە یان ووردتر بڵیین ئەم نیگەرانییە بە هەند وەربگرین و پرسیاری جدی لەسەر دروست بکەین و بڵێین:
ئایا ئەمجارەش هەمان سیناریۆ دووبارە دەبێتەوە؟ ئایا لەبری پێکی پیرۆزی سەرکەوتن، ئاپۆ و کورد جارێکی تر ژەهری شکستی دانوستان بە دەستی ئەردۆغان و دەوڵەتی تورکیا دەخواتەوە؟
بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە، پێویستە سەرەتا سروشتی پرۆسەکانی دانوستان و ئەو مەرجانە بزانین کە وایان کردووە هەندێک پرۆسەی ئاشتی لە جیهاندا سەرکەوتوو بن و هەندێکی تر شکست بخۆن. بۆ ئەم مەبەستەیش خوێنددنەوەی جۆناثان پاوڵ دەتوانێت کلیلێکی گرنگ بێت بۆ تێگەیشتن لەوەی کە ئایا بانگەوازی ئاپۆ چەندە توانای ئەوەی هەیە ببێتە دەستپێکی پرۆسەیەکی سەرکەوتوو.
جۆناثان پاوڵ، کە لە ماوەی دەسەڵاتی تۆنی بلێر لە ڕێکخستنی پرۆسەی ئاشتیی ئیرلەندای باکووردا ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو، لە کتێبی (تیرۆریستەکان لە سەر مێزی گفتوگۆ: بۆچی دانوستان تاکە ڕێگەیە بۆ ئاشتی)،
” Terrorists at the Table: Why Negotiating Is the Only Way to Peace” و لە گفتوگۆ و کارەکانی لە بواری چارەسەرکردنی ململانێکاندا جەخت لەوە دەکاتەوە کە سەرکەوتنی دانوستان تەنها بە خواستی لایەنەکان بۆ گفتوگۆ پەیوەست نییە؛ بەڵکو سروشتی بزوتنەوە وڕێکخراوەکانی کە بەشدارن، شێوازی سەرکردایەتی هاوکات پەیوەندیی سەرکردایەتی بە جەماوەر و توانای لایەنەکان بۆ جێبەجێکردنی ئەوەی لەسەری ڕێکدەکەون، کاریگەرییەکی بنەڕەتییان هەیە. پاوڵ بە تایبەتی ئاماژە بەوە دەکات کە گرووپە هەرەمییەکان و ئەو بزوتنەوانەی سەرکردەیەکی بەهێز و کاریگەرییان هەیە، لە دانوستاندا ئەگەری زیاترە بتوانن بڕیارەکانی سەرکردایەتی بەسەر ئەندامانی خۆیاندا بسەپێنن؛ بە پێچەوانەوە، گرووپە لامەرکەزییەکان کە سەرکردایەتی ناتوانێت کردەوەی ئەندامانی خۆی کۆنترۆڵ بکات، دەتوانن پرۆسەی ئاشتی ئاڵۆزتر بکەن. لێرەدا بە ورردی لەسەر ئەو خاڵانە دەوستین:
یەکەم: سروشتی بزوتنەوەکە
لە دیدی پاوڵەوە، جۆری ڕێکخستنی ناوخۆی بزوتنەوەیەکی سیاسی یان چەکدار کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی لەسەر توانای دانوستان هەیە. ئەو بزوتنەوانەی کە توانای ڕێکخراوی هەرەمی و کۆنترۆڵی ناوخۆیی بەهێزیان هەیە، ئاسانتر دەتوانن بڕیارێکی سیاسی بگەنێتە ئەندامانی خۆیان و پابەندییان بە ڕێکەوتنێک مسۆگەر بکەن. بەڵام ئەگەر دەسەڵاتی سەرکردایەتی لەناو بزوتنەوەکەدا پارچەپارچە بێت و کادرو ئەندامەکان بتوانن هەریەکە بە سەربەخۆیی بڕیار بدەن، تەنانەت ڕێکەوتنی سەرکردایەتی لەگەڵ لایەنی بەرامبەر ناتوانێت بە خۆی گەرەنتی جێبەجێکردنی ڕێکەوتن بکات. ئەمە یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی جیاوازی نێوان «گەیشتن بە ڕێکەوتن» و «توانای جێبەجێکردنی ڕێکەوتن».
ئەگەر ئەم خاڵە لە چوارچێوەی سروشتی بزووتنەوەی پەکەکەدا بخوێنینەوە، دەتوانین پەیوەندیی نێوان ئیمراڵی، قەندیل، بوارە سیاسییە ئاشکراکان و دیاسپۆرا بە پەیوەندییەکی دیالێکتیکی و تەواوکەری یەکتر لێکبدەینەوە؛ پەیوەندییەک کە تێیدا هەر بەشێک، لەگەڵ ئەوەی ئەرک و تایبەتمەندیی خۆی هەیە، لە بوارەکانی تریش جیا و بێ پەیوەندی نییە، بەڵکو بە شێوەیەکی پێکەوەبەستراو کاریگەری لەسەر یەکتر دادەنێن و لە کۆی ئەم پەیوەندییە ئاڕاستەی گشتیی بزووتنەوەکە دیاری دەکرێت. ئەگەرچی پێشتر دەنگۆی بوونی ناکۆکی و جیاوازیی ڕوانگە لە نێوان ئیمرالی و قەندیل دا هەبوو، بە تایبەتی لەسەر ئەوەی کە هەر یەکەیان خەتی ئەوی تر بە تەواوی ناخوێنێتەوە، بەڵام ئەوەی لە کرداردا ڕوویدا وەڵامێکی جیاوازی بۆ ئەم دەنگۆیانە دایەوە. کاتێک ئاپۆ بانگەوازی دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی کرد، قەندیل بە خێرایی و بە شێوەیەکی ئەرێنی وەڵامی ئەو بانگەوازەی دایەوە. ئەمەش تەنها لە ئاستی گوتاردا نەمایەوە، بەڵکو دوا بە دوای ئەو بانگەوازە، کۆنگرەی دوانزەهەمینی بزووتنەوەکە بەسترا و بڕیارەکانی پەیوەندیدار بە هەڵوەشاندنەوەی بزووتنەوەکە خرانە بواری جێبەجێکردنەوە.
لە هەمان چوارچێوەیەدا، ژنان تەنها بەشێکی بەشداریکەر لە بزووتنەوەکە نین، بەڵکو بوونەتە یەکێک لە توخمە سەرەکی و دیاریکەرەکانی بونیاد و ئاڕاستەی ئەو بزووتنەوەیە. بەشداریی ژنان لە پرۆسەکانی خەبات و ڕێکخستن، لە دروستکردنی گوتاری سیاسی و لە گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکاندا، وای کردووە ڕۆڵی ژن لە سنووری بەشداریکردن تێپەڕێت و بگاتە ئاستی بەشداربوونی چالاک لە دیاریکردن و ئاڕاستەکردنی پرۆسەکە. لە ڕوانگەی پرۆسەی ئاشتییەوە، ئەم ڕۆڵەی ژنان گرنگییەکی زیاتر وەردەگرێت؛ چونکە بەشداریی ڕاستەقینە و کاریگەریی ژنان لە گفتوگۆ، متمانەسازی، بڕیاردان و بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک، تەنها ڕەنگدانەوەی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان نییە، بەڵکو دەتوانێت ببێتە یەکێک لە مەرجە سەرەکییەکانی بەردەوامی، قووڵبوونەوە و سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی. لەبەرئەوە، هەر پرۆسەیەکی ئاشتی کە بەشداریی ژنان بە شێوەیەکی ڕاستەقینە و کاریگەر لە ناو بونیادی خۆیدا جێگیر بکات، دەکرێت هەنگاوێکی گرنگ بێت بۆ گۆڕینی پەیوەندییەکانی خەبات بۆ پەیوەندییەکانی گفتوگۆ، متمانەسازی و چارەسەری سیاسی.
دووەم: سروشتی سەرکردایەتی و بەرپرسیارێتیی ڕابەر لە پرۆسەی ئاشتی
جۆناثان پاوڵ لە شرۆڤەکردنی پرۆسەکانی ئاشتی، بەتایبەتی لە ئەزموونی ئیرلەندای باکوور، گرنگییەکی زۆر بە سەرکردایەتیی بەهێز و توانای وەرگرتنی بڕیارە قورسەکان دەدات. لە ڕوانگەی پاوڵەوە، پرۆسەی ئاشتی بە تەنها دانیشتن لەسەر مێزی دانوستان سەرناکەوێت؛ پێویستی بە سەرکردەیەک هەیە کە بتوانێت لە کاتی گونجاو و پێویست دا بڕیاری قورس بدات، لەوەیش گرنگتر بتوانێت جەماوەری خۆی بۆ قبووڵکردنی ئەو بڕیارە ئامادە بکات.
بەم مانایە، سەرکردایەتیی بەهێز تەنها ئەوە نییە دەسەڵاتی بڕیاردانی هەبێت؛ بەڵکو ئەوەیشە کەبەرپرسیارێتی دەرئەنجام و بارگرانیی بڕیارەکەیش هەڵبگرێت. پاوڵ ئەم دۆخە بە بیرۆکەی «دوو جەماوەر» دەبەستێتەوە. واتە سەرکردەی ئاشتی لە کاتی دانوستاندا تەنها لەگەڵ بەرامبەرە سیاسییەکەی گفتوگۆ ناکات؛ بەڵکو لە هەمان کاتدا لەگەڵ جەماوەری خۆیشی دەدوێت و پێویستە رازییان بکات. واتە بتوانێت خواست و بۆچوونی هەردوو لایەن لەبەرچاو بگرێت: بە مانایەکی دیکە، لە لایەک دەبێت خۆی بۆ مێزی دانوستان ئامادە بکات، لە لایەکئ تریشەوە دەبێت پێشوەخت کاری بۆ ئەوە کردبێت کە جەماوەرەکەی لە دەرەوەی مێزەکە ئامادەبێت قبووڵی پرۆسەکە بکات. لێرەدا توانای سەرکردایەتی دەبێتە یەکێک لە مەرجە سەرەکییەکانی سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی.
ئەم بیرۆکەیە لە قسەکانی ئاپۆ دا بە شێوەیەکی زۆر ڕوون دەبینرێت. ئەو جەخت دەکاتەوە کە بەرپرسیارێتیی ئاشتی ناتوانرێت بدرێتە دەستی ناوبژیوان، هاوپەیمان یان هێزێکی سێیەم؛ بەڵکو ئەو لایەنەی کە لە سەرەتادا بەرپرسیارێتیی جەنگی هەڵگرتووە، دەبێت بەرپرسیارێتیی گەڕان بەدوای ئاشتی و بەردەوامکردنی ئەو پرۆسەیەش هەڵبگرێت.
لە ڕوانگەی ئاپۆوە، ئەمە تەنها پرەنسیپێکی سیاسی نییە؛ بەڵکو ئەخلاقی بەرپرسیارێتیی سەرکردایەتییە. ئەگەر سەرکردەیەک بتوانێت لە کاتی جەنگدا بڕیار بۆ جەنگ بدات، هەمان سەرکردە دەبێت بتوانێت لە کاتی هاتنەدەرەوە لە جەنگیشدا بڕیارێکی قورس بۆ ئاشتی بدات. چونکە ئەگەر بەرپرسیارێتیی جەنگ لەسەر شانی ئەو لایەنە بووە، بەرپرسیارێتیی کۆتاییهێنان بە جەنگ و دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتییش ناتوانێت بە ئاستێکی دووەم یان بە لایەنێکی ناوەندی بسپێردرێت.
ئاپۆ بۆ ڕوونکردنەوەی قورسی ئەم بەرپرسیارێتییە، خۆی بە نموونە دەهێنێتەوە و دەڵێت بەو پێیەی خۆی سەرکردە و جێبەجێکەری سەرەکیی جەنگ بووە، لە بەرامبەر بانگەوازی ئاشتییەکەدا خۆی بە بەرپرسیار زانییوە کە دەستبەجێ وەڵامی بەرامبەر بداتەوە بۆ پرۆسەی دانوستان. لێرەدا سەرکردایەتی تەنها بە مانای توانای دەستپێکردنی جەنگ نییە؛ بەڵکو توانای هەڵگرتنی بارودۆخی قورس و گۆڕینی ئاراستەیەکە بۆ ئاشتییە.
لێرەدا بیرۆکەکانی پاوڵ و تێڕوانینی ئاپۆ لە خاڵێکی گرنگدا یەک دەگرنەوە: دانوستانی سەرکەوتوو پێویستی بە سەرکردەیەک هەیە کە بتوانێت بڕیاری قورس بدات و هەمان کات جەماوەرەکەی بۆ قبووڵکردنی ئەو بڕیارە ئامادە بکات. چونکە ئاشتی جەنگە گەورەکەیە زۆرجار لە خودی جەنگیش قورسترە؛ جەنگ دەتوانێت بە فرمان دەست پێ بکات، بەڵام ئاشتی پێویستی بە قایلکردن، متمانەسازی، بیرکردنەوەی وورد و بەرپرسیارێتی گەورە هەیە.
لەبەر ئەمە، ئەوەی ئاپۆ لە بانگەوازەکەیدا دەیکات، تەنها وەڵامدانەوەیەکی سیاسی بە بانگەوازی بەرامبەر نییە؛ بەڵکو هەڵگرتنەوەی بەرپرسیارێتیی سەرکردایەتییە لە قۆناغی جەنگەوە بۆ قۆناغی ئاشتی. ئەو لەوێدا خۆی بەشێک لە کێشەکە دەزانێت، بۆیە خۆیشی دەخاتە پێشەوە و بەرپرسیارێتیی چارەسەرکردنەکەش لە خۆی دوور ناکاتەوە.
بەم مانایە، سەرکردەی ڕاستەقینەی ئاشتی ئەو کەسە نییە کە تەنها دەتوانێت لەگەڵ بەرامبەر ڕێک بکەوێت؛ بەڵکو ئەوەیە کە بتوانێت جەماوەری خۆی لەگەڵ خۆی ببات بۆ شوێنێک کە لە پێشترەوە ئامادەی قبووڵکردنی نەبووە. ئەمەش لە قووڵترین ماناکانی سەرکردایەتییە لە پرۆسەی ئاشتی: گۆڕینی بڕیاری قورس بۆ هەنگاوی سیاسی، و گۆڕینی بەرپرسیارێتیی جەنگ بۆ بەرپرسیارێتیی ئاشتی.
ئاپۆ لەمبارەیەوە دەڵێت:
“ئەم قۆناغە کاری جدی پێویستە، چونکە ئەوەی ئێستا ڕوودەدات، تەنها هەڵوێستێکی کاتی یان گۆڕانێکی ئاسایی لە سیاسەتدا نییە؛ بەڵکوو هەنگاوێکی گەورە و مێژووییە بەرەو قۆناغێکی نوێ، قۆناغێک کە دەتوانێت کۆتایی بە شێوازێکی کۆن لە ڕێکخستن و ملمێلانێ بهێنێت و دەرگای چارەسەرێکی نوێ بکاتەوە. ئەوەی سەرنجڕاکێشە کە ئەم هەنگاوە سەرەتا لە لایەن ئێمەوە نەدراوە بەڵکو، لەلایەن کەسێکەوە نراوە کە بۆ ساڵانێکی زۆر دژی من تێکۆشاوە و بە خوێنی سەری من تینو بووە؛ کەسێک هەموو ئەو توانایەی لەدەستیدا بووە بۆ دژایەتی و لە سێدارادانی من بەکاریهێناوە. کەسێک لەسەر بنەمای هەستیاریی تورکبوون، بووەتە پارت و لە نێوان پارت و دەوڵەتدا بووەتە دەنگ و دەستێکی کاریگەر. ئەو کەسەیش دەوڵەت باخچەلییە؛ ئەوەی پێشتر پێشەنگایەتیی شەڕێکی بێوچانی دژی ئێمەی کردووە، وەلێ ئێستا هەر خۆی بووەتە ئەو کەسەی دەرگای قۆناغێکی نوێ کردۆتەوە.
دەوڵەت باخچەلی بە شاندی دەم پارتی گوت “هەموو تەمەنی خۆمم بۆ ئەم مەبەستە تەرخان کردووە، وەلێ، ئێستا نیازمە دەرگا بە ڕووی قۆناغێکی نوێدا بکەمەوە” بە باوەڕی من، ئەمە تەنها بانگەوازێک بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ نییە؛ بەڵکو بانگەوازێکی کراوەیە بۆ ئاشتی، گفتوگۆ و دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک. ئەگەر ئەم دەرگایە بە ڕاستی کراوەتەوە، ئەوا پێویستە ئێمەیش بە هەموو هێز و هۆشیارییەوە هەنگاوی بۆ بنێین؛ چونکە دەرفەتە مێژووییەکان هەمیشە دووبارە نابنەوە.[1]“
لەو چوارچێوەیەدا، بڕیاری فەسخکردنی پەکەکە و دانانی چەک دەکرێت وەک یەکێک لە قورسترین بڕیارەکانی ئەم پرۆسەیە بخوێندرێتەوە. چونکە دانانی چەک تەنها وەستاندنی بەکارهێنانی چەک نییە؛ بڕیارێکە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ڕێکخستن، ناسنامەی سیاسی و بیرۆکەی بوون و کەیانی ئەو بزوتنەوەیە هەیە کە ساڵانێکی زۆر لەسەر بنەمای بەرخودان وەستاوە. لە ڕوانگەی پاوڵەوە، ئەم جۆرە لە بڕیاردان نموونەیەکی ڕوونە بۆ توانا و هێزی سەرکردە لە پرۆسەی ئاشتیدا چونکە ئەو دەبێت بتوانێت بڕیارێک بدات کە لەوانەیە بۆ بەشێک لە پشتیوانانی خۆی قورس یان تەنانەت ناڕەحەتی دروستبکات، بەڵام لە هەمان کاتدا بتوانێت هۆکاری ئەو بڕیارە و ئامانجی سیاسیی پشتەوەی بۆیان ڕوون بکاتەوە. ئەمە جیاوازیی نێوان سەرکردایەتی لە قۆناغی جەنگ و سەرکردایەتی لە قۆناغی ئاشتییە.
لە قۆناغی جەنگدا، سەرکردە دەبێت بتوانێت بڕیاری دەستپێکردن یان بەردەوامکردنی جەنگ بدات، بەڵام لە قۆناغی ئاشتی، هەمان سەرکردە دەبێت بتوانێت بڕیاری کۆتاییهێنان بە جەنگ و گواستنەوە بۆ ئامرازە سیاسییەکان بدات. لەبەر ئەمە، ئەوەی ئاپۆ بۆ خۆی بەرپرسیارێتیی وەڵامدانەوەی بانگەوازی ئاشتی دەبینێت، لەگەڵ ئەو تێڕوانینەی پاوڵدا یەکدەگرێتەوە کە سەرکردایەتیی ڕاستەقینە لە پرۆسەی ئاشتیدا لە توانای وەرگرتنی بڕیارە قورسەکاندا دەردەکەوێت.
لە هەمان چوارچێوەدا، دەتوانین ئەو وتەیەی ئاپۆ «ئەوانەی جەنگیان کردووە، هەر ئەوانەیش دەتوانن ئاشتی بەدیبێنن» شرۆڤە بکەین، چونکە لەم سیاقەدا تەواوی ماناکەی ڕوون دەبێتەوە. ئەگەر لایەنێک لە قۆناغی جەنگدا بەرپرسیارێتیی بڕیارە سەربازییەکان و هەڵسوڕاندنی جەنگی هەڵگرتبێت، لە قۆناغی ئاشتیش دەبێت بتوانێت بەرپرسیارێتیی بڕیارە قورسەکانی وەستاندنی جەنگ و گواستنەوە بۆ سیاسەت هەڵبگرێت. نەک تەنها ئەوە، بەڵکو لە سەرەتای دەستپێکردنی پرۆسەکەدا، ئاپۆ بە ڕاشکاوی دەڵێت کە خۆی بەرپرسیارێتی ئەم قۆناغە دەگرێتە ئەستۆ. بەڵام ئەمە بە هیچ شێوەیەک بەو مانایە نییە ئاپۆ تاکە بکەری پرۆسەکەیە و گەل تەنها ئۆبژەیەکە کە دەبێت بە شێوەیەکی کوێرانە بڕیارەکانی ئەو قبوڵ بکات. بە پێچەوانەوە، کاتێک ئاپۆ جەخت لەوە دەکاتەوە کە خاوەنی توانای تیۆری و پراکتیکییە بۆ هەنگاونانی جددی لەم قۆناغەدا، لێرەدا «توانای پراکتیکی» بە مانای ئیرادە و توانای گەل دێت؛ واتە گەل نەک تەنها وەرگرو و تەماشاکاری پرۆسەکە، بەڵکو گەل وەک بکەرێکی کارا و بەشدارێکی سەرەکیی لە پێشخستن و سەرخستنی پرۆسەکە. ئاپۆ لە بانگەوازەکەیدا ئاماژە بە جۆرێک لە «پرۆتۆکۆڵی ڕۆحی» لە نێوان خۆی، بزووتنەوەکە و گەل دەکات؛ پەیوەندییەکی ڕۆحی کە تەنها لە وشە و بانگەوازدا نامێنێتەوە، بەڵکو دەبێت لە چوار ئاستدا خۆی بنوێنێت: ئاستی ڕۆحی، فکری، ڕێکخراوەیی و تێکۆشانی. ئەم چوار ئاستەش پێکەوە بنەمای ئەو پەیوەندییە دروست دەکەن کە لە ڕێگەیەوە گەل دەتوانێت لە قۆناغێکی وەرگرتنی بڕیارەوە بگوازرێتەوە بۆ قۆناغی بەشداریکردن و بەرهەمهێنانی بڕیار. لە هەمان ڕوانگەیەوە، کاتێک ئاپۆ دەڵێت «سەردەمی حیزب بەسەرچووە»، مەبەستی تەنها کۆتاییهاتنی شێوازێکی دیاریکراوی ڕێکخستنی سیاسی نییە؛ بەڵکو ئاماژەیە بۆ گۆڕانێکی بنەڕەتی لە ڕۆڵی گەل لە پرۆسەی سیاسی دا. واتە، ئەگەر لە قۆناغی پێشوودا حیزب بووە ناوەندی ڕێکخستن و جوڵاندنی پرۆسەکە، لە قۆناغی نوێدا ئەو ناوەندە دەبێت بۆ خودی گەل بگوازرێتەوە. بەم مانایە، ئێستا کاتی ئەوەیە گەل تەنها بینەری شانۆی سیاسەت نەبێت، بەڵکو خۆی بێتە سەر شانۆ و ببێتە بکەر و دروستکەری چارەنووسی سیاسی و کۆمەڵایەتیی خۆی.
هەر بۆیە بڕیاری فەسخکردنی پەکەکە و دانانی چەک نابێت تەنها وەک کۆتایی هێزی چەکدار بخوێندرێتەوە؛ بەڵکو دەبێت وەک بڕیارێکی ستراتیژی بۆ گۆڕینی مەیدانی چارەسەرکردنی کێشە لێک بدرێتەوە: کێشەکە لە مەیدانی جەنگەوە دەگوازرێتەوە بۆ مەیدانی سیاسەت، و لەوێشەوە بۆ دانوستان و چارەسەری دیموکراتیک.
هەڵبەت دانانی چەک خۆی بە تەنها مانای بەرقەراربوونی ئاشتی نییە. دانانی چەک دەبێتە دەستپێکی قۆناغێکی نوێ. ئەگەرخودی ئەم بڕیارە نەبێتە دەستپێک بۆ پرۆسەیەکی سیاسیی بەردەوام، متمانەسازی و سازان، بەشداریکردن و چارەسەرکردنی بنەڕەتیی کێشەکە، ئەوا مەترسیی ئەوە هەیە کە تەنها «بێدەنگکردنی چەک» بەدەست بێت، نەک ئەو ئاشتییە ئەرێنییەی کە ئاپۆ هەوڵی بۆ دەدات.
هەربۆیە گرنگیی بڕیاری فەسخکردن و دانانی چەک لەوەدایە کە قورسترین هەنگاوە لە گۆڕینی ئاراستەی پرۆسەکە: لە «چۆن جەنگ بکەین؟» بۆ «چۆن دانوستان بکەین؟» و دواتر بۆ «چۆن چارەسەرێکی سیاسیی بەردەوام دروست بکەین؟». ئەمەش ئەو جۆرە بڕیارەیە کە بە تەنها لە سەرکردەیەکی بەهێزەوە چاوەڕوان دەکرێت؛ سەرکردەیەک کە نەک تەنها توانای دەستپێکردنی جەنگی هەبێت، بەڵکو بوێریی کۆتاییهێنان بە جەنگ و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتیی ئاشتیشی هەبێت.
بەم پێیە، کاتێک پاوڵ دەڵێت پرۆسەی ئاشتی پێویستی بە سەرکردایەتییەکی بەهێز هەیە، لە پرۆسەی ئاپۆدا ئەم بیرۆکەیە دەتوانێت لە یەکێک لە قورسترین بڕیارەکاندا خۆی بنوێنێت: بڕیاری گواستنەوە لە چەک بۆ سیاسەت. چونکە لە کۆتاییدا، سەرکردایەتیی ئاشتی تەنها ئەوە نییە کە بتوانیت بڕیار بۆ جەنگ بدات؛ بەڵکو ئەوەیە کە بتوانیت لە کاتی پێویستدا بڕیارێکی قورس بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ بدات و جەماوەرەکەیشی لەگەڵ خۆی بەرەو ئاشتی ببات.
سێیەم: سروشتی پشتیوانی جەماوەر و بەرگریکردن لە توندوتیژی
هۆکارێکی دیکەی کاریگەر لەسەر ئەگەری سەرکەوتنی دانوستان، سروشتی پشتیوانی جەماوەرە بۆ ئامانج و ستراتیژییەکانی بزوتنەوەکەیە. ئەگەر جەماوەر یان بنکەی کۆمەڵایەتیی بزوتنەوەکە لە توندوتیژی ماندوو بووبێت و هەست بکات کە بەردەوامبوونی پێکدادان تێچووی زۆری هەیە و بە ئامانجە سیاسییەکەی ناگەیەنێت، ئەوا ئامادەیی بۆ قبوڵکردنی چارەسەرێکی سیاسی زیاتر دەبێت. لە بەرامبەردا، ئەگەر توندوتیژی هێشتا لە لایەن جەماوەرەوە وەک ئامرازێکی کاریگەر بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان ببینرێت، سەرکردایەتی دەتوانێت تووشی فشاری ناوخۆیی بێت و نەتوانێت بە ئاسانی بڕیارە قورسەکانی پرۆسەی ئاشتی وەربگرێت. پاوڵ لە هەڵسەنگاندنی ئەوەی بۆچی هەندێک گفتوگۆ سەرکەوتوو دەبن و هەندێکی تر شکست دەهێنن، گرنگی بە سروشتی ڕێکخراو، سەرکردایەتی و ئاستی قبوڵکردنی بەردەوامبوونی توندوتیژی لەلایەن جەماوەر دەدات. ڕەنگە ئەم خاڵە وەڵامێک بێت کە بۆچی لە زۆربەی کۆبوونەوە و بڵاوکراوەکاندا بزوتنەوەی پەکەکە ئاماژە بەوە دەکەن کە پێویستە پاڵپشت ڕێبەر ئاپۆ بین بەوەی کە دەستکراوە بێت لەسەر مێزی دانوستان، ئەمەیش بەو مانایەی کە باوەڕمان بە بڕیارەکانی بێت، لەم قۆناغەدا پاڵپشتی بکەین.
چوارەم: توانای «ئیمزاکردنی ڕێکەوتن»؛ خاڵی بنەڕەتیی سەرکەوتنی دانوستان
لەگەڵ هەموو ئەو هۆکارانەی باسکران، یەکێک لە گرنگترین پرسیارەکانی هەر پرۆسەیەکی دانوستان ئەوەیە: ئایا هەردوولا توانای ئەوەیان هەیە بگەن بە خاڵێک کە بڕیارە قورسەکان وەربگرن و ڕێکەوتنێکی کۆتایی واژۆ بکەن؟
ئەمە جیاوازییەکی گرنگە لەنێوان «دانوستانکردن» و «گەیشتن بە ڕێکەوتن». دەتوانرێت لایەنەکان بۆ ماوەیەکی درێژ گفتوگۆ بکەن، بەڵام ئەگەر هیچ کامیان توانای وەرگرتنی بڕیارێکی سیاسی قورسیان نەبێت، پرۆسەکە دەتوانێت بێ کۆتایی بێ ئەنجام بێت. لە پرۆسەی ئاشتیی ئیرلەندای باکووردا، بەکارهێنانی خاڵی کۆتایی و کاتێکی دیاریکراو بۆ تەواوکردنی گفتوگۆکان بوو بە ئامرازێک بۆ دانانی فشاری پێویست لەسەر لایەنەکان. پاوڵ ئاماژە بەوە دەکات کە دانانی کاتی دیاریکراو بۆ کۆتایی هێنانی گفتوگۆکانی ساڵی ١٩٩٨ ڕۆڵێکی گرنگی لە کۆکردنەوەی هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتنی باشی ڕۆژی هەینی «Good Friday Agreement» هەبوو. بەڵام دوا کات «Deadline» بۆ خۆی بەتەنها گەرەنتیی سەرکەوتن نییە. بەڵکو تەنها ئەگەر لایەنەکان لە ڕووی سیاسی و ناوخۆییەوە بگەنە ئەو خاڵەی کە ئامادەن بڕیارێکی قورس وەربگرن، کاتی دیاریکراو دەتوانێت پرۆسەکە بەرەو کۆتایی ببەرێت. بۆیە خاڵی گرنگ ئەوەیە کە کاتەکە نەبێتە تەنها ژمارەیەک لەسەر ڕۆژمێر، بەڵکو ببێتە کۆتایییەکی سیاسیی واقعی بۆ هەردوولا.
پێنجەم: لە پێکدادانەوە بۆ قۆناغی ئاشتی
لە دیدی پاوڵەوە، پرۆسەی ئاشتی زۆرجار لەو خاڵەوە دەست پێناکات کە لایەنەکان بە تەواوی دڵنیابوون لەوەی کە چیدی توندوتیژی و پێکدادان بێ سوودە؛ بەڵکو ئەم تێگەیشتنە بە درێژایی پێکدادان و تاقیکردنەوەی ستراتیژییە جیاوازەکان دروست دەبێت. لە کاتێکدا لایەنەکان هەست دەکەن بەردەوامبوونی جەنگ و توندوتیژی ناتوانێت ئامانجە سیاسییەکانیان بەدەست بگەیەنێت، هەست بە پێویستیی گۆڕینی ئامراز دەکەن: لە ئامرازی سەربازی بۆ ئامرازی سیاسی.
ئەم گۆڕانە تەنها گۆڕینی شێوازی کارکردن نییە؛ بەڵکو گۆڕانێکی ستراتیژییە لە تێگەیشتنی بزوتنەوەکە بۆ ڕێگای گەیشتن بە ئامانجەکانی. بۆ نموونە، ئەزموونی ئیرلەندای باکوور نیشان دەدات کە پەیوەندیی نێوان سەرکردایەتیی سیاسی و ڕێکخراوی چەکدار لەوەدا گرنگ بوو کە سەرکردە سیاسییەکان توانییان ڕێکخراوی خۆیان بەرەو پرۆسەی سیاسی بەرن. لە هەندێک هەڵسەنگاندندا، توانای سەرکردایەتیی شین فێین، بە تایبەتی توانای ((Gerry Adams و (Martin McGuinness)بۆ قایلکردنی IRA بە ئاراستەی ئاشتی، وەک فاکتەرێکی گرنگی سەرکەوتنی پرۆسەکە باس کراوە.
لەبەر ئەوە، «خاڵی نەگەڕانەوە» لە پرۆسەی ئاشتی تەنها بە واژۆکردنی ڕێکەوتن نایەتە دی؛ بەڵکو کاتێک دروست دەبێت کە لایەنەکان بە کردەوە بگەن بەو باوەڕەی کە توندوتیژی ناتوانێت ئامانجە سیاسییەکانیان دابین بکات و چارەسەرێکی سیاسی بەراورد بە بەردەوامبوونی پێکدادان ئەنجامێکی باشتر دەدات. ئەم گۆڕانەش زۆرجار پڕۆسەیەکی درێژە، نەک ڕووداوێکی خێرا و یەکجارەکی.
ئەگەر قسەکانی ئەردۆغان بە وردی وەربگرین، لە نوێترین کۆبوونەوەی کابینەی حکومەتەکەیدا، لەبەردەم ڕۆژنامەنوساندا، دان بەو زیان و زەرەرە زۆرەی داناوە کە تورکیا بەهۆی شەڕەوە بەرکەوتووە.
ئەو ئاماژەی بەوە کردووە کە تێچووی شەڕ بۆ تورکیا زیاتر لە ٢.٣ ترلیۆن دۆلار بووە و هەروەها ساڵانە نزیکەی ٥٠ ملیار دۆلار خەرجی شەڕ بووە. لە دیدی ئەردۆغانەوە، سەرکەوتنی ئەو پرۆژەیەی ئێستا لە تورکیا لەژێر کاری پێکردندایە، دەتوانێت دەرفەتێکی نوێ بۆ بوژاندنەوە و بەهێزکردنی ئابووریی وڵات بڕەخسێنێت. لە ڕاستیدا، سەرکەوتنی پرۆژەی ئاشتی تەنها کۆتاییهێنان بە شەڕ و ناکۆکی نییە؛ بەڵکو دەتوانێت دەستپێکی قۆناغێکی نوێ بێت بۆ ئارامی، گەشەپێدان و گەڕاندنەوەی وزە و سامان بۆ ئابووریی تورکیا.
تورکیا بە دانیشتوانێکی نزیکەی ٨٦ ملیۆن کەس، ئەگەر بتوانێت بە سەرکەوتوویی ئەم قۆناغە تێپەڕێنێت، دەکرێت لە ئاشتییەکەدا تەنها قازانجی سیاسی و ئەمنی نەبینێت، بەڵکو قازانجێکی گەورەی ئابووری و کۆمەڵایەتییش بەدەست بهێنێت.
شەشەم: ڕێکەوتن کۆتایی پرۆسە نییە؛ دەستپێکی پرۆسەی متمانەیە
یەکێک لە هەڵە باوەکان لە تێگەیشتن لە پرۆسەی ئاشتی ئەوەیە وا بزانرێت کە واژۆکردنی ڕێکەوتن بە مانای کۆتایی ملمێلانێک و دەستپێکردنی ئاشتییە. لە ئەزموونی پاوڵدا، ڕێکەوتن تەنها چارچێوەیەک بۆ دروستکردنی متمانە و جێبەجێکردنی هەنگاوەکانە. خۆی پاوڵ بە ڕوونی دەڵێت کە «ئاشتی ڕووداوێک نییە، بەڵکو پرۆسەیە».
بۆیە متمانە پێویستی بە هەنگاوی وورد یەک لە دوای یەک، جێبەجێکردنی بەڵێنەکان، چاودێری و میکانیزمی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان هەیە. پاوڵ لەبارەی ئەزموونی ئیرلەندای باکوور ئاماژە بەوە دەکات کە لایەنەکان زۆرجار ناتوانن لە یەکەم هەنگاودا بە تەواوی متمانە بە یەکتر بکەن؛ بۆیە پرۆسەکە دەبێت بە هەنگاوی هێواش و قۆناغ بە قۆناغ بەرەوپێش بچێت. لەملایشەوە بوونی لایەنێکی سەربەخۆ بۆ چاودێریکردنی ئاگربەست (Ceasefire) و جێبەجێکردنی هەندێک بەش لە ڕێکەوتنەکە دەتوانێت متمانە دروست بکات.
هەربۆیە کێشەی سەرەکی زۆرجار دوای واژۆکردنی ڕێکەوتن دەست پێدەکات. لایەنەکان دەبێت بتوانن ئەوەی لەسەری ڕێک کەوتوون بگۆڕنە کردار؛ دەبێت پابەندییەکانیان جێبەجێ بکەن، ناکۆکییە نوێیەکان بە ڕێگای سیاسی چارەسەر بکەن و بە هەنگاوی بەردەوام متمانەی لەنێوان خۆیان دروست بکەن. ئەمەش واتای ئەوەیە کە سەرکەوتنی ڕێکەوتن بە واژۆکەی کۆتایی نایەت، بەڵکو بە توانای جێبەجێکردنی و دروستکردنی متمانە لە دوای واژۆکردنەکە پێوانە دەکرێت. لە هەمان ئەزموونی ئیرلەندای باکووردا جیاوازییەکی ڕوون لەنێوان «گەیشتن بە ڕێکەوتن» و «جێبەجێکردنی ڕێکەوتن» هەبووە.
لە کۆتاییدا، لە دیدی جۆناثان پاوڵەوە، سەرکەوتنی پرۆسەی دانوستان بە یەک فاکتەر پشت نابەستێت؛ بەڵکو ئەنجامی کۆمەڵێک مەرج و هۆکاری پەیوەست بە یەکترە. سروشتی ڕێکخراوی بزووتنەوە، توانای سەرکردایەتی بۆ ڕابەرایەتی و ڕێکخستنی پارتەکەی، ئاستی پشتیوانی جەماوەری، ئامادەیی بۆ وازهێنان لە توندوتیژی، توانای وەرگرتنی بڕیارە قورس و چارەنووسسازەکان، هەموویان بە شێوەیەکی گرنگ کاریگەری لەسەر ئەنجامی پرۆسەی دانوستان هەیە. بەڵام لە سەرووی هەموو ئەمانەوە، گرنگترین هۆکار توانای هەردوولایە بۆ گۆڕینی ڕێککەوتن و بڕیارە سیاسییەکان بۆ کردار و جێبەجێکردنی واقعی. بەم شێوەیە، سەرکەوتنی دانوستان تەنها بە گەیشتن بە ڕێککەوتن کۆتایی نایەت، بەڵکو بە توانای جێبەجێکردن و پاراستنی ئەو ڕێککەوتنە پێوانە دەکرێت.
لەبەرئەوە، دانوستان تەنها گەیشتن بە مێزی گفتوگۆ نییە؛ بەڵکو پرۆسەیەکی درێژخایەنە کە لە تێگەیشتن بە سنووری توندوتیژی دەست پێدەکات، بە گۆڕینی ئامرازەکان لە سەربازی بۆ سیاسی بەردەوام دەبێت، لە واژۆکردنی ڕێکەوتن تێناپەڕێت و لە کۆتاییدا بە جێبەجێکردنی ڕێکەوتن و دروستکردنی متمانە دەگات. بەم مانایە، واژۆکردنی ڕێکەوتن کۆتاییی پرۆسەی ئاشتی نییە؛ بەڵکو دەستپێکی قۆناغێکی نوێیە کە تێیدا لایەنەکان دەبێت توانایان بۆ پاراستن و جێبەجێکردنی ئەو ڕێکەوتنە بسەلمێنن.
هەربۆیە ئاپۆ لەمبارەیەوە دەڵێت” ئەم قۆناغە خۆی لە خۆیدا قۆناغێکی ئاڵۆز و وردە و پێویستی بە مێژوویەکی تایبەت هەیە. کاتێک سەروکارمان لەگەڵ بونیاتنانەوە و ڕێکخستنەوەی هەیکەلی ئەم قۆناغەیە، پێویستە سەرەتا کێشە و ئاڵۆزییەکان لە ژێر ناونیشانە نوێکاندا دیاری و چارەسەر بکرێن. هەر یەکێک لەم ناونیشانانەش پێویستی بە شیکردنەوە و لێکۆڵینەوەی ورد و قووڵ هەیە، و بێگومان ئەم پرۆسەیە کات و ئارامیی پێویستە. بە مانایەکی تر، لەم قۆناغەدا پەلەکردن لە پرۆسەکەدا نیشانەی ژیری و زیرەکی نییە؛ بەڵکو پێویستە بە هێواشی و بە هەنگاوی هۆشیارانە بەرەو پێش بچین، تاکو بتوانین بناغەیەکی بەهێز و دروست دابمەزرێنین. لەگەڵ ئەمەشدا، دەتوانین بڵێین ئەم «پێشەکییە» خۆی دەتوانێت ببێتە ڕۆح و بنەمای نووسینە سەرەکییەکە. واتە ئەم سەرەتایە، بە تەنیا، دەتوانێت ئەو بناغەیە بێت کە لەسەرەوە بتوانین تێڕوانینێکی ورد، ڕوون و تیژبینانە لەسەر ناونیشانە سەرەکییەکان دروستبکەین”.
زیندان: وەک یەکەم شوێنی گفتوگۆ بۆ ئاشتی
لە دوای ئەوەی کەم تا زۆر باسی دید و بۆچوونی جۆناثان پاوڵمان کرد سەبارەت بە مەرجەکانی سەرکەوتنی دانوستان و گەیشتن بە ئاشتی. لە جێی خۆیدایە بگەڕینەوە بۆ سەر بانگەوازەکەی بیست و پێنجی نیسانی ئەمساڵی ئاپۆ سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی بزانین تا چەند بە ئاگایی بیرکردنەوەی ووردەوە لەگەڵ ئەم پرۆسەیە مامەڵەی کردووە.
وەلێ بەرلەوەی بچینە سەر ئەو خاڵانە، پێویستە لەسەر چەمکێکی گرنگ و سەرنجڕاکێشی ئەم پرۆسەیە بوەستین؛ ئەویش چەمکی«زیندان»ە. بەو مانایەی یەکێک لە ڕەخنە و پرسیارە دووبارەبووەکان لە نێو کۆمەڵگەی کوردیدا ئەوەیە: ئەگەر ئاپۆ لە زیندانە، چۆن دەتوانێت ببێتە بکەرێکی سەرەکی لە پرۆسەی دانوستان و چۆن زیندان دەتوانێت ببێتە دەستپێکی پرۆسەیەکی ئاشتی لەوجۆرە؟
ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ سەرەتای ئەم پرۆسەیە، بیرمانە سلاڤۆی ژیژەک لە وتارێکیدا بە ناونیشانی «ڕابەری پەکەکەـ ئۆجەلان: ماندێلای سەردەمی ئێمەیە» بڵاوکردەوە. ئەو هەوڵی دا ئەم دوو کەسە بە یەکەوە ببەستێتەوە. هەڵبەت ئەو وتارە لەو کاتەدا دەنگدانەوەیەکی زۆری دروست کرد و منیش هەر لەو کاتەدا وتارێکم لەسەر ئەو بەراورد و شوبهاندنە بە ناونیشانی «زیندووکردنەوەی ماندێلا لەناو ئاپۆدا» نووسی و پرسیاری سەرەکی بۆ من لەو ووتارەدا ئەوە بوو کە چۆن ئاپۆ، ماندێلا تێپەڕێنێت و نەبێتەوە بە ماندێلا؟ چۆن ئاپۆ بتوانێت دەست بە بەڵێن و هیواکانی خۆیەوە بگرێت؟
هەر بۆیە ئاماژەکردن بە هاوشێوەیی نێوان ئاپۆ و ماندێلا لێرەدا تەنها بۆ بەراوردکردنی دوو کەسایەتی سیاسی نییە؛ بەڵکو دەکرێت ببێتە دەروازەیەک بۆ تێگەیشتن لە چەمکی «زیندان» و ڕۆڵی زیندان وەک شوێن لە پرۆسەی ئاشتیدا. جۆناثان پاوڵ لە کتێبەکەیدا بە وردی ئەزموونی دانوستان و گفتوگۆی نێوان حکومەتی ئەفریقای باشوور و نیلسۆن ماندێلا دەگێڕێتەوە؛ پرۆسەیەک کە سەرەتاکانی لە پشت دیوارەکانی زیندانەوە دەستی پێکرد.
جۆناثان پاوڵ لە گێڕانەوەکەیدا باس لەوە دەکات کە چۆن زیندان، کە لە سەرەتادا بۆ دوورخستنەوە و زیندانیکردنی ماندێلا بەکارهێنرابوو، بە هێواشی گۆڕا بۆ شوێنی یەکەم پەیوەندییە سیاسییەکان لەنێوان ماندێلا و حکومەتی ئەفریقای باشوور. بە واتایەکی تر، ئەو شوێنەی کە بۆ جیاکردنەوە و بێدەنگکردنی ماندێلا دیاریکرابوو، دواتر بوو بە شوێنی دەستپێکردنی گفتوگۆیەک کە بەردەوامییەکەی کاریگەرییەکی گەورەی لە داهاتووی وڵاتەکەدا هەبوو.
ماندێلا ساڵانێکی زۆر لە زیندان بەسەر برد، بەڵام حکومەت بە هێواشی تێگەیشت کە زیندان ناتوانێت کێشەیەکی سیاسیی قووڵ و مێژوویی چارەسەر بکات. لەبەر ئەوە، یەکەم پەیوەندییەکان لەگەڵ ماندێلا هەر لەناو چوارچێوەی زینداندا دەستیان پێکرد. سەردانی کۆبی کۆتسی، وەزیری داد، و دواتر دیدارە نهێنییەکان، هەنگاوێکی سەرەتایی بوون بۆ شکاندنی دیواری بێ متمانەیی. ئەو دیدارانە لە سەرەتاوە بە مەبەستی گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی سیاسیی گەورە نەبوون؛ بەڵکو یەکەم هەنگاویان دروستکردنی پەیوەندی، گوێگرتن لە یەکتر و تاقیکردنەوەی ئەگەری گفتوگۆ بوو.
پاشان، بە پێی گێڕانەوەی پاوڵ، نیل بارنارد چووە ناو ئەم پرۆسەیە و گفتوگۆکە لە ئاستی پەیوەندییەکی کەسییەوە بەرەو پرۆسەیەکی ستراتیژی گەشەی کرد. بارنارد دەیویست بزانێت ئایا ماندێلا ئامادەیە توندوتیژی ڕەت بکاتەوە، بۆچوونی چییە لەبارەی کۆمۆنیزم و ئایا گواستنەوەی دەسەڵات دەتوانێت بە ڕێگای گفتوگۆ و ڕێککەوتنەوە ئەنجام بدرێت.
بەڵام لە هەموو ئەمانە گرنگتر، بارنارد بەو ئەنجامە گەیشت کە گفتوگۆی ڕاستەقینە تەنها بە دانانی پرسیار و وەرگرتنی وەڵام دروست نابێت؛ بەڵکو پێویستی بە ڕێزگرتن لە بەرامبەر و داننان بە یەکسانیی لایەنەکان هەیە. ئەمەش لەوەدا دەردەکەوت کە هەوڵی دا دیدارەکانی داهاتوو لە بارودۆخێکدا ئەنجام بدرێن کە ماندێلا و نوێنەرانی حکومەت وەک دوو لایەنی گفتوگۆکەر و لە بەرامبەر یەکتر دابنیشن، نەک وەک زیندانی و زیندانیکەر.
دووبارە شوبهاندنی ئەزمونی ئاپۆ بە ماندێلا سەرەڕای جیاوازی هەردوو ئەزمونەکە دەکرێت کلیلی تێگەیشتنێکی گرنگ بێت بۆ ئەوەی چۆن پرۆسەی ئاشتیی ئاپۆ لە ئیمڕاڵی بخوێنینەوە. بێگومان، ئەزموونی ئەفریقای باشوور و ئەزموونی کوردستان هەمان بارودۆخ و هەمان مێژوو نییە؛ بەڵام لە خاڵێکی بنەڕەتیدا یەکدەگرنەوە، ئەویش: گفتوگۆ دەتوانێت لەو شوێنەوە دەست پێ بکات کە لە سەرەتا بۆ جیاکردنەوەی لایەنەکان دیاریکراوە ئەویش زیندانە. زیندان وەک شوێنی تاوانباران. ئیمڕاڵی لە ڕووی فیزیکییەوە شوێنی دەستبەسەرکردن، جیاکردنەوە و دوورخسنتەوەی ئاپۆیە لە سیاسەت، وەلێ هەمان شوێن لە ڕووی سیاسییەوە دەتوانێت ببێتە جێگەی پەیوەندی و گفتوگۆ. زیندان بۆ خۆی ناتوانێت لەمپەڕ بێت لەبەردەم گفتوگۆ؛ ئەگەر ویستی سیاسی و ئامادەیی بۆ چارەسەرکردن هەبێت، هەمان دیوارەکانی زیندان دەتوانن ببنە دەروازەیەک بۆ گفتوگۆ. لە ئەزموونی ماندێلاوە دەبینین کە یەکەم دیدارەکان نە بە متمانەی تەواو دەستیان پێکرد و نە بە ڕێککەوتنێکی گەورە؛ بەڵکو بە یەکتر بینین، گوێگرتن، ناسینەوە و ڕێزگرتن دەستیان پێکرد. بەم مانایە، ئاشتی پێش ئەوەی ببێتە ڕێککەوتنێکی سیاسی، دەبێت ببێتە پرۆسەیەکی مرۆیی و سیاسی بۆ شکاندنی بێمتمانەیی.
لەم ڕوانگەیەوە ئەگەر ئەزموونی ماندێلا لە گێڕانەوەی جۆناثان پاوڵ و پرۆسەی ئاشتی ئاپۆ لە ئیمڕاڵی لە تەنیشت یەکتر بخوێنینەوە، «زیندان» تەنها شوێنی دەستبەسەرکردن و زیندانی نامێنێتەوە؛ بەڵکو دەتوانێت ببێتە یەکەم شوێنی گفتوگۆ بۆ ئاشتی، یەکەم پرد لەنێوان دوو لایەنی ناکۆک، و یەکەم هەنگاو لە شەڕ و دوژمنایەتییەوە بەرەو گفتوگۆ و چارەسەری سیاسی.
لە کۆتاییدا بەڵکو ئەمە وەڵامێکی سادە بێت بۆ بۆ ئەو کەسانەی کە پرۆسەی ئاشتی لەوەدا کورتدەکەنەوە کە یەکەم بانگەواز و هاوار بۆ ئەم پرۆسەیە لە زیندانەوە دەستیپێکردوە ناکرێت بە هەند وەربگیرێت.
[1] مانیفێستۆی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک، عبدوڵڵا ئۆجەلان، ٢٠٢٥.