نووسین: هاوار محمەد
بەشی چوارەم و کۆتایی
تەواوی وتاری لە غەزاوە بۆ كەمپ بە pdf
لە بەشى یەكەمى كتێبى ڕەچەڵەكناسیى ئەنفالدا تەیفوورى بۆ ڕوونكردنەوەى زاراوەى ئەنفال، كە دواجار بە پشت بەستن بە تەفسیرێكى تەبەرى لەگەڵ ساكرێدا هاوماناى دەكات، بەزۆرى تەكنیكى ڕوونكردنەوەى زاراوە ئاینییەكان لە زەمینەكانى دروستبوون و بەكارهێنانیاندا بەكاردەهێنێت؛ واتە دواجار ئەنفال هیچ نەبێ لە سەردەمى پەیامبەر و خەلافەتدا لەنێو نەریتى ئایینیدا، لەنێو ڕووداوە ئاینییەكان، فەرمانى پەیامبەران، دەقە پیرۆزەكاندا وەك “تەشریع” لێك دەداتەوە و لە بەشى هەر گەورەى كتێبەكەیدا پەرە بە شیكارییەكەى دەدات. لەوێوە بە قەڵەمبازێك دەپەڕێتەوە بۆ سەردەمى مۆدێرن؛ بەڵام ئەم پەڕینەوەیە، لەبەرئەوەى گۆڕانى ئیپستیمە و پارادایمیشى لەگەڵدایە (گۆڕانى خەلافەت بۆ دەوڵەتى مۆدێرن)، پێویستى بە ڕوونكردنەوەى ئەو گۆڕانە سیاسییە ڕیشەییانە هەیە كە لە سەردەمى خولەفاوە تاوەكو سەردەمى بەعس ڕوویانداوە، ئەمەش گەمارۆى لێكدانەوەى “ئەنفال” تەنیا لە جوغزى ماناى زاراوەكەیدا دەشكێنێت و زەمینەى دیكەى لە بەردەمدا واڵا دەكات.
بەو هۆیەى بەشى زۆرى كتێبەكەى تەیفوورى تەرخانە بۆ پشكنینى جینالۆژیى سەردەمى یەكەمیان، بۆیە لە خوێندنەوەى بەرهەمەكەیەوە وا تێدەگەین كە ئەنفالى كورد لە سەدەى بیستەمدا تەنیا درێژكراوەیەكى زنجیرەیى ئەنفالى سەردەمى خەلافەتـە و پاڵنەرە سەرەكییەكەیشى دواجار هەر ئایینە. لەم ڕوانگەیەوە ئەوەى لە پشتى ئەنفالى كوردەوەیە نەریتێكى غەزاى ئاینییە كە ڕیشەكانى وا لە حاكمیەتى خەلیفەدا؛ وا لە دەسەڵاتى باوكێكدا كە بە پێچێكدا ئەو شتە حەڵاڵ دەكاتەوە وا حەرامى كردووە. ئەم گریمانەیە دەتوانێت ژیژەك ڕازیى بكات، بەڵام پێدەچێت بە بێ دەستكارییەكى بنەڕەتى ئاگامبێن پێى ڕازى نەبێت، چونكە فەیلەسوفە ئیتاڵییەكە چەندین جار جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە «تێكەڵكردنى دیاردەیەكى یاسایى-سیاسى و دیاردەیەكى تایبەتى ئایینى، بنەڕەتى هەموو ئەو لێڵى و ئاڵۆزییانە پێكدێنێت كە تەنانەت لەسەردەمى ئێمەیشدا بووە بە مۆركى هەموو توێژینەوەكان هەم دەربارەى ساكەر و هەم دەربارەى حاكمیەت. سەركۆنەكردن[ى هۆمۆساكەر] بە فۆڕمى نەفرەتێكى ئایینى نییە كە خاسیەتى موحەڕرەمى شتێك پێك دەهێنێت، واتە هاوكات خاسیەتێكى شكۆدار و عەیبدار: بە پێچەوانەوە، داڕشتنێكى سیاسیى بنەڕەتییە بۆ سەپاندنى پابەندیى سەروەرانەى حاكم»[1]. تەیفووریش بە ڕوونى دەركى بەوە كردووە كە كورتكردنەوەى هەموو ڕەهەندەكانى ئەنفال لە مێژووى ئایینەكە و هەندێك زاراوەی سەردەمى هاوەڵاندا، بۆ توێژەرى ئەنفال داوێكە كە هەر كات تێیبكەوێت، دەرفەتى بینینى ئەو خاڵە یەكلاكەرەوەیە لەدەست دەدات كە دەتوانێت ئەنفال لە ڕووبەرێكى تر و لە ئاسۆیەكى فراوانتردا شرۆڤە بكات كە ڕووبەرى سیاسى-تەشریعییە و تەنیا لەسەر ئەم بنەمایەشە “حاكمییەت و ساكرێكەى” دادەمەزرێن. تەیفوورى دەنووسێت:
«ناوەكە [ناوى ئەنفال] لە ڕوانینى یەكەمدا بۆ بوارى دین دەگەڕێتەوە، واتە بوارێك كە یان دەستبۆنەبراوە، یان هەموو شتێكى بۆ كورت كراوەتەوە. ئەمە ئەو گرفت و داوەیە لەو ناونانەدا هەیە و ڕەنگە لەبەر ئەوە بێت كە توێرەژان هەوڵ نادەن لەو بونیاد و كەرەستە قانوونى-سیاسییانە بكۆڵنەوە كە لە ڕێگەیەوە دەكرێ گرووپێكى مرۆیى بكرێت بە قابیلى كوشتن، بێ ئەوەى كوشتنەكەى بە تاوان یان گوناه دابنرێت»[2].
كەواتە پشكنینى جینالۆژییانەى ڕیشە ئاینییەكان، دواجار بۆ تاقیكردنەوەى “عەقڵى خودا” نەبوو، بەڵكو بۆ كەشفكردنى ئەو بونیاد و كەرەستە قانوونى-سیاسییانە بوو كە بە گوێرەیان هەر حاكمیەتێك بەجۆرێكى تایبەتى هاوتا لەگەڵ شێوازى حاكمیەتەكەیدا، هۆمۆساكەرى خۆى بەرهەم دەهێنێت، ئەمەیش لەبەرئەوەى “ژیانى ڕووت” لە كارخانەكانى دەسەڵاتدا دروست دەكرێت كە دواجار بە گوتەى هایدیگەر-ئارێنت كارخانەى تەرمەكانىهۆمۆساكەریشى هەیە. لەبەرئەمە نووسەر لە بەشى دووەمى كتێبەكەدا پرسى هۆمۆساكەر لە جیهانى نوێدا، واتە چیتر نەك لە ڕۆژى فورقاندا، بەڵكو لە سیستەمى یاسایى-سیاسیى “دەوڵەتى مۆدێرن”ـدا تاوتوێ دەكات. لێرەدا تەیفوورى سەرلەبەرى پارادایمەكە دەگۆڕێت بۆ سەردەمى نوێ، بەڵام ئەوە جێگاى دڵنیایی نییە كە ئاخۆ ئەو وەك دوو پارادایم لێیان دەڕوانێت یان نا، بەو پێیەى لە هەمان ئەو كاتەى دوو سەردەمەكە، دوو ئیپستیمەكە، دوو شێوازى حوكمڕانییەكە (خەلافەت-دەوڵەت) لێك جودا دەكاتەوە، كۆك نییە لەگەڵ بینینى ئەم جیاكردنەوەیەدا وەك “دابڕان”، چ دابڕانى مێژوویى یان دابڕانى مەعریفى[3]. هاوكاتیش كە پێیوایە ئەنفالى كورد لە سەدەى بیستدا پرۆسەیەكى ئاوێزانى دەوڵەتى نوێ بوو، ڕازیى نییە بە بینینى بەعس وەك “بەعسیزم” واتە وەك هێزێكى خاوەن خەسڵەتگەلى دەگمەن. لاى ئەو كاتێك بڵیین “بەعسیزم”، ئەوا هێمامان بۆ شتێكى تاقانەى وەكوو “نازیزم” یان “فاشیزم” نەكردووە، بەڵكو بەعس هێزێكە لەسەر هەمان ئەو بونیادەى حاكمیەتەوە دروست بووە كە دەتوانێت لە ئێرانیش “ئیمامەت” بەرهەم بهێنێت، بۆ ڕوونكردنەوەى ئەمە تەیفوورى پرسى “فتواى ئیمام”ـیش بۆ هێرشكردنەى سەر كوردەكان لە ڕۆژهەڵاتى كوردستان بانگهێشتى نێو شرۆڤەكەى دەكات. ڕوونتر بڵێین، لاى ئەو “دەوڵەت” خۆى بونیادێكى نوێى دەسەڵات یان پارادیمێكى جیاواز نییە، بەڵكو فۆڕمێكى نوێى دەسەڵاتى هەمان بونیادى حاكمیەتە.
كەواتە كاتێك تەیفوورى ئەوە ڕوون دەكاتەوە كە لە ئەنفالدا، جگە لە ڕیشەى مێژوویى، ئیزافەى نوێى سەردەمى مۆدێرنیش هەن، ئەو ئەم “ئیزافانە” وەك دروستكردنى “جیاوازیى ڕیشەیى” نابینێت. بەم هۆیە ئەو ئەنفال لەنێو دوو پارادایمەكەدا بە ڕوونى لێك جودا ناكاتەوە، بەڵكو لە حاڵەتى بەعسدا وەك گۆڕانكاریى نێو یەك پارادایم، بە یەك بونیادى دەسەڵاتەوە لێى دەڕوانێت كە لە خۆرهەڵات هەر لە ڕۆژى بەدرەوە تاوەكو ئێستا لەكاردایە: بونیادى دەسەڵاتى حاكم كە لە مێژووى ئیسلامدا خەلافەتە و فۆڕمە شیعەگەرانەكەشى كۆمارى فەقیهە لە ئێران، وڵاتێك كە ئیمام دەسەڵاتى ئاوارتەى هەیە و كوردیش بۆ ئەم دەسەڵاتە هۆمۆساكەریزە كراوە. لەگەڵ ئەمەشدا دەوڵەتگەرایى بەعس و ئیمامەتى كۆمارى ئیسلامى تەنیا دووبارەكردنەوەى “خەلافەت” نین، بەڵكو لەنێو ئاسۆى فراوانتردان كە بوارى قانوونیى سیاسیش دەگرێتەوە. تەیفوورى دەنووسێت:
«ئێستە ئەگەرى ئەوە هەیە كە ئەنفال لەنێو ئاسۆگەیەكى فراوانتردا دابنێین و هەوڵ بدەین وەڵامى پرسیارى ئەگەرى بوونى شیمانەیى بونیادێكى قانوونى سیاسى بدەینەوە، كە ڕێگە بەوە دەدات وێناى جۆرێك هێڵى بەردەوامى لەنێوان مێژووى هاوچەرخ و ئەو دیمەنەدا بكەین كە وەك كردەى بنچینەیى ئیسلام وێنامان كرد»[4].
كەواتە تەیفوورى مێژووى هاوچەرخ، كە ئەنفال تێیدا ڕوودەدات، وەك درێژبوونەوەیەكى گۆڕاو و فراوانترى مێژووى ئیسلام دەبینێت نەك وەك گۆڕانى پارادایم یان وەك دوو مۆدێلى جوداى دەسەڵات، بەڵام ئەوە یوفیمیزمەكانـن كە نووسەرانیان وەها تووشى كوێرى كردووە، ئەم گۆڕانەیان وەك دابڕان پێناسە كردووە. ئەنفال هێشتایش هەر دەستكەوت/حەرام/ساكرێیە، هەر حەرامێكى حەڵاڵكراوى ڕۆژى دواى بەدرە، لەبەرئەوە «ئەوەى بەعس دەیكات، لە لایەنێكەوە خستنەكارى میكانیزمێكە كە پێشتر لە دەسەڵاتى حاكمدا لە كاردایە»[5].
بۆ ئەوەى بەرهەمەكەى تەیفوورى لە مەیلى “بونیادگەریى” دەرباز بكەین، دەبێت خۆمان لە زیادەڕەوى لە “نەگۆڕان”ـى بونیادەكان بپارێزین؛ ڕەچەڵەكناسییش میتۆدى كەشفكردنى بونیادە جێگیرە ئەبەدییەكان نییە، بەڵكو وەك تەیفوورى بۆیچووە بۆ كەشفى پنتەكانى وەرچەرخان و گۆڕانە، كەشفى چركەساتەكانى درزبردنى بونیادێك یان ساتەكانى شكانى بەردەوامێتى و پێكهاتنى ئەسڵى نوێیە. حاكمیەت بونیادێكى هەیە، لەنێو هاوكێشەیەكى بە ئاستەمگۆڕاوى دۆخى ئاوارتە و هۆمۆساكەردایە، بەڵام ئەم گۆڕانە بچووكە دەتوانێت “جیاوازى” بەرهەم بهێنێت، واتە مۆدێل یان پارادایمێكى جودا لە ئەسڵەكەى. لەسەر ئەم بنەمایە ئێمە وا گریمانە دەكەین كە هۆمۆساكەرى نێو نەزمى خەلافەت جیاوازە لە هۆمۆساكەرى نێو نەزمى دەوڵەت-نەتەوە، یان دەوڵەت-سەروونەتەوە. گەرچى لە ڕۆژى فورقاندا غەنیمەت دەگۆڕێت بۆ ساكرێ، بەڵام سەردەمى خەلافەت كەرەستەى زۆر كەمترى لەبەردەستدا بوو بۆ بەرهەمێهێنانێكى سەرتاپایى هۆمۆساكەر یان ژیانى ڕووت لەنێو سیاسەتدا. خەلافەت دەبوو غەزایەك بەرپا بكات، جیهادێك ڕابگەیەنێت و غەنیمەت بگرێت، غەنیمەتەكەش بگۆڕێت بۆ ئەنفال. بەڵام لە سەردەمى مۆدێرنەدا هەر لەنێو كۆمەڵگەكان و لەچوارچێوەى دەوڵەتدا “ژیان”ى بایۆلۆژى بە هەموو سەنگى خۆیەوە دەخزێنرێتە نێو مومارەسەى سیاسەتەوە و شتێك پێكدێت كە فوكۆ ناوى لێ دەنێت بایۆپۆلەتیك (بە وەرگێڕانى تەیفوورى: ژینسیاسەت). وەختێك ژیان دەبێت بە بابەتى سیاسەت، ئەوا حاكمیەت، نەك لە ڕێگەى خودایەتییەكى پەتییەوە، بەڵكو لە ڕێگەى حكومەتمەندی Governmentalityـیەوە (یەكێك لە سەنتراڵترین چەمكەكانى فوكۆ بۆ شرۆڤەى بایۆپۆلەتیك) لەسەر ئەم ژیانە مومارەسەى خۆى دەكات، لەبەرئەوە ڕەنگە ڕێكەوت نەبێت كە بەعس وێراى حاكمیەتێكى جەبرگەرایانە، حكومەتێكى بەهێزیشى بونیاد نابوو. لێرەدا دەوڵەت فەزا داخراوەكانى وەك زیندان، قوتابخانە، كارگە، سەربازگە، نەخۆشخانە بونیاد دەنێت، كە تێیاندا مومارەسەى دەسەڵات لەسەر ژیان دەكرێت. ئاگامبێن ئەم تێزە فوكۆییە هەڵدەگرێتەوە و بە لێكدانى لەگەڵ ڕوانگەى ئارێنتدا بۆ دەوڵەتى تۆتالیتار، باس لە فەزایەكى دیكەى كراوەى داخراو، دەرەكیى ناوەكیكراو دەكات، ئەویش “كەمپ”ـە. تەیفوورى خۆیشى جەخت لەسەر ئەم خاڵە دەكاتەوە، كە كەمپ ئەو فەزایەیە تێیدا ژیان لە هەر مانایەك دادەماڵرێت و سنوورەكانى نێوان ژیانى مرۆیى و ئاژەڵى و ڕووەكى دەسڕدرێنەوە:
«لەم بوونەوەرەدا كە زادەى دۆخى ئاوارتەى نێو كەمپەكانە، چیدى وەك پرۆیمۆ لیڤى پێى زانیبوو، چەمكەكان، ژیان و مردن تێكەڵ دەبن. لەم سیمایەدا چەمكەكان دەخزێنە نێو یەكترەوە بۆ ئەوەى ناوچەیەكى نادیاریكراو لەنێوان وتەزاكان، لەنێوان زیندوو و زماندار، ژیانى بیۆلۆژیك و ژیانى سیاسیدا دروست بكەن، ئەو ناوچەیەى كە هەرێمى ژیانى ڕووتە. […] دەسەڵات لە ژیان خۆى جۆرێك ژین هەڵدەهێنجێت كە نە ژیانى پێوەندییانەیە و نە ژیانى سروشتییە، بەڵكوو ژیانێكى ڕووتە، بەتاڵ لە فۆرمەكەى، واتە لە توانستەكەى بۆ گۆڕان و شێوەگیریى نوێ، ژیانێك تێیدا مرۆڤ -وەك بوونەوەرێك كە خاڵى جیاكەرەوەى لەگەڵ زیندەوەرانى دیكە زماندارى و توانستى كردن یان نەكردنە- لە زمان و تواناى بیركردنەوە و تواناى كردن یان نەكردن دابماڵرێت و چیدى نەكرێ لە زیندەوەر، لە حەیوان، جوێ بكرێتەوە و بناسرێتەوە. لەم هەرێمى ئاوارتەیەدا، لە كەمپدا وەك “كارخانەى بەرهەمهێنانى تەرم” (بە زمانى ئارێنت)، پێش لە مردن قۆناعێكى ژیان هەیە كە تێیدا حاكم چیدى ئەو كەسە نییە كە ژیان وەردەگرێتەوە، بەڵكو ئەو كەسەیە كە لە خودى ژیان ژیانێكى دیكە هەڵدەهێنجێت، ژیانێك كە بەتاڵە لە توانست و ئەگەرى كردن یان نەكردن، ژیانێكە بەو سنوور و تخووبەدا تێ پەڕیوە كە جاران مردن و ژیان، قسەكەر و زیندەوەر، مرۆیى و حەیوانیى لێك جوێ دەكردەوە»[6].
كەواتە لە پەیوەندیدا بە ئەنفالەوە، لایەنیكەم دەتوانین باس لە دوو مۆدێل بكەین بە حاكمیەتێكى جووت ڕوخسارەوە؛ مۆدێلى یەكەم سێگۆشەى پێكەوەتەباى خەلافەت-ئوممەت-غەنیمەتـە؛ مۆدێلى دووەم دەوڵەت-نەتەوە-كەمپـە. گەر ئەمە لەبەرچاو بگرین، كەواتە تێگەیشتن لە ئەنفالى كورد لە سەردەمى مۆدێرندا، پێویستى بە لەبەرچاوگرتنى ئەو گۆڕانەیە كە لە خودى حاكمیەت و نەزمە قانوونییەكەیدا لە خەلافەتەوە بۆ دەوڵەت ڕوویداوە. مەرجى ئەم گۆڕانە ئەوە نییە هیچ چەمك یان ڕەگەزێكى هاوبەش لەنێوان خەلافەت و دەوڵەتدا نەبێت، بەڵام بەدڵنیاییەوە سەر بە دوو ئیپستیمەى جیاوازن. دەوڵەتى بەعس تەنیا درێژكراوەى خەلافەت نەبوو، هەر بەو جۆرەى نازیزم تەنا درێژكراوەى ئیپمراتۆریەتى ڕۆم نەبوو.
جیاوازى ئەم دوو ئیپستیمەیە پێوەند بەم باسە، لە بەكارهێنانى تەكنیكەكانى دەسەڵات و شێوازى مامەڵەكردنیاندا لەگەڵ “ژیان”ـدا بە تەواوى ڕوون دەبێتەوە. هۆمۆساكەر ژیانى ڕووتە؛ بە مانایەكیتر، ئەو ژیانەیە كە نە دەكرێت بە قوربانى، نە دەشێت ببێت بە بەشێك لە سامان، نە بۆ كەڵكێكى ئابووریى وەك زێدەبەها ڕادەگیرێت و نە كوشتنیشى تاوانە. غەنیمەت وەك حەڵاڵكراوێك لە سەردەمى خەلافەتدا جۆرێك دەستكەوت بوو كە چیتر “نەدەسووتێنرا” و نەدەكرا “بەژێرخۆڵەوە”، بەڵكو بە بڕیارى حاكم وەك “پاداشت” دەبەخشرا بە موجاهیدان، لێرەوە گەرچى “بەرهەمى كار” نەبوو، بەڵام كەڵكێكى هەبوو (ساماندارى، خزمەتكارى، خوێنبایى، كۆیلایەتى، چێژى سێكسى، مومارەسەى تووندوتیژى و هتد) كە ڕەگەزى نەزمە ئابووریى سیاسییەكەى پێك دەهێنا. لە هەر یەكێك لەم حاڵەتانەدا “ژیان” دەغەنیمێنرێت، بەڵام ئەوەى كراوە بە غەنیمەت بە زوویى پێگەكەى لەنێو زمان و كۆمەڵگەدا دیاریى دەبێت، جا چ كۆیلە بێت یان كەنیزەك. كەواتە حاكم دەتوانێت بیكوژێت، بەڵام دەسەڵاتى ئەوەى هەیە “لێ بگەڕێت بژى”. لە سەردەمى مۆدێرندا، حاكم چیتر سەروەرییەكى ئیلاهى نییە، بەڵكو دەوڵەتە كە تواناى ئەوەى هەیە بە دامەزراوە و تەكنیكە نوێیەكانى حكومەتمەندیى “هاووڵاتى” و “ژیانى ڕووت” دیاریى بكات. لەم مۆدێلەدا بەرهەمهێنانى ژیانى ڕووت نە لەپێناو كەڵكێكدایە و نە زێدەبەهاى لێ بەدەست دەهێنرێت (بەدەستیش بهێنرێت ئەمە گرنگییەكەى پێكهناهێنێت)؛ گرنگیى ژیانى ڕووت تەنیا ئەوەیە لە دۆخى ئاوارتەدا پایەى حاكمیەت دادەمەزرێنێت، هەر وەك ئەوەى حاكمیەتى بەعس بە گرتنى ساكرێیەك خۆى دەچەسپێنێت كە حەڵاڵى دەكات، بەڵام نەك تەنیا وەك سامان و كەڵك، بەڵكو وەك فیگورێك كە ژیانیشى حەڵاڵە. بەم واتایە دەوڵەت دەتوانێت ژیانى هاووڵاتیان بپارێزێت، بەڵام دەسەڵاتى ئەوەى هەیە مافى هاووڵاتیبوون لە هەندێكیان بسەنێتەوە و لێبگەڕێت بمرن، فەزاى پێرفێكتى ئەم ژیانە ناسك و بێبەرگرییەى كە وا لەنێوان ژین و مەرگدا، كەمپەكانى دەوڵەتانى مۆدێرنن. لەنێو كەمپدا باڵادەستیى بایۆپۆلەتیك لەسەر ژیان گشتى دەبێتەوە.
غەنیمەتى سەردەمى خەلافەت گەرچى ڕیشەى جینالۆژیى سەردەمى نوێیە، بەڵام بە تەواوى ماناى ئەنفالى سەردەمى نوێ ناگەیەنێت، چونكە “غەنیمەت” لەدواى بەدرەوە چیتر بەژێر خۆڵەوە نەدەكرا، بەڵكو وەك پاداشت حەڵاڵكرا؛ لە كاتێكدا لە ئەنفالى كورددا بە سڕینەوەى هێڵى تەماسى نێوان ژیان و مردن، لە ناوچە موحەڕەممەكان، كەمپەكان و ئۆردوگا زۆرەملێكاندا مەرگ و ژین خزانە نێو یەكەوە. بۆیە هەم وەك غەنیمەتى سەردەمى موسا كران بەژێر خۆڵەوە، بەبێ ئەوەى بە قوربانى حسێب بن (تەیفووریش لەمەدا هاوڕایە كە ئەمانە قوربانى نەبوون)، هەمیش بەشێكیان وەك غەنیمەتى سەردەمى بەرایى ئیسلام كران بە كەنیزەك و كۆیلە، بەڵام دەكرا بێ هیچ سزایەكیش وەك سەدان هەزارەكەى دیكە لە گۆڕە بە كۆمەڵەكاندا بكوژرێن؛ كەواتە مانەوەى ئەو ڕێژە كەمەى وەك كەنیزەك بران، بە هاوكێشەى “سوود”، كە كڕین و فرۆشتنیان وەك كۆیلە شرۆڤە دەكات، شتێكى بنەڕەتیمان پێناڵێت، چونكە وەك وتمان هۆمۆساكەر كۆیلە نییە.
لەسەر بنەماى ئەو شرۆڤەیەى سەرەوە، پێمانوایە دەوڵەتى بەعس لە سەردەمى مۆدێرندا جگە لەوەى نەریتییەكانى ئەنفالى دێرین هەڵدەگرێتەوە و لەگەڵ یەكتریدا تێكەڵیان دەكات، هەموو ئەم نەریتانەش تێدەپەڕێنێت و ماناى ئەنفال لەنێو خودى “بایۆپۆلەتیك”ـى دەوڵەتى خاوەن دەسەڵاتى ئاوارتەدا دادەڕێژێتەوە. تەنانەت گوزارەى “كارخانەى بەرهەمهێنانى تەرم” خۆى ئاماژەیەكى تەواو ڕوونە بۆ جیاوازیى مۆدێلى هۆلۆكۆست (یان ئەنفال) لە مۆدێلى سەردەمانى پێشتر.
بایۆپۆلەتیك واتە ئەو سیاسەتەى كە تێیدا ژیانى بایۆلۆجى دەبێتە چەقى گرنگى پێدان، بۆ نموونە لە پرسەكانى ڕەگەز، زۆربوون، دانیشتووان، نەخۆشى، درم، ئاساییش، ڕێكخستنى شار، ماف و هیتردا كە پێكڕا پەیوەستن بە “هاووڵاتیبوون”ـەوە لەنێو دەوڵەتى مۆدێرندا. لەم سیاسەتەدا هۆمۆساكەر ئەوەیە كە دەوڵەت [حاكم] لە ڕێگەى كاراكردنى دۆخى ئاوارتەوە، لە پارێزبەندییە قانوونییەكان دایدەماڵێت و دواجار بەوپێیەى هاووڵاتییە لە ژێر سایەى ئەو دەوڵەتە (یان دەوڵەتێكى دیكە)دا، دەوڵەت دەسەڵاتى ئەوەى هەیە لە مافى هاووڵاتیبوون بێبەریى بكات. بەڵام لەمەیش خراپتر، دوایین هەنگاو گۆڕینییەتى لەنێو كەمپەكاندا بۆ ئەو فیگورەى كە پێى دەوترێت موزێلمان؛ فیگورێك كە نە مردووە و نە زیندوو، هەموو سنوورە زیندەوەرییەكان لەگەڵ مەرگدا تێیدا تێكەڵ بوون. تەنیا لە نێو بایۆپۆلەتیكدایە كە “كەمپ” دەبێتە چەمكێكى سیاسى و كارخانەیەكى بایۆلۆژیى بۆ پیادەكردنى سیاسەت؛ یان وەك ئاگامبێن دەڵێت كەمپ كرۆكى عەقڵانیەتى مۆدێرنیزمە:
«كەمپ فەزاى ئەو بایۆسیاسەتە ڕەهایەیە كە پێشتر شتى لەم جۆرە نەبووە، تێیدا ژیانى بایۆلۆژیى ڕووت بێ هیچ نێوانگرێك لەبەردەم دەسەڵاتدایە. لەبەرئەمە كتومت پارادیمى سیاسییە لەو ساتەدا كە سیاسەت دەبێتە بایۆسیاسەت و هۆمۆساكەریش بەشێوەى مەجازى لەگەڵ هاووڵاتیدا هاوشێوە دەبێت»[7].
وەك ئەم بڕگەیە پێمانى دەڵێت، لەمێژوودا شتێكى وەكو كەمپ بوونى نەبووە؛ واتە خودى ئەو پارادایمەى كە كەمپ تێیدا چالاك دەبێت بوونى نەبووە. ئەمە پارادایمى حاكمیەتى حكومەتمەندیى دەوڵەت-نەتەوەیە. گەر لە سەردەمى نوێدا “كەمپ” فەزاى ئایدیاڵیى بەرهەمهێنانى هۆمۆساكەر بێت، ئەوا لە نەزمى خەلافەتدا شتێكى وەك “كەمپ”ى هاوچەرخ لە ئارادا نەبووە، تەنانەت ئاگامبێن لایوایە لە ڕۆژئاواش بەو شێوەیەى لاى نازیزم هەبوو، پێشینەى نەبووە. بە بڕواى ئاگامبێن «فاشیزم و نازیزم پێش هەموو شتێك دووبارە پێناسەكردنەوەى پەیوەندیى نێوان مرۆڤ و هاووڵاتین؛ ئەگەرچى ئەمە پارادۆكسیكاڵ دەردەكەوێت، بەڵام ئەم دووانە تەواو ڕوون نابنەوە تاكوو نەیانخەینە سەر ئەو بنەڕەتە “بایۆسیاسى”ـیەى كە حاكمیەتى نەتەوەگەرایى و جاڕنامەكانى مافەكانى مرۆڤ، سەر ڕێیان خست»[8]. وەك دەبینین ئاگامبێن، وێراى گەڕانەوە ڕەچەڵەكناسییەكانى، بەڵام نكوڵى لە ڕۆڵى دەگمەنى دەوڵەتخوازیى نەتەوەیى نازیزم و فاشیزم لە كارابوونى ژینسیاسەتدا، لە بڕیاردانى دۆخى ئاوارتە، لە كەمپ و بەرهەمهێنانى ژیانى ڕووتدا ناكات. ئاخۆ بەعسیش، وەك بەعسیزم، وەك مۆدێلێكى سیاسەت و بەڕێوەبردن، ڕۆڵێكى دەگمەنى لەم جۆرەى لە سەردەمى نوێدا هەبوو، كە هیچ نەبێت ئیزافەیەكى جەوهەریى بێت بۆ سەر ئەنفالى سەردەمى خەلافەت، ئیزافەیەك كە نەك درێژكردنەوە و ئاسۆیەكى فراوانتر، بەڵكو جیاوازى دروست بكات؟ لە كتێبى “دراوسێ: دەربارەى ئەخلاق و ئەنفالناسى”ـدا وەڵامى ئەم پرسیارە و زۆر ئاڵۆزیى دیكە هەیە كە لەم وتارەدا ئاماژەمان بە هەندێكیان كردووە.
دەرەنجام
ئەو پرسیارانەى لەم وتارەدا لە بەرهەمەكەى تەیفوورى كردمان و هەڵهێنجانى وەڵامەكان لە شیكارییەكانیەوە، یان ناچاربوونى ئێمە بۆ هێنانى هەندێ ڕەگەزى نوێ بۆ نێو شیكارییەكە تاوەكو ئەرگومێنتەكانى نێو تێزەكە پتەوتر و هارمۆنیتر بن، وایكرد ڕەخنەیەكى ئەرێكار لە بەرهەمەكەى تەیفوورى دەربارەى ئەنفال سەر پێبخەین كە هاوكاتى بەرەوپێشبردنى بەرهەمەكە، ئەنفال لە زەمینەیەكى نوێى سیاسیدا بپشكنێت كە فوكۆ و ئاگامبێن وەك “دەسەڵاتى بایۆپۆلەتیك” ناساندوویانە، ئەوەش كاتێك كە بۆ یەكەمجار خودى ژیانى بایۆلۆژى دەبێت بە ئوبێكتى دەسەڵات. لاى ئاگامبێن ئەم دەسەڵاتە هەمیشە بونیادێكى سیاسی- قانوونى هەیە، نەك بنچینەیەكى مێژوویى-دەروونى. لێكۆڵینەوەى جینالۆژیى ئەم بونیادە و شێوازى حاكمییەتە دێرینەكانى، بەو مانایە نییە دەسەڵاتە نوێیەكان تەنیا دووبارەكردنەوەیەكى میكانیكى مێژوون، یان درێژكردنەوەى هەمان شێوازى دەسەڵاتن، یان تەنیا گۆڕانێكى سادەى هەمان پارادیمى سیاسین، بەڵكو جینالۆژیا، وەك لە لێكۆڵینەوەكەى تەیفووریدا دەردەكەوێت، بۆ ئەوەیە ساتەكانى گۆڕان، شكانەوە، دامەزراندنى ئەو بونیادانەمان بۆ ڕوون بكاتەوە كە تێیاندا شتێكى نوێ لە مێژوودا دەردەكەوێت.
لەم ڕووەوە ئەنفال، كە لە ڕووداوەكانى سەرەتاى ئیسلامدا غەنیمەتى نێو غەزا و فتوحاتەكانە و لەشێوەى خەڵاتى خودادا بە موجاهیدانى ئوممەتى ئیسلام دەبەخشرێت، ڕەگەزى سەرەكیى نێو ئەو سیستەمە ئابووریى سیاسییەیە كە دەسەڵاتى خەلافەت دادەمەزرێنێت. ئەم ئابوورییە سیاسییە هەمان ئابووریى سیاسى سەرمایەدارى بە لێكدانەوە ڤێبەرییەكە یان ماركسییەكە نییە و لەسەر بنەمان “كار” نییە، بەڵكو ئابووریى سیاسى غەزایە كە غەنیمەت بۆ موجاهیدان ڕەوا دەكات و یەك لەسەر پێنجیشى (خومس) دەخاتە ژێر دەستى پەیامبەرەوە و لەم ڕێگەیەوە حاكمیەتەكەى پێكدێنێت. غەنیمەت هەمان ساكرێیە كە بە بڕیارى پەیامبەر حەڵاڵبوونەكەى بۆ موجاهیدان ڕادەگەینرێت، دواى ئەویش “خەلیفە” خومس و ئەم دەسەڵاتى ڕاگەیاندنە، لەوانە ڕاگەیاندنى جیهاد و غەزا، وەردەگرێت. بەم جۆرە ساكرێ زەروورەتێكى بونیادییە بۆ دامەزراندنى دەسەڵاتى حاكمیەت.
لەگەڵ ئەم گەڕانەوە جینالۆژییەشدا، پشكنینى ئەنفال لە سەردەمى نوێدا ئامانجى توێژینەوەكەى تەیفوورى و ئەم وتارەى ئێمەش بووە. بۆیە لەگەڵ بەرهەكەى ئەودا توانیمان ئەوە بخەینە ڕوو كە لە سەردەمى مۆدێرندا ساكرێ دەتوانێت شێوەى ئەنفالى كورد وەربگرێت كە ئەمجارەیان لە ڕێگەیەوە دەسەڵاتى حكومەتمەندیى دەوڵەتى مۆدێرن خۆى پێ دادەمەزرێنێت، ئەمەیش جۆرێك گۆڕانى پارادایمى دەسەڵاتە. لەم پارادیمەدا دەسەڵاتى بەعسى عێراق بەشێوەیەكى ساكار هەمان خەلافەتى سەردەمى پەیامبەر نیە، بەڵكو دەوڵەتى نەتەوەیەكى سەردەستە كە بە دەركردنى ڕەگەزێكى وەكو كورد لە مەملەكەتى یاسا و ئایین و داماڵینى ژیانەكەى لە سیاسەت، خۆى دادەمەزرێنێت. دەوڵەت ئەم ڕەگەزە دووجار دەركراوە وەك “ئەنفال” ڕادەگەیەنێت و لە ڕێگەى حكومەتە خزمەتگوزارەكەى و دامەزراوە نوێیەكانى و سوپا سەردەمییەكەیەوە بەهۆساكەركردنەكەى بەڕێوە دەبات. بێگۆمان هەندێ لە ڕەگەزە بونیادییەكانى خەلافەت هێشتا لە دەوڵەتى نەتەوە سەردەستەكانى كورددا كاران، بەڵام خەلافەت و دەوڵەت هەمان مۆدێل نین، بۆیە لەبرى كۆكردنەوەى غەنیمەت لە ڕووبەرى وڵاتانى فەتحكراودا، پتر دەوڵەت هۆمۆساكەر لە “كەمپەكان” و “ناوچە موحەڕرەمەكان” و “ئۆردۆگا زۆرەملێكان”ـدا بەرهەم دەهێنێت.
سەرچاوەكان:
- فريدريش نيتشه، في جينالوجيا الأخلاق، ترجمة: فتحي المسكينى، المركز الوطني للترجمة، دار سيناترا، تونس، 2010، ص 106.
- جان بودریار: عندما يهاجم “باطاي” المبدأ الميتافيزيقي للاقتصاد، ترجمة: د. محمد عجينة، 2014.
http://nomene.blogspot.com/2014/01/blog-post_4718.html
- جۆرج باتاى، تیۆرى ئایین، وەرگێڕانى: هاوار محەمەد، دەزگاى ئایدیا بۆ فیكر و لێكۆڵینەوە، سلێمانى، 2017، ل 133-135.
- جيورجيو أغمبن: المنبوذ – السلطة السيادية والحياة العارية، ترجمة وتقديم و تعليق عبدالعزيز العيادي، منشورات الجمل، الطبعة الأولى، بيروت/بغداد، 2017، ص153.
- سيغموند فرويد: الطوطم و التابو، ترجمة: بو علي ياسين، دار الحوار للنشر و التوزيع، الطبعة الأولى، سورية الاذقية، 1983، ص175.
- مەنسوور تەیفوورى: ڕەچەڵەكناسیى ئەنفال، پێشەكییەك بۆ ئابووریى سیاسیى ئیسلام، ماڵى سوهرەوەردى بۆ لێكۆڵینەوە لە ئایین و فەلسەفە، چاپى یەكەم، تاران 2023، ل81-82.
- میشیل فوكو: تأريخ الجنسانية، استعمال المتع، ترجمة: محمد هشام، افريقيا الشرق، المغرب, 2004، ص5.
- Giorgio Agamben: The signature of all Things, translated by Luca D’isanto with Kevin Attel, ONE BOOKS, NEW YORK, 2009, p.83-84.
- Karl Marx: Wage Labor and Capital, Wages, Price and Profit, Foreign Languages Press, Paris, 2020, p. 28-29.
- Michel Foucault, The Foucault reader, edited and translated by Paul Rabino, Pantheon Books, New York, 1984, p.77.
- Slavoj Žižek: Neighbors and Other Monsters: A Plea for Ethical Violence, in ”The Neighbor, Three Inquiries in Political Theology”, The University of Chicago Press Chicago and London, London, 2005, p.183.
[1] أغمبن: المصدر نفسه، ص114.
[2] تەیفوورى، سەرچاوەى پێشوو ل169-170.
[3] دابڕان بە واتاى هەڵتۆقینى شتێكى نوێ نییە لە “نەبوون”ـەوە، بەڵكو خاڵى شكان و كەرتبوونێكى ڕادیكاڵە كە وا دەكات شتێكى نوێ دەربكەوێت.
[4] هەمان سەرچاوە، ل182.
[5] هەمان سەرچاوە، ل184.
[6] تەیفوورى: هەمان سەرچاوە، 162.
[7] أغمبن: المصدر السابق، ص221.
[8] المصدر نفسه، ص172.