نووسین: هاوار محەمەد
بەشی سێیەم
بە گوێرەى ئەم ڕوانگەى وا خستمانەڕوو، ئابووریى جەنگ/غەزا پەیوەندیى بە كارەوە هەیە، بەڵام جۆرێك كارى پێش سەرمایەدارى، لەوانە: بوون بە خاوەن سامانى ئامادەى تاڵانكراو، بەهرەمەندبوون لە كارى كۆیلە، خزمەتكار، كەنیزەك، یاخود سودبینین لە خودى خۆیان وەك كاڵا كە لە هەر بارێكیاندا لەژێر چەمكى “غەنیمەت”ـدا جێیان دەبێتەوە كە پاداشتى جیهادە وەك عیبادەت. لێرەدا لە تێزى ڤێبەرەوە نزیكین هەر بەو جۆرەى تەیفوورى بەدوایدا گەڕاوە بەو جیاوازییە بنەڕەتییەوە كە لە ئابووریى سیاسیى پرۆتستانتیى ڤێبەرییانە دەستكەوت لە “كار وەك عیبادەت“ەوە دێت و لە ئابووریى سیاسى ئیسلامدا لە “غەزا وەك عیبادەت“ـەوە دێت (جیهاد). بەڵام تێزى ڤێبەر دەربارەى “كاركردن وەك عیبادەت” كە لە سەرەتاكانى پرۆتستانتیزمدا دەبێتە مایەى كەڵەكەبوونى وردە سەرمایە و ئینجا سەرمایە دەستنیشانكردنێكى تەواو جیاوازە لە تێزى ماركس دەربارەى كەڵەكەبوونى سەرمایە لە ڕێگەى “زێدەبەها“وە كە لە “كارى كرێكارەوە لەپێناو بژێویى”دا بەدەست دێت. تەیفوورى گریمانەكەى خۆى لەسەر ڤێبەر دادەڕێژێت، كەچى بە “زێدەبەها”ى ماركس دەرەنجامگیرى دەكات، ڕەنگە ئەمە یەكێك لە ئیشكالیەتەكانى نێو تێزەكەى ئەو بێت. لەم بەشەى وتارەكەماندا هەوڵى چارەسەركردنى ئەم ئیشكالییەتە دەدەین.
سەرمایەداری (لایەنیكەم سەرمایەداریى پیشەسازی) سوود دەگۆڕێت بۆ قازانج، سامان دەگۆڕێت بە سەرمایە، ئینجا لەوانەیش گرنگتر ئەوەیە مرۆڤ لە هەر چەشنە كاركەرێكى دیكەوە دەگۆڕێت بۆ كرێكار. كرێكار كێیە؟ ئەوەیە كە هێزى كارەكەى دەفرۆشێت، یان باشتر بڵێین دەكڕرێت. بەڵام هێزى كارەكەى چى بەرهەم دەهێنێت؟ زێدەبەها بۆ خاوەن كار كە لاى ماركس بە بێ ئەمە شتێك بە نێوى سەرمایە و سەرجەم نەزمى سەرمایەدارى مەحاڵە پێك بێت. ماركس لە كارى كرێگرتە و سەرمایەدا (لە چەند بەرهەمێكى دیكەیشیدا، لەوانە دەستنووسە ئابووریى و فەلسەفییەكان و سەرمایە) ئەوە ڕوون دەكاتەوە كە سەرمایە بریتییە لە كۆى ئەو كاڵایانەیەى وا دەچنە نێو بەهاى ئاڵوگۆڕەوە، زێدەبەها ئەو زیادەیە كە لە بەهاى ئاڵوگۆڕەوە دەستى سەرمایەدار دەكەوێت. بەڵام ئەم زیادەیە لە كوێوە دێت؟ ماركس بەم جۆرە شرۆڤەى دەكات:
«كەواتە چۆن كۆى كاڵاكان، كۆى بەهاكانى ئاڵوگۆڕ دەبێت بە سەرمایە؟ بە پاراستن و چەند قاتكردنەوەى خۆى وەك دەسەڵاتێكى كۆمەڵایەتیى سەربەخۆ. ئەمە شتێكە وەك دەسەڵاتى دابەشكردنێكى كۆمەڵایەتى، لە ڕێگەى ئاڵوگۆڕى ڕاستەوخۆى هێزى كارى زیندوو. بوونى چینێك كە هیچى نییە جگە لە هێزى كارەكەى پێویستییەكى پێشوەختەیە بۆ سەرمایە.
تەنیا باڵادەستیى كارى كەڵەكەكراو، ئەنجام دراو، بە ماتریاڵیزەبوو بەسەر كارى ڕاستەوخۆ و زیندوودایە كە كارى كەڵەكەكراو دەگۆڕێت بۆ سەرمایە. سەرمایە لەوێوە نایەت كە كارێكى كەڵەكەكراو خزمەتى كارێكى زیندوو بكات وەك ڕێگایەك بۆ بەرهەمێكى نوێ، بەڵكو لە كارێكى زیندوودا دەست دەخرێت كە خزمەت بە كارى كەڵەكەكراو بكات وەك ئامرازگەلێك بۆ پاراستن و دووهێندەكردنەوەى بەهاى ئاڵوگۆڕى كارى كەڵەكەكراو»[1].
ئەى لەم دۆخەدا، چى لەنێوان سەرمایەدار و كرێكاردا ڕوودەدات؟ بنچینەییترین ڕووداوى دامەزرێنەرى سەرمایەدارى، كە ماركس ئاوا دەستنیشانى دەكات:
«كرێكار لە ئاڵوگۆڕى هێزى كارەكەیدا ئامرازەكانى مانەوە و بژێوى دەست دەكەوێت، بەڵام سەرمایەدار لە ئاڵوگۆڕى ئامرازەكانى مانەوەى كرێكاردا، چالاكیى بەرهەمهێنەرانەى كرێكارەكەى دەست دەكەوێت، ئەو هێزە داهێنەرەى دەست دەكەوێت كە بەهۆیەوە كرێكار نەك تەنیا جێى ئەوە پڕ دەكاتەوە كە [وەك كرێ وەرى دەگرێت و] بەكارى دەبات، بەڵكو بەهایەكى زیاتریش لەوەى كە بە ئاشكرا بۆى دانراوە بە كارى كەڵەكەكراو دەدات. كرێكار لە سەرمایەدارەكەوە بڕێك لەو ئامرازانەى مانەوەى دەست دەكەوێت كە دابین كراون، […] تاوەكو بە بەكاربردنیان لە كاردا، تواناى هەبێت بەهایەكى نوێ لەجێى ئەوەى كە دراوە پێى و بۆ مانەوە بەكارى بردووە، پێك بهێنێت […].
با نموونەیەك بهێنینەوە: خاوەن كێڵگەیەك ڕۆژانە پێنج قرۆشى زیوو دەدات بە كرێكارەكەى. لەبەرامبەر ئەم پێنج قرۆشە زیووەدا، كرێكارەكە هەموو ڕۆژەكە لە كێڵگەى خاوەن كێڵگەكەدا كار دەكات و بەم جۆرە دە قرۆشى زیووى بۆ دابین دەكات. خاوەن كێڵگەكە نەك تەنیا ڕۆژانەى كرێكارەكەى دەست دەكەوێتەوە كە دەبێت بیدات بە هەقى ڕۆژانەى كرێكارەكە؛ بەڵكو [دواى كۆكردنەوە و دەركردنى هەموو خەرجییەكى دیكەى وەك تۆو و ئامراز و چاككردنەوە و هتد] دووقاتى دەكاتەوە. كەواتە، خاوەن كێڵگە كە ئەو پێنج قرۆشە زیووەى وا داویەتى بە كرێكارەكە، بەشێوەیەكى بەرهەمدار و بەرهەمهێنەرانە خستۆتەگەڕ یان خەرج كردووە. ئەو بەو پێنج قرۆشە زیووە تەنیا كار و هێزى كارى كرێكارەكەى كڕیووە كە لە ڕێیەوە دوو بەرامبەر ئەو پارەیەى وا پێیداوە، بەرهەمى كشتوكاڵى پێ بەرهەم دەهێنێتەوە و وا دەكات لە پێنج قرۆشى زیووەوە دە قرۆشى دەست بكەوێت.[…] بەم جۆرە پێشمەرجى سەرمایە كارى كرێگرتەیە، پێشمەرجى كارى كرێگرتە سەرمایەیە. ئەوان دوولایانانە بە یەكترییەوە بەستراون و مەرجى بوونى یەكترن، دوولایەنانە لە یەكترییەوە پەیدا دەبن»[2].
بە گوێرەى ئەم كەشفەى ماركس، كە دروستییەكەى بۆ سەردەمى سەرهەڵدانى سەرمایەداریى حاشاهەڵنەگر بوو، سەرمایە تەنیا لە زێدەبەهاوە دروست دەبێت، زێدەبەهاش تەنیا لە كارى كرێگرتەوە، لە كرێكارى بەرهەمهێنەرى ئەو كاڵایانەوە كە بەهاى ئاڵوگۆڕیان هەیە. زێدەبەها نە لە جەنگەوە دێت، نە لە جەنگاوەرەوە، نە لە قوربانى و نە لە غەنیمەتەوە، نە لە غەزا و نە لە بەخششەوە، نە لە جیهاد و نە لە ئەنفالەوە. زێدەبەها هیچ جۆرە دەستكەوتێكى یەكلایەنە نییە، پەیوەندیى خودا-بەندە نییە، بەڵكو لەنێو هاوكێشەى سەرمایەدار-كرێكارى نێو سیستەمى سەرمایەداریدا پێك دێت.
دەرەنجامى ئەم شرۆڤەیە ئەمەیە: ئابووریى سیاسیى سەرمایەدارى (زێدەبەها) و ئابووریى خەڵات (دەستكەوت، پاداشت، بەخشش، غەنیمەت) هەر لە ڕیشەكانیانەوە دوو جۆر ئابووریى جیاوازن؛ سەرمایەداری ئابووریى كارە و تێیدا زێدەبەها لە ڕێگەى كارەوە بەدەست دەهێنرێت. بەڵام ئابووریى خەڵات ئابووریى غەزایە، ئەو بەخشندەییەى كە لە جیهاددا بەدەست دەهێنرێت و بەسەر موجاهیداندا تەخشان و پەخشان دەكرێت. لە دۆخى ئەنفالدا خودا سامانى خۆى بە جەنگاوەران دەبەخشێت. كەواتە دەتوانین بڵێین ئەوەى تەیفوورى ناوى لێ دەنێت “زێدەبەها”، پێناسەى زێدەبەها لە دنیاى سەرمایەداریى سەردەمى مۆدێرندا، نایگرێتەوە. ئابووریى ئیسلام (لایەنیكەم لەو سەرەتایانەیدا) لە ڕێگەى هیچ جۆرە كارێكەوە پێكنایەت، كەواتە “زێدەبەها”ش نییە، پتر لە ڕێگەى غەزاوەیە وەك دەستكەوت، هەمان غەنیمەت، كە دواجار ئیسلام وەك ئەنفال دەیچەمكێنێت. بە هەمان شێوە، ئەم ئابوورییە دەرەنجامى عیبادەت نییە وەك ئیش/كار، دەرنجامى عیبادەتە وەك جیهاد. ئەوەى خودا بە جەنگاوەرانى دەبەخشێت، ئەوەى جیهادكەران دەستیان دەكەوێت، نەك زێدەبەها، بەڵكو پاداشتـە بەشێوەى پیادەكردنى سەروەریى لەسەر سامانى خۆ. ئەم پاداشتە لە دەرەوەى بەهاى ئاڵوگۆڕ، واتە لە دەرەوەى لۆژیكى كرێ، سوود، قازانج، ڕوو دەدات؛ بەخشینێكى تاكلایەنەیە، بەو پێیەى دواجار خودا بۆ سەرخستنى ئایینەكەى خۆى، پێویستى بە عیبادەت و جیهادى بەندەكانیشى نییە، هێندە نەبێت ئەو باوەڕە ناچیزەى مرۆڤ بە خودا هەیەتى، واى لێ دەكات ئیمتیازى خودا بیگرێتەوە.
لەلایەكیتر، قوربانیش هی خودایە و دەبێت لە بەرامبەر بەخشندەییەكەیدا، پێى بدرێتەوە بێ ئەوەى خودا پێویستى بێت، بۆیە لە ئیسلامدا هەر بە سەر بەندەكانیدا دابەش دەكرێتەوە. لۆژیكى قوربانى لۆژیكى بەخشینـە. بەخشین لە زمانى كوردیدا هەم ماناى”بەخشینى كەسێك”ـە و هەم ماناى “بەخشینى شتێك”. لە حاڵەتى یەكەمیاندا “بەخشین” واتە “لێخۆشبوون لە كەسێك” لە بەرامبەر زیانێك یان كارێكى نەرێنیدا كە كردوویەتى و دەبێت “باج”ـەكەى بدات، بەڵام لایەنى زیانلێدراو، دواجار (ڕەنگە بە هەندێ مەرج، بۆ نموونە لێكردنەوەى بەشێكى جەستە) لە مافەكەى خۆشدەبێت. لە دووەمیاندا بەخشین واتە پێشكەشكردنى ئوبێكتێك، سامانێك، لەلایەن خاوەنەكەیەوە بەو پێیەى سەروەرى شتەكانییەتى، بە ئەوى تر، جا لە بەرامبەر كارێكى پۆزەتیڤدا بەشێوەى “خەڵات/پاداشت” یان بەشێوەى “دیارى” بە بێ بەرامبەر وەك دەستپێشخەریى نیازپاكى. قوربانیش هەم لێخۆشبوونە لە كەسێك كە تاوانێك [گوناهێك]ى كردووە، لێخۆشبوونى دواى قوربانییەك وەك گەڕاندنەوەیەكى دواخراوى مافێك بۆ خاوەن مافەكەى، هەم ماناى دەستئاوەڵاییە بۆ “بەخشین”ـى شتێك وەك خەڵات و پاداشت لەبەرامبەر قوربانیدانێكدا. گۆڕان لە عیبرانییەتەوە بۆ ئیسلام، گۆڕانى خودایە لە بەخشندەى یەكەمیانەوە بۆ بەخشندەى دووەمیان؛ لە لێخۆشبوونەوە بۆ پێبەخشین، لە “لێخۆشبوون لە گوناه گەلەوە بەو مەرجەى خوێنى یەكتر بڕێژن”، بۆ “بەخشین بە موجاهیدانى پەیامى ئیسلام بەو مەرجەى خوێنى بێباوەڕان بڕێژن”. ئەمە ئەو ساتەیە كە ئیسلام وەك ئایینێكى نوێ دادەمەزرێت و خۆى لە ڕیشەكانى خۆى جودا دەكاتەوە.
ئەوەى لە شەوى تاریكى قوربانییە مەزنەكەى گەلى یەهودیدا ڕوودەدات، زێدەبەهاى تێدا نییە، چونكە كار نییە، بەڵكو “لێخۆشبوون”ـى خودایە لە بكوژ و كوژراوى نێو جەنگێك وەك قوربانى، یان نێو مەراسیمێكى خوێنڕشتن؛ ئەوەى لە بەیانى ڕۆژى دواى بەدردا ڕوودەدات زێدەبەهاى تێدا نییە، چونكە كار نییە، بەڵكو “لێخۆشبوون”ـى خودایە لە مافى خۆى (ئەنفال هى خودایە) بۆ بەندەكانى، كرانەوەى دەرگاى ڕەحمەت و بەرەكەتى خواوەندە لەسەر گەلەكەى. بەڵام وێڕاى گۆڕانى خودا لە ئیسلامدا بۆ خودایەكى میهرەبانتر لەگەڵ ئوممەتى دوایین پەیامبەریدا، هێشتا دیمەنێكى نزیك لە شەوى تاریك لە مێژووى ئیسلامدا دووبارە دەبێتەوە: جەنگى سەففەین لە نێوان عەلى و مەعاوییەدا. بەشێك لە ڕاڤەكاران، بە پشت بەستن بە چەند ئایەت و فەرموودەیەك، وایان تەفسیر كردووە كە بكوژ و كوژراوى ئەم جەنگە هیچیان “دەرچوو لە ئیسلام” نین، هەردوولایان باوەڕداربوون، بە ناوى “حەق” و بۆ “حەق” تێكۆشاون. بەڵام جیاوازیى ساتە ئیسلامییەكە لە ساتە یەهودییەكە ئەوەیە كە گوناهێكى وەك بتپەرستى ڕووینەداوە؛ كێشەكە لەسەر كوژرانى “خەلیفەى باوەڕداران”ـە، كوژرانى “عوسمانى كوڕى عەففان”. ئێستا مەعاوییە پیاوانى عەلى بەم كوشتنە تۆمەتبار دەكات، لەبەرئەمە بەیعەتى پێ نادات و خۆى لە شامەوە وەك خەلیفە ڕادەگەیەنێت. دەستكەوتى ئەم جەنگە بۆ لایەنى براوە چییە؟ زێدەبەها نییە؛ دەستكەوتێكى ڕووتیش نییە؛ شتێكى لە دەستكەوت زیاترە، شتێك كە بنەماى هەر دەستكەوتێك مومكین دەكات، شتێك كە دەتوانێت بڕیار لە جیهاد و غەنیمەت بدات: خەلافەت.
خەلافەت لە بەرامبەر ئیمپراتۆریەتدا
لە شرۆڤەكەى باتایدا تووندوتیژیى نەزمى خودایى، پێویستى بە خوێنڕشتنێكە یان قوربانییەكە تاوەكو جەخت لەسەر ئەوە بكاتەوە كە لە نەزمى واقیعیى شتەكان، لە نەزمى بەرهەمهێنان و قازانج، جودا دەبێتەوە. ئەم حەزى خوێنڕشتنە تاسەى نواندنى ژێستێكە كە سوبێكت وەك سەروەرى جیهان و ئوبێكتەكان، لە بەرامبەر خوادا دەینوێنێت؛ ژێستى دەستئاوەڵایى و سەرفكردنى بێسنوور تا ڕادەى خۆ-قوربانیكردن. نەزمى سەربازى بە پێى قۆناغەكانى گەشەكردنى ئاگایى، ئەم تووندوتیژییە لە قوربانیدانێكى ناوەكییەوە، لە خۆ-قوربانیكردنەوە دەباتە دەرەوە، دەیدەرێنێت؛ لەبرى ئەوەى خۆى پێ وێران بكات، دەیكات بە تووندوتیژییەكى عەقڵانیتر ڕوو بە ئەوى تر. كەواتە خوێنڕشتن لەم تووندوتیژییەدا لەشێوەى قوربانییەكى ڕووتى خوداییدا نامێنێتەوە، بەڵكو تێكەڵ بە تەماح و خولیاى سوودوەرگرتن لە سامانى ئەوى تریش دەبێت و هاوكات تێیدا ئەوى تر دەكرێت بە كۆیلە، بەردە، بەندە، كەنیزەك، خزمەتكار، شوان. باتاى ئەمە بە ساتى سەرهەڵدانى “ئیمپراتۆریەت” دەزانێت:
«نهزمی سهربازی سنوورێكی دانا بۆ ئهو دهردهسهرییانهی، كه له زێدهڕۆییكردن له سهرفكردن و بهكاربردنهوە [وەك خوێنڕشتن و قوربانیدانى ناوەكى] كهوتبوونهوه. خستنهگهڕی هێزهكانی له چوارچێوهیهكی عهقڵانیدا ڕێكخست، بۆ ئهوهی به بهردهوامی گهشهی زیاتر به دهسهڵات بدرێت. زهینی میتۆدییانهی داگیركردن دژ به زهینی قوربانیكردنه؛ بۆیه پاشا سهربازییهكان قوربانیكردنیان [بە مرۆڤ] قهدهغهكرد. بهڵام بنهمای سیستەمی سهربازی گۆڕینی میتۆدییانهی توندوتیژییه بهرهو دهرهوه. خۆ ئهگهر توندوتیژی ئەوە بێت كە له ناوهوه دەجۆشێت، ئهوا ئهم سیستمه ئاڕاستهكهی پێچهوانه دهكاتهوه، تاوهكو ههر مهودایهك بگرێتهوه كه دهتوانێت پێیبگات. كاتێكیش سهركهوتوو دهبێت لهوهی بهرهو دهرهوه ئاڕاستهی بكات، ئهوا دهیخاته ژێر باری ئامانجێكی واقیعییهوه. بهگشتی نهزمی سهربازی بهو شێوهیه توندوتیژیی دهخاته ژێر دهستی خۆی. سیستمی سهربازیی دژ به فۆڕمهكانی توندوتیژییه شانۆییەكان [ڕێوڕەسمى قوربانیكردن] دهوهستێتهوه، كه وهڵامی خرۆشانێكی سهركهشانه دهدهنهوه، نهك وهڵامدانهوهی حیسابێكی پلان-بۆدانراوی كارایی. بۆیه چیتر ئامانجهكهی ئهوه نییه تا دوا ڕادده هێزهكان مهسرهف بكات، وهك ئهوهی له سیستمی كۆمهڵایهتیی كۆنی جهنگ و له جهژنهكاندا دهكرا. مهسرهفكردنی هێزهكان كۆتایی پێنایهت و ههر بهردهوام دهبێت بهڵام دهخرێته ژێر باری بنهمای ئهوپهڕی بهدهستهێنانهوه[Principle of maximum yield]. لێرەدا ئهگهر هێزهكان مهسرهف دهكرێن ئهوا تهنیا لهپێناو بهدهستهێنانی هێزی گهورهتردایه. كۆمهڵگهی كۆن بۆ ئهوه جهنگی ههڵدهگیرساند تاوهكو كۆمهڵێك كۆیله كۆبكاتهوه. بهپێی بنهماكانی خۆی، دهیتوانی به سهربڕینی ڕیتواڵییانهی ئاژهڵان قهرهبووی ئهو بهدهستهێنانه بكاتهوه. بهڵام سیستمی سهربازی ئامانجهكانی جهنگهكان دهگۆڕێت بۆ كۆیلهكان و ئامانجی كۆیلهكانیش دهگۆڕێت بۆ كار. داگیركردن دهكاته پرۆسهیهكی میتۆدی، كه ئامانجهكهی بهفراوانكردنی ئیمپراتۆرییهته»[3].
لە پەیمانى كۆندا ئاڵوگۆڕێكى لەم جۆرە لە قوربانیكردن بە مرۆڤ بۆ قوربانیكردن بە ئاژەڵێك ڕوودەدات كە لە ئیسلامدا دەبێتە جەژنێكى هەرە گەورە. ئەمە ئەو ساتەیە كە تووندوتیژیى لە ناوەوە بەرەو دەرەوە، لە خودەوە بەرەو ئەوى تر ئاراستە دەكرێت، ساتێك كە ئیبراهیم دەیەوێت ئیسماعیل (ئیحساق بە گێڕانەوەى تەورات) بكات بە قوربانى، بەڵام لە ناكاو مەڕێك دەخرێتە جێگەى. ئەم ئاڵوگۆڕە عەقڵانییە لاى جووەكان تەنیا وەك یەك سات دەمێنێتەوە كە تەواوى نەریتى قوربانى داناڕێژێتەوە، بەڵام لە ئیسلامدا كۆى گۆڕانى نەزمى قوربانى ڕوون دەكاتەوە، هەر لەبەرئەمەش ڕەنگە گرنگترین جەژن بێت. بەڵام ئەمە بۆچى لە ئیسلامدا هێندە گرنگە؟ چونكە تووندوتیژى كە ئاراستەى دەرەوە دەكرێت، بە گوتەى باتاى «ههرمهودایهك دەگرێتهوه كه دهتوانێت پێیبگات. كاتێكیش سهركهوتوو دهبێت لهوهی بهرهو دهرهوه ئاڕاستهی تووندوتیژى بكات، ئهوا دهیخاته ژێر باری ئامانجێكی واقیعییهوه». ئەم ئامانجە واقیعییە ئەمەیە كە قوربانیدان، جیهاد، غەزا لەپێناو ئهوپهڕی بهدهستهێناندا بێت. ئەم بەدەستهێنانە وا دەكات لە بڕێكى هێزەوە هێزی گهورهتر بەدەست بێت. مێژووى ئیسلام خستنەگەڕى بڕێكى هێز بوو، هاوەڵانێكى كەم كۆچیان كرد بۆ مەدینە، دیسان ژمارەیەك لەگەڵ پەیامبەر هەڵیانكوتایە سەر كاروانەكەى ئەبوسوفیان، جەنگى بەدر ژمارەى موسوڵمانان بەرامبەر هێزى قوڕەیش كەم بوو، بەڵام هەموو ئەم ڕووداوانە و دەستكەوتەكانى دواتر، هێزى ئایینە نوێیەكەیان تا ڕادەى بەزاندنى دوو ئیمپراتۆریەتى گەورە، فارس و ڕۆم، گەشەپێدا. لەم غەزایانەدا سوپاى ئیسلام داگیركردن [یان بە چەمكە ئیسلامییەكەى: فەتح]ى كرد بە «پرۆسهیهكی میتۆدی، كه ئامانجهكهی بەرفراوانكردنی ئیمپراتۆرییهت بوو».
ئەو دەستكەوتانەى وا لەم بەرفراوانبوونانە پەیدا دەبن و ناویان “ئەنفال”ـە، چییان لێ دێت و چۆن دابەش دەكرێن؟ یان ڕوونتر بڵێین: كێ بڕیاریان لێ دەدات؟ وەك بینیمان لە ڕووداوە بنچینەییەكەدا كە غەزاى بەدر بوو، پەیامبەر ئەوە بوو كە بڕیاریدا و ئایینەكەى پێ دامەزراند. بەڵام وەختێك سوپاى ئیسلام دەگاتە سنوورەكانى ئیمپراتۆریەتى ڕۆم و فارس، پەیامبەر چیتر لە ژیاندا نەماوە. ئەى ئێستا كە دەستكەوتەكان سەدان قات لەوەى ئێوارەى بەدر زیاترن، كێ دەتوانێت بڕیاریان لێ بدات؟ دەبێت “جێنشین”ـى پەیامبەر بڕیاریان لێ بدات. جێنشین زارەوە كوردییە بەكارهێنراوەكەى وشەى “خليفة”ى زمانى عەرەبییە كە ئایەتى 30ى سوورەتى “البقرة” وەك یەكێك لە گرنگترین زاراوە قورئانییەكان دەیچەسپێنێت؛ ئایەتەكە ئەو ساتە دەگێڕێتەوە كە خودا مرۆڤ دەكات بە “جێنشین”ـى خۆى لەسەر زەوى و هاوكاتیش جەخت لە پەیوەندیى نێوان “جێنشینى” و “تووندوتیژیى دەرەكى” [داگیركردن] دەكاتەوە. بە مانایەكیتر، جێنشینى، وەك نواندنەوەى حاكمیەتى خودا، نەزمى خۆ-فراوانكردنەوە، فەتحكردن، داگیركردنێكى ڕەوایە:
«لە قورئاندا جێگرەوەى خودا لەسەر زەمین ناوێكى هەیە كە ڕەوایى بە پێكەوەبەستنى حاكم و خودا دەدات؛ خەلیفە. ئەمە ناوى ئەو مەخلووقەیە كە پاش ئیبلیس، مەلیكى دەركراو، زەمینى پێ دەدرێت. بە پێى دەقە بونیادنەرەكە، لە زەمیندا جن دەژیان كە تاونیان دەكرد و خوێنیان دەڕشت. […] ئەم چیرۆكە هۆى خوڵقاندن و هەروەها شێوازى دانیشتنى حاكم لە شوێنى پێغەمبەر و خودا لەسەر زەمیندا ڕوون دەكاتەوە»[4].
كەواتە ئەو حاكمییەتەى ئیسلام پێكى دەهێنێت، دواجار زاراوەى خۆیشى بۆ هەڵدەبژێرێت، كە خەلافەتـە. خەلافەت لە بەرامبەر ئیمپراتۆریەت Imperiumـدا. بەڵام خەلافەت لەنێو مێنتاڵێتیى خێڵەكى دوورگەى عەرەبیدا چۆن دەچەسپێت؟ ئەنفال دەیچەسپێنێت؛ ئەو دەستكەوتەى كە خەلیفە دەتوانێت بڕیارى لێ بدات؛ لەبەرئەمەیە تەیفوورى خەلیفە وەك «ئەو حاكمەى كە “مافى خومس”ـى هەیە»، پێناسەى دەكات. خومس واتە یەك لەسەر پێنجى دەستكەوتەكان (ئەمەیش بەڵگەیەكى دیكەیە لەسەر ئەوەى كە خەلیفە و باوكى فرۆیدى كە خاوەنى هەموو ئوبێكتەكانە، بە تایبەتى ژنەكان، هاوشوناس نین). ئەنفال هی خودا و پێغەمبەرە، بەڵام هەمووى دەبەخشرێت بە موسوڵمانان، بە موجاهیدان، تەنیا پێنج-یەكێكى نەبێت كە بۆ خودا و نێردراوەكەیەتى، كەواتە بۆ بنەماڵەى پەیامبەر/ خەلیفە/ ئیمام/ ئەمیندارى باوەڕداران؛ یان دواجار بۆ خەزێنە “بیت المال”ى خەلافەت. مادام ئەم پێنج-یەكە، ئەوە بوو كە هی خودا بوو، كەواتە ئەوەى مافى بڕیاردانى لەمە هەیە دەبێت ڕەوایەتى یەزدانیى هەبێت، ڕاستەوخۆ نوێنەرى خودا و جێگرەوەى بێ نێوانگرى پەیامبەرەكەى بێت. لەبەرئەمەیە خەلافەت واتە ئەو ڕاسپاردەیەى خودا كە لە ئەستۆى حاكمە، ئەو پەیوەندییەى كە لەنێوان خودا و جێنشینەكەیدا هەیە. بەهۆى ئەم پەیوەندییەوە حاكم، دەتوانێت بڕیار لە “خومس” و چۆنیەتى خەرجكردن و دابەشكردنى “بیت المال” بدات؛ ئەمە مافى ئاوارتەى خەلیفەیە، «ئەوە ئیمامە كە دەتوانێت بڕیار لەسەر بەشى شەش حەقدارەكەى نێو ئایەتەكە [خودا، پێغەمبەر، كەسوكارى پەیامبەر، هەژاران، هەتیووان، ڕێبواران] بدات، دەسەڵاتێكى ئاوارتە كە كەى بیەوێت لە شەریعەت دێتە دەرەوە و هاوكاتیش ئەوە كە شەریعەت مومكین دەكات»[5].
ساكرێ و تەڵەیەكى ژیژەكى
گەر ئەم پرسوباسە دەربارەى دەستكەوت و خومس و خەلیفە لەبەرچاوبگرین دەبینین سیستەمى خەلافەت تەنیا قوربانیكردن و قوربانیدانێكى موقەددەسى سادە نییە لەپێناو خوادا، بەڵكو نەزمێكى سیاسیى ئابوورییشە، كە پەیوەندیى نێوان حاكم و مەحكوم، دەستكەوت و خەرجى، مافدار و بێماف ڕێك دەخات. بەڵام ئەم ئابوورییە سیاسییە ئابوورییەكى سەرمایەدارانە نییە، ئابووریى كار و زێدەبەها نییە، پتر بەدەستهێنانى غەنیمەتە بە كەنیزەك و كۆیلە و دیلیشەوە لە ڕێگەى جەنگ و غەزاوە. لە سامانى بەدەستهاتووش چوار بەش دەبەخشرێت بە موجاهیدان و بەشەكەى دیكەى لە دەستى خەلیفەدایە. ئەم نەزمەمان ناولێنا ئابووریى خەڵات و بە پێچەوانەى گریمانەكەى سەرەتاى تەیفووری كە پێیوایە لەسەر چەپاندن دادەمەزرێت، گریمانەكەى ئێمە ئەوەبوو كە ئەم ئابوورییە سیاسییە لەسەر بنەماى “بەخشین” دادەمەزرێت، نەك تەنیا لێخۆشبوونە لە تاوانە، بەڵكو لێخۆشبوونى خوداشە لە ماف [بەش]ى خۆى، نە تەنیا بەخشینە لە گوناهـ، بەخشینى سامانیشە. ئەم پارادۆكسەى نێوان چەپاندن و بەخشش، نێوان سزا و پاداشت، لە بەرهەمەكەى تەیفووریدا شوێنى هەیە، بەڵام بێ چارەسەرێكى ڕاشكاو ماوەتەوە.
بۆ چارەسەرى ئەم تەنگژەیە دوو ڕێگەمان هەیە: یان دەبێت هەر لەنێو دەروونشیكاریدا بمێنینەوە و پەرەى پێبدەین؛ یان دەبێت هەوڵى لێدەرچوونى بدەین، بۆ ئەمەیش هیچ ڕێگەیەكمان نییە جگە لە گۆڕینى پارادایمەكە. وا دیارە تەیفوورى مەیلى لە هەردووكیانە. گەر یەكەمیان هەڵبژێرین و هەر لە نێو تیۆرى چەپاندن [دەروونشیكارى]دا بەدواى چارەسەرى ئەم تەنگژەیەدا بگەڕێین، ئەوا لایەنیكەم دەتوانین بگەڕێینەوە بۆ بەرهەمێكى سلاڤۆى ژیژەك. لەو وتارە درێژەیدا وا دەربارەى فیكرى ئیمانوێل لێڤیناس بە ناوى دراوسێ و وەحشەكانى تر نووسیویەتى، ژیژەك ئەم تێزە دەخاتە ڕوو: «هەمووتانم خۆشدەوێت، بە مەرجێك لایەنیكەم یەكێك هەبێت ڕقم لێى بێت». بەلاى ژیژەكەوە، بنچینەى خۆشەویستییەكى گشتى ڕقە لە “ئاوارتە”یەك:
«ئەم تێزە بەردەوام بەو فاكتە سەلمێنراوە كە خۆشەویستیى گەردوونیى مرۆڤایەتى هەمیشە بەرەو ڕقێكى بە زەبروزەنگ لە ئاوارتەیەك (كە بە ڕاستى هەیە) مل دەنێت، ڕق لە دوژمنەكانى مرۆڤایەتى. ئەم كینەیە لە ئاوارتە “حەقیقەت”ـى خۆشەویستیى گەردوونییە»[6].
بەخشندەیى گەردوونیى خودا بۆ بەندەكانى بەشێوەى غەنیمەت، لەسەر بنەماى هەڵاواردنێك وەدیى دێت. گەر یەكێك لە گشتەكە دوور بخرێتەوە، ئەوا گشتەكە نیعمەتى خودا دەیانگرێتەوە. بۆ ژیژەك ئەمەى چەپێنراوە هێشتا هەر “ژن”ـە، “ژنێك”ـە. خودا هەموو موجاهیدان بە غەنیمەتى ئەنفال پاداشت دەداتەوە، بەو مەرجەى ژن لە دیمەنەكە بكرێتە دەرێ. ئەمە چ مانایەكى هەیە؟ ماناى وایە، پەیامبەر لە ئێوارەى بەدردا، تەنیا بە چەپاندنى شاهیدییەكەى پێشووى خەدیجە لەسەر پێغەمبەرایەتییەكەى، پەیامبەرێتیى خۆى دەسەلمێنێت. خەدیجە یەكەمین كەسە كە پەیامبەرێتیى محەمەد بۆ پەیامبەر دەناسێنێت و شایەتومانى پێ دێنێت، بەڵام لە ڕۆژى فورقاندا وەك بڵێى چیدى ئەم شاهیدییە بەس نییە؛ تەنانەت دواى ئایەتەكانى سەرەتاى ئەنفال چیتر پێویستیش نییە، چونكە پەیامبەر دەتوانێت بە بەڵگەى نوێ، كە شاهیدى لەسەر پەیامبەرێتییەكەى بدەن، خۆى وەك نێردراوى خودا بسەلمێنێت؛ دەبێت پیشانى بدات كە پەیامبەرە، نەك لەسەر قسەى خەدیجە، بەڵكو بە قسەى خودا خۆى. لە بەدردا خود-هۆشیاریى محەمەد وەك پێغەمبەر گەیشتووە بەو ئاستەى كە هیچ گومانێكى لە خۆى نییە، چاوەڕێى ئەوە نییە ئەوانى تر یەكلایى بكەنەوە ئاخۆ نیشانەكانى پێغەمبەرایەتیى هەیە یان نا، ئەو ئێستا خۆى دەرك بە نیشانەكان دەكات و پەیامى خوداى بە ڕوونى بۆ دێت، دەشتوانێت لەگەڵ فریشتەى هەرە ڕێزدارى خودا “جوبرییل”ـدا بدوێت. ئەمە وا دەكات یەكەمین ساتى بەرایى كە خەدیجە كارەكتەرێكى سەر ستەیجەكەیەتى، بچەپێنرێت و تەیفووریش ئەم ڕووداوە دامەزرێنەرەى بە وردى شرۆڤە كردووە. بەڵام تەیفوورى لە شیكارییەكانى دواتریشدا هەر لە نێو تێزەكەى ژیژەكدا دەمێنێتەوە كە لە سەرەتاوە دەیەوێت پەرەى پێ بدات و لێیشى تێپەڕێت، بەڵام بە یەك جیاوازییەوە: تەیفوورى لایوایە ئەوەى لە ساتى دامەزراندنى ئایینە نوێیەكەدا چەپێنراوە مانا عیبرانییەكەى زاراوەى غەنیمەتە نەك ژن. بەڵام ئێمە دەتوانین ئەمەشى بۆ زیاد بكەین: ئەم چەپاندنەى مانا عیبرییەكەیش ڕووى نەدەدا، ئەگەر لەسەر بنەماى چەپاندنى شاهیدییەكەى خەدیجە نەبووایە. ئەم جووت-چەپاندنە هاوكات لە خودى غەزادا دەردەكەوێت: موجاهید دەتوانێت لە غەنیمەتدا وەك پاداشت “ژن”ى بەشێوەى كەنیزەك دەست بكەوێت، بەڵام ژن ڕۆڵى لاوەكییان لە غەزادا هەیە، كەواتە بۆیان نییە كۆیلەى ئەوتۆ بگرن كە خزمەتى سێكسی و ماڵیان پێ بكەن. گەر وا بێت دواجار تەیفوورى هەر لە نێو ڕووبەرى چەپاندن و لەنێو قەڵەمڕەویى ژیژەكدا دەمێنێتەوە.
ئەوەى بەرهەمەكەى تەیفوورى لەم داوە ژیژەكییە (كە بە بڕواى من وا باشتر بوو هەرگیز پەناى بۆ نەبردایە) ڕزگار دەكات، یەك ساتى نێو سەربوردەى موسا و گەلى یەهودییە لەدواى ڕووداوى قوربانییە گەورەكە بە گێڕانەوەى قورئان. تەیفوورى ئەم ساتەى بۆ گواستووینەتەوە و شرۆڤەى كردووە. گەر شرۆڤەكەى ئەو لە تێزەكەى ژیژەك بدەین ئەم دەرەنجامەمان دەبێت: هەمووتانم خۆشدەوێت، بە مەرجێك یەكێك هەبێت ڕقم لێى بێت و ئەم یەكەش دەبێت دووربخرێتەوە. تاكە مەرجى لێخۆشبوونى خودا لە هەموو گەلى یەهودى، تەنیا قوربانیدان نییە؛ بەڵكو ئەوەیشە كە دەبێت یەكێك دووربخرێتەوە. دەبێت یەكێك كە سەرچاوەى بەلاڕێدابردنەكەیە دەربكرێت (بچەپێنرێت؟): سامیرى:
«بەڵام چارەنووسێكى دیكە هەیە كە خۆى هەڵگرى تەشریعێكى بنچینەییە، ئەویش چارەنووسى سامیریییە لە ئایینە نوێیەكەدا. پاش ئەوەى بەنهێنیى كارەكەى دەزانرێت، بە بێ ئەوەى بكوژرێت، حوكمێكى دیكەى لەسەر دەدرێت. ئەو قابیلى كوشتن نییە و ناتوانێ لە دیمەنى یەكتركوشتندا بەشدار بێت، بەڵكوو “دەر”دەكرێت كەس ناتوانێت “دەستى لی بدات” و “چارەنووس”ـێكى حەتمیى نەگەڕاوە چاوەڕێى دەكات»[7].
سامیرى نابێت بكوژێت و بكوژرێت، نابێت قوربانى بدات و بیشبێت بە قوربانى، چونكە لە هەردوو دۆخەكەدا خودا بەڵێنى داوە لە بكوژ و كوژراو، لە قوربانى و قوربانیدەر خۆش ببێت، ئەمەیش شتێكە نابێت ئەو وەك گوناهباریى سەرەكیى كوفرەكە، بگرێتەوە. دەبێت ئەو بارى ئەو ڕقە هەڵبگرێت كە خودا لە گوناهى هەموو گەلەكە هەڵیگرتووە. ئەوەى كە جێنشینى خودایە لەسەر زەوى، نێردراوەكەى كە موسایە، بڕیارى خودا دەگەیەنێت بە گەلەكە. ئەو دەتوانێت ئەم دەسەڵاتە ئاوارتەیەى هەبێت كە سامیرى دووربخاتەوە و نەفرەتى دوا بخات.
ئێستا ئەم شیكارییە (كە دەبووایە تەیفوورى بە تێپەڕاندنى ژیژەك پێى بگەیشتایە) هەم بەكارهێنانى تێزى خۆشەویستى-ڕقى ژیژەكە دژ بە ژیژەك خۆى، بەو پێیەى ئەوەى لە دواى گوناهەكە دووردەخرێتەوە لە ڕاستیدا “حەقیقەتزانیى ژن” نییە، بەڵكو ئەوەیە كە بۆ ئەوە ناشێت بكرێت بە قوربانى؛ هەمیش ناكۆكە لەگەڵ تێزى باتاى، بەو پێیەى لەنێو ڕێوڕەسمى قوربانیى گشتگیردا، لەنێو قوربانیكردنى سەرتاپاییدا كە تاسەى ئاوێزانبوونەوەیە لەگەڵ ئیمانانسى خوداییدا، ڕەگەزێك دەمێنێتەوە كە بۆ قوربانى ناشێت. بەڵام مەگەر هەر لە پێشترەوە ئاگامبێن لە هێڵێكى سیاسەتشیكارییەوە، نەك لە هێڵى دەروونشیكارییەوە، خۆى بەم دەرەنجامە نەگەیشتووە؟ ئاگامبێن بە درێژى ئەم دەرەنجامەى ڕوون كردۆتەوە، بۆ نموونە لەم بڕگەیەدا:
«بەم جۆرە باتاى بە یەكجار جەستەى سیاسیى هۆمۆساكەر كە هەموو كاتێك لەبەردەم ئەگەرى كوشتندایە، كەچى بە هیچ جۆرێك بۆ ئەوە ناشێت بكرێت بە قوربانى، هۆمۆساكەرێك كە لە لۆژیكى ئاوارتەوە سەرهەڵدەدات، لەگەڵ شكۆى جەستەى قوربانییگەرانەدا كە بە لۆژیكى “سنووربەزاندن” پێناسە دەكرێت، تێكەڵ دەكات […] ئەوەى باتاى نەیتوانیوە هەقى تەواوى پێ بدات، ژیانى ڕووتى هۆمۆساكەرە، كە دامەزراوەى چەمكییانەى قوربانى و ئیرۆتیزم[ى باتاى] نەیتوانیووە پێى بگات»[8].
كەواتە لە ئیسلامدا ئەم ڕەگەزە كێیە كە ناكرێت بە قوربانى و حاكمیش دەتوانێت هەر سزایەك لەسەر كوشتنەكەى هەڵبگرێت؟ كێیە نابێ لە ڕێوڕەسمێكى شانۆییدا بۆ خواوەند، بسووتێنرێت، یان سەرببڕدرێت، یان بكرێت بەژێرخۆڵەوە؟ واتە كێیە كە نە بە تەواوەتى دەكرێت بە موڵك و نە قوربانیشى پێ دەكرێت، بەو پێیەى قوربانى تەنیا بەوە دەدرێت كە بە تەواوەتى “موڵك”ـە؟ كێیە كە هیچ یەكێك لە دوو “بەخشین”ـەكەى خودا نایگرێتەوە، نەك بەخشین وە “لێخۆشبوون”ى نێو عیبرانیەت و نە وەك “غەنیمەت”ـى نێو ئیسلام. لە بەرهەمەكەى تەیفووریدا ئەمە نە كەسێكە و نە گیانەوەرێك، بەڵكو “ئەلئەنفال” خۆیەتى لە مانایەكى تەواو نوێیدا. ئەنفال وەك غەنیمەت كە لە نەریتى پێشتردا حەرام بوو، لە نەریتى ئیسلامدا حەڵاڵ دەكرێت؛ كەواتە ئەنفال لە ڕیشەى خۆیدا هەڵگرى ئەم پارادۆكسە بنچینەییەى حەرام-حەڵاڵە. ئەوەى حەرامە ناكرێت بە موڵك یان قوربانى، دەسووتێنرێت و دەكرێت بەژێر خۆڵەوە، ئەوەى حەڵاڵە، ناسووتێنرێت و لەنێو نابرێت، بەڵكو بۆ ئارەزووى موجاهیدان حەڵاڵ دەكرێت، كەواتە پێویستیش نییە بكرێت بە قوربانى بۆ خواوەند، لە كاتێكدا ئەو خۆى خەڵاتى خودایە؛ خەڵاتى خودا ناشێت وەك قوربانى بكرێتەوە بە دیاریى بۆ خودا. تەیفوورى ئەم حەڵاڵ-حەرامە ناو دەنێت “ساكرێ”[sacré]. ساكرێ تەنیا بە واتاى پیرۆزى نییە، بە واتاى ئەوەیە كە لە پیرۆزییش داماڵراوە؛ ئەوەیە كە هاوكات موقەدەس و چەپەڵ، لەخۆگیراو و دەركراو، دەستبۆنەبراو و دەستلێدراوە، بەكارنەهێنراو و بەكارهێنراوە. ئەو لە یەك كاتدا گوێرەكە زیوینەكەیە و غەنیمەتەكانى جیهادیشە. غەنیمەتى ئەنفال شتێكە وەك ئەمە: حەرامێك كە بە بڕیارى حاكم/خەلیفە حەڵاڵ دەكرێت؛ كەواتە ساكرێ بنچینەى دامەزراندنى دەسەڵاتى خەلافەتە؛ خەلافەت بەوە دادەمەزرێت كە بتوانێت بڕیار لە ئاوارتەیەك بدات، بڕیارێكى ئاوارتە بدات، حەڵاڵكردنى حەرامێك تەشریع بكات.
ئامانجى تەیفوورى لە گەیاندنى شرۆڤەكەى بە چەمكى “ساكرێ” بۆ ئەوەیە دواجار لە ژیژەك دەربچێت و بگاتەوە بە فیكرى ئاگامبێن كە باكگراوندى كۆى كارەكەى پێك دەهێنێت. ئاگامبێن لە شرۆڤەى ساكرێدا جۆرە مرۆڤێك دەدۆزێتەوە كە ناوى دەنێت مرۆڤى ساكرێ. بۆ نموونە لە دۆخى ئەنفالدا، غەنیمەت وەك ساكرێ تەنیا سامان و كەلوپەل نییە؛ مرۆڤیش وەك كەنیزەك، كۆیلە، دیل، سەبییە، موڕتەد، كافر و هیتر دەگرێتەوە؛ ئەمانەى وا لەنێو ساكرێى غەنیمەتدان دەبن بە “مرۆڤى ساكرێ”؛ یان بە چەمكە لاتینییەكەى ئاگامبێن، دەبن بە هۆمۆ-ساكەر [Homo Sacer]. ئاگامبێن بەم چەمكە كارەساتى هۆڵۆكۆست وەك پرسى ئاوارتەیەكى سیاسیى-یاسایى دەخوێنێتەوە، بەڵام بۆ ڕیشە دوورەكانى دروستبوونى مرۆڤى ساكرێش لەنێو نەریتى ڕۆژئاواییدا دەگەڕێتەوە. تەیفوورى وەك چۆن لە دەروونشیكارییەوە دەست پێدەكات، لە شرۆڤەى “ساكرێ”ـدا هەر لەسەر هێڵى دەروونشیكاریى بەردەوام دەبێت تاوەكو لە بەشى دووەمى كتێبەكەیدا ڕوخسارى ئاگامبێن بە تەواوەتى ڕوون دەبێتەوە. بە ڕوانین لە فۆكۆ-ئاگامبێن هەر زوو دەرك بەوە دەكەین كە سەرەكیترین ڕووبەرى شرۆڤەكردنى پرسى ساكرێ لە نێو “بایۆ-پۆلەتیك”ـدایە؛ بەڵام بایۆپۆلەتیك، وەك دواتر شرۆڤەى دەكەم، پارادایمێكى ئێجگار جیاوازە لە پارادیمى “دەروونشیكارى”. لەبەر ئەمە وەك خۆم پێویستییەكى جەوهەرى لەوەدا نابینم كە بۆ شرۆڤەكردنى “ئەنفال وەك هۆمۆساكەر” بەنێو دەروونشیكاریدا تێپەڕین، چونكە ئەم تێپەڕینە گەر كێشەى تیۆرى دروست نەكات، ئەوا دەتوانێت زیان لە تۆكمەیى تیۆریى كارەكە بدات. ئاگامبێن خۆشى (كە بەرهەمەكەى ئەو سەرچاوەى سەرەكیى كارەكەى تەیفوورییە) وەك ئاماژەى پەرتوبڵاو نەبێت لە هێڵى دەروونشیكارییەوە شرۆڤەى هۆمۆساكەرى نەكردووە؛ بە پێچەوانەوە لایوایە دەروونشیكاریى ناتوانێت شتێكى جەوهەرى دەربارەى هۆمۆساكەر بڵێت.
لە بەشى دووەمى پاژى دووەمى دەسەڵاتى حاكم و ژیانى ڕووتدا ئاگامبێن بە خێرایى هەندێك لەو بەرهەمانەى پێش خۆى دەخاتە ڕوو كە خۆیان لە پرسى ساكرێ/ساكەر نزیك كردۆتەوە و لەنێویاندا ئاماژەیەك بە بۆچوونى فرۆید دەدات دەربارەى ئەو پارادۆكسى پیرۆز-چەپەڵەى كە لە واتاى ئەسڵىى چەمكى ساكەردا هەیە، بەڵام لێكۆڵینەوەكەى ئاگامبێن، وەك خۆى دەڵێت، بۆ ئەوەیە لاوازیى ئەو بۆچوونانە پیشان بدات و لە ڕێگە ڕەخنەوە لە هەموویان تێپەڕێت. ڕەخنەى ئاگامبێن لەوان ئەوەیە كە هیچ یەكێكیان ساكەریان وەك پرسێكى سیاسى-یاسایى كە بنچینەى دەسەڵاتى ئاوارتەى حاكم پێك دێنێت، تاتوێ نەكردووە. بۆ نموونە لە بەشى چوارەمى پاژى دووەمدا ئاگامبێن، باس لە دەسەڵاتى باوك دەكات بۆ كوشتنى منداڵەكەى لە یاساى ڕۆمانیدا. بەلاى ئاگامبێنەوە پارادۆكسە بنەڕەتییەكەى هۆمۆساكەر ئەوە نییە كە حەرام-حەڵاڵ یان پیرۆز-نەفرەتلێكراوە، بەڵكو ئەوەیە كە: «دەشێت هەر كەسێك بیكوژێت، بێ ئەوەى ئەم كوشتنە بە قوربانى یان تاوان دابنرێت». ئەمەیش واتە «ئەوەى دۆخى هۆمۆساكەر دیاریى دەكات، بە پلەى سەرەكى ئەو پارادۆكسە بنەڕەتییە نییە كە گوایە لەگەڵ پیرۆزیدایە [پیرۆز-چەپەڵ یان حەرام-حەڵاڵ]، بەڵكو پتر خەسڵەتى تایبەتى دووجار دوورخستنەوەیە كە هۆمۆساكەر دیلییەتى و ئەو تووندوتیژییەیە كە دووچارى دێت. ئەم تووندوتیژییە، ئەو كوشتنەى كە هەركەسێك دەتوانێت ئەنجامى بدات بێ ئەوەى لەسەرى سزا وەربگرێت، نە بە قوربانى دەتوانین پێناسەى بكەین نە بە كوشتن، نە وەك جێبەجێكردنى حوكمى سەرزەنشتكارانە نە وەك گوناهبارى»[9]. لەبرى ئەمە «ساكەر شێوەى بنەڕەتیى ئاوێتەبوونى ژیانى ڕووتە بە نەزمى یاسایى-سیاسى. گوزارەى هۆمۆساكەر شتێكى وەك پەیوەندیى بنچینەیى “سیاسى” دەردەبرێت، واتە دەڵێت ژیان وەك دوورخستنەوەیەكى لەخۆگیران مەرجەعى بڕیارى سەروەرانەیە [لەلایەن حاكمەوە]. ژیان تەنیا تا ئەو ڕادەیە ساكەرە كە گیرۆدەى ئاوارتەى حاكمییەتە»[10]. بەم جۆرەیە كە شرۆڤەكەى ئاگامبێن چیتر پرسى سادەى چەپاندن و گەڕانەوەیەكى دەروونى نییە، پرسى باوككوژى و گوناهـ، ئارەزوو و ئازارى ویژدان نییە، چونكە لە بنەڕەتەوە كردەى كوشتنى ئەمەى كە كوژراوە و دەكوژرێت، خۆى كردەیەكى تەوتەمیانە یان كردەیەكى نا-یاسایی شارستانى نییە، بەڵكو كردەیەكى دەرە-یاسایە كە لە یاسادا لەخۆگیراوە؛ بە تاوان دانانرێت و بە گوناهـ نانووسرێت. وەك ئاگامبێن دەڵێت، هۆمۆساكەر دواى دووجار دوورخستنەوە بە ڕووتى لەخۆدەگیرێتەوە، لەم دوو دوورخستنەوەیەدا، جارێك پۆشاكى مەملەكەتى ئایین و جارێك پۆشاكى قەڵەمڕەویى قانوونى لێ دادەكەنرێت، ئیدى ئەو نە بۆ قوربانى دەشێت و نە بۆ ماف. بە كورتى باسى هۆمۆساكەرى ئاگامبێنى پرسێكى فرۆیدۆ-ژیژەكى نییە و خۆى بە ڕاڤە دەروونشیكارییەكانەوە قەتیس ناكات و بە دەگمەنیش چەمكە دەروونشیكارییەكان بەكاردەهێنێت.
[1] Karl Marx: Wage Labor and Capital, Wages, Price and Profit, Foreign Languages Press, Paris, 2020, p. 28-29.
[2] Marx: Ibid., p.29-30.
[3] باتاى: هەمان سەرچاوە، ل147-149.
[4] تەیفوورى: سەرچاوەى پێشوو، ل115.
[5] تەیفوورى: هەمان سەرچاوە، ل114.
[6] Slavoj Žižek: Neighbors and Other Monsters: A Plea for Ethical Violence, in ”The Neighbor, Three Inquiries in Political Theology”, The University of Chicago Press Chicago and London, London, 2005, p.183.
[7] تەیفوورى: سەرچاوەى پێشوو، ل127.
[8] جيورجيو أغمبن: المنبوذ – السلطة السيادية والحياة العارية، ترجمة وتقديم و تعليق عبدالعزيز العيادي، منشورات الجمل، الطبعة الأولى، بيروت/بغداد، 2017، ص153.
[9] المصدر نفسه، ص111.
[10] المصدر نفسه، ص111-112.