رێکخراوی ئازادبوون بۆ گەشەپێدانی بەردەوام

شارەکان لە نێوان تۆمەتی سیاسەت و بەرپرسیارێتی نووسەراندا

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسين: هۆمەر محەمەد

هەر جارێک یادی دامەزراندنی شاری سلێمانی دەکرێتەوە، لە پاڵ خۆشەویستی بۆ فەرهەنگ و ڕابردووی شارەکە، شەپۆلێکی نووسین و بۆچوونی سەیر سەرهەڵدەدات کە هەندێکیان هیچ پابەندییەکی ئەخلاقی و ویژدانییان تێدا بەدی ناکرێت. بەڵام ئەوەی لە ٢٤٢ەمین ساڵیادی ئەم شارەدا لە هەموو شتێک مەترسیدارترە، تەنیا گوتاری هەندێک قەڵەم نییە، بەڵکوو ڕەفتاری ئەو هێزە سیاسییانەیە کە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستانیان بەدەستەوەیە؛ ئەوان لە بری پاراستنی شکۆی هاوبەشی شارەکان و کولتووری نیشتمانی، کەوتوونەتە گیانی یەکتر و خەریکی شکاندنی ناوبانگی شارەکانی خۆمانن. ڕاستە ئەوان هەرێمی کوردستانیان نابووت کردووە و وا خەریکی ڕووخاندنین، ڕەنگە بتوانن قەوارەکەشی بڕووخێنن، بەڵام ئەوەی هەرگیز پێیان تێک ناشکێت ئیرادەی مرۆڤی بەهێزە؛ بەتایبەتیش ئەوانەی لە دەرەوەی ئەو حزبانە سەرقاڵی کولتوورسازی، مرۆڤسازی و نیشتمانسازین.

ململانێ حزبییەکان گەیشتوونەتە ئاستێکی نزم، بە جۆرێک لە ڕێگەی میدیای پڕبینەریانەوە دەست بۆ سووکایەتیکردن بە پێگە و کەسایەتیی شاری سلێمانی دەبرێت، بەبێ ئەوەی داوای لێبوردنێک بکرێت یان لێپێچینەوەیەک نەک هەر لەکەناڵەکە تەنانەت لە پێشکەشکارەکەش هەبێت. کاتێک کار دەگاتە ئەوەی لە میدیایەکی سەربە پارتییەوە بە شاری سلێمانی بگوترێت (کەربازاڕ) لە کاتێکدا پارتی خۆی بارەگای لقی لەوێیە و ئەندام و لایەنگری لەو شارەدا دەژین یان بنەچەیان خەڵکی ئەو شارەیە، ئەمە پێش هەر کەس سووکایەتییە بە ئەندام و لایەنگرەکانی خۆشیان. ئەم زمانە پڕ لە تەشهیرە نەک هەر ناچێتە خانەی کێبڕکێی سیاسی و بەرگریکردن لە قەوارەی هەرێم، بەڵکوو دەرخەری عەقڵییەتێکی خێڵەکی و پاشماوەی بیرکردنەوەی دەرەبەگایەتییە. بێگومان قسەی سووک ناتوانێت شکۆی هیچ شارێک کەم بکاتەوە، بەڵکوو تەنیا ئاستی نزمی گوتاری سیاسی و میدیایی لە بەردەم مێژوودا ڕووت دەکاتەوە و برینەکانی دابەشبوونی کوردستان قووڵتر دەکات.

کاتێک سیاسەت بەو ئاڕاستەیەدا دەڕوات، بەرپرسیارێتی سەر شانی نووسەر و ڕۆشنبیر قورستر دەبێت. لە دۆخێکدا کە لایەنەکان لەسەر پۆست و بەرژەوەندی و پارە بەریەک دەکەون و یەکتری ئاووڕووت دەکەن، ڕۆشنبیر نابێت ببێتە بەشێک لەو گەمەیە و هەموو ژیانی شارێک لە بەدگومانی و نائومێدیدا بچووک بکاتەوە. بێگومان ڕەخنە لە ئێستا و ڕابردووی سلێمانیش وەک هەر جێگەیەکی دیکە پێویستە و کەس نکۆڵی لێ ناکات، بەڵام هەڵبژاردنی کات و زمانی گونجاو بنەمایەکی سەرەکییە؛ ئەگەرنا مرۆڤ خۆی دەخاتە ناو جەنگێکەوە کە هەموو لایەک تێیدا دۆڕاوە و زیانەکەشی بەر جەستەی کۆمەڵگە دەکەوێت. نووسەر چەندە دەبێت داکۆکیکار بێت لە ئازادیی دەربڕین، هێندەش دەبێت پارێزەری تەباییی کۆمەڵایەتی و شکۆی نیشتمان بێت. چەندە دەبێت چاوی لەسەر کۆمەڵگەبێت هێندەش ئاگاداری کەسایەتی خۆی بێت.

ژیانی شار، نوکتەی بێبنەما و گۆڕانی نەریتەکان

لە کۆمەڵناسیی مۆدێرندا، هەموو شارێکی زیندوو گۆڕەپانی ململانێی جیاوازە. کاتێک جوگرافیایەک دەبێتە ناوەندی بیری نوێ و بەرکەوتنی بەرژەوەندییەکان، بوونی ناکۆکیی سیاسی و چینایەتی تێیدا دیاردەیەکی سروشتییە و تایبەت نییە بە تاکە شارێک، بەڵکوو لە تەواوی ناوچەکانی کوردستان و جیهاندا بە شێوازی جیاواز بوونی هەبووە. بۆیە نەنگییەکی گەورەیە کاتێک دیاردە گشتییە کۆمەڵایەتییەکان دەخرێنە پاڵ ناونیشانی یەک شار.

لەم بارەیەوە زۆرجار لە ڕێگەی نوکتە یان هەندێک نووسینی سەرپێیيەوە ڕەخنە لە خەڵکی سلێمانی دەگیرێت بەوەی گوایە میواندۆستیی ماڵانیان ساردوسڕەو لەدڵەوە خوڵقی میوان ناکەن. ئەم تێڕوانینە خۆی نەخۆشە و تێنەگەیشتنە لە سروشتی شارستانیبوون و گۆڕانی ئابووری؛ لە سەردەمی جیهانگیری، فراوانبوونی بازاڕ و بوونی دەیان هۆتێل و چێشتخانەدا، ژیان و کەلتووری شار یاسا و ڕێسای تایبەت بە خۆی هەیە و ناکرێت بە پێوەری گوند و دێهات حوکمی بەسەردا بدرێت. لە کۆمەڵگەی هاوچەرخدا، هەر خێزانێک سەرقاڵی بژێوی و ئەرکی ڕۆژانەی خۆی هەیە و شوێنە گشتییەکان پێویستیی حەوانەوە و میوانداری پڕ دەکەنەوە، نەک ئەوەی مرۆڤ ببێتە بارگرانی بەسەر دەرگای ماڵانەوە. بوونی هۆتێل و چێشتخانە لەشاردا ئەو پێداویستییەی مرۆڤە.

جیاوازیی نێوان فەرمانڕەوا و خەڵک

تێکەڵکردنی ستەم و خراپیی بەڕێوەبردنی دەسەڵاتداران لەگەڵ کەسایەتی و کولتووری دانیشتووانی شارێک، هەڵەیەکی زەقی خوێندنەوەیە. لە مێژووی پایتەخت و شارە دێرینەکانی دنیادا، سەدان شەڕ و ستەمکاری لە لایەن فەرمانڕەواکانەوە ئەنجام دراون، بەڵام هیچ مێژوونووس و ڕۆشنبیرێک و تەنانەت هیچ مرۆڤێکی ژیر بەو هۆیەوە مێژووی خەڵک و داهێنانی کولتووریی ئەو شارانە ناشیرین ناکات. سلێمانی لە سەردەمە جیاوازەکاندا بەرهەمهێنەری ئەدەب، ڕۆژنامەگەری، هونەر و هوشیاریی مەدەنی بووە؛ ئەمە ڕەسەنایەتی شارەکەیە و نابێت باجی ململانێی سەپێنراوی سیاسی بدات، هەروەک چۆن هەمان ڕاستی بۆ هەولێر، دهۆک، کەرکووک و هەڵەبجەش ڕاستە.

لێرەدا پرسیارێکی سادە بەڵام جەوهەری دێتە پێشەوە: تانەدان و پلارهاویشتن و شەڕفرۆشتن و ناشیرینکردنی ناوی شارێک لە بەرژەوەندیی کێدایە؟ ئایا بە سووککردنی سلێمانی پێگەی پارتی بەهێزتر دەبێت و یەکێتی لاواز دەبێت؟ ئایا بە ناشیرینکردنی دهۆک یان هەولێر، سلێمانی جوانتر دەبێت؟ بێگومان نەخێر. ئەگەر کەموکوڕی و ناشیرینییەک لە بەڕێوەبردنی شارەکاندا هەبێت، ئەوا ئاوێنەی دەوڵەتداری دەسەڵاتدارانەو ئۆباڵەکەی لە گەردنی ئەو دەسەڵاتە سیاسییەدایە کە حوکمیان دەکات، نەک هاووڵاتییە ئاسایییەکانیان. خۆ ئەگەر هەر کێماسی و دیاردەیەکی نەرێنی و ناشارستانی لە شارێکدا هەبێت، جا چ وەک حاڵەتی تاکەکەسی بێت یان ببێتە دیاردە، ئەوا دەسەڵاتی سیاسی لێی بەرپرسە و حەقە بەرپرسان دادگایی بکرێن نەک خەڵکی شارەکە.

ڕەخنە بەبێ ویژدان نابێت بە چاکسازی

هیچ کۆمەڵگە و پڕۆژەیەکی سیاسی یان فەرهەنگی بەبێ ڕەخنەی زانستی پێش ناکەوێت، چونکە ڕەخنە ئاوێنەی بینینی کەموکوڕییەکانە و پرۆسەیەکی تەواوکارییە. لەگەڵ ئەوەشدا، زمانپاراوترین و زاناترین نووسەر ناتوانێت بگاتە حەقیقەت ئەگەر ویژدان و ئینساف هاوڕێی قەڵەمەکەی نەبن. زەقکردنەوەی تەنیا لایەنە تاریکەکان و سڕینەوەی بەها مەعنەوییەکانی شار لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان لە بەردەم هەڕەشەی جۆراوجۆردایە، نەک هەر خزمەت بە هاووڵاتییانی کوردستان ناکات، بەڵکوو سەنگی هەرێم لە ناو عێراق و ناوچەکەدا دەشکێنێت و دڵی نەیاران و داگیرکارانی کوردستان خۆش دەکات. کەوایە ئەمە چ لۆژیکێکی نووسین و چ جۆرە سیاسەتێکە؟ ئایا قەوارەی هەرێم بەم شێواز و ئامرازە لاوازە دەپارێزرێت، یان هێندەی تر وێران دەکرێت؟

ئەرکی ئەمڕۆی نووسەرانی جا ئەندام و لایەنگری حزب بن یان ئۆپزسیون و بێ لایەن ئەوەیە بەرپرسیارێتی ئەم دۆخە هەڵبگرن و بەویژدان و ئەخلاقەوە مامەڵە لەگەڵ ناکۆکی و ململانێکان بکەن. دەشێت ناکۆبن و دوژمنی یەک نەبن، رەخنەگربن و وێرانکار نەبن. تەنانەت قەتماغەی برینەکان بۆ سارێژکردن بێت، ڕەخنەگرتن بۆ بونیاتنان بێت نەک یەکترشکاندن و ڕشتنی تۆوی نائومێدی.

مرۆڤی خاوەن ئەخلاق و ویژدان، جا جووتیار بێت یان ڕۆژنامەنووس، هونەرمەند بێت یان بینەر، ئەوەیە بەرگری لەو بنەما شارستانییانە، لەو دەستکەوتە سیاسی و کولتوورییانە، و لەو بەهایانە بکات کە شارەکانیان کردووەتە ژینگەیەکی ڕەسەنی کوردی و سلێمانیشیان کردووەتە پایتەختی ڕۆشنبیری. هەق وایە ئەم هێزە فەرهەنگییە، جا لە هەر شارێکی کوردستاندا بێت، بکرێتە سەرچاوەیەک بۆ ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی سیاسەت و پاراستنی شوناسی گشتیی هەرێمی کوردستان. ئاخر هەر کوردێک لەوە تێنەگات کە هەولێر و دهۆک و سلێمانی و هەڵەبجە سەنگەری پاراستنی یەکترین و کەوتنی هەر سەنگەرێکیان لاوازبوونی ئەوانی دیکەیە، ئەوا بە دەستی خۆی لقەکەی ژێر پێی خۆی دەبڕێتەوە و بەئاگاوە یان بێ ئاگا خزمەت بە نەیارانی خۆی دەکات.

ئەزموونی حوکمڕانیی حزبەکانی کوردستان ئەوەی سەلماندووە کە هێندەی ئامادەی شەڕ و ناکۆکین، هێندە ئامادەی ئاوەدانکردنەوە نین. ئەگەر لە ماوەی ئەم چەند ساڵەی دەسەڵاتدارێتییاندا کەمێک کولتوورسازی، مرۆڤسازی و نەتەوەسازییان بکردایە، ئێستا لەم قەیرانە قورسەدا نەدەبوون؛ ئەگەر لە بری دەوڵەتانی ناوچەکە پشتیان بە میللەتی خۆیان ببەستایە، ئێستا مرۆڤی دامەزراوی کورد ئامادەیی زیاتری دەبوو بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان. سیاسییەک هێشتا لەوە تێنەگەیشتبێت کە ڕەوایەتیی دەسەڵات لە خەڵکی کوردستانەوە وەردەگرێت، لەوەش تێناگات پەرەپێدانی کولتوور و بونیاتنانی شار چ گرنگییەکی هەیە بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان. بۆیە ئەرکی نووسەر و ڕۆشنبیری بەرپرسیار ئەوەیە خۆی لە زەلکاوی دەسەڵات و تەماحی پۆست و پوولی دەسەڵاتداران بە دوور بگرێت.

هاوشێوە