داڕشتەی کەسایەتی و پارانۆیای خۆسزادان: خوێندنەوەیەکی دەروونی بۆ گوتاری کینە ئامێز و هەواڵی چەواشە لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکاندا
نووسین: کانی عومەر
پێشەکی
کەسایەتیی مرۆڤ لەوە ئاڵۆزترە قەفەزێکی ئۆرگانی بێت و تەنها لە ڕەهەندی بایۆلۆژییەوە خوێندنەوەی بۆ بکرێت؛ بەڵکو ئەو، لە دەرەوەی سنوورە فیزیکی و بایۆلۆژییەکانی جەستەیدا، لەناو تەونێکی ئاڵۆز، ناتەبا و فرەڕەهەندی سۆسیۆ-کولتووریدا دەهێنرێت و دەبرێت و داڕشتەکەی شکڵ دەگرێت. لێرەدا، دابڕان و خستنەدەرەوەی هاوکێشە بایۆلۆژییەکان لە پێناو سەرنجخستنەسەر لایەنی دەروونییە، بەتایبەتیش دەروونشیکاری و قوتابخانەی ژاک لاکان؛ چونکە ئەم قوتابخانەیە، سەرباری دیوە کلینیکییەکەی و شیکردنەوەی نەخۆشییەکان، ئامرازێکی ناوازەشە بۆ فامکردنی ڕەفتارە سەمەرە و توندوتیژەکانی مرۆڤ لەناو پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکاندا.
ئەم توێژینەوە چۆنایەتییە، پشت بە میتۆدی شیکاریی دەق و بەراوردکاری فیکری دەبەستێت، دەیەوێت لە ڕێگەی کەیسی مێژوویی مارگریت پۆنتێن (ئێمی لۆکان)-وە، تیشک بخاتە سەر یەکگرتنی چەمکی کەسایەتی و مۆدێلی “پارانۆیای خۆسزادان” لە تیۆریی ژاک لاکاندا؛ پاشان بازدانێکی شیکاریی-ڕەخنەیی دەکات بۆ سەر شاشە و فەزای گریمانەیی، بەدیاریکراویش بۆ سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە دنیای هاوچەرخی ئێمەدا، ئەمەش بە پشتبەستن بە تێڕوانینە فەلسەفییەکانی ژان بۆدریار لەسەر وێنە، شاشە و زڕەوێنە، لەوێوە ئەوە ڕووندەکاتەوە چۆن بەرهەمهێنەرانی گوتاری کینەئامێز و هەواڵی چەواشە (فەیک نیووز)لەو فەزا بێسزایەدا خۆیان سزا دەدەن.
وشە کلیلییەکان
پارانۆیای خۆسزادان، ئیگۆ-ئایدیاڵ، زڕەوێنە، ئیرەیی ئاوێنەیی، گوتاری کینەئامێز، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، هەواڵی چەواشە ، فەزای گریمانەیی.
بەشی یەکەم: کەیسی ئێمی لە کلینیکی دەروونشیکاریدا
١.١ ڕووداوەکە و پاشخانی کلینیکیی کەیسەکە
لە نیسانی ساڵی ١٩٣١-دا، لەبەردەم شانۆی سەینت جیۆرج لە پاریس، بە چەقۆ هێرش کرایە سەر ئەکتەری ناوداری فەڕەنسی، هیوگێت دوفلۆ، کاتێک ناوبراو خەریکی نواندنی ڕۆڵی سەرەکی بوو لە شانۆگەریی “هەموو شتێک باشە”. هێرشبەرەکە ژنێک بوو بە ناوی مارگریت پۆنتێن؛ ڕۆماننووسێکی نەناسراو و شکستخواردوو بوو کە کارە ئەدەبییەکانی بەردەوام لەلایەن بڵاوکەرەوەکانەوە بەهۆی نامۆیی و سەمەرەیی ناوەڕۆکەکانیانەوە ڕەتدەکرانەوە.
پۆنتێن بەدەست نیشانەکانی گومانکاریی توندەوە، کە لە دەروونپزیشکیدا بە”پارانۆیا”ناسراوە، دەیناڵاند؛ پێی وابوو جیهانی دەرەوە بەردەوام لە هەوڵی ئازاردان و پیلانگێڕیدایە دژی ئەو. دڵنیابوو لەوەی کە دزینی زانستی و ئەدەبی لە دژی دەکرێت، تا ئەو ڕادەیەی نووسەر و سیناریۆنووسی ئەکادیمیای فەڕەنسی، پیێر بێنۆتـی تۆمەتبار کرد بە دزینی بیرۆکە ئەدەبییەکانی. پاشخانی کلینیکیی پۆنتێن ئەوەی نیشاندەدا کە گۆشەگیری و گومانکارییەکەی لە یەکەم دووگیانبوونیەوە سەرچاوەی گرتووە؛ کاتێک کۆرپەکەی لەبارچوو، هاوڕێکەی خۆی وەک سەبەبکار و تاوانباری سەرەکی دەبینی و مامەڵەیەکی توندوتیژی لەگەڵدا کردووە. تەنانەت لە جاری دووەمی دووگیانبوونیدا، دۆخە دەروونییەکەی قورستر دەبێت، بە جۆرێک لە پێنج مانگی سەرەتای تەمەنی منداڵەکەیدا، لەبەر ترس و گومان، ڕێگە نادات هیچ کەسێک چاوی بە کۆرپەکەی بکەوێت.
٢.١ شێوازی هێرشەکە و متبوونی نیشانەکان
پەیوەندیی نێوان پۆنتێن و دوفلۆ زێدە سەیر و گەپچاڕانەیە؛ چون ئەوان پێشتر هەرگیز یەکدییان نەبینیوە، هیچ ململانێیەکی کەسی، بەرژەوەندیی دارایی، یان هاندان و هەڕەشەیەکی دەرەکی نەبووە تا پاڵ بە پۆنتێنەوە بنێت بۆ ئەنجامدانی ئەم تاوانە. دوای دەستگیرکردنی، پۆنتێن ڕەوانەی نەخۆشخانەی دەروونی دەکرێت. خاڵی وەرچەرخان لەم کەیسەدا ئەوە بوو کە پۆنتێن، بەبێ وەرگرتنی هیچ ڕەچەتەیەکی پزیشکی و دەرمانی، بە شێوەیەکی لەپڕتاو نیشانە توندەکانی پارانۆیاکەی خاودەبێتەوە و دەگەڕێتەوە سەر ڕەفتاری ئاسایی خۆی.
٣.١ تێزی لاکان و چەمکسازیی پارانۆیایی خۆسزادان
ئەم کەیسە کەموێنەیە دەنگدانەوەیەکی گەورەی لە میدیاکانی ئەو سەردەمەدا دروست کرد، ئەمەش سەرنجی بیرمەند و دەروونشیکاری فەڕەنسی، ژاک لاکانی ڕاکێشا. لاکان ئەم ڕووداوەی کردە تەوەری سەرەکیی تێزی دکتۆراکەی لە ساڵی ١٩٣٢-دا ناوی کلینیکی (کەیسی ئێمی) بەسەردا بڕی. ناوی ئیمی لە کارەکتەری یەکێک لە ڕۆمانە بڵاودەکراوەکانی خودی پۆنتێنەوە وەرگرت کە لە زمانی فەڕەنسیدا بە واتای “خۆشویستراو” دێت، هەڵبژاردنی ئەو ناوە گوزارشت بوو لە سەرسامبوونی زانستیی لاکان بەم کەیسە کلینیکییە کەموێنەیە. لاکان لە ڕێگەی ئێمیەوە، چەمکی پارانۆیای خۆسزادانی هێنایە ناو کایەی دەروونشیکارییەوە. هەروەها گەیشتە ئەو ئەنجامەی ئێمی بە هێرشکردنە سەر ئەکتەرەکە، لە ڕاستیدا هێرشی کردووەتە سەر خودی خۆی و تەنها لە ڕێگەی توندوتیژی بەرامبەر بەم ئۆبجێکتە دەرەکییە و قبوڵکردنی سزای بەندکردن، توانیویەتی لە گوناح و گرێ دەروونییەکانی خۆی سزا بدات و ئاسوودە بێت.
بەدیدی لاکان گۆشەگیری ئێمی پەیوەندیدار بوو بە گرێی شوناس و ێنەی “ئیگۆ ئایدیاڵ- Ego Ideal”-ەوە. دوفلۆ تەنها نمایندەی کەسێکی دەرەکی نەدەکرد ، بەڵکە ئیگۆ ئایدیاڵی ئێمی بوو؛ وێنەیەکی نموونەیی، جوان، ئازاد، بەناوبانگ و خاوەن پێگەی کۆمەڵایەتی کە ئێمی خۆی هەمیشە خەونی پێوە دەبینی لە ڕێگەی نووسینەوە پێی بگات، بەڵام تێیدا شکستخواردوو بوو. بوونی دوفلۆ لە هەمانکاتدا هەم ئۆبجێکتی ڕق (چونکە شکستی ئێمی بیردەخستەوە) و ئۆبجێکتی ئارەزوو بوو (چونکە بەرجەستەی خەونە مەحاڵەکانی بوو. هێرشەکە میکانیزمێکی بەرگریی دەروونی بوو کە تێیدا ئێمی ویستی ئەو وێنە ئایدیاڵە لەدەستچووەی خۆی لەناو ببات؛ وەک چۆن لاکان دەڵێت: ئێمی لە دەرەوەی قەفەزی جەستەی خۆی و لەناو هاوشوناسبوون لەگەڵ ئیگۆ-ئایدیاڵەکەیدا دەژیا.
بەشی دووەم: کەیسی ئێمی لە فەزای دیجیتاڵیدا
١.٢تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەک شانۆی سەینت جیۆرج
ئەگەر لەم مۆدێلە دەروونییەوە سەیری واقیعی سۆشیال میدیای خۆمان بکەین، ڕۆژانە دەبینین بەکارهێنەران (کە زۆرجار بە ناسنامەی ساختە یان ڕاستەقینەوە دەردەکەون) بەبێ هیچ بەڵگەیەک، هیچ ناسینی پێشوەختە و هیچ بەرژەوەندییەکی ڕوون، پەلاماری توندی کەسایەتییە ناودارەکان، ڕۆژنامەنووسان، کچانی سەرکەوتوو یان خاوەن پێگە کۆمەڵایەتییەکان دەدەن. لێرەدا، پێگە کۆمەڵایەتییەکانی وەک: فەیسبووک، ئینستاگرام، سناپچات و تیکتۆک ڕێک ڕۆڵی ئەو شانۆیەی پاریس دەگێڕن؛ فەزایەکن کە تێیدا مرۆڤی گۆشەگیر و شکستخواردوو، لە پشت شاشەکەیەوە، چەقۆ سیمبولییەکەیان کە بریتییە لە کۆمێنت و پۆستی ناوزڕاندن ڕووبەڕووی ئەو ئۆبجێکتە دەکاتەوە کە لەسەر شانۆی گشتیدا ئامادەیی هەیە.
٢.٢ وەرگەڕانی ئارەزوو بۆ ڕق
فاکتەری سەرەکی پەلاماری بێبەڵگەیە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئێمەدا، تەنها لە ئیرەیبردنی دەروونیدا کورتنابێتەوە، بەڵکە لە ئاستە قوڵەکەییدا بریتییە لە ململانێی شوناس. ئەو بکەرەی بەردەوام کۆمێنتی توند و پڕ لە بوختان بۆ کەسێکی دیار دەنووسێت، لەڕاستیدا ئەو کەسە نمایندەی ئاواتە لەدەستچووەکانی خۆی دەکات. قوربانییەکە لێرەدا بەرجەستەکەرەوەی ئەو ئازادی، ناوبانگ، یان پێگەیەیە کە پەلاماردەرەکە بەهۆی هۆکاری کۆمەڵایەتی، ئابووری یان خێزانییەوە لێی بێبەش کراوە. لێرەدا، وەک کەیسەکەی ئێمی، ئۆبجێکتی ئارەزوو (حەزی بوون بەو کەسە سەرکەوتووە) دەگۆڕێت بۆ ئۆبجێکتی ڕق (حەز بە لەناوبردنی فیزیکی یان سیمبولیی ئەو کەسە).
٣.٢ پارانۆیای خۆسزادان لە ڕێگەی سەرکۆنەکردنی ئەوانیترەوە
مارگێریت پۆنتێن کاتێک لە ژیانی تایبەتی خۆیدا تووشی شکست دەبوو، خەتاکەی دەخستە ئەستۆی دەرەوە و تۆمەتباری دەکردن بە پیلانگێڕی. ئەم جۆرە پارانۆیایە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئێمەدا بە ڕوونی دەبینرێت. کاتێک تاک بەهۆی شکستی دامەزراوە، نەبوونی دەرفەتی کار، یان شکستە کەسییەکانی خۆیەوە تووشی تێکشکانی دەروونی دەبێت، لەجیاتی گەڕان بەدوای چارەسەری لۆژیکیدا، مۆدێلی گومانکاری “پارانۆیا-Paranoia” چالاک دەکات. هەر سەرکەوتنێکی ئەوانیتر لەسەر حسابی شکستی خۆی هەژمار دەکات. پەلاماردانی خەڵک بەبێ بەڵگە لە سۆشیال میدیادا، میکانیزمێکی بەرگریی دەروونییە تا تاکی پەلاماردەر خۆی لە بەپرسیارێتیی شکستەکانی بدزێتەوە و ڕقی ناوەکیی خۆی بەسەر کەسێکی تردا بڕێژێت.
٤.٢ بەتاڵبوونەوەی دەروونی و خاوبوونەوەی کاتی
لە فەزای دیجیتاڵیدا، نەمانی کاتیی سیمپتۆمەکان لە شێوازی توندوتیژیی سۆشیال میدیادا دەبینرێت. پەلاماردەرەکە کاتێک کۆمێنتێکی پڕ لە بوختان یان پۆستێکی بێبەڵگە دژی کەسێک بڵاودەکاتەوە و لەلایەن خەڵکی ترەوە پشتگیری دەکرێت لەڕێگەی: لایک،کۆمێنتی نەشیاو و شەیر، جۆرێک لە کاتارسیس (میکانیزمی دەرپەڕاندن و بەتاڵبوونەوەی گرێ دەروونییەکان) ئەنجام دەدات. کەسەکە بە شێوەیەکی کاتی هێور دەبێتەوە، چونکە توانیویەتی بۆ چەند ساتێک وێنە نموونەیی و ئایدیاڵەکەی بەرامبەر بشکێنێت و خۆی لە لۆمەی دەروونیی ناوەکی ڕزگار بکات. بەڵام کێشەکە ئەوەیە سۆشیال میدیا وەک نەخۆشخانەکەی لاکان نییە کە بە یەک ئاکت کۆتایی بێت؛ شاشە دەبێت ڕۆژانە ئەم ئاکتە دووبارە بکەنەوە بۆ ئەوەی لە ژەهری ناوەکیی خۆیان کەم بکەنەوە.
بەشی سێیەم: شاشە لای ژان بۆدریار و سڕبوونی واقیع
١.٣ لە واقیعەوە بۆ زڕەوێنە (سیمولاکرا).
بۆدریار چەمکی “سیمولاکرا-Simulacra” کە واتای زڕەوێنە یان هاوشێوەی بێئەسڵ دەدات بەکاردێنێت؛ واتە وێنەیەک، نوێنەرایەتی هیچ واقیعێک ناکات، بەڵکە خۆی دەبێتە واقیع. لە کەیسی مێژوویی ئێمیدا، مارگێریت پۆنتێن هێرشی کردە سەر ئەکتەرێکی ڕاستەقینە لەبەر خەیاڵات و تەسەوراتی ناوەکی خۆی. بەڵام لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، ئەو کەسایەتییەی پەلامار دەدرێت، مرۆڤە فیزیکییەکە نییە، بەڵکو ئەو پڕۆفایل و وێنە دیجیتاڵییەیە کە لەسەر شاشە مانای وەرگرتووە و دروست بووە.
پەلاماردەر لە سۆشیال میدیادا، شەڕ لەگەڵ مرۆڤێکی ڕاستەقینەدا ناکات، شەڕ لەگەڵ وێنەیەکی فرە-واقیعیدا (Hyperreality) دەکات. وێنەی کەسە سەرکەوتووەکە لەسەر شاشە ئەوەندە گەورە و بریقەدار کراوە، کە حەسادەت و توندوتیژیی ڕاستەقینە بەرهەم دەهێنێت، تەنانەت ئەگەر ژیانی ڕاستەقینەی ئەو کەسایەتییە پڕ لە ئازاریش بێت.
٢.٣ شاشە وەک پانتاییەکی بێسزا و دابڕێنەری ئەخلاقی و فیزیکی
بە دیدی بۆدریار شاشەکان پەیوەندی ئێمەیان لەگەڵ جیهاندا تێکداوە، چون پانتاییەکی گریمانەییە و سنوورە ئەخلاقییەکان تێیدا کاڵ دەبنەوە، ئەمەش توندوتیژی دەکاتە یارییەکی سادە. پۆنتێن کاتێک چەقۆکەی هەڵگرت، ڕووبەڕووی مەترسیی فیزیکی و لێپرسینەوەی ڕاستەقینە بووەوە؛ بەڵام شاشەی دیجیتاڵی، تاکی پەلاماردەر بێباک دەکات لە توندوتیژییەکەی؛ چونکە خوێن و فرمێسکی قوربانییەکە نابینێت، تەنها چەند پیتێک دەبینێت لەسەر شاشە. تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان زیندوێتی بە پۆست و جەنجاڵییەوە پەیوەستە، بۆ ئەمەش پێویستی بە ئاژاوە، شۆک و پەلاماردانە. تاکی گۆشەگیر، کاتێک دەبینێت لە جیهانی واقیعدا هیچ مانایەک بە دەست ناهێنێت، دێتە ناو فەزای دیجیتاڵییەوە. لێرەدا، هێرشکردنی بێبەڵگە بۆ سەر ئەوانیتر، خێراترین ڕێگایە بۆ دروستکردنی مانایەکی ساختە بۆ وجودی خۆی، چونکە پۆستێکی پڕ لە بوختان لایک و کۆمێنتی زیاتر کۆدەکاتەوە، ئەمەش بەکارهێنەرە پارانۆییەکە هان دەدات کە بەردەوام بێت.
بەشی چوارەم: ئیرەیی ئاوێنەیی وەک بەرهەمهێنەری گوتاری کینەئامێز و هەواڵی چەواشە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا
١.٤ ڕیشەی دەروونی بەرهەمهێنەری تۆمەتی بێبنەما
کاتێک چاودێریی پانتایی دیجیتاڵی، پۆست و کەمپینە جۆراوجۆرەکانی سۆشیال میدیای کوردی دەکەین، بە ڕوونی درک بە دیاردەیەکی نامۆ دەکەین: کەسێکی کە خاوەن پۆزیشنێکی باش، خاوەن بەهرەیەکی دیارە، یان پێگەیەکی فیکری و ئەکادیمیی جێگیری هەیە، بە شێوەیەکی لەپڕتاو دەخرێتە ناو زۆنگاوێکی گەورەی لە تۆمەتی درۆ، فەیک نیووز و بوختانی بێبنەما. پرسیارە گرنگەکە لێرەدا ئەوەیە: بۆچی هێرشبەران کاتێک دەبینن کەسێک لە بوارەکەیدا پێش دەکەوێت، بە دوای دیبەیتێکی مەعریفی یان ڕەخنەیەکی زانستیدا ناگەڕێن، بەڵکو دەستبەجێ پەنا دەبەنە بەر شێواندنی ناوبانگی کەسی، چاندنی تۆمەتی ئەخلاقی یان دارایی، و تێکدانی پێگەی کۆمەڵایەتیی ئەو کەسە؟
سەرەتا بۆ تێگەیشتن لە دیوە دەروونییەکەی، دیدی لاکان لەسەر چەمکی “ئیرەیی ئاوێنەی-Specular Envy” ڕووندەکەینەوە. کاتێک منداڵ لە تەمەنی نێوان (٦ بۆ ١٨ مانگی)-دایە، جەستەی خۆی بە پارچەپارچەبوو دەبینێت، چونکە هێشتا ناتوانێت کۆنترۆڵی ماسولکەکانی بکات. پاشتر کاتێک منداڵەکە سەیری ئاوێنە دەکات، یان وێنەی خۆی لە دەموچاوی دایکیدا دەبینێتەوە، بۆ یەکەمجار وێنەیەکی تەواو، یەکگرتوو و سەربەخۆ لە خۆی دەبینێت. کاتێک منداڵەکە لە ئاوێنەکە دەڕوانێت، عاشقی ئەو وێنە دەرەکییە دەبێت، چونکە زۆر لە خۆی ڕێکخراوتر و بەهێزتر دیارە. بەڵام لە هەمانکاتدا، ئەم پەیوەندییە دەبێتە هۆی دروستبوونی ئیرەیی و ڕقێکی قووڵ، چون منداڵەکە وێنەی ناو ئاوێنەکە وەک منداڵێکی تری هاوشێوەی خۆی دەبینێت نەک خودی خۆی، ئیرەیی لێرەوە دەست پێدەکات، وێنەی ناو ئاوێنەکە وەک ڕکابەرێک دەبینێت کە خاوەنی ئەو جەستە یەکگرتوو و تۆکمەیەیە کە خۆی نییەتی. لێرەوە دوالیزمی خۆشەویستی و ڕق (کینەئەڤین)، وەک خاڵی دەستپێکی ململانێی مرۆڤ لەگەڵ ئەوی تردەست پێدەکات.
لاکان لە شوێنێکدا ئاماژە بە دیمەنێکی مێژوویی دەکات کە سانت ئۆگستین باسی دەکات: منداڵێک دەبینێت براکەی شیری دایکی دەمژێت، منداڵەکە بە ڕق و حەسودییەوە سەیری دەکات. لای لاکان ئەمە نموونەی باڵای ئیرەیی ئاوێنەییە؛ منداڵەکە حەسودی بەوە نابات کە شیری پێویستە، بەڵکو حەسودی بەو وێنە یەکگرتوو و کامڵە دەبات کە براکەی لەو ساتەدا بەرجەستەی دەکات.
لێرەوە دەگەینە ئەو ئاکامەی ئەم ئیرەییە تەنیا ئارەزووی حەزکردن بە هەبوونی شتێک نییە وەک ئەویتر، بەڵکو پێڤاژۆیەکی گومانکاریی (پارانۆیی) قووڵە. هێرشبەر بوونی کەسە سەرکەوتووەکە وەک هەڕەشە بۆ سەر خۆی دەبینێت، چون ناتوانێت بگاتە ئەو پێگە ئایدیالەی بەرامبەر، تاکە ڕێگە بۆ ڕزگارکردنی ئیگۆی شێواوی خۆی، پەلکێشکردنی کەسەکەیە بۆ ناو جیهانی خۆی لەڕێگەی دروستکردی هەواڵی ناڕاست و ناشرینکردنی وێنەکەی لەبەردەم ڕای گشتیدا.
٢.٤ بەدگۆڕانی ئیرەیی بۆ ئۆتۆماتیزمی پارانۆیی لە ڕێگەی فەیک نیووزەوە
لە کەیسی کلینیکیی ئێمیدا، مارگێریت پۆنتێن بە تەواوی دڵنیابوو لەوەی کە نووسەرە گەورەکان بیرۆکەکانی ئەو دەدزن؛ ئەمە تۆمەتێکی بێبنەما بوو کە تەنها لە ناخی پارانۆیی خۆیدا بوونی هەبوو. لە سۆشیال میدیای ئەمڕۆدا، هێرشبەری ئیرەییبەر، ڕێک هەمان پرۆسەی ئێمی دووبارە دەکاتەوە بەڵام بە کەرەستەی پیشەییتر. لەبەرئەوەی ناتوانێت سەرکەوتنی بەرامبەر قبوڵ بکات، لە دەروونی خۆیدا و بە لۆجیکی خۆی چیرۆکێکی خەیاڵی و درۆ (فەیک نیووز) لەسەر قوربانییەکە دروست دەکات بۆ نموونە: تۆمەتبارکردنی بە گەندەڵی، خیانەت، یان بەستراوەیی بە لایەنێکی شاراوەوە.
ئەم تۆمەتە درۆیانە، بۆ هێرشبەرەکە واقیعێکی دەروونیی ڕەهایە؛ ئەو پێویستی بە بەڵگە نییە، چونکە ئیرەیییەکەی پێی دەڵێت کە هەر کەسێک لەم واقیعەدا بگاتە جێگەیەک، بێگومان بە ڕێگەیەکی ناڕەوادا ڕۆشتووە. تۆمەتە چەواشە و فەیکەکان لێرەدا دەبنە میکانیزمێک بۆ کەمکردنەوەی جیاوازیی نێوان ئاستی هێرشبەرەکە و ئاستی کەسە سەرکەوتووەکە.
٣.٤ زڕەوێنە و سڕینەوەی ناسنامەی مرۆیی
کاتێک تۆمەتێکی درۆ لە سۆشیال میدیادا بڵاودەکرێتەوە، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ڕێگەی ئەلگۆریتمەکانەوە ئەو تۆمەتە گەورە دەکەنەوە. لێرەدا، وەک ژان بۆدریار ئاماژەی پێدەدات، وێنە ڕاستەقینەکەی ئەو کەسە ون دەبێت و وێنەیەکی تری ساختە لەسەر شاشەکان جێگەی دەگرێتەوە. خەڵکی و بەکارهێنەرانی پێگەکان چیتر سەیری مێژوو و کارە ڕاستەقینەکانی ئەو کەسە ناکەن، بەڵکو سەیری ئەو مۆنتاژە دەکەن کە ئیرەیی هێرشبەرەکە بۆ وێنەی کەسەکە دروستی کردووە، ئیتر مامەڵەی بەکارهێنەران لەگەڵ زڕەوێنەی قوربانییەکەدا دەبێت.
٤.٤ بەتاڵبوونەوەی بەکۆمەڵ
تۆمەتی بێبنەما لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا تەنها لەلایەن یەک هێرشبەرەوە نامێنێتەوە، بەڵکو دەبێتە کەمپینێکی بەکۆمەڵ. چون لە کۆمەڵگەی هاوچەرخدا، ژمارەیەکی زۆر لە تاکەکان لە ژێر فشاری گۆشەگیری، بێهیوایی و شکستە کەسییەکانی خۆیاندان. کاتێک دەبینن کەسێکی سەرکەوتوو بە بوختانێک ناوی دەزڕێت، ئەوانیش دێنە ناو کایەکە و بەشدار دەبن لە شکانەکەی.
ئەم بەشدارییە بەکۆمەڵە لە شێواندنی ناوبانگی خەڵک، جۆرێکە لە کاتارسیسی بەکۆمەڵ (بهتاڵبوونهوهی دهروونی گشتی). ئەوان بە سووکایەتیکردن بە کەسێکی دیاریکراو یان خاوەن پێگە، بۆ چەند ساتێک وا هەست دەکەن کە خۆیان لە سەرەوەن و شکستی خۆیان لەبیر دەچێتەوە.پاش ماوەیەک هێرشبەر دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی ئاسایی و بۆ ماوەیەک مت دەبێت. ڕێک هاوشێوەی سڕبوونی نیشانەکانی ئێمی دوای بەندکردن، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە دەبینێت توانیویەتی ناوبانگ و ئارامیی کەسە سەرکەوتووەکە تێکبدات، بەمەش بۆ ماوەیەک سەرکەوتنی کەسەکە دەباتە ئاست شکستی خۆی و مت دەبێت، بەڵام ئەم قۆناغە کاتییە، بۆ خۆراکپێدانی پارانۆیاکەی بەردەوام پێویستی بە قوربانی نوێیە.
ئاکام
بەتاڵبوونەوەی دەروونی لای لاکان و بەدیجیتاڵبوونی ژیان لای بۆدریار، دەستنیشانی ئەو ڕاستییە دەکەن کە پشێویی و ئاژاوە میدیاییەی ئەمڕۆ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەیبینین، بەشێکی زۆری نەخۆشخانەیەکی دەروونیی گەورەیە. تاکی شکستخواردوو چیتر پێویستی بە چەقۆیەکی فیزیکی نییە وەک مارگێریت پۆنتێن؛ شاشەی مۆبایلەکەی چەقۆیەکی نوێیە کە پێی وایە بە هێرشکردن پێی دژی (ئیگۆ-ئایدیاڵ)-ەکانی، دەتوانێت واقیعی تێکشکاوی خۆی بپارێزێت، بەڵام لە ڕاستیدا ئەو تەنها ژەهری شاشەکان قووڵتر دەکاتەوە. تێگەیشتن لەم دیاردەیە، یارمەتیدەرمان دەبێت وەک نیشانەیەکی کلینیکیی داڕمانی ناوەکیی تاکەکان سەیری بکەین
لیستی سەرچاوەکان
عەلی، ب. (٢٠٢٠). سێوی سێیەم(چاپی چوارەم). ناوەندی ڕەهەند.
ژیژەک، س.(٢٠١٥). چۆن لاکان بخوێنینەوە. (و. عومەر، وەرگێڕ). دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم.
ڕێکخراوی ئازادبوون. (٢٠٢٢، ٣٠ی حوزەیران). زنجیرەی دەروونشیکاری-بەشی حەوتەم ژاک لاکان.
[ https://www.youtube.com/watch?v=Q4B5AdXFu_4]. یوتیوب.
محەمەد، هاوار. (٢٠١٨). زێدەواقیعى: چەند یادداشتێک دەربارەى فەزاى مەجازى. ماڵپەڕی دیدی من. وەرگیراوە لە ڕێکەوتی [٥/٤/٢٠٢٦] : https://didimn.com/hawar-muhemed-derbarey-fezay-mejazy
قەرەداخی، بەهات حەسیب و شێخ حسێن، ئاسۆ قادر. (٢٠٢٣). بڵاوبوونەوەی گوتاری ڕکوینە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا (توێژینەوەیەکی شیکاریی بۆ تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک). گۆڤاری ئێتوێژەر، زانکۆی سۆران، بەرگی (٦)، ژمارە (١).: https://journals.soran.edu.iq/index.php/Twejer/article/view/524
Hook, D. (2025, September 3). Lacan on Paranoia (1): Introducing Lacan’s doctoral thesis [https://www.youtube.com/watch?v=XLrkykaeif8]. YouTube.
Hook, D. (2025, September 3). Lacan on Paranoia (2): Paranoia as diagnostic category [https://www.youtube.com/watch?v=qB9q5bCDpc4]. YouTube.
Hook, D. (2025, September 4). Lacan on paranoia (3): Aimée’s paranoias [https://www.youtube.com/watch?v=vS5pWuhk1Pg]. YouTube.
Rahmat, A. F. (2025). Simulacra and Digital Media: A Study on Baudrillard’s Media Theory. ResearchGate. https://www.researchgate.net/publication/391771431
Trottier, D. (2020). Digital Catharsis: Collective denunciation and moral crusades on social media platforms. Information, Communication & Society, 23(8), 1105-1121. https://doi.org/10.1080/1369118X.2018.1553147
Vanheule, S. (2011). Lacan’s construction of the case of Aimée: On paranoia and self-punishment. Frontiers in Psychology, 2, 34-45. https://doi.org/10.3389/fpsyg.2011.00034
Zimdars, M. (2018). The algorithmic envy: Fake news as a mechanism of identity defense. Journal of Communication, 68(3), 425-447. https://doi.org/10.1093/joc/jqy011