رێکخراوی ئازادبوون بۆ گەشەپێدانی بەردەوام

درشت بینی؛ لە نێوان وێنە گەورەکەی ئەنفال و پارچە ونبووەکانیدا

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسین: هۆمەر محەمەد

٢٣ی ئایاری ٢٠٢٦ سلێمانی

لەمێژە ئەوە دووبارە دەکەمەوە کە بە گشتی خەڵک وێنە گەورەکەی تاوانی ئەنفال دەبینن و پارچە بچووکەکانی ون کردووە یان نایانبینێت. ئەمە بە تایبەتی لە کاتی دادگاییکردنی سەدام و عەلی حەسەن مەجیددا بە ڕوونی دیار بوو. ئەم دەرفەتە مێژووییە لە دەست چوو، لە کاتێکدا دەبوو گرتنی ئەوان باشترین کلیلی دەرگای دۆسیە ئاڵۆز و پڕ لە تاوانکارییەکەی ئەنفال بێت. پێویست بوو گەڕان بە دوای حەقیقەتدا بکرێتە بنەما، نەک تەنیا لەسێدارەدانی ئەوان و دروستکردنی دیوارێک لە بەردەم ئەو دەرگایەدا.

لێرەوە دەتوانین بڵێین کە ڕووکەشبینی لە تێگەیشتن لە دۆسیەی ئەنفال و تەواوی دۆسێکانی تردا، گەورەترین زیانی نەک هەر بەدۆسێی ئەنفال و دادپەروەریی بەڵکو بەتەواوی سێکتەرەکانی دەوڵەتداری و کۆمەڵگەی عێراقی گەیاندووە. کاتێک باس لە تاوانی جینۆساید دەکرێت، تەنیا مەبەست لە ناوبردنی فیزیکیی مرۆڤەکان نییە، کاتێکیش داوای دادپەروەری دەکرێت ناکرێت لە سزای لەسێدارەدانی تاوانکاراندا کورت بکرێتەوە، بەڵکو نەهێشتنی سزای لەسێدارەدان لە یاسای دەوڵەتدا بەتایبەتیش لە شوێنێکی وەک و عێراقدا باشترین رێزگرتنە لە قوربانیەکان و زیانلێکەوتووان. چونکە ئەوە ژیانی زیندووەکان دەپارێزێت. بەپێچەوانەشەوە هەر ڕاستە لەسێدارەدانی سەدام و عەلی حەسەن مەجید هەوڵێک بوو بۆ داخستنی دەرگاکە بەسەر چیرۆکەکان و وردەکاریی ڕەفتاری جەلاد و ئازاردانی قوربانی. ئەوەی تاوانکاری  مێژوویی دەخاتە ڕوو گیڕانەوەی چیرۆکە بەنیازی پەند و عیبرەت لێوەرگرتنی. ئەفسوس ئەم هەلە لە دادگاییکردنی تاوانبارانی وەک عەجاج و هاوکارانیشی لەدەستدرا، دەبوو هەر یەک لەو تاوانبارانە ببنە سەرچاوەیەک بۆ گەیشتن بە زانیاریی و ورد و پەنهان تەنانەت دۆزینەوەی چارەنووسی هەزاران بێسەروشوێن و ئاشکراکردنی نەخشەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان. هەتا ئێستا لە میدیای کوردی و عیراقیدا ئەوەی دەرناکەوێت چارەنووسی گەنجە فەیلیيەکانە ئەوان وەک ئەوەی زەووی قوتی دابن و لافاو بردبنی هیچ کەس نازانێت چییان لێ کراو لەکوێ نێژراون؟ کوشتاری فەیلیەکان کە خۆی لە نێوان ١٥٠٠٠ هەتا ٢٢٠٠٠ هەزار فەیلی دەدات نەگۆڕیان دیارە و نە بەڵگەیەک لەبارەی چارەنوسیانەوە تەنانەت لەدادگایی کردنی تۆمەتبارانیشدا ئەمە دەرنەکەوت! ئەوەش ئاماژەیەکی ڕوونە کە دادگایی کردنی دۆسێی  جێنۆساید بۆ دەرخستنی حەقیقەت نییە بەڵکو سزادانی چەند تۆمەتبارێکە کە دەسەڵاتدارانی عێراق دەیانەوێت نەمێنن دەنا خۆ هەزاران تۆمەتباری جێنۆساید بە بەرچاوی خەڵک و یاسادا دەسوڕێنەوە! ئەمە وێنەیەکی ترمان نیشان دەدات و ڕاستییەک دەسەلمێنێت کە دەوڵەتدار هێندەی خەریکی بزنسن هێندە خەریکی سیاسەت نین. هێندەی خەریکی کەڵەکەکردنی سەرمایەن هێندەش بێ باکن لە ئایندەی وڵات و سەلامەتی هاوڵاتی. گۆڕینی دۆسیەی جێنۆساید بۆ ململانێی سیاسی و بازرگانی دەسەڵاتداران گورزێکە بە جەوهەری مرۆیی و یاسایی دۆسێکە کەوتووە و بووەتە هۆی ئەوەی لە ئاستی نێودەوڵەتیش تێگەیشتنێک بۆ ناساندنی ئەم تاوانە خاوو ببێتەوە کەپێشتر جوڵەیەک هەبوو.

شێوازی دادگاییکردنی تۆمەتبارانی (جێنۆساید لەهەموو دۆسێکاندا) کە لە چوارچێوەی سزادانی جەستەییدا کورت کرایەوە، ڕێگرە لەوەی نەک هەر هاوڵاتی و کەسوکاری قوربانیەکان بەڵکو توێژەران و ڕۆشبیرانیش شۆڕببنەوە بۆ ناو دونیای بەعس ناسی و ئەو سیستمە بیرۆکراسییەی کە ئەنفالی بەڕێوەدەبرد. دەنا ئەگەر عەجاج و کەسانی هاوشێوەی ئەو، تەنیا جێبەجێکاری فەرمان بوون، ئەی ئەوانەی بیرکەرەوە و پلاندانەری تاوانەکە بوون بۆچی لێیان نەپرسرایەوە؟ بۆچی داوای ئاشکراکردنی حەقیقەتیان لێ نەکرا؟ بۆنموونە کارەکتەرێکی وەک تاهیر تۆفیق ئەلعانی کە لەسەر وەختی ئەنفالدا بەرپرسی کاروباری ناوچەی باکوری نوسینگەی ڕێكخستنی حزبی بەعس و یاریدەدەرێکی چالاکی عەلی حەسەن مەجید بوو. چۆن و بەچ پێوەرێک ئازادکراو لەدادگا بێتاوان دەرچوو؟ لەکاتێکدا ئەم تۆمەتبارە و هاوشێوەکانی بەشێک بوون لە مەکینەیەکی گەورەی دەوڵەت کە بە هەزاران بەڵگەنامە و وردەکاریی شاراوەیان لەلا بوو. ئەم ڕوکەشبینییە هەر لە دادگاییکردنەکاندا کورت نەبووەتەوە بەڵکوو لە پرۆسەی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەرشیف و نوسراو و بەڵگەنامەکانی بەعسیشدا ڕەنگیداوەتەوە کە بەشێکی زۆریان لە ناو چوون یان ڕادەستی ئەمریکیەکان کران. توێژەران و لێکۆڵیارانی کورد و عێراقی لێ بێبەشبوون ئەوەش هەمان ئەو دیوارەیە کە لە بەردەم حەقیقەتدا دروستکراوە.

 پەلەکردن لە لێکۆڵینەوە و دواجاریش لە بڕیاردان و داخستنی دۆسیەکان و پەنابردن بۆ سزای لەسێدارەدان وەک (تاکە چارەسەر)، بووە هۆی ئەوەی کە خەڵکی کوردستان و عێراق نەگەن بە ڕاستییەکان. هەرئەوەشە وای کردووە هەتا ئێستا خەڵک بەگشتی وێنە گەورەکە ببینێ و پرسیاری درشت و هەزارجار دووبارە بکاتەوەو سەرئەنجامیش هیچ وەڵامێکی چنگ نەکەوێت. دەنا خۆ دادپەروەریی ڕاگوزەر بۆ عێراق وەک هەواو ئۆکسجین پێویست بوو، ئەی بۆچی خەڵکی عیراق ئەم قۆناغەی نەبینی؟ خۆ ئەوەڕوونە کە دادپەروەری تەنها بە سزادانی تاوانکاران بەدی نایەت بەڵکوو پێویستی بە دانپیانانی فەرمی و قەرەبووکردنەوەی ماددی و مەعنەویی قوربانی هەیە کە تێیدا هەموو پێکهاتەکان بگرێتەوە.

لە ڕوانگەیەکی زانستی و ئەکادیمییەوە، دادپەروەری کاتێک بەدی دێت کە حەقیقەت ئاشکرا بێت. ڕووکەشبینی لە دادگاییکردنەکاندا وای کرد کە ڕەهەندە مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکانی ئەنفال و تاوانەکانی دی فەرامۆش بکرێن و تەنیا وەک ڕووداوێکی سیاسی و سەربازیی تەماشا بکرێت. یاخود تاوانکاران لە کەسایەتیەکاندا کورت بکەنەوە نەک لە سیستمی سیاسی و لە یاساکانی دەوڵەتدا، ئەمەش وای کردووە کە ئێستاشی لەگەڵدا بێت، دۆسیەی جێنۆسایدی کورد لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکاندا وەک پێویست نەناسرێت، چونکە نەیانتوانی لە ڕێگەی ئەو دادگاییکردنانەوە گوتارێکی یاسایی و مێژوویی تۆکمە بونیاد بنێن کە تێیدا هەموو پارچە بچووکەکانی ئەو تاوانە گەورەیە پێکەوە گرێ بداتەوە و سەرئەنجام دەوڵەت و یاسا و دەستووری وڵات لەسەر بنەمای دووبارە نەبوونەوەی ئەو تاوانانە بوونیات بنێرێتەوە.

بۆیە پێویستە لە داهاتوودا توێژەران بە دیدێکی فراوانترەوە لە هەر هەوڵێکی نوێی توێژینەوەکانیاندا، خۆیان لە کۆپی پەیست و لەو ڕووکەشبینییە ڕزگار بکەن نەک هەر ئەوەندە بەڵکو هەوڵ بدەن لە پشت وێنە گشتییەکەوە، بە دوای ئەو وردەکارییانەدا بگەڕێن کە بە بنکۆڵکردن و گەڕان و پشکنین دەتوانن بەزانیاریی نوێ بگەن دەنا ناسنامەی ڕاستەقینەی جەلاد و قوربانی و سیستمی تاوانکارییمان بۆ ڕوون نابێتەوە. بەم شێوەیە دەتوانین ڕێگربین لەوەی جارێکی تر دیوار لە بەردەم حەقیقەتدا دروست بکرێتەوە.

خۆ وەنەبێت ڕزگاربوون لەم ڕووکەشبینییە تەنیا ئەرکی دادگاکان و دادوەرەکان بێت نەخێر ئەوە ئەرکی هەموومانە لە پێش هەمووانەوە ناوەندە زانستی و ئەکادیمییەکان کە پێویستە بەشوێن مێژوو و دۆزینەوەی زانیاریی نەبیستراو و وردەکاریی پشت سیستمە دکتاتۆری و فاشییەکانەوەبن، بە مەبەستی ئەوەی کۆیادەوەریی دروست بێت و یادەوەریش لە خزمەتی مرۆڤ و شکۆی جێنۆسایدکراودابێت.

هاوشێوە