رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

لە دنیاى ئەمڕۆدا، چێژگەرایی لە مەسرەفگەرایی ئەخلاقیترە

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسین: کاترین ویڵسن

وەرگێڕان: ئیکرام حەمە

    بەختەوەرى چییە؟ هەر کەس وەڵامى تایبەت بە خۆى هەیە. هەندێک لە سەروەت و سامان و دەسەڵاتدا بەدوایدا دەگەڕێن، هەندێک پێیان وایە لە ڕێگەى ژیانێکى ئەخلاقییەوە دەتوانین پێى بگەین. لەنێو قوتابخانە فەلسەفییە کۆنەکاندا، ئەپیکۆر و پەیڕەوکارانى ئاڵۆزترین وەڵامى ئەو پرسیارەیان داوەتەوە. وەڵامێک کە لە لاى خەڵک بە چێژپەرستى و دڵچەرێنى ناوبانگى دەرکردووە، بەڵام گەر لە دەقە سەرەکى یاخود بنەڕەتییەکانى ئەم فەیلەسووفە بڕوانین، تێدەگەین لەوەى ئامۆژەکانی دەتوانن ڕێگەیەک بۆ ڕزگاربوون لە دنیاى چاوچنۆک و کێبڕکێخوازى ئەمڕۆماندا پیشان بدەن.

     منیش وەک زۆر کەسی دیکە، بە چاوى گومانەوە لە هەموو ئەو کتێب و وتار و بابەتانە دەڕوانم کە بانگەشەى دەرخستن و ئاشکراکردنى نهێنییەکانى بەختەوەرى دەکەن. لە ڕوانگەى منەوە، بەختەوەرى کاتیی و زووتێپەڕە کە پاش گفتوگۆ لەگەڵ هاوڕێیەکمدا هەستى پێ دەکەم، یان پاش بیستنى پارچە مۆسیقایەکى نوێ و کاریگەر لە ڕادیۆوە، یاخود هاوبەشیپێکردنى هەستى متمانەى دوولایەنە لەگەڵ خزمێکدا، یان هەستان لە خەوێکى شەوانەى قوڵ پاش چەند ڕۆژێک لە هەڵامەت. بەختەوەریی جۆرە هەستێکى دڵخۆشییە لە ساتێکدا کە ناتوانین ڕاوى بکەین، بەدەستى بهێنین و بۆ ماوەیەکى زۆر چێژ لە ئامادەییەکەى وەربگرین.

     بەڵام ڕازیبوون بە بارودۆخ و بەڕێوەچوونى کاروبارەکان، بە شێوەیەکى گشتى لە بەختەوەرى جیاوازە. ڕەزامەندى لەگەڵ چۆنیەتى و کاروبارەکانى ژیان لە پەیوەندیدایە؛ واتە هەمان ئەو شتەى کە هانمان دەدات هەموو بەیانییەک لە خەو هەستین، ئاگادارى ڕووداوەکانى جیهان بین، دەستوپەنجە لەگەڵ ئەو شتانەدا نەرم بکەین کە ئەو ڕۆژە دێتە بەردەممان. بۆ هێنانەدیی ڕەزامەندى، لەگەڵ بەربەستگەلێکدا ڕووبەڕووین کە ئەگەر نەتوانین بە شێوەیەکى تەواو بیانخەینە لاوە، دەتوانین بە ڕێژەیەکى زۆر ئاست و ژمارەیان کەم بکەینەوە. هەندێک لە نووسەران، بەڵگەکاریی ئەوە دەکەن کە ڕەزامەندى زیاتر لە هەر شتێکى دیکە پەیوەستە بە ژین، شوێنى ژیان و ئەو وەرزەى ساڵ و یاخود چۆنیەتى مامەڵەکردنى کەسانى دیکە، لەوانەش دەوڵەت لەگەڵ تاکدا. بەم شێوەیە، زانستى دەروونناسی و هاوبەشیپێکردنى ئەزموونە یەکەمینەکانى تاک بەدرێژایی چەندان نەوە، دەتوانێت لەم ڕێگەیەدا ڕۆڵێکى یارمەتیدەر بگێڕێت.

     لەسەر ئەم بنەمایە، فەلسەفەش تواناى یارمەتیدانى ئەم ڕەوەندەى هەیە. قوتابخانە فەلسەفییەکان لە کۆندا، لەوانەش فەلسەفەى ئەفڵاتونى، ڕەواقى، ئەرستۆیی و قوتابخانەى دڵخوازى من، ئەپیکۆری، بە شێوەیەکى ڕاستەوخۆ لە پرسیارکردن لەبارەى ژیانى خوازراوەوە بەشدارییان هەبووە. هەموو فەیلەسووفان بە ئایدیاڵى «ژیان بەپێى سروشت»ەوە پابەند بوون، کە تیایدا سروشتى مرۆیی و نامرۆیی هەردووکیان لەبەرچاو گیراون؛ لەگەڵ ئەوەشدا لەبارەى کرۆک یان ماهییەتى ئەو ئایدیاڵەوە ڕاجیاییان لە نێواندا هەبووە. نووسینە سەرەکییەکانى ئەم فەیلەسووفانە، کە بە شێوەیەکى گشتى بە ئاسانى لێیان تێدەگەین و شیاوى خوێندنەوەن، نووسینگەلێکن کە دەبنە هۆى تێڕامان، نەک تەنیا بۆ فێرخوازان و پسپۆڕانى فەلسەفە، بەڵکوو بۆ هەموو ئەو کەسانەى کە گرنگى بە بابەتگەلێکى وەک سروشت، کۆمەڵگە و خۆشگوزەرانی دەدەن، سەرچاوەیەکى دەوڵەمەندن.

     «قوتابخانە»ى فەلسەفى چ واتایەکى بۆ ڕۆمى و یۆنانییە کۆنەکان هەبووە؟ بە شێوەیەکى گشتى، فەیلەسووفانى هەر قوتابخانەیەک کۆمەڵە کەسێک بوون کە بۆچوون و بەهاى هاوبەشیان هەبووە، بە شێوەیەکى ڕێکخراو بۆ گوێگرتن لە قسەکانى مامۆستاکەیان و گفتوگۆى ناوەکى و دەرەکى لەبارەى بابەتگەلى جیاوازەوە لە دەورى یەکتر کۆدەبوونەوە، هەوڵیان دەدا بەرگرى لە بۆچوونەکانى خۆیان بکەن لە بەرانبەر قوتابخانە فەلسەفییەکانى دیکەدا. ناوەڕۆکى وتار و گفتوگۆکانیان دواتر لە لایەن مامۆستا یاخود فێرخوازەکانەوە دەنووسرانەوە. هەڵبەتە فەلسەفە پەروەردە و فێرکردنێکى گشتى نەبووە، لەگەڵ ئەوەشدا لەسەدا ٤٠ تاکوو ٨٠ى خەڵکى ئەسینا چەند سەدەیەک پێش زایین، لە کۆیلەکان پێکهاتبوو. دەکرا کۆیلەکان لە کۆبوونەوە فەلسەفییەکاندا ئامادە بن، بەڵام بەشدارییان لە گفتوگۆکاندا نەدەکرد.

     ئەفڵاتون، کە بیرکردنەوە و بۆچوونەکانى سۆکراتى لە سەدەى پێنجى پێش زاییندا کۆکردبووەوە، جەختى لەسەر برەودان بە چوار فەزیلەت دەکردەوە، واتە عەقڵ، ئازایەتى، میانڕەوى و دادپەروەرى. ئەم فەزیلەتانە لە تەنیشت فەزیلەتەکانى دیکەدا، لەوانەش حەقیقەت و جوانى، بە واقیعیتر لەوانە دەزانێت کە لە ماددە پێکهاتوون. لە ڕوانگەى ئەفڵاتونەوە فەزیلەت تاکە ڕێگەى گەیشتنە بە دایمۆنیا، کە بە شێوەیەکى گشتى ئەو وشەیەیان بە «بەختەوەرى» وەرگێڕاوە. لە ڕوانگەى ئەوەوە، ناپاکى، ترسنۆکى، زۆرخۆری، ئارەزووبازى، توندڕەوى و هەڵسوکەوتى خراپ لەگەڵ کەسانى دیکەدا، دەبێتە هۆى دروستبوونى کەسێتییەکى شێواو و پەرێشان.

     گوێگرانى سۆکرات و ئەفڵاتون، گەنجە بەرزەفڕ و نازپەروەردەکانى خێزانە بەنێوبانگەکانى ئەسینا بوون، کە پێویستیان بە پەروەردە و فێرکردن هەبوو.  بەڵام ئایا بۆچوونەکانى ئەفڵاتوون سەبارەت بە گەشەى مرۆیی لە ڕێگەى فەزیلەتەکانەوە، ژنانیش دەگرێتەوە؟ ئەفڵاتون و ئەرستۆ و ڕەواقییەکان، قوتابخانەکانیان تەنیا پیاوانى لەخۆ دەگرت. زۆرینەى ژنان (لایەنى کەم ژنە ڕێزلێگیراوەکانى کۆمەڵگە) تاکوو ئەو سەردەمە لەنێو سنوورى خێزاندا قەتیس مابوون و ماڵداری هەلێکى ئەوتۆی بۆ پیشاندانى ئازایەتى (کە زیاتر لە جەنگدا دەبینرێت)، عەقڵ (کە پێویستى بە فێرکردن و ئەزموونى دنیاى دەرەوەى ماڵ هەبوو)، میانڕەوى (بەهۆى نەبوونى ئازادیی سێکسی و بەشدارینەکردنیان لە میوانى و مەجلیسەکانى مەیخواردنەوەدا)، دادپەروەرى (بەهۆى مەحاڵبوونى تواناى بڕیاردانى ژنان لەبارەى پیاوانى پێگەیشتوو و دیاریکردنى پاداشت و سزاوە) بۆیان نەدەهێشتەوە. ئەرستۆ وەک قوتابییەکى دیاری ئەفڵاتون، لە سەدەى چوارى پێش زاییندا نووسیویەتى فەزیلەت بۆ ژنان و پیاوان وەک یەک نییە. لە ڕوانگەى ئەوەوە، فەزیلەتى سەرەکی بۆ ژن گوێڕایەڵییە، کە دەبێتە هۆى گەشە و بەرەوپێشچوونیان.

     ئەرستۆ، بەراورد بە ئەفڵاتون، لە دامێنێکى زۆر فراوانترى بابەتەکاندا، لە زیندەناسیی بوونەوەرە ئاوییەکانەوە بگرە تاکوو منداڵخستنەوەى مرۆڤ و، لە دامەزراوەى سیاسییەوە بگرە تاکوو پێکهاتەى دراما و ڕەوانبێژى، دەقگەلێکى نووسیوە. لە کتێبی ئەخلاقدا ئاماژە بەوە دەکات کە دەشێ هەندێک لە فەزیلەتە پێویستکراوەکان لە ئاستى خوازراو واوەتر بڕۆن. بەو واتایەى کە ئازایەتیی لەڕادەبەدەر دەبێتە هۆى بێباکى و میانڕەویی زۆر دەبێتە هۆى ئیرەیی. دەتوانم لەبارەى ئەم بابەتەوە نموونەى دیکەش بهێنمەوە کە تیایدا، پابەندیی تێکەڵ بە دەمارگیریی بۆ دادپەروەرى، دەشێ ببێتە هۆى لەنێوچوونى میهرەبانى و لێبوردەیی، کە ئەوانەش لە ڕیزى فەزیلەتەکاندان. بەڵام پشکى ڕاستەقینەى ئەرستۆ لە فەلسەفەى ئەخلاقدا، بەو خاڵەوە گرێ دراوە کە لە ڕوانگەى ئەوەوە، بەختەوەرى پێویستى بە کەمێک بەبەختى یاخود بەختى باش هەیە. چونکە ئەگەر بە نەخۆشییەکى مەترسیدار و تەشەنەسێنەوە، یانیش لەنێو جەنگدا لەدایک بین، یان ئەگەر دوژمنگەلێکى دەسەڵاتدارمان هەبێت کە بەردەوام ببێتە ڕێگر لەبەردەم بەرەوپێشچوونماندا، شانسى گەشە و بەرەوپێشچوونمان کەمترە لە حاڵەتەکانى دیکە. لە ڕوانگەى ئەرستۆوە، بۆ دەستڕاگەیشتن بە بەختەوەرى نەک تەنیا دەبێت فەزیلەتەکان بەکار بهێنین، بەڵکوو پێویستمان بە هاوڕێى باش، تەندروستى و داهاتێکى باشیش هەیە.

     سێیەم قوتابخانەى گەورەى کۆنى فەلسەفى، ڕەواقییە، کە ژمارەیەک لە ئامۆژیاران و نووسەران لە نەریتى یۆنانى و ڕۆمیدا، لەوانەش ئەپیکتاتۆس و سینکا، نوێنەری ئەون. ڕەواقییەکان گەڕانەوە بۆ ئەو بۆچوونە ئەفڵاتونییە کە ڕووداوە دەرەکییەکان کاریگەرییەکى کەمکەرەوە [یان زیادکەر]یان لەسەر خۆشگوزەرانى و دڵخۆشی نییە. بە بۆچوونى ئەوان دنیا لە ڕێگەى جۆرێک ویست و قەدەرەوە بەڕێوەدەچێت و تەنیا ئەو ڕووداوانە ڕوو دەدەن کە دەبێت ڕوو بدەن. لەو ڕووەوە، دەبێت مرۆڤ چارەنووس و ئەو شتانە قبوڵ بکات لە ڕابردوو و داهاتوودا بۆی دانراوە. لەو ڕووەوە کە هیچ ئەگەرێک بۆ هاتنەکایەى بارودۆخێکى دیکە بوونى نییە، پەشیمانى و خەمخواردن بۆ بڕیار و کارەکانى ڕابردوو بەتەواوى بێسوودە.

     لە ڕوانگەى ڕەواقییەکانەوە نەک تەنیا پەشیمانى، بەڵکوو هەستگەلێکى وەک، توڕەیی، شەرم، میهرەبانى و خۆشەویستى، نەخۆشیگەلێکن لە ڕۆحدا کە پێویستە چارەسەر بکرێن. هەڵبەتە لەم قوتابخانەیەدا جۆرە چاکەکارییەکى گشتى بەرانبەر بە مرۆڤەکان بە ڕێپێدراو زانراوە. لە ڕوانگەى ڕەواقییەکانەوە، کاردانەوەى سۆزەکى هەمیشە لەسەر ئەو وەهمە دامەزراوە کە ڕووداوێکى دەرەکى، قسەیەکى ناخۆش، ناپاکیی هاوڕێیەک، بینینى کەسێکى تایبەت یاخود ئەشکەنجەیەک، بە شێوەیەکى بابەتى لەخۆگرى خەسڵەتێکى باش یان خراپە. لە کاتێکدا ئەو هەستانە جۆرە پەرێشانییەکى جەستەییە کە بووەتە هۆى نیگەرانیی دەروونى. لەم ڕووەوە، بۆ گەڕاندنەوەى ئارامى دەبێت ئەوە بە بیر خۆمان بهێنینەوە کە ئەو ڕووداوانە بەردەوام ڕوو دەدەن و هەر دەبێت ڕوویش بدەن. بە بۆچوونى ڕەواقییەکان، نەفس «بەربەستێکى ناوەکی»یە کە تواناى ڕاوەستانى بەرانبەر هەموو هێرشێکى دەرەکی هەیە.

     فەلسەفەى ڕەواقى ئەمڕۆکەش پەیڕەوکارانێکى زۆری هەیە. چونکە ڕێکارگەلێکى ڕوون بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى کێشەکانى ڕۆژانە پێشنیار دەکات. ئەو شێوازە دەرووندەرمانیانەى کە پێشنیارى دوورکەوتنەوە لە کێشەکان یان گۆڕینى گۆشەنیگامان لە کاتى ڕووبەڕووبوونەوەیاندا دەکەن، نزیکایەتییەکى زۆریان لەگەڵ شێوازى ڕەواقییەکاندا هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا، فەلسەفەى ڕەواقى و دەرووندەرمانى ڕووبەڕوون لەگەڵ دژواری و کێشەگەلێکى جۆراوجۆردا. بە بۆچوونى من، گرنگترین کێشەى ئەو پەیوەندییە، ئەوەیە کە شێواز و ڕێگا پێشنیارکراوەکانیان نەسەلمێنراوە. بە جۆرێک کە هەتاکوو ئێستا هیچ لێکۆڵینەوەیەکى ئەزموونى وردم نەبینیوە کە دەری بخات ئەو کەسانەى کە لە ڕووى سۆزەکییەوە کێشەیان هەیە و، سوودیان لەو چارەسەرانە وەرگرتووە کە لەسەر گۆڕینى گۆشەنیگا دامەزراون، پاش تێپەڕبوونى ماوەى چارەسەرییەکەیان بارودۆخێکى باشتریان بەراورد بەو کەسانە هەبووە کە تەنیا بە پشتبەستن بە تێپەڕبوونى کات کێشەکەیان چارەسەر کردووە.

     دووەم کێشە لە شێوازەکانى ڕەواقییەکاندا، بریتییە لەو ڕاستییەى کە ئەوە هەستەکانن بەها بە ژیان دەدەن. بێهەستیی سۆزەکى و بێئەنگێزەیی، تایبەتمەندییەکى سەرەکیی خەمۆکییە و هەر لەم ڕووەوە، ئەو دەرمانانەى کە هەستەکان دادەمرکێننەوە، لە لایەن نەخۆشە وەرگرەکانەوە پێشوازییەکى ئەوتۆیان لێ ناکرێت. لێکۆڵینەوە ئەزموونییەکانى ئەم دواییە دەریان خستووە کە ئێمە بۆ بڕیاردان پێویستمان بە هەستەکانمان هەیە و گەر وا نەبێت، بەردەوام توشی سەرلێشێواویی دەبین. چونکە گەر بەبێ هەستەکان، بمانەوێت دەست بۆ هەر کارێک ببەین، لە قۆناغى دۆزینەوەى هۆکارە پاڵپشت و دژەکاندا دەوەستین. لە کۆتاییدا، ڕەواقییەکان لەو باوەڕەدا بوون کە میهرەبانى بەرانبەر کەسانى ئازارچەشتوو تەنیا دەبێتە هۆى هەستێکى نەخوازراو لە تاکدا، کە ئەم تێگەیشتنەش بە ڕوونى نامرۆڤانەیە.

     چوارەمین قوتابخانەى فەلسەفیی کۆن لە سەدەى سێیەمى پێش زایین لە ئەسینا، لە لایەن ئەپیکۆرەوە دامەزرا و لە لایەن پەیڕەوکارە ڕۆمییەکانییەوە، وەک لۆکریتۆس، خاوەنى نووسینى بەناوبانگى «سەبارەت بە سروشتى شتەکان»[1]، بەردەوامی پێ درا. فەلسەفەى ئەپیکۆرى پێکهاتەى گشتى و تێگەیشتنەکانى دیکەى قوتابخانە فەلسەفییەکانى لەبارەى بەختەوەرییەوە، خستە بەردەم ئاڵنگاری. ئەپیکۆر و پەیڕەوکارانى، لە دەرەوەى دیوارەکانى شار، جۆرە کۆمۆنێکى هاوبەشیان لە ماڵى ئەپیکۆردا پێکهێنا، کە دەکەوتە نێوەڕاستى باخێکەوە. ئەوان خۆراکەکانیانیان هاوبەشی پێ دەکرد، دادەنیشتن و باسی زانست و بنەما ئەخلاقییەکانیان دەکرد و ڕاوێژیان بە یەکدى دەکرد. لە کۆبوونەوەى ئەپیکۆرییەکاندا ژنانیش ئامادەییان هەبوو، وەها نەبوو کە گەشە و بەرەوپێشچوون وەک بابەتێکى تایبەت بە هەندێک پیاوى دیاریکراو وێنا بکرێت. ئەپیکۆر بە شێوەیەکى ئاشکرا بەهۆى پەیوەندیی سێکسی لە دەرەوەى چوارچێوەى هاوسەرگیری و تێکەڵکردنى پەیوەندیی سێکسی و فەلسەفە، سەرزەنشت و لۆمە دەکرا.

     ئەفڵاتون، ئەرستۆ و ڕەواقییەکان، هەرکامیان لەنێو سیستمە فەلسەفی و فکرییەکانیاندا پێگەیەکیان بۆ خودا یاخود هۆشیارییەکى خوداوەندى، وەک ئافرێنەر یان فەرمانڕەواى جیهان، لەبەرچاو گرتبوو. ئەوان لەو خاڵەدا هاوڕا بوون کە ماددە لە خودى خۆیدا بێگیان، وەهمى و خاڵییە لە هەر خەسڵەت یان تایبەتمەندییەک و، تەنیا جەوهەر لەخۆگرى تایبەتمەندییەکانە. لەم ڕووەوە بابەتە ڕۆحانییەکان، وەک نموونەى ئەفڵاتوونى، ڕۆحە ئەرستۆییەکان یان هەناسەى ژیانبەخشی جیهانى لاى ڕەواقییەکان، پێویستە بۆ ڕوونکردنەوەى ژیان، ئەندێشە و ئەو گۆڕانکارییانەی کە شیاوى بینینن لە سروشتدا بەکار بهێنرێن.

     بەڵام ئەپیکۆر بە پێچەوانەى هەموویان باوەڕى بە ڕەسەنێتیی ماددە هەبوو. بە گوتەى ئەو، هەموو ئەو شتانەى بە ڕاستى بوونیان هەیە، گەردیلەگەلێکى ورد، جیانەکراوە و جوڵاون بە ناوى ئەتۆم، کە بە چاوى ئاسایی ناتوانین بیانبینین. ئەم گەردیلانە شێوە و قەبارەى جیاوازیان هەیە بەڵام بێڕەنگ، بێبۆن، بێتام و بێدەنگن و بۆشایی لە یەکتر جیایان دەکاتەوە. ئەتۆمەکان بە تێکەڵبوون بە یەکتر یان یەکگرتن دنیاى مادى و هەموو دیاردەکانى نێوى، لەوانەش ئەندێشە و تێگەیشتن، دروست دەکەن. ئەم ئەتۆمانە بە تەنیای و بە یەکگرتنى ڕێکەوت جیهان دروست دەکەن و، کەم کەم بۆ کۆمەڵەگەلێکى گەورەتر، ئاڵۆزتر و جێگیرتر دەگۆڕێن. هەر بۆیە لە ڕوانگەى ئەپیکۆرەوە ئەگەر خودایانێکیش بوونیان هەبێت، ئەوانیش لە ئەتۆم دروست بوون؛ هەرچەندە بۆ ڕوونکردنەوەى ڕووداوەکانى زەوى و ئاسمان، یاخود مێژوو و ژیانى کەسیی مرۆڤەکان، پێویستمان بە وەها خوداگەلێک نییە. لە ڕوانگەى ئەپیکۆرەوە، ڕۆحیش لە ئەتۆم دروست بووە و لە کاتى مردندا لێکهەڵدەوەشێت و پەرش دەبێت. هەر بۆیە هیچ جۆرە نەمری، زیندووبوونەوە یاخود گەڕانەوەیەک بۆ ڕۆح بوونى نییە.

     وەها تیۆرییەک لەبارەى سروشتەوە، پەیامگەلێکى تایبەتى ئەخلاقى بە دواى خۆیدا دەهێنێت. بە بۆچوونى ئەپیکۆر، نزاکردن کارێکى بێسوودە و جگە لەنێو قسەى پیاوانى ئایینیدا، هیچ دۆزەخێک لەگۆڕێ نییە. ژیانى بەختەوەرانە تەنیا بەشی ئەو کەسانەیە کە چێژەکانیان بەسەر ئازارەکانیاندا زاڵ بووبێت. بابەتێک کە پەیوەستە بە وریاییەکى زۆر و تواناى جیاکردنەوەى ئەزموون و ئەو کارانەى کە بە شێوەیەکى گشتى وەک چێژبەخش دەردەکەون، لە ئەو بابەتانەى کە بەڕاستى چێژبەخشن.

     ئەپیکۆرییەکان بە توندى دژى ئەو باوەڕەى ڕەواقییەکان بوون کە مرۆڤ تەنیا خۆى بەسە و پێویستى بە پاڵپشتیکردن، چاکە یان هاوەڵیی کەسانى دیکە نییە. هەروەها بە چاوى گومانەوە لەو باوەڕەیان دەڕوانى کە زەین لە تواناى سەرکوتکردن و لەنێوبردنى هەستەکان بەهرەمەندە و، جەختیان لەوە دەکردەوە کە بۆ بەختەوەربوون پێویستە پەیوەندیمان لەگەڵ شتان و کەسانێک لە دەرەوەى خۆماندا هەبێت. کاتێک بارودۆخەکان خراپ دەبن، دەبنە هۆى ئازار و ئەو ئازارەش جگە لە تێپەڕبوونى کات و لەبیرکردنى، چارەسەرى دیکەى نییە. کەواتە پێویستە لە گرنگترین هۆکاری دەرەکیی ئازار ئاگادار بین و پێش ڕوودانى کارەسات، ڕێگەى لێ بگرین. لەو ڕووەوە کە لە ڕوانگەى ئەپیکۆرەوە داهاتوو پێشوەختە دیاری نەکراوە و مرۆڤەکان لە ویستى ئازاد بەهرەمەندن، ئەگەرى گۆڕینى بارودۆخ و ڕێگریکردن لە ڕووداوە نەخوازراوەکان بوونى هەیە.

     لە گۆشەنیگاى ئەپیکۆرییەوە، پێگەخوازیی سیاسی و هەوڵدان بۆ سەروەت و سامان، بە نزیکەیی هەمیشە دەبێتە هۆى دڵەڕاوکێ و بێهیوایی. عەشقى ڕۆمانتیک و یەکلایەنەش (کە بە گوتەى کۆمەڵناسان عەشق بەزۆری بەو جۆرەیە) هەمان ئەو تایبەتمەندییەى هەیە. هەوڵ بدەن نەکەونە داوەوە و ئەگەر تێیکەوتن، تیایدا مەمێننەوە! (بە بۆچوونى ئەپیکۆر، بیرکردنەوەى بەردەوام لە مەعشوقێکى دەستپێنەگەیشتراو، بەهۆى نەبوونى پەیوەندییەوە کەم کەم لەنێودەچێت. لە کاتێکدا لۆکریتۆس بەلاڕێدابردنى کاتیی زەین لە هەر ڕووەیەکى خوازراو، بە بەسود دەزانێت.) لە ڕوانگەى ئەپیکۆرییەکانەوە لە ڕێگەى هەڵسوکەوتى وریایانە و هەڵبژاردنى درووستى خۆراک و خواردنەوەکانەوە، دەتوانین خۆمان لە زۆرێک لە نەخۆشییە ترسناک و بەئازارەکان بەدوور بگرین و، ئەگەر کەسێک سەرەڕاى ئەنجامدانى ئەو کارە توشی نەخۆشی ببێت، ئازارە زۆرەکان بۆ ماوەیەکى کەم و ئازارە درێژماوەکان بە توندییەکى کەم ئەزموون دەکات.

     ئەپیکۆرییەکان لە بریى هەوڵدان بۆ گەیاندنى چێژ بە ئاستێکى بەرز، زیاتر سەرنجیان لەسەر کەمکردنەوەى ئازار بوو، بە تایبەت لەو حاڵەتانەدا کە ئازارەکە لە شکستهێنان لە هەڵبژاردن و خۆپاراستنەوە سەرچاوەى دەگرت. ئەوان دەیانزانى ناتوانرێت متمانە بە تێگەیشتنى ڕاستەوخۆ لە قازانج و زیانى کارەکان بکرێت. چوونکە هەندێک جار پێویستە بۆ خۆپاراستن لە ئازارێکى درێژماوە، خۆیان لە خواردن و خواردنەوەگەلێکى بەتام بەدوور بگرن، یان بۆ ڕێگریکردن لە هەستى سوکایەتى و توڕەیی و زیانە کۆمەڵایەتى و ئابوورییەکان، چاوپۆشی لە هەلە سێکسییەکان بکەن. بەڵام ئەم چاوپۆشی و خۆبەدوورگرتنە هەرگیز هەژارى و بێبەشبوون بۆ فەزیلەت ناگۆڕێت و هیچ کەس شایەنى بەدبەختى نییە. خۆفیداکردن، هەر هۆکارێکیشی هەبێت، کارێکى بێسوودە و کەسانى لادەر دەبێت بۆ ڕێگریکردن لێیان سزا بدرێن نەوەک تۆڵەکردنەوە. لەم ڕووەوە، ئەگەر سزادان لە ڕێگریکردن لە تاوانباران کاریگەر نەبێت، کردەى تەنبێکردن لە ڕووى ئەخلاقییەوە نادروستە.

     بەڵام ئەگەر ژیان هەر لەم دنیایەدا سنووردار بکرێت و فەزیلەتگەلێکى وەک عەقڵ، میانڕەوى دادپەروەرى تەنیا ئایدیاگەلێکى ڕووتن لە زەیندا و لە ئەتۆمەکان پێکهاتوون، لە بنەڕەتەوە بۆچى دەبێت ئەخلاقى بین؟

     ئەپیکۆرییەکان بە دوو شێوە وەڵامى ئەو پرسیارەیان داوەتەوە. ئەوان لە لایەکەوە لەو باوەڕەدابوون کە کەسانى دەوروبەرمان ڕقیان لە گەمژەیی، ترسنۆکى، خۆفریودان و ناعەدالەتییە، یان بە واتایەکى دیکە ڕقیان لە خاڵى بەرانبەر فەزیلەتە کۆنەکانە و هەر بەو هۆیەوە، ئەگەر بەردەوام هەڵسوکەوتى لەو جۆرەمان هەبێت، خۆمان لە کۆمەڵە دابڕاو و بێبەش دەکەین و ڕەنگە سزاى یاسایی بدرێین. لەبەر ئەم هۆکارە، پابەندنەبوون بە ئەخلاقەوە لە کۆتاییدا دەبێتە هۆى ئازار.

     دووەمین وەڵامیان بۆ پێویستبوونى ئەخلاق، ئەگەرى ژیانێکى تەواو خوازراوە بەبێ زیانگەیاندن بە کەسانى دیکە لە ڕێگەى درۆکردن، زیادەڕۆیی یاخود ڕەزیلەت و خەسڵەتە خراپەکانى دیکەوە. بە بۆچوونى ئەپیکۆر، سەرچاوەى چێژگەلی بێئازار لە دەوروبەرماندا هەن و دەتوانین لە ڕێگەى مۆسیقا، خۆراک، دیمەنى سروشتى و بەرهەمى هونەرى و، بە تایبەت بە بۆچوونى ئەپیکۆر، لە ڕێگەى لێکۆڵینەوە لە سروشت و کۆمەڵگە و هاودەمى لەگەڵ هاوڕێیاندا چێژ وەربگرین. ئەو بە پێچەوانەى ئەرستۆ کە هەڵبژاردنى هاوڕێى لەسەر بنەماى فەزیلەتەکان نەوەک لەسەر بنەماى بەرژەوەندى بە خوازراو دەزانى، لەو باوەڕەدابوو کە هاوڕێکان کەسانێکن بە ئەندێشەگەلى تا ڕادەیەک وەک یەکەوە، کە بە شێوەیەکى ڕێکەوت یەکتریان خۆشدەوێت.

     گەرچى ئەو کەسانەى حەز دەکەن واز لە ژیانى ئاسایی بهێنن و بە گروپێکى فەلسەفییەوە لە دەرەوەى شار پەیوەست بن، ژمارەیان لە پەنجەکانى دەست تێپەڕ ناکات، بەڵام زیادکردنى گۆشەنیگاى ئەپیکۆری دەتوانێت لە ژیانى ڕۆژانەدا بەهایەکى زۆری هەبێت.

     گرنگترین خاڵ بۆ بیرکردنەوە لە گرنگیی ئەپیکۆریزم لەنێو کلتورى هاوچەرخماندا، ئەوەیە کە کێبڕکێ و ململانێ بۆ بەدەستهێنانى دەسەڵات، پێگە و قازانجى دارایی (کە ئەپیکۆرییەکان هیچ یەک لەوانە بە چاکەى ڕاستەقینە نازانن)، دزەى کردووەتە نێو هەموو ڕەهەندەکانى کۆمەڵگەى مۆدێرنەوە. هەر بۆیە ناچارین بۆ بەرزکردنەوەى پێگەى پیشەیی و موچەى زیاتر، بەدەستهێنانى بەرزترین نمرە لە تاقیکردنەوەکان و ناوەندەکانى خوێندن، دانپێدانان و پاڵپشتیی هاوکارەکان و بەدەستهێنانى باشترین هاوسەر لە ڕووى ڕوواڵەتى و پێگەى کۆمەڵایەتییەوە، هەموو ڕۆژێک زیاتر لە پێشتر هەوڵ بدەین. ڕیکلامەکانى نێو میترۆکانى نیویۆرک، بۆ وەرگرتنى بەکالۆریۆس، گرێبەستى بیناسازى، سەرکەوتن لە کەیسە پڕقازانجەکان و جوان و ڕێککردنى ڕووخسار و جەستەمان هانمان دەدەن. لەنێو گۆڤارە پڕ بریقوباقەکاندا، دەرچووانى زانکۆ، ئەو گرووپانەى زانکۆ کە دۆزینەوە یان داهێنانێک لە نامەى دەرچوونەکانیاندا هەیە، یان لایەنى کەم وا دەردەکەوێت لەسەر وەها ڕێگەیەک بن، پاڵپشتیان لێ دەکرێت و بە ڕێزەوە پیشان دەدرێن. ڕیکلامى نێو ئەم گۆڤارانەش، هانمان دەدەن بۆ ئەوەى سەروەت و سامانەکەمان بە مەبەستى بەدەستهێنانى قازانجى زیاتر لە کۆمپانیاکاندا بخەینە نێو کارێکەوە. پڕفرۆشترین کتێبەکانى پەرەپێدان لە ئەمازۆن ڕیکلامیان بۆ دەکرێت و لە کتێبخانەى فڕۆکەخانەکاندا دەفرۆشرێن. ئەم کتێبانە گرنتیمان پێ دەدەن کە بۆ پێگەیەکى بەرز ئاستمان بەرز دەکەنەوە، پێگەیەک کە تیایدا بتوانین خۆمان هەموو بڕیارەکان بدەین و کەسانی دیکە لەژێر دەسەڵات یان کۆنترۆڵماندا بن، یان ئەو هەڵسوکەوتانەى کە بە شکست کۆتاییان دێت، لە ڕێگەى دۆزینەوەى عەشقى ئایدیاڵمانەوە نەهێڵین.

     ئەم تەرکیزکردنە لەسەر سەرکەوتووبوون لە ژیانى مۆدێرندا، لە ڕێگەى تەرکیزکردنێکى دیکە لەسەر بەکارهێنانى بێکەڵکانەى شتانێکى وەک دۆشەکى خۆشخەو یاخود گۆرەویی چنراو بە پەموو کامڵ دەبێت، کە وا بڕیارە ئاسودەیی و چێژمان بە دیاری بۆ بهێنن. ئێمەى ژنانى مۆدێرن، لە گەڕان بەدواى ڕزگاربوون لە دەمارگیری و سەختییەکان لەنێو دنیاى کۆمپانیا گەورەکاندا، خۆمان لەنێو کونافە و خواردنەوە تێکەڵە ڕەنگاوڕەنگەکان، مەڵهەمە بۆندارەکان، مۆم و جۆرەها خزمەتگوزاریی جوانکاریی وەک مەساج، خۆڕازاندنەوە و سەرچاوەکانى ئاوى گەرمدا نغرۆ کردووە.

     گومان لەوەدا نییە کە کۆمەڵگەى کەڵەکەکردن، ململانێ و بابەتە جوانکارییەکانى ئەمڕۆ، جوانى و ئاسانکاری، ئاوى گەرم و سارد، دەرمانگەلێکى نوێ بۆ هێورکردنەوەى بارودۆخە ئازاراوی و بێهێزکەرەکان، ئامرازى پەیوەندیی سەرنجڕاکێش و نوێ، لە هەموو وەرزەکاندا ئەسپراگۆس[2] و شلیکمان بە دیاریی بۆ دێنێت. هەر بەو جۆرەى لۆکرۆتیس وەک دەستکەوتەکانى شارستانییەتى سەردەمى خۆى باسی ڕێگاکان، تەلارسازى و پەیکەرتاشی کردووە، ئێمەش دەتوانین لەم سەردەمەدا باس لە گەشتکردن بە فڕۆکەى جیت، پلیکانەى کارەبایی و سینەما، لە تەنیشت زۆر شتى دیکەدا، بکەین. بەڵام هەوڵدانى زۆر بۆ گۆڕینى جیهان، کە زیاتر لە مرۆڤدۆستى بە پێگەخوازى و هیواى بەدەستهێنانى قازانجى دارایی زیاتر دەبزوێت، جەنگ و زیانگەلێکى ئابووریی گەورە بۆ ئامادەکاریی سەربازى، بێگاریکردن بە ژنان و پیاوانى کرێکار، هەژاری و بێبەشبوون و وێرانبوونى ژینگەى بەدواى خۆیدا هێناوە.

     بۆ بەنێوبانگبوون و دەوڵەمەندبوونى هەندێک کەس، دەبێت کەسانى دیکە هەژار و دەستکورت بن و پشتگوێ بخرێن. ئەگەر پارە، ناوبانگ و بابەتە جوانکارییەکان بە ڕاستى مرۆڤ بەختەوەر دەکەن، تەنیا پێویستە تێچووە سیاسییەکانى ئارەزووەکان و خووە هاوچەرخەکان لەبەرچاو بگرین؛ بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە ژیانێکى خوازراو بە دەستکەوت و کاڵا ماددییەکانەوە پەیوەست نییە و، لە ڕێگەى بەستەبەندیی سەرنجڕاکێشی بابەتە بچووکەکانى نێو ژیانەوە، کە بە شێوەیەکى فریودەرانە بەڵێنى ڕۆشتن بەرەو ڕەهەندێکى دیکەى هەماهەنگى و ئارامى دەدەن، بەدەست نایەت.

     هەر کەسێک کە تاکوو ئێستا پلەبەرزکردنەوە، زیادکردنى موچە، خەڵات یان بانگێهێشتنامەیەکى بۆ بۆنەیەک وەرگرتبێت، دەتوانێت شایەتى لەسەر سەرنجڕاکێشییان بدات. چوونکە میل بۆ هەڵسەنگاندنى تاکەکان لەسەر بنەماى دەستکەوت یان بڕیار و بۆچوونى کەسانى دیکە، وا دەردەکەوێت جێیەکى لە ناخماندا هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا، هەمووان لەسەر ئەو خاڵە هاوڕان کە ئەو چێژانەى لە پێزانین و پاداشتەوە سەرچاوە دەگرن، سەرەڕاى زووتێپەڕبوونیان، جیاوازییەکى زۆریان هەیە لەگەڵ ئەو ساتە دڵخۆشییە ڕاستەقینەدا کە لە هەماهەنگى لەگەڵ کەسێکى دیکە یاخود نغرۆبوون لە شتێکى دەرەوەى خۆمانەوە سەرچاوە دەگرێت. لە ڕاستیدا، بە پێچەوانەى ئەو شتەوە کە لە دانیشتنە بەڕێوەبەرییەکاندا وێنا دەکرێت، پاداشتى دەرەکییەکان بە شێوەیەکى تایبەت پاڵنەر و بزوێنەر نین، بەڵکوو فیداکارى و چالاکبوون تەنیا لە ڕێگەى چەشتنى چێژى ڕاستەقینە لە چالاکى، چ لە پشت مێزەوە بێت، چ لە گۆڕەپانى وەرزشدا، چ لە فرۆشگا، ستۆدیۆ یان کارگەیەکى کەرەستەکانى بیناسازیدا، دروست دەبێت.

     ئەپیکۆر بە شێوەیەکى دیاریکراو جەخت لەسەر چێژى فێربوون و بیرکردنەوە لەبارەى سروشت و جیهانى کۆمەڵایەتى دەکاتەوە. لۆکریتۆسیش ئاماژە بەو خاڵە دەدات کە ئەو شتەى مرۆڤ جیا دەکاتەوە، تواناى داهێنان و کارەکانیەتى. مرۆڤەکان لە ڕێگەى دۆزینەوەى شتەکان و وەگەڕخستنى کارەکانەوە، یاخود ڕوانین لە بنەڕەتى شتەکان بە مەبەستى ئەزموونکردنى ڕواڵەت، دەنگ و تامیان، چێژ وەردەگرن. چێژى ڕاستەقینە لەو چالاکییانەوە بەدەست دێت کە پێویستیان بە وردبوونەوە، ڕاهێنان و لێهاتوویی هەیە و چێژی هەستییان بەدوادا دێت. تواناى دەستەکانمان بۆ ئەنجامدانى کارانێکى خێرا و ورد بە کەرەستەگەلى بچووک، بابەتێکە کە تایبەتە بە مرۆڤ. ئەم توانا و تایبەتمەندییە، لە تەنیشت بە گەورەزانینی جوانیی ڕەنگ و شێوەکاندا، لە تەنیشت زانستدا و لەنێو دەستکەوتە مرۆییەکاندا، شوێنێک بۆ هونەریش دەکاتەوە.

     یەکێک لە تراژیدیاکانى ژیانى نێو شارستانییەت ئەوەیە، کە کارە مرۆییەکان لە زۆربەى حاڵەتەکاندا پێویستیان بە داهێنان و بلیمەتى و هونەرمەندیی مرۆڤەکان نییە. لەگەڵ ئەوەشدا، هەر مرۆڤێک کە لە دۆخى بێبەشیی کولتووریدا نەژى، دەتوانێت ئەو توانایە لە خۆیدا چالاک بکات. سەرقاڵییە کۆنەکانى سەردەمى منداڵى، کارانێک بوون کە لەبەر خۆیان ئەنجام دەدران: پیشەسازییە دەستییەکان و پەزڵەکان، خوێندنەوە لەبارەى ئاژەڵان، مێژوو، ناوچە دوورەدەستەکان و داهاتووەوە، گەڕانى بەنێو کەشی کراوەدا و یارمەتیدانى کەسانى بەتەمەن و منداڵان. دەتوانین ئەمڕۆکە هاوشێوە یان جێگرەوەى ئەو کارانە لەنێو چێشتخانەکان، بەرگدرووەکان، گەراج و کارگەکان، قوتابخانە و هۆڵەکانى کۆنفڕانسدا ببینین. دروستکردنى شتانێکى وەک گۆزە و خشڵ، چنین و چاککردنەوەى شتەکان لە دەرەوەى ماڵدا، سەرچاوەیەکى دەوڵەمەندى هەستى ڕەزامەندى و دڵخۆشیی مرۆڤن. لەم چالاکییانەدا، دەستەکان، چاوەکان و زەین کار لەگەڵ دنیاى مادیدا دەکەن و تەنیا سەلیقە و بڕیاری خۆتانە کە بەهاى ئەنجامەکە دیاریی دەکات. چوونکە ناچار نین لە ڤستیڤاڵى کاندا ببنە براوەى خەڵات!

     دەیان لێکۆڵینەوە دەریان خستووە کە سامان، زیاد لە ڕێژەیەکى دیاریکراو، ڕەزامەندیی تاک لە ژیاندا زیاد ناکات. ئەو کەسانەى لە تەمەنێکى زۆردا دەستیان بە سەرکەوتنگەلێکى مادیی گەورە گەیشتووە، جەختیان لەسەر ئەو خاڵە کردووەتەوە کە پەروەردەکردنى منداڵ و چێژوەرگرتن لە میوانییە هاوڕێیانەکان زۆر زیاتر لە هەر سەرکەوتنێکى پیشەیی هەستى ڕەزامەندیی بە ئەوان بەخشیوە. لەگەڵ ئەوەشدا، وا دەردەکەوێت ئەو ئەنجامانەى لێکۆڵەران لەبارەى بەختەوەرییەوە بەدەستیان هێناوە، لێکچوونێکى زۆری لەگەڵ ئەو بەرئەنجامانەدا هەیە کە پسپۆڕانى خۆراک پێى گەیشتوون و، سەرەڕاى ئەوەى گومان لە ڕاستبوونى ئەو بەرئەنجامانەدا نییە، بەڵام مرۆڤەکان گرنگییەکى ئەوتۆى پێ نادەن.

     زۆرینەى خەڵک بەباشی دەزانن کە خواردنى چ شتێک بۆ ئەوان بەسوودە، ئەگەر لێیان بپرسین کە چ خۆراک و خواردنەوەیەک گونجاوترە، بێگومان میوە، سەوزە، دانەوێڵە و بڕێک پڕۆتینى ئاژەڵییان پێ باشترە لە شیرینى، کێک، خۆراکى ئامادەکراو، خواردنى خێرا و ساردى. بە هەمان شێوە ئەگەر لێیان بپرسین ئایا لە نێوان هاوڕێیەتى، چالاکیی داهێنەرانە لەژێر چاودێریی خۆتاندا، گەڕان و فێربوون، خۆراکێکى بەتام و خواردنەوەیەکى خۆش و پەیوەندی لەگەڵ سروشتدا و، دەسەڵات و پێگەى کۆمەڵایەتى، پارە و تواناى کڕینى زۆرێک لە کاڵا و خزمەتگوزارییەکان، کامیان دەبێتە هۆى ژیانێکى باشتر، زۆرینەى خەڵک بە باشی وەڵامە ڕاستەکە دەزانن.

     کەواتە بۆچى بەناوەکیکردنى وەها ڕاستییەکى ئاشکرا و هەڵسوکەوتکردن لەسەر بنەماى ئەو ڕاستییە، هێندە دژوار بووە؟ لەبارەى خۆراکەوە، کێشەکە لەوەدایە کە دەبێت شەڕ لەگەڵ نەریتى زاڵدا بکەین و، دەرەقەتى هەموو ڕیکلامەکان، نمایشە فریودەر و هاندەرەکان بێین. بابەتێک کە لەبارەى خۆشگوزەرانى و بەختەوەریی تاکەکەسیشەوە ڕاستە.

     ڕێکارى ئەپیکۆریزم بۆ خۆپاراستن لە شەیدابوون بە بەکارهێنانى بێئامانج، سەرەڕاى کونجکۆڵیی زۆرینەى خەڵک لەبارەى دنیاى مادى و هۆکارە پاڵنەرەکان بۆ کڕین، کڕین و دیسانیش کڕین، ئەوەیە کە چوونە نێو فرۆشگاکان وەک ئەزموونى گەڕان بەنێو مۆزەخانەیەکدا تەماشا بکەین. ئێوە دەتوانن لە هەموو شتەکان لەنێو دەستەبەندیکردنێکى جوان و سەرنجڕاکێشدا بکۆڵنەوە، لەو ترس و هیوای بنەڕەتى و جادووییە بڕوانن کە پەیوەستە بەوانەوە. لەو فرۆشگایانەدا دۆشەکەگەلێک هەن کە بە ڕواڵەت دەتوانن چارەسەرى هاوسەرگیرییە ماندووکەرەکان و تەنیاییە بەئازارەکان بکەن، هەڵبەتە مەڵهەم و کرێم گەلێکیش کە مرۆڤ بۆ هەمیشە بە گەنجى دەهێڵنەوە. دەتوانن چێژ لە تەماشاکردنى ئەو شتانە وەربگرن و ئەزموونى هەستی ئەوانە بەدەست بهێنن، بەبێ ئەوەى پێویستتان بە کڕین یان کەڵەکەکردن و کۆکردنەوەیان هەبێت.

     گرنگیی فەلسەفە لەوەدایە کە بە شێوەیەکى گشتى هەموو ئەو ئایدیایانە دەخاتە بەردەم ئاڵنگارییەوە کە باون و لە ڕووى کۆمەڵایەتییەوە بەهێزن و، بە ئەوپەڕى تواناوە هەوڵ دەدات ئایدیاگەلێکى دیکە بکاتە شوێنگرەوەیان کە کەمێک دژوارتر و قبوڵنەکراوترن، بەڵام بە شێوەیەکى گشتى باشترن. فەلسەفەى ئەپیکۆری، باس لە دنیای مادى و بەردەوام ڕوو لە گۆڕان دەکات، بەبێ بوونى خودایەکى دادپەروەر و بەخشندە و پێشینەیەکى دوورودرێژى دەسەڵات و فریوى مرۆڤەکان. ڕەخنەگرانى ئەم تێڕوانینەیان بەدڵ نەبووە و ئەپیکۆریزمیان بە «مادەگەراییەکى خاو (کاڵ)»، «تەقلیلگەرایی» و جۆرێک چێژپەرستیی پڕکێشە و خۆفریودەر زانیوە. هەڵەتێگەیشتنێک کە تەنیا بە گەڕانەوە بۆ نووسینە سەرەکییەکانى ئەو دەتوانین ڕاستى بکەینەوە. ئەپیکۆر لە بری بچووککردنەوەى مرۆڤ، ڕوانگەیەکى فراوان و بابەتى لەبارەى پێگە و دەسەڵاتى مرۆییەوە دەخاتە ڕوو. تێڕوانینەکانى ئەویش هاوشێوەى فەلسەفە ڕەسەنەکان، پێمان دەڵێت کە بڕیار و کارەکانمان لەسەر بنەماى تێگەیشتنى کەسیی خۆمان لەبارەى «سروشتى شتەکان» و چۆنیەتیی کارکردى ڕاستەقینەى جیهان، ئەنجام بدەین.

  • کاترین ویڵسن ئەم وتارەى نووسیوە و لە ڕێکەوتى ٥ى ١١ى ٢٠١٩دا لەژێر ناونیشانى «HOW TO BE AN EPICUREAN» لە وێبسایتى ئایۆندا بڵاو بووەتەوە. وێبسایتى «تەرجومان» لە ڕێکەوتى ١٨ى ١ى ٢٠٢٠دا لەژێر ناونیشانى «لە دنیاى ئەمڕۆدا، چێژگەرایی لە مەسرەفگەرایی ئەخلاقیترە»، بە وەرگێڕانى عەلى حاتەمیان بڵاوى کردووەتەوە.
  • کاترین ویڵسن (Catherine Wilson) مامۆستاى فەلسەفەیە لە زانکۆى یۆرک. کۆتا کتێبی ناوى ( How to Be an Epicurean) «چۆن ئەپیکۆریی بین؟»ە.

[1] . On the Nature of Things

[2] . جۆرە ڕووەکێکە کە شێوەى زۆر لە ڕێواسەوە نزیکە.

هاوشێوە