رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

ئینتیمای تازە: ئینتیما بۆ خود

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسین: مەریوان وریا قانیع

ماوەیەکی دریژە بەشێکی گەورەی مامۆستایانی کوردستان ماندەگرن و پۆلی وانەگوتنەوەی قوتابخانەکانیان چۆڵکردوە، سەدان هەزار قوتابی رێگای چوون بۆ قوتابخانەیان لەبەردەمدا داخراوە. ئەوەی دەیبینین دۆخی نارازیبوون و تووڕەبوونی کەرتێکی گەورەی کۆمەڵگایە، بە رووی فەشەلی ئەو حوکمرانییەدا کە زیاد لە سی ساڵە ئەندامانی چەند خێزانێکی دیاریکراو بە خواست و ئارەزووی خۆیان، بەڕێوەی دەبەن. ئەوەی دەیبینین ئەو بەشەی توڕەبوون و ناڕازیزبوونی خەڵکە، کە دەسەڵتداران نەیانتوانیوە کۆنترۆڵ وقۆرخی بکەن. لە کوردستاندا هەم سیاسەت و هەم ئابوریی و هەم حیزب و هەم هێزە چەکدارەکان و هەم سەرجەمی ماشێنی بیرۆکراسیەت و کۆیی دەزگاکانی حوکمڕانیی، قۆرخکراون. ئەوەی تا ئە ساتە قۆرخنەکراوە، ئەو توانای توورەبوونە کۆمەڵایەتییەیە، کە جار نە جار لەسەر شەقامەکان دەیانبینین و خۆیان بەسەر هۆشیاریی و تواناکانی بیرکردنەوەماندا، دەسەپێنن

میلەتانی ئەم ناوچەیە لە قۆناغێکدان دەژین ناتوانن لەبەر خاتری هیچ شتێک لە دەسەڵاتداران و حوکمڕانەکانیان بێدەنگبن، نە لەبەرخاتری نەتەوە و نیشتیمان، نە لەبەر خاتری ئاسایشی گشتیی، نە لەبەر خاتری دین و خودا و پێغەمبەرەکانی. ھەموو سنوورێک تێپەڕێندراوە و هێڵێکی سور نەماوە، نەبەزاندرابێت. دۆخێک دروستبووە خەڵک ناچارکراوە بەرگریی لە خالە هەرە سەرەتاییەکانی بوونی خۆی بکات، بەرگریی لە پێداویستییە هەرە سەرەتاییەکانی، لەو لانیکەمەی کەرامەت کە ژیانی مرۆڤ لە ژیانی ئاژەڵەکان، جیادەکاتەوە.
هەموو ئەمانە لە سەردەمێکدا تیایدا ئینسانی ئێمە گۆرانکاریی گەورەی بەسەرداهاتووە و دید و روانین و تێگەیشپنی بۆ خۆی و بۆ ئەو جیهانەی خراوەتە ناوییەوە، گۆڕاوە.

بە بۆچونی من بەشێکی بەرچاوی ئینسانی ئێمە لە چارەکی یەکەمی سەدەی بیست و یەکەمدا چیتر ئینسانی خێڵ و بنەماڵە و حیزب و گوند و ناوچە داخراوەکەی خۆی نییە، بەڵکو مرۆڤێکە خاوەن «ژیانی تایبەتیی» خۆی، خاوەن حەز و خواست و ویستی تایبەت، ھاوکات چاوەروانیی تایبەتی هەم لە خۆی هەیە و هەم لەو کۆمەڵگایەش لەناویدا دەژیی. مەرجی بۆ ژیانی خۆی و بۆ ئەو پەیوەندییانەش هەیە کە لەگەڵ دەرەوەی خۆیدا دروستیاندەکات.
 بە کورتییەکەی، لە دونیای ئێمەدا جۆرێک لە «تاکەکەس» لەدایکبووە کە دەیەوێت وەک تاکەکەس بژیی و وەک تاکەکەس مامەڵەبکرێت. لە رووی مێژوویشەوە لەدایکبوونی تاکەکەسیش هاوشانە بە لەدایکبوونی ماف، بە دەستەبەرکردنی لانی هەر کەمی ئازادیی و رێزگرتن لە هەڵبژاردن و ئیرادەی سەربەخۆ.

بەبۆچونی من مێژووی ئایندەی ئێمە، ئایندەی کورت، چەند دەیەی داهاتوو، مێژووی ئامادەگیی سەختی ئەم تاکەکەسە دەبێت، مێژووی بەرگریکردنی ئەم تاکەکەسە لە ژیانی تایبەت و شەخسیی خۆی، لە ویست و خەون و مافەکانی، دژ بەو ژیانە گشتییە قۆرخکراوەی لە ئێساتدا هەموومان ساتەوەختە تاریکەکانی دەژین و دەبینین. ئەو ژیانە گشتییەی جارێک دین لەناو شوناشێکی بە موتڵەقکراو و جارێک نادین کۆی دەرکەوتە سەرەکییەکانی، قۆرخکردوە.
ئێمە لەبەردەم لەدایکبوونی جۆرێک مرۆڤداین تەنها ئینتیمای بۆ دین و نەتەوە و نیشتیمان نییە، نایەوێت تەنها بە سیاسەت و خێری سیاسییەکان بژیی، تەنها بارەگای حیزبەکان و مزگەوتەکان نابینێت. ئێمە لەبەردەم مرۆڤێکداین ئینتیمای بۆ خودی خۆیشی هەیە، خواست و ویست و ئارەزووەکانی خۆیشی دەناسێت و دەنرخێنێت، بە تەنگ خەیاڵ و خەون و زمان و تواناکانی خۆشیەوەیەتی. کەسێک لەدایکبووە، بەبێئەوەی بکەوێتە ناو بیماریی نارسیزم و خودپەرستییەکی ناساغەوە، خەم لە ژیانی تایبەتی خۆی دەخوات و دەیەوێت خاوەنی ماف و رێز و کەرامەت بێت. هەرشتێک لەبەردەم دروستبوون و گەشەکردن و بەهێزبوونی ئەم ئینتیما شەخسیی و خودییەدا بوەستێت، هەر هێزێک ڕێگربێت لەبەردەم ئەم کردە و سیاسەتە تایبەتەی خودسازیدا، وەک تاوانبار دەبینێت.  گرنگ نییە ئەو رێگرە بەناوی چییەوە قسەدەکات، بەناوی خوداوە یان بەناوی نیشتیمانەوە، بەناوی دینەوە یان بەناوی نەتەوەوە، بەناوی خەباتی خێزان و بنەمالەی سیاسییەوە یان بەناوی بەڵێن و مژدەی درۆزنانەی هەمەجۆرەوە، ئەوەی گرنگە ئەو رێگرانە رێگرن، رێگرن لەبەردەم ئەوەدا ئەم مرۆڤە چۆن خۆی  خۆیدروستبکات و چۆن خۆی  خۆیدابهێنێت، چۆن خۆی ژیانی خۆی بنووسێتەوە و چۆن خۆیشی شێوەیەکی تایبەتی پێببەخشێت.
 
ئینتیما بۆ خود ئەو شێوازەیە لە ئینتیما کە لە دونیای ئێمەدا لەدایکبووە، ئینتیمایەکی تازەیە و لە قۆناغێکی هێچگار سەختی مێژووی ئێمەشدا لەدایکبووە. قۆناغێک لەسەرێکەوە هێزە سیاسیی و سەربازیی و دینییە مۆنۆپۆڵخوازەکان خەونی مۆنۆپۆڵکردنی هەمووشتێکیان هەیە، لەسەرێکی دیکەوە گوتارێکی بەهێزی خودنەفرەتیی لە ئارادایە و کاردەکات، کە سەرجەمی دەرکەوتەکانی مێژووی ئەم مرۆڤە و سەرجەم خەوان چاوەروانییەکانی وەک گەمژەیی و خورافەت و نەزانیی، سەیردەکاتو دەنرخێنێت . ئەم ئینتیما تازەیە رووی بەسەرجەمی ئینتیما و شوناس و گوتارە خۆسەپێن و چەپێنەرەکاندا دەتەقێتەوە، رێگای تر بۆ تەعبیرکردن لە خۆی و لە خواست و خەونەکانی دەدۆزێتەوە.

ئەم تازەبوونەوەیەی ئینتیما، ئەم ئینتیمایە بۆ خود، کۆتایی بە فۆرمەکانی تری ئینتیما ناهێنێت، بەڵکو شێوازیتازە بۆ ئەوانیش ئەدۆزێتەوە، ئینتیما تەقلیدییەکانیش تازەدەکاتەوە. بۆ نموونە، داوای تێگەیشتنی نوێ بۆ شێوازەکانی تری ئینتیما و داوای تێگەیشتنی تازە لە ماناکانی نەتەوە و نیشتیمان و گەل و دەوڵەت و دین و حوکمرانیی، دەکات. تێگەیشتنێک دەتوانێت، لانیکەم، لە ئاستی فیکریدا، ئەم زەلکاوە بۆگەنەی ئێستا وشکبکاتەوە و کۆتایی بە بەشی هەرەزۆری دەرکەوت و بیمارییە ترسناکەکانی، بهێنێت. پێناسەکردنەوەی نەتەوە و نیشتیمان و دین و خودا و دەزگاکانی حوکمڕانیی بەشێکی سەرەکیی کاری ئەم تاکەکەسە نوێیە دەبێت. لەمەشدا وەک ووتم رووی بە سەرجەمی بونیادە گەورەکانی کۆمەڵگای ئێمەدا دەتەقێتەوە. بێگومان من ناڵێم ئەم تاکەکەسە تازەیە ئەم جەنگە دەباتەوە، بەڵام ئەم شێوازە لە بەریەککەوتن و ململانێ، دەبنە ئاکاری ئەو مێژووە نزیکەی لە بەردەمماندایە. کەسێک  لەدایکدەبێت  نایەوێتنەتەوە وەک گشتێکی لێکچووی کۆپیکراو ببینێت، بەڵکو وەک کۆی ژمارەیەکی گەورە لە تاکەکەسی ئازاد و خاوەن ئیرادە وێنایدەکات.  کەسێکی وا رووی بەسەرجەمی ئەو هێز و کەسانەدا دەتەقێتەوە کە پێناسێکی هولامیی بۆ نەتەوە دەکەن و نەتەوە وەک قەرەباڵغیەکی بێکاراکتەری سەرلەقێن، وێنادەکەن. کەسێک دین وەک ئینتیمای خودێکی ئازاد بۆ موقەدەسێکی ئاسمانی ببینێت، رووی بە رووی هەموو ئەو بانگخواز و پارت و دەزگا و کەسایەتییە دینیانەدا دەتەقێتەوە کە لە هەوڵی قۆرخکردنی ماناکانی دین و قۆرخکردنی قسەکردندان، بەناوی دین و موقەدەس و خوداوە.

دەسەڵتدارێتی، هەموو دەسەڵاتدارییەتییەک، پێویستە سێ ئاکاری سەرەکیی تێدابێت. یەکەمیان، دەسەڵاتدارییەکی چالاک و کردەیی بێت. دووهەمیان، دەسەڵاتدارییەکی کاتی بێت و نەهاتبێت بۆئەوەی بۆ هەتاهەتاییە بمێنێتەوە، سێهەمیان، پێویستە دەسەڵاتداریەتییەکی سنوورداربێت و چەندەها حەرامی نیشتیمانیی و ئینسانیی و یاسایی و مەدەنیی هەبێت نەتوانێت بیانبەزێنێت. لە دۆخی کۆمەڵگای ئێمەدا، دەشێت، بەبۆجونی من، خاڵی چوارهەمی بۆ زیادبکەین، کە پێویستە دەسەڵاتدارییەک بێت ئەگەری لەدایکبوون و گەشەکردن و بەهێزبوونی ئەم تاکەکەسە تازەیەی هەڵگرتبێت و تەواو بە کێشە و تەحەداکانی ئەم لەدایکبوونە، هۆشیاربێت.

سەرچاوە:

https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=14082

هاوشێوە