رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

چۆن هەم ڕەشبین بین و هەم هیوادار؟

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسین: مارا ڤان دی لوخت

وەرگێڕان: ئیکرام حەمە

     لە سەدەکانى حەڤدە و هەژدەدا، کۆمەڵێک لە فەیلەسوفە خۆرئاواییەکان سەرقاڵى گفتوگۆگەلێک بوون سەبارەت بە کێشەى مێژوویی خراپە: واتە ئەو پرسیارەى کە چۆن خودایەکى باش ڕێگەى داوە خراپە و ئازار لە دنیادا هەبێت. فەیلەسوفانێکى وەک پییەر بەیڵ، نیکۆلاس مالبرانچ و لایبنز. دواتریش کەسانێکى دیکەى وەک ڤۆڵتێر، دەیڤد هیوم و ئیمانوێڵ کانت، ڕاجیایی توند کەوتە نێوانیان، هەڵبەتە نەک تەنیا لەبارەى ڕێچارى کێشەکەوە _ئەگەر هەر لە بنەڕەتەوە ڕێچارێکى هەبێت_ بەڵکوو تەنانەت لەبارەى ئەوەوە کە دەبێت چۆن گفتوگۆ لەسەر ئەو بابەتە ناڕوونانە بکرێت.

     هەندێک لەو گفتوگۆیانە سەبارەت بە تیۆدیسە ([دادپەروەریی خودایی] و هەوڵدان بۆ پاساوهێنانەوە بۆ ئافراندن) ڕەنگە بۆ خوێنەرى ئەمڕۆ وەک بابەتێکى کۆن دەربکەون، بەڵام لە سەردەمێکدا کە کێشەى گەنجەکان بووەتە ئەوەى ئایا هێنانەدنیاى منداڵێک کارێکى ئەخلاقییە یان نا، بە شێوەیەکى سەیر بۆ ئێمە جێى بایەخە. لەم نێوەندەدا، تەنیا پرسی خودا جێباس نییە: پرسە بنەڕەتییەکە ئافراندنە و بە دیاریکراوتریش ئەوەیە کە ئایا سەرەڕاى ئەو هەموو نەخۆشی و «شەڕ و خراپە»یەى کە لە دنیادا هەیە، ئافراندن چەندە پاساودارە؟

     ئافراندن ئەمڕۆکە بۆ ئێمە کێشەیەکى ناچارەکییانەیە. بە سەرنجدان لە ناجێگیری و قەیرانى کەشوهەوا، ئایا دروستکردن یاخود هێنانەدنیاى مرۆڤێک پاساودارە، بەبێ ئەوەى بزانین چ داهاتوویەکى لەڕێیە؟ ئەگەریش پاساودارە، ئایا خاڵێک هەیە کە تیایدا چیدى پاساودار نەبێت؟ مرۆڤگەلێکى زۆر هەن کە بە ئەگەرى زۆر دەڵێن دەتوانرێت جیهانگەلێک وێنا بکرێت کە تیایاندا ئافراندن نائەخلاقى بێت. بەڵام ئایا بە دیاریکراوى لە چ خاڵێک یان دۆخێکدا ژیان هێندە خراپ دەبێت، یان هێندە ناجێگیر دەبێت کە پێویستە دەستى لێ بشۆین؟ هەڵبەتە لە سەرەتاکانى سەردەمى ڕۆشەنگەرییەوە، هیچ کەسێک ئەم جۆرە کەڵکەڵانەى لەبارەى داهاتووى زەوییەوە نەبوو، بەڵام خراپەگەلێک بوونیان هەبوو _کەڵەکەیەک لە خراپە؛ تاوان، بەدبەختى، مەرگ، نەخۆشی، زەویلەرزە و خودى بەرزونزمییەکانى ژیان. ئەو فەیلەسوفانە، بە سەرنجدان لەو خراپە و شەڕانە، دەیانپرسی ئایا بوونى [ژیان] هێشتاش پاساودارە یان نا؟

     ئەم گفتوگۆ فەلسەفییە دورودرێژە، بووە سەرچاوەى شێوەگرتنى هەردوو دەستەواژەى «گەشبینى» و «ڕەشبینى»، کە ئێمە لە فەرهەنگى مۆدێرنى ئەمڕۆماندا ئێجگار زۆر، بەڵکوو لە ڕادە بەدەر، بەکاریان دەهێنین. یەسوعییەکان بۆ ئاماژەکردن بە فەیلەسوفانێکى وەک لایبنز، وشەى «گەشبینی»یان داهێنا، کە پێى وابوو ئێمە لە «باشترین جیهانى ڕێتێچوو»دا دەژین (چوونکە ئەگەر خودا توانیباى جیهانێکى باشتر بئافرێنێت، بێگومان ئافراندبووى). ماوەیەک دواتر، وشە یان دەستەواژەى «ڕەشبینی»یش بۆ ئاماژەکردن بە فەیلەسوفانێکى وەک ڤۆڵتێر داهێنرا، کە لە ڕۆمانى «کاندید (ساویلکە)»دا (١٧٥٩) گاڵتەى بە گەشبینیی لایبنزیی کرد، لە ڕێگەى دانانى لە بەرانبەر ئەو شەڕ و خراپە زۆرەى لە جیهاندا هەیە. پاڵەوانى ڕۆمانەکەى ڤۆڵتێر دەڵێت: «گەر ئەمە باشترین جیهانى ڕێتێچووە، قوڕ بە سەرى جیهانەکانى دیکە».

     بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە ڤۆڵتێر هێندەش ڕەشبین نەبوو: فەیلەسوفانێکى دیکەى وەک بێڵ و هیوم لە سەلماندنى خراپبوونى بووندا زۆر زیاتر چوونە پێشەوە. لە ڕوانگەى بێڵ و پاش ئەویش هیومەوە، بابەتەکە تەنیا ئەوە نییە کە ژمارەى خراپەکان لە ژمارەى باشەکان زیاترە (هەڵبەت ئەوەش یەکێکە لە بابەتەکان)، بەڵکوو بابەتەکە ئەوەیە کە قورسایی خراپەکان زیاترە. ڕەنگە لە ژیانى کەسێکدا ژمارەى ساتە باش و خراپەکان وەک یەک بێت، بەڵام کێشەکە لەوەدایە کە ساتە خراپەکان بە شێوەیەکى گشتى وەها توندی و هێزێکیان هەیە، کە پێوەرەکان تێک دەدەن. بێڵ دەڵێت، قۆناغێکى کورتى خراپ ئەو توانایەى هەیە کە بڕێکى زۆر باشە لەنێو ببات، وەک چۆن بڕێکی کەم ئاوى دەریا دەتوانێت تەنکییەک ئاوى سازگار سوێر بکات. بەم پێوەرە، ئەو خراپەیەى کە لە کاتژمێرێک خەمباریدا هەیە، زیاترە لەو باشەیەى کە لە شەش یاخود حەوت ڕۆژ خۆشیدا هەیە.

     لە بەرانبەر ئەم ڕوانگە یان تێڕوانینە تاریکەدا، بیریارانێکى وەک لایبنز و ژان ژاک ڕۆسۆ جەختیان لەسەر باشبوونى ژیان و ئەو هێزە دەکردەوە، کە ئێمە بۆ دۆزینەوەى باشە لە هەموو شتێکدا هەمانە. چونکە گەر فێربین تێڕوانینەکانمان لەگەڵ جیهاندا ڕێکبخەین، تێدەگەین لەوەى ژیان لە کرداردا زۆریش باشە. لایبنز دەنووسێت: «بڕ یان ڕێژەى خراپە لە ژیانى مرۆڤەکاندا بە هیچ شێوەیەک شیاوى بەراورد نییە بە ڕێژەى چاکە، وەک چۆن ژمارەى زیندانەکان شیاوى بەراورد نین بە ژمارەى خانوو و ماڵەکان و، جیهان لە خزمەتماندا دەبێت ئەگەر ئێمە بیخەینە خزمەتى خۆمانەوە. ئەگەر ئارەزووى ئەوەمان هەبێت تیایدا دڵخۆش بین، کەواتە دڵخۆش دەبین». وەک چۆن ڕەشبینەکان لەو باوەڕەدا بوون ئەو گەشبینانەى جەخت لەسەر خۆشی و باشییەکانى ژیان دەکەنەوە خەڵەتاون، گەشبینەکانیش وایان وێنا دەکرد کە چاوى ڕەشبینەکان بە ئاڕاستەى ناخۆشی و خراپەکان لە ڕێ لایداوە. هەردوولا یەکدییان بەوە تۆمەتبار دەکرد کە تێڕوانینێکى ڕاست و دروستیان نییە.

     لە ئەنجامدا، بەشێکى گەورەى کێشەکە ئەمەیە: تێڕوانینى ڕاست و دروست کامەیە؟

     کاتێک زیاتر لەو پرسیارانەدا قوڵ بوومەوە، ئەوەى سەرنجى ڕاکێشام ئەوە بوو کە ڕەشبینەکان و گەشبینەکان، لەپشت ئەم گفتوگۆ تیۆرییانەوە، چەندە پەرژاونەتە سەر گریمانە ئەخلاقییەکان. لە ڕووکارى بابەتەکەدا، کێشەکە ئەمە بوو: ئایا ئافراندن پاساودارە؟ بەڵام لە قوڵاییدا، زۆریش قوڵ نا، کێشەیەکى جددى هەبوو، کێشەیەکى پڕ لە دەلالەتى فەلسەفى و سۆزەکى: چۆن باس لە ئازارەکان بکەین کە ببێتە مایەى هیوا و سوکنایی؟

     تەنیا ڕەخنەى تیۆریی نییە، بەڵکوو هەردوولا ڕەخنەى ئەخلاقیش لە یەکدى دەگرن. گەورەترین ڕەخنە کە ڕەشبینەکان لە گەشبینەکانى دەگرن، ئەوەیە کە پێداگریکردن لەسەر باشبوونى ژیان، لە دۆخێکدا کە شاهیدى ئازارێکى زۆر و بنەڕەتیین، یان بانگەشەکردن بۆ ئەوەى بەختەوەریی خۆمان لە دەستى خۆماندایە، یان ئەوەى کە «ئەگەر ئارەزووى ئەوەمان هەبێت» دڵخۆش بین، دڵخۆش دەبین، ئازارەکانمان زیاتر و بەسوێتر دەکەن. ئەم قسانە، سەربارى ئەو ئازارانەى هەمانە، خەتا یان تاوانى ئەو ئازارە دەخاتە ئەستۆى خۆمان. ئەو هەستە بۆ کەسی دەردەدار و خاوەن ئازار دەگوازێتەوە کە کەسێکى لێوەشاوە نەبووە. ئەگەر ژیان هێندە باشە، کەواتە دەبێت کێشەکانى تاکى دەردەدار لە تێڕوانینە ناڕاستەکانى خۆیەوە سەرچاوەى گرتبێت و، ئەمەش بەتەواوى ئەو شتەیە گەشبینەکان بە شێوەیەکى گشتى دەیڵێن. هەر لەبەر ئەوەیە ڕەشبینەکان دەڵێن گەشبینى فەلسەفەیەکى بێبەزەییانەیە. ئەگەریش هیوایەک بە دى بهێنێت، لە کاتى سوکناییبەخشی و خەمڕەوێنیدا بێکاریگەر دەبێت.

     بەڵام گەشبینەکانیش بە هەمان شێوە ڕەخنەیان هەیە. ڕەخنەى ئەوان لە ڕەشبینەکان ئەوەیە کە ئەگەر ئێمە پێداگریی لەسەر توندى و ناچاریبوون و ئامادەیی ئازار لە هەموو شوێنێکدا بکەین و، ئەگەر بە هەموو قوڵى و خەماویبوونەکەیەوە باس لە ئازار بکەین (کە ڕەشبینەکان دەیانەوێت هەمان ئەو کارە بکەن)، ئەمە دەبێتە زیادکردنى ئازارێک بۆ سەر ئازارێکى دیکە –هەر لەبەر ئەوەشە کە ئازارەکە توندتر یان زیاتر دەکات، چوونکە بە گوتەى لایبنز «گەر سەرنجى خەڵک بخەیتە سەر شتانێک کە نابێت سەرنجى بدەن، خراپە و ئازار دووهێند دەبن.»

     گەشبینەکان دەڵێن ڕەشبینى خۆى لە خۆیدا دژى سوکنایی و خەمڕەوێنییە، بەڵام لەوەش زیاتر، دژى هیواداربوونە.

      کەواتە کێشەى ئەم فەیلەسوفانە تەنیا کێشەیەکى تیۆری نییە و، لەبارەى ئەوەوە نییە کە ئایا ژیان بە شێوەیەکى گشتى باشە یان خراپ، بەڵکو کێشەیەکى دیکەى پەیوەندیداریش لەگۆڕێیە: ئایا لەبەردەم کەسێکدا کە توشی ئازار بووە، فەلسەفە چ شتێکى بۆ پێشکەشکردن یان خستنەڕوو هەیە؟ فەلسەفە چ کارێکى بۆ پێدانى هیوا و بەخشینى سوکنایی بە مرۆڤ کردووە؟

     ئەم دوو ڕەوتە فکرییە یەک ئامانجیان هەیە، بەڵام ڕێگەى جیاواز بۆ گەیشتن پێى پێشنیار دەکەن: ڕەشبینەکان هەوڵ دەدەن سوکناییمان پێ بدەن لە ڕێگەى جەختکردنەوە لەسەر لاوازییەکانمان و، قبوڵکردنى ئەوەى هەرچندەش هەوڵى زۆر بدەین هێشتاش ئەگەرى هەیە بە شادومانى نەگەین، بەبێ ئەوەى هیچ هەڵەیەکمان کردبێت. لەم نێوەندەدا، گەشبینەکان دەیانەوێت هیوا پێشکەش بکەن، لە ڕێگەى جەختکردنەوە لەسەر تواناکانمان، پێداگرى لەسەر ئەوەى هەرچەندەش بارودۆخێکى خەماوى و تاریکمان هەبێت، هەمیشە دەتوانین ڕوانگە و ڕێگە و ئاڕاستەکەمان بگۆڕین و، هەمیشە دەتوانین ئامانجێکى باشتر بخەینە مێشکمانەوە.

     هەڵبەتە لە بنەڕەتدا هۆکارێکمان نییە بۆ ئەوەى نەتوانین ئەم دوو ڕەوتە تێکەڵ بکەین، هەریەکەیان تەواوکەرى ئەوى دیکەیان بێت و دژە ژەهرێک بێت بۆ ژەهرى ئەوى دیکە کاتێک بەتەنیا بەکاردێت. بەڵام پێویستە ئەو ڕاستییەش لەبەرچاو بگرین کە گەشبین و ڕەشبینەکانى ڕابردوو خۆیانیان لەبەرانبەر یەکدیدا دەبینى –ئێمەش لە کرداردا هەر بەو شێوەیەین: ئێمە هێشتاش بە شێوەیەکى گشتى لۆژیکى سفر و یەکمان هەیە، وەک ئەوەى ناچاربین لەنێوان گەشبینى و ڕەشبینیدا هەڵبژاردەیەکى یەکلاکەرەوەمان هەبێت، یان بە دەربڕینى نوام چۆمسکى: «لەنێوان گەشبینى و بێهیواییدا دوو هەڵبژاردەمان هەیە. دەتوانین ڕەشبین بین، خۆمان بەدەستەوە بدەین، یان هەوڵ بدەین بۆ ئەوەى دڵنیابینەوە لەوەى کە خراپترین بارودۆخ دێتە پێشەوە. یان دەتوانین گەشبین بین، دەست بەو هەلانەوە بگرین کە بەدڵنیاییەوە هەن و، ڕەنگە یارمەتیدەر بین بۆ ئەوەى دنیا ببێتە شوێنێکى باشتر. هەڵبژاردنێکى ئەوتۆش لە گۆڕێ نییە.»

     کۆتا نموونە، ناڕێکى و یەکلایەنەیی کاریگەریی ئەم دوو دەستەواژە لە لاى ئێمە پیشان دەدات. گەشبینى بە شێوەیەکى گشتى ڕەهەندێکى ئەرێنى هەیە و ڕەشبینییش ڕەهەندێکى نەرێنى. کاتێک بە کەسێک دەڵێین گەشبین، بە شێوەیەکى گشتى وەک پیاهەڵدانێک تەماشا دەکرێت. لەبەر ئەوەیە کە سیاسەتمەداران حەز دەکەن پێداگری لەسەر گەشبینبوونیان بکەن، یان تەنانەت وەک ئەرکێک باس لە گەشبینى بکەن. بە پێچەوانەوە، ئەگەر بە کەسێک بڵێین ڕەشبین، وەک سوکایەتی و تۆمەتبارکردنى ئەو کەسە دەبینرێت. بە دەربڕینێک کە لە ناونیشانى یەکێک لە کتێبە نوێیەکاندا هاتووە، «ڕەشبینى هى دۆڕاوەکانە.»

     بەڵام ئایا هەڵبژاردنەکانمان بە هەمان هێندە دووجەمسەرین؟ گەر تاریکیگەلێک لە جادەى ڕەشبینیدا هەن، مەترسیگەلێکیش لە جادەى بەرانبەریشدا هەن و، ڕەشبینەکانى جاران بەردەوام لە هەمان ئەو مەترسییانە ئاگاداریان دەکردینەوە: ئەگەر زیاد لە ئەندازە جەخت لەسەر ئەو دەسەڵاتە بکەینەوە کە بەسەر زەین، ژیان و چارەنووسماندا هەمانە، بە ئاسانى دەکەوینە سەر جادەیەکى بێبەزەییەوە.

     بۆ بینینى نموونەگەلێک لەبارەى ئەوەوە کە گەشبینى، لە تاریکترین شێوەیدا، چى لێ دەردەچێت، پێویست ناکات زۆر دوور بڕۆین. کاتێک لە ساڵى ٢٠٠٨دا باڵەخانەیەک لە لەندەن بە ناوى هایگەیت ستەیت بە سەرمایەدارە بیانییەکان فرۆشرا، لە سەرەتادا دانیشتووانەکەى لە ماڵەکانیان کرانە دەرەوە، دواتر ئەنجومەنى ناوچەیی چەند خولێکى تەرکیزکردن لەسەر هەستەکانیان بۆ کردنەوە، بۆ ئەوەى ڕووبەڕووى دڵەڕاوکێکانیان ببنەوە. بە شێوەیەک کە خۆیان بە بەرپرسیارى بەدبەختییەکانیان لە قەڵەم دران. ئەگەر ئێمە بە ڕاستى بەسەر دۆخە دەروونییەکانماندا زاڵ بین، ئیدى چ هۆکارێکمان هەیە بۆ ئەوەى خوازیارى دادپەروەریی کۆمەڵایەتى بین؟ ئەمە ڕووى تاریکى ئەو گوتە باوەیە کە دەڵێت: «ئێوە بەرپرسیاری بەختەوەریی خۆتانن» و، لە ڕێگەى دروستکردنى ترسێکى زیرەکانەى ڕژێمى میدیا کۆمەڵایەتییەکانەوە بەهێز دەکرێت، کە ناچارمان دەکات سەرکەوتن و دڵخۆشییەکانمان بە گوێى جیهاندا بدەین.

     لەو جۆرە حاڵەتانەدایە کە هێزى سوکناییبەخشی ڕەشبینى خۆى ئاشکرا دەکات: کێشە نییە گەر کێشەت هەبێت. هەندێک جار بێهیوا دەبین، هەندێک جار بەر دیوارە بەرزەکانى بێتوانایی خۆمان و سنوورەکانى جیهان دەکەوین. ئەگەر باوەڕمان وا بێت ئازارەکانمان و شکاویمان هەڵەى خۆمان نییە، ئەو باوەڕە سوکناییمان پێ دەبەخشێت. کاتێک ئازار دەچێژین، کاتێک خەم بۆ ئەو شتانە دەخۆین کە لە دەستمان داون یا لە دەستیان دەدەین، دەتوانین بەرگەى ئەو ئازارە بگرین.

     بەڵام زۆر بە خێرایی، ڕەشبینیمان لەگەڵ ناچالاکى و باوەڕبوون بە چارەنووس یان بێهیواییدا لێ تێکدەچێت و، هەر لەسەر ئەم بنەمایە ڕەدى دەکەینەوە _چوونکە خوازیاری فەلسەفەیەک نین کە پێمان بڵێت خۆت بەدەستەوە بدە. بەڵام ئایا ڕەشبینى بەڕاستى وەها واتایەکى هەیە؟ جۆشوا دانستینگ، لە کتێبی ڕەشبینى: فەلسەفە، ئەخلاق و ورەدا (٢٠٠٦) پێى وایە ڕەشبینى دەتوانێت نەک تەنیا نەبێتە هۆى ناچالاکى، بەڵکوو تەواو بە پێێچەوانەوە، دەشێ پەیوەندییەکى نزیکى لەگەڵ چالاکییە ئەخلاقى و سیاسییەکاندا هەبێت. وەک چۆن لە ئەلبێرت کامۆدا دەیبینین، کەسێک کە ئازایەتى و چالاکییەکانى لە جەنگى جیهانیی دوومدا تێکەڵ بوو بە تێڕوانینە ڕەشبینانەکەى.

     تەنانەت ڕەشبینترینى ڕەشبینەکانیش هەرگیز نەیان گوتووە ژیان تەنیا خراپتر دەبێت یان هەرگیز باش نابێت: ئەوە وێنەیەکى کاریکاتێرییە کە بەپەلە لەبارەى ڕەشبییەوە دەکێشرێت تەنیا بۆ ئەوەى ڕەد بکرێتەوە. ئارسەر شۆپنهاوەر، کە لەنێو ڕەشبینەکاندا لە هەمووان ڕەشبینتر بوو، وەها شتێکى قبوڵ نەدەکرد. بە پێچەوانەوە، بۆچوونى ئەو ئەوە بوو کە چوونکە ناتوانین ڕەوتى کاروبارەکان بخەینە ژێر کۆنترۆڵى خۆمان، هەرگیز نازانین داهاتوو چ شتێکى لە هەناودایە: ژیان ڕەنگە باشتر یان خراپتر بێت. بە دەربڕینى دانستینگ، «ڕەشبین هیچ چاوەڕوانییەکى نییە.» ڕەنگە ئەو قسەیە زۆر جێى هیوا نەبێت، بەڵام هەرچۆنێک بێت جۆرێک هیواى تێدایە. بەو جۆرەیە دەتوانرێت ڕووناکییەکى کز لەنێو تاریکترین لاپەڕى بەرهەمەکانى ئەو نووسەرانەدا بدۆزرێتەوە: ئەو ئاگاییە خێرا و بێئۆقرەیەى کە لەم گۆشەنیگا تاریکەدا دەتوانێت شتێک بدۆزێتەوە؛ ئەوەى کە ڕەنگە چاوەکانمان بە ڕووى شتێکدا بکرێتەوە کە پێشتر نەکرابووەوە، ئەوەى کە ڕەنگە لە تاریکیدا بینا بین.

     هەر لەبەر ئەو هۆکارەیە دەشێ ڕەشبینى هیوادارانە دژیەکى نەبێت، بەڵکوو سیمبولى هێزێکى جڵەونەکراو بێت کە تەنیا کاتێک جڵەو دەکرێت کە تاریکترین هێزەکانى ژیان لەنێو کیمیاى نامۆى هیوادا تێکەڵ بە یەکدى دەبن.

     لەبارەى ئەو شتانەوە لەم سەردەمەدا بیر دەکەمەوە، سەردەمى داڕمان و وێرانبوونى ژینگە، سەردەمى لافاوەکان و ئاگرکەوتنەوەکان و بەرزبوونەوەى پلەکانى گەرما، کە هیچ کەسێک بیریشی لێ نەدەکردنەوە، سەردەمێک کە لەژێر سێبەرى تارمایی قەیرانەکانى کەشوهەوادایە ، قەیرانێک کە لە هەر لایەک دەڕوانین ئامادەیە. هەروەها سەردەمى بێهیواییەکى خامۆش، کە لاى گەنجان هێندەش خامۆش نییە. هەمان ئەو ڕەخنانەى کە سەردەمانێک لە ڕەشبینەکانى کۆن دەگیرا، ئێستا لە لایەن تێکنۆگەشبینەکانەوە (ئەو کەسانەى دڵیان بە پێشکەوتنە تەکنۆلۆژییەکان خۆشە و پاڵپشتیکارى پێشکەوتنن) دژى گەنجە بێهیواکان بەکاردەهێنرێت. ئەو کەسانە هەر جۆرە لەبەرچاوگرتنێکى گریمانەیی وێرانیش بە نیشانەى لاوازى، نەبوونى خەیاڵ و کەموکورتى ئەخلاقى _زیاتر لەوانەش بە دیدگایەکى هەڵە_ دەزانن. هەر لەبەر ئەوەیە هاوارى گەنجان، بە پاساوى ئەوەى کە ڕەشبینى باوەڕبوون بە چارەنووس و بێهیواییەکى «ڕووت»ە، مەحکوم دەکەن. ڕەخنەى ئەوە لە گەنجەکان دەگرن کە تێڕوانینێکى خەماوییان هەیە، قسەکانیان بە زێدەڕۆیانە و وتاربێژەکانیان بە نەزان دەزانن [ئاماژەیە بۆ گێرتا تونبێرگ[1]].

     بەئاسانى ڕەنگە لەو ڕاستییە بێئاگا بین کە ئەم نەوەیە _یەکەمین نەوەیەک کە لە دنیایەکدا گەورە دەبێت تیایدا دۆخى لەناکاوى کەشوهەوا تەنیا لە داهاتوودا نییە، بەڵکوو ڕاستییەکى تاڵى ئامادەیە_ هەستى ڕاستەقینەى لەدەستدانى داهاتووى بۆ دروست بووە، چوونکە هەموو ئەو شتانەى بە ئەوان گوتراوە، کە گوایە واتا بە ژیانیان دەدات، یان بێواتا بووە یاخود کێشەى بۆ دروست بووە. شتانێکى وەک: بخوێنە، پیشەى گونجاو بدۆزەرەوە و ماڵ بگرە –بەڵام ئیدى چ پیشەیەک مایەى دڵنیاییە؟ ئیدى نیشتەجێبوون لە چ شوێنێکدا پارێزراوە؟ هەروەک گێرتا تونبێرگ لە ساڵى ٢٠١٨دا لەنێو مەیدانى پەرلەمانى لەندەندا گوتى: «بۆچى دەبێت بۆ داهاتوویەک بخوێنم کە بە زوویی چیدى بوونى نابێت و، هیچ کەسێکیش هیچ کارێک بۆ ڕزگارکردنى ئەو داهاتووە ناکات؟» شتانێکى وەک: منداڵ بخەرەوە _بەڵام ئەگەر هیچ داهاتوویەک بۆ منداڵەکان بوونى نەبێت، ئایا هێشتاش منداڵخستنەوە بێکێشەیە؟ تەنانەت شتانى سادەتر، وەک گەشەى تاکەکەسی لە ڕێگەى گەشتکردنەوە، ئیدى زۆریش ڕاست نین: چوونکە ئەگەر گەشەى تاکەکەسی بخەینە بەرانبەر تێچووى کاربۆنیی گەشتەکان لە سەردەمى مۆدێرندا، ئیدى گەشەى تاکەکەسی چ گرنگییەکى دەبێت؟

     ئەمە لێکهەڵوەشانى تەواوەتى واتایە، کە تازە بۆمان ڕوون بووەتەوە. گەنجەکان بەڕاستى ئەو هەستە ئەزموون دەکەن کە نەک تەنیا واتاکان لەدەست چوون، بەڵکوو خودى داهاتووش لەدەست چووە، چوونکە هەموو وەڵامە باوەکان بۆ ئەو پرسیارەى کە چ شتێک بەها و نرخ بە ژیان دەدات، بە شێوەیەکى ڕوولەزیاد ڕووەو نادڵنیایی ڕۆشتوون. گەنجان لەنێو ئەو تاریکییەدا دەژین، لە گەڕان بەدواى جۆرێک هیوا و جۆرێک لە دڵنەواییدا و، دەتوانین چییان پێشکەش بکەین؟ بەدڵنیاییەوە دەتوانین لە بری پێدانى وەڵامێکى کرچوکاڵ (کە ڕەنگە درۆیەکى ئاشکراش بێت) کە دڵنیایی پێ بدات هەمووشتێک باش دەبێت، کارێکى باشتر بکەین. چوونکە دەزانین ئەگەرى باشتربوون بوونى نییە.

     هەر جۆرە قسەیەکى گەشبینانەى کاڵوکرچى دیکە، نەک تەنیا قسەیەکى نابەجێ دەبێت، بەڵکوو درۆیەکە کە کەس فریو نادات، بەتایبەت گەنجان بەو هەستە ئەخلاقییە تیژەیانەوە، کە پشتەوەى بەڵێن و گرەنتییە پووچەکانى سیاسەتمەداران، بەو ڕقەوە کە دەزانین پاساودارە، دەبینن. ئەگەر پێیان بڵێن هەموو شتێک باش دەبێت، تەنیا قسەیەکى پووچمان نەکردووە، بەڵکوو دەری دەخەین کە ئەزموونەکانیان بە جددى وەرناگرین و ئەمەش، بە گوتەى ڕەشبینەکان، هەمان ئەو شتەیە کە بێگومان ئازارەکانیان زیاتر دەکات.

     بەڵام ئایا ئەگەر گەشبینى بێئەنجام بێت، دەتوانین بڵێین ڕەشبینى باشترە؟ من دەڵێم ڕەشبینى دەشێ بەهادار بێت _بەڵام ئایا دەتوانین لەوەش زیاتر بچینە پێشەوە؟ ئایا ڕەشبینى بەڕاستى دەتوانێت فەزیلەت بێت؟

     ڕەنگە هەندێک کەس خودى دەستەواژەى فەزیلەتى ڕەشبینى بە قسەیەکى پووچ بزانن. بۆ نموونە، دەتوانین پێناسەکەى هیوم قبوڵ بکەین کە دەڵێت: «نیشانەى هەر فەزیلەتێک ئەوەیە کە بەسود و خوازراو بێت، یان بۆ ئەو کەسەى خاوەنیەتى یان بۆ کەسانى دیکە.» بەڵام بێگومان ڕەشبینى نە بەسودە و نە خوازراو. بەسود نییە، بەو بەڵگەیەى بەرەو ناچالاکیمان دەبات. نەک تەنیا خەمۆکمان دەکات، بەڵکوو بە گوتەى مێرلین ڕۆبینسۆن، کە لەبارەى ڕەشبینیی کولوورییەوە بە شێوەیەکى تایبەت ئەوەى گوتووە، «جۆشوخرۆشمان بۆ ئەگەرەکانى داهاتوو»ش لەنێو دەبات. خوازراویش نییە، چوونکە ئازارەکانمان زیاتر دەکات، دەبێتە هۆى ئەوەى لەبری ڕووە جوانەکەى ژیان تەرکیز لەسەر ڕووە ناشرینەکەى بکەین (یان گەشبینگەلێکى وەک لایبنز و ڕۆسۆ وا دەڵێن). لە ئەنجامدا، مایەى سەرسوڕمان نییە کە هەندێک لە لێکۆڵینەوەکان لەسەر «سەرمەشقە ئەخلاقییەکان» دەریانخستووە کە بیرکردنەوەى ئەرێنى، هیوادارى و گەشبینى تایبەتمەندیی هاوبەشی نێوانیان بووە.

     ئێستا گێرتا تونبێرگ لەبەرچاو بگرن. ئەگەر شتێک هەبێت بە ناوى «فەزیلەتى کەشوهەوا»وە، وا دەردەکەوێت ئەو سەرمەشقى بێت _ئەوەتان لەبەرچاو بێت چ هەڵبژاردەگەلێکى دژوارى ئەنجام داوە، چەندە پێداگرە لەسەر تێڕوانینەکانى و بە چ ئازایەتییەکەوە بانگ لە سەرکردەکانى جیهان دەکات و ڕەخنە لە بێمەیلى و دژبوونیان بەو ئامانجە دەگرێت. ئەگەر ئەوە فەزیلەت نییە، ئیدى نازانم چى دیکەیە _لە هەمان کاتیشدا هیچ جۆرە بیرکردنەوەیەکى ئەرێنى یاخود هیچ گەشبینییەک لە تونبێرگدا نییە. ئەگەریش هیوایەک لە گۆڕێ بێت، هیوایەکى تاریک، خەماوى و پڕ لە ڕق و ئازارە بۆ ئەو شتانەى لە دەستمان داون _بەڵام هاوڕێیە لەگەڵ پێداگرى، دامەزراوى و نەگۆڕیشدا. ڕوونە لایەنى کەم ئەم چالاکوانە تایبەتە بەردەوامى بە هەوڵ و تێکۆشانەکانى دەدات، تەنانەت گەر مەحکوم بێت بە شکست. ئەمە گەشبینى نییە: ئەگەر شتێک بێت، ناوى ڕەشبینیی هیوادارانە دەبێت و، پێم وایە لە هەموو ڕوویەکەوە مافى ئەوەمان هەیە بڵێین لەم سەردەمەدا ئەوە فەزیلەتە.

      ڕەشبینیی هیوادارانە، دووانەى ژەنگهەڵهێناوى ڕەشبینى-گەشبینى لەنێو دەبات. هەمان ئەم تێڕوانین و گۆشەنیگایەیە کە لە تونبێرگ و هەموو ئەو کەسایەتییانەى دیکەدا دەرکەوتووە کە وەڵامى ئەرێنیی پرسیارەکەى پۆڵ کینگسنۆرسیان داوەتەوە: «ئایا دەتوانرێت داهاتوو بە تاریک و لە تاریکتربووندا ببینرێت، ئایا دەکرێت هیواى درۆینە و گەشبینیی درۆینە بخرێتە لاوە، بەبێ کەوتنە نێو گێژاوى بێهیوایی؟»

     ئەوەى پێویستە خۆمانى لێ بپارێزین، ڕەشبینى نییە، بەڵکوو بێهیوایی یاخود باوەڕبوون بە چارەنووس و خۆبەدەستەوەدانە. تەنانەت پێویست ناکات بەتەواوى خۆمان لە بێهیوایی بەدوور بگرین، چوونکە ئەویش دەتوانێت وزەمان پێ بدات و هانمان بدات بە ئاڕاستەى گۆڕان هەوڵ بدەین و هەنگاو بنێین، بەڵام پێویستە خۆمان لەو جۆرە بێهیواییە بەدوور بگرین کە بەرەو سستبوونمان دەبات. ئەو شتانە لەگەڵ ڕەشبینیدا وەک یەک نین؛ ڕەشبینى تەنیا گریمانەى گۆشەنیگایەکى تاریکە بۆ ئێستا و داهاتوو و، بە واتاى لەدەستدانى ئازایەتى و دەسهەڵگرتن لە هەوڵدانى بەردەوام بۆ باشتربوون نایەت. بە پێچەوانەوە، ئەمانە بە شێوەیەکى گشتى هەمان ئەو دیارییانەن کە ڕەشبینى پێمانى دەدات.

     دەتوانین بە قوڵترین و تاریکترین شێوە ڕەشبین بین، دەتوانین خۆمان لەژێر چنگى سار و ڕەقى بێهیواییدا ببینینەوە، لەگەڵ ئەوەشدا واز لەو ئەگەرە نەهێنین کە ڕەنگە هێشتا شتێکى باش لە گۆڕێ بێت (ئەمەش تەنیا دەشێ ئەگەرێک بێت). ئەمە لەو جۆرە هیوایانەیە کە قوربانییەکى زۆری بۆ دراوە و هەروا بە ئاسانى بە دەست نەهێنراوە، بەڵکو نیگایەکى تێکەڵ بە ئازار لەسەر ڕۆحمان هەڵیکۆڵیوە، ڕوانینێک کە ڕەنگە تەنیا جەختکردنەوە بێت لە هەموو ئەو ئازارانەى کە ژیان دەتوانێت هەیبێت و هەیەتى. ئەگەر شتێک لە ڕەشبینەکان فێربووبم، ئەمەیە: بە چاوانێکى پڕ تاریکییەوە هێشتاش ئەم کراوەییە هەژێنەرە نامۆیە دەتوانێت هەبێت، وەک دەرگایەک بە ئەندازەى درزێک، کە کراوەتەوە بۆ ئەوەى ڕێگەى هاتنەناوەوەى باشییەکان بێت بۆ نێو ژیان. چوونکە هیچ شتێکى دڵنیا لە گۆڕێ نییە، داهاتووش هەر بەو جۆرەیە و، هەر بۆیە هەمیشە ئەگەرى گۆڕان بە ئاڕاستەى باشتربوون و هەڵبەتە خراپتربوون بوونى هەیە.

    ئەمە بۆ خۆى دەشێ بابەتێکى ئەخلاقى بێت: کەسێک پێشوازى لە باشی دەکات کاتێک بەرەو ڕووى دێت و، لە هەڵسوکەوتیدا پێداگریی لەسەر دەکات، بەڵام خراپەش قبوڵ دەکات بەبێ ئەوەى پاساوى بۆ بهێنێتەوە یاخود باری ئەو کەسانەى کەوتوونەتە سەر ڕێڕەوى خراپى، قورستر بکات. هەندێک جار ناتوانین جیهان بەو جۆرە بگۆڕین کە دەمانەوێت، قبوڵکردنى ئەم خاڵەش دەتوانێت گەورەترین کارێک بێت کە دەتوانین ئەنجامى بدەین و، هەروەها گەورەترین دڵنەواییمان بێت، ئەگەر لە هەمان کاتدا ئەنگێزە یاخود ویستى خۆمان بۆ ئەنجامدانى باشترینەکان و دژوارترینەکان لە دەست نەدەین.

      هەر بەو جۆرەى جۆناتان لیر لە کتێبی هیواى ڕادیکاڵانەدا (٢٠٠٦) گوتوویەتى، دیاردەیەکى هاوبەش لە کاتى لێکهەڵوەشانى کلتووریدا هەیە، ئەویش ئەوەیە کە بەها کۆنەکان واتاکانیان لە دەست دەدەن. ئەگەر بڕیار بێت بەها کۆنەکان لەکاتى لێکهەڵوەشانى ئەخلاقیدا ڕزگاریان ببێت، پێویستیان بە واتاى نوێ هەیە، واتاگەلێکى نوێ کە ژیانێکى تازە بە بەریاندا بکات. یەکێک لە دژوارترین کارەکان گفتوگۆکردنە لەبارەى ئەم گۆڕانەوە، دەستپێکردنى ئەو فەزیلەتە نوێیانەى لە جێگیربووندان، لە کاتێکدا فەزیلەتە نوێیەکان هێشتا بەتەواوى لەنێونەچوون و لەنێوانماندان. ئەمەش، بە بۆچوونى من، یەکێک لەو ڕێگانەیە کە ڕەشبینى دەتوانێت یارمەتیمان بدات تیایدا _وەک فەزیلەتێک خۆى لە خۆیدا، بەڵام وەک ڕێگەیەک بۆ پێدانى واتاى نوێ بە فەزیلەتەکان، فەزیلەتگەلێک کە وەک بەشێک لەم جیهانە ڕوولەگۆڕانە لە گۆڕاندان. وەستان بە چاوى کراوەوە بەرانبەر بەو ڕاستیانەى لە بەرانبەرماندان، ئازایەتى دەوێت و ڕوووەرنەگێڕان لێى پشوودرێژى دەوێت، هەروەها پێداگرینەکردن لەسەر ئەوەى هەمووشتێک لەوێدا کۆتایی دێت، کە ئەوەش هیوایە.

     هیوابوون نەک بەوەى لە کۆتاییدا هەموو شتێک باش دەبێت، بەڵکوو بەوەى هیچ شتێک هەرگیز بەڕاستى کۆتایی نایەت. هیوابوون بەوەى «درزێک لە هەموو شتێکدا» هەیە، وەک ئەو شیعرەى لیۆنارد کۆهن کە دەڵێت: هەم لە خراپە و هەم لە باشەدا، بە جۆرێک کە هیچ کام لەمانە بۆ هەمیشە لامان نامێننەوە. ئەمە هەمان ئەو بۆچوونە جێگیرە نییە کە دەڵێت هەموو شتێک مەحکومە بە باشتربوون _ئەو گەشبینییە کرچوکاڵە نییە کە چیدى لەنێو ئەم جیهانە ڕوو لە وێرانییەدا وەک فەزیلەت لێى ناڕوانرێت و، بەڵکوو ڕەنگە ببێتە ڕەزیلەتى سەرەکى ئێمە. ڕەنگە وا ئاسانتر بێت هەوڵەکانمان ببەینە ژێر ئاڵاى سەرکەوتنە گرەنتیکراوەکانەوە، بەڵام ئەم ئاسانییە فێڵێێک زیاتر نییە، چوونکە ڕەنگە کاتێک کە بەهۆى ناچالاکى یاخود باوەڕبوون بە چارەنووسەوە سارد دەبینەوە، بەهۆى شکستە یەک لەدواى یەکەکانیشەوە لەنێوبچین. لەبری ئەمانە، ئەوەى ڕەشبینیی هیوادارانە داواى دەکات، ئەوەیە کە هیچ کاتێک هیچ دڵنیاییەک لەگۆڕێ نییە، دەست لە هەوڵدان هەڵنەگرین بەبێ ئەوەى هیچ چاوەڕوانییەکمان لە هەوڵەکانمان هەبێت، جگە زانینى ئەوەى لە پێگەى بکەرانى ئەخلاقیدا، لە سەردەمى گۆڕاندا، ئەرکى سەرشانى خۆمانمان ئەنجام داوە. ڕەنگە ئەوە کەمترین ئاستى هیواداربوون بێت، خەماویترین شێوەى سوکنایی و خەمڕەوێنى بێت _بەڵام ڕەنگە هەمان ئەو شتە بێت کە زۆرترین یارمەتیمان بدات لەو سەردەمەى لەبەردەمماندایە، وەک بەهایەک، دڵنیاییەک، کارێک بە خرۆشێکى ئەخلاقییەوە: فەزیلەتێکى شیاوى شکان لە سەردەمێکى شیاوى شکاندا.

     مارا ڤان دی لوخت ئەم وتارەى نووسیوە و لە ڕێکەوتى ٢٦ى ئەپرێڵى ٢٠٢٢دا لەژێر ناونیشانى «Look on the dark side» لە وێبسایتى ئایۆندا بڵاو بووەتەوە و، بۆ یەکەم جار لەژێر ناونیشانى «چۆن هەم ڕەشبین بین و هەم هیوادار؟» لە ژمارە ٢٤ى وەرزنامەى تەرجومان (بۆ زانستە مرۆییەکان)دا بە وەرگێڕانى محمد ئیبراهیم باسط بڵاو بووەتەوە. وێبسایستى تەرجومان لە ڕێکەوتى ٢٦ى ئۆکتۆبەرى ٢٠٢٢ بە هەمان ناونیشان بڵاوى کردووەتەوە.


[1] . چالاکوانێکى سویدییە لە بوارى ژینگەدا، کە بەهۆى چالاکییەکانى لە بوارى ئاگادارکردنەوەى خەڵک لەو مەترسیانەى لە گۆڕانگارییەکانى کەشوهەواوە سەرچاوە دەگرن، بەنێوبانگە. هەروەها بەهۆى ڕەخنەگرتنى لە سیاسەتمەدارانى جیهان کە هیچ بە قەیرانى کەشوهەوا نادەن.

هاوشێوە