رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

مەرگی ماسییەکی تەنیا

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسین: هاوڕێ عەبدوڵا

لەم وتارەدا لەسەر چەند فۆتۆیەکی فۆتۆگرافەر “شاهۆ عەبدولقادر” دەوەستین. شاهۆ وەک فۆتۆگرافەرێک لە جەنگی دژ بە داعشدا لە شاری کەرکووک و دەوروبەری، هەروەها لە ناوچەکانی ڕۆژئاڤای کوردستانیشدا حزووری هەبووە، لەدوای جەنگیش لە کارە فۆتۆگرافییەکانی بەردەوام بووە. شاهۆ لە ناوجەرگەی شارێکدا ژیاوە، چەندین ساڵ تیرۆر و شەڕ بەشێکی دانەبڕوای ژیانی ئەو شارە بوونە. هەر بۆیە فۆتۆکانی ئەم قۆناغەی، وێنەدانەوەی ئەو هەلومەرجە واقیعییە و ئەو بارە سایکۆلۆژییە خودییەن کە ئەو هەلومەرجە دروستی کردووە. پاش کۆچ بۆ تاراوگە، بە هۆی گۆڕانی هەلومەرج و شوێنەوە، فەزای فۆتۆکانیشی گۆڕانیان بەسەردا دێت، چ وەک فۆرم و چ وەک ناواخنیش. ئەم چەند فۆتۆیەی کە لێرەدا لەبارەیانەوە دەدوێین، دەکرێت وەک بەشێک لە قۆناغی یەکەمی کارکردنی شاهۆ دابنرێن، کە قۆناغی جەنگی دژ بە داعش و هەلومەرجەکانی دوای جەنگن. مناڵ و باڵندە و ئاژەڵ لە فیگەرە سەرەکییەکانی کارکردنی ئەم قۆناغەیدان. شاهۆ گرنگییەکی زۆر بە مناڵانی ناو جەنگ و دوای جەنگیش دەدات، ئەمەیان دەکرێت لە دەرفەتێکی تردا قسەی لەبارەوە بکەین. گەرچی کارەکانی ئەم قۆناغەی شاهۆ پەیوەستن بە هەلومەرجی جەنگ و دوای جەنگەوە، بەڵام ناچنە چوارچێوەی فۆتۆژۆرنالیزمی جەنگییەوە. سەرەتاکانی سەرهەڵدانی فۆتۆژۆرنالیزم (Photojournalism) بۆ سەرەتاکانی نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەیەم و کارە فۆتۆییەکانی ڕۆجەر فینتۆن (Roger Fenton) دەگەڕێتەوە. ڕۆجەر لە جەنگی کریمەدا لە ساڵی  ١٨٥٥دا لە ڕێی کامێراکەیەوە ڕووداوەکان و کارەساتەکانی جەنگ تۆمار  دەکات، جگە لەوەی فۆتۆکانی نمایش دەکرێن، لە ڕۆژنامەشدا چاپ و بڵاو دەکرێنەوە. لە ساڵی ١٨٦١دا لە جەنگی ناوخۆیی ئەمریکادا، ماتیۆ برادی (Mathew Brady) ڕۆڵێکی سەرەکی و گەورە دەبینێت لە برەودان بە فۆتۆژۆرنالیزم و ئەرشیفکردنی ڕووداوەکانی جەنگی ناوخۆیی. فۆتۆژۆرنالیزم بە فۆتۆژۆرنالیزمی جەنگی دەست پێ دەکات، دواتریش بەدرێژایی جەنگە یەک لە دوای یەکەکان، فۆتۆژۆرنالیزمی جەنگی دەبێتە جۆرێکی هەرە دیار و کاریگەری فۆتۆژۆرنالیزم. چەندین فۆتۆی جەنگی هەن لە سیاقی خۆیاندا کاریگەریی گەورەیان هەبووە بەسەر ڕای گشتی و ئاراستەکردنی ڕووداوەکانەوە. بەهای ئەو فۆتۆیانەی لە جەنگەکاندا چرکێنراون بەدەر لە هەر لایەنێکی تەکنیکی و هونەرییان، لەوەدایە ئەرشیف و دیکۆمێنتێکی گرنگی مێژوویین. لەمڕۆدا فۆتۆژۆرنالیزم بە هەمان لۆژیکی باوی ژۆرنالیزم هەڵدەسوڕێت. بەهای هەواڵی (News Values) ئەو پێوەرە باوەی ناو دنیای ژۆرنالیزمە کە دەستنیشانی ئەوە دەکات چ شتێک، چ ڕووداوێک و چ چرکەساتێک بەهای هەواڵی هەیە و دەشێت وەک هەواڵێکی ژۆرنالیستی بگەیەنرێت بەوانی تر. فۆتۆژۆرنالیستێکیش کاتێک لە جەنگدا کامێراکەی بەدەستەوە دەگرێت، بۆ ئەو چرکەسات و ڕووداو و شتانە دەگەڕێت کە بەهای هەواڵییان هەیە و دەشێت وەک فۆتۆیەکی کاریگەر لە دنیای ژۆرنالیستیدا جێگەی سەرنجی بینەر بن. ئەو ڕووداو و چرکەساتانەی بۆ فۆتۆژۆرنالیستێک بەهای هەواڵییان هەیە، ڕووداو و چرکەساتە گەورە و تراژیدییەکانن. ئەوەی بۆ فۆتۆژۆرنالیستێک گرنگە بیگوازێتەوە ڕەهەندە گشتییەکەی ڕووداوێکە. فۆتۆژۆرنالیزم هاوشانی ڕووداوە، دەرگیرە لەگەڵ ڕووداودا، فۆتۆژۆرنالیست بۆ ئەو چرکەساتە دەگەڕێت فۆتۆی باشترین زەمەنی ڕووداوێک لە نزیکەوە بچرکێنێت. بەپەلەیی و لە نزیکەوە و چەندێتی و ڕووداوی گەورە، پێوەرە سەرەکییەکانی فۆتۆژۆرنالیستێکن لە کاتی چرکاندنی فۆتۆکانیدا. لە ڕاستیدا دواجار فۆتۆژۆرنالیست هەر هەواڵسازێکە لە دنیای ژۆرنالیستیدا، بەڵام لە بری وشە، لە ڕێی وێنەوە. دەشێت فۆتۆژۆرنالیستێک فۆتۆی هونەری و جیاواز لەم لۆژیکە باوەی هەبێت، بەڵام دواجار ئەمە لۆژیکی باو و زاڵی ناو فۆتۆژۆرنالیزمە. گەر فۆتۆژۆرنالیستێکی جەنگی بە لۆژیکی باوی ژۆرنالیستی هەڵبسوڕێت و بە شوێن ئەو ڕووداو و چرکەساتانەوە بێت کە بەهای هەواڵییان هەیە، و بیر لە چەندێتیی بینینی فۆتۆکانی بکاتەوە، ئەوا فۆتۆگرافەرێکی ئازاد کە کەڵکەڵەی ئەوەی نییە فۆتۆکانی ببنە بەشێک لە هەواڵسازییەک و کە کەڵکەڵەی بینەرانێکی پێشوەختە ئامادەی نییە، فۆکسی لەسەر بینینە هونەری و ناوەکییەکەی خۆی دەبێت و ئازادانە فۆتۆکانی دەچرکێنێت. بۆ ئەوەی لە کاتی چرکاندنی فۆتۆدا چرکەساتێکی هونەرییانە دروست بێت، پێویستە فۆتۆگرافەر هیچ چاوەڕوانییەکی پێشوەختە تێر نەکات و جڵەو شل بکات بۆ بینینە ناوەکییە هونەرییەکەی خۆی. شاهۆ وەک فۆتۆگرافەرێکی ئازاد جیاواز لەو لۆژیکە باوە فۆتۆژۆرنالیستییە، کامێراکەی ڕووەو ئەو ڕووبەرانەیە کە لە جەنگدا فەرامۆشکراون. گۆشەی کامێراکەی لە ڕووبەرە سەنتەر و دیارەکانەوە دەگوازێتەوە بۆ ڕووبەرە پەراوێزی و نەبینراوەکان. گوێ بە لۆژیکی چەندێتی و ڕووداوی گەورە نادات، فۆتۆی چرکەساتی وەستاو و پەراوێزی و تاقانە دەگرێت. لە فۆتۆکانیدا نە خوێن دەبینین نە دووکەڵ و سووتان، نە چرکەساتی بەرکەوتن و برینداربوونمان نیشان دەدات. شاهۆ هێندەی لەگەڵ دوای ڕووداو و دەرەنجامەکانی ڕووداودا مامەڵە دەکات، هێندە لەگەڵ چرکەساتی ڕاستەوخۆی ڕوودانی ڕووداوێکدا مامەڵە ناکات. گەر لە فۆتۆژۆرنالیزمدا کەڵکەڵەکە ئەوە بێت وێنەیەکی گشتیی ڕووداوێک یان چرکەساتێک بگوازرێتەوە، ئەوە لە فۆتۆگرافیی هونەریدا زۆر جار دەکرێت لە ڕێی بەشەوە قووڵتر تەعبیر لە گشت بکرێت، شاهۆش لە هەندێ فۆتۆدا هەمان شت دەکات، لە ڕێی ساتێکی پەراوێزی و تاقانە و جوزئییەوە، قووڵتر تەعبیر لە گشت دەکات.

ئەوەی لێرەدا لەبارەیانەوە دەدوێین چوار لە فۆتۆکانی شاهۆن کە لە کەرکووک و دەوروبەری چرکێنراون. فۆتۆکان ڕەش و سپین و لە هەر چواریاندا ئاژەڵ و باڵندە حزووریان هەیە. سەرهەڵدانی فۆتۆی ڕەنگی، گۆڕانی گەورەی بەسەر فۆتۆگرافیدا هێنا. سەرەڕای پەیدابوونی فۆتۆی ڕەنگی، فۆتۆی ڕەش و سپی هێزی خۆی لەدەست نەدا و هەر بەردەوام بوو. ئەو زەروورەتە هونەرییە لە فۆتۆی ڕەش و سپیدا هەر ماوەیە کە چرکەسات و فیگەر و دیمەنگەلی وەها هەن، هێزی هونەرییان لەوەدایە لە ڕێی فۆتۆی ڕەش و سپییەوە نیشان بدرێن. لە فۆتۆی ڕەنگیدا بە هۆی حزووری ڕەنگەوە بینین پەرتەوازە دەبێت و ڕەنگ لە ڕەگەزەکانی تری فۆتۆ زەقتر دەردەکەوێت و چێژی بینینی ڕەنگ لە فۆتۆی ڕەنگیدا پشکی شێری بەر دەکەوێت. بەڵام هەرچی فۆتۆی ڕەش و سپییە بە هۆی غیابی ڕەنگەوە، ڕەگەزەکانی تری فۆتۆ زەق دەبنەوە و هێزی فۆتۆ لە ڕووناکی و کۆنتراست (کۆنتراست (Contrast) لە فۆتۆی ڕەش و سپیدا بە مانای پلەی جیاوازیی نێوان تۆنەکانە. بەشێک لە ئۆبێکتەکان خۆیان کۆنتراستیان هەیە، کۆنتراستی خودی ئۆبێکتەکان و ئەو کۆنتراستەشی ڕووناکی لەسەر ڕووی ئۆبێکتەکان دروستی دەکات، ڕووناکی و کۆنتراستی فۆتۆیەک دیاری دەکەن.) و شکڵ و داڕشتندا چڕ دەبێتەوە. کاتێک لە فۆتۆدا ڕەنگ لا دەبرێت، واتای ئەوەیە یەکێک لە هەرە ڕەگەزە بە‌هێزەکانی فۆتۆ لابراوە، بۆیە فۆتۆی ڕەش و سپی دەکەوێتە بەردەم ئەو تەحەدایەوە، بێ ڕەنگ دەتوانێت هێزی خۆی لە ڕێی ڕەگەزەکانی ترەوە دەربخات. بۆیە کۆنتراست و شکڵ و داڕشتن دەبنە ڕەگەزگەلی هەرە بە‌هێزی فۆتۆیەکی هونەریی بەهێز. یەکێکی تر لە هۆکارە گرنگەکانی بەهێزیی فۆتۆی ڕەش و سپی، بەدەر لە لایەنی تەکنیکی و فۆرمییەوە، ئەو بابەت و چرکەسات و دیمەن و فیگەرانەن کە بۆ فۆتۆی ڕەش و سپی دەشێن. لێرەدا نامانەوێت ناوەڕۆک و فۆرم لە فۆتۆدا وەک دوو ڕەگەزی سەربەخۆ مامەڵەیان لەگەڵدا بکەین، ناوەڕۆکێکی بەهێز دواجار دەرهاویشتەوەی فۆرمێکی بەهێزە. کاتێک فۆتۆگرافەرێکی هونەری، کامێراکەی بەدەستەوە دەگرێت و بڕیار دەدات فۆتۆیەکی ڕەش و سپی بچرکێنێت، بڕیاردانەکەی بڕیاردانێکی هونەرییە و لە سۆنگەی بینینێکی هونەرییانەوەیە، بەڵام ئەم بڕیاردانە تەنیا بڕیاردانێکی کەسییانەی فۆتۆگرافەرەکە نییە، بەڵکوو چرکەساتێکە بینینی خودییانەی فۆتۆگرافەرەکە و گونجاویی هەلومەرجی بابەتییانە، یەک دەگرن. بۆ نموونە گەر فۆتۆگرافەرێک بیەوێت فۆتۆیەکی ڕەش و سپیی دیمەنێک یان فیگەرێک بگرێت، بەڵام ئەو فیگەرە یان ئەو دیمەنە هەلومەرجێکی بابەتییانەی گونجاوی نەبێت بۆ فۆتۆی ڕەش و سپی، ئەوکات فۆتۆی ڕەش و سپی بچرکێنرێتیش، هێزی هونەرییانەی نابێت و لە ڕووی فۆرم و ناوەڕۆکەوە لاواز دەبێت و لای بینەر ئەو هێزەی نابێت. هەر فۆتۆگرافەرێک هۆکار و بینینی هونەرییانەی خۆی هەیە بۆ چرکاندنی فۆتۆی ڕەش و سپی، بۆ شاهۆش ئەو هێزە زیاتر لە فۆتۆی ڕەش و سپیدایە تا لە ڕێیەوە ڕۆحی ماندوو و ماتی شارێک لەناو جەنگدا و ڕووخساری نامۆ و ماندوو و خەمگینی مرۆڤەکانی ناوی، نیشان بدات. فۆتۆگرافەر دەیەوێت ئەوە نیشان بدات  لەگەڵ جەنگدا سروشت و شار و ژیان و ئاژەڵ و باڵندەکان فەرامۆش دەکرێن،  و ژیان لە ڕەنگاوڕەنگی دادەماڵرێت.

لە یەکێک لە فۆتۆکاندا دیمەنی کۆمەڵێک پێشمەرگە دەبینین کە زۆرینەیان بە دەوری یەکتردا گرد بوونەتەوه،  بە شێوازی خانووەکان و  فەزا کراوەکەیەوە دەزانین دەرەوەی شارە و لادێیە. بە خانووە ڕووخاوەکان و گردبوونەوەی پێشمەرگەکاندا ئەوە دەردەکەوێت دیمەنەکە ساتی دوای هێرش و کۆنترۆڵکردنەوەی لادێکانی ژێردەستی هێزەکانی داعشن. ئەوەی هێزی گەورە دەدات بەم فۆتۆیە ڕاگرتنی چرکەساتی کۆچی بە کۆمەڵی باڵندەکانە بە ئاسمانی ئەو شوێنەدا. فۆتۆکە لە کاتی  ڕووناکیی بەتینی ڕۆژدا چرکێنراوە. لە فۆتۆگرافیدا دوو کاتی ڕۆژ هەن پێیان دەوترێت “golden time”، ئەویش کەمێک دوای ڕۆژهەڵاتن و پێش ڕۆژئاوابوونە، لەم دوو کاتەدا ڕووناکیی ڕۆژ زۆر لەبارە بۆ ئەوەی فۆتۆی ڕەنگی بچرکێنرێت، بەڵام هەرچی ڕووناکیی بەتینی پێش‌نیوەڕۆ تا پاشنیوەڕۆیە کەمتر لەبارە بۆ فۆتۆی ڕەنگی. گەر ڕووناکیی ڕۆژ بەتین بێت و حزوور و پەیوەندیی نێوان ڕەنگە جیاوازەکان سەرنجڕاکێش نەبن، لەو کاتەدا فۆتۆی ڕەش و سپی لەبارترە و هێزی گواستنەوەی بەهێزترە، و لە جیاتی ڕەنگ هێزی فۆتۆکە لە کۆنتراست و ڕووناکی و شێوە و داڕشتن و فۆکس‌خستنە سەر فیگەرەکاندا چڕ دەبێتەوە. ئەم فۆتۆیەی شاهۆ گەر ڕەنگی بووایە، بە هۆی ڕووناکیی بەهێزی ڕۆژەوە، هەروەها کێشەی حزوور و پەیوەندیی نێوان ڕەنگەکانەوە، هەروەها بە هۆی دووریی گۆشەی کامێرا و فرەیی فیگەرەکانەوە، هێزێکی ئەوتۆی نابوو. بەڵام کاتێک بە ڕەش و سپی فۆتۆکە چرکێنراوە هەم شێوە و داڕشتنێکی سەرنجڕاکێشی داوە به فۆتۆکە و هەمیش کۆنتراستێکی سەرنجڕاکێش دروست بووە، بە هۆی کۆنتراستی خودی فیگەرەکان و ئەو کۆنتراستەی ڕووناکییەکە دروستی کردووە. لێرەدا دەبێت ئەوە بڵێین ئەوە تەنیا هەلومەرجە بابەتییەکە نییە فۆتۆگرافەرەکەی ناچار کردبێت فۆتۆی ڕەش و سپی بچرکێنێت، بەڵکوو ئەمە پەیوەستە بە بینینی خودییانەی فۆتۆگرافەرەکەشەوە. کە جەنگ دێت لانە لە مرۆڤ و باڵندە و ئاژەڵەکانیش تێک دەچێت، باڵندەکانیش کۆچ دەکەن و شوێنەکانیان جێ دەهێڵن. لەم فۆتۆیەدا فۆتۆگرافەر چرکەساتێکی ناوازەی ڕاگرتووە، باڵندەکان بەسەر داروپەردووی خانووە ڕووخاوەکاندا کۆچ دەکەن، لە ڕێی ئەم چرکەساتەوە کۆچی بە کۆمەڵ و جێهێشتنی بە کۆمەڵی نیشان داوین. ئەم چرکەساتە هەم کۆچی باڵندەکانە و هەمیش نواندنەوەی کۆچی مرۆڤەکانیش.

فۆتۆی دووەم، مەرگی ماسییەکی تەنیایە لە قەراغی گۆمێکدا. لە فۆتۆژۆرنالیزمدا مەرگی ماسییەکی تەنیا بەهای هەواڵی نییە و فۆتۆژۆرنالیست ئەو چرکەساتانه ڕاناگرێت. فۆتۆگرافەر  لە نزیکەوە فۆتۆکەی چرکاندووه، بۆ ئەوەی فۆکسێکی زەق بخاتە سەر ماسییەکه. لەناو هەلومەرجی جەنگدا و لەناو وێرانبوون و کوشتندا، فۆتۆگرافەر سەرنجمان بەرەو گۆشەیەکی تاقانە و تەریک و پەراوێزی ڕادەکێشێت. ئەم سەرنجڕاکێشانە بەرەو چرکەساتێکی تاقانە، بەرەو مەرگی ماسییەکی تەنیا و پەراوێز، مانای ئەوە نییە فۆتۆگرافەر بیەوێت وێرانبوونی گەورە و ڕووداوی گەورە و مەرگی بە کۆمەڵمان لەبیر بەرێتەوە، بەڵکوو مانای ئەوەیە فۆتۆگرافی وەک هونەرێ ئیشی ئەوەیە سەرنجمان بخاتە سەر ڕووبەرە نەبینراو و پەراوێزی و تەریکەکانیش، ئیشی ئەوەیە بۆ ئەو چرکەساتانە بگەڕێت کە بە هۆی لۆژیکی زاڵی ژۆرنالیستییەوە فەرامۆش دەکرێن. گەر بۆ فۆتۆژۆرنالیزم ڕووداوی گەورە و چەندێتی گرنگ بن، ئەوە لە هونەردا هەموو چرکەساتە پەراوێزی و تاقانە و  فەرامۆشکراوەکانیش گرنگن. ئەمە بۆ خۆی دەلالەتێکی قووڵە لە بەرپرسیارێتیی هونەر بەرانبەر بە بچووکترین ڕووبەرەکانی ژیان، بەرانبەر بە بچووکترین ڕووداوەکان و چرکەساتە پەراوێزخراوەکان، چ جای بگات بە ڕووداوە گەورەکان. هەر کاتێک ڕووداوە بچووک و ڕووبەرە پەراوێزییەکان و تاکە تاکەی مرۆڤ و ئاژەڵەکان فەرامۆش کران، هەڵوێستیش بەرانبەر بە ڕووداوە گەورەکان و چەندێتییەکان، شتێکی کاتییە و زوو بیر دەچنەوە! دواجار ڕێزی ژیان و سروشت لە ڕووبەری بچووکەوە دەست پێ دەکات، ڕێزی مرۆڤ و ئاژەڵ و باڵندەش لە تاکە تاکەیانەوە دەست پێ دەکات. بۆیە بۆ من هێزی ئەم فۆتۆیە لەوەدایە فۆتۆگرافەر لە گەرمەی جەنگدا کە پڕە لە ڕووداو و چەندێتی، فۆکس دەخاتە سەر مەرگی بوونەوەرێکی تاک و تەنیا، فۆتۆی هاوشێوەی ئەم چرکەساتە تەنیا ئەو فۆتۆگرافەرانە دەتوانن بیچرکێنن کە بینینێکی هونەرییانەیان هەیە و لە بەرپرسیارێتیی هونەر بەرانبەر بە ژیان تێگەیشتوون.

سێیەم فۆتۆ، فۆتۆی شوانێکە لەگەڵ مەڕەکانیدا. ئەم فۆتۆیە هیی دوای جەنگی دژ بە داعشە. فۆتۆکە لەو ساتەدا چرکێنراوە مەڕەکان خەریکن دەلەوەڕێن، بەشێکیان لە گۆشەی کامێراکەوە نزیکن و بەشێکیانیش دوورتر. بە فۆتۆکەدا دەردەکەوێت گەرمایەکی تاقەتپڕوکێنە و شوانەکە لەتاو بەتینیی گەرمای ڕۆژدا جەمەدانییەکی داوە بەسەریدا. شوانەکە ڕووەو گۆشەی کامێراکە ئاوڕی داوەتەوە و دەستەکانی بە کەمەرییەوە گرتوون. لەژێر تیشکی بەتینی ڕۆژدا و بە شێوازی ڕاوەستان و دەستگرتنەکەیەوە دیارە سیمای ماندوو و خەمگینانە دەنوێنێتەوە، کە سەیری ئەو زەوییە بەردەڵانەش دەکەین کە مەڕەکان لێی دەلەوەڕێن، پەیوەندییەک لەنێوان سیمای ماندوو و خەمگینانەی شوانەکە و ژینگەکەدا دەبینینەوە. لە ڕێی ئەو بەردەڵانەوە کە مەڕەکان لێی دەلەوەڕێن، هەروەها ئەو ڕەهەندە دوورەی کە گرد و گردۆڵکەکان لێیەوە دەردەکەون، دەزانین پانتاییەکی سەوزایی ئەوتۆ نییە شوانەکە مەڕەکانی تێدا بلەوەڕێنێت. شوانێک لەگەڵ مەڕەکانیدا ڕۆژانە چەندین کاتژمێر دەبڕێت بۆ ئەوەی لە زەوییە بەردەڵان و شوێنە تەریکەکاندا بڕێک سەوزایی و دڕک و داڵ بۆ لەوەڕاندنی مەڕەکانی بدۆزێتەوە، هەموو ئەمانە پێکەوە سیمای شوانێکی ماندوو و خەمگینمان بۆ دەنوێننەوە. ڕەشی و سپی لەم فۆتۆیەدا وا دەکات قووڵتر هەست بە گەرما تاقەتپڕوکێنەکە و سیمای ماندوو و خەمگینانەی شوانەکە و وشکوبرینگی ژینگەکە و نالەبارییەکەی بکەین. لەم فۆتۆیەدا فۆتۆگرافەر ئەوەمان نیشان دەدات کە کاریگەرییەکانی جەنگ لەدوای جەنگیش درێژ دەبنەوە و بەردەوام دەبن. یەکێک لە قوربانی و فەرامۆشکراوەکانی کاتی جەنگ و دوای جەنگیش، ژینگە و سروشتە، بە جۆرێک کە ئەمە دواتر کاریگەریی بەسەر ژیانی ئاژەڵداری و مرۆڤەکانیشەوە دەبێت. ئەو گۆشەیەی فۆتۆکە لێیەوە چرکێندراوە، چێوەی کەڤەری تەلەفزیۆنێکی شکاوە. کەڤەری تەلەفزیۆنەکە هەم بووەتە بەشێک لە کۆنتراستی فۆتۆکە و هەمیش چوارچێوە و داڕشتنێکی سەرنجڕاکێشی بە فۆتۆکە داوە. ئەم کەڤەرە جگە لەوەی لە ڕووی تەکنیک و شێوەوە هێزی داوە بە فۆتۆکە، ناواخنێکی ڕەخنەییشی داوە بە فۆتۆکە بەرانبەر بە فۆتۆژۆرنالیزم. فۆتۆگرافەر دەیەوێت ئەوە نیشان بدات فۆتۆژۆرنالیزم و میدیا ئەم ڕووبەر و ئاستانەی ژیانی ڕۆژانەی دوای جەنگ فەرامۆش دەکەن، بەڵام ئەوە ئیشی فۆتۆگرافییە وەک هونەرێکی ڕاستەقینە سەرنجمان بەرەو ئەم ڕووبەرە فەرامۆشکراوانە ڕابکێشێت، کە بۆ فۆتۆژۆرنالیزم بەهای هەواڵییان نییە.

دوایین فۆتۆ، فۆتۆی پەنجەرەکەیە، ئەم فۆتۆیە لە بەیانیدا چرکێنراوە کە ڕۆژ ڕووناکییەکی لەبار و نەرمی هەیە بۆ فۆتۆگرافی. فۆتۆگرافەر، لەم فۆتۆیەدا کۆنتراستێکی توند و زەقی دروست کردووە لەنێوان دیوی ناوەوە و دەرەوەدا. لە چاوپێکەوتنێکدا فۆتۆگرافەر دەڵێت پەنجەرەی ژووری کارکردنیان بووە و لە ترسی ئەوەی لە کاتی تەقینەوەدا شووشەی پەنجەرەکە نەشکێت، ئەو تێپانەیان لە شووشەی پەنجەرەکە داون. لە دیوی ژوورەوە کۆترێک هەیە، لەو کۆنتراستە توندەدا وەک تارمایی دەردەکەوێت. پەنجەرەکە دەڕوانێت بەسەر شاردا، لێرەدا پەنجەرە لەبری ئەوەی گۆشەیەک بێت لێیەوەی لە دیمەنی جوانیی شار بڕوانرێت، گۆشەیەکە مەترسیی دەرەوە بۆ ژوورەوە دەهێنێت. فۆتۆگرافەر لە ڕێی ئەم فۆتۆیەوە دەیەوێت بڵێت ژیان لە شارێکدا کە بە هەناوی جەنگی تیرۆر و تەقینەوەدا تێدەپەڕێت، دەشێت هەموو ڕووبەرەکانی ببنە مایەی مەترسی بۆ سەر ژیانی مرۆڤ، تەنانەت بەو شوێنانەشەوە کە  وەک گۆشەیەک بۆ بینینی جوانی بەکار دەهێنرێن. ئەوەی هێزێکی زیاتر دەدات بە فۆتۆکە ئەو چرکەساتەیە کە لەگەڵ دەرکەوتن و حزووری فۆتۆگرافەرەکەدا کۆترەکە خەریکە لە شەقەی باڵ دەدات و ژوورەکە جێ دەهێڵێت. ئەوە تەنیا ئێمەی مرۆڤ نین هەست بە مەترسیی دەنگ دەکەین، باڵندەکانیش فێربوونە لەگەڵ بچووکترین دەنگ و جووڵە و دەرکەوتندا هەست بە مەترسی دەکەن و لە شەقەی باڵ دەدەن و ئەو شوێنە جێ دەهێڵن.

*ئەم چوار فۆتۆیەی لێرەدا لەبارەیانەوە دواین، بۆ یەکەمین جار لە چوارچێوەی پێشانگای “one day changes”، ساڵی ٢٠٢٢ لە ڕۆژی بیرەوەریی هۆلۆکۆستدا، لە کتێبخانەی گەورەی نیوکاسڵدا نمایش کران.

هاوشێوە