رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

سەبارەت به پشوودانی عەقڵ

Facebook
Twitter
LinkedIn

لە کوێدا ئیتر پێویستمان بە فەلسەفە نییە؟

نووسین: جواد خەلیل

فەلسەفە بۆچی لە یۆنانەوە سەر هەڵدەدات و لە خۆرئاوادا دەگاتە ترۆپکی گەشەی خۆی؟ ئەمە پرسیارێکی دێرین و جێباسی زۆرێک لە بیریاران و کۆڵەرانی نێو  دونیای فەلسەفەیه لە خۆرهەڵات. پرسیارێکە وەڵامەکەی لە یەک کاتدا هەم دڵخۆشکەره و هەمیش ئازاربەخش، دڵخۆشکەرە بەوەی کە پێمان دەڵێت چونکە خۆرئاوا سەرزەمینی دەرکەوتن و زاڵبوونی فیکرە بەسەر ڕۆحانییەتدا؛ سەرزەمینی ئازادی و قووڵبوونەوە و تێڕامانە؛ بۆیە فەلسەفەی لێوە سەر هەڵدەدات و چرۆ دەکات، ئەمەش ئەو واتایە دەگەیەنێت کە فەلسەفە گەر لە ژینگەیەکی هاوشێوەی ژینگەی خۆرئاوادا بێت، بە ئاسانی جێی خۆی دەگرێت و شەیدایانی دانایی لە دەوری خۆی کۆ دەکاتەوە، گەر بکرێت ئێمە (بە تایبەتی لە خۆرهەڵات) زەمینەسازی بۆ بڕەخسێنین و ژینگەی ئێرەی بۆ لەبار بکەین، هەروەکوو خۆرئاوا دەبینە خاوەنی فەلسەفە و دونیابینیی قووڵی خۆمان.

ئەی لە چیدا وەڵامی ئەم پرسیارە دەبێتە وەڵامێکی ئازاربەخش بۆ ئێمە؟ ئەمە ئەو بەشەیە کە تێیدا دەست دەدرێت لە برینە مێژووییەکانی خۆرهەڵات و ژانەکانی دووبارە دەخرێنەوە بیرمان. ئێمە لە ڕابردوودا ( لانیکەم گەر تەنها لەم هەزار ساڵە بدوێین) نەمانتوانیوە ژینگەکەمان بە شێوەیەک بسازێنین کە بیری ئازاد، هوشیاری و ڕاڤە و تێڕامانی ئازادانەی تیا گەشە بکات و بیریارانێک بێنینە بوون کە توانای لێکدانەوە و دیراسەتکردنی دۆخی ئێرە و ڕەخنە لێ گرتن و چارەدۆزییان بۆ کێشە و پرسە ئاڵۆز و بەیەکداچووەکانی ئەم دونیایە هەبێت. هەر لە پەلامارەکەی غەزالییەوە تا دەگات بە ترساندن و بوغزاندنی بیریارێکی وەکوو ئیبن ڕوشد و تا ڕەخساندنی زەمینەیەکی لەبار بۆ بیرنەکردنەوە و پەلاماردانی فەلسەفە؛ ژینگەیەکی تۆقێنراو و مەترسیداری وەهامان چێکردووە، هەمووان وایان لێبێت لە بیرکردنەوەی قووڵ بترسن و سڵ لە فەلسەفە و پرسیار و  پەردەهەڵماڵینەکانی؛ سڵ لە بوێری و چاونەترسی و ڕوونییەکەی بکەنەوە، تەنانەت دژبن بە دوانی فەلسەفە لە سەر هەقیقەتە ڕووشاوەکان و وەهم و  پیرۆزییە چێکراو و بەزۆر سەپێنراوەکان. لە دەستپێکی ئەم بوغزاندنەوە؛ له کرۆکی ئەم تۆقاندنەدا؛ ئیدی ترۆری ڕاستەقینە دەستپێدەکات و ئازادی ڕاستەقینەی تیا دەبێت بە قوربانی ، ئەمە وەهمێک دەخوڵقێنێت، وەهمێکی تا سەرئێسقان لەرزۆک و شێوێنەر، بەڵام مینا هەورێکی تاریک، تەواوی ئاسمانی خەیاڵی ئینسانی ئەم ناوچەیە، ئینسانی ئەم بەشەی زەوی دادەپۆشێت. تاریکیەک دێتە نێو مێژووی ئەم ناوچەیەوە و حیکایەتێکی دەم بەدەم دەداتە نەوەکانی خۆی، حیکایەتێک کە سەدان ساڵە بێ وەڕسبوون پێیان دەڵێت: لێرە پێویستمان بە فەلسەفە نییە، کۆتا وێنای بیرکردنەوەی ڕاستەقینە یەکجار کێشراوە و دووبارە ناکێشرێتەوە، بفەرموون بۆ خۆڕادەستکردن و ئامادەبن بۆ پەسەندکردنی جیهانێک کەوا عەقڵ  پشوویەکی درێژی لەنێویدا وەرگرتووە!

بەڕاست لە کوێدا ئیتر پێویستمان بە فەلسەفە نییە؟ وەڵامە هەزار ساڵیەکە نەیزانیبوو ئەم پرسیارە چی لەخۆیدا هەڵگرتووە و بە توێکڵێک کە گوایە هەقیقەتەکەی لە ئێمە شاردۆتەوە و دایپۆشیوە، وێڵی کردووین.  لێ دواجار هەر خودی ئەم پرسیارە دەشێت لە هەر چرکەیەکدا کە دەنگی عەقڵ تێیدا بەرزتر ببێتەوە، ببێتە هەوێنی مەحفکردنەوەی. هەرچەندە بەدرێژایی سەدان ساڵ پارێزەرانی وەڵامەکە بە بەردەوامی له لادانی توێکڵە ناسکەکە دەترسن و بە هەموو شێوەیەک هەوڵ بۆ نەڕووشانی دەدەن!

با بگەڕێینەوە بۆ وەڵامی پرسیارەکەمان، کە لە ناواخنیدا نهێنییەکی دیکەی گرنگی هەڵگرتووە، داخۆ پێش پەیدابوونی فەلسەفە دانایی ڕۆژهەڵاتیی هەبوو؟ ئایا ژیانی مرۆڤ لەسەر زەوی بێ بیرکردنەوە دەگوزەرا؟ بێگومان نا، بیرکردنەوە خۆی هاوشانی سەرهەڵدان و دەرکەوتنی یەکەمین مرۆڤەکانە، لەگەڵ شارستانییەتە بەراییەکانی مرۆڤایەتیدا هەبووە و ڕێنیشاندەری مرۆڤ بووه بۆ تێگەیشتن لە شتەکان و ناسینەوە و داوەریکردنیان؛  بۆ تێگەیشتن لە خۆی و لە دەوروبەرەکەی، تەنانەت لە هەوڵەکانیشیدا بۆ ڕێکخستنی ژیانی گشتی، بەڵام ئەمە بیرکردنەوە بوو لە ئاستە سەرەتاییەکانیدا، بیرکردنەوەی فەلسەفیانە کە لە یۆنانەوە سەریهەڵدا و بە مانای ڕوونی وشەکە، گوزارشتکەر بوو لە قووڵێتی و بەرزێتی ئاستی بیرکردنەوەی مرۆڤێکی جیاوازتر، مرۆڤێک کە دەفەلسەفێنێت و ڕادەمێنێت و بەڵگەکاریی و ئەنجامگیریی دەکات و لۆژیک دەکاتە پێوەری بڕیاردانەکانی خۆی، جۆرێکی نوێی بیرکردنەوە بوو کە بوو بە سەرەتایەکی گەورە بۆ دابەشکاریی ژیاریی لە سەدەکانی دواتردا و بەهێزکردنی ڕەوتی ژیارییانەی ڕۆژئاوا بە تایبەتی لە دوای چاخی ڕۆشنگەرییەوە.

ئەوانەی لە قۆناغی پێش بیرکردنەوەی فەلسەفیانەن، ناتوانن لۆژیکییانە وەڵامی ئەوە بدەنەوە بۆچی ئیتر پێویستمان بە فەلسەفە نییە و بە چ پێوەرێک دەبێت خۆمان ڕادەستی وەڵامە حازرەکان بکەین؟ ئەوان لەمەدا ناگەڕێنەوە بۆ لۆژیک، دژبوونیان بە فەلسەفە و تێڕامانی قووڵ و ڕاستەقینە کردوونی بە مەخلوقگەلێک کە نەیانەوێت دان بە هەبوونی شیاوێتی بیرکردنەوەدا بنێن و لەو بڕوایەدا بن بیرکردنەوەی فەلسەفی دژە بە ژیان و ئێمە بۆ ژیانێکی بەختەوەر و بێ کێشه باشترە دژ بەم جۆرە بیرکردنەوەیە بین و ڕایبگەیەنین کە ئێمە پێویستمان بە فەلسەفە نییە! ئەمە بۆ ئەوانەی خوازیاری بیرکردنەوەی جدین و سەرقاڵی پرسیارە وجودی و ئینسانییە گەورەکانن و هەوڵی تێگەیشتن لە کێشە کەڵەکەبووەکانی نێو کۆمەڵگەکەیان دەدەن، بڕێک نائومێدی و بێزاری دەخوڵقێنێت، سەختە ژیان لە نێو کۆمەڵگەیەکدا کە نەیەوێت بەدەم غەمەکان و کێشە ڕاستەقینەکانی خۆیەوە بچێت و لە بری ئەوە بە وەڵامی ڕووکەشانە و چارەی لابەلاوه خەریکی خۆخەڵەتاندن بێت.

فەلسەفە بیرکردنەوەیە لە پێناوی ژیاندا، لە پێناوی ئەوەدا کە بەشی خۆی لە ژیان تێبگەین و بزانین چۆن وەڵامە لۆژیکیەکان بۆ پرسیارە ئەزەلییەکان؛ بۆ پرسیارە وجودییەکان؛ بۆ تێگەیشتن لە سەرجەم پێدراو و هەبووەکانی نێو بوون بدۆزینەوە. کاتێک ئەمە خەسڵەتی جۆرە بیرکردنەوەیەک بێت و هێندە گرێدراوی خودی ژیان و مرۆڤ خۆی بێت، کێ دەتوانێت نکوڵی لە پێویستبوونەکەی بکات؟! ئەمڕۆ فەلسەفه لە هەر کاتێکی دی پێویستتر و گرنگترە بۆ جیهان، چونکە ئەوە ڕوونکراوەتەوە ( بەتایبەتی لە فەلسەفەی هاوچەرخدا) کە عەقڵ خۆپێگەیەنەرە و ملکەچە بۆ پەرەپێدان، نەک جەوهەر و پێدراوێکی سروشتی و جێگیر و نەگۆڕ، واتا عەقڵی مرۆیی کە وەبەرهێنی بیرکردنەوە باڵا و قووڵەکانە، شتێک نییە بە ئاسانی و بێ کۆشش بێتە دی، بەڵکو لەڕێی پرۆسێسێکی دوورودرێژی خۆپەرەپێدان و پێشخەرەوە کە زادەی خوێندنەوە و تێڕامانی فەلسەفیانەی قووڵە، دروست دەبێت و دەتوانێت دۆخی چەقبەستووی بیرکردنەوە بگۆڕێت. زانینی ئەم هەقیقەتە وایکردووە کە تەنانەت لە ڕۆژئاوای کانگای فیکر و فەلسەفەشدا، بە بەردەوامی کار لەسەر ئەو بەرەوپێشبردنە بکرێت و نەهێڵرێت سەرسامبوون بە عەقڵی نەگۆڕ جێی عەقڵی پەرەپێدەر بگرێتەوە. ئایا هەموو ڕۆژئاواییەک وەها دەڕواننە پێگەی عەقڵ و بەهای فەلسەفە؟ بێگومان نا، ڕۆژئاوایش خاڵی نییە لە دژبەرانی عەقڵ، لەوێش هەمیشە خەڵکانێک هەن دژن بە بیرکردنەوە باڵا، بەڵام هێزێک کە فەلسەفە لەوێدا بەدەستی هێناوه و ڕەوایەتیەک کە پێی دراوە، وایلێکردووە  هیچ شەپۆلێکی هێرشبەر نەتوانێت بە ئاسانی خۆی لە قەرەی بدات و هەمیشەش لە لایەن دڵسۆزانییەوە، فەلسەفە دەهێنرێتەوە نێو ژیانی گشتی و دیاردە و شتەکانی نێو بوونی پێ لێکدەدرێتەوە.

لەگەڵ گۆڕانکارییە گەورەکانی دونیای مۆدێرندا، سەرباری ئەو پێگەیەی دراوەتە زیرەکی دەستکرد و وێڕای ئەو ڕێزە بەرفراوانەی لەسەرتاسەری جیهاندا بەرامبەر گوگڵ و زانیارییە بەبەهاکانی نێو تۆڕەکانی ئینتەرنێت هەیه، هێشتاش فەلسەفه دەتوانێت یاریدەدەر بێت بۆ بەرەوپێشچوونی زیاتری کۆمەڵگای مرۆڤایەتی؛ هێشتاش ڕۆژئاوا جەخت لەسەر بەهای بەرزی بیرکردنەوەی فەلسەفیانە دەکاتەوە و ڕێزی لێ دەنێت،  بە بەردەوامی بیریارانی ئەوێ هەوڵی موتوربەکردنی واقیع بە بیرکردنەوە فەلسەفیەکان دەدەن،  یەکێک لەو کتێبه جوانانەی کە دەشێت ئەم بۆچوونە ڕوونتر بگەیەنێت و گەواهیدەرێک بێت بۆ ئەم ڕێزلێگرتنە، کە لە پێناوی هەمان ئامانجدا نووسراوە و ویستی پێکەوە گرێدانی فەلسەفە و گوگڵی هەیە؛ ویستی پێکەوە گرێدانی فەلسەفە و دونیای مۆدێرن و تەکنەلۆژیای هەیه و نایەوێت ئامادەبوونی فەلسەفە لەم جیهانە بەتۆڕ تەنراوەدا پشتگوێ بخرێت؛ کتێبە بەناوبانگەکەی ( ڕیبیگا گۆڵدشتاین)ە، مەبەستم لەو کتێبەیەتی: (ئەفلاتۆن لە سەردەمی گوگڵدا، بۆچی فەلسەفە لەناوناچێت؟). ئەم کتێبە ئەو پاشخانە فەلسەفیە گەورەیەی کە هەیە؛ ئەو میراتە پڕ بەهایەی فەلسەفە کە هەیە، دەهێنێتەوە بۆ سەردەمی ئێستامان و دەیخاتە چوارچێوەی ئەو شۆڕشە گەورە تەکنەلۆژیەی کە هەموو جیهانی لەخۆدا جێکردۆتەوە.

کتێبەکە ئەفلاتۆن و کۆمارەکەی؛ ئەفلاتۆن و تێڕوانین و دونیابینییە فەلسەفیەکەی لە سەردەمی گوگڵ و جیهانی ژمارەییدا دەخاتە سەر ئەرزی واقیع و هەوڵی پراکتیزەکردنی بۆچوون و ڕوانینەکانی دەدات، هەوڵ دەدات وێنایەک بکێشێت کە ئەگەر ئەفلاتۆن ئێستا و لەم سەردەمەدا بژیایە، چۆن دەیڕوانییە گۆڕانکارییە تەکنەلۆژییەکان و لە کوێدا بیرکرنەوەکانی دەچوونە خزمەتی ئەم جیهانەوە و لە کوێشدا دژ دەوەستانەوە. ئەفلاتۆن لەم کتێبەدا چەندین ڕۆڵی جیای پێدراوە، کە تێکڕایان گوزارشتێکی پەتین بۆ بایەخی ئامادەبوونی فەلسەفە لە دونیای هاوچەرخدا. ئەم کتێبە تەنها بۆ باسکردن نییە لە بەهای فەلسەفە دژ بەوانەی ڕقیان لێیەتی و لە نێو جەهلدا نغرۆبوون، بەڵکو دژیشە بەوانەی کە لەوپەڕی هوشیاری زانستیەوە هەوڵی وەلانانی فەلسەفە دەدەن، بۆیە (گۆڵدشتاین) سەرباری ئەوەی کە خۆی پێشتر ڕایگەیاندووە حەزێکی زۆری بە فیزیا و گوێڕادێرانە لە زانست، بەڵام لەم کتێبەدا دژوەستانەوەیەکی زۆری هەیە بەرامبەر بە تێڕوانینەکانی (ستیڤن هۆگینک) دەربارەی فەلسەفە، بەتایبەتی لەوەدا کە بانگەشەی مەرگی فەلسەفەی کردبوو لە دونیای هاوچەرخدا.

ئەم پێکەوە گرێدانە لە نێوان فەلسەفەی دێرین و دونیای ڕۆشنگەریدا؛ لە نێوان گوگڵ و فەلسەفەدا، لەگەڵیشیدا بەشداری پێکردنێکی کارای فەلسەفی لە گفتوگۆکردنە نوێکانی سەردەمدا، هیچ نین لە هەوڵگەلێک زیاتر بۆ سەلماندن و جەختکردنەوە لە زیندوێتی و کارایی فەلسەفە لە هەموو دۆخ و گۆڕانکارییەکی گەورە ، کە مرۆڤایەتی پێیدا گوزەر دەکات.

ئەگەر خۆرئاوا بەو پاشخانە فیکری و فەلسەفیە گەورەیەوە، ئاوها لە هەوڵی جێکردنەوەی بەردەوامی فەلسەفەدا بێت و بۆ ڕاڤەکردنی دونیای خۆی ناچار بێت بە بەردەوامی بگەڕێتەوە بۆی و بە پێویستی بزانێت، دەبێت خۆرهەڵات لە کوێدا پێویستی بە فەلسەفە نەبێت؟ فەلسەفە بۆ هەموو سەردەمێکە و لە هەر کوێیەک پێویستیەک بۆ بیرکردنەوە هەبێت؛ پێویستیەک بۆ تێڕامان و داوەریکردنی لۆژیکیانە بۆ تێگەیشتن و چارەکردنی کێشەکان هەبێت؛ بێ هیچ دوودڵیەک پێویستی بۆ فەلسەفەش زیاتر دەبێت، ئەی ئەو گەلانەی کە وەها دەریدەخەن پێویستیان بە بیرکردنەوەی فەلسەفیانە نییە چارەنووسیان بە کوێ دەگات؟ کارەساتە وەڵامەکەی، بەڵام یەک دێڕی ڕاستەقینە گوزارشت لەو چارەنووسە کارەساتبارە دەکات: ( بەخێربێن بۆ ئەو جیهانەی کە تێیدا عەقڵ پشوویەکی درێژی وەرگرتووە).

…..

هاوشێوە