رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

ئەفسانەی ئازادی

Facebook
Twitter
LinkedIn

یوڤاڵ نوح هەراری
وەرگێڕان: ئەرکان جەوهەر

ئایا پێویستە زانستکاران هەمیشە حەقیقەت بخەنە ڕوو، تەنانەت ئەگەر ئەم کارە بە زیانی هاوسەنگیی کۆمەڵایەتیش کۆتایی بێت؟ ئایا پێویستە درۆ ئاشکرا بکەن، تەنانەت ئەگەر ئەم درۆیە مایەی بەردەوامیی نەزمی کۆمەڵایەتیش بێت. وەختێک سەرقاڵی نووسینی کتێبە نوێکەم (٢١ وانە بۆ سەدەی بیست و یەکەم) بووم، دەربارەی لیبراڵیزم، ڕووبەڕووی هەمان کێشە بوومەوە.

لە لایەکەوە لەو بڕوایەدام چێرۆکی لیبراڵیزم پڕە لە عەیب‌وعار و کەموکورتی، چونکە هەقیقەت لەبارەی مرۆڤایەتییەوە ناخاتە ڕوو، بۆیە بۆ مانەوە و گەشەکردن لە سەدەی ٢١ـدا پێویستە ئەمە تێپەڕێنین. لە لایەکی ترەوە، ئەم حیکایەتە لە ڕێکخستنی نەزمی کۆمەڵایەتیدا هێشتا گرنگییەکی بنەڕەتیی هەیە؛ لەوەش گرنگتر، ئێستا فەندامەندالیزمە ئایینییەکان و ناسیۆنالیستەکان هێرش دەکەنە سەر لیبراڵیزم، ئەو فەندامەندالیستانەی وا باوەڕیان بە وەهمە نۆستالیژییەکانیان هەیە، زۆر مەترسیدارتر و زیادمەندترن لە لیبراڵێزم.

کەواتە ئایا پێوستە ڕا و بۆچوونی خۆم بە ڕوونی دەرببڕم و ئەو ڕیسکە سەرکێشییە بکەم کە کەسانی دۆگم و ئۆتۆکرات قسەکانم لە سیاقی خۆی دەربهینن بۆ ئەوەی بە توندی هێرشی پێ بکەنە سەر لیبراڵێزم؟ یان دەبێت خۆم سانسۆر بکەم [و هیچ نەڵێم]؟ یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی حکوومەتە نالیبراڵەکان ئەوەیە، کە تەنانەت لەودیو سنوورەکانی خۆیانیشەوە ئازادیی ڕادەربڕین سانسۆر دەکەن. هەر لەبەر پەرەسەندنی ئەم جۆرە حکومەتانەیە کە تا دێت بیرکردنەوەی ڕەخنەیی دەربارەی داهاتووی توخمی مرۆڤ زیاتر و زیاتر مەترسیدار دەبێت.

من هەم بڕوام بە توانای لیبراڵ دیموکراسی هەیە، هەمیش بە زەروورەتی چاکسازی تیایدا، هەر بۆیەش سەرەنجام لەبری [خۆگرتنەوە و] خۆسانسۆرکردن، ئازادیی ڕادەربڕینم بە باشتر زانی. چونکە ئەولەویەتی سەرەکیی لیبراڵیزم بەراورد بە ئایدۆلۆژیاکانی تر ئەوەیە، کە نەرمونیانە و دۆگماتیکی نییە، چونکە باشتر لە هەر ئایدۆلۆژیایەکی دیکە دەتوانێت ڕەخنە قبووڵ بکات؛ لیبراڵیزم تاکە نەزمی کۆمەڵایەتییە ڕێگە بە خەڵکی دەدات تەنانەت بنەماکانیشی بخەنە ژێر پرسیارەوە. [هەر لەبەر ئەمەیشە] تا ئێستا لە سێ قەیرانی گەورەی جیهانی بە سەلامەتی دەربازی بووە، ئەوانیش بریتین لە: جەنگی جیهانی یەکەم، ململانێ دژی فاشیزم لە ساڵانی ٣٠ـیەکاندا، ڕووبەڕووبوونەوەی کۆمۆنیزم لە دەیەی (١٩٥٠ تا ١٩٧٠). ئەگەریش پێت وایە لە ئێستادا لیبراڵیزم لە قەیراندایە، ئەوا تەنیا بیر لەوە بکەوە لە ساڵانی (١٩١٨، ١٩٣٨، یان ١٩٦٨) دۆخەکە چەندە لەمە خراپتر بوو.

لە ساڵی ١٩٦٨، وەها دەبینرا وڵاتە لیبراڵەکان لە بەردەم مەترسیی لەناوچووندان، تەنانەت لەناو سنوورەکانی خۆیشیاندا لە بەردەم لێشاوی ناڕەزایەتی، کوشتوبڕ، هێرشی تیرۆرستی و پێکدادانی توندی ئایدۆلۆژیدا بوون. [بۆ نموونە]: گەر ڕۆژێک دوای تیرۆرکردنی ”مارتن لوسەر کینگ” لە نزیکەوە بینەری نائارامییەکانی واشنتۆن، یان ناڕەزایەتییەکانی خوێندکارانی ئایاری ٦٨ی پاریس، یانیش کۆنگرەی دیموکراتەکان لە شیکاگۆ ئابی ١٩٦٨ دەبوویت، مومکینە وا بیرت بکردایەتەوە شتێک بە ناوی لیبراڵیزمەوە نەمابێت. ئەمە لە کاتێکدا ئەوکاتەی کە واشنتۆن، پاریس و شیکاگۆ نوقمی ئاژاوە بووبوون، مۆسکۆ و لینینگراد، لەوپەڕی ئارامیدا بوون و چاوەڕوان دەکرا یەکێتیی سۆڤێت تاهەتایە بەردەوام بێت، لێ ٣٠ ساڵ دواتر ئەوە یەکێتیی سۆڤێت بوو داڕما. [سەرەنجام دەرکەوت] ململانێی ساڵانی دەیەی شەستەکان سیستەمی لیبراڵ دیموکراسی بەهێزتر کرد، لێ ئەو بارودۆخە خنکێنەرەی کە لە ڕژێمە کۆمۆنیستەکاندا هەبوو، پەیامی ئاوابوونی کۆمۆنیزمی ڕاگەیاند.

هەر بۆیە هیوادارین لیبراڵیزم بتوانێت جارێکی دی خۆی نوێ بکاتەوە. وەلێ [دەبێت ئەوە بزانین] ئەمڕۆ کێشەی سەرەکیی لیبراڵیزم، نە فاشیزمە و نە کۆمۆنیزم، تەنانەت ئەو ڕەوتە دۆگما و ئۆتۆکراتانەیش نییە کە وەک قارچک [لە هەموو شوێنێک] هەڵتۆقیون؛ بەڵكوو ئەمڕۆ کێشەی سەرەکیی لیبراڵیزم لە تاقیگەکانەوە سەر هەڵئەدات.

بنەمای سەرەکیی لیبراڵیزم، بڕوابوونە بە ئازادییە شەخسییەکانی مرۆڤ، بە پێچەوانەی جرج و مەیموونەکانەوە، کە گریمانەی ئەوە دەکەن مرۆڤەکان بە فیترەت خاوەنی (ئیرادەی ئازاد)ن. هەر ئەمەیشە کە هەست و سۆز و هەڵبژاردنەکانی مرۆڤ دەگۆڕێت بۆ باڵاترین سەرچاوەی ئەخلاقی و سیاسی لە دونیادا. لیبراڵیزم پێمان دەڵێت: دەنگدەر خۆی باشتری لێ دەزانێت، کڕیار هەمیشە لەسەر حەقە، پێویستە ئێمەیش هەمیشە سەربەخۆ بیر بکەینەوە و بەپێی ویستی خۆمان ڕفتار بکەین.

بەداخەوە ”ئیرادەی ئازاد” حەقیقەتێکی زاستی نییە، بەڵکوو ئەفسانەیەکە و بە میرات لە تیۆلۆژیای مەسیحییەتەوە بۆمان ماوەتەوە. ئەوە تیۆلۆژیست و [بیریارە] مەسیحییەکان بوون ئایدیای ”ئیرادەی ئازاد”ـیان داهێنا، تا ڕوونیبکەنەوە بۆچی خودا مافی ئەوەی هەیە گووناهکاران لەپای گووناهەکانیان سزا بدات و چاکەکارانیش لەپای چاکەکانیان پاداشت بکات. [لێرەدا من دەپرسم] باشە گەر لە هەڵبژاردنی ڕەفتارەکاماندا ئازاد نەبین بۆچی دەبێت خودا لەپای هەر یەکێک لەوانە پاداشت، یان سزامان بدات؟ بەبڕوای تیۆلۆگ و بیریارە مەسیحییەکان ئاساییە خودا کارێکی لەو شێوەیە بکات، چونکە هەڵبژاردنەکانمان ڕەنگدانەوەی ئیرادەی ئازادی ڕوحە ئەبەدەییەکەمانە، ئەو ڕوحە ئازادەی کە بەدەرە لە هەموو کۆتوبەندێکی جەستەیی و بایۆلۆژی.

بەڵام ئەم ئەفسانەیە لەگەل ئەو [دەستکەوت و دۆزینەوەگرنگانەی] کە ئەمڕۆ زانست دەربارەی مرۆڤی هۆشمەند و حەیواناتی پێمان دەڵیت، وێک نایەتەوە. بێگومان مرۆڤەکان ئیرادەیان هەیە، لێ ئەم ئیرادەیە، زۆریش ئازاد نییە. [بۆ نموونە]: ئینسان ناتوانێت ئەوە دیاری بکات کە چ جۆرە ئارەزوویەکی هەبێت، نایشتوانێت ئەوە دیاری بکات گۆشەگیر بێت، یان کۆمەڵایەتی، هێمن و لەسەرخۆ بێت، یان ڕاڕا و [عوسابی]، هاورەگەزخواز بێت، یان ئارەزووی ڕەگەزی بەرانبەر. [بەدڵنیاییەوە لەپاڵ ئەمەیشدا]مرۆڤ توانای بڕیاردان و هەڵبژاردنی [هەندێك شتی لە ژیانی خۆیدا] هەیە، لێ هیچ‌کات ئەو بڕیارانە سەربەخۆ نین، بەڵكوو هەر بڕیار و هەڵبژاردنێک وابەستەی چەندان هەلومەرجی بایۆلؤژی و کۆمەڵایەتی شەخسییەیە، کە دیاری کردنی هەریەک لەوانە بە تەنیا لە ئەستۆئ مرۆڤدا نییە. [بۆ نموونە:] من دەتوانم جۆر و سەلیقەی خوادن هەڵبژێرم و لەگەڵ هەرکێیشدا بمەوێت هاوسەرگری بکەم، هەرکێیشم بوێت دەنگی پێ بدەم، لێ ڕەهەندی ئۆرگانی و بایۆکیمیاییم، ڕەگەز و پێشینەی خانەوادەییم، کەلتووری نەتەوەییم لەدەستنیشانکردن و لەهەڵبژاردنی هەموو ئەمانەدا ڕۆڵیان هەیە، بەڵام [خۆ ڕوونە] لە دیارکردن و هەڵبژاردنی جەنەتیک و پێشینەی خێزانیمدا هیچ ڕۆڵیکم نییە.

خۆ ئەمە تیۆرێکی زۆریش ئاڵؤز نییە، دەتوانیت بر ئاسانی لێی تێبگەیت. [بۆ نموونە:] سەرنجێک بدە ئەو بیرۆکەیەی کە بە مێشکتدا دێت و دەچیت، ئەمە لە کوێوە هات؟ ئایا بە ئازادی هەڵتبژاردووە بۆ ئەوەی بیری لێ بکەیەتەوە؟ بێگومان نە خێر. بۆیە گەر بە وردییەوە سەرنجێکی مێشکی خۆت بدەیت، تێدەگەیت ئەوەی بە مێشکتدا دێت و دەچێت هێندەیش لە ژێر کۆنترۆڵی خۆتدا نییە و ئازادانە بیرکردنەوە و هەست و سۆز و ئارەزووەکانت هەڵنابژێریت.

هەرچەندە (ئیرادەی ئازاد) هەمیشە ئەفسانە بووە، لێ لەسەدەکانی پێشوودا، ئەفسانەیەکی سوود بەخش بووە. چونکە ئەم ئەفسانەیە جورئەتی ئەوەی بەخەڵك داوە دژی دادگاکانی پشکنین، مافی خودایی پاپاکان، دەزگای سیخوڕی یەکێتی سۆڤێت(KGB) و کوکڵەس‌کڵان(kkk[1]) بجەنگن. هەروەها ئەم ئەفسانەیە زۆریش زیانی نەبوو، واتا لەساڵانی ١٧٧٦، یان ١٩٤٥ شتێکی بێ‌زیان دەبوو ئەگەر خەڵكی وا بیریان بکردایەتەوە هەست و سۆزەکانیان، یان هەڵبژاردن و [کردەکانیان] بەرەنجامی جۆرێك لە ئیرادەی ئازادە، نەک بایۆکیمیایی و دەمارناسی. لێ لە ئێستادا ناگەهان بڕوابوون بە ئیرادەی ئازاد بووتە شتێکی مەترسیدار، ئەگەر دەوڵەتان و دامەزراوە [زەبەلازەکانی بواری تەکنەلۆژیا] بتوانن سەرکەوتوو بن لە هاک‌کردنی هۆشی ئینسان، ئەوا بەراورد بەکەسانی دیکە ئاسانتر دەتوانیت ئەوانە فریو بدەیت کە بڕوایان نە ئیرادەی ئازاد هەیە.

هاک‌کردن و دەستڕاگەیشتن بە مێشکی مرۆڤ پێویستی بە دوو شتە: یەکەمیان، تێگەیشتنێکی درووستە لەبارەی زانستی زیندەوەرزانییەوە، دووەمیش، بوونی هێز و توانایەکی زۆرە لە زانستی کۆمپیتەردا؛ دادگاکانی پشکنین و دەزگای کەی‌جی‌بی یەکێتیی سۆڤێت لە بەهرەکانی ئەم دوو زانستە بێ بەشبوون. بەڵام مومکینە کۆمپانیاکان و دەوڵەتان بەزوویی لە دەستڕاگەیشتن بە هەردوو زانستەکە سوودمەند ببن، وەختێکیش توانییان دەست بەسەر هۆشتدا بگرن، نەک دەتوانن پێشبینی هەلبژاردن [و بیرکردنەوەکانت] بکەن، بەڵکوو دەتوانن هەست و سۆزەکانتیش سەرلەنوێ بوونیاد بنێنەوە. بۆ ئەم کارەیش پێویست ناکات کۆمپانیا و وڵاتان بەتەواوی بتناسن، چونکە ئەمە کەمێک ئەستەمە، بەڵکوو تەنیا کافییە کەمێک باشتر لە خۆت بتناسن، وابزانم ئەمە زۆریش ئەسەم نییە، چونکە زۆرینەی خەڵکی خۆیان بەباشی ناناسن.  

ئەگەر باوەڕت بە چیرۆکە تەقلیدییەکەی لیبراڵیزم هەیە، ئەوا وەسوەسەت تێدەکەوێت لە خۆ نەبانکردن لەم کێشیە و بەخۆت دەڵێی: (نەخێڕ شتی وا هەرگیز ڕوونادات، هەرگیز هیچ کەسێک ناتوانێت ڕوحی ئینسان هاک بکات، چونکە ڕوحی ئینسان شتێکی گەلێک واوەترە لە توخمی ئۆرگانی و خانە دەماری و ئەلگۆریزمییەکان؛ هیچ کەسێک ناتوانێت ‌سەلیقە و هەڵبژاردنەکانم بە وردی پێشبینی و دەستکاری بکات، چونکە هەڵبژاردنی هەریەک لەوانە دەگەڕێتەوە بۆ ئیرادەی ئازادم. بەداخەوە خۆ نەبانکردن هەرگیز ئەم کێشەیە چآرەسەر ناکات، بەڵکوو تەنیا وا دەکات زیاتر زەرەرمەند بیت.

ئەمەیش لە کردەی سادەوە دەست پێ دەکات، بۆ نموونە: وەختێک بەناو ماڵپەڕکانی ئەنتەرنێت‌دا دەگەڕێی، [لەپڕ] سەردێری هەواڵێک سەرنجت ڕادەکێشێت و دەڵێت: (کۆچبەرە تاوانبارەکان دەستدرێژی سێکسییان کردە سەر ژاننانی ناوچەکە)، تۆیش کلیکی لەسەر دەکەیت. ڕێک لەهەمان کاتەدا دراوسێکەتیش سەرقاڵی گەڕانە لە ئەنتەرنێت‌دا و سەردێری هەواڵێکی تر سەرنجی ئەویش ڕادەکێشێت و دەڵێت: (تەرەمپ خۆی بۆ هێرشی ئەتۆمی بۆ سەر ئێران ئامادە دەکات)، ئەویش کلیکی لەسەر دەکات. ئەمە لە کاتێکدا سەردێری هەردوو هەواڵەکە ساختەن و ڕەنگە لەلایەن گرووپە ترۆڵـ(Troll)ـەکانی[2] ڕووسیا، یان وێبسایتێکەوە درووستکرابن کە دەیانەوێت ژمارەی سەردانکەرانی خۆیان زیاد بکەن، بۆ ئەوەی داهاتیان لە ڕێگەی ڕێکلامەکانیانەوە بەرز بکەنەوە. لەم کاتەدا هەم تۆ و هەم دراوسێکەتیش وا بیر دەکەنەوە کە بە ئیرادەی ئازادی خۆتان کلیکتان لەسەر ئەو سەردێرانە کردووە، لێ لە ڕاستیدا هۆشی تۆ هاک‌کراوە [و لەژێر کۆنترۆلدایە.]

بێگومان پڕوپاگەندە و فریودان شتێکی هێندەیش نوێ نییە، بەڵام لە ڕابردوودا وەک ئەو بۆمبانە بوون کە نەیاندەتوانی بە وردی ئامانجەکەیان بپێکن، لێ لە ئێستادا خەریکە دەگۆڕێن بۆ ئەو جۆرە بۆمبانەی کە بەوردی خاڵیک دەپێکن. وەختیک هیتلەر لە ڕادیۆوە قسەی دەکرد ئەوانەی گوێیان لێ دەگرت خەڵکە هەژار و چینە بەش مەینەتەکەی خوارەوە بوون، چونکە نەیدەتوانی پەیامەکەی بەپێی تایبەتمەندییە دەروونییەکانی تاک بە تاکی خەڵک دابڕێژێتەوە؛ لێ لەئێستادا دەتوانرێت ئەوە بکرێت. بۆ نموونە: ئەلگۆریزمێک دەتوانێت نیشانی بدات کە تۆ دژی پەنابەرانیت و دراوسێکەتیش ترەمپی خۆشناوێت، هەر لەبەر ئەمەیە کە ئێوە هەردووکتان دوو سەردێری تەواو جیاواز دەبینن. لەم ساڵانەی دواییدا هەندێک لە زیرەکترین کەسەکانی جیهان کاریان لەسەر هاک‌کردنی مێشکی مرۆڤ کردووە، بۆ ئەوەی بتوانن وات لێ بکەن بە کرتەکردن لەسەر ڕیکلامەکان کاڵات پێ بفرۆشن. لەئێستایشدا دەیانەوێت سوود لەم ڕێگەیە بینن بۆ ئەوەی ئایدۆلۆژیا و دپلۆماتکارانت پێ بفرۆشن.

وە ئەمە هێشتا سەرەتای بابەتەکەیە، ئێستا هاک‌کەران [بۆ تێگەیشتن لە زەوق و سەلیقە و ئارەزووەکانت] پشت بە شرۆڤەی ئاماژە و کردەکانی دونیای دەرەوەت دەبەستن، ئەوانیش وەک: ئەو کاڵایانەی کە دەیکڕیت، ئەو جێیەی کە بۆی دەڕۆیت، ئەو شتنانەیش کە لە ئەنتەرنێت بەدوای‌دا دەگەڕێیت. لێ لە چەند ساڵی داهاتوودا ئەمە دەگۆڕیت و ئیدی هەستەوەرە بایۆمەتریـ(biometric sensors[3])ـەکان دەتوانن ئەگەری دەستڕاگەیشتنی ڕاستەوخۆی هاک‌کەران بەڕووی دونیای ناوەوەتدا فەراهەم بکەن، بۆ ئەوەی بزانن چی لەناو دڵتدا دەگوزەرێت، مەبەستم دڵە خوازراوە خۆشەویستە خۆشخەیاڵە لیبراڵەکەت نییە، بەڵکوو مەبەستم ئەو پەمپە ماسولکەییەیە کە فشاری خوێن و زۆربەی چالاکییەکانی مێشکت ڕێک‌دەخات. بەم شیوەیە هاک‌کەران دەتوانن لە پەیوەندی نێوان لێدانی دڵ و داتاکانی ناو کارتی بانکیتان، یان پەیوەندی نێوان فشاری خوێن و ئەو شتانەی کە لە ئەنتەرنێت بە دوایدا دەگەڕێیت تێبگەن. ئەزانی ئەگەر دادگاکانی پشکنین و دەزگای کەی‌جی‌بی یەکێتیی سۆڤیت کە هەمێشە هەوڵیان دەدا ڕەفتار و هەستەکانی مرۆڤ کۆنترۆڵ بکەن، دەستیان بگەیشتایەتە  ئەو هەستەوەرە بایۆمترییانە چیان دەکرد؟ تکایە چاوەڕوان بە!

لیبراڵیزم جبەخانەیەکی گەورەی ئەرگۆمێنت و دەزگای زەبەلاحی بۆ بەرگیری‌کردن لە ئازادییە شەخسیەکانی تاک لەبەرانبەر هێرشە دەرەکییەکانی دەوڵەتە سەرکوتکار و ئاینە توندڕەوەکان دامەزراندووە، بەڵام لە ئێستادا ئامادەیی تێدا نییە ڕووبەڕووی ئەو دۆخە نوێیە ببێتەوە، واتا ئەو دۆخەی کە کاتێک ئازادیە تاکەکەسییەکان لەناوەوە هەرەسیان هێنابێت و چەمکەکانی وەک: ”تاک” و ”ئازادی” مانایەکی ئەتۆیان نەمابێت. جا بۆ ئەوەی بتوانین لە سەدەی بیست و یەکەم‌دا درێژە بە مانەوەی خۆمان بدەین و بەرەوپێش بچین، پێویستە واز لەو سادەلەوحییە بهێنین و سۆبێکتی مرۆڤ وەک تاکی ئازاد نەبینین. بەمانایەکی تر، دەبێت دەسبەرداری ئەو دیگایە ببین کە سەر بە میراتی تیۆلۆژیای مەسیحی و بزوتنەوەی ڕۆشنگەرییە و ئەو ڕاستییە قبووڵ بکەین کە مرۆڤەکان لە کۆمەڵێک حەیوانی هاک‌کراو بەولاو هیچی تر نین؛ دەبێت خۆمان باشتر بناسین.

هەڵبەتە ئەمە ئامۆژگارییەکی نوێ نییە، بەڵكوو هەر لە کۆنەوە حیکمەتزان و قەشەکان [لەژێر دروشمی] ”خۆتان بناسن”، هەردەم ئامۆ‌ژگاری خەڵكیان کردووە. بەڵام لەپاڵ ئەوەیشدا لە سەردەمی سوقرات، بودا و کۆنفۆشیۆسدا مرۆڤ هیچ ڕکابەرێکی ڕاستەقینەی نەبووە. ئەگەریش نەیویستایە خۆی بناسیت، هێشتا هەر بەنیسبەت ئەوانیترەوە وەک سندوقێکی ڕازئامێز سەیر دەکرا؛ لێ ئەمرۆ [شتەکە تەواو گۆڕاوە و] مرۆڤ ڕووبەڕووی ڕکابەرێکی ڕاستەقینە بووەتەوە. ئێستا کە تۆ بە خوێندنەوەی دێڕ بە دێڕی ئەم وتارەوە سەرقاڵیت، وڵاتان و کۆمپانیا[گەورەکانی بواری تەکنەلۆژیا] ئەوپەڕی کۆشش دەکەن تا مێشک و زیهنییەتت هاکبکەن. ئەگەر [سەرکەوتووببن لەمە و] بتوانن لەخۆت باشتر بتناسن، ئەوا لە دۆخێكی وادا هەرچیان بووێت پێتی دەفرۆشن، جا ئەمە کاڵایەک بێت، یان سیاسەتمەدارێك هیچ جیاوازی نییە.

بۆیە زۆر زۆر گرنگە مرۆڤ خاڵە لاوازەکانی خۆی بناسیت، چونکە ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت هاکت بکەن، سوود لەو خاڵە لاوازانە دەبین. [دەبێت ئەوە بزانیت وەکچۆن] کۆمپیتەوەکان لە ڕێگەی ئەو هەڵە(error) و خاڵە لاوازەنەوە هاک دەکرێن کە لە سیستەمەکەدا بوونی هەیە. ئاوهایش مرۆڤەکان لە ڕێگەی ئەو ترس، کینە، لایەنگیری و ئارەزووانەوە هاک دەکرێن [کە لە کەسایەتییاندا هەیە]. چونکە هاک‌کەران ناتوانن لە هیچ‌ەوە ترس و ڕق درووست بکەن، بەڵام کاتێک لەوە تێگەیشتن مرۆڤەکان لە چی دەترسن، یان ڕقییان لە چییە، ئیتر بەئاسانی دەتوانن فشار بخەنە سەر لایەنی سۆزداری و هەستەکانیان، تا ڕق و تووڕەییان تێدا زیاتر بکەن.  

بۆیە ئەگەر خەڵکی نەتوانن باشتر خۆیان بناسن، ئەوا ڕەنگە بۆ پاراستنیان لە ڕێگەی تەکنەلۆژیای هاک‌کردنەوە ئەوکارە بکەن. ڕێک وەک ئەوەی کە چۆن کۆمپیتەرەکەت بەرنامەی ئەنتی‌ڤایرۆسی تێدایە بۆ خۆپاراستن لە بەرنامە زیانبەخشـ(Malware)ـەکان، ڕەنگە ئێمەیش ئاوها پێویستمان بە ئەنتی‌ڤایرۆسێک بێت بۆپاراستنی مێشکمان. چونکە زیرەکی دەستکرد بەپێی ئەزموون لەوە تێدەگات کە بەدیاریکراوی چ خاڵێکی لاوازت هەیە، جا ئەگەر ئەمە خۆڕانەگرتن بێت بەرانبەر سەیرکردنی ڤیدۆی پێکەنیناوی پشیلە، یان حیکایەتە توڕەکەرەکانی ترەمپ هیچ جیاوازی نییە و لەبری تۆ بلۆکیان دەکات.

بەڵام هەموو ئەمانە بابەتێکی لاوەکین، چونکە ئەگەر ئێمەی مرۆڤەکان کۆمەڵێک بوونەوەری هاک‌کراو بین و هەڵبژاردن و تێڕوانینەکانمان ڕەنگدانەوەی ”ئیرادەی ئازاد”ـمان نەبێت، ئەی باشە لە حاڵەتێکی وادا ئیتر سیاسەت چ سوودێکی هەیە؟ لە ڕابردوودا بۆ ماوەی ٣٠٠ ساڵ ئایدیا و بەها لیبراڵەکان هەوێنی پرۆژەیەکی سیاسی گەورە بوون، کە دەیانویست زەمینەی ئەوە بڕەخسێنن زۆرترین کەس دوای خەونەکانییان بکەون و خواست و ئارەزووەکانیان بهێننە دی. [خۆشبەختانە] ئێستا لە هەرکات زیاتر نزیکترین لە گەیشتن بەم ئامانجە. بەڵام لە هەمان کاتدا زیاتریش لەو ڕاستییە تێگەیشتووین کە کۆی گشتی پرۆژەکە لەسەر بنەمای کۆمەڵیک وەهم ڕۆ نراوە. ئەو هەموو تەکنەلۆژیایەی کە دامانهێناوە بۆ ئەوەیە تا یارمەتی خەڵک بدەین بەدواداچوون بۆ بەدیهێنانی خەونەکانی بکات، لەهەمان کاتدا بۆ ئەوەیە ئەگەری سەرلەنوێ درووستکردنەوەی ئەم خەونانە بکاتە ئەگەرێکی کراوە. دەی کەواتا چۆن بتوانم متمانە بەهێنانەدی هەریەک لەو خەونانە بکەم؟

لە لایەکەوە، دۆزینەوەیەکی وا جۆرە ئازادییەکی تەواو نوێ دەبەخشێتە مرۆڤ. پێشتر ئێمە بە توندی کەسایەتیمان لەگەڵ خواست و ئارەزووەکانماندا هاوشووناس دەکرد و خوازیاری بەدەستهێنانی بڕێک ئازادی بووین. هەر کاتێک بیرۆکەیەک بهاتایە بە مێشکماندا، سڵمان لە ئەنجام‌دانی نە دەکردەوە، شەو و ڕؤژ وەک شێت و دێوانە بەملا و ئەولایە ڕامان دەکرد، ئەمە لە کاتێکدا دیلی ئەو بیرکردنەوە و ئەنگێزە و ئارەزووانە بووین کە بە هەڵە پێمان وابوو بەرئەنجامی ئیرادەی ئازادمانە. چی ڕوو دەدات ئەگەر لەگەڵ ئەم بیرکردنەوە و ئارەزووانەدا خۆمان هاوشووناس نەکەین؟ چی دەبێت گەر لێرە بەدواوە وەختێك بیرۆکەیەک بە مێشکماندا دێت، بپرسین: (ئاخۆ ئەم بیرۆکەیە لە کوێوە هەڵقووڵاوە؟)

گەر لەوە تێبگەین بیرکردنەوە و ئارەزووەکانمان ڕەنگدانەوەی ئیرادەی ئازادمان نییە، ئەوا کەمتر پێیانەوە سەرقاڵ دەبین. چونکە ئەگەر خۆم بە تەواوی بە ئازاد بزانم و پێم‌وابێت خواست و ئارەزووکانم لە دنیادا بەسەربەخۆییەکی تەواوەوە هەڵبژاردووە، ئەوا لەم کاتەدا سنوورێكی ڕەمزی لە نێوان من و بوونەوەرانی دیکەدا درووست دەبێت و وا هەست‌دەکەم پێویستم بە هیچ یەکێک لەم بوونەوەرانە نییە، چونکە تەواو سەربەخۆم. لەهەمان کاتدا ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی بایەخ و گرنگییەکی زۆر بە دانە دانەی ئارەزووکانم بدەم، چونکە هەست‌دەکەم لەناو هەموو ئارەزووەکانی دنیادا، کۆمەڵێک ئارەزووی تایبەتیم هەڵبژاردووە. کاتێک ئەو هەموو گرنگییە بە ئارەزووەکانمان بدەین، بە سرووشت هەوڵ دەدەین هەموو دینا بخەینە ژێر کۆنترۆڵی خۆمانەوە و بەپێی ئارەزووکانمان بیگونجێنین. ئێمە هەردەم لەپێناو تێرکردنی ئارەزووەکانماندا جەنگ هەڵدەگیرسێنین، دارستانەکان لە ناو دەبەین، هاوسەنگی تەواوی ئیکۆسیستەم تێکدەدەین. لێ ئەگەر لەوە تێبگەین کە ئارەزووەکانمان بە ئازادی هەڵنەبژاردووە، ئەوا کەمتر بەوشتانەوە سەرقاڵ دەبین و هەست دەکەین زیاتر بە دنیای دەورووبەرمانەوە بەستراوینەتەوە.

هەندێک جار خەڵکی وابیر دەکەنەوە، ئەگەر دەستبەرداری باوەڕبوون بە ئیرادەی ئازاد ببین، ئەوا بەتەواوی نائومێد دەبین و دەبێت بچین چوارمشقی لە گۆشەیەکی ماڵەوە دابنشین تا لە برسا دەمرین. لە ڕاستیدا دەستبەرداربوون لەم وەهمە دەکرێ دوو کاریگەری تەواو پێچەوانەی لێ بکەوێتەوە: یەکەم- ئەوەیە، دەکری پەیوەندی ئێمە بە باقی دنیاوە بەهێزتر بکات و ببێتە هۆی ئەوەی زیاتر گرنگی بە خواست و پێویستی و ژینگەی ئەوانی تر بدەین. ڕێک وەک ئەو کاتەی کە لەگەڵ یەکێکدا قسە دەکەیت، تەنیا گرنگی بەو قسانە بدەیت کە خۆت دەتەوێت بیڵێیت، لەم کاتەدا کەمتر گوێت لە قسەکانی کەسی بەرانبەر دەبێت، واتا تەنیا چاوەڕوانی دەرفەتێک دەکەیت تا تێڕوانینەکات بەویتر بگەیێنیت. بەڵام کاتێک بیرکردنەوەکانی خۆت وەلا دەنێیت، ناگەهان گوێت لە دەنگی ئەوانیتریش دەبێت. دووەم– بریتییە لەوەی، دەستهەڵگرتن لە ئەفسانەی ئازادی دەکرێ هەستێكی ناوازە و قووڵی لێ بکەوێتەوە. گەر بە وردی خۆت لەگەڵ بیرکردنەوە و ئارەزووەکانت‌دا هاوشووناس بکەیت، ئیتر پێویست ناکات هەوڵ بۆ ناسینی خۆت بدەیت، چونکە پێت وایە خۆت بەباشی دەناسیت. بەڵام کاتێک تێدەگەیت (ئەوە خۆت نیت، بەڵكوو تەنیا جۆرە دەرکەوتەیەکی بایۆکیمیایی گۆڕاوە، لەم کاتەدا بۆت دەردەکەوێت هەر بەڕاستی نازانیت کێیت و چیت، ئیتر دەکرێ ئەمە سەرەتای هەژێنەرترین گەشتی خۆناسین بێت بۆ هەر مرۆڤێک.

گەڕان بەدوای ماهییەت و سرووشتی ڕاستەقینەی مرۆڤ، یان گومانکردن لە ئیرادەی ئازاد شتێکی نوێ نییە، بەڵکوو ئێمەی مرۆڤ پێشتر هەزران جار دەربارەی ئەم بابەتە لێکۆڵینەوەمان کردووە، لێ لە ڕابردوودا هەرگیز ئەم تەکنەلۆژیایەی ئەمڕۆمان لەبەردەستدا نەبووە؛ تەکنەلۆژیا گۆڕان بەسەر هەموو شتیکدا دینێت. لە ئێستادا خەریکە پرسە دێرینەکانی فەلسەفە دەگۆڕین بۆ کردەی ئاندازیاری و سیاسەت، ئەمە لە کاتێکدا فەیلەسوفان کەسانی زۆر بەسەبر ئارامن، دەتوانن نزیکەی ٣٠٠٠ ساڵ لێکۆڵێنەوە لەسەر شتێک بکەن بەبێ ئەوەی دەریەنجامێکی یەکلاکەرەوەیان دەستبکەوێت، لێ ئەدازیاران و سیاسەتمەداران ئەو سەبر و ئارامییەی فەیلەسوفانیان نییە [و ناتوانن بۆ ماوەیەکی درێژ ئارام بگرن.]

لە دونیایەکی وەک ئەمڕۆدا لیبراڵ دیموکراسی چی لە دەست دێت کاتێک حکوومەتتان و کۆمپانیا [زەبەلاحەکانی بواری تەکنەلۆژیا] لەتوانایاندایە مێشکی مرۆڤ هاکبکەن، ؟ یان ئایدیاکانی وەک: ”دەنگدەر خۆی باشتری لێ دەزانێت” و ”کڕیار هەمیشە لەسەر هەقە” چی لێ بەسەرهات؟ [بۆ نموونە]: هەست بەچی دەکەیت کاتێک لەوە تێبگەیت بوونەوەرێکی هاک‌کراویت و ڕەنگە دڵت ئامرازی دەستی حکوومەت و ئەمیگدالا(amygdala)ی ناو مێشکتیش ئامرازی دەستی ”پۆتین” بێت، لە نیگای یەکەم‌دا ڕەنگە ئەوەت بە بیردا بێت ئەمە دەرئەنجامی کارکردی ئەو ئەلگۆریزم(algorithm)ـانەیە کە لە خۆت باشتر دەتناسن؟ ئەمانە سەرنجڕاکێشترین ئەو پرسیارانەن کە لە ئەمڕۆدا ڕووبەڕوومان وەستاونەتەوە.

لێ بەداخەوە ئەمڕۆ زۆرینەی خەڵك خۆیان بەم پرسارانەوە سەرقاڵ ناکەن، لەبری ئەوەی بزانن  چی شتێک لە پشت وەهمی ”ئیرادەی ئازاد”ەوە چاوەڕوانمانە، کەچی خەڵکی پێکڕا پاشەکشە لەمە دەکەن و لە پەنای وەهمە دێرینەکان‌دا خۆیان حەشار دەدەن. یان لەبری ئەوەی بەڕووی ئاڵێنگارییەکانی زیرەکی دەستکرد و بایۆئەندازیاری(Bioengineering)ـدا بوەستنەوە، کەچی زۆرینەیان ڕوو لەو خورافە ئاینی و ناسیۆنالیستییانە دەکەن، کە تەنانەت نیوهێندەی لیبراڵیزم پەیوەندی بە واقعە زانستییەکانی ئەمڕۆمان نییە. یانیش لەبری پێشنیاری مۆدێلێکی سیاسی نوێ، دێن پاشماوەی مۆدێلە سیاسییەکانی سەدەی بیستەم، یان سەدەکانی ناوەڕاست دەبوژێننەوە و سەرلەنوێ پێشکەشی دەکەنەوە.

کاتێک تۆ خۆت بەم هەموو خەیاڵە نۆستالیژیایانەوە سەرقاڵ دەکەیت، ئەوا لەبارەی هەندێک شتی وەک: ڕەسەنایەتی دەقەکانی کتێبی پیرۆز و پیرۆزییەکانی نەتەوەوە تووشی مشتومر دەبیت؛ (بەتایبەتی ئەگەر وەکو من لە جێیەکی وەک ئیسرائیل‌دا بژیت). لە ڕاستیدا ئەمە مایەی نائومێدی زانستکارانە، چونکە لێکۆڵێنەوە و گفتوگۆ لەبارەی ڕەسەنایەتی دەقەکانی کتێبی پیرۆزەوە لە سەردەمی ڤۆڵتێردا گەرم‌وگووڕ بوو، وە هەروەها گفتوگۆ لەبارەی فەزیلەتەکانی ناسیۆنالیزمەوە سەدەیەک لەمەوبەر پرسێكی باوی ناو کایەی فەلسەفە بوو، لێ لە ئێستادا ئەم جۆرە دیبەیت و لێکۆڵینەوانە جگە لە بەفیڕۆدانی کات هیچی تر نییە. زیرەکی دەستکرد و بایۆئەندازیاری بەزوویی ئاراستەی پەرەسەندن دەگۆڕن، بەڵام تەنیا چەند دەیەیەک کاتمان لەبەردەستە تا تێبگەین چۆن لەگەڵی‌دا ڕەفتار بکەین. نایشزانم وەڵامی ئەمانەم لەکوێ دەست دەکەوێت، لێ دڵنیام لەوەی [هەرگیز] وەڵامی ئەو حیکایەتانەم دەست ناکەوێت کە هەزران ساڵ لەمەوبەر ڕوویان داوە.

کەواتا چی بکەین؟ پێویستە لەیەک کاتدا لە دوولاوە بجەنگین، لەلایەکەوە دەبێت بەرگیری لە بەهاکانی لیبرڵ دیموکراسی بکەین، ئەمە نەک لەبەر ئەوەی سەلماندوویەتی بەراورد بە حکوومەتەکانی تر مەترسی کەمترە، بەڵکوو لەبەر ئەوەی کەمترین ڕێگری دادەنێت لەبەرانبەر لێکۆڵینەوە لەسەر داهاتووی مرۆڤ، لەهەمان کاتدا پێویستە گومان بخەینە سەر بنەماکانی نەریتی لیبراڵیزم و پەرە بە پرۆژەیەکی سیاسی نوێ بدەین کە لەگەڵ ڕاستییە بنەڕەتییەکانی زانست و هێزی تەکنەلۆژیای ئەمرۆدا بگونجێت.

بەپێی ئەفسانەیەکی یونانی، ”زیۆس” و ”پۆسیدۆن” دوو لە گەورەترین نێرخواکانی ئەوسەردەمە، کێبرکێی یەکتریان دەکرد بۆ هاوسەرگیری لەگەڵ ماخوایەک بەناوی ”تێتس”. لێ وەختێك گوێبیستی ئەو پێشگریمانەیە بوون کە تێتس منداڵێکی کوڕی دەبێت لە باوکی بەهێزتر دەردەچێت، خێرا هەردووکیان لە ترسا کشانەوە. [ئەزانن بۆ]؟ چونکە خواوەندەکان دەیانەوێت بۆ هەمیشە بمێننەوە و نایانەوێت منداڵێکی بەهێزتر لە خۆیان هەبێت و ململانێیان لەگەڵدا بکات. بۆیە تیتس بەناچاری هاوسەرگیری لەگەڵ کەسێكی نادیار و غەیبانی کرد بەناوی ”پیلۆس شا” و منداڵێکشی بۆ هاوردە دنیاوە وناویان نا: ئەخیل، چونکە مرۆڤە غیبانییەکان حەز دەکەن منداڵەکانیان لەخۆیان بەهێزتر بن. دەتوانین لەم ئەفسانەیەوە وانەیەکی گرنگ فێربین، ئەویش ئەوەیە] حکوومەتە ئۆتۆکراتـ(Autocrats)ـەکان دەیانەوەێت بۆ تاهەتایە لە حکوومڕانیدا بمێننەوە و پشتیوانی ئەو ئایدیا نوێیانە ناکەن کە ئەگەری کەوتنیان لە دەسەڵات بەهێزتر دەکات. لێ بە پێچەوانەوە حکوومەتە لیبراڵ دیموکراسییەکان پشتگیری داهێنانی ئایدیای نوێ دەکەن، تەنانەت ئەگەر بزانن ئەم کارە دەبێتە هۆی درووستکردنی شەک و گوومان لەسەر بنەماکانی خوودی لیبراڵیزمیش.


[1] – کوکلەس کڵان(ku klux klan) گرووپێکی تووندڕيەوی سپی پێستی ئەمریکییە، کە بڕوایان بە باڵادەستی ڕەگەزی سپی هەیە لە ئەمریکا و لە دونیایشدا.

[2] – ترۆڵ(Troll)، چەمکێکی ئەنتەرنێتییەو بەو کەس و گرووپانە دەوترێت کە لە ئەنتەرنێت و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا هەوال و زانیاری ساختە بڵاو دەکەنەوە و ئیش لەسەر شێواندنی ڕاستییەکان دەکەن.

[3] – هەستەوەری بایۆمەتر(Biometric sensors)ـی ئامێرێکی ئەلیکترۆنی زیرەکە، کە لە توانایدایە تایبەتمەندییە فیزکی و بایۆلۆژییەکانی وەک: (پەنجەمۆر، شێوازی ڕووخسار، دەنگ، فشاری خوێن و ڕێژەی لێدانی دڵ) بپێوێت و دواتر بگۆڕێت بۆ ستگناڵێ کارەبایی و ناسنامە و کەسایەتی هەر مرۆڤێک ئاشکرا بکات و پاشان بیخاتە ژێر کۆنترۆلەوە. کاتژمـێرەکانی کۆمپانیای ئەپڵ و سامسۆنگ و ئەوانی تر لەو جۆرە ئامێڕانەن.

هاوشێوە