رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

ئایزایا بێرلین دەپرسێت: چۆن بەسەر دۆگماییدا زاڵ بین؟

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسین: هێنری هاردی

وەرگێڕان لە فارسییەوە: ئیکرام حەمە

     گەر پێڕستێک لە بۆچوونە سەرەکییەکانى ئایزایا بێرلین لێرەدا بنووسین، بەبێ ئاماژەکردن بۆ ئەو وردەکاری و خاڵە وردانەى کە خۆى بە شێوەیەکى بەردەوام لەنێو ئایدیاکانیدا خستوونیەتیە ڕوو، ڕەنگە قسەکانى وەک شتانێکى ئێجگار ڕوون و تەنانەت ئاسایی ببینین؛ لەگەڵ ئەوەشدا تێگەیشتن لە بۆچوون و تێڕوانینە فەلسەفییەکانى هێندەش سادە و ئاسان نەبووە و نییە. بێرلین هەندێک جار «بلیمەتى» بە توانای گۆڕینى دژیەکی بە بابەتێکى ئاشکرا لێکداوەتەوە، بەشێک لە بلیمەتیی خودى ئەویش ئەوە بووە کە توانیویەتى وەها کارێک لەسەر بابەتگەلێک ئەنجام بدات کە گرنگییەکى ئێجگار زۆریان هەبووە لە تێگەیشتنى مرۆڤ لە خۆی، بابەتگەلێک کە لە ڕووانگەى ئەوەوە ئامانجى بنەڕەتیی فەلسەفەن؛ هەمان ئەو پەندە کۆن و دێرینەى کە دەڵێت: «خۆت بناسە». ئێستاش بە لەبەرچاوگرتنى پوختەى بۆچوونەکانى بێرلین، کە لە درێژەى بابەتەکەدا ئاماژەى پێ دەکەین، پێویستە وەڵامى ئەم پرسیارە بدەینەوە: چەندێک لە بۆچوونەکانى ئەو لە ڕابردوودا، یاخود تەنانەت لە ئێستاشدا، وەک بۆچوونگەلێکى گرنگ و جێسەرنج لە قەڵەم دراون یان لە قەڵەم دەدرێن؟

     لە بنەڕەتدا مەحاڵە بڕیاری گشتگیر یاخود ڕەها لەبارەى زۆرینەی بابەت یاخود کێشە ئەخلاقى و سیاسییەکانەوە بدەین، هەر بۆیە هەوڵدان بۆ سەپاندنى وەها بۆچوون یان بڕیارێکى ڕەها، بە تایبەت بە پشتبەستن بە زەبر و هێز، هەرگیز پاساودار نییە. لەو حاڵەتەدا، زیاتر لە وەڵامێکى ڕاست بوونی هەیە، بە بەڵگەى ئەوەى کە وەڵامەکان لە بەهای مرۆیی و کولتوورگەلێکى جیاوازەوە سەرچاوەیان گرتووە، کە مەوداى نێوانیان و جیاوازییەکانیان نکوڵیلێنەکراوە؛ واتە ناکرێت ئەو وەڵامانە بخرێنە سەر جۆرە شێوەیەکى هاوبەش. هەروەها ناتوانین بە جۆرێک لە پلەبەندیی بابەتى بۆ ئەو بەها و کولتوورە جیاوازانە ڕازى ببین.

     هەموو پێویستییەکان و مەیل و بەهاکان، جیهانگیر یاخود گشتگیر نین، بەڵام زۆرێکیان لەنێو زۆرینەى مرۆڤەکاندا هاوبەشن، بەبێ لەبەرچاوگرتنى کات، شوێن و ئەو کۆمەڵگەیەى کە سەر بە ئەون. گەر وەها نەبووایە، نەماندەتوانى لە یەکتر تێبگەین، یەکتر هەڵسەنگێنین و پەیوەندی لەگەڵ یەکتردا دروست بکەین. یەکێک لە پێویستییە هاوبەشەکانمان، پەیوەستبوونە بە کۆمەڵەیەکەوە کە بە ئاسانى پەیوەندى لەگەڵ زمان و شێوە ژیانەکەیدا دروست بکەین و نەریتەکانى بە بەشێکى گرنگ و دانەبڕاو لە شوناسی خۆمان بزانین. ئەم پایە و بنەمایەى ناسیۆنالیزمى کولتوورى، نزیکایەتى لەگەڵ ناسیۆنالیزمى سیاسیدا هەیە. بە بۆچوونى بێرلین، نابێت لەبەر ئەوەى کە پێمان وایە جیهان موڵکى هەموومانە ناسیۆنالیزمى کولتوورى بخەینە لاوە، چوونکە وەها کارێک یەکسانە بە «سڕینەوەى یەکێک لە ئینسانیترین ڕەهەندمان».

     زانست بە تەنیا ناتوانێت لێکدانەوەیەکى تەواو بۆ هەڵسوکەوتى مرۆڤ بکات، ئەوەى دەبێت هاوکارى بە زانست بگەیەنێت، تواناى هاودڵییە لەگەڵ کۆى مرۆڤەکاندا، هەستێک کە هەموومان بە شێوەیەکى گشتى لێى بەهرەمەندین. هاودڵى، بنەماى داوەریی و بڕیارە کەسی و سیاسییەکانمانە، یاخود بە گوتەى بێرلین: «هەستى واقیعى»مانە لەبارەى کاروبارە مرۆییەکانەوە. بەبێ هاودڵى، ناسینى تەواوەتیی مرۆڤ ڕێتێچوو نییە و بەبێ ئەویش دنیاى واتاییمان تێک دەشکێت. پێویستە هەموو کەسێک بتوانێت بە شێوەیەکى ئازادانە و بەبێ دەستێوەردانى کەسانى دیکە و ئاڕاستەکردنى لە لایەن کەسانى دیکەوە، بڕیار بدات. لە کۆتاییدا، ئەوە “تاک”ـە کە سەرچاوە و پێوەرى بنەڕەتى ئەخلاقییە نەک کۆمەڵگە و بە دڵنیاییەوە نەوەک سەرچاوەیەکى نەناسراوى خوداوەندانە.

     ئەو شتانەى باسکران، بەشێک لە باوەڕ و ئەندێشەکانى یەکێک لە دیارترین بیریارانى سەدەى بیستە، واتە ئایزایا بێرلین (١٩٠٩-١٩٩٧). ئەو لە شارى ڕیگا (پایتەختى لیتوانیا) لە خێزانێکى جوولەکە لەدایک بووە و لە ڕووسیا و ئینگلتەرا گەورە بووە، هەروەها ژیانى پیشەیی وەک مامۆستا لە زانکۆى ئۆکسفۆرد بەسەربردووە. بێرلین کە هەم فەیلەسووف بووە و هەم شارەزا لە مێژووى فکر و ئەندێشەکان، لەنێو بوارە گشتییەکەشدا وەک ڕۆشنبیرێکى ئەخلاقگەرا ئامادەیی هەبووە. هەروەها کەسێکى ناسراو و زیرەک (هەرچەند بێ کەموکورتى نەبوو)، وتاربێژێکى سەرنجڕاکێش، نووسەرێکى زۆر بەتوانا و مامۆستایەکى دەگمەن بووە لە نووسینى لێکۆڵینەوەدا. بنەڕەتیترین و سەرەکییترین جێپەنجەى ئەو لە بوارى ڕۆشنبیریی ئێستاماندا، دەرئەنجامى ئەو لێکۆڵینەوە و کارانەیە کە لەبارەى بەرهەم و ئەندێشەکانى بیریارانى ڕابردووەوە ئەنجامى داون، کە بە شێوەیەکى ڕوونتر، وردتر، قوڵتر و ڕێکخراوتر سەرلەنوێ پێشکەش بە ئێمەى کردووە. گەشەى ڕوولەزیاد و خێراى جیهانگیری و کۆچ لە دنیاى ئەمڕۆدا، بوونەتە هۆى ئەوەى بۆچوونەکانى بێرلین گرنگییەکى بەردەوام ڕوو لە زیادى هەبێت. دیاردەگەلێکى وەک جیهانگیری و کۆچ، زیاتر لەوەى وەک هێزگەلێکى هاوشێوەکەر مایەى نیگەرانى بن، لە ڕاستیدا ئاشکراکەر و ڕوونکەرەوەى ئەو جیاوازییە ئەخلاقیانەن کە بوونەتە هۆى دابەشبوون و لێکهەڵوەشانەوەى کۆمەڵگە مرۆییەکان. ئەم لێکهەڵوەشانە، هەموو کێشە پەیوەندیدارەکانى بە فرەکولتوورى و نەسازانى دوولایەنەى کولتوورییەوە، کردووەتە چەقى گرنگیپێدان، بێرلینیش باسی لە هەمان ئەو بابەتانە کردووە و لێکیداونەتەوە.

      بنەما و پاڵنەرى هاوبەش لەنێو ئەو تێڕوانینانەدا کە بێرلین خستوونیەتیە ڕوو، دژایەتى ئەوە بەرانبەر بە زێدەڕۆییکردن لە سادەکردنەوە و زانستگەرایی لە بوارى بابەتە مرۆییەکاندا. ئەم دژایەتییە لە کارە سەرەتاییەکانیشیدا لە فەلسەفەى شیکاریدا بە ڕوونى دەبینرا، واتە کاتێک دەستى بە دژایەتیکردن کرد لەگەڵ پۆزەتیڤیستە لۆژیکییەکاندا، کە هەوڵیان دەدا چوارچێوە سنووردارکەر و نەگونجاوەکانى خۆیان بە زۆر بەسەر دیاردە زمانییەکاندا بسەپێنن؛ دیاردەگەلێک کە بە بۆچوونى بێرلین لە ئاڵۆزى و جۆراوجۆرییەکى ئێجگار دەوڵەمەند بەهرەمەندن و بە هەمان هێندەى ئاڵۆزى و جۆراوجۆرییەکەیان، خوازیارى وەڵامگەلێکى تیۆریی بەکەڵک و گونجاون.

     سەرنج و گرنگیدانى بێرلین بە مێژووى فکر و ئەندێشەکان، بۆ سەرەتاکانى چالاکییە ئەکادیمییەکانى دەگەڕێتەوە. لە ساڵى ١٩٣٣ دەستى بە نووسینى کتێبێک کرد لەبارەى کارڵ مارکسەوە، کتێبێک کە لە ساڵى ١٩٣٩ بڵاوکرایەوە و تاکوو ئێستاش چاپ دەکرێتەوە. خوێندنەوەى ئەو بۆ مارکس و ئەوانەى پێش مارکس، بە تایبەت بۆ فەیلەسووفانى ڕۆشنگەرى، هەروەها بۆ فەیلەسووفانێک کە خۆى پێى دەگوت «دژە ڕۆشنگەرى»، بووە سەرچاوەى تیۆرییەکانى لە پاشماوەى ژیانیدا.

     بێرلین دیارترین تێڕوانینى فەلسەفى لە ئەندێشەى ڕۆشنگەریدا دۆزییەوە، کە بە لاى کەمەوە لە سەردەمى ئەفڵاتونەوە خرابووە ڕوو: واتە ئەوەى گەر ژیانى مرۆڤ و کۆمەڵگەى مرۆیی بە شێوەیەکى دروست تێگەیشتنى لەبارەوە دروست بکرێت و بەڕێوە ببرێت، بە شێوەیەکى تەواو هەماهەنگ و پێکەوەبەستراو بەرەو پێش دەچێت، کۆى کێشە ئەخلاقى و سیاسییەکان لە کۆتاییدا چارەسەر دەکرێن و هەموو بەهاکان هیچ دژایەتییەکیان لەنێواندا نامێنێت و دەکرێت پێکەوە تەریب بکرێن، گەر ئەوە ڕوو بدات، بەدبەختى و ململانێ و دژایەتى بارگەوبنەیان لە دنیادا دەپێچنەوە. (هۆکارى ئەوەى کە وەها بۆچوونگەلێک لە ئێستادا تاکوو ئەم ئاستە باوەڕپێنەکراو دەردەکەون، بەرهەمى هەوڵدانى فەیلەسووفانێکە کە بوونە هۆى ئەوەى ئەمڕۆکە هەر کەسێک تەنانەت بە بەهرەمەندبوون لە کەمێک عەقڵى ساغ ئەو بۆچوونانە بە ناڕاست بزانێت.) لە سەدەى هەژدەدا، لەگەڵ سەرکەوتنى شۆڕشى زانستیدا، ئەو تێڕوانینەش دووبارە هێزى وەرگرتەوە. زانستگەرایی لەو سەردەمەدا ئەو وێنایەى دروست کرد کە بابەتە مرۆییەکانیش، هاوشێوەى بابەتە زانستییەکان، بە زمانى زانست و لە چوارچێوەى زانستدا شیاوى ڕوونکردنەوەن. زانستگەراکان لەو باوەڕەدا بوون کە زانست دەتوانێت وەڵامى هەموو پرسیارەکان بداتەوە، بەڵام بێرلین دژ بەو باوەڕە بوو؛ گەرچى ئەو دژەزانست نەبوو، بەڵام باوەڕى وابوو کە زانست تەنیا دەتوانێت وەڵامى ئەو پرسانە بداتەوە کە لەگەڵ جیهانەکەیدا دەگونجێن؛ جیهانێک کە بە دڵنیاییەوە تێگەیشتنى تەواوەتى لە مرۆڤ لەخۆ ناگرێت.

     دیارترین ئایدیاى بێرلین هەمان ئەو شتەیە کە خۆى پێى دەڵێت پلوراڵیزم (فرەگەرایی)؛ هەرچەند زۆرێک لە بیریاران دەستەواژەى فرەگەرایی بەها بە باشتتر دەزانن. ئایدیاى فرەگەرایی پێیوایە ئەو باشیانەى مرۆڤەکان هەیانە، ئەو ئامانجانەى بەدوایدا دەڕۆن و ئەو بەهایانەى کە دەیپارێزن، فرەن (زۆر و جۆراوجۆرن) و ناتوانرێت ئەوانە لە چوارچێوەى دەرکەوتەگەلى یەک ئامانجى گەورەى وەک بەرژەوەندى یاخود بەختەوەریدا لێکبدرێنەوە. باشییە جیاوازەکان، هەندێک جار لە ململانێدا: ڕەنگە ئەوانە بەراورد بە یەک سازگار نەبن، شیاوى هاوتاکردن نەبن و یاخود شیاوى بەراوردکردن نەبن. واتە ناکرێت لەسەر بنەماى پێوەرێکى هاوبەش هەڵسەنگێنرێن و لە بەرانبەر ئەوانى دیکەدا پێگەیەکى جێگیریان بۆ دابنرێت. کاتێک شتە باشەکان کەوتنە بەرانبەر یەکتر، پێویستە بە چ شێوەیەک هەڵبژێرین؟ ئازادى یاخود یەکسانى؟ بەختەوەرى یان زانین؟ دادپەروەرى یان لێبوردەیی؟ بوونى دژیەکى تەنانەت لەنێو یەک بەهاشدا ڕێتێچووە، بۆ نموونە، لەنێو ئازادیی ڕادەربڕین و ئازادیی لە کردنى قسەى ناشرین.

     ئەم ئایدیایە دژ بەو کۆکردنەوە گشتییەشە کە کولتوورەکان دروست دەکات، لەم حاڵەتەشدا بە فرەگەرایی کولتوورى ناودەبرێت. ناتوانین بڵێین پەیوەستبوون بە کولتوورى دانیمارکییەوە باشترە یاخود بە کولتوورى پرتوگالییەوە. ئەمە بەو واتایە نییە کە بەو جۆرەى لە ڕێژەگەراییدا هەیە، بتوانین هەموو شتێک بە قبووڵکراو بزانین، بەڵکوو بەو واتایەیە کە دەتوانین زیاتر لە شتێک بە قبووڵکراو بزانین، هەروەها هەرگیز ناتوانین بە شێوەیەکى سیستماتیک شتێک لە شتەکانی دیکە بە باشتر بزانین. ئەم دیدگایە، تێڕوانینێکى ئاڵۆزە کە لەگەڵ مەیلى ئەو تیۆریستانەدا سازگار نییە کە بێرلین پێیان دەڵێت «سادەکەرەوە مەزنەکان»، دیدگایەک کە دژ بە یەکبوونخوازیی دەوەستێتەوە و بە بەراورد بە یەکبوونخوازى، تێڕوانینێکى دروستترە بۆ ژیان. لە ڕوونکردنەوەى ئەم ئایدیایەدا، بێرلین ئلهامى لە بەشێک لە شانۆنامەى ئەرخیلۆخوس لەبارەى جیاوازیی نێوان ژوژوی تاکگەرا (زیهنیەتى دەمارگیر) و ڕێویی فرەگەرا (کە ئاماژەیە بۆ فرەیی و بێڕێسایی) وەرگرتووە؛ هەروەها بە گەڕانەوە بۆ کانت و ئەوەى ئەو بە «لقى چەماوەى مرۆڤایەتى» ناوى بردووە، هەمان ئەو شتە بە بەهادار دەزانێت کە «هەرگیز لێیەوە بەرهەمێکى سەرڕاستى لێ بەرهەم نایەت». ئەو بەم شێوەیە دوو نموونەکەى سەرەوەى سەرلەنوێ لە ئەدەبیاتى هاوچەرخدا خستووەتە ڕوو.

     بێرلین یەکەمین نیشانەکانى دەرکەوتنى فرەگەرایی لە سەدەى شازدەدا و لە بەرگریی ماکیڤیلی لە باشییەکانى «کۆماریخوازى» لە بەرانبەر فەزیلەتەکانى مەسیحیەتدا بینییەوە. بە بۆچوونى ماکیاڤیلى، ئەو کەسانەى بەدواى دەسەڵاتى سیاسییەوەن (بە دیاریکراوى چێزارە بۆرجا، کە لەو سەردەمەدا جێسەرنجى ئەو بوو)، بە پابەندبوون بە بەها ئایینییەکانى وەک «خاکەڕایی، قبووڵکردنى ڕەنج و ئازار، دنیانەویستى و هیوابوون بە زیندووبوونەوە و ڕزگارى لە دنیایەکى دیکەدا» هیچ سەرکەوتنێکیان بە نسیب نابێت. لە بەرانبەردا پێویستە ئەوان بێبەزەیی، بێباک، بوێر و جێبەجێکار بن. ماکیاڤیلى نکووڵى لە ڕاستیی فەزیلەتەکانى کڵێسا نەدەکرد، لەو باوەڕەدا بوو کە ئەوانە لەگەڵ ئەو تایبەتمەندییانەدا ناسازگارن کە بۆ زاڵبوون لە دنیاى سیاسەتدا پێویستن. بێرلین ئەوەى بە دووانەی ئەخلاقى دەزانى کە مەوداکەى لەگەڵ فرەگەرایی ئەخلاقیدا تەنیا یەک هەنگاوە.

      لە سەدەى هەژدەدا، شێوەگەلێکى گەشەسەندووتری فرەگەرایی کولتوورى خرانە ڕوو، بە تایبەت لە لایەن جامباتیستا ڤیکۆى ئیتاڵییەوە (کە لە ڕاستیدا داهێنەرى مەفهومى نوێى وشەى کولتوورە)، هەروەها فەیلەسووفى ئەڵمانى یۆهان گۆتفرێد، کە هەردووکیان لە خۆشەویستترین بیریارانى ئایزایا بێرلین بوون. لە بزوتنەوەى ڕۆمانتیزمدا کە دواى ئەوە سەرى هەڵدا، فرەگەرایی گەیشتە چڵەپۆپەى باڵایی خۆى؛ لە ڕاستیدا بە بۆچوونى بێرلین دەبوو لەوەش زیاتر بڕوات. لە لاى ڕۆمانتیکەکان، هەموو بەهاکان و هەموو کولتوورەکان بە شێوەیەکى ئازادانە دروست بوون و وەک داهێنانى دڵخوازانەى ڕۆحى مرۆڤ تەماشا دەکرێن. بەم پێیە، ئەوان نوکوڵیکەرى سروشتێکى تاک و هاوبەشی مرۆیین کە ببێتە ڕێگر لە بەردەم فرەیی کولتوور و بەهاکاندا، هەر بۆیە ئەمەش جڵەوکەرى هێزى لەنێوبەرى ئایدۆلۆژیا نائینسانییەکانە. لەگەڵ هەموو ئەمانەدا، ئامۆژەکانى ڕۆمانتیزم، بە کەمێک دەستکارى و ڕێکخستنەوە، بوونە بەشێکى جیانەبووەوە لە هەر جۆرە تێگەیشتنێکى پێگەیشتووانە لە ژیان و کۆمەڵگە مرۆییەکان.  

     خاڵى سەرەکى لە گەیشتن بە وەها تێگەیشتنێک لە ژیان و کۆمەڵگەى مرۆیی، ڕەدکردنەوەى هەر جۆرە تێڕوانینێکە کە بانگەشەى ئەوە بکات یەک جار و بۆ هەمیشە وەڵامى پرسیارە بنەڕەتییەکانى ژیانى مرۆڤى داوەتەوە: ئەوەى کە چى بکەین، کەسێکى چۆن بین و چۆن بژین؟  هیچ ڕێگەچارەیەکى بنبڕ و کۆتایی بوونى نییە کە بەدواى دۆزینەوەیەوە بین، ناشکرێت بوونى هەبێت. ئەوەى کە هەیە پێویستییەکى بەردەوامە بۆ دروستکردنى هاوسەنگى لەنێوان پێویستییە دژەکاندا، مامەڵەى وریایانە لەگەڵ بەها ڕوولەگۆڕانەکاندا، بەرگەگرتنى جیاوازییەکان و لەبەرچاوگرتنى هەموو ئەو هۆکار و پاڵنەرانەى کە لەکاتى هەڵبژاردن و بڕیارداندا کاریگەرییان هەیە. لەبری پشتبەشتن بە نەخشە و بەرنامەیەکى نەگۆڕ کە بانگەشەى ئەوە دەکات لە هەموو کات و شوێنێکدا و لەبارەى هەموو خەڵکەوە دەتوانین پەیڕەوى لێ بکەین. بێرلین بە توندی دژى وەها ڕەچەتەیەکى جادووییە: «دژوارە شتێکى خراپتر و بەزیانتر لەو باوەڕە بدۆزینەوە کە پێى وایە حەقیقەت تەنیا لە لاى کەسێک، گرووپێک، هۆزێک، دەوڵەتێک، گەلێک یان کەنیسەیەکى دیاریکراوە». مرۆڤ بە شێوەیەکى سروشتى دەیەوێت بەدواى وەها وەڵامگەلێکى گشتگیردا بگەڕێت، ئیدى چ ئایینى بن یان سیاسی، شەڕکردن و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵیاندا کە پێویستى بە پاساوێکى ئەقڵانى هەیە، هەرگیز کۆتایی نایەت.

     لە جیهانێکدا کە کەسانى دۆگما لەژێر ئاڵاى ئایینێکى دیاریکراودا، کە بە تاکە حەقیقەتى دەزانن، پەرژاونەتە سەر ترساندنى کۆمەڵگە ئازادەکان، هەروەها فەرمانڕەوا دیکتاتۆرەکان خەڵکى خۆیان ناچار بە پەیڕەویکردن لە ئایدۆلۆژیاگەلى سەرکوتکارانە دەکەن، چیدى نابێت بۆچوونەکانى بێرلین تەنیا بە تێڕامانگەلێکى ئەبستراکت بزانین. ئەو کە لە منداڵیدا شۆڕشى ڕووسیاى لە نزیکەوە ئەزموون کردبوو، ترسێکى تایبەتى لە توندوتیژیی سیاسی هەبوو؛ ترس لە هەموو ئەو شتانەى کە دەبێت خەڵک لەمڕۆدا بۆ گەیشتن بە دەوڵەتى خۆشگوزەرانیی خەیاڵیی سبەى بیکەنە قوربانى. بە بۆچوونى بێرلین، دانانى ئایندەیەکى نەناسراو لەپێش ئێستایەکى ناسراوەوە، هەڵەیەکى مەترسیدارە. ئەو بە گواستنەوەى وتەى یەکێکى دیکە لە پاڵەوانەکانى، بیریارى ڕادیکاڵى سەدەى نۆزدەى ڕووسیا، ئەلیکساندەر هێرتسن، دەڵێت: «ئامانجى کۆتایی ژیان، خودى ژیانە». گۆشەنیگاى فرەخوازیش لە خزمەت پێدانى بەهایە بە ژیان، چوونکە ئەو توانایەى هەیە کە تیرۆرستەکان بۆ دیبلۆماتکار و دیکتاتۆرەکان بۆ کەسانى دیموکرات بگۆڕێت.

     یەکێکى دیکە لە بۆچوونە گرنگەکانى ڤیکۆ کە بێرلین کردبوویە موڵکى خۆى، ئەوەیە کە ئێمە لە ڕوونکردنەوەى هەڵسوکەوتەکانى مرۆڤدا بە جۆرێک لە هێزى ناسین ئامادە کراوین کە لە سەرووى کەرەستە و ئامرازەکانى ناسین لە زانستە سروشتییەکاندا کار دەکات؛ لە شێوازى زانستیدا، بەشە پێکهێنەرەکانى تیۆرییەکان لە ڕیگەى پێدراوە ئەزموونییەکانەوە بەدەست دێن. لە کاتێکدا کە ئێمە لەبارەى کردە مرۆییەکانەوە، لە ڕاستیدا دەستمان بە «دیدگایەکى ناوەکى» گەیشتووە: تواناى هاودڵى و تێگەیشتنێکى ڕاستەوخۆ لەو ویست و ئامانجانەى کە سەرچاوەى هەڵسوکەوتەکانى مرۆڤن. هەر لەبەر ئەوەیە کە ئەو ناسین و تێگەیشتنەى کە لەبارەى مرۆڤەکانى دیکەوە هەمانە، زۆر قوڵترە لە تێگەیشتمان لە بەشەکانى دیکەى سروشت، وەک: بەرد، چەم، گیاکان و تەنانەت ئاژەڵەکان. ڕوانینى ئێمە بۆ وەها شتانێک ڕوانینێکى دەرەکییە، بەڵام لەبارەى مرۆڤەکانى دیکەوە، سەرەڕاى ڕوانینى دەرەکى، ڕوانینێکى ناوەکیشمان هەیە کە ئێجگار گرنگترە، هەر بۆیە بە بەراورد بە ناسینى سروشت، دەستڕاگەیشتنێکى زیاتر و قوڵترمان هەیە بۆ سەرچاوەکانى هەڵسوکەوتى مرۆڤ.

     لە ناسینى مرۆڤدا، ئێمە بە دواى ئەو شتانەدا دەگەڕێین کە تاک، تایبەت، تاکەکەسی و دووبارەنەبووەوەن، لە کاتێکدا لە زانستەکانى دیکەدا خەسڵەتە گشتییەکان لە تایبەتمەندییە تایبەتەکان جیا دەکەینەوە. ئەمە وەک خاڵێکى گرنگ لە نەفیکردنى زانستگەرایی لە زانستە مرۆییەکاندا تەماشا دەکرێت، لەوانەش لە تیۆری بەڕێوبردندا کە بێرلین لە زانستگەراییە لەڕادەبەدەرەکەى ئاگادارمان دەکاتەوە. ئەو باسی لە «جیایی یاخود جیاوازى» زانست و زانستە مرۆییەکان دەکرد، هەمان ئەو شتەى کە پێش ئەو، ڤیکۆ خستبوویە ڕوو، ئەویش سەرەڕاى ئەو تێڕوانینە تیۆرییە بەهێزانەى کە لە کۆتاییدا بووە هۆى لەدایکبوونى ڕۆشنگەرى لەو قۆناغەدا. ئەمڕۆکە ئەو جیاوازییانەى کە بەهۆى ئەم جیاییەوە بەرجەستە دەبن، بە تایبەت لە لایەن ئەو کۆمەڵناسانەوە کە لەژێر کاریگەریی تیۆرییەکانى ڕەفتارگەراکاندان، بە شێوەیەکى گشتى پشتگوێ دەخرێن.

     یەکێکى دیکە لە بۆچوونە سەرەکییەکانى بێرلین، کە لە تەنیشت ئایدیاى فرەگەراییدا خاوەن بەرزترین پێگەیە، لیبراڵیزمەکەیەتى. تێڕوانینێک کە تاکوو ئاستێک لە خوێندنەوەى بەرهەمەکانى جێرێمى بێنتام و جۆن ئیستوارتەوە سەرچاوەى گرتووە. تێڕوانینى فرەگەرایی بێرلین دەوڵەمەندییەکى زیاترى بە ئەندێشەکانى ئەو دوو بیریارە بەخشى. بۆ بێرلین، یەکێک لە بنەما گرنگەکانى لیبراڵیزم ئەوەیە کە گرنگترین جیاکەرەوەى مرۆڤ هێزى ئیرادە یان ویستە، شتێک کە ئەو توانایەمان پێ دەدات هەڵبژێرین و شوناسێکى تایبەت بە خۆمان بە دەست بهێنین. کەواتە هەر سیستمێکى ئایینى یاخود سیاسی کە هەڵبژاردنەکانمان سنووردار بکات و لە بەرانبەردا خوزیارى گوێڕایەڵیمان بێت لە بڕیار و یاساگەلێکى خۆسەپێنانە، بەو کارەى نکووڵى لە کرۆک و جەوهەرى مرۆڤبوونمان کردووە، هەر بۆیە پێویستە بە هەموو توانامانەوە لە دژى بووەستینەوە. سەرەکیترین بنەما لە لیبراڵیزمى بێرلیندا یاسایەکە کە لە لایەن جۆن ئیستوارت میڵەوە پێشنیار کراوە: ئەوەى کە پێویستە هەر تاکێک بەبێ دەستێوەردانى کەسانى دیکە لە کاروبارەکانیدا، بە شێوەیەکى ئازادانە ڕێگە و ئاڕاستەى خۆى لە ژیاندا هەڵبژێرێت و سەپاندنى سنووردارى تەنیا بە مەبەستى پاراستنى ئەو مافە بۆ کەسانى دیکە ڕێگەپێدراوە. ئەمە هەمان ئەو بنەمایە کە بێرلین بە «ئازادیی نەرێنى» ناوى دەبات، چوونکە لەسەر بنەماى نەرێکردنى ڕێگریکردن لە ئازادیی مرۆڤەکان لە لایەن کەسانى دیکەوە دامەزراوە.

     بنەماى ئازادیی نەرێنى شتێک نییە کە بە درێژایی مێژوو پارێزگاریی لێ کرابێت، بەردەوام لە لایەن تێڕوانینە جیاوازە کۆلێکتیڤیستەکانەوە هێرشی کراوەتە سەر. بێرلین یەکەمین شوێنەوارى دەرکەوتنى لە یۆنانى کۆندا و لە سەدەى سێیەمى پێش زاییندا بینیوەتەوە و دەیخاتە بەرانبەر ئەو ڕۆحیەتە سیاسییە کۆلێکتیڤیستەى کە پێشتر ئامادەیی هەبووە. ئەو لە سەردەمى مۆدێرنیشدا، بە تایبەت لە بەرهەمەکانى بنجامین کنستاندا، ئەم مەفهومە لە بەرانبەر مەفهومى «ئازادیی نەرێنى»دا دەبینێت کە بە واتاى ئازادیی تاکە لە کردە و شێوەپێدانى چالاکانەى ژیان و کەسایەتیی ئەخلاقیی خۆیدا. بێرلین لە وتارە بەنێوبانگەکەیدا لە کاتى دەستبەکاربوونى لە زانکۆ لەژێر ناوى «دوو مەفهومى ئازادى» باس لەوە دەکات کە لە دنیاى ئەمڕۆماندا، جۆرە فرتوفێڵێکى تیۆرى هەیە کە ڕەگوڕیشەى لەنێو کۆلێکتیڤیستیی ڕۆمانتیکەکاندایە، بووەتە هۆى دروستبوونى تێگەیشتنێکى هەڵە لەبارەى ئازادیی ئەرێنییەوە. لە وەها تێڕوانینێکدا، جۆرێک «خودى واقیعى»ى باڵاتر لە خودى ڕۆژانە بە گریمانە وەرگیراوە و دەبێتە جێگرەوەی و دواتر ئەم خودە واقیعییە لەگەڵ مەفهومێکى جەمعیی وەک دەوڵەتدا لە پێگەى پارێزەرى ڕاستەقینەى ئازادیدا وەک یەک لێیان دەڕوانرێت. بەم شێوەیە، فەرمانەکانى ئازادیی ئەرێنى نەک لە لایەن تاکەکانەوە، بەڵکوو لە لایەن ئەو پسپۆڕ و بەرپرسانەوە دەردەکرێن کە بانگەشەى ئەوە دەکەن ئەوان لە خۆمان باشتر ویست و داخوازییە «واقیعى یان ڕاستەقینە»کانمان دەزانن. بەم شێوەیەیە کە لە چنگى دیکتاتۆریەتى ترسێنەرى فاشیزم و لە هەمووشی خراپتر، کۆمۆنیزمدا گیردەخۆین.

     هەموو ئەم ئایدیانە لە ڕاستیدا ڕێگەگەلێکى جیاوازن بۆ بەرگریکردن لە بەرانبەر مەیلى هەمیشەیی مرۆڤ بۆ سادەکردنەوە، بەگشتیکردن، گشتاندن و بانگەشەى ڕەهایی لە جێیەکدا کە ئەگەرى ڕەهابوون بوونى نییە. لە قەڵەمڕەوى ئایدیا مرۆڤگەرانەکاندا، شەڕێکى بەردەوام لە ڕووداندایە لەنێوان ئەو تێڕوانینە و کەسایەتییەکى ڕۆشنبیرتر کە لە بەرانبەریدا دەوەستێتەوە، کەسایەتییەک کە بێرلین نموونەیەکى بێهاوتایەتى.

  • هێنری هاردى ئەم وتارەى نووسیوە و لە ١٧ى ١٠ى ٢٠١٨ لەژێر ناونیشانى «ISAIAH BERLIN: AGAINST DOGMA» لە وێبسایتى تایمز لێترری ساپڵیمێنتدا بڵاو کراوەتەوە. وێبسایتى ترجمان لە ڕێکەوتى ٢٤ى ١١ى ٢٠١٩ لەژێر ناونیشانى «ایزایا برلین مى پرسد: چطور می توان بر جزم اندیشى غلبه کرد؟» بە وەرگێڕانى سارا زمانى بڵاوى کردووەتەوە.

هاوشێوە