رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

پەیكەری ئابووری و سروشتی ژیانی كۆمەڵایەتی و دەروونیمان

Facebook
Twitter
LinkedIn

هیوا عومەر

بەشی دووەم

لەم چەرخەدا، ڕووبەڕووی دوو دیاردەی مەترسیدار دەبینەوە، كە خۆی دەبینێتەوە لەم خاڵانەی خوارەوەدا:

یەكەم: نەمانی ئاسایشی كار و ئابووری و دڵنیایی كۆمەڵایەتی.

دووەم: تێكچوونی سروشتی پەیوەندیی كۆمەڵایەتی، دەروونی، سۆزداری و خێزانییەكان.

 ئەم دیاردانە گرێدراو و بەرهەم هێنراون و  ناتوانین لە دەرەوەی لێكەوتەكانی كرۆكی بونیادی سیستەم و مۆدێرنیتە و دۆخی سیاسی، ئابووری، كولتووری و كۆمەڵایەتی، تێیان بگەین.

” پڕۆلیتار هیچ موڵكیەتێكی نییە، بۆیە چیتر هیچ شتێك پەیوەندیی ئەو بە ژن و مناڵەكەیەوە لەگەڵ پەیوەندییەكانی خێزانی بۆرژوازی كۆی ناکاتەوە.” … ”بۆرژوازییەت هەموو پەردەیەكی سۆزداری (عاتیفی) لە خێزان دادڕی، پەیوەندی خێزانیشی كرد بە پەیوەندی پارە.”    (مانیفێست، ١٨٤٨)

ئەم هەڵێنجانەی كرۆكی پەیوەندییە كۆمەڵایەتی و سۆزدارییەكان لە لای ماركس و ئەنگلس، نزیكەی دوو سەدە پێش هەموو ئەو توێژینەوانە دێت، كە ئاماژەمان پێ كردوون. هەروەها نزیكەی دوو دەیەش پێش سەرەتای نوسینەوەی مێژووی پەیوەندییەكانی ژن و پیاو دێت، كە لە دوای ساڵی ١٨٦٠ دەسپێدەكات، لە بەشی یەكەمدا خرایە ڕوو؛ ناوەڕۆكی ئەو خەمە جڤاكییە و زیندوویەتی فەلسەفە و میتۆدی هیومانیستیی ئەوان بوو كە توانییان درك بە زۆر لە كەلێن و قەیرانەكانی كۆمەڵگە بكەن. ئەمڕۆ زیاتر لێكەوتەكانی دەبینین و ڕۆژانە بەردەرگەی لێ گرتووین.

هەموو ئەو توێژینەوانەی دوای ئەوان دێن و لێرە باسمان كردووە، لە دەرەوەی كاریگەری ئەو فەلسەفە هیومانییەدا نییە. لەگەڵ ئەوەشدا نابێت ئەوەشمان بیربچێت ماركس هەم وەك فەیلەسووفێكی هیومانستی هەم وەك سۆسیۆلۆگێكە هەر بۆیەش ناتوانین بچینە دەرەوەی ئەو، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی وەك مۆرگان دەڵێت: ”داری ژیان هەمیشە سەوزە و تیۆریش خۆڵەمێشی” یە.

لەو بارەیەوە هەردوو نووسەر و سۆسیۆلۆگ ” گای” و ”زیگمونت باومان” كۆمەكی زۆرمان دەكەن . 

پەیكەری ئابووری و لێكەوتەكانی لەسەر پەیكەری ژیانی كۆمەڵایەتیمان دەبینین نزیكەی سەدەیەكە گۆڕانكاریی گەورە بەسەر پێگەی كرێكار و ڕۆڵی لە كەرتەكانی بەرهەم هێنان و ژینگەی كار لە خۆرئاوا و تەواوی جیهاندا دروست بووە. پاشەكشەی هەلی كار لە كەرتە گەورەكانی پیشەسازی و هاتنی تەكنەلۆژیای تازە و دروست بوونی قەیرانەكان و فەڕزكردنی مۆدێلی لیبراڵیەتی نوێ و لەشكری بێكاری و پەراوێزخراوەكان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر هەڵدەكشێنێت و فراوانتری دەكات.

تێگەیشتن و شیكردنەوەكان لە ئاستی هزری و تیۆری بەردەوام بووە و نەوەستاوە، لە بەرانبەر دروست بوون و هاتنەپێشی واقیعی نوێ، ئەمەش بەشێكە لە سروشتی ململانێكان و پەیوەندیی دیالەكتیكی نێوان تیۆر و واقیع .

هەڵكشانی جیاوازییە چینایەتییەكان و دروست بوونی دیاردەی پەراوێزخستن و لێكەوتەكانی لەسەر باری كۆمەڵایەتی، بەردەوام جێگای مشتومڕ بووە. یەكێك لەوانە ”گای ستاندنغ” مامۆستای زانكۆ لە بەریتانیا لە ساڵی ٢٠١١ بە ”پریكاریات” ناویان دەهێنێت. لە ساڵی ٢٠٠٤ دا بە شێوەیەکی فەرمی ئەم وشەیە دەچێتە ناو فەرهەنگی زمانی ئینگلیزی . یەكەم كتێبیش  لە لایەن گای( Guy Standing)  ، بە ناوی  The Precariat/The New Dangerous Class/London, 2011  بە دروستبوونی چینی كرێكاری تازەی مەترسیدار بە ”پریكاریات” ناویان دەبات بڵاو دەبێتەوە. پریكاریا، ئەوانەن كاری هەمیشەییان نییە و بە دۆخی  سەختی  هاوچەرخی كار و نا سەقامگیریی ئاسایشی ئابووری و كۆمەڵایەتی و سیاسی گوزەر دەكەن، ئەمەش وایكردووە ڕووبەڕووی نائومێدی و توڕەییەكی گەورە ببنەوە، لە ئاستی كۆمەڵایەتی و دەروونی و سیاسیدا.

لەو بارەیەوە تێگەیشتنی جیاواز هەیە، ئایا پریكاریا تا چەند چەمكێكی زانستییە؟  ئایا هەر چینی كرێكار نییە لە دۆخێكی خراپتری تازە وەك بەرهەمی سەردەمی نیولیبرالیزم و نەمانی هیچ سنوورێك لە بەردەم هەڕەشەكانی سەرمایەداری بۆ سەر ژینگەی كار و ژیان و بەها مرۆییەكان؟ لێكەوتەكانی لە دروستبوونی نائومێدی و باری دەروونی و تووڕەیی لە غیابی بینین و خوێندنەوەی ئەم بزووتنەوە كۆمەڵایەتییە لە ئاستی سیاسی و حیزبی و هزرییەوە لە كن چەپ و هێزە ئازادیخوازەكان و مانەوە لە دۆخی بەر لە  فۆرمەلەبوون . 

لەو سەردەمەدا، ناسەقامیگری و غیابی هەموو دڵنیاییەكی ئابووری و كۆمەڵایەتی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە هەڵكشاندایە، بە دوای خۆیدا، دروستبوونی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی كۆمەڵایەتیی نێونەتەوەیی نوێ هاتووەتە كایەوە، كە لە دوو ساڵی ڕابردوودا لە میانەی زنجیرەیەك وتار، شوناس و ژینگە و جیاوازییەكانی لەگەڵ بزووتنەوە كۆمەڵایەتییەكانی سەدەكانی ڕابردوو، خستومەتە ڕوو، لێرەدا جێگای نابێتەوە.

ژینگەی كار و ژیانی كۆمەڵایەتی لەم ناوچەیەدا

لە وڵاتانی خۆرهەڵات و جیهانی سێیەم، بە تایبەتی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەراست و عێراق و كوردستان دۆخەكە زۆر لەوە ئاڵۆزتر و فرە قەیرانترە بۆ چینی كرێكار و زۆرینەی هاوڵاتییان. ئەگەر لە خۆرئاوا جۆرێك لە ژیانی دامەزاروەیی و سەقامگیری مابێت و مافەكانی كرێكاران بەشێكی جێگیر كرابێت بەهۆی تێكۆشانی هێزە چەپ و سەندیكاكان، ئەوا لەم ناوچەیە هیچ یەك لەمانە بوونی نییە. كرێكار لە كەرتی تایبەت ڕۆژانە شكۆی مرۆیی و بەهاكانی وردوخاش دەكرێت،هۆشیارییەكی وەهای ساختەش دروست كراوە نابێتە بابەت لە ژیانی سیاسی و میدیایی لە ناو فەزای گشتیدا.

ئەگەر وێنە گەورەكە وەك خۆی ببینین  لە جەوهەردا شتێكمان نییە بە ناوی كەرتی تایبەتی ڕێكخراو، ئەوەی هەیە دەتوانین ناوی بنێین ”كەرتی كەسی”یە، واتە سەرمایەدار و خاوەنكارەكان خۆیان یاساكانی كار دادەنێن لە شوێنەكانی كاردا، وەك  كاڵایەك پڕ بە باڵای خۆیان دای دەتاشن. ڕەوشی كرێكارانی كەرتی تایبەت لەم دۆخەدا، جۆرێكە لە كۆیلایەتی تازە، یا كۆیلایەتی لە ژینگەی كاری تازەی بەرهەم هێناوە. ئەگەر لە ئاستی چوارچێوەی یاساش بەشێك لە مافەكانی كرێكاران دانی پێدانرابێت لە باری واقیعی ژینگەی كاردا، هیچ زەمینەیەكی جێبەجێكردنی یاساكان دروست نەكراوە و دەسەڵاتی جێبەجێكردن “حكومەت” بە قەد ئەوەی ڕۆڵی دەسەڵاتی پاسەوانی سنوور دەبینێت ژینگەی كاری وەك بازاڕی ئازاد جێ هێشتووە بۆ بەرژەوەندی خاوەنكارەكان.

ژینگەی كاری (كرێكارانی مێینە و بیانی) 

بۆ كرێكارانی مێینە چەندجار دۆخەكە سەختتر و خراپترە، بە جۆرێك جگە لە هەڵاواردن لەسەر بنەمای جێندەری بە پێی ڕاپۆرتەكان زۆرینەیان ڕووبەڕووی دەستدرێژی سێكسی و هەراسانكردنیش دەبنەوە و وەك بوكەڵەیەكی سێكسی تەماشا دەكرێن سەرباری چەوساندنەوەیان لە دۆخە گشتییەكەدا . 

 بۆ كرێكارانی هاوردە (بیانی) قوڕەكە زۆر خەستتر دەبێتەوە، ئێمە ڕۆژانە دەبینین چۆن وەك كۆیلە مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت و لە ماڵ و شوێنەكانی كار پاسەپۆرتەكانیان دەستی بەسەردا دەگیرێت و لە نێوان كۆمپانیاكان، بە چەندین دەست دەفرۆشرێنەوە، وەك كاڵاكانی تری بازار.

دەتوانین لە زۆر لایەنی تر و بە فراوانی  و وردی لێكدانەوە بۆ ئەم دۆخە گشتی و تایبەتییە و گۆڕینی پەیكەری ژیانی ئابووری و كۆمەڵایەتی بكەین لەسەر چارەنووسی مرۆڤایەتی، بەڵام لێرەدا فۆكسمان لەسەر لێكەوتەكانیەتی لە بارەی چارەنووسی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان و ژیانی دەروونی و سۆزداری لەژێر كاریگەری ئەم دۆخەدا.

لە كوردستان ئامارەكانی بێكاری بە تایبەتی لە ناو گەنجاندا بە ڕێژەی ٢٥% بۆ ٣٠% دیاری دەكەن، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوانەی لە كاردان و كاریان دەست كەوتووە ڕۆژانە لە ژینگەیەكی نائارام و بەبێ‌ بوونی هیچ ئاسۆیەك و لایەنی كەمی دڵنیایی ئابووری و كۆمەڵایەتی ژیانی ڕۆژانەیان ئەزموون دەكەن و تەنانەت هیچ سوكناییەك شك نابەن، ناتوانین پێشبینی بكەین سبەینێ‌ لەسەر كارەكەمان بەردەوام دەبین یان دەردەكرێین، یاخود كاتەكانی كاركردنمان چەندێك زیاد دەكات لەگەڵ دابەزینی مووچەكانمان.

لە دوای قەیرانە ئابووری و داراییەكانی هەرێمی كوردستان لە دەیەی ڕابردوو تا ئەمڕۆ پڕوشكی ناسەقامگیری ژینگەی كار و ژیانی كۆمەڵایەتی لە ناو هەزاران گەنج و دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگەكان پەڕیوەتەوە بۆ ناو زیاتر لە یەك ملیۆن كرێكارانی كەرتی گشتی ( فەرمانبەران و خانەنشینان) بەهۆی دابەشنەكردنی مووچە و ڕاگرتنی پلە بەرزكردنەوەیان، ئەوانیش ئەوەی پێشتر دڵنیابوون لە وەرگرتنی مووچەكانیان لە كۆتایی مانگ، كۆتایی هات.

 سەردەمەكە تەواو گۆڕاوە بەرەو ئاوابوون و نەمانی هیچ دڵنیاییەك بۆ كار و ژیان و مووچە و بیمە كۆمەڵایەتییەكان لە كەرتەكانی گشتی و تایبەتی.

بە پێی ئامارەكان هیچ سەردەمێك بەقەد ئەم چەرخە ژمارەی بێكاری و گرێبەستی كاركردنی كاتی و كاركردن بە شێوەی (نیوەكار _ بەشەكار _ بە كاتژمێر) لە هەڵكشاندا نەبووە، لە بەرانبەر ئاوابوونی خۆری كاری بەردەوام .

 ئەم دۆخە ناسەقامگیرەی كاركردن بێ‌ كاریگەری نابێت لەسەر سەقامگیری لە ئاستی دەروونی تاك و پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانی و ژیانی هاوسەرێتی. كەم نین ئەو توێژینەوانەی لەم دە ساڵەی ڕابردوو ئەنجامدران لە بارەی لێكەوتەكانی قەیرانی دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان لەسەر هەڵكشانی ڕێژەی جیابوونەوە لە لایەك، لە لایەکی تر دووركەوتنەوەی گەنجان لە پێكهێنانی ژیانی هاوسەرێتی و چوونە ژێر باری بەرپرسیارێتی و بنیاتنانی پەیوەندیی كۆمەڵایەتیی سەقامگیر و دوورمەودا .

شلۆقی پەیوەندیی كۆمەڵایەتی  و بنیاتنانی خۆشەویستی لەم دۆخە نا جێگیرەدا، توانای بنیاتنانی خۆشەویستی لە چوارچێوەی سەقفێكی دیاریكراو، كە بەرپرسیاریەتی و پشوودرێژی پێویستە دەبێتە بابەتێكی لاوەكی، بەمەش ئەولەویەت بۆ پێداویستی تر دروست دەبێت هەروەك ”ئەبراهام ماسلۆ” لە هەڕەمەكەیدا باسی دەكات .

ئەو ناسەقامگیرییە، تووڕەیی و نائومێدییەكی بەرفراوانی دروست كردووە لە شەقامەكان و شوێنە گشتی و تایبەتییەكاندا لە پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكاندا، کە ڕۆژانە بەری دەكەوین.

جگە لە لێكەوتە دەروونییەكانی ئەو دۆخە لەسەر تێكچوونی هاوسەنگی مرۆڤ و ژیانە كۆمەڵایەتی و دەروونییەكەی، جەوهەری پەیوەندییەكانیشی كرد بە پەیوەندی پارە، ئەمەش پەیوەندییەكان لە دۆخی چارەنووس و ناسنامەی هاوبەش دەگۆرێت بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی هاوبەش، كە هێڵی پەیوەندییەكە پارە و ژیانی تایبەتی مادییە بە مانا تاكگەراییە لیبراڵەكەی.

لە وەها دۆخێكدا سروشتی ژیانی كۆمەڵایەتی مەحكوم دەكرێت بە گۆڕانكارییەكانی پەیكەری ئابووری لیبراڵیەتی نوێ‌، هەموو شتێك وەردەگرێت بۆ كاڵا و مرۆڤی بەكاربەر و بەرخۆر، خۆشەویستی و كامەرانیش شوناسی دەگۆڕێت بۆ كاڵا، دەكرێت لە بازاڕدا لەناو تەكنیكە تازەكانی تەكنەلۆژیادا بە پارە بیكڕین لە جیاتی بوونی هیچ سەلیقە و وزەیەكی مرۆیی بۆ بنیاتنانی.

 خاڵە جەوهەرییەكەش ئەوەیە كاتێك هەموو ژیانی مرۆڤ كورت دەكرێتەوە لە دەستكەوتنی كارێكی ناچاری لە پێناو گەیشتن بە بڕێك پارە، مرۆڤ لەم دۆخەدا بەر دۆخە نامۆیییەكەی دەكەوێت و تێدەگات ئەو خاوەنی هیچ شتێك نییە و نامۆیە بە خودی تواناكانی خۆی و كار و ژیانیشی .

” بەكاڵاكردن و بزنسكردنی چێژ ماناكانی شادمانی زەوت كردووە بەو شادییەی بەستووەتەوە، كە بەكاربەر و چێژلێبەرەكەی چەند ساتێك پێویستییان پێیەتی و بەس، ئەوان نەیانویستووە تەكنیك بخەنە خزمەت شادییەكی ئینسانیی درێژخایەن، كە بە هۆیەوە كولتوورێكی هەزاران ساڵە لە شەڕانگێزی و كاولكاری پێ‌ لە گۆڕ دەنێین، تەنها ئەوەندەیان لە تەكنیك و تەكنەلۆژیا دەوێت بۆ ماوەیەكی كورت دڵ و دەروونی مرۆڤەكان بحەسێنێتەوە، بگرە شادمانی و خۆشویستنیش بوونەتە كاڵا و وەك كەلوپەلەكانی  تر دەكڕدرێن. ئەمەش لە بنچینەدا جۆرێكە لە فرۆشتنی خۆشەویستی و شادومانی نەك بەرهەمهێنان و وەبەرهێنانی بەردەوام”. (د. محەمەد تەها، سایكۆلۆژیای خۆشەویستی؛ ل ١٨٥) ئەم پەڕەگرافە تێكەڵەیەكە لە دیدێكی سۆسیۆلۆژی و سایكۆلۆژی بۆ دۆخی هەنووكەیمان و ماناكانی كامەرانی  لەناو تۆڕەكانی كۆ پەیوەندییە سیاسی و ئابووری و تەكنەلۆژییەكانی سەردەم.

ژیانی ئەمڕۆ بە جۆرێك دیزاین كراوە ئەو بەها ئازادیی و مرۆییانەی لە سەدەكانی ڕابروو بنیاتنران بە ئاسانی و بەبێ‌ هیچ بەرگرییەك مرۆڤ دەستبەردارییان دەبێت .

بەشێكی ئەم وێنەیە، سەرچاوەكەی لەو هەستە (fake) ساختەوەیە كە سیستەمی باڵادەست بە ئێمەی بەخشیوە، بەوەی دەكرێت داهاتوومان لە سایەی لیبراڵیەتی نوێ‌ و جیهانی بەشتبوون باشتربێت، جیهانێك مرۆڤ لە بكەرێكی كاراوە كورت كراوەتەوە بۆ مرۆڤێكی بەكاربەر و بەرخۆر و ئۆبێكتێكی كۆنترۆڵكراو.

هەستێكی گشتی و تاكی هەیە بەوەی سبەینی لەمڕۆ و لە دوێنێ باشتر دەبێت، بەبێ‌ ئەوەی پێویست بكات ئێمە دارێك لەسەر بەردی تێكۆشان دابنێین، ئەم هەستە بەشێكە لە هەڵكشانی ئارەزوو (رغبە) لە جیهانی دیموكراسی بازاڕدا، بەوەی چەندێك كات و رۆژ بەكاربەرین وەك هەڵكشانی ئارەزوومان بۆ كاڵای مۆڵەكان دەكرێت ئێمە دڵخۆشترببین .

(كۆتایی بەشی دووەم)

هاوشێوە