رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

هانا ئارێنت (تۆتالیتاریزم و چینی خۆڵەمێشی)

Facebook
Twitter
LinkedIn

وەرگێڕان: کەیوان هەورامی

لە گوتاری پێشوودا[1]، دەستگای فكریی خاتوو هانا ئارێنتی فەیلەسووفی سەدەی بیستەمم ناساند. باسم لە چینی خۆڵەمێشی و چەمكی ئاساییكردنەوەی خراپە كرد. لەم بابەتەدا لە ڕوانگەی هانا ئارێنتەوە، باس لە تۆتالیتاریزم، پەیوەندیی بە چینی خۆڵەمێشییەوە و جیاوازییەكانی لەگەڵ ستەمكاریدا دەكەم.

تۆتالیتاریزم یان گشتخوازی، جۆرێك لە سیستمی سیاسییە كە لە ڕێی بەكارهێنانی هێز و هێنانەكایەی تۆقین، بەسەر كۆمەڵگەدا زاڵ دەبێت. حكوومەتی تۆتالیتار بە دروستكردنی كەشێكی سەركوتكەرانە، تێكڕای كاروباری ئابووری، سیاسی، كولتووری و فێركاری دەخاتە ژێر ڕكێفی خۆیەوە. سیستمی تۆتالیتار بە سرووشت ئایدۆلۆژییە. لەسەر بنەمای ئایدۆلۆژیاكەی یاسا دادەڕێژێت، لەسەر بنەمای ئەو یاسایەش كە دایدەڕێژێت، خۆی لە ژیانی كۆمەڵایەتی و سنووری ژیانی تایبەتیی خەڵكی هەڵدەقورتێنێت. ئارێنت جیاوازی دەكات لە نێوان حكوومەتی تۆتالیتار و حكوومەتی ستەمكاری. حكوومەتی ستەمكاری شێوازێكی كۆنی فەرمانڕەواییكردنە و ئاماژەیە بە پادشا دێرینەكان. بەڵام تۆتالیتاریزم، شێوازێكی تازەی ڕژێمی سیاسییە. ڕەوتگەلی وەكوو كۆمۆنیزم، فاشیزم و ئیسلامی سیاسی لە مێژووی هاوچەرخدا سەرچاوگەی سەرهەڵدانی سیستمی تۆتالیتار بوون. لەم نێوەندەدا تۆتالیتاریزمی ئایینی یەكێكە لە مەترسیدارترین جۆرەكانی حكوومەت، چونكە بە بیانووی دین، ڕەوایەتی بە جموجووڵی سەركوتكەرانەی خۆی دەدات و بیروباوەڕی خەڵكی بەكار دەهێنێت لەپێناو هێنانەدیی ئامانجەكانی خۆی. دروشمی درۆ و پڕوپاگەندە، پۆلیسی شاراوە و دەستگای هەواڵگریی ئاڵۆز، قەیرانسازی، دروستكردنی دژمن، پیرۆزكردنی ڕابەر و بەهاكانی حكومڕانی، برەودان بە ڕوانگەی ماكیاڤیلی (واتە هێشتنەوەی دەسەڵات بە هەر نرخێك بێت)، سڕینەوەی ئۆپۆزیسیۆن، سڕینەوەی بیرجیاوازان، هێنانەكایەی كەشی ترس و تۆقین، زیندان، ئەشكەنجە، دانپێدانانی ناچاری، سانسۆری هەواڵی، هەڵبژاردنی نمایشی، دروستكردنی لێشاوێكی خەڵك لە چینی لۆمپەن و بەكرێگرتە، سنوورداركردنی ڕاگەیاندن، ئەمانە هەمووی بە تایبەتمەندییەكانی ڕژێمی تۆتالیتار دادەنرێن.

هانا ئارێنت لە كتێبی تۆتالیتاریزم ڕوونی دەكاتەوە كە حكوومەتە تۆتالیتارەكان چۆن سەر هەڵدەدەن و چۆن بەهێز دەبن و جێپێ پتەو دەكەن. لە ڕوانگەی ئەوەوە، تۆتالیتاریزم و چینی خۆڵەمێشی لە سووڕێكی خاڵیدا درێژە بە یەكتری دەدەن و هەر یەكەیان دەبێتە هۆكاری گەشەكردنی ئەوی تریان. واتە بوونی چینی خۆڵەمیشی دەبێتە هۆی هاتنەئارای حكوومەتی تۆتالیتار و سیستمی تۆتالیتاریش گرنگی بە بارهێنان و فروانكردنی چینی خۆڵەمێشی دەدات. چینی خۆڵەمێشیش لە لایەن خۆیەوە دەبێتە هۆكاری بەهێزبوونی حكوومەتی تۆتالیتار. ڕاستییەكەی چینی خۆڵەمیشی و تۆتالیتاریزم تەواوكەری یەكترین و بە نۆرە یەكتری پشتئەستوور دەكەن. چینی خۆڵەمیشی سیستمی تۆتالیتاری لێ دەكەوێتەوە، سیستمی تۆتالیتاریش چینی خۆڵەمێشی بەرهەم دەهێنێت. ئەمە لە پەیوەندیی نێوان مریشك و هێلكە دەچێت، لە شوێنێك بە دواوە ئیدی گومان دەكەین ئاخۆ كامیان بۆ یەكەمین جار ئەوی تریانی بەرهەم هێناوە.

ئارێنت بڕوای وایە هەر لە سەرەتاوە مرۆڤە بێشوناسەكان بە دوای ئایدۆلۆژیایەكدا دەگەڕان كە لەبری خۆیان، بیركردنە و باوەڕەكانیان بۆ ڕێك بخات و شوناسێكی ساختەیان بۆ دروست بكات. چونكە ئەوان بێگانە بوون بەو جیهانەی كە لێی دەژیان، دەستەوداوێنی كەسێك بوون كە جیهانێكی ساختەیان بۆ دروست بكات. ئەو كەسانەی تینووی چوونەڕیزی دەستەگەلی ئایدۆلۆژیی وەك فاشیزم، كۆمۆنیزم یان ئیسلامی سیاسی بوو، زەمینەیەكی شیاویان بۆ سەرهەڵدانی تۆتالیتاریزم ڕەخساند. لە ڕوانگەی ئارێنتەوە سەرەتا بزاوتە تۆتالیتارەكان بەم جۆرە پێك هاتن. ئەوسا دەركەوتنی تۆتالیتاریزم وەك پاڵنەرێك وا بوو بۆ بەرفراوانبوونی چینی مرۆڤانی بەری لە شوناسێكی ڕەسەن؛ بۆ تەشەناكردنی چینی خۆڵەمیشی، بۆ لەناوبردنی یەكجارەكیی شوناسی كۆمەڵایەتی–سیاسیی مرۆڤە ئازادەكان و تەفروتووناكردنی هەمەچەشنیی بیروباوەڕ. چینی خۆڵەمیشی، واتە مرۆڤانێكی بێدەنگ، كە هیچ كردەیەكی كۆمەڵایەتی–سیاسییان نییە و تووشی تاكگەراییەكی زیادەڕۆیانە بوون. بەرانبەر بە مرۆڤەكان بێباكن و نامۆ بوون بەو كۆمەڵگەیەی كە تێیدا دەژین. بۆ وەها مرۆڤانێك كارەساتی تۆتالیتاریزم بێچەندوچۆنە.

ئارێنت بە ئاماژەكردن بۆ جەماوەر، چینی خۆڵەمیشی نیشان دەدات. جەماوەر كۆمەڵەگەلی جیاوازە لە كەسانی دوورەپەرێز و تەنیا، كە لەبری كردەی كۆمەڵایەتی–سیاسی، جۆرێك لە تاكگەرایی و بێباكیی كۆمەڵایەتی بەسەر پەیوەندییەكانیاندا زاڵ بووە. ئەو كاتەی ئەم جەماوەرە دەكەوێتە ژێر دەسەڵاتی سیستمێكی تۆتالیتار، خۆی دەبێتە گرێنتییەك بۆ بەهێزی و مانەوەی سیستمەكە. هەر لەبەر ئەوەش حكوومەتی تۆتالیتار، هەوڵ دەدات كۆمەڵگەیەكی پەرتەوازە دروست بكات؛ پێكهاتوو لە مرۆڤانی دوورەپەرێز، بێشوناس و داماڵراو لە چالاكیی سیاسی–كۆمەڵایەتی. حكوومەتی تۆتالیتاری جەماوەر تووشی نەخۆشیی بێباكی و بێشووناسی دەكات. جەماوەر دەكات بە چینی خۆڵەمیشی. مۆڵەت نادات جیهانی هاوبەش و ئامانجی هاوبەش لە نێوانیاندا دروست ببێت. تۆتالیتار بۆ مانەوە، پێویستی بە چینی خۆڵەمێشی و جەماوەرێكی چونیەك هەیە، هەر لەبەر ئەوەش هەوڵ دەدات هزری كۆمەڵگە بكات بە دەنگێكی كپكراو و هاوارێكی بەندكراوی ناو سینگ. گرنگ نییە بێدەنگیی خەڵكی لە ترسان بێت یان لە بێباكیان، هەرچۆنێك بێت خەڵكی دەبێت هێندە بترسن یان ئەوەندە بێباك ببن كە ئیدی فكری هیچ كردەیەكی سیاسی–كۆمەڵایەتی بە مێشكیاندا نەیێت.

سەرنجتان لەسەر ئەوە بێت بە پێچەوانەی حكوومەتی ستەمكارییەوە كە تێیدا شێوەی دەرەكی و ناوەكی چونیەكن، حكوومەتی تۆتالیتاری بۆ سەرلێشێواندنی زەینی گشتی دەتوانێت بە ڕواڵەت خۆی وەك سیستمە باوەكانی دونیا نیشان بدات. بۆ نموونە حكوومەتی ئێران كە بە حكوومەتێكی تۆتالیتار دادەنرێت، بە ڕواڵەت دارای هەموو كۆڵەكەكانی حكوومەتێكی ئاساییە؛ وەك پەرلەمان، هەڵبژاردنی ئازاد، هێزی سیانەیی و… بەڵام سەرلەبەری ئەم كۆڵەكانە كۆمەڵێك داهۆڵی بۆشن بۆ شاردنەوەی ناوەڕۆكی تۆتالیتاریی سیستم. گەرچی بە ڕواڵەت تایبەتمەندییەكانی سیستمێكی سیاسیی باوی پەرلەمانتاریستی و دیموكراتی هەن، بەڵام هیچ كامیان ڕاستەقینە نین. پێشتریش ئەم نموونەیەم هێنابووە، لە شارۆچكەیەكی سینەمایی دەچێت كە تێیدا هەموو باڵاخانەیەكی هاوشێوەی شارێكی ڕاستەقینە هەیە، بەڵام تەنیا وەكوو دیكۆر سوودیان لێ وەردەگیرێت و هیچ كامیان چالاكییەكی ڕاستەقینەیان نییە. ئەوە سەرنجڕاكێشە كە ئارێنت دەڵێت تۆتالیتاریزمیش بە هەمان شێوەی دیموكراتی پەیوەستە بە قایلبوونی خەڵكییەوە. تەنیا جیاوازییەكەیان ئەوەیە كە دیموكراتی واتە قایكردنی خەڵكی لەسەر بنەمای ئەقڵانیەت. بەڵام تۆتالیتاریزم واتە قایكردنی خەڵكی لەسەر بنەمای وەستاندنی ئەقڵانیەت، لەسەر بنەمای دۆڕاندنی ئەقڵ، لەسەر بنەمای نەهێشتی تێفكرینی گشتی.

حكوومەتی ستەمكاری ئازادی سنووردار دەكات، لە بارێكدا كە حكوومەتی تۆتالیتاریزم خودی چەمكی ئازادی خاڵی و بێواتا دەكات. لە حكوومەتی ستەمكاریدا تاك دەبێت كردەوەیەكی نەیارانە لە دژی حكوومەت ئەنجام بدات بۆ ئەوەی بە دژمنی حكوومەت دابنرێت، بەڵام لە تۆتالیتاریزمدا هەر تاكێك لە دەرەوەی بازنەكەدا بێت، یان ناخۆمانە بێت، بە تاكێكی زیادە و ناشایەن بە پێگەی مرۆیی دادەنرێت.

حكوومەتی تۆتالیتار سەرباری پۆلیسی سەركوتكەر و دڕەندەی فەرمی، پۆلیسی شاراوەشی هەیە: بۆ نموونە پۆلیسی هەواڵگری، و مەدەنی و… بۆ بەهێزی و پتەوبوونی جێپێی حكوومەتی تۆتالیتار، مەكینەی فەرمیی سەركوت و دڕەندەیی دەبێتە شتێكی پێویست، هاوكات بەسیش نییە. بەڵام ڕژێم دەبێت لە دەروونی مرۆڤەكاندا ترس بورووژێنێت. دروستكردنی ترس لە ژینگەی مرۆڤەكاندا بە تەنیا بەس نییە، حكوومەتی تۆتالیتار لە زەینی مرۆڤەكاندا هەستی ترس دروست دەكات. هەر ئەوەندە بەس نییە كە مرۆڤەكان شوناسە كۆمەڵایەتییەكەیان لە دەست بدەن، دەبێت لە قووڵایی بوونیاندا هەمیشە هەست بە ترس بكەن. ئەو خەڵكانەی ژێر دەسەڵاتی سیستمی تۆتالیتار، كە هاوتەریب و هاوڕای ئایدۆلۆژیای سیستم نین، دەبێت لە دەرووندا خۆیان بە تاوانبار بزانن. حكوومەتی تۆتالیتار لە ڕێگەی پۆلیسی شاراوەوە، دەچێتە سەر ڕێی ئەو كەسانەی كە بۆی هەیە ئەو جۆرە تاوانانەیان لێ بوەشێتەوە. هەڵبەتە لە ڕوانگەی حكوومەتی تۆتالیتارەوە گەورەترین ناپاكیش دڵسۆزنەبوونە بۆ ئایدۆلۆژیای سیستم و گەورەترین تاوانیش، ئافراندنی كەشێكی گشتی، ئافراندنی سیاسەت و ئافراندنی هزرینی كۆمەڵایەتییە. گەورەترین تاوان، وێناكردنی كۆمەڵگەیەكی ئازادە. لە سیستمی تۆتالیتاریدا بودجەیەكی زەوەند بۆ پۆلیسی شاراوە و هەواڵگری تەرخان دەكرێت، چونكە كاری ئەم دەستەیە ململانێیە لەگەڵ تاوانی جێبەجێكراو و ناپاكییەكی ڕێتێچوو. واتە ئەو تاوانانەی كە هێشتا ڕوویان نەداوە، بەڵام ئەگەری ڕوودانیان هەیە. بەم پێیە، دەكرێت بڵێین ئەركەكانی پۆلیسی شاراوە لە سیستمی تۆتالیتاردا، كۆتاییان نایێت.

یەكێكی تر لە تایبەتمەندییەكانی سیستمی تۆتالیتار، درۆكردنی سیستماتیك، یان دەستگای پڕوپاگەندەیە. سیستمی تۆتالیتار بە یارمەتیی دەستگای ڕاگەیاندن یان هەمان تەلەڤزیۆنی نەتەوەییەوە، هەروەها ناوەندە كولتووری و دەستگا پەروەردەییەكان (كە هەمووانی جڵەو كردوون)، جۆری بیركردنەوەی خەڵكی بخاتە ژێر ڕكێفی خۆیەوە. بۆ ئەو هەر ئەوەندە بەس نییە هەڵسوكەوتی خەڵكی جڵەو بكات، بەڵكە دەبێت بیركردنەوەشیان جڵەو بكات. هەڵبەتە ئارێنت ئەمەی بۆ سەردەمی خۆی گوتبوو، ئەمڕۆكە بە یارمەتیی كەشی كراوەی مەجازیی جیهانی، جڵەوكردنی كەرەستەكانی پەیوەندیكردنی بەكۆمەڵ لە دەستی حكوومەتی تۆتالیتار دەر چووە. مەگەر لە وڵاتێكی وەك كۆریای باكوور كە خەڵكەكەی دەستیان بە ئینتەرنێت ڕاناگات. بەم پێیە هەر زانیارییەك كە پێیان دەگات، لە لایەن حكوومەتی تۆتالیتارییەوە بەرهەم دەهێنرێت یان سانسۆر دەكرێت. بەم جۆرە ئیدی خەڵكی هیچ زانیارییەكی ڕاستەقینەیان دەربارەی جیهان و ئەوەی كە لە دەرەوەی سنوورەكانی وڵاتەكەیاندا دەگوزەرێت، نییە.

بە پێچەوانەی سیستمی ستەمكارییەوە كە هەوڵ دەدات كۆمەڵگە جێگیر و هاوئاهەنگ بكات، ڕژێمی تۆتالیتار لە كەمیندایە بۆ لەنێوبردنی جێگیری و شێواندنی ئارامی و دروستكردنی هەلومەرجی قەیراناوی. سیستمی تۆتالیتار بۆ هێنانەئارای ترسی بەردەوام لە دەروونی مرۆڤەكاندا، قەیران، ناجێگیری و نەبوونی ئارامی لە كۆمەڵگەدا دەكات بە نەخۆشییەكی نەبڕاوە. هەر لەبەر ئەوەشە كە دەبێت هەڕەشە، گرتن، تێكگیران، زیندان، ئەشكەنجە و لەداردان  كۆتاییان نەیێت. ڕژێمی تۆتالیتار هەمیشە پشێوی دەنێتەوە. هەروەها بۆ سازدانی قەیرانی بەردەوام دژمن دەدۆزێتەوە. وای دەنوێنێت وڵاتەكە هەمیشە لە بەردەم هەڕەشە و جەنگدایە. ئاخر ئەو خەڵكەی كە وا هەست دەكەن وڵاتەكەیان لە بەردەم هەڕەشە و جەنگدایە، شۆڕش ناكەن.

لەژێر چەتری دەسەڵاتی سیستمی تۆتالیتار، دەڵێیت نهێنییەكی تۆقێنەر لە نێو تاكەكانی كۆمەڵگە لە ئارادایە كە خەڵكی لێی ئاگادارن، بەڵام كەس باسی ناكات. بێدەنگییەك باڵی بەسەر كۆمەڵگەدا كێشاوە كە هیچ كەسێك زاتی شكاندنیی نییە. تاكە ڕێیەك بۆ ئەو مرۆڤانەی كە لەژێر دەسەڵاتی ئەو سیستمەدا دەژین، ئەوەیە كە هاوارە بەندكراوەكانی ناو سنگیان ئازاد بكەن. ئەو مەراقە بتەقێنن كە لە دڵیاندا پەنگی خواردووەتەوە؛ لە ڕێی فەلسەفە، هونەر، وتار، گوتوبێژی ڕۆژانە و لە هەر ڕێیەكی ترەوە كە بیری لێ دەكەنەوە. لە پێناو باشتركردنی كۆمەڵگە و گەیشتن بە ئازادی، هەوڵ بدەن دیسان هزری بەكۆمەڵ زیندوو بكەنەوە و لە نێو خۆیاندا بیروبۆچوونەكانیان بگۆڕنەوە. گەر خەڵكی چالاكیی سیاسی–كۆمەڵایەتییان بپارێزن، درێژە بە خەبات بدەن، حكوومەتە تۆتالیتارەكان لە جیهانی مۆدێرندا، بێ گومان دوایان دەبڕێتەوە.


1. هەر لە ماڵپەڕی ئازادبووندا بڵاو كراوەتەوە: هانا ئارێنت (چینی خۆڵەمێشی و ئاساییكردنەوەی خراپە).

هاوشێوە