رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

مێژووی تەڵەی سێكسی

Facebook
Twitter
LinkedIn

وەرگێڕان: کەیوان هەورامی

ئەی پەڕەسێلکەی مزگێنیدەری نەورۆز!

كەی سەردانی ئەم كەوێڵە دەكەی

كە گیرۆدەی دەستی زریانە؟

ئەم هۆنراوەیەی شەهریار، نیشانی دەدات كە پەڕەسێلکە هێما و مژدەی هاتنی بەهارە، كەواتە پەڕەسێلکە باڵندەیەكی پیرۆز و پێبەفەڕە. جا ئێستە بیری لێ بكەنەوە كە ئەم باڵندە شكۆدار و پیرۆزە، لای ڕووسەكان چ پێگەیەكی هەیە؟ لای خەڵكانێك كە لە بەفر و شەختە و سەرمادا دەژین. ڕووسەكان بە پەڕەسێلکە دەڵێن »لاستۆچکا»؛ باڵندەیەك كە لای ئەوانیش پیرۆزە و دەركەوتنی هێمایە بۆ كۆتاییهاتنی سەختییەكانی زستان و گەیشتنی سەردەمی خۆشی بەهار. بەڵام زۆردەمێكە لە ئەدەبیاتی سیاسیی ئێران و جیهاندا پەڕەسێلکە واتایەكی تازەتریشی وەرگرتووە؛ واتایەكی نوێ كە بێ گومان لە فەرهەنگی وشە هەواڵگرییەكانی ڕوسیاوە وەرگیراوە. ئێمە لەم وتارەدا پەڕەسێلکە و قەلەڕەشە هەواڵگری و سیاسییەكان بەسەر دەكەینەوە؛ ژن و پیاوانێكی جوان كە وەختێك لە سیمایەكی سیاسی نزیك دەكەونەوە، تووشی نەگبەتی و ماڵوێرانیی دەكەن.

پەڕەسێلکە لە ڕووسیا نەك هەر تەنیا پەیكی بەهارە، بەڵكە لە ئایینەكەشیاندا (مەسیحییەت) پیرۆزە. لە كولتووری خەڵكانی ڕووسدا باوەڕێك هەیە كە دەڵێت كاتێك تاجەدڕكیان نایە سەری عیسای مەسیح و لە خاچیان دا، پەڕەسێلکەكان لە مەسیح كۆ بوونەوە و هەوڵیان دا تاجەكە لە سەری بكەنەوە بۆ ئەوەی ئازار و ئەشكەنجەكەی كەم بێتەوە. هەر ئەم باوەڕەیە وا دەكات ڕووسەكان بڕوایان وا بێت دەنگی پەڕەسێلکە زایەڵەی خواوەندە، ئەو دەنگەی كە ئینگلیزەكان پێی دەڵێن «تویت»…

ئەم باڵندەیە پیرۆز و خوایی بوو تا ئەو وەختەی كۆمۆنیستە دژەخواكان لە ڕووسیا دەسەڵاتیان گرتە دەست. ئەوان پەڕەسێلکەیان لە ئاسمانەوە هێنایە سەر زەوی و لە جوانی و پیرۆزییان داماڵی. ئەم باڵندەیەی كە ڕۆژگارێك پەیامهێنی خۆشی بوو، بە هاتنە سەر دەسەڵاتی كۆمۆنیستەكان بووە هۆی بەدبەختی؛ هەڵبەتە بەدبەختیی ئەو سیاسیانەی كە لە داوی هەوا و هەوەسی خۆیاندان.

ساڵی 1931ی میلادیی «OGPU» (ڕێكخراوی هەواڵگریی ئەوسای یەكیەتیی سۆڤیەت)؛ واتە ئیدارەی سیاسەتی هاوبەشی دەوڵەت، هەمان ئەو ڕێكخراوەی كە پاش جەنگی دووەمی جیهانی ناوەكەی بوو بە «ك گ ب»[1]، كارێكی تایبەتی كرد. ئەو فێرگەیەكی كردەوە بۆ پەروەردەكردنی سیخوڕ. فێرگەیەك بە ناوی «قوتابخانەی تایبەتی لینین»… قوتابخانەیەك كە بڕیار بوو بە شێوەیەكی جیاواز سیخوڕ پەروەردە بكات. تۆزێك دواتر فێرگەیەكی دی لە ناوچەی كازانی تاتارستان كرایەوە، كەم تا زۆر بە ئامانجێكی هاوبەش. ئەم فێرگانە، دوو بەشی تەواو نهێنییان هەبوو: بەشی یەكەم ناوی «هێلانەی پەڕەسێلکەكان» بوو و بەشی دووەمیش «ژێرخانی قەلەڕەشەكان».

لە هێلانەی پەڕەسێلكەكان كچانی دەلالی ڕووس و لە ژێرخانی قەلەڕەشەكان كوڕانی كەشخەی ڕووس پەردەوەردە دەكران. ئەم كوڕ و كچانە بەدەر لە جوانی و هەبوونی قەڵافەتێكی سەرنجڕاكێش، هەندێك توانای تایبەتیی دیكەشیان هەبوو. بۆ نموونە دەبوو زیرەكییان لە ئاستێكی بەرزدا بێت، واتە دەبوو بە تاقیكردنەوەی زیرەكیی سەرەتاییدا تێبپەڕیبان و دەسەڵاتیان بەسەر زمانە بیانییەكانیشدا بشكێت. جا پرسیارەكە ئەوەیە كە ئاخۆ دەبوو ئەم كەسە جوان و زیرەكانە لەم هێلانە و ژێرزەمینانەدا چی فێر ببن و چی بكەن؟

مامۆستایانی نێو فێرگەی لینین و كازان، فێرخوازانی ئەو دوو بەشەیان فێری هونەرەكانی دڵبەری و سێكس دەكرد تا بەرەبەرە ئامادە ببن بۆ جێبەجێكردنی ئەو ئەركانەی كە پلانیان بۆ داڕێژرابوو؛ ئەو ئەركانەی كە بە «Honey Trap» (تەڵەی هەنگوین) ناسرابوون. ئەوان بڕیار بوو بچنە سەروەختی دیپلۆمات و بەرپرسانی بیانی و لە ناوەوە و دەرەوەی سۆڤیەتدا بیانخەنە داوەوە. ئەوان بڕیار بوو خزمەتێكی گەورەی سۆڤیەت بكەن و هەر واش بوو. پەڕەسێلکە و قەلەڕەشەکان توانییان كۆمەڵە ڕوخسارێك بخەنە خزمەتی سیاسەتەكانی سۆڤیەتەوە و بە كردەوە بیانكەن بە داشی ئەم زلهێزە جیهانییە، لە تەنیشتیدا زانیاریی زۆریش بە دەست بهێنن، كە بە ئەگەرێكی زۆر لە هیچ ڕێیەكی ترەوە ئەمە نەدەهاتە دی… فیلمی «Red Sparrow»[2] بە ڕۆڵگێڕانی جێنیفەر لۆرێنس دەپەرژێتە سەر بابەتی پەڕەسێلکەسازیی وڵاتی ڕووسیا. هەڵبەتە ئەم فیلمە دەربارەی سەردەمی پاش سۆڤیەتە و دەیەوێت ئاماژە بەوە بكات كە هێشتاكە سوود لەو سیستمی پەروەردەكردنی سیخوڕییە وەردەگرن. هەڵبەتە فیلمی ڕێد سپارۆ گەلێك دژەڕووس و لە بەرژەوەندیی ئەمریكادایە، وەك بڵێیت تەنیا ڕووسەكان بە مەبەستی سیخوڕی سوود لە مۆدێلی پەڕەسێلکە و قەلەڕەش وەردەگرن، بەڵام وا نییە. هەمووان سوودی لێ وەردەگرن.

با لێرانەدا ئەوە بڵێین كە لە ڕووی مێژووییەوە ئەم تەكنیكە لە لایەن دەزگای ئاسایشی ڕووسیاوە بنیاد نرا و بەرنامەڕێژ كرا. ئەوان سیستمێكیان پێك هێنا كە ئەنجامی باشی لێ كەوتەوە. با ئاماژە بە نموونەیەك بكەین: پەڕەسێلکە ڕووسییەكان توانییان لە دەیەی پەنجادا باڵیۆزێكی فەڕەنسی لە مۆسكۆدا بخەنە داوەوە؛ ئەو كەسێك بوو بە ناوی مۆریس دوژۆ؛ كەسێك كە هاوڕێی نزیكی جەنەراڵ دوگۆل سەرۆككۆماری ئەوسای فەڕەنسا بوو. گەر لە مێژووی پەڕەسێلکەكان ورد ببینەوە، دەبینین ئەم خستنەداوەوەی بەڕێز مۆریس دوژۆ ڕووداوێكی ئێجگار گرنگ بووە. واتە ناوبراو لە ڕیزی ئەو گەورەسیاسیانەدا بووە كە لە مێژووی پەڕەسێلکە ڕووسییەكاندا كەوتە داوەوە.

ساڵی 1963ی میلادی یوری کرۆتکەڤی فیلمنامەنووسی ڕووسی، كاتێك وەك پەنابەر دەچێت بۆ ئەمریكا، ئاشكرای دەكات لە وڵاتەكەی خۆیدا ئەركی ئەوە بووە كە ژنانی سەرنجڕاكێشی ڕووسی كۆ بكاتەوە. بەڕێز کرۆتکەڤ ئەم ژنانەی لە شوێنی دەرهێنانی فیلم دەدۆزینەوە و بە پێشنیاری پارە و جلوبەرگ و پێگەی بەرز، لای خۆی دای دەمەزراندن. هەروەها پیاوانیش بە هەمان شێوە دادەمەزرێنران، بە تایبەت لە نێو هاوڕەگەزبازان… واشینگتن پۆست ساڵی 1987ی میلادی بڵاوی كردەوە زۆربەی ئەو خۆرئاواییانەی كە ماوەیەكیان لە ڕووسیا بەسەر بردووە، بە دڵنیاییەوە بوونەتە ئامانجی پەڕەسێلکە و قەلەڕەشە ڕووسییەكان و لە خشتە براون.

خاڵی جێسەرنج ئەوەیە كە لەم پڕۆژەیەدا قەلەڕەشەكان لە چاو پەڕەسێلکەكان سەركەوتووتر بوون. بەڕێزێك هەبوو بە ناوی نیکۆلای کۆزنێتسۆڤ، ئەم بەڕێزە قەلەڕەشێك بوو كە لە مۆسكۆ و لەگەڵ ژنانی باڵیۆزە بیانییەكاندا پەیوەندیی دەبەست و كەم تا زۆر سەد لە سەدیش دەیپێكا. ئەم بەڕێزە توانیویەتی پەیوەندی لەگەڵ هاوسەرانی دوو باڵیۆزی ئێرانیی نێو مۆسكۆ دابنێت. هەم هاوسەری موحەد ساعدیی مەراغەیی لە خشتە برد، هەم هاوسەری مەجیدی ئاهی. با ئەوەش بڵێین كە بەڕێز مەجیدی ئاهی باپیرەی شەهریاری ئاهییە (یەكێك لە ڕوخسارە ئۆپۆزیسیۆنەكان)!… نیكۆلای كۆزنێتسۆڤ كەسێكە لە وەسفیدا نووسیویانە هەر ژنێك لەگەڵی سەرجێیی بكردبا، دەبووە كۆیلەی. ئەم كەسایەتییە لە جەنگی دووەمی جیهاندا دەكوژرێت و وەك پاڵەوانی یەكێتیی سۆڤیەت دەناسێنرێت…

چیرۆكی پەڕەسێلکەكان زۆر لەوەش ئاڵۆزترە. واتە هەر ئەوەندە نەبووە كۆمەڵێك خاتوون بن بۆ ژمارەیەك پیاو، یان ژمارەیەك پیاو بۆ كۆمەڵێك خاتوون. ئێمە لە مێژوودا تا ئەم ساتەش، كۆمەڵێك پەڕەسێلکەی ژن و پیاوی هاوڕەگەزبازمان هەبوون و هەن. هاوڕەگەزبازان لەو سەرەدەمەدا لە ڕووی كۆمەڵایەتییەوە پێگەیەكی نزمیان هەبووە و ئازار دراون. دەرئەنجامیش فرە ئاسانتر دەكەوتنە داوی تۆڕە هەواڵگرییەكانەوە و ئەمەش زۆر سەركەوتووتر بوو، چونكە گەر لەو سەردەمانەدا كەسێك پەیوەندیی هاوڕەگەزبازیی هەبا و ئاشكرا ببووبا، ڕسواییەكی زیاتر بوو و گەر بكەوتبا داوەوە، ئەوا زۆر ئاسانتریش دەهاتە ژێر باری داخوازییەكانی دەزگا ئاسایشییەكانەوە. بۆ نموونە، بەڕێز جۆن واتکینزی باڵیۆزی ئەوسای كەنەدا لە ڕووسیا، لە دەیەی پەنجای میلادی ڕووداوێكی وای بەسەر هات. ك گ ب بەوە دەزانێت كە ئەم پیاوە هاوڕەگەزبازە، بۆیە قەلەڕەشێك دەنێرێت و ئەم بەڕێزە دەخاتە داوەوە. لەم ڕێیەشەوە ناچاری دەكەن دەست لە كار بكێشێتەوە. با ئەوەیش بڵێین كە بەو مەبەستە میوانییەك ڕێك خراوە، بەڕێز خروشچۆڤی سەرۆكی یەكیەتیی سۆڤیەت وتارێك دەدا و دەست دەكات بە تانەوتەشەردان لە هاوڕەگەزبازان، بە گشتیش كاتی قسەكردن زەق زەق سەیری واتكینزی كردووە. دواجاریش ئەم كەسایەتییە دەگەڕێتەوە كەنەدا و دەست لە كار دەكێشێتەوە.

بەڵام قەلەڕەش و پەڕەسێلکەكانی سۆڤیەت هەموو كاتیش سەركەوتوو نەبوون. با باسی نامورادییەكانیشیان بكەین. جیا لەوەی كە كۆمەڵە ئامانجێك دەهاتن و پەڕەسێلکە و قەلەڕەشەكان نەیاندەتوانی بیانخەنە تەڵەوە، ئامانجێك هەبوو كە گەرچی خرایە تەڵەوە، بەڵام توانیی زیرەكانە خۆی دەرباز بكات. بەڕێز ئەحمەد سوكارنۆی سەرۆككۆماری ئیندۆنیزیا، بە مەبەستی گەشتێك دەچێت بۆ سۆڤیەت، ك گ ب وەك هەمیشە پۆلێك پەڕەسێلکە دەنێرێت بۆ نشینگەكەی بەڕێز سوكارنۆ، ئەویش دەستپارێز ناكات… هاوكاتیش ك گ ب خەریكی ئامادەكردنی دەنگ و وێنە و گرتە بووە… بەهەرحاڵ بەڕێز سوكارنۆ پاش ئەوەی ئەو شەوە بە ڕابواردن بەسەر دەبات و بەیانی هەڵدەستێتەوە بۆ ئەوەی بچێتەوە ئیندۆنیزیا، بانگی دەكەن و پێی دەڵێین ئەوەش وێنە و گرتەكانت، لەمەودوا دەبێت ببیت بە پیاوی ئێمە. بەڵام كاتێك وێنە و گرتەكان دەخەنە بەردەم بەڕێز سوكارنۆ و هەڕەشەی لێ دەكەن، ئەو دەڵێت ببوورن ئەی هی سافترتان لا نەبوو؟ كامێراكانتان بۆ ئەوەندە ژمارەیان كەمە؟ لەم گرتەیەدا گۆشەی بەرزیی جەستەمم بە دڵ نییە! من دەمەوێت بیبەمەوە و لە سینەماكانی وڵاتەكەمدا بڵاوی بكەمەوە و خەڵكەكەم شانازیم پێوە بكەن، ببینن كە سەرۆكەكەیان چ توانا و لێهاتووییەكی هەیە! جا دەچێتەوە بۆ ئیندۆنیزیا، لە بەردەم خەڵكیدا وتارێك دەدات و دەڵێت: «گەشتەكەی سۆڤیەتم زۆر خۆش بوو. كۆمەڵە دەستكەوتێكیشی تێدا بوو. لە تەنیشت دەستكەوتەكانیشدا پۆلە كچێكیان بۆ ناردم تا لە ڕێیانەوە بمكەن بە پیاوی خۆیان، جا من تا بەیانی لەگەڵیاندا بووم و هەر نەشبووم بە پیاویان!…» ئەم ڕووداوەی بەڕێز سوكارنۆ فرە جێسەرنجە. ڕستەیەكی هەیە بووە بە وانە بۆ سیاسەت و ڕاگەیاندن و ئاسایش. ئەو دەڵێت: «دژەژەهری هەڕەشە، ئاشكراكردنە.»

پێشتریش گوتمان سوودوەرگرتن لە پەڕەسێلکە و قەلەڕەش تەنیا تایبەت نەبوو بە سۆڤیەت، بگرە هەر لە بنەڕەتیشەوە داهێنانی سیستمە هەواڵگری و ئاسایشییەكانی دەوڵەت نەبووە. با بە فیلم نموونەیەك بهێنینەوە. ڕەنگە فیلمی «Black Book»تان[3] دیبێت. چیرۆكەكەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی جەنگی دووەمی جیهانی، ڕووداوەكانی لە هۆڵەندای داگیركراوی ژێردەستی نازییەكاندا ڕوو دەدەن. ژنێكی یەهوودی لە لایەن دەستە ئازادیخوازەكانەوە ڕادەسپێردرێت بۆ ئەوەی پەیوەندی لەگەڵ یەكێك لە سەركردە نازییەكاندا دابنێت و زانیاریی لێ دەر بهێنێت…

تا ئێرە تێگەیشتن كە بەكارهێنانی جەستە بۆ ورووژاندنی حەزی سێكسی وەك كەرەستەیەك بە مەبەستی سیخوڕییەكی ڕێكخراوەیی و سیستماتیك تایبەت بووە بە سۆڤیەتەوە و دواتر گوازراوەتەوە نێو وڵاتانی دی، بەڵام پێشتر كەسانێك هەبوون كە جەستەیان بەكار هێناوە بۆ گەیشتن بە كۆمەڵە ئامانجێك. واتە مرۆڤ هەر لە سەرەتای ئافرانیەوە پەی بەوە بردووە كە دەتوانێت لە ڕێی جەستەی و ورووژاندنی هەستی سێكسیی ئەوانی دیكەوە، بە ئامانجەكانی بگات. با نموونەیەكی مێژوویی بهێنینەوە. لە نێو جوولەكەكاندا ئاهەنگێك هەبووە بە ناوی «پووریم»ـەوە، بەسەرهاتەكەی ئەوەیە كە پیاوێك بە ناوی موردەخای كچەمامێكی دەبات بۆ كۆشكی خەشیار شا تا بەهۆی جوانییە سەمەرەكەیەوە ببێت بە ژنی خەشیار شا، هەر واش دەبێت و لە كاتی خۆیدا كاریگەری لەسەر شا دادەنێت و كۆمەڵێك ئێرانی بە كوشتن دەدات.

با بێینە سەر ئەوەی ئاخۆ بابەتی پەڕەسێلکە و قەلەڕەش تا چەندە لە مێژووی هاوچەرخی ئێراندا كاریگەر بووە. بۆ گەیشتن بە یەكەمین سەرەداوی ئەم بابەتە، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ سەردەمی میللیبوونی پیشەسازیی نەوت. ئەو كاتەی كە دۆسیەی شەڕی نەوتی ئێران–بەریتانیا لەسەر نەوت چووە دادگەی لاهە. بەڕێز دكتۆر كەریمی سەنجابیش لە لایەن ئێرانەوە وەك نوێنەری دادوەران لە دادگەی لاهە ئامادە بوو. موحەممەد موسەدق و دەستەی مافسێنی ئێران دەچن بۆ لاهە، بەرگری دەكەن و دەگەڕێنەوە. بەڕێز سەنجابی بە مەبەستی ئاگاداربوون لە ڕەوتی دۆسیەكە، لەوێ دەمێنێتەوە. لەم سەروبەندەدا خاتوونە ڕۆژنامەنووسێك (كە گوایە فەڕەنسییە) زۆر لە بەڕێز سەنجابی نزیك دەبێتەوە، بە جۆرێك كە دكتۆر زۆری بۆ دێت و بۆ ئەوەی پەنێك نەدات، دەڵێت هەر ئێستە دەبێت ژنەكەمم بۆ بنێرنە لاهە! بەڕێز سەنجابی بە بێوەیی دەر دەچێت. جا دواتر سەرۆكی دەستەی دادوەریی لاهە پیرۆزبایی و دەستخۆشی لە دكتۆر سەنجابی دەكات بۆ ئەو خۆڕاگرییەی، چونكە ئەو هەواڵنووسە، هەواڵنووس نەبوو، بەڵكە پەڕەسێلکەی بەریتانییەكان بوو… لەمەودوا ڕێكاری هەواڵگری و سیخوڕیی پەڕەسێلکەناردن، لە دەزگا هەواڵگرییەكانی ئێراندا زیاتر تەشەنای سەند… ئەو ڕۆحانیانەی كە لە سەردەمی شادا دەچوونە سەر میمبەر و دژی شا گوتاریان دەدا، ساواك (دەزگای هەواڵگریی سەردەمی شا) پەڕەسێلکەی دەناردە گیانیان… ساواك بەم كارەش ژمارەیەكی زۆری دەمكوت كردن و پاش نیشاندانەوەی وێنە و گرتەی ڕۆحانییەكان، ئاگاداری كردنەوە كە لەوەودوا كاتێك دەچنە سەر میمبەر، وریای دەمیان بن! ئەمە نموونەی سەردەمی پەهلەوی و ساواك، بەڵام لەم نێوەندەدا خاڵێك هەیە: دۆخەكە پاش شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، لەگەڵ پێشتردا جیاواز بوو. چونكە پێشتر پەیوەندیی سێكسی ئازاد بووە، واتە گەر پێشتر گەر كەسێك لە دەرەوەی هاوسەرگریشدا پەیوەندیی سێكسیی هەبا، بابەتێكی زۆر بڤە نەبووە و چارە دەكرا، تەنیا مەگەر بۆ ئەو كەسانە كێشە با كە بانگەشەی دین و ڕۆحانیەتیان بكردبا. هەڵبەتە پێش شۆڕش پەڕەسێلکەكان زیاتر هەواڵیان دەدزی، نەك ئەوەی كە كەسایەتییەكان تووشی ڕسوایی ئاكاری بكەن. زۆر كاتیش دەزگای هەواڵگری ناچار بوو سوود لە قەلەڕەش وەربگرێت، چونكە ئەو سەردەمە زۆر بە دەگمەن هەڵدەكەوت خاتوونێك بە بیروباوەڕێكی پتەوی كولتووری و دینییەوە لەپێناو زانیاریدا سەرجێیی لەگەڵ كەسی تردا بكات. بەڵام بۆ دوای شۆڕش دۆخەكە گۆڕا. پەیوەندیی سێكسی بە هاوسەرگری سنووردار كرا، جا هەر پەیوەندییەك لە دەرەوەی هاوسەرگری، دەكرا بۆ حكوومەتی ئیسلامی ببێتە مایەی ڕسوایی. پرسیارەكەش ئەوەیە ئایا ئەم ڕسوایی و شوورەییە هاتە ئارا!؟…

با بە گوتەیەك دەست بە دۆخی پاش شۆڕش بكەین. بێهزادی نەبەویی چالاكی سیاسیی دێرین ڕستەیەكی هەیە كە دەڵێت: «هەر ڕوخسارێكی سیاسی بۆ ئەوەی بتوانێت لە پێكهاتەی سیاسیی كۆماری ئیسلامیی ئێراندا بمێنێتەوە، دەبێت سێ زنجیری داخراوی هەبێت. زنجیری دەم، زنجیری گیرفان و زنجیری پانتۆڵ.» بێژەنی نامداری زەنگەنە؛ وەزیری نەوتی دەوڵەتی خاتەمی و ڕۆحانیش لە شوێنێكدا ئاماژە بەم گوتەیەی بێهزادی نەبەوی دەكات و دەڵێت: «من زنجیری گیرفان و پانتۆڵم داخراوە، بەڵام ناتوانم زنجیری دەمم دابخەم!»… پرسیارەكە ئەوەیە ئایا دۆخەكە هەر وا مایەوە؟ نەخێر، هەمووان نەیانتوانی زنجیری پانتۆڵەكانیان دابخەن، پەڕەسێلکە هاتە سەروەختیان! جەنابی عەتائوڵاهی موهاجەرانی، ئەو سەردەمەی كە وەزیری فەرهەنگ و ئیرشاد بوو، خاتوونێك بە ناوی مەهسا یوسفیی دڵدار دەچێتە نێو ژیانییەوە و وای لێ دێت ئەم خاتوونە جەنابی وەزیر پەلكێشی نێو دادگە دەكات. پاش ئەوە وەزیر دەستی لە كار كێشایەوە، ئێرانی جێ هێشت و ئیدی نەگەڕایەوە… دەڵێن شەوێك بەڕێز مەهاجەرانی چووبوو بۆ لای خاتوونی دڵدار، كۆتایی شەو وەختێك دەیەوێت بگەڕێتەوە، سەیر دەكات سویچی ئۆتۆمۆبێلەكەی دیار نییە و بە تەكسی دەگەڕێتەوە. بەیانی دەزگای هەواڵگری و ئاسایش سویچەكەی بۆ دەنێرنەوە و بەم جۆرە تێی دەگەیەنن كە: «كەوتوویتە تەڵەی هەنگوینەوە، وریای خۆت بە!»

لە دەیەی حەفتا، داوێكی بەرینی هەنگوین لە لایەن دەزگای هەواڵگری و ئاسایشیی ئەڵمانییەوە، بۆ نوێنەرانی ئێرانی نرایەوە. هۆكارەكەشی ئەوەیە كە بازرگانێكی ئەڵمانی دێت بۆ ئێران و سەردانی مەشهەد دەكات، لەوێ پەیوەندییەكی سێكسی دادەنێت. حوكوومەت دەیگرێت و بەهۆی پەیوەندیی سێكسیی ناشەرعییەوە بەنیازە لە داری بدات. ئەڵمانیا لە بەرانبەردا كۆمەڵە نوێنەرێكی ئێرانی بانگهێشتی ئەڵمانیا دەكات. داوی هەنگوینیان بۆ دەنێنەوە و تێی دەكەون… وێنە و گرتەیان دەگیرێت و پێیان دەگوترێت: «چی دەڵێن؟ ئەم وێنانە چین؟ بڵاویان بكەینەوە؟ ئەی بازرگانەكە لە دار دەدەن یان نا؟»… بازرگانەكە نەك هەر تەنیا لە دار نادرێت، بەڵكە ئازاد دەكرێت و دەچێتەوە بۆ ئەڵمانیا…

لەم مێژووە بە دواوە بابەتی پەڕەسێلکە تەشەنا دەكات و هەمووان دەگرێتەوە. هەر ئەوەندە دەزانین بەڕێوەبەرێك گیان دەسپێرێت یان دەست لە كار دەكێشێتەوە، بێ ئەوەی هۆكارێكی ڕاستەقینەی هەبێت. با نموونەیەك بهێنینەوە: خاتوو كاترین شەكدەم پەڕەسێلکەیەكی ئیسرائیلی بوو. ئەو بڵاوی كردبووەوە كە گوایە بووە بە موسڵمان و زۆربەی پلەدارانی ئێرانیش بەهەندیان وەرگرت… خاتوو شەكدەم كۆمەڵێك چاوپێكەوتن و لێدوان لەگەڵ پلەدارانی ئێرانی ساز دەدات. دوای ئەمەش كتوپڕ ئێران جێ دەهێڵێت و لە ڕۆژنامە ئیسرائیلییەكان دەست دەكات بە نووسین دەربارەی دژەیەهوودیبوونی ئێران و دۆسیەی چەكە ناوكییەكەی! دەگوترێت نادری تاڵبزادە؛ كە یەكێكە لە ڕوخسارە دیارەكانی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی شۆڕشی ئیسلامی، لە ڕێی ڕاگەیاندنەوە بووەتە هۆكاری هاتنی ئەم خاتوونە و گەیشتن بە دیداری پلەداران. جا خاڵی سەرنجڕاكێش ئەوەیە كە پاش ڕۆیشتنی ئەم خاتوونە و ئاشكرابوونی بەسەرهاتەكە، كتوپڕ جەنابی نادری تاڵبزادە گیانی سپارد…

سەدان بەڵگە لە دەزگا هەواڵگرییە جیاوازەكانی هەموو وڵاتانەوە بڵاو بوونەتەوە كە نیشانی دەدەن كەم تا زۆر گشت وڵاتان مۆدێلی تەڵەی هەنگوینیان بەكار هێناوە بۆ خستنەداوی كەسانی كاریگەر و سەرچاوەی زانیاری…

لە ڕاپۆرتێكی فارێن پالێسدا هاتووە كە خاتوونێك لە زاری خۆیەوە (ناوەكەی نەبراوە) چیرۆكێكی سەرسووڕهێن دەگێڕێتەوە. ئەم خاتوونە لە ئەڵمانیای خۆرهەڵات گیرۆدەی قەلەڕەش دەبێت. خاتوون دەڵێت كاتێك دەزگا هەواڵگرییەكانی خۆمان پێیان گوتم خاتوون ئەم بەڕێزە قەلەڕەشە؛ سیخوڕە، من نەك هەر بڕوام نەكرد، بەڵكە گوتم من شەیدای ئەوم و ئەویش منی خۆش دەوێت… ئەم خاتوونە تا كۆتاییش هەر بڕوای بەوە نەكردووە كە كەوتووەتە داوی هەنگوینەوە.

بابەتەكە ئەوەیە پەڕەسێلکە و قەلەڕەشەكان هێندە لێزان و هونەرمەندانە دێنە پێش، كە بەرانبەرەكانیان ناتوانن تەنانەت گومانیشیان لێ بكەن. وەك ئەم خاتوونە كە پێی وایە ئەوینی ڕاستەقینەیە. جا هەر لەم بارەیەوە چینییەكان گەلێك پێشكەوتووترن. ئەوان پەڕەسێلکەی تایبەت بە سیاسی و گەورە بازرگانانی جیهانیان هەیە. كاری چینییەكان فرە پیشەییترە، ئەوان هاوكات پەڕەسێلکەی سیاسی–ئابووری دەنێرنە بنكڵیشەی بازرگانان و لەخۆڕا نەبوون بە گەورەدەسەڵاتی ئابووریی جیهان.

لەم نێوەندەدا ناتوانین بەریتانیای لێ بپەڕێنین. بەریتانیا و دەزگا هەواڵگرییەكەی، فرە لێزان و پیشەیی و بە شێوازی خۆی برەوی بەم ڕەوتی هەواڵگرییە داوە و دەدات. بۆ ڕوونبوونەوەی ئەم بابەتە، هەر ئەوەندە بەسە بیر لە كارەكتەرێكی سینەمایی بەریتانی بكەینەوە (جێمس بۆند)، كە چەندان جار لە ئەدەبیاتی ئاسایشیی بەریتانیادا خراوەتە ڕوو. جێمس بۆند ڕاستە كارەكتەرێكی سینەماییە، وەلێ هاوكات هێمایەكە بۆ بەهێزیی دەزگای هەواڵگریی بەریتانیا. گەر لە شێوازی كاركردنی بەڕێز جێمس بۆند ورد ببینەوە، سەیر دەكەین ئەو بۆ پێكانی ئامانجەكانی سوود لە توانا و بەهرە سێكسی و ڕواڵەتییەكانی خۆی وەردەگرێت…

تا ئێرە كەم تا زۆر باسی ئەو وڵاتانەمان كرد كە بە شێوازێكی پێشكەوتوو ئەم تەكنیكی لەخشتەبردنە بەكار دەهێنن. بەڵام تێكڕای ئەو وڵاتانە و دەزگا هەواڵگرییەكانیان لە لایەك، مۆسادی ئیسرائیلیش لە لایەك! ئەو بە شێوازێكی تایبەت داوی هەنگوین بەكار دەهێنێت. با لەم بارەیەوە نموونەیەك لەسەر ڕێكاری ئیسرائیل بهێنێنەوە. ئەو كەسەی كە لە بەریتانیا دۆسیەی چەكی ناوكیی ئیسرائیلی ئاشكرا كرد، بوو بە تەڵەی پەڕەسێلکەوە. یان بۆ نموونە خاتوو تسیپی لیڤنیی وەزیری دەرەوەی ئیسرائیلیش سەردەمانێك وەك پەڕەسێلکەیەك خزمەتی وڵاتەكەیی كردووە. تەنانەت یارەكەی مەحموود دەروێشی شاعیری نەتەوەیی فەڵەستینیش، كە ناوی ڕیتایە، دواتر دەر كەوت پەڕەسێلکە بووە، سەرەڕای ئەوەش، مەحموود دەروێش چەند شیعرێكی تایبەتی بۆ ئەو نووسیوە… ئەم پەیوەندییە هێندە بەتین دەبێت، كە خاتوو ڕیتا، مەحموود جێ دەهێڵێت و پێی دەڵێت ئیدی پەیوەندیم پێوە مەكە، من پەڕەسێلکەم…

ئەمڕۆ و لە سەردەمی ئای تیدا، بۆ ئەوەی نێچیر بخرێتە تەڵەی هەنگوینەوە، پێویست بەوە ناكات بە ناچاری پەڕەسێلکە یان قەلەڕەش لە ژیانی ڕاستەقینەی بەرانبەرەكەیدا ئامادە بێت. ئیدی ئامادەبوون تەنیا فیزیكی نییە، ئەمڕۆ و لە سەردەمی دیجیتاڵدا، ئامادەبوونەكە بووە بە مەجازیش. بەڵام پێدەچێت سەرمەشقی هەموو تەڵە سێكسییەكان (چ حەقیقی و چ مەجازی)، یەك شت بێت: میشێل فۆكۆی فەیلەسووفی ناسراوی فەڕەنسی، بڕوای وایە هەژێنەرترین ئەزموونی سێكسی، پەیوەندییە لەگەڵ بێگانەیەكدا. ئەمە كتومت یەكەمین هەنگاوی پەڕەسێلکە و قەلەڕەشەكانی ئەم وتارەیە. هەنگاوی دواتریشیان ئەوەیە كە بە شێوازێكی قووڵ ئەو بێگانەیە ئاشنا و هۆگر بكەن. ئالێرەوەیە كە شاعیر دەڵێت: «ئەی بێگانەی ئاشنا، خۆشم دەوێی وەرە…» ڕۆژێك مەحموود دەروێش بۆ یارەكەیی نووسی: «من وێڕای ناكۆكیی خێڵ و ئایین و نیشتیمانەكەم شەیدات بووم، بەڵام دەترسم ڕۆژێك بێهیوام بكەیت.» وەلێ مەحموود دەروێش كاتێك دواتر زانیی ڕیتا پەڕەسێلکەی ئیسرائیل بووە، بۆیی نووسی: «هەست دەكەم نیشتیمانەكەم دووبارە داگیر كراوەتەوە. گەرچی ڕەنگە بە لای تۆوە شتێكی بێبایەخ بێت، بەڵام ئەوە دڵی من بوو!»


1. واتە كۆمیتەی ئاسایشی دەوڵەت.

2. ڕێد سپارۆ؛ چۆلەكە سوورە.

1. كتێبی ڕەش

سەرچاوە:

https://www.youtube.com/watch?v=5DkIXB1xsf4


1. واتە كۆمیتەی ئاسایشی دەوڵەت.

2. ڕێد سپارۆ؛ چۆلەكە سوورە.

1. كتێبی ڕەش

هاوشێوە