رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

هەڵگەڕانەوەی لەگەڵبوون، لەدژبوون[1]

Facebook
Twitter
LinkedIn

دەربارەی پرسی فەڵەستین، پڕوپاگەندەی دژە چەپ، تیرۆریزم

بڵند ئێزەدی

     لە گەرمەی جەنگی سارددا و بە دیاریکراوی ساڵی ١٩٦٣، لە بەرلینی ڕۆژئاوای ئەو سەردەم، جۆن کەنەدی، سەرۆکی ئەوکاتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، وتارێک[2] پێشکەش دەکات. لە وتارە پڕوپاگەندەئامێزەکەی جۆن کەنەدیدا، ڕستەیەک دەردەبڕێت کە زۆرجار لە ڕۆژئاوا وتارەکەی پێ دەناسرێتەوە: “Ich bin ein Berliner”. دەربڕینەکە بە مانای “من بەرلینیم” دێت. لە سەرەتای وتارەکەوە، کەنەدی بەو پڕوپاگەندە هەمیشەییانە دەست پێدەکات، کە یەکێک بوو لە چەکە دووسەرە مەترسیدارەکانی ئەمریکا بەرانبەر نەک تەنیا بە یەکێتیی سۆڤییەت، بەڵکوو بەرانبەر کۆی فیکری چەپیش. بێگومان سەرکەوتووبوون لەم بەشەیتانیکردنەی چەپ، تەنانەت بە ڕێژەیەکی زۆر دژایەتیی چەپ لە کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ڕیشەی لە ئیسلامیزم، یان دواکەوتوویی کۆمەڵگەکانەوە نییە وەکوو زۆرکەس وای بۆ دەچن، بەڵکوو لەناو پڕوپاگەندەی ڕۆژئاواییدایە بەرانبەر کۆمۆنیزم. لە وتارەکەدا کەنەدی زۆرجاران (وەک هەمیشە)، دەستەواژەی ئێمەی ئازادیخواز و شەیتانیی کۆمۆنیزم بەکار دێنێت. بۆ جەمسەری ئەمریکای ئەوسەردەم، شەڕێک زۆر گرنگتر بوو لە شەڕە ڕاستەوخۆکانی بەرانبەر یەکێتیی سۆڤییەت؛ لێدان لە کۆی چەپ. بێگومان نە ئەمریکا، نە کۆنزەڤاتیڤیزم، نە لیبراڵیزم هێندەی بیریارانی چەپی ئەو سەردەم، نەک تەنیا دژی یەکێتیی سۆڤییەت نەبوون، بەڵکوو نەشیانتوانیوە کێشەکانی دیاریی بکەن. ئەوە هەر کایەی فیکریی چەپ خۆیەتی ڕەخنەی یەکێتیی سۆڤییەتی کردووە. لە دەرەوەی ئەوە، هەمووی پڕوپانگەندەی بلۆکی ڕۆژئاوا بووە بەرانبەر بلۆکی ڕۆژهەڵات. باسەکە لێرەدا شیاوێتی و لەگەڵبوونی یەکێتیی سۆڤییەت نییە، بەڵکوو هەڵگەڕانەوەی لایەنگیری‌شەیداییە، کە سەری ڕۆشنبیرانی کورد و ئیسلامیزمی پڕ کردووە لە ژەهری لایەنگیری.

    گەر بڕوانینە وتارەکەی جۆن کەنەدی، دەبینین دەستەواژەی ئێمەی ئازادیخواز، ئێمەی ئازاد، جیهانی ئازاد و ژیانی ئازاد هێندە دووبارە دەبێتەوە، سەرلەبەری وتارەکە پێک دەهێنێت. جەنگی سارد، جەنگی دوو بلۆک بوو کە هەموو ئەو کێشانەی جیهان، ئەمریکا و یەکێتیی سۆڤییەت بەشێک بوون لێی، لەم سەردەمی دونیاوە بۆ ئەوسەری دونیا، لە کۆریاوە بەرەو ڤێتنام و تا دەگات بە مەترسیدارترین چرکەی خۆی: کێشەی کوبا و مەترسی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆم. دۆخی لایەنگری‌ لە جەنگی سارددا، دۆخێک بوو بۆ هەموو کۆمەڵگەکان جۆرێک لە مەحکومیەتی کۆنتێکستەکە بوو، لە چاوی ئەمریکاوە تۆ یان لەگەڵ خراپە بووی یان باشە، یان لەگەڵ ئێمە بووی یان ئەوان. دوالیزمی ئەمریکا-سۆڤییەت، لە سەردەمی حکومڕانی گۆرباچۆڤ لە سۆڤییەت و ڕۆناڵد ڕیگان لە ئەمریکا، کۆتایی دێت. زۆرجاران لیبراڵەکان گۆرباچۆڤ بە پیاوی ئاشتیی دادەنێن و کۆمۆنیستەکانیش بەو خیانەتکارەی ئەزموونی حەفتاساڵەی سۆڤییەتی کۆتایی پێهێنا.

    لێرەوە، پاش جەنگی سارد مژدەی ئاشتی و کۆتایی جەنگی سارد بە جیهان درا، ئەویش بە کەوتنی بلۆکی سۆڤییەت. جیهان لە چاوی ڕۆژئاواوە، هەنگاوێکی بەرەو ئاشتیی ڕێگەی گرتە بەر. کەچی پاش چەند ساڵێک کێشەیەکی دیکە ڕووبەڕووی جیهان و بەرەی ڕۆژئاوا بوویەوە، تارماییەک پێچەوانەی پێشبینییەکەی مارکس، بەسەر ئاسمانی ڕۆژئاوادا هاتوچۆی دەکرد: تیرۆریزم. لە بەشی پاشتردا باس لە تیرۆریزم دەکەین. بەڵام ئەوەی لێرەدا گرنگە، باسکردنی ئەوەیە تەنانەت پاش ڕووداوی یانزەی سێپتەمبەر، ئەمریکا و کۆنزەرڤاتیڤیزمی ڕۆژئاوایی، لە پڕوپاگەندە نەوەستا بەرانبەر چەپ. لە پڕوپاگەندە هەرە سەیروسەمەرەکانی ساڵانی دوای یانزەی سێپتەمبەر ئەوەبوو چەپ تۆمەتبار کرا بە پشتگیریی کردنی تیرۆر. ئەم پڕوپاگەندەیە لەمڕۆی جیهانیشدا و سەبارەت بە پرسی فەڵەستین و حەماس دەگاتە ئەوپەڕی خۆی. هەرچەندە مێژووی ئەم پڕوپاگەندەیە بڕێک دێرینە، بەڵام لەناو ڕۆشنبیرانی کوردیشدا و پاش ڕووداوی هێرشەکەی حەماس بۆ سەر دەوڵەتی ئیسرائیل و خەڵکی مەدەنیی ئیسرائیل، هێندە زیادی کرد، کە تەنیا یەک چەمک دەتوانێت ڕوونی بکاتەوە: گەمژەیی فیکری. پڕوپاگەندەی دژە-چەپ لەناو ڕۆشنبیراندا، پێوەندیی بە هیچ تێزێکی فیکری و فەلسەفیی ناو نەریتی ڕاست، یان لیبراڵ نییە، تەنانەت چەواشەکاریی ڕۆژنامەنووسانەیش نییە؛ بەڵکوو لە خۆیدا لە پڕوپاگەندەی کلاسیک تێدەپەڕێت و دەگات بە “درۆی نوێ”. لە گەڕانەوەکانی ژاک دێرێدای فەیلەسووفی فەڕەنسیی بۆ پرسی درۆ، درۆ لە هەڵە جیادەکاتەوە بۆ گەڕانەوە بۆ قەدیس ئۆگەستین “ئەگەر کەسێک قسەیەکی گوت و پێیوابوو درووستە، ئەوا تەنانەت لە حاڵەتی سەلماندنی هەڵەبوونی ئەو قسەیەدا نابێتە کەسێکی درۆزن”[3]. درۆی کلاسیکی لە پێناو شاردنەوەی شتێکدایە، شتێک هەیە و درۆ دایدەپۆشێت، بەڵام درۆی نوێ “تەنیا لە شاردنەوە و داپۆشینی ڕاستیدا کورت نابێتەوە، بەڵکوو هەوڵ دەدات واقیع پووچەڵ بکاتەوە…”[4] لای دێرێدا چیدی هیچ شتێک نییە بیشارینەوە، بەڵکوو ڕێک واقع پووچەڵ دەکەینەوە و شتێکی دیکە دەخەینە جێگەی، لە سادەترین دەربڕیندا، “زۆرینەی جار جیاوازی لە نێوان درۆی نەریتی و درۆی نوێدا هەمان ئەو جیاوازییەیە لە نێوان داپۆشین و لە نێوبردندا هەیە”[5] ئەم ڕوانینە و سەرنجدان لە درۆی نوێ، ڕەخنەکانی دێرێدا پێک دێنێت دەربارەی تێبینییەکانی هانا ئارێنت دەربارەی مێژووگەرایی درۆ. بەنیسبەت ئارێنتەوە مێژووی درۆ جەوهەری مێژووی سیاسییشە. هەر ئەمەیش بەنیسبەت دێرێداوە، ئارێنت جیادەکاتەوە لە کانت، چونکە وەک خۆی ڕوونی دەکاتەوە، لای کانت درۆ هیچ دیوێکی مێژووگەراییانەی نییە وەک لای ئارێنت هەیە، بەڵکوو دەیبەستێتەوە بە پرسی ئەخلاقەوە. کێشەیەک لە ڕوانگەکەی ئارێنتدا هەیە کە دەبیتە هەوێنی ڕەخنەکەی دێرێدا؛ لای ئارێنت حەقیقەتی درۆ هەمیشە ئیمکانی دەرکەوتنی هەیە، بەڵکوو هیچ کات لە درۆکە خۆی جودا نابیتەوە. ئەمە لای دێرێدا چیتر لە درۆی نوێدا کاری کردە نییە، بۆ ئەو چوارچێوەی ڕاستیی لە کردەی درۆدا چیدی جێگیر و هەمیشەیی نییە، بەڵکو ئەو بە هەڵوەشاندنەوەی خودی پێناسە کلاسیکییەکە دەست پێدەکات، چونکە “ئەم پێناسە کلاسیکییەی ڕاستی وەک ئەوەی هەمیشەیی نەگۆڕان و “جێگیری”ـیە (bebaios بە دەربڕینی ئەفلاتوون و ئەرستۆ) پێویستی بە کردنی چەند پرسیارێکە کە سروشتێکی “هەڵوەشاندنەوەگەری”ـیان هەیە…”[6] چونکە “بە کردەیی گۆڕانێکی تەکنیکی بەسەر ئایکۆنەدا هاتووە، کە چیتر ڕواڵەتی فریودەرانەی شت نییە، بەڵکو خۆی بۆتە خودی شت، واتە ئایکۆنە چیتر تەنیا (ئەسڵ) نانوێنێتەوە، بەڵکو هەڵیدەوەشێنێتەوە و خۆی جێگای دەگرێتەوە.”[7]

     درۆی ڕۆشنبیرانی ئێمەیش سەر بەم درۆیەیە. هیچ شتێکی وەکوو پشتگیریی تیرۆر لای فیکری چەپ لەئارادا نەبووە. بەڵام لە سەردەمی وێنە ناکۆتاکاندا، چیتر کردەی درۆ پێویستی بە ڕووداوێک نییە، پێویستی بە حەقیقەتێک نییە، بەڵکوو خۆی هەردووکیان بەرهەم دەهێنێت. وەکوو چۆن لای دێرێدا وێنە-ئاڵتەرناتیڤ، ناگەڕێتەوە بۆ ئەسڵێک کە دەیەوێت نیشانی بدات، هاوکێشەکە بەم جۆرە گۆڕاوە: لە نوێنەرایەتی ئەسڵەوە بەرەو بوون بە ئەڵتەرناتیڤ. 

     کەواتە چیدی پڕوپاگەندەی دژە-چەپ، چوارچێوەیەکی تیۆری-فەلسەفی-سیاسییش نییە، بەڵکوو تەنیا لە چوارچێوەی بەرهەمهێنانی وێنە ناکۆتاکانی بازاڕەوە بەرهەم دێت. بزووتنەوەی چەپ لە ڕۆژئاوا، لەناو کایەی سیاسەتی ڕاستەوخۆدا هێزێکی ئەوتۆی نەماوە؛ بەڵام وەکوو گوتار ئامادەیی خۆی هەیە. گوتاری چەپیش دژ بە جەنگە، ئیتر جەنگ لە هەر شوێنێکی دونیا. بەشێوەیەکی گشتی ئامادەیی گوتاری چەپ لە کۆمەڵگە ئەوروپییەکاندا، خۆی لە ئارەزووی: عەدالەت، میواندۆستی، پێکەوەیی، سۆلیدارێتی، دژ بە داگیرکاری، دژەڕاسیزم و دژەفاشیزمدا دەردەخات. ئەم گوتارە لەمسەری دونیاوە بۆ ئەوسەری دونیا لای چەپ پراکتیزە دەکرێت. لە سۆلیدارێتی و پشتیوانیی شۆڕشی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و گەلانی تری ئیرانەوە، بەرەو خەباتی زاپاتیستەکان، لەوێوە بەرەو ئەفریکا و دواتریش ڕۆژئاڤا. لە ئەوروپاش هیچ هێزێک نەبووە هێندەی چەپ[8] دژ بە جووبێزیی بووبێت؛ بەهیزترین گروپە دژە-نازیستییەکان هێشتایش هەر چەپەکانن و باشترین ئەو کتێبانەی دەربارەی پرسی جوو و هۆلۆکست نووسراون، یان بەرهەمی بیرمەندە چەپەکان بوون یان بەرهەمی ئەو فەیلەسووفانە بوون کە خۆیان جوون و لە هێڵی چەپەوە نزیک بوون، بەڵام گرنگە ئەوەش لەبەرچاو بگرین کە “جووایەتی” یەکسان نییە بە “زایۆنیزم”. کێشەی چەپ لەگەڵ دەوڵەتی ئیسرائیلدا، بریتییە لەو کارەساتە ڕۆژانەییانەی ئیسرائیل بەرانبەر مرۆڤ دەیکات، نەوەک لێسەندنەوەی مافی خۆبەڕێوەبەری لە جووەکان. ئەم پڕوپاگەندانە، جگە لەوەی درۆن؛ درۆی میدیایی یان سۆسیال میدیایین، هیچ چوارچێوەیەکی تیۆرییان نییە، بەتایبەت لەناو ڕۆشنبیرانی کورددا. سەلماندنی ئەمەیش زۆر سادەیە: لە بنەڕەتەوە چونکە ئەمڕۆ لە سەردەمی بەرهەمهێنانی وێنەداین، ئەم پڕوپاگەندانەیش لەناو ئەو فەزایانەدا ڕوودەدات کە سەتحی و وێنەیین. بۆ نموونە، هیچ وتارێک، کتێبێک، توێژینەوەیەکی ڕۆشنبیرانی کوردمان لە بەردەمدا نییە تا لێرەدا وەکوو کێشەیەکی تیۆریی مامەڵەی لەگەڵ بکەین، لەبەر یەک هۆکاری زۆر سادە: پڕوپاگەندە پێویستی بە فەزای تیۆریی نییە، بەڵکوو پێویستی بە پەیڕەوییکردن لە ڕێبازەکەی کیم کارداشیان هەیە کە دەڵێت “هیچ مەبە، هیچ مەکە، تەنیا خۆت بئاوسێنە”، هەروەها ئەمەیش: “بێبەهرەییت دەرفەتی ئەستێرەبوونتە”. کارداشیانیزم[9] واتە “ئەستێرەسازی” و “هەڵاوسان” و “خۆپفدان” بەپێی خواستی ڕۆژ لە سۆسیال میدیای وەکوو فەیسبووکدا. ئەمە تەنیا فیگوری وەک مۆدێل و یووتوبەر و تیکتۆکچی و لایڤچی ناگرێتەوە، بەڵکوو لێرەولەوێ هەوڵی گواستنەوەی بۆ نێو کایەی فیکریش دەدرێت. بەڵام ئایا ئەم کایەیە تەسلیم بە کارداشیانیزم دەبێت؟ دەکرێت پاڵەوانەکانی دەرچووی قوتابخانەکەی کارداشیان، لێرەولەوێ لە کایەی فیکردا دەر بکەون، بەڵام فیکر خۆی لەم سەردەمەدا گەر هەناسەی بەرەنگارییەکی تێدا مابێت ئەوەیە کە بە ڕووی کارداشیانیزم و پاتاڵگەراییدا دەینوێنێت، پێش هەموو کایەکان لە کایەکەی خۆیدا. کاتی خۆی نیچە وتبووی فەلسەفە دوژمنی گەمژەییە، یان بە پێچەوانەوە. ئێستا گەمژەیی لە کارداشیانیزمدا بەپیترین کێڵگەی خۆی دۆزیوەتەوە؛ بەڵام کارداشیانیزم ناتوانێت لە کایەی فیکردا کێڵگەی بە فەڕی خۆی ببینێتەوە.

وەهمی شەڕ لەگەڵ تیرۆردا

     بەهاوەڵی دوو بریار، هەوڵ دەدەین بڕێک دەربارەی پرسی تیرۆر و شەڕ لەگەڵیدا بدوێین؛ ئەویش بۆ گەیشتن بە خوێندنەوەیەک دەربارەی کێشەی فەڵەستین و بەتایبەتیش کێشەی شەڕ لەگەڵ حەماسدا. لێرەدا هیچ پێناسەیەکی پێشوەختە بۆ تیرۆر ناکەین، تیرۆر خۆی هەڵوەشاندنەوەی هەموو پێناسە دێرینەکانە. لەپاش درووستبوونی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، هەم ڕێکخراوەکە هەمیش دەوڵەتە زلهێزەکان، بەئارەزووی خۆیان و بەرژەوەندییەکانیان، پێناسەی تیرۆر دەکەن و هەر هێزێک و گروپێک لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئەواندا نەگونجێت، تیرۆرستە. کە زۆرجاران پێچەوانەیە، ئەو هێزەی کە گوایە شەڕ دژی تیرۆر دەکات، خۆی لە هەمووان تیرۆرسترە. درێدا بە توانجەوە باس لەوە دەکات، کە ئەگەر بەپێی یاسای هەندێک دەوڵەتانی وەکو ئەمریکا بێت بۆ تیرۆر، خۆیان پێش هەمووان تیرۆرستن. چەند ڕۆژێک لەمەوبەر و لە 10ـی مانگی چواری ئەمساڵدا، یەشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا لە سەردانێکیدا بۆ یەکەیەکی سەربازیی وڵاتەکەی، وتی: “لە هەوڵەکانمان بەردەوامین و بەمزووانە کۆتایی بە “تیرۆر” لە “عێراق” و “سوریا” دەهێنین”[10] ڕەنگە تەنانەت ئەو مرۆڤانەیشی هۆشیان بەشێوەیەکی تەندرووست کار ناکات، لەکاتی خوێندنەوەی قسەکانیدا خەندە و پێکەنین بیانگرێت. گەر کەمێک سەرنج بدەینە قسەکانی گولەر، دەتوانین دوو خاڵی زۆر گرنگ دەربارەی دەوڵەت و تیرۆر ئاماژە پێ بدەین. سەرەتا گولەر دەڵێت: “وڵاتەکەمان لە ئافاتی تیرۆر ڕزگار دەکەین”[11]. گریمان کە ئەو هێزەی تورکیا ناوی تیرۆری لیدەنێت، تیرۆرستە. بەڵام خۆ هەموو ئەو کردانەی لانیکەم ٤٠ ساڵی ڕابردووی تورکیا بەرانبەر مرۆڤ، درەخت و ئاو و هەوا و مرۆڤی کورد کردوویەتی، نەک تیرۆرستانە، بەڵکوو دەیسەلمێنن کەم هێز هەن لە دونیادا هێندەی دەوڵەتی تورکیا، بە فەرمیی دەوڵەتێکی فاشیستیی بن، چونکە فاشیزم خۆی بە جەوهەر دژ هیچ هێزێک نییە، بەڵکوو ڕێک دژی ژیانە؛ بە درەخت، هەوا، مرۆڤی ناو ژیانیشەوە. دواتر دێینە سەر بێدەنگی ئەوروپا بەرانبەر ئەم دۆخە.

     دووەم، گولەر لە بەشی تری قسەکانیدا ڕستەیەکی زۆر سەرنجڕاکێش ئاماژە پێدەدات: “بەمزووانە تیرۆر لە عێراق و سوریادا کۆتایی پێدەهێنین”. لەم قسەیەی وەزیری دەوڵەتە فاشیستییەکە، دەتوانین جۆرێک لە جەوهەری دەوڵەت بناسینەوە. دەوڵەت بەجەوهەر هەمیشە ئامادەی شەڕە، چیتر ئەو وەهمەی سەد ساڵە ڕۆژئاوا بەناوی: دەوڵەتی خۆشگوزەران[12] هەیبوو، گوایە هەندێک دەوڵەت شانازییان بە هەبوونی خۆشگوزەرانی لە دەرەوەی یەک‌نەتەوەوە کردووە، بەسەرچووە. تەنانەت ئەو دەوڵەتانەیشی چەشنی سوید لافی دژەجەنگ بوونیان لێ دەدا، ناچارن کە بچنە ناو هاوکێشەی لایەنگیری و جەنگەوە. دەمێک نییە کە سوید لە کۆتایی ڕێکارەکانی بوون بە ئەندامی لە ناتۆ تەواو کردووە. ناتۆیش لە درووستبوونییەوە، ڕێکخراوێکە بۆ جەنگ و ئاژاوەگێڕیی درووست بووە. ئەگەر نا، چۆن هێزێکی ناو ناتۆ، بەئاشکرا و بەبەرچاوی دونیاوە، جینۆساید دەکات. لە پاش جەنگی نێوان ڕووسیا و ڕۆژئاوا لە ئۆکراینا، هەموو پێشبینییەکان بۆ ئەوەن فینلاندیش بخزیتە نێو جەنگەکەوە، ئەویش بە دەیان هۆکاری جیاواز، دیارترینیان هۆکاری جیۆپۆلەتیکی کە لێرەدا جێی باسی وتارەکەی ئێمە نییە. دەوڵەت، بەتایبەت دەوڵەتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەمڕۆدا، ناتوانن خۆیان لە خواستی هەژموونگەرایانە و پەلهاوێژانە بێبەری بکەن. هیچ دەوڵەتێک نییە ئەم خواستەی نەبێت، ئەگەر بە کردەییش پراکتیکی نەکردبێت. هەندێک کردوویانە و سەرکەوتووش نەبوون.

     گەر تیرۆریش لە ئارادا بێت، کە زۆرجار بەمشیوەیە نییە. بەتایبەت لە ڕوانگەی دەوڵەتی تورکیادا، ئەوا خاڵێکی دیکەی سەرنجڕاکێش هەیە: پەلهاویشتنی دەوڵەت بەرەو گوێبادانی دەوڵەتی لاسار. لەپاش یانزەی سێپتەمبەرەوە، ئەمریکا بەشێوەیەکی گشتیی دەستدرێژی بۆ دەیان خاکی جیاواز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کردووە. بەقەولی دێرێدا، “ئەو کاتەی هەموو دەوڵەتان دەبنە دەوڵەتی لاسار، لەو شوێنەی کە “حوکمی لاسار” خۆی هەمان حوکمی سەروەریی دەوڵەتە، لەو شوێنەی کە تەنیا لاسارەکان بوونیان هەیە، ئیدی لاسارەکان بوونیان نییە، ئیدی دەوڵەتانی لاسار بوونیان نییە[13].” دێرێدا پێی وایە کێشەی “حوکمی لاسار”ی دەوڵەت، پەیوەندیی بە چەمکێکی بنەڕەتیی ناو دەوڵەتداری خۆیەوە هەیە: سەروەری[14]. کێشەی سەروەریی دەوڵەت ئەوەیە کە بریتی نییە لەو بانگەشانەی وەکوو خۆبەڕێوەبەری دەوڵەت دەیکات؛ کێشەی سەروەریی ڕاستەوخۆ بریتییە لە خواستی پەلهاوێژی. لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هەموو دەوڵەتە زلهێزەکان و خاوەن چەکەکان، سەروەریی خۆیان لە بەشداری ڕاستەوخۆی سەربازی، سیاسی و کولتووری لەسەر دەولەتانی دیکە دەبیننەوە. ئەمە تەنیا پرسی هەژموونی نییە، بەڵکوو خواستی داگیرکارییە کە بە جەوهەر بەستراوەتەوە بە چەمکی سەروەرییەوە. گوێبادانی دەوڵەتە کەمترزلهێزەکان بەبیانووی تیرۆرەوە، یاخوود هەرێمێکی بچووکی نێو دەوڵەتێک، گوێبادانێکی هەژموونخوازانەیە، چونکە تیرۆر خۆی لە دەوڵەتەوە لەدایک نابێت: تیرۆریزم نادەوڵەتییە. ڕۆژانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەو کارەساتانە دەبینن کە ڕوودەدەن، دەوڵەتە ڕۆژهەڵاتییەکانیش لە هەر کردەیەکی توندوتیژیدا، هەمیشە دوو بیانوویان هەیە: ئاسایشی نیشتیمانی و سەرەوەری. خواستی درووستکردنی هەر دەوڵەتێکیش خۆبەڕێوەبەری نییە، ئەگەرچی وا بانگەشە دەکرێت، بەڵکوو پرسی هەژموونی و پەلهاوێژییە بۆ دەرەوەی سنووری وەهماویی دەوڵەت. نموونەکان زۆرن: ئامادەیی تورکیا لە ڕۆژئاوای کوردستان، ئێران لە عێراق، لە پێشووتردا عێراق لە کوەیت و لە دامەزراندنییەوە ئیسرائیل لە فەڵەستین. ئەم پەلهاوێژییە، هەم سەربازییە، هەم بەشداری ڕاستەوخۆی هەژموونی سیاسەتی ناوخۆی دەوڵەتە، بۆ نموونە لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی دەوڵەتەکەدا، لە ئاستێکیشدا کولتوورییە (ئێران نموونەیەکی گونجاوە بۆ دواهەمینیان). شتێکی سەیرە: کۆتاییهێنان بە تیرۆر، خۆی لەلایەن تیرۆرستانەوە ئەنجام دەدرێت. بۆ دێرێدا ئەم جەنگەی دژ بە تیرۆر لەلایەن دەوڵەتە زلهێزەکانەوە، بریتییە لە: بەرگریی دژە-خۆ. بەرەنگاریی بەرانبەر تیرۆریستێک کە دەوڵەتە زلهێزەکان خۆیان بەرهەمیان هێناوە، ئەمە جۆرێکە لە خۆکۆژیی سیستەم خۆی، تیرۆریزم دوو کردەی خۆکۆژیی لە خۆیدا کۆ کردووەتەوە، بەگوتەی دێرێدا، “دوو کردەوەی خۆکۆژییان لە یەک کردەدا کۆ کردەوە، یەکەمیان خۆکۆژیی خۆیان بوو (لەداهاتوودا دوورەپەرێزبوونی بەردەواممان لە پەلاماری تیرۆریستی، بە شێوەی بەرگریی دژە-خۆ، لە هەموو شتێک تۆقێنەرترە)، دووەمیان، خۆکۆژیی ئەوانەی پێشوازییان لێ کردن و چەکداریان کردن و مەشقیان پێکردن. دەبێت ئەوە لە بیر نەکەین کە پێشتر ویلایەتە یەکگرتووەکان زەمینەکەی ڕەخساندبوو، یارمەتی هێزە “نەیارەکان”ی خۆی دابوو لە ڕێگەی ڕاهێنان و مەشقکردن بە کەسانێکەوە کە “بن لادن” نموونە زەقەکەیانە، ئەوەیش بە خوڵقاندنی کۆممەڵێک ڕەوشی سیاسی و سەربازیی لەبار بۆ دەرکەوتنی ئەو کەسانە و ئینجا هەڵگەڕانەوەیان بەسەریدا (بۆ نموونە، هاوپەیمانێتی لەگەڵ سعودییە و عێراق و وڵاتانی تری عەرەبی و ئیسلامیدا، لە ماوەی جەنگەکەیدا لەگەڵ یەکێتیی سۆڤییەت و ڕووسیا و ئەفغانستاندا، هەمان شتی لەگەڵ ئێرانێشدا کرد، لێرەدا دەتوانین ناکۆتا نموونە بۆ ئەم پارادۆکسە خۆکوژییانە بهێنینەوە)”[15].

    دەوڵەتی مەزهەبیی بەرەی ڕاستی ئێستای ئیسرائیلیش، بەناوی شەڕ لە دژی تیرۆرەوە، ڕۆژانە تاوان ئەنجام دەدات بەرانبەر خەڵکی سیڤیل. هیچ لایەنگیرییەک لەم کردانە، ئەخلاقی نییە. هەموو لایەنگیرییەک لە درێژەدان بە جەنگ لەژێر هەر ناوێکدا، کردەیەکی تا دواسنوور نائەخلاقییە. پێویستە بەردەوام جەخت لەوە بکەینەوە، گەلی جوو، وەک هەر گەلێکی دونیا مافی خۆبەڕێوەبەری و پراکتیزەی ئایینی خۆی هەیە. قسەکردنیش لەسەر ئیسرائیل، یەکسان نییە بە جووبێزی[16] (وەکوو هەندێک کەس دەیانەوێت بەمەبەست پرسەکە وا لێ بکەن). لەمڕۆدا، کۆمەڵێک ڕۆشنبیر بەردەوام ئەم ڕوانگەیە دەخەنەڕوو. هەر ئەم ڕوانگەیە یەکێکە لە بیانووەکانی ئیسرائیل بۆ درێژدەدان بە توندوتیژی. قسەکردن لەسەر دەوڵەتی مەزهەبی ئیسرائیل، جووبێزییانە نییە، جووەکان خۆیان ڕەوایەتیی نادەن بە بەرەی کۆنزەرڤاتی توندڕەویی ئێستای دەسەڵاتی ئیسرائیل، بەڵام بۆ هەندێک ئەم دەسەڵاتە، ئەو ڕۆحەیە دەتوانێت دژ بە تورکیا و ئێران و قەتەر بجەنگێ، ئەم ڕوانگەیە ئومێدهەڵچنینە لەسەر توندوتیژیی دژ بە توندوتیژی، خاوەنی ئەم ڕوانگانە، هەر ئەوانەن کە ئەمڕۆ بەرگریی لە ترسناکترین ڕژێمەکانی دونیا دەکەن گوایە لە پێناو بەرژەوەندیی گەلی کورد؛ هیچ بەرژەوەندییەک لە ئارادا نییە، ڕوونکردنەوەی ئەمە زۆر سادە و ساکارە، بۆیە جووبێزیی لێرەدا پرسی سەرەکیی نییە کە زۆرجار بەم ئاڕاستەیەدا دەبرێت. ئەم ئارگومێنتە هێندە لاوازە، شایەنی لەسەروەستان نییە و لێرەدا کاتی بۆ تەرخان ناکەین؛ هەرچەندە لە ڕۆژئاوا زۆرجار و لە زۆر پرسدا، دێتەوە بەرباس. نەک تەنیا لە پرسی فیکر و سیاسەتدا، زایۆنیستەکان هەڵایەکی گەورەیان درووست کرد لە دوایین پێشانگای هونەریی دۆکۆمێنتا لە شاری کاسێلی ئەڵمانیا. پێشانگەکە پێنج ساڵ جارێک دەکرێت و بەیەکێک لە گەورەترین ڕووداوە هونەرییەکان ناوخۆی ئەڵمانیا و ڕۆژئاوا دادەنرێت[17]. زایۆنیستەکان بانگەشەی ئەوەیان دەکرد، کە پێشانگەکە لەبەر چەند هۆکارێک لەو ساڵەدا، دژ بە جوو کاریان کردووە و پێشەنگەکەیان بەڕێوە بردووە.

     وەهمێکی دیکەی شەڕ لەگەڵ تیرۆردا، کە وەهمە گەورەکەیە، پاش یانزەی سێپتەمبەر دەست پێ دەکات. بۆ بۆدریار جیاوازییەکی زۆر لەنێوان جەنگە جیهانییەکانی یەکەم و دووەم و جەنگی سارد و تیرۆریزمدا هەیە. بۆدریار خۆی زۆرجار ئەو شەڕەی دژ بە تیرۆر ناودەنێت جەنگی گڵۆبالیزەیشن. بۆ ئەو، هەردوو جەنگە جیهانییەکەی سەرەتا جەنگی کلاسیکی بوون. بەم شێوەیە، “دەتوانین باس لە جەنگێکی جیهانیی بکەین کە جەنگی سێیەمی جیهانی نییە، بەڵکوو جەنگی چوارەمە و تەنیا ئەم جەنگەیشە کە جەنگێکی ڕاستەقینەی جیهانییە، چونکە ڕێک گرەوەکەی گڵۆباڵیزەیشن خۆیەتی”[18]. لای بۆدریار ئەوە تەنیا سیستەمی جیهانی خۆیەتی کە تیرۆریزم بەرهەم دەهێنێت، بەڵام بەرهەمهێنانی تیرۆریزم مەبەستگەرایانە نییە، بەڵکوو تیرۆریزم درزێکە لە دڵی گڵۆباڵیزەیشن. بانگەشەکردنی شەڕ لە دژی تیرۆریزمەوە لەلایەن خودی ئەو سیستەمە جیهانییەوە کە بەرهەمی هێناوە، لای بۆدریار مایەی پێکەنینێکی غەمگینانەیە. هەندێک لە ڕۆشنبیرانی کورد دەیانەوێ لە ئێستاشدا شەڕی ئیسرائیل و حەماس بەمجۆرە بخوێننەوە: گوایە ئیسرائیل نوێنەری شارستانییەتی ڕۆژئاوایە و حەماسیش نوێنەرەی شارستانییەتی ڕۆژهەڵات. ئەم ڕوانگەیە بەدەر لەوەی ئادیالیستی و جەوهەرگەرایانەیە، جۆرێک ستایشکردنی توندوتیژیشە. پرسەکە لێرەدا هەمان لایەنگیریی‌شەیداییە و درووستکردنی دوو بەرەییە، هیچ بەرەیەک لە ئارادا نییە: درزێک لە دڵی گڵۆباڵیزەیشن خۆیدا ئامادەیە. کەواتە، “مەسەلەکە پەیوەست نییە بە بەریەککەوتنی شارستانێتییەکان یان ئایینەکانەوە، وەک چۆن ئیسلام و ئەمریکا تێ دەپەڕێنێت کە هەوڵ دەدەن ناکۆکییەکان لە خۆیاندا کورت بکەنەوە بۆ درووستکردنی وەهمی ڕووبەڕووبوونەوەی دووبەرەیی ئاشکرا و وەهمی چارەسەرکردنی بە هێز”[19]. مەسەلەکە بریتی نییە لە بەریەککەوتنی شارستانییەتەکان و شتی لەم جۆرە. ئەم هەڵە تیۆرییە، زۆرجاران دەربارەی کێشەی چین و ڕۆژئاوا (بەتایبەت لە کێشەی ئەفریکا)، ڕوودەدات. تیرۆریزم لە هەموو شوێنێکە، ڕێک لەبەر ئەوەی جیهانگیریی خۆی دەیەوێت لە هەموو شوێنێک بێت، ئەمە بەو مانایە نییە دەوڵەتە زلهێزەکان خۆیان بەمەبەست تیرۆر بەرهەم بهێنن وەکوو زۆرجاران تیۆری پیلانگیڕێی پێمان دەڵێت، بەڵکوو جیهانگیریی بێئاگا بەرهەمی دەهێنێت و خۆراکی پێدەدات. تیرۆر ڕوودەدات، پلانی بۆ داناڕێژرێت و مەبەستگەرایانە نییە. کەواتە کێشە بنەڕەتییەکە خودی سیستەمە جیهانییەکەیە، ئیتر مەسەلەکە چاکەی بەهای ڕۆژئاوایی و خراپەی بەها ڕۆژهەڵاتییەکان نییە، یان وەکوو بۆدریار دەڵێت: “خۆ ئەگەر ئیسلامیش بەسەر جیهاندا باڵادەست بووایە، ئەوا تیرۆر دژی ئیسلامیش چالاک دەبوو. ئەمەیش لەبەر ئەوەی ئەوە جیهان خۆیەتی کە بەڕووی گڵۆباڵیزەیشندا بەرگری دەکات”[20]. پرسەکە چ لای بۆدریار، چ لای دێرێدا، چ لای ئێمەیش لەم وتارەدا، بەرگریی نییە لە ڕۆژهەڵات و ئەکتی تیرۆریزم، بەڵکوو شیکردنەوەی تیرۆریزمە کە جەنگی دوولایەنەی ڕۆحی ڕۆهەڵاتی و بەهای ڕۆژئاوایی نییە، تەنانەت پرسەکە لەناو چوارچێوەیەکی ئەخلاقییش نییە، تیرۆریزم خۆی نائەخلاقییە. جا لەم پرسە نائەخلاقییەدا، کە تێیدا تیرۆریزم نائەخلاقییە و “ڕووداوی سەنتەری بەزرگانیی جیهانییش، ئەم تەحەدا ڕەمزییەیش، هەر نائەخلاقییە و بەرپەرچی گڵۆباڵیزەیشن دەداتەوە کە ئەمیش نائەخلاقییە. کەواتە لێگەڕین با ئێمەیش نائەخلاقی بین و ئەگەر دەمانەوێت شتێک تێ بگەین، با کەمێک بچینە ئەودیو چاکە و خراپەوە”[21].

      یەکێک لەو هەڵە تیۆرییانەی دیکە بۆ تیرۆریزم، چواندنییەتی بە ئانارشیزم و نەهیلیزم و دەمارگیری[22]. تیرۆریزم نەوەی هیچ یەکێک لەمانە نییە، بەڵکوو هاوچەرخی بەجیهانیبوونە و دیاریکردنی خەسڵەتەکانیشی هەر لەڕێی دیارییکردنی خەسڵەتەکانی جیهانگیرییەوە دەبێت. کە بەگوتەی بۆدریار، بۆ دەستنیشانکردنی ئەم خەسڵەتانە پێویستە جیاوازیی لە نێوان جیهانگیری[23] و گەردوونێتی[24] بکەین، کە لێکچوونێکی فریودەرانە لەناو هەردووکیاندا هەیە. گەردوونێتی، بریتییە لە “گەردوونێتیی مافەکانی مرۆڤ، ئازادییەکان، کولتوور و دیموکراسی. بەڵام جیهانگیریی بریتییە لە جیهانگیریی تەکنەلۆژیاکان، بازاڕ، گەشتوگوزار و ڕاگەیاندن. جیهانگیری وەک ئاڕاستەیەکی بەرپەرچنەدراو دەردەکەوێت، ئەمە لەکاتێکدا کە گەردوونێتی بەرەو لەنێوچوون دەچێت. لایەنی کەم بەوجۆرەی کە وەک سیستەمی بەهاکان لەسەر ئاستی مۆدێرنیتیی ڕۆژئاوایی خۆی درووست کردبوو، لەمەیشدا لە هیچ کولتوورێکی تردا وێنەی نەبووە.”[25] کێشەکە بەنیسبەت بۆدریارەوە، کێشەی  گەردوونیی کردنەوەی کولتوورە. هەر کولتوورێک گەردوونیی بکرێتەوە هەم خۆی لەناو دەبات، هەم ئەو کولتوورانەیش کە بەگوتەی بۆدریار ڕۆژئاوا وێرانی کردوون و لەناوی بردوون. بەڵام یەک جیاوازیی زۆر بنەڕەتیی هەیە، “کولتوورەکانی تر لە تایبەتمەندییەکانی خۆیان مردن، ئەوەش مەرگێکی سرووشتییە، لە کاتێکدا ئێمە لە لەدەستدانی هەموو تایبەتمەندییەکی خۆماندا دەمرین، لە بنەبڕکردنی هەموو بەهاکانماندا، ئەمەیش مەرگێکی بێنەرخە”[26]. کێشەکە لای بۆدریار بینینی بەهاکانە بەوەی کە چارەنووسە ئایدیالییەکەیان بریتییە لە گەردوونیبوونەوەی بەهاکان، ئەمەیش لەبەرچاونەگرتنی مەترسییەکی زۆر کوشندەیە: نزمبوونەوەی بەهاکە بەرەو پلەی سفری بەها[27]. هەمان مەترسی بەشێوەیەکی دیکە دەتوانین دیاریی بکەین، کە تێیدا هەموو نیشانە و بەها و داتاکان تێکەڵ بەیەکتری دەبن. هەر بەهایەک بەمجۆرە چڕییە بە جیهاندا بڵاو ببێتەوە و پشانی جیهان بدرێت، بخرێتە نێو تۆڕەکانەوە و هەموو سنوورەکان ببڕێت، لای بۆدریار دەگات بە پۆڕنۆگرافیا[28]. پۆرنۆگرافیبوونی ئەم دۆخە تەنیا لە پشاندانی دواسنووردا نییە، هاوکات لەو پنتەشدا کە وێنەی دیجیتاڵی تا دواسنوور هێزی خۆی دەردەخات؛ لەم دەرخستنەشدا هەر لایەک و ئەوی دی تا ڕادەی سوکایەتیی دەبات. هاوشێوەی پۆڕنەکانی ئەمڕۆی دونیا: پیاوێکی جەستەبەهێز، کێرێکی ئەستوور و باڵایەکی بەرز، بەرانبەر ژنێکی لاواز و بچکۆلە کە تێکشکاوی دەستی پیاوەکەیە؛ خۆ زۆرجار ژن لە پۆڕندا قەڵەو و بەهێزیشە، بەڵام لەژێر هێزی بازووی پیاوەکە دەرناچێت و تا ڕادەی سوکایەتیی دەبرێت. داعش، یەکێک لە تەکنینەکانی بڵاوکردنەوەی تۆقاندن، بە ڤیدیۆ و وێنەکانی بوو (سوپاس بۆ دیجیتاڵ  و تەکنەلۆجیا). یاخود لێدوانەکانی ترەمپ دەربارەی کوشتنی فەرماندە تیرۆریستییەکان. ترەمپ خۆی پۆرنۆگرافیبوونەوەی زیاتری وێنە دەرە-حەقیقییەکانی گڵۆبالیزەیشنە. چیتر لەم کەینوبەینەدا، هیچ گرنگییەک نامێنێت کە ئاخۆ بزانین وێنەکان ڕاستن یان درووستن؛ وێنە خۆی لەناوبردنی ئەم هاوکێشەیەیە. پۆرنۆگرافیای جەنگ، بریتییە لە ناگرنگبوونی حەقیقەتی ڕاست و درووستی وێنە، چیدی “وێنەکان نە لە نێو سیستەمی نواندنەوەدان و نە لە نێو ڕاگەیاندندا بە واتای وردی وشەکە، لەناو پرسی زانینی ئەوەی کە دەبێت بەرهەم بهێنرێت و سەرلەنوێ کۆپی بکرێتەوە و پەخش بکرێتەوە و قەدەغە بکرێت، یان ئەو مەسەلە “جەوهەری”یەی کە پەیوەستە بە زانینی ئەوەی ئایا ئەمە ڕاستە یان ساختەیە، چووە دەرەوەی بابەتەکە”[29]. هەر ئەمەیشە کە وا دەکات جەنگ پیاوانە بێت، چونکە پۆڕنۆگرافیا خۆی تا ڕادەی ئەوپەڕ پیاوانەیە. جەنگ، پۆڕنۆگرافیا و گڵۆباڵیزەیشن، لەنێو زیهنییەتێکی پیاوانەدا درووست دەبن. لەم وتارەدا لەو پەیوەندییە دەگەڕێین و ناچینە وردەکارییەوە.

ڕاگەیاندنی جەنگ دژ بە نا-جەنگ

     ساڵی ١٩٩١، پاش ئەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕژێمەکەی سەدام حوسەینی ئاگادار کردەوە، لە ئەگەری ئەوەی سەربازەکانی لە کوەیت نەکشێنێتەوە، بڕیار دراوە لەسەر ئەوەی هێرش بکەنە سەر بنکە سەربازییەکانیان لە کوەیت و عێراق و بەغداد. لەو کاتەدا بۆدریار وتارێکی لە ڕۆژنامەی Liberation بڵاو کردەوە بەم ناونیشانە: “جەنگی کەنداو ڕوونادات”. دوو هەفتە بەر لە هێرشە ترسناکەکەی ئەمریکا و بەڕیتانیا، بۆدریار پارچەیەکی تری لە وتارەکە بڵاو کردەوە بە دەستپێکی ڕستەیەکی هاوشێوەی ناونیشانی وتارەکەی: “ئایا بەڕاستی جەنگی کەنداو ڕوودەدات؟”. لەپاش لێدانی ئەمریکا لە ڕژێمەکەی سەدام حوسەین، بۆدریار ڕستەیەکی مشتومڕئامێزی لە دوابەشی وتارەکەیدا دەربڕی کە تاوەکوو ئێستایش لە دەربڕینە زۆر ئاڵۆزەکانی بۆدریارە: “جەنگی کەنداو ڕووی نەداوە[30]“. مەبەستی بۆدریار لەوەیە چیدی چەنگمان نییە بەمانا تەقلیدییەکە: دوو دەوڵەت بەرانبەر دوو  دەوڵەت، دوو جەمسەر بەرانبەر دوو جەمسەر، یەک جەمسەر و سیستەمی جیهانی هەیە هەموو ڕووداوەکان تێیدا ڕوودەدەن. هەموو جۆرە جیاوازەکانی توندوتیژیی لە هەر کوێیەکی دونیا کە بە تیرۆریزم ناو دەبرێن، بە هیچ جۆرێک لە دەرەوەی سیستەمەکە ڕوونادەن؛ ڕێک بە پێچەوانەوە، بریتیین لە کەلێنەکانی سیستەم خۆی. بۆدریار لە هەمان ئەو کتێبەدا، بەتوانجەوە ڕستەیەکی ئاڵۆز دەربارەی جەنگی سارد دەردەبڕێت: “هاوسەنگی تیرۆر”[31]. بەڵام کەنداو جیاوازە، کەنداو جەنگی هێزێکی جیهانییە کە لەڕێی کۆمپیتەر و سیستەمی گەورەی چەکی ئەلیکترۆنییەوە دژ بە سوپا کلاسیکییەکەی سەدام حوسەین. بەنیسبەت بۆدریارەوە، پاش کەنداو چیدی ناتوانین مشتومڕی کلاسیکیی دەربارەی جەنگ بکەین، چونکە جەنگ خۆی مەجازیی بووەتەوە. هەر ڕێک لەبەر ئەمەیشە جەنگ بەرانبەر تیرۆریزم بەتاڵە؛ چونکە سوپایەکی ڕاستەوخۆ لەئارادا نییە جەنگی بەرانبەر بکرێت، وەکوو سوپای دەوڵەتێک، ئەمەیش هێندەی تر تیرۆریزم نا-دەوڵەتی دەکاتەوە. تیرۆریزم، ڕێک وەک گڵۆباڵیزم خۆی، لە هەموو کەلێنەکانی دونیاوە سەر دەردێنێت و تۆقان درووست دەکات. هەر لەبەر ئەم هۆکارەیش، “جیاوازییەکی تەواوی لەگەڵ جەنگدا هەیە، چونکە جەنگ تا ڕادەیەکی زۆر پێشبینی دەکرێت، بەر لەوەی هەڵبگیرسێت، خەڵکانێک هەستی پێدەکەن، بەجۆرێک کە چیتر پێویستی بەوە نییە ڕوو بدات. تەنانەت ئەگەر بە ڕاستی لە واقعیشدا ڕوو بدات، ئەوا لە پێشترەوە بە مەجازی و گریمانەیی ڕووی داوە – کەواتە بەم جۆرە جەنگ نابێتە ڕووداو[32]“. پاش یانزەی سێپتەمبەر و مشتومڕەکانی، چیتر ئێمە ناتوانین بە جەنگ بڵێین ڕووداو، بەڵکوو تیرۆریزم ڕووداوە. بۆدریار تا ئەو ئاستە دەڕوات کە یانزەی سێپتەمبەر بە شاڕووداو پێناسە بکات، یاخوود بە دەربڕینی خۆی: دایکی هەموو ڕووداوەکان[33]. ڕووداویش بەقەولی دێرێدا، ئەو شتەیە کە لە سەرەتاوە لێی تێناگەین، دێت و هەموو شتێک دەشڵەقێنێت، تەنانەت فیکریش. تیرۆریزم، تەنیا توندوتیژیی نییە بەرانبەر مرۆڤ و سوپا و سیستەم و ئاو و درەخت، تەنیا بریتیی نییە لە ژمارەی مردووەکان و قوربانییەکان، بەڵکوو تیرۆری خودی فیکریشە، تیرۆری سیستەمی چەمکایەتییە. بەم واتە ئەوەی زۆرتر لە هەموو شتێک شۆک کراوە و بریندرا کراوە، ڕەنگە “ئەو کۆ-دەزگا چەمکی و دەلالی و هێرمینۆتیکییە بێت کە دەبوو، توانای پێشبینیکردنی ١١ـی سێپتەمبەری پێ بداینایە، دەبوو توانای ئەوەمان پێ بدات لێی تێ بگەین و تەفسیری بکەین و وەسفی بکەین و قسەی لێ بکەین و ناوی بنێین؛ بەم جۆرە، دەشیا کاریگەری تراوماکە بەتاڵ بکەینەوە و لە “کاری پرسەگێڕان”دا کەمی بکەینەوە. ڕەنگە قسەکردنم بەم شێوەیە نەختێ ئەبستراکت بێت و زیاد لە پێویستیش متمانەی بەخۆی هەبێت، وەک بڵێی تەنیا چالاکییەکی چەمکسازی و گوتارییەوە، مەسەلەیەکی مەعریفیی ڕووتە، وەک بڵێی لەڕاستیدا دەمەوێت تەنیا بڵێم، ئەوەی لە یانزەی سێپتەمبەردا ترسناک بوو، ئەوەی “بەبێ کۆتا” لەم دەربڕینەدا دەمێنێتەوە، ئەوەیە کە نازانین چییە. ناشزانین وەسفیشی بکەین و دیاریی بکەین، بگرە ناویشی بنێین[34]“. جەنگی تیرۆریستان جەنگێکی ڕەمزییە، لێدانە لە شوێنە هەستیارەکانی سیستەم وەکوو سەری (بە ئاماژەی دێرێدا). ژانی تیرۆریزم لێرەدایە کە پێشبینیی ناکرێت، چیتر هەڕەشەکان تەنیا لە دوو دەوڵەتەوە بەرانبەر یەکدی نایەن، بەڵکوو لە شوێنێکەوە دێن کە بەشێوەیەکی ڕادیکاڵ لە دەرەوەی مەترسیی دوو دەوڵەتە بۆ سەر یەکدی. بۆ نموونە سۆڤییەت و ئەمریکا، دەیانتوانی لە ڕێی خوێندنەوەی ئاماژە سیاسییەکانی یەکدییەوە، یاخود هەڕەشەی ئەتۆم بەرانبەر یەکدی، جۆرێک لە کارایی یەکدیی بەرانبەر خۆیان و جیهان بووەستێنن و لەکار بخەن؛ تیرۆریزم لە دەرەوەی ئەم پێناسانەیە، لە دەرەوەی دەوڵەتە، پێشبینیی نەکراوە، لە هەر شوێنێکی دونیاوە دەکرێت سەر دەر بهێنێت. بۆیە دەربڕینی “جەنگ دژ بە تیرۆر”، دەربڕینێکی بەتاڵ و بێمانایە. تیرۆریزم ئامانجدار نییە؛ تەنیا ئامانجەکەی جۆرێک لە لێدان لەو سیستەمەیە کە خودی خۆی تیرۆری بەرهەم هێناوە: گڵۆباڵیزەیشن. لێدانە ڕەمزییەکانی تیرۆر هەڕەشە نین بۆ سەر پنتێکی ڕووتی سنووری دەوڵەتێک، چونکە “ئامانجی ئەم کردەوانە چیتر سەندنەوە یان ڕزگارکردنی خاک و دامەزراندنی دەوڵەت-نەتەوە نییە[35]“، بەڵکوو هەڵتەکاندنی هەموو ئەم شتانەیە پێکەوە. تیرۆریستەکان سەرەڕای ئەوەی مەشقپێکراوی زلهێزەکانی نێو سیستەمن، جگە لەوەی چەکی خودی سیستەمیان هەیە، بە قەولی بۆدریار یەک چەکی زۆر مەترسیداری دیکەیشیان هەیە کە ئەو پنتەیە سیستەم دەستی پێی ناگات و بۆی ڕام ناکرێت، ئەویش مەرگی خۆیانە: خۆکوژی. هەموو ئەمانە پێکەوە، تیرۆریزم دەگەیەنن بە دەربڕینە سەرنجڕاکێشەکەی بۆدریار: تاقانەیی. بە بەڕوای بۆدیار ئەوەی هەوڵی تەفروتونا کردنی ڕەمزیی سیستەم دەکات، هێزە ئەڵتەرناتیڤە پۆزەتیڤەکان نین، بەڵکوو تاقانەییەکانن. بەڵام یەک خاڵ زۆر گرنگە، تاقانەییەکان هەموو کات وەکوو تیرۆریزم توندوتیش نین، بەڵکوو “هەیانە نەرمە، وەکوو تاقانەییەکانی زمان یان هونەر، جەستە یان کولتوور”[36]، ئەم تاقانەییانەیش ڕێسای تایبەتی خۆیان بۆ گەمەکە دادەڕێژن و نە ملکەچی حوکمی بەها دەبن، نە دەچنە ژێر باری بنەمای واقعی و سیاسییەوە؛ هەر بۆیە دەکرێت زۆر مەترسیدار و توندوتیژ بن، وەکوو تیرۆریزم، دەشکرێت بە پێچەوانەوە بن، وەکوو هونەر (هەرچەند هونەریش بەشێوازی خۆی توندوتیژ و ڕادیکاڵە). ئەم تاقانەییانەن هەمیشە مەترسیی بۆ سیستەم درووست دەکەن، بەڵام تاقانەیی تیرۆریزم لەمڕۆدا کارەساتێکی ترسناکیشی هەیە لە ڕۆژهەڵات: لایەنگیری. کە ئەویش لە پەتای لایەنگیری‌شەیداییەوە دێت. کۆمەڵێک دەبنە بەرگریکار و خۆفیداکاری کوێرانەی هێزێکی ترسناکی وەکوو حەماس، کۆمەڵێکی دیکە دەبنە حولحولی دەوڵەتی ئیسرائیل.

حەماس-ئیسرائیل؛ هەڵگەڕانەوەی لایەنگیری‌شەیدایی

     لە مێژووی فەڵەستیندا و لە سەدەی بیستدا، لەناو دونیای عەرەبی و لە ناوخۆی فەڵەستیندا دەیان جۆری خەبات بەرانبەر ستەمکاریی دەوڵەتی ئیسرائیل هەبوو. ئەو ستەمکارییەی کە ڕێگربوون لە هەر جۆرە خۆبەڕێوەبەرییەک لەلایەن گەلی فەڵەستینەوە. کۆتایی ئەم فۆڕمە لە خەبات لە سەدەی بیستدا، کە بێگومان لە فەڵەستینەوە تا دەگاتە کوردستان شیاو بوون، لە پاش کۆتاییهاتنی سەدەی بیست، ئەویش کۆتایی هات. سەدەی بیستویەک سەدەی لاوازبوونی خەباتی ناسیۆنالیستیی بوو لە کۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتییەکان. ناسیۆنالیزم لە سەدەی بیستویەکدا گەڕایەوە، بەڵام نەک وەکوو خەبات، بەڵکوو وەکوو بەرهەمهێنانی توندوتیژی. ئەمە لە تورکیا و عێراق و باشووری کوردستانیش هەمان جۆرە. چیتر ناسیۆنالیزم توانای جۆرێک لە خەبات و خۆشبەختیی نییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لەبەر ئەوەی کۆنتێکستەکە سەرلەبەری گۆڕاوە. ئیسلامی سیاسیی لەلایەک توندوتیژی و دەمارگیری ئایینی هێنایەوە نێو ململانێیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ناسیۆنالیزمیش جۆرێک لە دەمارگیریی نەتەوەیی. هەندێکجاریش دەوڵەت هێندە مەزهەبی دەبێتەوە، جۆرێک توندوتیژیی نوێ بەرهەم دێت: نموونەی دۆخی ئێستای شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل، کە هەردووکیان دەوڵەتی مەزهەبین. جا بەرگریی کردن لەو هێزانەی بەجۆرێک لە جۆرەکان سەر بەم دوو دەوڵەتەن، جۆرێکە لە کارەساتی دیکەی دونیای ئێمە.

     دێرێدا بە یەک ڕستەی سەمەرە ئەم دۆخە دەردەبڕێت: “خراپترین جۆری تیرۆریزم، ئەوەیە کە هیچ کەرەستەیەکی دیکەی بەرگری و بەرەنگاریت بۆ ناهێڵێتەوە جگە لە تیرۆر”. کۆتاییهاتنی خەبات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست شتێکی دیکە جێگەی گرتەوە: تیرۆریزم. بەجۆرێک ڕەنگە ئەو گوتەیەی بنیامین ڕاست بێت کە دەڵێت: “لە هەرکوێدا فاشیزم سەری هەڵدا، لەو شوێنەدا خەبات شکستی خواردووە”. توندوتیژیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چ بە گەڕانەوەی ئایینی، چ ناسیۆنالیستی، غیابی خەبات و سەرکەوتنی سیستەمە. لە پێکدادانەکانی ئەمڕۆی ئیسرائیل و حەماسدا، دۆخی لایەنگیریی دۆخێکە  کە تێیدا جگە لە کارەسات هیچی دیکە درووست ناکات. وەکوو چۆن حەماس گرووپێکی تیرۆریستی پیاوانەیە، ئەوهایش ئیسرائیل دەوڵەتێکی کۆنزەرڤاتی-مەزهەبییە. ڕەنگە بیانووی بەشێک لە ڕۆشنبیران بۆ بەرگریی لە ئیسرائیل ئەوە بێت، گوایە دەوڵەتێکی مۆدێرنە. ئێمە زۆر ناچینە نێو وردەکاری ئەم دەربڕینە هەڵەیەوە، تەنیا ئەوەندە دەڵێین کە بەپێی ڕوانگە باوەکانی ڕۆژئاوا بۆ دەوڵەتێکی مۆدێرن، هێشتا ئیسرائیل دەوڵەتێکی مۆدێرن نییە، یەک هۆکاری سادە بەسە بۆ ئەمە: ڕەتکردنەوەی مافی پەنابەرێتی و هەڵوەشاندنەوەی ڕوانگەی هاوڵاتی. تەنانەت دەوڵەتە ئەوپەرڕاستەکانی ئەوروپای ئەمڕۆیش بەمجۆرە دژە ئەوی تر نین. ئەمە بەدەر لە ڕەتکردنەوەی شێوەژیانی جیاواز. خۆ ئەگەر یەکێک بێت و بڵێت بەڵام مزگەوت و کەنیسەیش لە ئیسرائیل هەیە، ئەم قسەیەی هاوشێوەی ئەوەیە بڵێیت لە تارانی پایتەختی ئێران مادام کەنیسەی لێیە، ئەوا کۆمەڵگەی ئێران کۆمەڵگەیەکە ئایینی جیاواز و شێوەژیانی تر قبوڵ دەکات. کە ئەمە لە نوکتەیش ناچێت و هیچ ڕاستییەکی تێدا نییە. ئیسرائیل خۆی دەوڵەتێکی ئایینییە هاوڕیشەن لەگەڵ دژبەرەکەیدا کە ئیسلامیزمە. بۆیە زیاتر ئەم ململانێیە تیۆلۆژییە، یان وەکوو دێرێدا ئاماژەی پێدەدات، “کەواتە ڕەنگە لەلایەکی دیکەوە دوو سیاسەتی تیۆلۆژی ڕووبەڕووی یەکتر ببنەوە کە دەشێت بەشێوەیەکی سەیر لە هەمان ئەسڵ یان لە زەمینەیەکی هاوبەشی ئەو شتە سەرچاوەیان گرتبێت کە ناوی دەنێم وەحیی ئیبراهیمی”[37].

     لەلایەکی دیکەوە بزووتنەوەی حەماس، لە شکستی بزووتنەوە خەباتگێڕییەکانی ناوچەکە، بووەتە دەمڕاست و قسەکەری گەلی فەڵەستین، کە تەنانەت ناوخۆی فەڵەستین و خەڵکی غەزەیش بزووتنەوەکەیان قبوڵ نییە، مەگەر تەنیا پڕوپاگەندەی ئیسلامی سیاسیی لە ناوچەکە وا بڵێ، نموونەیش وەکوو کەناڵی “ئەل جەزیرە”، کە تەنیا کەناڵی بی‌بی‌سی و کەناڵی “ڕووداو” دەتوانن بگەن بەو ئاستە لە بێمۆڕاڵی و بەدئەخلاقی. بزووتنەوەی حەماس تەنیا لەبەر ئەوە نابێت ڕەت بکرێتەوە کە ئایدیۆلۆژیاکەی سەرلەبەری دژەژیانی، دژەژنی، توندوتیژیی ئایینە، بەڵکوو وەک دێرێدا ئاماژەی پێدەدات، “بەڵکوو بەکارهێنانی هەرە خراپترین کەرەستەکانی مۆدێرنیتەی تەکنۆ-سەرمایەدارییە لە حزمەتی دەمارگیریی ئایینیدا”[38]. کە ئەمە بۆ هەموو بزووتنەوە ئیسلامییەکانی وەکوو تاڵیبان و  ئال قاعیدە و داعشیش ڕاستە. بۆیە لێرەدا بانگەشەی ئێمە و وتارەکەمان، بریتییە لە تێپەڕین لە لایەنگیری‌شەیدایی و گەڕان بەدوای پرسیاری دیکەدا، لە دەرەوەی “لەگەڵ” لە “دژ” بوون. تەنانەت لە ئێستادا ئەگەر بزووتنەوەیەکی سیکۆلاری نەتەوەیی لە فەڵەستین ئامادەیی هەبێت وەکوو لە سەدەی بیستدا هەبوو، چیتر توانای وەڵامدانەوەی پرسی فەڵەستینی نییە؛ هەرچەندە بزووتنەوەیەکی سیکۆلاری نەتەوەیی، دەیان جار کەمزیانترە لە بزووتنەوەیەکی ئیسلامیستی دەمارگیر.

     پڕۆژەی ئاشتیی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەڕێگەی بونیادنانی دەوڵەت-نەتەوەوە بەشێوەیەک شکستی هێنا، کە ئاڕاستەی هەڵگەڕاوەی وەرگرت و خۆی بوو بە کارەسات و بەرهەمهێنانی توندوتیژی. چەندێک لە ئاستی سیاسی و سەربازی ئەم توندوتیژییە ئامادەیی هەیە، هێندەیش لە ئاستی کولتووری. تورکیا بەرچاوترین نموونەیە. تەنانەت لەمڕۆدا خەبات بۆ گەلی ژێردەست، لەڕێگەی گوتاری ناسیۆنالیستییەوە کاری نەکردەیە و دووبارە هەر دەگاتەوە بە توندوتیژی. خەبات پێویستی بەوەیە بە کەناڵی جیاواز بڕوات، تاوەکوو گەلیش ئازاد بکات. ئەمە تەنیا ئومێدێکە لە دەرەوەی جەنگەوە کە تاقانە شوێنێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەیڕەوی لێ بکات، ڕۆژئاڤای کوردستانە. ڕۆژئاڤا پڕۆژەیەکە لە دەرەوەی خواستی “مانەوە”ـی ڕووتی نەتەوە کە بەختیار عەلی ساڵانێکی زۆر لەمەوبەر ڕەخنەی کرد و هەڵگرانی ئاڵای کوردایەتیی بەسەر کۆمەڵگەی باشووردا هێنایان. ئازادی گەلان، بەبێ تێپەڕین بە ئازاددییەکانی ژن، ئایین و سێکسوالیتەدا توانای بەرهەمهێنانی جۆرێک لە خۆشگوزەرانی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێ نییە. ڕۆژئاوا لەم ئاستەدا “تاقانە”ـیە و ڕیالیزە بوونی ناواقیعییەتە لە ناوچەکەدا. بۆچی ڕۆژئاڤا بەم جۆرەیە، وەڵامدانەوەی پێویستی بە تەرخان کردنی کاتێکی زۆرە و خوێندنەوەی جیاوازی چەند بیریارێکە: لەوانەیش بێگومان عەبدوڵا ئۆجالان، بەڵام بەسەرنجێکی خێرا کە کۆتایی وتارەکەشمان پێک دەهێنێت، هەوڵدەدەین گۆڕانێکی بنەڕەتی لە چەمکی خەبات لە ڕۆژئاڤا ڕوون بکەینەوە کە مایکڵ هارت ئاماژەی پێدەدات. خەبات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و لە سەدەی بیستدا، خەباتی ناسیۆنالیستیی شیاو بوو بەرانبەر هێزە ئیمپریالیست و دەوڵەتە زلهێزەکان ئیتر لە جەزائیرەوە تا کوردستان، بەڵام پاش کۆتاییهاتنی سەدەی بیست، سەرلەبەری سیاقەکە گۆڕا. چیتر هێزی ناسیۆنالیستی ناتوانن ببنە خەباتکار، بەڵکوو تەنانەت دەبنە پێچەوانەکەی کە دەکاتە دژەخەبات و ستەمکار. نموونەی ئەمەیش تورکیا و حکومەتی جووت‌بنەماڵەی ناسیۆنالیستیی باشووری کوردستانە، کە تازە بە تازە هەندێک لە ڕۆشنبیران بۆی دەگەڕێنەوە و بەرگریی لێ دەکەن، ئەمەیش بە ئەندازەیەکی زۆر شەرمهێنە. هەر بۆیە لەگەڵ گۆڕانی سیاقەکەدا، خەباتیش فۆڕمی خۆی دەگۆڕێت. ناسیۆنالیزمیش لە ئێستادا لە هیچ پارادایمێکی خەباتدا جێی نابێتەوە، بگرە خۆی دەبێتەوە بە دژەژیان و دژەڕزگاری، تێگەیشتن لەمە کاتێکی زۆری پێویست نییە. کەواتە پرسیاری گۆڕانی خەبات دەبێت چۆن بێت، پێویستی بە دەستکاریکردنێکی ڕاستەقینەی تێڕوانینمان بۆ خودی ئایدیای خەباتگێڕی هەیە، ئەویش لە گۆڕانێکی سەرتاسەری لە چەمکێکی دەوڵەتییەوە بەرەو چەمکێکی نادەوڵەتی، درووست بەو جۆرەی مایکڵ هارت ئاماژەی پێدەدات: “گۆڕانی بنەڕەتی ئامانجی بزووتنەوەی کوردیی لە ڕزگاریی نیشتیمانییەوە National Liberation بۆ خۆ-سەریی دیموکراتیک Democratic Auotonomy[39]“. ئەو گۆڕانەی مایکڵ هارت ئاماژەی پێدەدات، بەمانایەکی دیکەیش دێت: “گۆڕانی چەمکسازیی لە سەروەرێتییەوە Sovereignty بەرەو خۆ-سەریی Autonomy[40]“. مەبەست لە چەمکی ئۆتۆنۆمیی مایکڵ هارت تەنیا بەدەستهێنانی سەربەخۆییەکی هەرێمی نییە لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی دیکەدا، خۆ باشووریش لە سەدەی بیستدا داوای ئەو ئۆتۆنۆمییەی کردووە، مەبەستەکە بەم جۆرە نییە کە هەندێک ڕۆشنبیر بانگەشەی بۆ دەکەن: مانەوە لە نێو دەوڵەتی سوریا و عێراق و دژەسەربەخۆیی کوردستان. خۆسەریی دیموکراتیک بەو شێوەیەی لە ڕۆژئاڤا هەیە زیاتر نزیکە لە کۆنفیدرالیزمی دیموکراتی، نەوەک ئۆتۆنۆمییەکی سادە و ساکار و بوون بە بەشێک لە دەوڵەت. ئەوانەی بەمجۆرە باس لە ڕۆژئاڤا دەکەن، لە بنەڕەتەوە لە کۆمەڵێک چەمکی سەرەتایی تێنەگەیشتوون کە لێرەدا جێگەی ڕوون کردنەوەیان نییە. بەمجۆرە ئامانجەکە دەچێتە نێو چوارچێوەیەکی سەروو-نەتەوەخوازانە؛ هاوشان بە تاقیکردنەوەی فۆڕمە نوێیەکانی دیموکراتی، ئەویش بەوجۆرەی لە ڕۆژئاڤا بونیادی بەڕێوبەرییەکەی بۆ بەگژداچوونەوەی ڕەگەزی، پێویستە ژنێک و پیاوێک بێت پێکەوە وەری بگرن، ئەمەیش وەک پەیڕەوێکی هاوسەرۆکایەتیی پیادە دەکرێت. بەمجۆرە، ڕۆژئاڤا فۆڕمی خەباتی دەگۆڕێت، کە تەنیا ئاشتی نییە بۆ گەلی کورد، بەڵکوو بۆ گەلانی دیکەیش لە ڕۆژئاڤا، وەکوو چۆن بۆ هۆمۆسێکسوالەکان و ئایینە جیاوازەکان و شێوەژیانە جیاوازەکانە. ئەمەیش دەیکات بە شوێنێکی فرە-گەل و فرە-نەتەوە. بەکورتی، چەسپاندنی ئایدیای فرەیی، هاوکاتیش دژ بە ئایدیای یەکیەتی و یەک-نەتەوەیی.

     گۆڕانی خەبات لە دەرەوەی ئایدیای دەوڵەت، پرسی ئەوروپا (بەو مانایەی دێرێدا بەکاری دەهێنێت)، چەمکی داهاتوو و دا-هاتوو[41] و تاقانە؛ پێکەوە پرسگەلێکن جێگەی باس و بیرلێکردنەوەی زیاترن و هەوڵ دەدەین لە وتارێکی دیکە، لەبارەیانەوە بدوێین. 


[1] بۆ ناونیشانی وتارەکە، ئیلهامم وەرگرتووە لە سەرەتای وتارێکی ژان بۆدریار بەناوی: ماسکی جەنگ. ژان بۆدریاریش لە سەرەتای وتارەکەیدا ئاماژە بە فیلمێکی سیدریک لابیچ دەکات، بە ناوی: نە لەگەڵ لە دژ- تەواو بە پێچەوانەوە Not for or against. Quite the contrary. خۆی لە وتارەکەدا ڕوونی دەکاتەوە دەربڕینی “تەواو بە پێچەوانەوە” واتاکەی ئەوەیە جیاوازییەک لە نێوان جەنگ و نا-جەنگدا بوونی نییە. لە درێژەی وتارەکەماندا دەگەڕێینەوە سەر سەرەتاکانی ئەم وتارەی بۆدریار.

[2] https://www.jfklibrary.org/archives/other-resources/john-f-kennedy-speeches/berlin-w-germany-rudolph-wilde-platz-19630626

[3] جاک دێرێدا، مێژووی درۆ، وەرگێڕانی: هاوار محەمەد، دەزگای ئایدیا، ٢٠١٧، لاپەڕە: ٢٥ 

[4] هەمان سەرچاوە، لاپەڕە: ٥٨

[5] هەمان سەرچاوە، لاپەڕە: ٥٩ 

[6] هەمان سەرچاوە، لاپەڕە: ١٤٤-١٤٥

[7] هەمان سەرچاوە، لاپەڕە: ١٣٢

[8] کە دەڵێین چەپ، مەبەستمان مارکسیزمی ئەرسۆدۆکس و پرۆلیتاریی نییە؛ چەپ واتە هەمەڕەنگی و فرەییەکی زۆر، واتە هەموو ئەوانەی کە بۆ ژیان و جیهانێکی باشتر تێدەکۆشن، ئەوانەی کە لە ژیانی ڕۆژانەوە تاوەکوو زانست “بەرەنگاری” بەڕووی ئەو هێزانەدا دەنوێنن کە ژیانی مرۆڤ لە “لەگەڵبوون” بەتاڵ دەکەنەوە و مرۆڤ فێری هەلپەرستی و خۆپەرستی دەکەن. چەپ هەموو ئەوانەن کە ڕۆژانە سەدانجار ناڵێن “من… من… من…”، لە ئاوساویی ئیگۆی ساویلکانەی خۆیاندا نابن بە “پاڵەوان بۆ خۆیان” بەڵکوو “ئەوانیتر” دەبینن و پێشوازیی لە هاتنیان دەکەن.

[9] بۆ ئەوەی ڕوون بێت مەبەستمان لە کارداشیانیزم چییە، دەتوانن ئەم وتارەی دوکتۆر مەنسور تەیفووری دەربارەی کارداشیانیزم بخوێننەوە:
https://www.char4.net/ku/view.php?ID=222

[10]https://www.hurriyet.com.tr/gundem/milli-savunma-bakani-yasar-guler-teror-orgutunun-belini-dogrultmasina-musaade-etmeyecegiz-42444282 

[11] دەتوانن لە هەمان سەرچاوەی پێشوو، کۆی لێدوانەکە لە بەشی تورکی، یان ئینگلیزیدا بخوێننەوە. 

[12] Welfare state

[13] جاک دێرێدا، ڕووداو و داهاتوو، وەرگێڕانی: هاوار محەمەد، زنجیرەی کتێبی ناوەخت، ناوەندی غەزەلنووس، ٢٠١٨، لاپەڕە: ٢٤

[14] sovereignty

[15] جاک دێرێدا، ڕووداو و داهاتوو، وەرگێڕانی: هاوار محەمەد، زنجیرەی کتێبی ناوەخت، ناوەندی غەزەلنووس، ٢٠١٨، لاپەڕە: ٧٤-٧٥

[16] anti-Semitism

[17] لێرەدا بە وردەکارییەوە ناچینە ناو ئەو کێشەیەی زایۆنیستەکان لە شاری کاسێل و ئەڵمانیا درووستیان کرد، بەڵام بۆ گەڕانەوە بۆ وردەکاریی ڕووداوەکە، دەتوانن وتارێکی هاوار محەمەد لەم لیننکەوە بخوێننەوە:
https://jineftin.krd/2022/06/19/%d9%be%db%8e%d8%b4%d8%a7%d9%86%da%af%d8%a7%d9%89-%d9%87%d9%88%d9%86%db%95%d8%b1%db%8c%d9%89-%d8%af%db%8c%d9%83%db%86%d9%85%db%8e%d9%86%d8%aa%d8%a7-%d9%88-%d8%b3%db%95%d8%b1%d9%86%d8%ac%db%8e%d9%83/

[18] سیستەم و تاقانە، ژان بۆدریار، وەرگێڕانی: هاوار محەمەد، زنجیرە کتێبی ناوەخت، ناوەندی غەزەلنووس، ٢٠١٨، لاپەڕە: ١٩

[19] هەمان سەرچاوە، لاپەڕە: ١٨

[20] هەمان سەرچاوە، لاپەڕە: ٢٠ 

[21] هەمان سەرچاوە، لاپەڕە: ٢٠ 

[22] Fanaticism

[23] Globalization

[24] Universality

[25] سیستەم و تاقانە، ژان بۆدریار، وەرگێڕانی: هاوار محەمەد، زنجیرە کتێبی ناوەخت، ناوەندی غەزەلنووس، ٢٠١٨، لاپەڕە: ١٠٨ 

[26] هەمان سەرچاوە، لاپەڕە: ١٠٨

[27] Zero degree of value

[28] بۆدریار خۆی وتارێکی هەیە بەناوی: پۆرنۆگرافیای جەنگ.

[29] ژان بۆدریار، سیستەم و تاقانە، وەرگێڕانی: هاوار محەمەد، زنجیرە کتێبی ناوەخت، ناوەندی غەزەلنووس، ٢٠١٨، لاپەڕە: ١٤٥

[30] Jean Baudrillard: The Gulf War did not take place, Translated by Paul Patton, Indiana University Press, 1995, p.61

[31] Jean Baudrillard: The Gulf War did not take place, Translated by Paul Patton, Indiana University Press, 1995, p.23

[32] ژان بۆدریار، سیستەم و تاقانە، وەرگێڕانی: هاوار محەمەد، زنجیرە کتێبی ناوەخت، ناوەندی غەزەلنووس، ٢٠١٨، لاپەڕە: ١٣١

[33] The “mother” of all events.

[34] جاک دێرێدا، ڕووداو و داهاتوو، وەرگێڕانی: هاوار محەمەد، زنجیرە کتێبی ناوەخت، ناوەندی غەزەلنووس، ٢٠١٨، لاپەڕە: ٦٦

[35] جاک دێرێدا، ڕووداو و داهاتوو، وەرگێڕانی هاوار محەمەد، زنجیرە کتێبی ناوەخت، ناوەندی غەزەلنووس، ٢٠١٨، لاپەڕە: ١١٠

[36] ژان بۆدریار، ڕووداو و تاقانە، وەرگێڕانی: هاوار محەمەد، زنجیرە کتێبی ناوەخت، ناوەندی غەزەلنووس، ٢٠١٨، لاپەڕە: ١١٦

[37] جاک دێرێدا، ڕووداو و داهاتوو، وەرگێڕانی: هاوار محەمەد، زنجیرە کتێبی ناوەخت، ناوەندی غەزەلنووس، ٢٠١٨، لاپەڕە: ١٤٦

[38] هەمان سەرچاوە، لاپەڕە: ١٣٠

[39] لەم لینکەوە، دەتوانن خوێنەری چاوپێکەوتنەکە بن بە زمانی ئینگلیزی، لەگەڵ مایکڵ هارت، بیریاری مارکسیستی:

[40] هەمان سەرچاوە.

[41] چەمکێکی زۆر ئاڵۆزی دێرێدایە کە لە ئینگلیزیدا بەم شێوەیە زۆرجار جودا دەکرێتەوە لەگەڵ داهاتوو: داهاتوو Future دا-هاتوو To come. هاوار محەمەد لە وەرگێڕانەکەیدا بەم شێوەیە جودای کردووەتەوە. ئێمە هەوڵ دەدەین لە وتارێکی دیکەدا ڕوونی بکەینەوە چەمکەکە لای دێرێدا چۆن کارا دەبێت.

هاوشێوە