رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

سیستەمى خۆراکیی هەمەچەشن و زیندوو، سەروەریی خۆراک و ئیکۆلۆژییە

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسین: دکتۆر ڤاندانا شیڤا

 وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە:  هەڵوێست عەبدوڵلا کەریم

تۆڕی ژیان تۆڕێکی خۆراکییە و ئێمەش بە سیستەمی سروشتی و هەموو زیندەوەرانەوە گرێدراوین. واتە سەروەریی خۆراک بە پلەی یەکەم پڕۆسەیەکی ئیکۆلۆژییە لە هاوئافراندن لەگەڵ فۆرمەکانی تری ژیان. سەروەریی خۆراک بریتییە لە پاراستنی مافی هەموو زیندەوەران، پاراستنی هەمەچەشنەیی زیندوو و تۆوی “زیندوو” بە مەبەستی گەشەکردن و پەرەسەندن، بریتییە لەوەی کە مافی خاک و خۆراک لە مرۆدا وەک ماددەیەکی بێهێز مامەڵەی لەگەل نەکرێت.

پاراستنی مافی زەوی بنەمای مافی ئازادیی خۆراک و سەروەریی خۆراکە. سەروەریی خۆراک بەدەست نایەت بەبێ بەدەستهێنانی سەروەریی تۆو، واتە جووتیار و خەڵک مافی پاشەکەوتکردن و بەکارهێنانی تۆوی نەریتی، خۆڕاگر، ڕەسەنی هەبێت. لەم چالاکییەدا گرنگیدان بە زەوی و خاک پێویستییەکی حەتمییە. ئێمە ناتوانین ئاواتەخوازبین سەروەریی خۆراکمان هەبێت ئەگەر زیندەوەرانی خاک پەروەردە نەکەین، چونکە جۆراوجۆریی بایۆلۆژی ئیکۆسیستەم پشتگیری لە هەمەچەشنەیی زیندوو دەکات لەناو مایکرۆبایۆمی ڕیخۆڵەکانماندا[1]. مەبەست لەوەیە تەندروستی هەسارەکە و تەندروستی ئێمە پێکەوەگرێدراون و لێک جیاناکرێتەوە.

سەروەریی خۆراک واتە هێشتنەوەی تۆو لە دەستی جووتیارەکاندا. ئەو تۆوەی دەتوانرێت پاشەکەوت بکرێت و لەنێوان جووتیاراندا بەبێ پارە/ بە خۆڕایی ئالۆگۆری پێ بکرێت. ئەو تۆوەی پاتێنت[2]/مافی داهێنانی بۆ نەکراوە، دەستکاری بۆماوەیی/جیناتی نەکراوە، یان لە لایەن کۆمپانیا زەبەلاحەکانی بازرگانی کشتوکاڵییەوە دەستیان بەسەردا نەگیراوە و خاوەندارێتییان لێ نەکراوە. سەروەریی تۆو لەسەر بنەمای وەرگرتنەوەی تۆو لە زەوی، هەمەچەشنیی زیندوو وەکوو پێدراو و پێداویستییەکی هاوبەش و گشتی دامەزراوە.

سەروەریی خۆراک واتە مافی ئەوەت هەبێت خۆراک/ گەشە بکات بەبێ ماددەی کیمیایی و دەستکاریکردنی ئەندامی/ ئۆرگانەکانی[3] ئەو خۆراکە. سەروەریی خۆراک واتە بەرهەمێنانی خۆراک و کشتوکاڵ بەبێ ئەوەی ژەهری تێدا بەکار بهێنرێت.

کاتێک تۆڕی خۆراک بەهۆی ماددە کیمیاییەکان و ژەهرەکانەوە و یاساکانی “بازرگانی ئازاد” و جیهانگیری دەشکێنرێت، هەمەچەشنەیی بایۆلۆژی دەسڕدرێتەوە و جووتیاران دەچنە ژێر باری قەرزەوە و خەڵک بەهۆی برسێتی یان نەخۆشییە درێژخایەنە نەگوازراوەکانەوە دەمرن کە پەیوەندییان بە پیسبوونی ژینگە و خراپی کوالێتیی خۆراکەوە هەیە. سەروەریی خۆراک واتە گەشەکردنی خۆراک دوور لە ماددە کیمیاییەکان و دەستکارینەکردنی جینات و بۆماوەیی خواردن. سەروەریی خۆراک واتە خۆراک و کشتوکاڵی بێ ژەهر.

لە ساڵی ١٩٨٧دا بانگهێشت کرام بۆ کۆبوونەوەیەک لەسەر بایۆتەکنەلۆژیا[4]، لەو کۆبوونەوەیەدا پێشبرکێ بوو دەربارەی دەرفەتی بەدەستهێنانی پاتێنتکردنی پێداویستییەکانی ژیان بە مەبەستی قازانجکردن، بێ گومان ئامانجی ڕاستەقینە و پاڵنەری خستنەبازاڕی ئەو ئۆرگانانەیە جیناتیان دەستکاریکراوە بۆ دەست بەسەرداگرتن و پاوانکردنیان. هەر لەو کاتەدا بوو بڕیارمدا لە ڕێگەی ئەو بزووتنەوەیەی لە ساڵی ١٩٩١ەوە دەستم پێ کردووە، دەست بە پاشەکەوتکردنی تۆو بکەم و بزووتنەوەکەم ناونا ناڤدانیا واتە نۆ تۆو. هەر لەوکاتەوە زیاد لە ١٥٠ بانکی پاشەکەوتکردنی تۆومان لە هندستان دامەزراند. تۆوی ناوخۆیی، کە لەگەڵ کولتوورە ناوخۆییەکان دەگونجێت و، خۆراکی زیاتر دابین دەکات و  بەرانبەر بە گۆڕانی کەشوهەوا زیاتر خۆڕاگر دەبێت.

لە کێڵگەی نەڤدانیا بە هاوکاری زانکۆی زەوی، ڕاهێنانمان بە زیاتر لە یەک ملیۆن جووتیار کردوو و  ئەوان ئێستە کشتوکالی ئەندامیی/ئۆرگانیک لەسەر بنەمای پاراستنی هەمەچەشنەیی زیندوو بەرهەم دەهێنن، بەبێ بەکارهێنانی ماددەی کیمیایی دەستکرد.

بەم شێوەیە گواستنەوە لە جیهانگیرییەوە لە لایەن کۆمپانیا فرەنەتەوەییەکانەوە پێشڕەوەی دەکرا، گۆڕا بۆ هەنگاو بە هەنگاوی خۆجێیکردنی/بەناوخۆییکردنی ئابوورییمان، لە هەمان کاتدا بووە بە ئیمتیازێکی ئیکۆلۆژی و کۆمەڵایەتیی پێویست بۆ جێگیرکردنی سەروەریی خۆراک. پشتگیریکردن لە ئابووریی ناوخۆیی، مەبەست لێی هەر شتێکە لە ناوخۆدا بەرهەم بهێنرێت، لەڕێی بەکارهێنانی لە سەرچاوە ناوخۆییەکاندا، پێویستە پارێزراو بێت، بۆ ئەوەی هەم ژیانی خەڵک و هەم ژینگە بپارێزرێت. بۆیە سەروەریی خۆراک بە واتای سیستەمی خۆراکیی هەمەچەشنە و بازنەیی و ناوخۆیی دێت کە چەقەکەى بەرژەوەندیى گشتىی مرۆڤ و ژینگە و هەمەچەشنیی زیندەوەرانە، دوور لە تەماحى داگیرکارى و پاوانکردنى سەرمایەدارانە.

لەم دواییانەدا، سیستەمی خۆراکیی پیشەسازیی جیهانی ئەهریمەنێکی نوێی بەرهەم هێناوە، ئەویش پیشەسازیی خۆراکی مۆدێرن و دروستکراو و ساختە و بەرهەمهاتووی ناو تاقیگەیە، تەنانەت بانگەشە و پڕوپاگەندەی ئەوە دەکات خۆراکی ساختە باشترین چارەسەرە بۆ تەندروستی هەسارەکە و مرۆڤەکان.

گرنگە ئەوە لە بەرچاو بگیرێت کە خۆراکی دەستکرد بەرهەمی کشتوکاڵی پیشەسازییە. بۆ نموونە لەسەر کشتوکاڵی مۆنۆکەلچەری[5] سۆیا ڕێژەیەکی زۆری کیمیایی پێو و قڕکەری تێدا بەکار هاتووە و لە هەندێک حالەتدا جیناتی سۆیاکەش دەستکاری کراوە.. سەروەریی خۆراک واتە خۆراکی ڕاستەقینە، ڕەسەن و هەمەچەشن بخۆین و خۆمان لە بەڵێنە درۆیینەکانی خۆراکی دەستکرد ئازاد بکەین. بۆیە پێویستە یاساکانی بازرگانیی ئازاد کە لە لایەن کۆمپانیاکانەوە نووسراون و هۆکارن بۆ بەرزبونەوەی رێژەی برسێتی و نەخۆشی و گۆڕانی کەشوهەوا، ڕاست بکرێنەوە. مافی زەوی و مافی مرۆڤ هەوێنی ئازادی خۆراک و سەروەریی خۆراک بن. لەمڕۆدا و لە سەرانسەری جیهاندا، جووتیارە پەراوێزخراوەکان[6] کشتوکاڵی ئەندامی/ئۆرگانیک لەسەر بنەمای هەمەچەشنەیی، خۆراکی ڕاستەقینە و ڕەسەن دوور لە ماددە کیمیاییەکان، بەرهەم دەهێنن. ئەوان لەسەر بنەمای ئیکۆلۆژیای کشتوکاڵی، خۆراک بەرهەم دەهێنن، بە ئامانجی پاراستن و پەروەردەکردنی خاک و تۆوەکانیانن. ئەو جووتیارانە خەریکی خۆراکدانی کۆمەڵگاکانیانن بە خۆراکی تەندروست و بەسوود و لە هەمان کاتدا خاک و هەسارەکە دووبارە بنیات دەنێنەوە. کشتوکاڵی ڕاستەقینە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ یاساکانی سروشت ئەنجام دەدرێت و دەبێتە هۆی دووبارە دروستبوونەوەی هەسارەکە لە ڕێگەی نوێبوونەوەی هەمەچەشنەیی زیندوو و خاک و ئاو. هەر بۆیە پێویستە پشتگیری لە کێڵگە بچووکەکان بکەین کە گرنگی بە زەوی و  ژیان دەدەن، خۆراکی جۆراوجۆر، تەندروست، نوێ و  ژینگەدۆست بۆ هەمووان بەرهەم دەهێنن.

سەرچاوە:

https://www.unescwa.org/sd-glossary/small-farmer

https://www.who.int/news-room/questions-and-answers/item/food-genetically-modified


[1] مایکرۆبایۆمی ڕیخۆڵە: لە تریلیۆن بەکتریا و میکرۆبی دیکە پێکهاتووە و ڕۆڵێکی زۆر گرنگ دەگێڕێن لە تەندروستیتدا، بە یارمەتیدانی کۆنترۆڵکردنی هەرسکردن و سوودگەیاندن بە سیستەمی بەرگری لەش.

[2] پاتێنت مافێکی تایبەتە بۆ داهێنانێک دەدرێت، بەرهەمێک یان پرۆسەیەکە بە گشتی شێوازێکی نوێ بۆ ئەنجامدانی شتێک دابین دەکات، یان چارەسەرێکی تەکنیکی نوێ بۆ کێشەیەک پێشکەش دەکات. بۆ بەدەستهێنانی پاتێنت، پێویستە زانیاری تەکنیکی سەبارەت بە داهێنانەکە لە داواکاری پاتێنتدا بۆ خەڵک ئاشکرا بکرێت.

[3] مەبەست لە Genetically Modified Organisms -ئەو ئۆرگان/زیندەوەرانەی جیناتیان دەستکاریکراوە، یان Genetically Modified Food-ئەو خۆراکانەی جیناتیان دەستکاریکراوە بە پێی پێناسەی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO)، واتە دەستکاریکردنی جیناتی ڕووەک، ئاژەڵ و وردەزیندەوەران و تێیدا ماددەی بۆماوەیی (DNA) دەگۆڕدرێت واتە بە شێوەیەکی سروشتی و بەهۆی جووتبوون و/یان پێکەوەگرێدانی سروشتی ڕوونادات. ئەم تەکنەلۆژیایە بە “بایۆتەکنەلۆژیای مۆدێرن” یان “تەکنەلۆژیای جین” ناودەبرێت، هەندێکجاریش بە “تەکنەلۆژیای DNAی پێکەوەلکاو” یان “ئەندازیاری جینیش” ناودەبرێت. ڕێگە دەدات جینە تاکەکەسییە هەڵبژێردراوەکان لە زیندەوەرییەکەوە بۆ زیندەوەرییەکی تر یان لە نێوان جۆرە ناپەیوەندیدارەکاندا، بگوازرێنەوە. ئەو خۆراکانەی کە لە زیندەوەری جینۆمۆدێرن بەرهەم دەهێنرێن یان بەکاردەهێنرێن زۆرجار بە خۆراکی جینۆمۆدێرن ناودەبرێن.

[4] بایۆتەکنەلۆژیا بریتییە لەو تەکنەلۆژیایەی سیستەمی بایۆلۆژی، زیندەوەرە زیندووەکان بەکاردەهێنێت بۆ پەرەپێدان یان دروستکردنی بەرهەمی جیاواز.

[5] لە فەرگەنگی کامبرجدا مۆنۆکەڵچەر واتە چاندنی تەنها یەک جۆر تۆو یان ڕاگرتنی تەنها یەک جۆر ئاژەڵ لەسەر ڕووبەرێکی زەوی کشتوکاڵی.

[6] جوتیاری پەراوێزخراو یان جوتیاری بچوک: ڕێکخراوی جیهانیی خۆراک و کشتوکاڵ لە سالی ١٩٧٨ بەم شێوەیە پێناسەی جوتیاری پەراوێزخراو ئەکات کەسێک توانا دەستڕاگەیشتنێکی زۆر کەمی بە دەسەڵاتی سیاسی، سەروەت و سامانی بەرهەمدار لە ناو کۆمەڵگە دا نییە یان زۆر کەمە. ئەوان لە ناوچە گوندنشینەکانی وڵاتانی تازەپێگەیشتودا ئامرازیان نییە بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانیان یان لە ترسی بەردەوامدا دەژین بۆ لەدەستدانی تواناکانیان. لە هەمان کاتدا لە سەرچاوەی دیکەدا مەبەست لەو جوتیارانەیە روبەری ٢ هێکتار زەوی کشتوکاڵیان هەیە.

هاوشێوە