رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

ئێدروارد بێرنیز (پڕوپاگەندە و داڕشتنی ڕای گشتی)

Facebook
Twitter
LinkedIn

وەرگێڕان: کەیوان هەورامی

لەم بابەتەدا دەپەرژێمە سەر ئێدوارد بێرنیز. بێرنیز بە پیاوە نادیارەكەی داڕێژەری ڕای گشتی ناسراوە. ئەو ئەمریكاییەكی بە ڕەچەڵەك نەمساییە. پسپۆڕ و پێشەنگی بواری ڕیكلام، پەیوەندیی گشتی و پڕوپاگەندە بوو. بێرنیز بە باوكی بانگەشەی سیاسی و ئابووریی مۆدێرن دێتە ئەژمار. حەفتەنامەی ئەمریكیی لایف، وەك یەكێك لە سەد كەسە كاریگەرەكەی سەدەی بیستەم ناوی بێرنیز دەبات. ئەو لە تەمەنی سەد و سێ ساڵیدا مرد. تا ساڵێك پێش مردنی لە كایەی پەیوەندیی گشتیدا چالاك بوو. بێرنیز تەكنیك و ستراتیژیی تازەی بۆ ئاڕاستەكردن و نەخشەڕێژكردنی ڕای گشتی داهێنا و لە ناسراوترین كتێبیدا (پڕوپاگەندە) نووسینییەوە. بەم پێیە زانستی پەیوەندیی گشتیی پێناس و تیۆریزە كرد. ئەو لە پێشەكیی كتێبی پڕوپاگەندەدا نووسیی: «دەستكاریی هۆشیار و ئاگایانەی نەریت و بیروباوەڕی خەڵكی، یەكێكە لە گرنگترین توخمەكانی كۆمەڵگەی دیموكرات، ئەوانەی كە دەتوانن دەستكاریی ئەم لایەنانە بكەن، حكوومەتێكی نادیار پێك دەهێنن و فەرمانڕەوایانی ڕاستەقینەی كۆمەڵگە مۆدێرنەكانن.»

زۆربەی ئەو كەسانەی كە تیۆریی دەسیسەیان بە خوڕافات دەزانی، پاش خوێندنەوەی كتێبی پڕوپاگەندە لەم بارەیەوە كەوتنە گومان و دوودڵییەوە، چونكە بێرنیز كە خۆی بەشێكی گەورەی دەزگای دەسەڵاتی ئابوورییە، لە كتێبچەیەكی ڕێبەردا، ڕێكارەكانی زاڵبوونی ئایدۆلۆژیا و نەخشەڕێژكردنی بیروڕای خەڵكی لە كۆمەڵگە دیموكراتییەكاندا ڕوون دەكاتەوە. بێرنیز وەكوو ماكیاڤیلیی سەدەی بیستەم وایە، وەك چۆن ماكیاڤیلی بە كتێبی «میر» كاریگەرترین ڕێگەكانی كۆنتڕۆڵكردنی خەڵكیی خستبووە بەردەم سیاسییەكان، بێرنیزیش وەكوو ڕاوێژكاری سیاسەتمەداران و پیشەسازانی گەورە، بۆی ڕوون كردنەوە كە چۆنچۆنی لە ڕێی جڵەوكردنی نائاگای جەماوەرەوە، سەرمایەی مەعنەویی خۆیان بەهێز بكەن و برەو بە سەرمایە ئابوورییەكەشیان بدەن. سەرمایەی مەعنەوی گەر بایەخی لە سەرمایەی ئابووری زیاتر نەبێت، كەمتر نییە. بە تایبەت لە سیاسەتدا یەكلاكەرەوەیە. سەرمایەی مەعنەوی واتە هەبوونی سەنگ، واتە ڕاكێشانی متمانەی خەڵكی و پێشوازیكردنی گشتی، واتە مزگێنیی گەیشتن بە ئامانج و بەرەوپێشچوون و پەلهاویشتن، واتە هەلی سەركەوتن لە هەڵبژاردندا.

بێرنیزیش وەكوو ماكیاڤیلی شەرم لە كەس ناكات، بەبێ هیچ پەنامەكی و شاردنەوەیەك بیركردنەوەی خۆی دەخاتە ڕوو. بێرنیزیش بە هەمان شێوەی ماكیاڤیلی دژی ئاكار نییە، بەڵام خاڵییە لە ئاكار. واتە بابەتی ئاكار لە نووسینەكانی ئەودا بابەتیەتی نییە، لای ئەویش «ئامانج پاكانە بۆ ڕێكار دەكات.» بە لای ئەوەوە دیموكراسی جۆرە ڕژێمێكە كە تێیدا كەمینەكی ڕۆشنبیر و هۆشیار، بەبێ پەنابردن بۆ زەبروزەنگ، ڕای گشتی بە لایەكدا ئاراستە دەكەن كە خۆیان پێیان باشە. بێرنیز لە كتێبەكەیدا دەنووسێت: «ئێمەی خەڵكی فەرمانڕەواییمان بەسەردا دەكرێت، مێشكمان ئاراستە دەكرێت، دەسكاریی سەلیقەمان دەكرێت و كەسانێكیش كە ڕەنگە ناویانمان هەر نەبیستبێت، بە خشكەیی بیروباوەڕێكمان دەخەنە مێشكەوە.»

دەكرێت بنەڕەتی فكری بێرنیز كە ڕەهەندێكی دەروونناسیشی هەیە، بەم جۆرە پوخت بكرێتەوە: «چینوتوێژی خەڵكی، بەر لە هەر شتێك بەپێی هەستەكانیان هەڵسوكەوت دەكەن. كەواتە دەبێت هەر لەسەر بنەمای هەستەكانیان ئاراستە بكرێن، نەك لەسەر بنەمای ژیری و لۆژیك.» ئەمە ڕێك لەو شتە دەچێت كە فرۆید لە پێكهاتەی دەروونی مرڤدا پێی دەگوت نائاگایی. فرۆیدیش دەیگوت نائاگایی سەرچاوەی سەرەكیی دنەدەری هەڵسوكەوتەكانی مرۆڤە. نائاگایی پابەندی غەریزە و هەستەكانە، نەك ژیری و لۆژیك. بێرنیز دەڵێت وەختێك كاریگەری بخەینە سەر نائاگایی مرۆڤ، نەك هەر تەنیا بەو جۆرە هەڵسوكەوت دەكات كە ئێمە چاوەڕوانیی دەكەین، بەڵكە واش بیر دەكاتەوە كە خۆی سەرچاوەی ئەم هەڵسوكەوتەیە، نەك هێزێكی دەرەكی. بێرنیز پێی وایە بە پێچەوانەی ئەوەی كە خەڵكی بیری لێ دەكەنەوە، دیموكراسی نوێنەری دەسەڵاتی خەڵكی نییە، ئایدیای بێرنیز دەربارەی دەسەڵاتی خەڵكی، بە دژەبەرەیەك دادەنرێت. چونكە گەر پەسەندی بكەین كە زۆربەی ئەندامانی كۆمەڵگە پابەندی هەستەكانیانن، هەستەكانیانیشیان دەكەونە ژێر كاریگەری و بیروباوەڕیشیان شایەنی نەخشەڕێژی و ئاراستەكردنە، مانای وایە زۆربەی كات پەیڕەوی لە ژیری و لۆژیك ناكەن. كەواتە ئەوان هەمیشە بە ئاراستەی بەرژەوەندییەكانیان ناجووڵێنەوە، بەڵكە لە ڕوانگەی بێرنیزەوە دایمە بە ئاراستەی بەرژەوەندیی دەسەڵاتداران دەجووڵێنەوە. بێرنیز هەم بە تیۆری و هەم بە كردە نیشانی دەدات كە چۆنچۆنی ڕێی تێ دەچێت بە دەسكاریكردنی هەستی خەڵكی، بیر و هەڵسوكەوتیان نەخشەڕێژی بكەیت. هەر لەبەر ئەوەشە كە دەڵێت دیموكراسی نوێنەری دەسەڵاتی خەڵكی نییە. ڕاستە لە سیستمی دیموكراسیدا دەسەڵاتی فەرمانڕەوا هیچ بیروباوەڕێك بە زۆر بەسەر خەڵكیدا ناسەپێنێت، بەڵام بە شێوازێكی زیرەكانە و خشكە جۆرە بیروباوەڕێكیان دەباتە مێشكەوە… لە ڕوانگەی بێرنیزەوە سیستمی دیموكراسی لەبری سەركوتكردنی بیروباوەڕی خەڵكی، هەوڵ دەدات دزە بكاتە نێو ئەو بیروباوەڕەوە.

گەر سیستمی فەرمانڕەوا بە بێشەرمی و زەبروزەنگ بیروباوەڕی مەبەستی خۆی بەسەر خەڵكیدا بسەپێنێت، جا ئەم بیروباوەڕەش چ لە بەرژەوەندیی خەڵكیدا بێت یان نەبێت، مەترسیی یاخیبوون و تەنانەت شۆڕشیش دەهێنێتە ئارا. چونكە ئەو خەڵكەی كە هەمیشە لە لایەنی فكری و فیزیكییەوە سەركوت دەكرێن، بە دڵنیاییەوە ئاگاداری ئەوەن كە لە كۆت و بەندی سیستمێكی دیكتاتۆریدا دەژین و بەرگەی ناگرن و بە درێژایی كات لێی هەڵدەگەڕێنەوە. دەزانن كەوتوونەتە چنگی سیستمێكی ستەمكارەوە، ئاخر سیستمی ستەمكار و باڵادەست وا لە بەرچاویاندا. كاتێكیش خەڵكی بەردەوام دەسەڵاتێكی ستەمكار و زاڵم بە بەرچاویانەوە ببینن، درەنگ یان زوو لێی یاخی دەبن، درەنگ یان زوو داوای مافی سیاسیی خۆیان دەكەن. كەچی لە سیستمێكی دیموكراتیكدا، كە بیروباوەڕی خەڵكی سەپێنراو نییە، بەڵكە بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ و خشكە دەخرێتە مێشكیانەوە، خەڵكی وا بیر دەكەنەوە بیروباوەڕەكانیان لەژێر كۆنترۆڵی خۆیاندان. تووشی ئەو وەهمە دەبن كە بڕوا و بۆچوونەكانیان ئازادانە و لە هزری خۆیانەوە سەرچاوە دەگرن. بەم دۆخەش قایلن و هەڵناگەڕێنەوە. بێرنیز ڕوونی دەكاتەوە كە دەسەڵاتی فەرمانڕەوا چۆنچۆنی لە ڕێی هونەری پڕوپاگەندەوە دەست بەسەر شێوازی بیركردنەوە و هەڵسوكەوتی خەڵكیدا دەگرێت، بێ ئەوەی خەڵكی بەوە بزانن كە بیروباوەڕیان دەسكاری و ئاراستە كراوە. بەم پێیە بۆ تێگەیشتن لە ئەندێشەی بێرنیز، دەبێت بە شێوازێكی كاتی, ئەو پێشگریمانە ناوازانە بخەینە لاوە كە دەربارەی دیموكراسی هەمانن و بە ئاراستەی ئەو گریمانەیەدا بڕۆین كە دەسەڵاتداران بێگومان بەپێی بەرژەوەندیی خۆیان دەجووڵێنەوە و بەرژەوەندیی ئەوانیش هەمیشە لەگەڵ بەرژەوەندیی خەڵكیدا یەك ناگرێتەوە.

بێرنیز برازای فرۆید و فرە لەژێر كاریگەریی ئەودا بوو، بە تایبەت دەربارەی نائاگایی و سەرچاوەی هەڵسوكەوتەكانی مرۆڤ. لە دیدی فرۆیدەوە، بەشێكی زۆری بیروباوەڕەكانی مرۆڤ، لە نائاگایی، غەریزە و هەستەكانییەوە سەرچاوە دەگرن. بەشی ئاگایی زەین، تەنیا ترۆپكێكی بینراوی كێوەسەهۆڵێكە كە بەشە سەرەكییەكەی نائاگاییە و نابینرێت. بێرنیز لەم بارەیەوە دەنووسێت: «دەروونناسانی قوتابخانەی فرۆید نیشانیان دا كە كردە و هەڵسوكەوتی مرۆڤ، كۆمەڵێك جێگرەوەن بۆ حەزە سەركوتكراوەكانی.» بە دەربڕینێكی تر: ئێمە هەندێك جار لەبەر ئەوە خوازیاری شتێك نیین كە بایەخدار و بەسوودە، بەڵكە لەبەر ئەوەیە كە نائاگایانە بە هێمای شتانێكی تری دەزانین كە بوێریمان نییە بە ڕاشكاوی داوایان بكەین. بۆ ڕوونبوونەوەی بابەتەكە مۆڵەت بدەن نموونەیەك بهێنمەوە: كەسێك ئۆتۆمۆبێلێك دەكڕێت كە هۆكارە ڕواڵەتییەكەی ئەوەیە گوایە بۆ چوونە سەر كارەكەی پێویستی پێیەتی، ئەمەش لە دۆخێكدا كە ڕاستییەكەی بەپێی پێوەرەكانی ژیری نە پێویست بووە بچێتە ژێر باری ئەو قەرزەوە و نە ناچار بووە بۆ چوونە سەر ئیشەكەی ئۆتۆمۆبێل بكڕێت، بەڵكە دەیتوانی سوود لە كەرەستەی گواستنەوەی گشتی وەربگرێت یان بە پێ بڕوات كە بۆ تەندروستییەكەشی باشتر بوو. كەواتە ئەوەی كە دەڵێیت لەبەر خاتری ئیشەكەم ئۆتۆمۆبێلم كڕیوە، پاساوێكی درۆیینەیە. ڕەنگە نائاگایانە بۆیە حەزی لە ئۆتۆمۆبێل بووبێت كە هێمایەكە بۆ سەركەوتنی كۆمەڵایەتی، ڕەنگە نائاگایانە پێویستی بەوە بووبێت كە دیسانەوە سەرنجی ژنەكەی ڕابكێشێت و ببێتە هۆكاری دڵخۆشیی. ئەم بنەما گرنگەی كە جووڵەكانی ئێمە بە زۆری كۆمەڵێك پاڵنەری نادیاریان هەیە، وەك چۆن لە دەروونناسیی كەسیدا گرنگیی خۆی هەیە، لە دەروونناسیی جەماوەریشیدا جێی بایەخە. بەم پێیە پسپۆڕێكی سەركەوتوو لە كایەی پڕوپاگەندەدا، هەر تەنیا بەو كۆمەڵە پاكانەیە قایل نابێت كە خەڵكی هەڵسوكەوتی خۆیانی پێ پاساو دەدەن، بەڵكە پاڵنەر و هۆكارە شاراوەكانی هەڵسوكەوتی خەڵكی دەدۆزێتەوە و شیتەڵ دەكات.

ئەركی بێرنیز ئەوە بوو زانستی خۆی لە بواری دەروونناسیی كۆمەڵایەتی و ڕەفتارناسیی توێژەكاندا، بخاتە خزمەت سیاسەتمەدار و پیشەسازانی گەورەوە و یارمەتییان بدات پەرە بە دەسەڵاتیان بدەن، بەم پێیە پێچكەكانی دیموكراسی و ئابووری بخەنە گەڕ. كەواتە لێگەڕێن گوڵچنێك لە دەستكەوتەكانی بێرنیزتان بۆ بخەمە ڕوو.

لە ناوەڕاستەكانی جەنگی جیهانیی یەكەم لە ئەورووپادا، بێرنیز یارمەتیی ویڵسنـی سەرۆككۆماری ئەمریكای دا تا زەینی خەڵكی ئامادە بكات بۆ ئەوەی بەشداری لە جەنگدا بكەن. لەو سەردەمەدا بوو كە پۆستەری ناسراوی مامە سام بە دەربڕینی: «دەخوازم بێنە سوپای ئەمریكاوە» بڵاو بووەوە. كەمپینێكی بانگەشەی زیرەكانە كە پاساوی بۆ ئەمریكا هێنایەوە تا بچێتە ڕیزی هاوپەیمانانەوە و بووە هۆی ئەوەی خەڵكی لە بیرۆكەی ئاشتی و بێلایەنیی باوی ئەو سەردەمە دوور بكەونەوە. چەند ساڵێك دواتر بێرنیز كەمپینێكی بانگەشەیی بۆ پیشەسازیی خواردەمەنی كرد. بە مەبەستی برەودان بە قاوەڵتیی چەور و تێروتەسەل لەسەر بنەمای ڕاسپاردەی پزیشكان. بێرنیز سپاردی كۆمەڵێك لێكۆڵینەوەی زانستی–پزیشكی بكرێن، لە خزمەت پەسەندكران و بەباشزانرانی قاوەڵتییەكی چەور كە یارمەتیی تەندروستی دەدات. پاشان ئەنجامەكانی ئەم لێكۆڵینەوانەی گواستنەوە نێو چاپەمەنییەكان تا بكەونە بەر دیدی خەڵكی. لەوێوە بوو كە فرۆشی بێكن بە شێوەیەكی ستوونی برەوی سەند. بێرنیز زانیبووی ئەو پێگانەی كە دەتوانن خەڵكی فێری ئەم نەریتە بكەن، تەنیا پێگەی زانستی و خودی پزیشكانن. ئەو بەم ستراتیژییە، بووە هۆی ئەوەی كە بە ملیۆن كەس لە خەڵكی ئەمریكا، لەسەر متمانەی گوتارە زانستی–پزیشكییە بڵاوكراوەكان، بەوە ڕابێن كە بۆ قاوەڵتی هێلكەوڕۆن و بەیكن[1] بخۆن. ئەمە بۆ پیشەسازیی خواردەمەنیی بەیكن وەك قەڵەمبازێك وا بوو و بووە هۆی ئەوەی فرۆش و سوودی ئەم كۆمپانیایانە بە شێوەیەكی ستوونی هەڵكشێت…

بەڵام سێیەمین دەستكەوتی بێرنیز كە یەكێكە لە شاكارە سەرنجڕاكێشەكانی، ئەوە بوو كە بووە ڕاوێژكاری كۆمپانیای تووتنی لەكی سترایك بۆ ئەوەی برەو بە فرۆشتنی جگەرە بدات. ئەو كاتە بوو كە نەخشەیەكی داڕشت بۆ ستراتیژیەتێكی زیرەكانە و كاریگەر بە مەبەستی قایلكردنی ژنان تا جگەرە بكێشن. ئاخر لەو سەردەمەدا زیاتر پیاوان جگەرەیان دەكێشا، لە نێو ژنانیشدا تەنیا سۆزانییەكان. بەم پێیە ستراتیژیەكەی بێرنیز گۆڕینی نیشانەی جگەرەكێشان بوو لە نێو ژناندا. ئەو تێگەیشت كە دەبێت هێمایەكی تازە بدات بە كردەی جگەرەكێشانی نێو ژنان. ئاخر ئەو دەیزانی كردن یان نەكردنی هەڵسوكەوتێكی دیار، بە وێنای هێمایی ئەو هەڵسوكەوتەوە لە زەینی جەماوەردا بەندە. ئەوە ڕوونە گەر كردەیەك بەپێی نەریت ببێتە هۆی شوورەیی و ڕسوایی لە زەینی خەڵكیدا، كەواتە زۆربەی خەڵكی لەو كردەوەیە دوور دەكەونەوە. بۆیە بێرنیز چیی كرد؟ لە یەكشەممەی جەژنی پاكی ساڵی 1929 لە شاری نیویۆركدا، خۆپیشاندانێكی بە ڕواڵەت فێمینیستیی ڕێك خست؛ خۆپیشاندانێك كە ژنان بەڕێوەیان دەبرد، ژنانێك كە بۆ ئەم خۆپیشاندانە پارەیان وەرگرتبوو، دەبوو هاوكاتیش كۆمەڵە تابلۆیەك نیشان بدەن كە دروشمی ئازادییان بەسەرەوە نووسرابوو و بەدەم ڕێپێوانیشەوە جگەرە بكێشن. هەر بە ڕاستی ئەمە وانەیەكی مێژووییە بۆ نەخشەڕێژكردنی ڕای گشتی. بۆ ئاراستەكردنی ڕای گشتی، دەبێت هێمای بەرجەستە و بینراو بۆ نائاگاییان دابهێنیت. بە داهێنانی هێمایەكی واتادار، دەتوانیت ڕەوایەتی بە هەر ڕەفتارێك بدەیت. بە داهێنانی هێمایەكی شیاو، دەتوانیت پاساو بۆ هەر كردەیەكی كۆمەڵایەتی بهێنێتەوە و برەوی پێ بدەیت. دوای ئەم خۆپیشاندانانە ئیدی جگەرەكێشانی ژنان لە زەینی جەماوەردا نیشانەی سووكی نەبوو، بەڵكە بە هێمای بزاوتی فێمینیست و یەكسانیی مافی ژن و مێرد دادەنرا. لەگەڵ ئەوەشدا فرۆشی جگەرە و كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی جگەرە، لانیكەم دووقات بوو.

گەرچی بێرنیز دەیتوانی بە شێوازێكی سادەتر بانگەشە بۆ فرۆشتنی جگەرە بكات (بۆ نموونە جەخت لەسەر كارگەریی بەسەر تەندروستییەوە، ئاخر ئەو سەردەمە زۆربەی پزیشكان پێیان وا بوو جگەرەكێشان كۆمەڵێك كاریگەریی ئەرێنیی لەسەر تەندروستیی تاك هەیە؛ بۆ نموونە كەمكردنەوەی دڵەڕاوكێ)، بەڵام ئەو تەنیا بەم ستراتیژیەتەوە نەوەستا، بۆ ئەو هەر ئەوەندە بەس نەبوو فرۆشی جگەرە تۆزێك زیاتر ببێت، ئەو دەیویست لانیكەم فرۆشتنی جگەرە دووقات ببێت. بۆیە پێویستی بە هێمایەكی بەهێز و ئاڵۆزتر بوو تا كاریگەری بخاتە سەر هەستەكانی خەڵكی و ئیدی ئەم وێنایەی لە زەینی خەڵكیدا ئافراند: «جگەرەكێشانی ژنان، هێمای متمانەبەخۆبوون، ئازادی و ڕۆحیەتی شۆڕشگێڕانەیە.» بێرنێز پشتی بە ژیری و لۆژیكی مرۆڤەكان نەبەست، بەڵكە گەڕایەوە بۆ وێنا و بۆچوونەكانی نائاگایی زەینی خەڵكی. جا بە داهێنانی هێما و سیمبولی تازە، ڕای جەماوەری نەخشەڕێژی كرد. ئەمڕۆكە بە دەگمەن كەسێك دەزانێت سەرچاوەی جگەرەكێشانی خاتوونان ستراتیژیی پڕوپاگەندەكانی بێرنیز بووە. بە دەگمەن كەسێك بیریەتی كە بكەری ئەم هەڵسوكەوتە، داڕێژەری فكری خەڵكی بووە. ئەمڕۆكە بە خۆمان دەڵێین ژنانیش وەكوو پیاوان جگەرە دەكێشن و ئەمەش نیشانەی یەكسانیی مافی ژن و پیاوە، یەكسانییەك كە مرۆڤەكان لە پێناویدا جەنگیون و بە دژواری دەستەبەر كراوە. بە دەگمەن كەس بیری ماوە كە لانیكەم لەم بابەتەدا، ململانێ بۆ یەكسانیی ڕەگەزی تەنیا نمایشێك بوو و كۆمپانیاكانی تووتن لە پشت ئەم نواندن و خۆپیشاندانە نمایشیانەوە بوون. بلیمەتیی كەسانی وەكوو بێرنیز كە فكری جەماوەر ئاراستە دەكەن، لەوەدایە كە بە چەشنێك هەستەكان دەورووژێنن و وەها بڕوای هێمایی بەهێز لە زەینیاندا دەچێنن، كە بە گشتی ئامانجی سەرەتایی و سەرەكیی ئەركەكەیان لە بیر بكرێت… خۆ ئامانجی لەپێشینە و سەرەكیی بێرنیز بە ڕێکخستنی خۆپیشاندانی فێمینیستی و یەكسانیی مافی ژن و پیاو نەبووە، ئامانجی سەرەكیی هەڵكشاندنی سوود و فرۆشی تووتن بووە. بەڵام بە لێوەشاوەییەكی ماكیاڤیلیانەوە، بە تەڵەكەیەك كە زیاتر لە چاوبەستكردن دەچێت، وای كردووە دەسكاری و ئاراستەكردنی بیروباوەڕەكانیان وەكوو پێشكەوتنێكی كۆمەڵایەتی دەر بكەوێت. داڕێژەرانی بیروباوەڕ، پێویستیان بە ستراتیژیەتێكە كە بە سووراو و سپیاوی پێشكەوتن دەسكاریی فكر و بیری خەڵكی بڕازێنێتەوە. گرنگترین تەكنیكی داڕشتنەوە و ئاراستەكردنی بیروباوەڕ، داهێنان و دروستكردنی هێما و وێنای زەینیی شیاوە بۆ نائاگای ڕای گشتی… هەڵبەتە نابێت خەڵكی بەوە بزانن كە بیروباوەڕیان دادەڕێژرێت، دەبێت وا بزانن گۆڕانكارییەكە لە دەروونی خۆیانەوە سەرچاوەی گرتووە، نەك لە دەرەوە و بە مەبەست خرابێتە نائاگاییانەوە. دەسەڵاتی ڕاستەقینە لە سیستمە دیموكراسییە مۆدێرنەكاندا، دەزگای داڕشتنەوەی بیروڕا و هەڵسوكەوتە؛ دەسەڵاتێك كە بە دەسكارییەكی خشكانەی نائاگایی و هەستەكان، ئامانجەكانی دەپێكێت. كەواتە كەم تا زۆر هەستكردن بە ئازادی لە زەینی تاكەكاندا، هەر دەمێنێتەوە. ئەو خەڵكانەی كە هەڵسوكەوت و بیروباوەڕیان ئاراستە كراوە، بە وەهمی ئازادییەكەوە دەژین و دڵخۆشن. پێیان وایە هەڵسوكەوت و بیروبڕوایان لە دەروونی خۆیانەوە سەرچاوە دەگرێت، بێئاگا لەوەی ئەمە هەمووی بە دەستی كەسانێك خراوەتە نائاگاییانەوە كە ڕەنگە هەر ناویشیانیان نەبیستبێت.

دەزگای پڕوپاگەندەی مۆدێرن، چەمكی دیموكراسیی لە تێركردنی ئارەزوو و حەزە هەستی و كاتییەكانی خەڵكیدا كورت كردووەتەوە. كەس لە خۆی ناپرسێت ئەم خواست و ئارەزووە هەستەكیانە لە كوێوە دێن. وا دیارە بە تێپەڕبوونی كات، سیستمە سیاسییە چەوسێنەر و ستەمكارە دیرنەكان، گۆڕاون بۆ كۆمەڵێك سیستم كە حەزی ناوەكی و خواستی هەستەكیی خەڵكییان كردووە بە چەقی سەرنجی خۆیان. دەسەڵاتی سیستمی فەرمانڕەوا بەسەر خەڵكیدا هەر وا لە جێی خۆیدایە، بەو جیاوازییەی كە جاران بە زۆر دەسەڵات بەسەر خەڵكیدا دەسەپێنرا، بەڵام ئێستاكە و بە ڕێكارە مۆدێرنەكان، سیستمی فەرمانڕەوا لەسەر خواست و حەزی خودی خەڵكەكە بەسەریاندا زاڵ دەبێت. وا دێتە بەرچاو داڕشتنەوەی حەز و بیری خەڵكی، بە ڕێكاری ورووژاندنی هەستەكان، گەلێك لە ڕێكارە چەوسێنەر و ستەمكارانەكانی جاران سەركەوتووتر بێت. باشترین ڕێ بۆ دەسەڵاتگرتن بەسەر مرۆڤەكاندا، جڵەوكردنی هەست و خواستە ناوەكییەكانیانە. سیستمە دیكتاتۆرییەكان لەسەر بنەمای ملكەچیی بێچەندوچۆن بۆ یاسای دیكتاتۆر بنیاد نران، سیستمە دیموكراسییەكانیش لەسەر بنەمای ملكەچیی بێچەندوچۆن بۆ هەست و خواستە ناوەكییەكانی تاك. بەم پێیە دەسەڵاتداران ئیشیان بە بەشە لۆژیكییەكەی زەینی مرۆڤ نییە، بەڵكە نیشانە لە بەشە هەستەكییەكەی زەینی مرۆڤ دەگرنەوە. بەم پێیە بەرژەوەندییە دیار و لۆژیكییەكانی خەڵكی بابەتیەتی خۆیان لە دەست دەدەن، بابەتی سەرەكی دەبێت بە بەدیهێنانی حەزە ناوەكییەكانی و وەڵامدانەوەی خواستە هەستییەكانیان.

ئێستە دەمەوێت بە كورتی پێنج دانە لە تەكنیكەكانی داڕشتنەوە و ئاراستەكردنی هەڵسوكەوتی جەماوەرتان بۆ ڕوون بكەمەوە. تەكنیكی یەكەم سوودوەرگرتنە لە ترسی لەدەستدانی ئاسایش. ترسی لەدەستدانی ئاسایش دەبێتە هۆی ئەوەی مرۆڤەكان بێ هەڵسەنگاندنێكی گشتلایەن، بڕیار بدەن و هەڵسوكەوتێك بنوێنن. نابێت بە چاوێكی كەم لە پێویستیی ئاسایش بڕوانین، پاش پێویستیگەلی پەیوەست بە ژیانی وەك خواردەمەنی و شوێنی نیشتەجێبوون و پۆشاك، پێویستیی ئاسایش دەكەوێتە سەرووی پێویستییەكانی مرۆڤەوە، تەنانەت لە پێشەوەی پێویستیی ئازادیشدایە. كەواتە دەسەڵاتداران بۆ ئەوەی جۆرە هەڵسوكەوتێكی تایبەت بخەنە مێشكی خەڵكییەوە، بە پشتبەشتن بە هەستی ترس، ئەو بڕوایە دەخزێننە نائاگای خەڵكییەوە كە گەر بەو جۆرە نەجووڵێنەوە، ئاسایشتان دەكەوێتە مەترسییەوە. ئەوسا خەڵكی بە ویستی خۆیان بەو جۆرە دەجووڵێنەوە كە دەسەڵاتداران مەبەستیانە. هاوكاتیش لەو وەهمەدا دەژین كە هەڵسوكەوتی ئەوان بە شێوەیەكی خۆڕسكانە لە دەروونیاندا سەرچاوەی گرتووە. حكوومەتی ئێران دەیخاتە نائاگای جەماوەرەوە كە ئەگەر ئێمە نەبین، ئاسایشی ئێوە دەكەوێتە مەترسییەوە. حكوومەتی ئەمریكا ئەوەی دەبردە مێشكی جەماوەری ئەمریكاوە كە ئەگەر هێرش نەكەینە سەر عێراق، ئاسایشمان دەكەوێتە مەترسییەوە. هەستكردن بە لەدەستدانی ئاسایش، بووە هۆی ئەوەی خەڵكی ئەم هێرشە سەربازییە پەسەند بكەن. جا من نازانم پاڵنەری سەرەكی و سەرەتایی حكوومەتی ئەمریكا بۆ هێرشكردنە سەر عێراق چی بووە، ڕەنگە كۆنترۆڵكردنی سەرچاوە نەوتییەكان بووبێت، ڕەنگە هۆكاری دیكەی لە پشت بووبێت… ئەوەی كە بۆ من گرنگە، ئەوەیە كە بە هێنانەكایەی هەستی ترسی لەدەستدانی ئاسایش جەماوەر بەم هێرشە سەربازییە قایل بووە.

تەكنیکی دووەم هێنانە ئارای دووڕیانی درۆیینەیە. ڕاستییەكەی ئەمە ڕێسا بەرەسازییە سیاسییەكانە. واتە لەگەڵبوون یان دژبوون. واتە نەهێشتنی هیچ دۆخێكی هاوسەنگ. فڵانە كەسی سیاسی یان دەبێت سەد لە سەد هاوڕای بین، یان سەد لە سەد دژی. هیچ دۆخێكی نێوەندگرانە بوونی نییە، دەسەڵاتداران بەم جۆرە ستراتیژیانە خەڵكی بەرەو هەڵبژاردنی سفر و یەك پاڵ پێوە دەنێن تا جێگەیەكی ئەوتۆ بۆ تێڕامانی لۆژیكی نەهێڵنەوە. ئاخر ئەوان دەزانن لە سیستمە دووجەمسەرییەكاندا، هەوارداریی مرۆڤەكان بۆ ئۆردوگای چەپ یان ڕاست… زیاتر لەسەر بنەمای هەست دەبێت نەك لەسەر بنەمای لۆژیك. هاتنەئارای ئۆپۆزیسیۆنی نێوەندی و ناجەمسەری، دەبێتە هۆی چالاكبوونی بەڵگاندنی لۆژیكیی خەڵكی. ئەمە بۆ دەسەڵاتداران باش نییە. چونكە ئەوان لەسەر بنەمای هەستەكان بیروباوەڕی خەڵكی دادەڕێژن، نەك لەسەر بنەمای بەڵگەی لۆژیكی. هەڵبەتە كۆمەڵگەكان خۆبەخۆ دەبنە دووجەمسەری، چونكە هەواداربوونی ئۆردوگایەكی فكریی دیاریكراو، ئەوە دەگەیەنیت كە مرۆڤ بتوانێت خۆی وەك ئەندامی گرووپێك پێناس بكات. ئەمە پەیوەستە بە هەستی هۆگربوونەوە، كە لە زنجیرە خواستە كۆمەڵایەتییەكانی مرۆڤە و لە نائاگایی مرۆڤەوە سەرچاوە دەگرێت. ئێوە لە چواردەوری خۆتاندا چەند كەس شك دەبەن كە لە ڕووی سیاسییەوە نە هۆگری حیزبی ڕاست بن و نە چەپ؟ بەڵكە هەنگاو بە هەنگاو بڕیار بدەن كە هەڵوێستی كامەیان لۆژیكیترە؟ ئەم جۆرە مرۆڤانە گەلێك دەگمەنن. هەمیشە زۆرینە یان دەچێتە ڕیزی حیزبی چەپەوە و بەرگری لە بەهاكانی دەكات یان بە پێچەوانەوە، دەچێتە حیزبی ڕاستەوە و دەبێتە بەرگریكاری سەرلەبەری بەهاكانی ئەو حیزبە.

تەكنیكی سێیەم داڕشتنەوەی هێماگەلێكە كە لەگەڵ بەهاكانی كۆمەڵگەدا بێتەوە. وێنای بكەن كە دەسەڵاتداران بیانەوێت خستنەوەی منداڵ لە ڕێی دایكی جێگرەوەوە لە فڵانە وڵاتی ئەورووپایی بە یاسایی بكەن. واتە ژن و مێردێك بیانەوێت منداڵ بخەنەوە، بەس هەرچۆنێك بووە خاتوون نەیەوێت نۆ مانگ بە جەستەی خۆی باری دووگیانی بكێشێت. خاتوونێكی دیكەش بە ناوی دایكی جێگرەوە، لە بەرانبەر وەرگرتنی بڕە پارەیەك، پەسەندی دەكات تۆوی پەروەردەكراوی باوك و دایكە سەرەكییەكە لە هێلكەدانی ئەودا بچێنرێت. كۆرپەلە نۆ مانگی قۆناغی گەشەكردنی لە هێلكەدانی دایكی جێگرەوەدا بەسەر دەبات، دوای لەدایكبوونیش منداڵەكە دەدرێتەوە بە دایكە سەرەكییەكەی. ئێستە وێنای بكەن گەر دەسەڵاتداران بیر لە گەرمكردنی ئەو بازارە گەورەیە بكەنەوە، ئاخۆ چ كاریگەرییەك لەسەر ئابووریی وڵات دادەنێت! بۆ ئەم مەبەستە دەبێت سەرەتا ڕای گشتی ئامادە بكەن. دەمودەست لە ڕاگەیاندن و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا، هێما و دروشمەكانی یەكسانیی مافی ژن و مێرد دەبینرێت. دەست دەكەن بە دروشمدان دەربارەی ئەوەی كە جەستەی ژن هی خۆیەتی و سەرپشكە لەوەی چۆنچۆنی بڕیاری لەسەر بدات و ئەمەش بەهاگەلی بنەڕەتیی كۆمەڵگە دیموكراتییەكانن. بەم پێیە هەستەكانی ڕای گشتی دەورووژێنرێن. زەینی جەماوەر ئاراستە دەكرێت و پێی وا دەبێت كە منداڵخستنەوە لە ڕێی دایكی جێگرەوە كارێكی دروستە. بێئاگا لەوەی كە ئەوانەی دەستیان بەم پڕۆژەیە كردووە، هەر لە بنەڕەتەوە ئامانجیان ئازادیی ژن و مافی یەكسانیی ژن و مێرد نەبووە، ئەوان تەنیا ویستوویانە بازاڕێكی ئابووریی نوێ بكەنەوە…

تەكنیكی چوارەم سوودوەرگرتنە لە نەریت و ئاكارە باوەكانی نێو كۆمەڵگە. بۆ نموونە لە ئێران كە زۆربەی خەڵكی پابەندی دابونەریتن، بۆ ئەوەی حیجابی ناچاری هەر وا بمێنێتەوە، لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا گرتەی خۆپیشاندانێكی ئەورووپا نیشان دەدەن كە تێیدا كچان بە سنگی ڕووتەوە ڕێپێوانیان كردووە. ئەمە بۆچی؟ بۆ چەسپاندنی ئەو بۆچوونە لە نائاگای چینی پابەندی دابونەریت كە ئەگەر حیجاب ناچاری نەبێت، خاتوونان بە ڕووتی دێنە دەر. جا ڕەنگە هۆكاری سەپاندنی حیجاب بۆ دەسەڵاتداران شتێكی تر بێت، ڕەنگە هەر لە بنەڕەتەوە لایەنە دینییەكەی هیچ گرنگییەكی بۆ ئەوان نەبێت، ئەوەی كە بە لایانەوە گرنگە، ئەوەیە كە حیجاب هێمای ڕەوایەتیدرانە بە سیستم. هێمای هاوڕایی خەڵكییە لەگەڵ ئایدۆلۆژیای حكوومەتی ئیسلامیی ئێران. بەڵام لە نائاگایی چینی پابەندی دابونەریتدا، دەبێت ئەو بیروباوەڕە بچەسپێنرێت كە حیجاب گرێنتیكەری شەرەف و پاكیزەیی كچانی ئێمەیە. بەم پێیە هەستەكانیان دەورووژێنرێن بۆ ئەوەی بەرگری لە حیجابی ناچاری بكەن.

تەكنیكی پێنجەم دروستكردنی هێماگەلی شیاوە بۆ ورووژاندنی ویژدانی ئاكاریی خەڵكی. جەنگی سووریا بە نموونە دەهێنینەوە. وڵاتە دیموكراسییەكان چۆن پاساویان بۆ دەستێوەردانە سەربازییەكانیان هێنایەوە و جەماوەریان قایل كرد؟ لەسەر چ بنەمایەك ڕای گشتی بەو جۆرە دەستێوەردانە سەربازییە قایل بوو؟ لەسەر بنەمای وێنەی تەرمی منداڵێك لەسەر یەكێك لە كەناراوەكانی وڵاتی توركیا بە ناوی ئالان كوردی. وێنەیەك كە لە ڕاگەیاندن و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی پەڕتاپەڕی دونیادا دەنگی دایەوە. وێنەیەك كە هەستی هەر مرۆڤێكی بەویژدان بریندار دەكات. بەس ئایا ئەم وێنەیە بەكار نەهێنرا بۆ داڕشتنەوە و ئاراستەكردنی ڕای گشتی؟ بە یارمەتیی ڕاگەیاندن و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، ئێمەی مرۆڤەكان زیاتر لە جاران لە كۆمەڵگەیەكی نمایشیدا دەژین. كۆمەڵگەیەك كە تێیدا دەسەڵاتداران بە خستنەڕووی دیمەنگەلی كاریگەر و هەستهەژێن ڕای گشتی بە ئاراستەی بەرژەوەندییەكانی خۆیان دادەڕێژنەوە. ئامانجی سەرەكی ئەوەیە كە خەڵكی بە حەزی خۆیان ڕەوایەتی بە پڕۆژەكانی دەسەڵاتداران بدەن. پڕۆژەگەلێك كە ئەگەر بەبێ ورووژاندنی هەست و سۆز لە گۆشەنیگای ژیری و لۆژیكەوە ڕوون بكرێنەوە، خەڵكی پەسەندیان ناكەن.

لە نووسینەكانی بێرنیزەوە تێدەگەین كە چۆنچۆنی كۆمەڵگە دیموكراسییە مۆدێرنەكان بوون بە سەكۆی نمایش؛ نمایشی پێشكەوتن، نمایشی ئازادی، نمایشی یەكسانی. هەر یەك لەم نمایشانە بەرژەوەندییەكیان لە پشتەوەیە؛ هەر لەو ژنانەوە بیگرە كە بە جگەرەی دەستیانەوە بە ناوی فێمینیست یان یەكسانیی ڕەگەزی خۆپیشانیان كرد تا بڵاوبوونەوەی تەرمی منداڵێكی بێتاوان لە ترۆپكی قەیرانە دیبلۆماسی و سیستمییەكاندا. هەر هەواڵ و وێنەیەك كە بڵاو دەبێـتەوە و هەستی جەماوەر دەورووژێنێت، بەرژەوەندییەكی لە پشتەوەیە و كاریگەری دەخاتە سەر بۆچوونیان، داڕشتنەوەی بیروبۆچوون لە ڕێی دەستكاریكردنی بەشی سادە و خۆشباوەڕ و بێگەردی دەروونی مرۆڤەكانەوە ئەنجام دەدرێت، بەشێك لە دەروونی مرۆڤ بەرییە لە توانای تێفكرینی ڕەخنەگرانە. یاریكردن بە هەست و سۆزی خەڵكی، واتە قۆستنەوەی خاڵی لاوازی ئەوان. خەڵكی حەز ناكەن بڕوا بەوە بهێنن كە هەستەكانیان وەك كەرەستەیەك بەكار دەهێنرێن، پێیان خۆشە وا بزانن خۆیان سەرچاوە بیروبۆچوون و ڕەفتارەكانیانن، هەروەها ویژدان و هەستەكانیان خاڵی لاواز نین، بەڵكە نیشانەی مرۆڤبوون و هاوسۆزیی هاوچەشنەكانیانە. ڕاستە، مرۆڤەكان مافی خۆیانە هەست و سۆز و ویژدانی ئاكارییان هەبێت، مرۆڤەكان مافی خۆیانە بەرانبەر ئەوەی كە دەیبینن و دەیبیستن هەستیار بن. بەڵام ئەوانەیش كە ئامادە نین هەست و سۆزەكانیان بخەنە گرەوی كۆمەڵگەیەكی نمایشییەوە و ڕاگەیاندن یارییان پێ بكات، هەر هەمان مافیان هەیە. خۆپاراستن لەوەی كە هەستەكانی من ببنە یاریی دەستی دەسەڵاتداران، خۆپاراستن لە هەبوونی هەستوسۆز نییە، خۆپاراستنە لەوەی كۆمەڵە كەسانێك ویژدان و هەستی ئێمە بكەنە كەرەستەیەك بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانیان. خۆپاراستنە لەوەی كەسانێك ویژدانی ئاكاریی ئێمە بە بارمتە بگرن. خۆپاراستنە لەوەی زنجیرە نادیارەكانی زەینمان ببنە بەربەست لە بەردەم تێفكرینێكی ڕەخنەگرانەی گشتلایەن. خۆپاراستنە لەوەی كە ڕەهەندێكی دیكەی مرۆڤبوونمان تووشی لاوازی و كەوتن ببێت: ڕەهەندی بەڵگاندنی لۆژیكی و تێفكرینی ڕەخنەگرانە.

آوای فلسفە

ادوارد برنیز (پروپاگاندا و مهندسی افكار عمومی)


1. بەیكن؛ گۆشتی سوێركراوی بەراز.

هاوشێوە