رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

ڕۆژى ژینگەى کوردستان و چەند سەرنجێک

Facebook
Twitter
LinkedIn

د. عبدالمطلب رفعت سرحت

ڕۆژی ژینگەی کوردستان کە ڕۆژی ١٦ی نیسانى هەموو ساڵێکە و هاوکاتە لە گەڵ ڕۆژی کیمیابارانکردنی ناوچەی (شێخ وەسان و بالیسان)، کە ئێوارەی هەممان ڕۆژى ساڵى ١٩٨٧ ڕژێمی بەعس ئەو ناوچانەی کیمیاباران کرد و لە ئەنجامدا ٢٦٤ ھاوڵاتی بوونە قوربانى و زیاتر لە ٤٠٠ هاوڵاتی تر زامدار بوون، ئەمە جگە لە زیانە ژینگەییەکان. بۆیە وەکوو وەفایەک بۆ خوێنی شەهیدان و ڕێزگرتن لە ژینگەى کوردستان و پاک ڕاگرتنی، ئەم ڕۆژە دیاری کرا بە ڕۆژی ژینگەی کوردستان.

ڕۆژى ژینگە لە زۆرێک لە وڵات و شارە گەورەکانى جیهان یاد دەکرێتەوە و لە ڕێى ئەنجامدانى چالاکیى ژینگەیى جۆراوجۆر و جیا لە یادکردنەوەى ڕۆژى ژینگەى کوردستان کە بەداخەوە تا ئێستا لە درووشم و وتار وسیمینار دەرنەچووە. جێى داخە لە هەرێمى کوردستان وەکوو پێویست کارى جددى نەکراوە بۆ پاراستنى ژینگە لە کاتێکدا هەرێمى کوردستان و عێراق لەژێر هەڕەشەى توندى گۆڕانکارییەکانى کەشوهەوادان و پێویستە پەلە بکرێت لە چارەسەرکردنى گرفتە ژینگەییەکان کە کاریگەریى خراپیان لەسەر هاوڵاتیانى هەرێمى کوردستان دروست کردووە و بوونەتە هۆى بڵاوبوونەوەى جۆرەها نەخۆشى.

ئەگەرچی حکوومەتى هەرێم و پەرلەمانى کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکان بە بەردەوام جەخت لەسەر پاراستنى ژینگەى هەرێمى کوردستان دەکەنەوە و باس لە پلانەکانى حکوومەت دەکەنەوە تایبەت بەو پرسە، بەڵام بە شیوەیەکى کردارى، ژینگەى هەرێمى کوردستان هیچ بەرەوپێشچونێکى بە خۆیەوە نەبینیوە، بەڵکوو ڕۆژ لە دواى ڕۆژ ڕێگە زیاتر خۆش دەکرێت بۆ زیاتر تێکدانی ژینگەى هەرێمی کوردستان.

هەر بۆ نموونە بەپێى ئامارەکانى دەستەى ئامارى هەرێمى کوردستان لە ئێستادا زیاتر لە دوو ملیۆن و سێسەد و پەنجا هەزار ئۆتۆمبیڵ لە هەرێمدا بوونیان هەیە و ڕۆژانە ئەو ژمارەیە لە زیادبووندایە. زیاتر لە حەوت هەزار و سێسەد موەلیدەى کارەبایى کە ڕۆژانە زیاتر لە دوازدە کاتژمێر کار دەکەن. ئەم دوو جۆرە ئامرازە بوونەتە هۆى تێکچوونى ژینگەى هەرێمى کوردستان بە گشتى و کواڵیتىی هەوا و بەرزبوونەوەى پلەکانى گەرمى بە تایبەتى. لە هەرێمى کوردستاندا خراپترین جۆرى سوتەمەنى بەرهەم دەهێنرێت و بەکار دەهێنرێت و ئەمەش گرفتە ژینگەییەکان زیاتر دەکاتەوە. ئەمە جگە لەوەى کە سەدان پاڵاوگەى نایاسایى هەن کە دوور لە ڕینماییە ژینگەییەکان کار دەکەن و بوونەتە مەترسییەکى زۆر گەورە لەسەر ژینگەى هەرێم.

هەر بەپێى ڕاپۆرتێکى نەتەوە یەکگرتووەکان زیاتر لە ٩٠% سەرچاوەکانى ئاو لە عیراق و هەرێمى کوردستان پیسبوون بەهۆى پاشماوە و پاشەڕۆى شار و شارۆچکەکان و کارگەکان و نەخۆشخانەکان کە بە شێوەیەکى ڕاستوخۆ و بەبێ ئەنجامدانى هیچ پرۆسەیەکى چارەسەرکردن تێکەڵ بە سەرچاوەکانى ئاو دەکرێت. ئەم کارەش مەترسییەکى زۆر گەورەى دروست کردووە لەسەر دانیشتووانى عێراق و هەرێمى کوردستان و پێویستى بە چارەسەرکردنى خێرا هەیە. هەر بەهۆى پیسبوونى سەرچاوەکانى ئاوى سەرزەوییەوە، زۆرێک لە ناوچەکانى عێراق و هەرێمى کوردستان ئاوى ژێر زەوى بەکار دێنن وەکوو جێگرەوەیەک بۆ ئاوى سەر زەوى، مەترسى زۆر گەورە لەسەر ئاوى ژێر زەوى دروست بووە کە بە موڵکى نەوەى داهاتوو دادەنرێت. هەروەها گرتنەوەى ئاوى ڕووبار و لقەکان بە تایبەتى لە لایەن حکوومەتى ئێرانەوە یەکێکە لە مەترسییە هەرە جددییەکان لەسەر هەرێمى کوردستان و هۆکارى سەرەکییە بۆ زیادبوونى ڕیژەى ماددە قورسەکان لەسەرچاوەکانى ئاو و مەترسى زۆر گەورەى هەیە لەسەر دانیشتووانى هەرێم. بەداخەوە تا ئێستا قسە و باسى جددى لەسەر نەکراوە لەگەڵ وڵاتى ئێران بە مەبەستى فەراهەمکردنى مافى هاوڵاتیانى هەرێمى کوردستان لە ئاوى ئەو ڕووبارانە کە مافى مێژووى هاوڵاتیانى هەرێمى و عێراقى تێدایە.

لە لایەکى ترەوە بەکارهێنانى پەینى کیمیاوى و دەرمانى قەڵاچۆکردن کە بەبێ کواڵیتیی کۆنترۆڵ دەهێنرێنە نێو هەرێمى کوردستان و بە شێوەیەکى نازانستى بەکار دەهێنرێت هۆکارى سەرەکین بۆ پیسبوونى خاک و ڕووەک و بەرهەمە خۆراکییەکان. یەکێکى تر لە مەترسییەکانى سەر ژینگەى هەرێمى کوردستان نەبوونى کارگە یا یەکەى ڕیسایکڵینە لە شارو شارۆچکەکان و لە ئەنجامدا ڕۆژانە سەدان هەزار تەن لە پاشماوە جۆراوجۆرەکان کۆ دەکرێتەوە و لە شوێنە تایبەتەکان بە کۆکردنەوەى پاشماوە ڕەقەکان (Landfill) لە شارەکان دادەنرێت و لەناو ئەبرێت بە شێوەیەکى نازانستى، ئەمە جگە لەوەى کە (Landfill)ەکان بە شێوەى ئەندازەیى وبەپێى ڕینماییە ژینگەییەکان دروست نەکراون.

فراوانبوونى شار و شارۆچکەکان لە هەرێمى کوردستان مەترسییەکى ترە لە مەترسییەکانى سەر ژینگە چونکە ئەم فراوانبوونە بە شێوەیەکى نازانستى ڕوو دەدات و پێشتر هیچ پلانێکى زانستى بۆ دانەڕێژراوە. زۆربەى زۆرى پرۆژەکان بە تایبەتى پرۆژەکانى نیشتەجێبوون و بازرگانى و پیشەسازى دوور لە ڕینماییە ژینگەییەکان دروست دەکرێن و بە شێوەیەکى نازانستى هەڵسەنگاندنى کاریگەرى ژینگەیى (EIA)یان بۆ دەکرێت.

بەپێی ئامارەکانی دەستەی گشتیی ژینگەی هەرێمی کوردستان، ڕووبەری سەوزایی لە هەرێمی کوردستان زۆر کەمترە لە ستانداردی جیهانیی، بەداخەوە تا ئێستا هیچ هەوڵێکی کردارى نییە لە لایەن حکوومەتى هەرێم و لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ زیادکردنى ئەو ڕێژەیە، بەڵکوو مەترسیش لەسەر ئەو ڕێژە سەوزاییە هەیە کە لە هەرێمى کوردستاندا هەیە، هەر بۆ نموونە بڕینەوەى دارستانەکان و گۆڕینى ڕەگەزى زەوییە کشتوکاڵییەکان بۆ بازرگانى و پیشەسازى و نیشتەجێبوون بە شێوەیەکى هەڕەمەکى و دوور لە ڕینمایی و ستاندەردە ژینگەییەکان یەکێکە لە مەترسییەکانى سەر ژینگەى هەرێمى کوردستان.

بەداخەوە تا ئێستا بەکارهێنانى چەکى کیمیاوى و قەدەغەکراو دژ بە هاوڵاتیان و ژینگەى هەرێمى بەردەوامە. هەر بۆ نموونە تورکیا لە ساڵى ٢٠٢١ەوە تا ئێستا زیاتر لە چوار هەزار جار چەکى کیمیاوى لە خاکى هەرێمى کوردستان بەکارهێناوە و حکوومەتى هەرێم بێدەنگە لە ئاستى ئەو هەموو پێشێلکارییە.

ئەمە و سەدان خاڵى تر کە بە هیچ شێوەیەک کارى لەسەر نەکراوە بۆ پاراستنى ژینگەى هەرێمى کوردستان. هەر بۆیە ژینگەى هەرێمى کوردستان پێویستى بە هەنگاوى کردارییە بۆ پاراستى بە تایبەتى لەم کاتە کە ناوچەکە بە بارودۆخێکى زۆر هەستیاردا تێپەڕ دەبێت، ئەگەرنا ئەوە دەبێ چاوەڕوانى ئایندەیەکى زۆر خراپتر و تاریک بکەین.  

هاوشێوە