رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

شێتیی نیچە و ویستی دەسەڵات

Facebook
Twitter
LinkedIn

وەرگێڕان: کەیوان هەورامی

لەم بابەتەدا لایەنێكی تایبەتی ژیانی نیچە بەسەر دەكەینەوە. لە شەوی هەشتی كانوونی دووەمی 1889دا فریدریک نیچە دواهەمین گوتەكانی خۆیی بەیان كردن، گوتەگەلێك كە نیشانەی تێكشانی ڕۆح و دەروونی ئەم فەیلەسووفە بلیمەتە بوون. گوتی: «چارەنووسی خۆم دەزانم؛ ڕۆژێك ناوی من بە یادگاریی كارەساتێكی تۆقێنەرەوە دەبەسترێتەوە. گێچەڵێك كە هەرگیز پێشتر زەوی بە خۆوەی نەدیوە، قووڵترین دژبەریی ناوەكی؛ بڕیارێك لەسەر هەر شتێك كە تا ئەو سەردەمە بە بڕوا و پیرۆز دانراوە، دەردەكرێت.» پاش ئەم قسانە سەرانسەری ژیانی نیچە نەخۆشی و شێتی بوو، هەڵبەتە لەگەڵ ناوبانگێكی جیهانیی نەمر و دەسیسەی ڕسواییەكی خۆنەخوازانە لە مێژوویی هزردا.

نیچە تا ماوەیەك لە نەخۆشخانەی دەروونی خەوێنرا و دوای ئەوەی كە پزیشكان سەریان لە نەخۆشییەكەی دەرنەچوو، مۆڵەتیان دا. ئەمە دەستپێكی دە ساڵ لە كەوتنی زەینی و جەستەیی و، ژیانێكی ڕووەكی بوو. دوور لە قەڵەباڵقی و لە شاری ڤایمار، ئێلیزابێتی خوشكی پەرستاریی دەكرد. ئێلیزابێت هەموو كاتی خۆی بۆ چاودێریكردنی براكەی تەرخان كرد و تا سەروەختی مردن لە لای مایەوە. ئەو سەردەمانە كتێبەكانی نیچە خوێنەرێكی زۆریان پەیدا كردبوو، ئەو كتێبانەی كە تا ئەو كاتە بە نەناسراوی مابوونەوە، ئێستاکە بە تیراژێكی زۆر چاپ دەكران. بەڵام پاش مردنی نیچە، كتێبێكی تازە بە ناوی ئەوەوە چاپ كرا (ویستی دەسەڵات). كتێبی «ویستی دەسەڵات» برەوی بە ئایدۆلۆژیای ڕایشی سێیەم دا. هیتلەر بڕوای وا بوو ئەم كتێبە گرنگترین و بوێرانەترین كتێبی فەلسەفیی سەدەی تازەیە. ئەو بە قۆستنەوەی پەرتووكی «ویستی دەسەڵات» و چەمكی «مرۆڤی باڵا»، برەوی بە ئایدیای ڕەگەزی باڵا دا؛ پڕوپاگەندەیەك كە لێكەوتەیەكی كارەساتئامێزی هەبوو. ئەم بابەتە وێنایەكی ئاوەژووی نیچەی خستە زەینی گشتەوە. كەسێكی كردە خزمەتكاری ڕایشی سێیەم، كە خۆی گەورەترین ڕەخنەگری ئایدۆلۆژیای ئەڵمانی بوو. لە زەینی گشتدا دایمە پەیوەندییەك لە نێوان كتێبی ویستی هێز و ئایدۆلۆژیای ڕەگەزپەرستانە و دژەجوولەكانەی نازییەكاندا هەبوو. بەڵام ئایا ئەم كتێبە هەر بە ڕاستی بە دەستی نیچە نووسراوە؟ ئاخر لەو قۆناغەدا كە ئەم كتێبە نووسراوە، نیچە توانای زەینی و جەستەیی پێویستی نەبوو بۆ نووسینی. ڕاپۆرتە پزیشكییەكانی شایەتی دەدەن كە ئەو تەنانەت توانای ناسینەوەی كەسە نزیكەكانیی نەبوو، بگرە توانای قسەكردنیشی نەبوو. ئەو بە تەواوی هێزی جەستەیی و زەینیی لە دەست دابوو. تووشبوون بە نەخۆشییەكی چارەنەكراو، كەلەلابوونی پلە بە پلە، تیاچوونی توانای ناسینی زەینی، ئەمە هەمووی لە ڕاپۆرتە پزیشكییەكاندا تۆمار كران. كەواتە ڕوونە لە هەلومەرجێكی وادا، نیچە ئیدی توانای نووسینی كتێبی نەبوو. ڕەنگە وا بیر بكەنەوە كە نیچە بەر لە سەردەمی نەخۆشكەوتنی، كتێبی «ویستی دەسەڵات»ی نووسیوە، گەر وا بێت دەشیا دەستنووسی ئەم كتێبە لە ئەرشیفی ئەو بەڵگانەدا هەبا كە لێی بەجێ مان. خۆشبەختانە یان بەدبەختانە ئەم ئەرشیفە تێروتەسەل و ڕێكخراوە دەستنووسێكی ئاوهای تێدا نییە. سەرەقەڵەم و یادداشتگەلی كورت تاكە بەڵگەن كە بشێت بە جۆرێك لە جۆرەكان ئەم كتێبەیان پێوە گرێ بدرێتەوە. ئەم بەڵگانە دەشێت نیشاندەری ئەو ڕاستییە بن كە نیچە پڕۆژەی نووسینی كتێبێكی هەبووە، بەڵام ئەوەی كە ڕوونە، ئەوەیە كە ئەو بە دەستی خۆی وەها كتبێكی نەنووسیوە. گەرچی كتێبی ویستی دەسەڵات لە مێژووی هزردا كتێبێكی چارەنووسساز بووە، وەلێ دەشیا دەربارەی سەرچاوەی دەركەوتنی ئەم كتێبە، بە پارێزەوە قسە بكرێت. گەر وای گریمانە بكەین كە نیچە خۆی ئەم كتێبەی نەنووسیوە، ئەی ئاخۆ دەبێت كێ نووسیبێتی؟ بە پلەی یەك ئاراستەی هەموو بەدگومانییەكان ڕوو لە كەسێكە كە هەر لە سەردەمی تێكچوونی زەینی و دەروونیی نیچەوە، چاودێر و بەرپرسیاری دەستنووس و ئەرشیفەكەی ئەو بوو؛ واتە ئێلیزابێتی خوشكی. ئەو تاكە كەس بوو كە ئارشیفی دەستنووسەكانی نیچەی بە تەواوی لە بەردەستدا بوون و نەیدەهێشت دەستی هیچ كەسێكیان پێ بگات. لە سەردەمێك بە دواوە، ئیدی بڵاوبوونەوەی هەموو كتێبەكانی نیچە، لەژێر كۆنترۆڵی خوشكەكەیدا بوو. بڵاو بوونەوەی هەر ئایدیا و ئەندێشەیەك بە ناوی نیچەوە، دەبوو بە كەناڵی ئێلیزابێتدا تێپەڕیبا. ئایا ڕێی تێدەچێت ئێلیزابێت لەسەر بنەمای ئەو سەرەقەڵەمانەی كە براكەی لە لاپەڕە پەرشەكان و دەفتەری یادداشتەكانیدا نووسیبوونی، كتێبی ویستی دەسەڵاتی «مۆنتاژ» كردبێت؟ گەر وا بێت، ئاخۆ پاڵنەری ئەو بۆ كردنی وەها كارێك چی بووە؟ ئاخر بە ڕواڵەت وا دەردەكەوێت كە ئەو چاكەویستی براكەی بوو؛ پەرستاریی كردووە و پەیوەندییەكی نزیك و دۆستانەی لەگەڵیدا هەبووە. بەس ئەمە تەنیا ڕواڵەتی بابەتەكە بوو.

ئێلیزابێت لەو وێنانەدا كە لەگەڵ براكەی گرتوونی، ڕووی گەلێك نەرمونیان و بەسۆز دەنوێنێت، بەڵام كاتێك زیاتر لێی دەكۆڵینەوە و قووڵتر لێی دەڕوانین، دەبینین حەقیقەتێكی تاڵ لە پشت هەموو ئەم وێنانە شاراوەتەوە، كە پەیوەندیی بە ساختەكردنی كتێبی ویستی دەسەڵاتەوە هەیە.

با بگەڕێینەوە بۆ سەرەتای چیرۆكەكە، كە لە گوندی بچووكی ڕۆكنی هەڵكەوتوو لە باشووری خۆرئاوای لایپزیگی ئەڵمانیا دەستی پێ كرد. خێزانەكەی نیچە لەوێ نیشتەجێ بوون. ئەم گوندە بچووكە كڵێسایەكی گەورەی هەبوو. لەسەر بنەمای بەڵگە بەجێماوەكان، فردیش ڤیلهێلم نیچە، لە پازدەی تشرینی یەكەمی 1844دا، بە دەستی باوكی (كە قەشەی ئەم  كڵێسایە بوو) لە ئاو هەڵكێشرا و دوو ساڵ دواتر ئێلیزابێتی خوشكی هاتە دونیاوە. نیچە كاتێك باوكی دواكۆچی كرد، خۆی چوار ساڵ و خوشكەكەی دوو ساڵ بوو. نیچە پاش مردنی باوكی، بووە چەقی سەرنج و چاوەڕوانیی خێزانەكەی و حەزیان دەكرد ئەویش وەك باوانی ببێت بە قەشە. لەگەڵ ئەوەشدا، یەكەمین نووسینەكانی نیچەی گەنج، نیشاندەری بێباوەڕی بوون بە خوا و هەڵگری جۆرە گومانێك بوون لەو بەها ئاكاریانەی كە قەشەگەلی مەسیحی لە وانەكانیاندا دەیانگوتنەوە. لە بارێكدا كە گەنجە بلیمەتەكە خەریكی دۆزینەوەی ڕێگەی خۆی بوو، كەچی ئێلیزابێتی خوشكی، وەك هەموو كچانی ناوەڕاستەكانی سەدەی نۆزدەیەم، لە لایەن خێزان و كۆمەڵگەوە ئەوەی بە گوێدا دەدرا كە پیاوان ڕەوڕەوەی مێژوو بەڕێوە دەبەن، ڕۆڵی ژنانیش لەخۆبردوویی و قوربانیدان و پشتوانیكردنی پیاوانە. بەڵام ئێلیزابێت خەونێكی تری لە سەردا بوو، خەونی ئازادبوون لەم نەریتە خنكێنەرە كۆمەڵایەتیانە و خەونی دەستڕاگەیشتن بە دەسەڵات. لە بنەماڵەكەی نیچەدا، هەموو پیاوان، چ لە سەری دایكەوە و چ لە سەری باوكەوە، قەشە بوون. بەم پێیەش ژنان لەگەڵ قەشەكاندا هاوسەرگرییان دەكرد. چاوەڕوانی دەكرا ئێلیزابێتیش ئەو ڕێچكەیە بگرێتە بەر، بەڵام وەك گوتم ئەو خەونگەلی دیكەی لە سەردا بوون.

نیچە لە تەمەنی بیستوپێنج ساڵی و لە زانكۆی بازێلی وڵاتی سویسرا، لە بەشی فیلۆلۆژیدا بووە مامۆستای زانكۆ. فیلۆلۆژی زانستی وشەناسییە. ئەمە دەستپێكی پیشەیەكی باش بوو. ئەوە شتێكی دەگمەن بوو كە گەنجێكی بیستوپێنج ساڵە، ببێتە مامۆستای زانكۆیەكی متمانەپێكراو، لە كاتێكدا كە هێشتا تێزی دكتۆراكەیی تەواو نەكردووە. ئەمەش لە خۆیدا نیشاندەری بلیمەتی و لێهاتوویی ئەو بوو. ئێلیزابێتیش ئەم هەلەی قۆستەوە و لەم گەشتەدا یاوەریی كرد. لەم قۆناغەدا خوشك و براكە پەیوەندییەكی نزیكیان لەگەڵ یەكتریدا هەبوو. ئێلیزابێت لەوێ تێكەڵی چینی ڕۆشنبیر و ئەكادیمیی كۆمەڵگە بوو و چێژی لە میوانداریی ئەو جۆرە كەسانە دەبرد. نیچە و خوشكەكەی بۆ ماوەی شەش ساڵ لە یەك ماڵدا ژیان. ئەو نامانەی كە لەم سەردەمەدا بۆ خێزانەكەیانیان ناردن، نیشاندەری دوو ڕوانگەی جیاوازن بۆ ئەو قۆناغە. لە بارێكدا كە ئێلیزابێت چێژی لەم هەڵكشانە كۆمەڵایەتییە دەبرد و پێشوازیی لێ  دەكرد، نیچە هەستی بە نامۆیی دەكرد و پێگەی خۆیی لەم كەشەدا نەدەدۆزییەوە. بەرپرسیارییەكانی ژیانی ڕۆژانە و پۆستی پرۆفیسۆریی زانكۆ، ئەویان دەپووكاندەوە. بە كورتییەكەی زۆر زوو لەم دۆخە بێزار بوو. لەگەڵ ئەوەشدا تووشی هەڵمەتی دڵەڕاوكێ و وەڕەزی دەبوو. پێویستیی بە ئێلیزابێت بوو تا دڵی بداتەوە و هێوری بكاتەوە، بەڵام لەوەش گرنگتر، پێویستی بە پڕۆژەیەكی نوێ و ئاسۆیەكی تازە هەبوو لە كایەی فەلسەفەدا.

لەو قۆناغەدا نیچە بە ڕیچارد ڤاگنەری ئاوازدانەری كارێزماتیكی ئەڵمانی ئاشنا دەبێت و هاوڕێیەتییەكی چارەنووسساز لە نێوان ئەم دوو بلیمەتەدا دروست دەبێت. ڤاگنەر لە شاری بایرۆك دەست بە پڕۆژەی دروستكردنی تەلارێكی مەزنی ئۆپێرا دەكات؛ لەژێر ناونیشانی یەكەمین تەلاری نەتەوەیی ئۆپێرای ئیمپراتۆریەتی ئەڵمانیا. ڤاگنەر بۆ بەدەستهێنانی دڵنیایی و سەرمایە و پڕوپاگەندە بۆ ئەم پڕۆژە بەرزەفڕانەیە، نیچەی هاوڕێی دەكات بە ئاڵاهەڵگری پڕۆژەكە. ئەو نامانەی لە نێوان ئەم دوو كەسایەتییە دیارەدا گۆڕراونەتەوە، نیشاندەری شەیدایی ئەم دوو كەسایەتییەیە بۆ بلیمەتیی یەكتری؛ دانەیەكیان لە كایەی هونەر، ئەوی دیكەیان لە كایەی فەلسەفە. هەردووكیان هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی كە دین و ڕێباز بەپێی تێپەڕینی كات لە نێو دەچن. بە سڕانەوەی دین لە كۆمەڵگەدا، دەبوو شوناسی كولتووری ئەڵمانییەكان لەسەر كۆڵەكەی هونەر، فەلسەفە و ئاكارێكی ئەقڵانی بنیاد بنرێت. كرانەوەی تەلاری بایرۆیت، بە ڕووداوێكی گرنگی ساڵی 1876 دادەنرا و تەنانەت ئیمپراتۆری ئەڵمانیش بەشداریی تێدا كرد. بە ڕواڵەت هەموو شتێك باش بەرەو پێش دەچوو، هەروەها ئێلیزابێتی خوشكی نیچەش شەیدای كەسایەتیی ڤاگنەر بوو و نیچەشی هان دەدا لەم پڕۆژە مەزنەدا بەشدار بێت. ساتی دەژمارد بۆ ئەوەی كاتی كرانەوەی ئەم تەلارە، لە تەنیشت براكەیەوە ئامادە بێت و خۆی بنوێنێت. بەڵام ئەم جارەیان نیچە بەپێی چاوەڕوانییەكانی خوشكەكەی نەجووڵایەوە. هەموو كەسایەتییە دیارەكان لە كردنەوەی تەلاری ئۆپێرای بایرۆیتدا بەشدار بوون، جگە لە نیچە. ڕێك لەو كاتەدا كە ڤاگنەر خەریك بوو ئاهەنگی بۆ گەورەترین سەركەوتنی خۆی دەگێڕا، نیچە لە پڕۆژەكەی كشایەوە. پێداگریی ئێلیزابێتیش هیچ سوودێكی نەبوو، چونكە هەڵسوكەوت و بڕوای ڤاگنەر، لەپێناو بەرژەوەندییەكانی خۆیدا، بە تێپەڕینی كات گۆڕانیان بەسەردا هاتبوو. نیچە كە دڵگران بووبو لە دووڕوویی و دووڕەنگیی ڤاگنەر، لێی دوور كەوتەوە و بۆ تاهەتا پەیوەندیی لەگەڵدا پچڕاند. ئەو ڤاگنەرەی كە سەردەمانێك شان بە شانی نیچە دژی كڵێسا بوو، ئێستا بە وێناكردنی دیمەنی لەئاوهەڵكێشان و سوودوەرگرتن لە هێما مەسیحییەكان، ڕەنگوبۆیەكی عیرفانی دینیی بە هونەرەكەی دەبەخشی. وا دەردەكەوت لەچاو مرۆڤگەراییدا، بایەخێكی زیاتری بە نەتەوەگەرایی دەدا. نیچە بە بینینی هێماگەلی ئایینی و حەزی نەتەوەپەرستیی زیادەڕۆیانەی ڤاگنەر، زۆر بێهیوا و دڵشكاو بوو. لە لایەكی ترەوە ئارەزووی بێڕادەی ئێلیزابێت بۆ نزیكبوونەوە لە ئەڵقەی دەسەڵات، بووبووە هۆی ئەوەی مەودایەك بكەوێتە نێوانیانەوە و هەست بە نامۆیی بكەن. پاش ئەوە نیچە وازی لە هەموو كەس و هەموو شتێك هێنا و كۆچی كرد بۆ گوندی سیلس ماریا ناو كۆسارەكانی سویسرا، بەو هیوایەی كە لەوێ، دوور لە ژاوەژاوی شار بتوانێت پشوو بدات و ئاسوودە بێت، بەو هیوایەی كە ژیانی ئەوێ بەرگەگیراوتر بێت. نیچە حەزی لە ژیانی ناو هاوینەهەواران بوو. سرووشتی  سیلس ماریا شوێنێكی ناوازە بوو بۆ ڕاكردن لە گەرمای شار. لەوێ لە مانگی حوزەیرانەوە تا ئەیلوول، لە ژوورێكی نیوەڕۆشندا لانیكەم ڕۆژی هەشت كاتژمێر ئیشی دەكرد. دەیخوێندەوە، دەهزری و هزرەکانی لە تیانووسی یادداشتەكانیدا تۆمار دەكردن. لەم كەشە هێمنەدا و دوور لە گەڕەلاوژێی شار، فەیلەسووفە گەنجەكە فەلسەفەی سرووشتی ئافراند. هەرچی كە تا ئەو سەردەمە لە بیروبڕوای خەڵكیدا ئیش لەسەر پیرۆزكردنی كرابوو، ئەو بردییە ژێر پرسیارەوە، لەنێویدا دەزگای ئاكاریی مەسیحییەت، هەروەها دەسەڵاتی فەرمانڕەوا. نووسیی: «بڕوام بە چی هەبێ لە كاتێكدا كە هیچ شتێ شایەنی بڕواپێكردن نییە؟ بە تایبەت ڕزگاریی تاهەتایی دواڕۆژ. لە گەردووندا هیچ نابینم بێ لە بۆشایی ڕەها. خوا مردووە، خوا هەر بە مردوویی دەمێنێتەوە. پیاوێك كە باوەڕی بە خوا نەمابێت، ئاخۆ دەتوانێ بڕوا بە چی بهێنێ؟» وەڵامی پێداگرانەی نیچە ئەمە بوو: «بڕوات بە خۆت هەبێ، بەو هێزەی كە لە دەروونتدایە. چاوەڕێی ڕزگاریی دواڕۆژ مەبە، تەنیا تۆ دەتوانیت خۆت ڕزگار بكەیت. خۆت لە دەزگای ئاكاری فەرمانڕەوا ئازاد بكە. شوێن هیچ ئایدۆلۆژیا، هیچ ئایین و هیچ ڕێبەرێك مەكەوە. ڕێی خۆت بگرە بەر، خۆت بناسە و ببە بەوەی كە لە دەروونتدا نووستووە.»

فەلسەفەی نیچە ئەكادیمی و ستاندارد نەبوو، بەڵكە لە ژیانی كەسی و جیهانی ناوەكیی زەینییەوە سەرچاوەی دەگرت. ژیانی كەسیی فەیلەسووف لە فەلسەفەكەیدا ڕۆڵێكی تەوەرەیی پەیدا كردبوو. بەر لەوە هیچ فەیلەسووفێك تا ئەو ڕادەیە پێرسپێکتڤی (دیدی) دەروونگەرایانەی خۆی لە بنیادنانی فەلسەفەكەیدا بەكار نەهێنابوو. ئەو گوێی نەدایە هیچ ڕێكخستن و لایەنێكی فەلسەفەی ئەكادیمی و لەبری پەرژانە سەر پەیامی تیۆریی دوروودرێژ، ئەو جۆرە هزرە كورت و بەسوودانەی دەنووسین كە بۆ ژیانی تایبەتی خۆی بە باشی دەزانین. ئەو شێوازێكی تازەی نووسینی داهێنا كە لەگەڵ چەشنی ئەندێشەكانیدا دەهاتەوە؛ شێوازە نووسینێكی ئەدەبی و هونەری كە لێوڕێژ بوو لە خوازە. خوێندنەوەی یادداشتەكانی نیچە، چوونە نێو كارگەی تێفكرینی ئەو و بینینی فۆڕمۆڵبەندیی بێوێنەی ئەندێشەكانی، ئێجگار سەرسووڕهێنەرە. نیچە ڕێكارێكی ئیگزیستانسیالیی بەخشییە فەلسەفە. ئەمڕۆكە هەمووان هاوڕان كە دەستكەوتەكانی نیچە بۆ سەردەمی خۆی، شۆڕشێكی فەلسەفی بوو. لەگەڵ ئەوەشدا، بەو جۆرەی كە دەشیا، كەسانی سەردەمی خۆی بەهەندیان وەرنەگرت. ئەم فەیلەسووفە بلیمەتە، بە دژواری دەیتوانی لە ڕێی كتێبەكانییەوە بژێویی خۆی پەیدا بكات. ئیدی بەبێ داهاتی پێویست و شوێنی نیشتەجێبوونی جێگیر، كەوتبووە پەراوێزی كۆمەڵگەوە. لە تەمەنی سیوپێنج ساڵیدا كاتێك وازی لە وانەوتنەوەی زانكۆ هێنا، بە جۆرێك لە جۆرەكان چووە ناو ڕێگەیەكی بێگەڕانەوەوە. ئێستاكە ئیدی شێوازی ژیانی نیچە لە هەموو ڕووێكەوە پێچەوانەی چاوەڕوانییەكانی خوشكەكەی بوو. ئێلیزابێت هیچ خۆشییەكی لەوەدا نەدەبینی خوشكی فەیلەسووفێك بێت كە وەكوو زاهیدێكی گۆشەگر لە كۆسارەكاندا دەژیا. ئێلیزابێت زیاتر ئارەزووی بە لای ڕیچارد ڤاگنەر و بایرۆیتدا دەچوو و پەیوەندییەكی نزیكی لەگەڵ ڕیچارد ڤاگنەردا هەبوو. گەنجە سیوسێ ساڵەكە، زوو زوو بانگهێشت دەكرا بۆ ڤێلاكەی ڤاگنەر و بۆ ماوەی حەفتەیەك دەمایەوە. بەم پێیە، دایمە لە زۆربەی كۆبوونەوە گرنگەكاندا بەشداریی دەكرد. ئێلیزابێت ڤاگنەری مامۆستای شاری بایرۆیتی كردبوو بە بتی خۆی و كەسایەتیی ئەوی ستایش دەكرد. بە تایبەت هەستی دەكرد بیروبۆچوونی سیاسییان زۆر لێكەوە نزیكە. ئێستاكە ڤاگنەری دیارترین هونەرمەندی سەردەمی خۆی، بە شێوەیەكی ئاشكرا بووبوو بە دژەیەهوودی… ئەڵقەی بایرۆیت، بووبووە مەكۆی ناسیۆنالیسی زیادەڕۆیانە و دژەیەهوودی. ئێلیزابێت كە ئەندامی ئەم ئەڵقەیە بوو، هاوسەرگریی لەگەڵ پیاوێكدا كرد بە ناوی فۆرستێر (ڕەگەزپەرستێكی دژەیەهوودی). ئێلیزابێت لە جێبەجێكردنی پڕۆژەیەكی شێتانەدا، بووە یاوەری فۆرستێری مێردی. فۆرستێر بەنیاز بوو لە ئەمریكای باشوور، شارێكی بچووك دروست بكات، بۆ نیشتەجێبوونی ئەڵمانییەكان بە ڕەگەزێكی پووختی ئاریاییەوە، كە تەنانەت تاقە یەهوودییەكیشی تێدا نەبێت. شارێكی نموونەیی لە ناوجەرگەی مەزراكانی پارەگوای. نیچە ڕقی لە فۆرستێر بوو، چونكە ئەو ناكۆك بوو لەگەڵ ڕەوتی دژەیەهوودی. نیچە بە قووڵی بڕوای وا بوو كە دژەیەهوودیبوون، لە هەستی ئیرەییبردنەوە سەرچاوە دەگرێت و داوەریكردنی بێویژدانانەی سەرچاوەگرتوو لە ئیرەییەوە، ئەنیسیمیسم بەهێز دەكات. لە فەلسەفەی نیچەدا ئیرەیی هەستێكی وێرانكەرە كە دەبوو تێیپەڕێنیت و بەسەریدا زاڵ ببیت. شەشەمی ئاداری ساڵی 1885 نیچە بۆ دواهەمین جار و بەر لەوەی خوشكەكەی بچێت بۆ پارەگوای، چاوی پێی كەوت. ئێلیزابێت هەوڵی دا نیچە قایل بكات لەم گەشتەدا لەگەڵیان بێت. پێی گوت ڤاگنەریش پشتگیریی ئەم پڕۆژەیە دەكات. نیچە لە وەڵامدا پێی گوت ڤاگنەر نموونەی نەخۆشییەكی تازەیە و بۆ تاهەتا ماڵئاوایی لە خوشكەكەی كرد. نیچە بە تەمەنی چل ساڵی و لە پێواریی خوشكەكەیدا بە توندی نەخۆش كەوت. تووشی تەنگژە و هەڵمەتی توندی دەماری دەبوو. تەنیا لەڕێی ئێشسرەوێن و حەبی بەهێزەوە دەیتوانی بەر بە پووكانەوەی لەشی بگرێت. هەمیشە تووشی سەرئێشەی بەتین دەبوو و بە ناچاری چەندان حەفتە پشووی دەدا و لە جێخەودا دەمایەوە. لە قۆناغێكدا وا دەهاتە بەرچاو كە نەتوانێت تا كۆتایی ساڵ زیندوو بێت، بەڵام سەرەڕای ئەوەی گەلێك نەخۆش بوو و بە زۆر دەیتوانی لە جێگەكەی بجووڵێت و لەبەر تا هەڵدەلەرزی، درێژەی بە ئیشكردن دا و بەو دۆخەوە شاكاری ئەقڵنەبڕی ئافراند. لەو ماوە كورتەدا، بە خێراییەكی نائاساییەوە یەك لە دوای یەك چەند كتێبێكی نووسین. سەرنج لەوە بدەن كە ئەو كتێبی «وەهای گوت زەردەشت»ی لە ماوەی شەش حەفتەدا نووسی… ئەو بەوپەڕی وزەوە ئیشی دەكرد و هاوكات خەریك بوو بینایی لە دەست دەدا. لەم سەردەمەدا یادداشتی زۆری جێ هیشت، كە هەڵبەتە زۆربەیان خوازەیی و ناڕوونن. نیچە كتێبی «وەهای گوت زەردەشت» بە باشترین بەرهەم و لووتكەی فكری فەلسەفیی خۆی دەزانێت. خاڵی گرنگ ئەوەیە كە ئەم كتێبە برەو بە خاڵی پێچەوانەی فاشیست و ڕەگەزپەرستی دەدات.

بەڵام لەوسەری دونیاوە ئێلیزابێت دواجار هاتەوە هۆش خۆی. پڕۆژەكەی فۆرستێر ڕووی لە شكستهێنان بوو. جیهانی ڕاستەقینە ئێجگار جیاواز بوو لەو شارە ناوازەیەی ڕەگەزی پوختەی ئاریایی كە فۆرستێر و هاوڕێكانی بیریان لێ دەكردەوە. ئەمانە لەو وێنانەی كە دەیانناردنەوە، لە كۆشك و تەلاری ڕازاوەدا فرە بەختەوەر و ئاڵوواڵا دەردەكەوتن، كەچی لە ڕاستیدا تا بڵێیت كوێرەوەرانە دەژیان. ساڵی 1889 فۆرستێر خۆی هەڵواسی، هەڵبەتە گەر خۆی ئەمە نەكردبا، كۆچەرانی تر دەیانكوشت. ئێلیزابێت وای نواند كە مێردەكەی بەهۆی گلانی بەسەر ئەسپەوە مردووە. لەبەر ئەوەشە كە ئەو بڕیاری داوە بگەڕێتەوە بۆ ئەڵمانیا. ئێلیزابێت حەقیقەتی بە ئاوەژوویی نیشان دا. لەوەودوا ئەو بە ساختەكردنی حەقیقەت ڕاهات. هەڵەبەتە لەم بابەتەشدا توانایەكی ئەقڵنەبڕی هەبوو…

لە تەمەنی 46 ساڵیدا شێتیی نیچە بە خێرایی تاو دەسەنێت و نەخۆشییەكەی ڕۆژ بە ڕۆژ نالەبارتر دەبێت. بەڵام وا دێتە بەرچاو لەو ڕێیە قایلە كە بڕیویەتی و شانازی بە خۆیەوە دەكات. هێشتا بەشی ئەوە هۆشیاریی تێدایە كە تێبگات سەرەڕای نەخۆشی و سەختی، بە لووتكەگەلی بڵند گەیشتووە. لە یادداشتەكانیدا دەنووسێت: «هیچ پاییزێكم وەك پاییزی ئەم ساڵ ئەزموون نەكردبوو، بگرە هەرگیز وێنام نەدەكرد ڕۆژێك ئاوها لووتكە بگرم.» هەر لەم سەردەمەدا لەبارەی ئێلیزابێتەوە دەنووسێت: «گەر بە قووڵایی بوونمدا بگەڕێم، لە نێو ڕسوایانەترین لێكدژی و چەپەڵترین غەریزەكاندا، هەمیشە دەگەمەوە بە تۆ، ئەی خوشكە بچووكەكەم! ئەوە بە سووكایەتییەك دەزانم بەرانبەر بە خۆم كە هاوخوێنی مرۆڤێكی ڕواڵەتباز و درۆزنی وەك تۆم.» پێدەچێت نیچە كاتی نووسینی ئەم ڕستانە، نەیزانبێت خوشكەكەی لە پارەگوایەوە گەڕاوەتەوە. ئێلیزابێت كاتی شكستهێنانی پڕۆژەی مێردەكەی، بە پێویستی دەزانی لەپێناو ژیانیدا ڕێیەكی تر بگرێتە بەر. نەخۆشیی دەروونی براكەی، هەلێكی زێڕینی دەخاتە بەردەست. لە بەهاری 1891دا، نیچە لە نەخۆشخانە دەردەچێت و ئەم جارە پزیشكان بەو ئەنجامە دەگەن كە هیچ هیوایەك نییە بۆ چاكبوونەوەی. ئێلیزابێت بەرپرسیاریەتیی پەرستاریكردنی براكەی لە ئەستۆ دەگرێت. لەو ساتەوە بۆ ئەوەی وێنای خوشكێكی لەخۆبردوو بخاتە بەرچاوی ئەوانی تر، هەرچیی لە دەست بێت دەیكات؛ گوایە تاكە ئامانجی ژیانی، پەرستاریكردنی برایەكە كە شەیدایانە خۆشی دەوێت. لەگەڵ ئەوەشدا دەبێتە بەرپرسی میراتی ئەدەبیی براكەشی؛ برایەك كە لەم قۆناغەدا هۆشیاریی خۆیی لە دەست داوە. ئێلیزابێت هەر لە سەرەتاوە هەموو وزەی خۆی بۆ كۆكردنەوەی ڕێكخستنی ئەرشیفەكانی براكەی تەرخان كرد. لەگەڵ ئەوەشدا دەیزانی كە براكەی لە بەردەم خەڵكیدا دانی بە پەیوەندیی گرژی نێوانیاندا ناوە، بۆیە ئێستەش دەیویست ئەم وێنا خەوشدارە بسڕێتەوە. بە لەبەرچاوگرتنی پەیوەندیی گرژ و جیاوازیی قوڵی ڕوانگەی نێوانیان، نیچە گەر توانای بڕیاردانی هەبا، هەرگیز نەیدەهێشت خوشكەكەی ببێتە بەرپرسی بەرهەمەكانی. بیرمان نەچێت تا پێش ئەوەی بەرهەمەكانی نیچە خوێنەری زۆر و داهاتێكیان هەبێت، ئێلیزابێت هیچ حەزێكی بۆ بەرهەمەكانی براكەی نەبوو. كەچی ئێستاكە ئەو سەرانسەری ئەورووپای لەپێناو دۆزینەوەی كورتەنووسین و یادداشتێكی براكەی دەپشكنی.

ئەو ساڵی 1895 لە ڤایمار نیشتەجێ دەبێت، ڤایماری شاری نموونەیی چینی ڕۆشنبیری ئەڵمانی، ئەو شوێنەی كە گۆتە و شیلەری لێ ژیابوون. لەوێ بۆ ڕانانی بەرهەمەكانی نیچە، ماڵێكی گەورەی كردەوە. ئامانجەكەشی دروستكردنی مۆزەخانەیەكی هاوشانی شوێنێكی پیرۆز بوو. شوێنێك كە خواكەی نیچە بێت، ئەویش كائینێكی بەدەسەڵات بۆ برەودان بە بەرهەمەكانی. لەمەشدا سەركەوتوو بوو. ئەو سەردانگەیەكی بۆ خوێنەرانی نیچە دروست كرد كە ڕۆژانە لە سەرانسەری ئەورووپاوە سەردانیان دەكرد. لە نهۆمی سەر زەوی، ساڵۆنگەلی پیشوازیكردنی ڕازاوەی ڕێك خست بە شێوازی هونەریی تازە، بەم پێیە كەشێكی شكۆداری بۆ ئەرشیفی بەرهەمەكانی نیچە هێنایە ئارا. نیچەی كەلەلاش هەموو ژیانیی لە نهۆمی سەرێ بەسەر دەبرد، لە بارێكدا كە كەم تا زۆر بێهۆش بوو. هەندێك جار ئێلیزابێت سەردانكەرانی بانگهێشت دەكردن بۆ نهۆمی سەرێ، پەردەكانی لا دەدانەوە بۆ ئەوەی فەیلەسووفە بلیمەتە پەككەوتووەكە ببینن. ئێلیزابێت براكەیی وەك ئاژەڵێكی سێرك نمایش دەكرد. نیچە كەلەلا و بێبڕست، لەژێر دەسەڵاتی خوشكێكی بەرژەوەندیخواز و بێ ئەوەی خۆی بیەوێت، بووبووە ئەستێرەی نمایشێكی تاڵ. نمایشێك كە لە هەموو ڕۆژنامەكاندا دەنگی دایەوە. لە وەختێكەوە ئیدی تەنیا كەسانی دیار بۆیان هەبوو نزیك و لە پێخەفی نەخۆشیدا چاویان بەو بكەوێت. ئەو كەسانەی لە نزیكەوە نیچەیان دیبوو، دەیانگوت نیگای ئەو، قووڵترین نیگا بووە كە تا ئێستە دیومانە. ئێلیزابێت كەشێكی ساز دابوو كە ئەزموونی بینینی نیچە، وەك ئەزموونێکی عیرفانی وا بوو. ئەو بۆ كەیفخۆشیی سەردانكەران، براكەیی دەخستە نمایشەوە. ئەو سەردانكەرانەی كە تاسەی بینینی بلیمەتە تەلیسماوییەكەیان هەبوو، نیچەیان وەك پەیامبەری سەردەمی نوێ دەبینی. لە دۆخێكدا كە كۆمەڵگەی ئەڵمانیا بە پێشكەوتنێكی ستوونییەوە خەریك بوو دەبووە پیشەسازی، فەلسەفەی نیچە خاوەنی كۆمەڵێك تایبەتمەندی بوو كە بەهۆیانەوە، لە پێش هەموو بیرمەندانی سەردەمی خۆیەوە بوو. خەڵكی فەلسەفەی ئەویان بۆیە دەخوێندەوە چونكە هەستیان دەكرد تێیدا ڕێكار و وەڵامگەلێك بۆ داهاتوو هەن. هەر لە لایەنگرانی ڕەوتی سۆسیالیستییەوە بیگرە تا چالاكانی بزاوتی گەنجان و بزاوتە فیمینیستییەكان، هەمووان هۆگری فەلسەفەی نیچە دەبوون، چونكە وزەیەكی نائاسایی تێدا بوو. سەرنجی نیچە لەسەر ئازادبوون لە كۆتی ئایین و جەختكردنەوە لەسەر ئینسانگەرایی و تاكگەرایی، پێشوازیی لێ كرابوو. ئەم پێشوازییە گشتییە لە فەلسەفەی نیچە، خوشكەكە ئەوی كردە مرۆڤێكی دەسەڵاتدار و كاریگەر و دەوڵەمەند. ئەو تیراژێكی زۆری كتێبەكانی نیچەی چاپ كرد و فرۆشتی. توانایەكی شاراوەی تێدا دەركەوتبوو. ئێلیزابێت بزنسومێن و بازرگانێكی تەواو بوو. چوار ساڵ پاش گەڕانەوەی لە پارەگوای، پشكی گەورەی لە یەكێك لە پڕداهاتترین بڵاوكەرەوەكاندا هەبوو. هەڵبەتە لەگەڵ ئەوەشدا بەرپرسی بەڕێوەبردنی مۆزەخانە و ئەرشیفی نووسینەكانی براكەی بوو. ئێستە ئیدی ئێلیزابێت پەیوەندییەكی تایبەتی لەگەڵ كەسانی كاریگەردا هەبوو و ئاموشۆی گەورە ڕۆژنامەنووسانی ئیمپراتۆری ئەڵمانیای دەكرد. ئەو لەپێناو بەرژوەندییەكانی خۆیدا، هەمیشە یادگاری و چیرۆكی درۆیینە و ساختەی دروست دەكرد. ژیننامەیەكی نووسی كە تێیدا لەو پەیوەندییە قووڵە دەدوا كە لە نێوان خوشك و براكەدا هەبوو. بۆ نیشاندانی پەیوەندییەكی سۆزداریی جوان و دوولایەن لەگەڵ براكەیدا، پشتی بە كۆمەڵێك نامە بەستبوو، كە زۆربەی ئەو نامانە ساختە بوون. بۆ نموونە نیچە لە نامەیەكدا گوتبووی، یان دروستترە بڵێم ئێلیزابێت لە زاری نیچەوە نووسیبووی: «تا ئێستە ژنێكی ترم نەدیوە لەگەڵیدا بسازێم و لێی وەڕەز نەبم و بێتاقەتم نەكات.» وشەی «ژنێكی تر» بە تۆخی نووسرابوو، كە وای دەنوێنێت نیچە ژنانی تری بە خوشكەكەی بەراورد كردوون. لە درێژەدا دەنووسێت: «خوشكەكەم هاودەم و یاوەرێكی ئێجگار باش بوو كە قەت هیچ كەس شوێنەكەی ناگرێتەوە.» ئێلیزابێت بە نووسینی ئەم قسە بۆشانە، دەیویست خۆی بكاتە چەقی سەرنجی ئەوانی تر و لە چارەنووسی براكەیدا ڕۆڵی خۆی یەكلاكەرەوە و ئەرێنی بنوێنێت. ئەو بۆ ساختەكردنی ڕاستیی پەیوەندیی نێوان خۆی و نیچە، دەستی لە هیچ نەدەپاراست… ئێلیزابێت نامەگەلێكی دەدانە پاڵ خۆی كە لە ڕاستیدا نیچە ئەوانەی بۆ كەسانی دی ناردبوون. نموونەی دیاری، نامەی نیچەیە بۆ دایكی، كە ئێلیزابێت تێیدا دەربڕینی «دایكی ئازیزم»ی سڕیوەتەوە و كردوویەتی بە «خوشكی ئازیزم». وا دیارە دەربڕینی «دایكی ئازیزم» لە چەند شوێنێكدا دووبارە بووەتەوە، بۆیە ئێلیزابێت نامەكەی كرد بە چەند بەشێكەوە، تا بتوانێت ئەو شوێنانەی كە دەربڕینی «دایكی ئازیزم»ی تێدا بەكار هاتووە، ببڕێت و لەنێو بەرێت. نموونەیەكی تر، نامەیەكە كە نیچە بۆ ژنێكی بە ناوی مالدیڤا ڤان ماینزنبێرگ نووسیبووی. سووچی سەرەوەی نامەكە سووتاوە. هەمدیسان وشەكانی سەرەتا، كراون بە «خوشكی ئازیزم». ئێلیزابێت ئەم نامانەی ساختە دەكردن، وای دەنواند ئەو سندووقەی كە ئەم نامانەی تێدا هەڵگیراون، بە هەڵكەوت ئاگری گرتووە و بەشێك لەم نامانەش سووتاون. لە هەندێك شوێنی تردا دەقی نووسینەكانی نیچەی لە ناو نامەكاندا بە كێرد هەڵدەكۆڵی. ئێلیزابێت لە ساختەكاریدا ئێجگار لێهاتوو و داهێنەر بوو. بە وزە و لێزانییەكی نائاساییەوە ئەم كارەی دەكرد. هەرچۆنێك بێت ستراتیژیی ماكیاڤیللیانەی ئێلیزابێت ئامانجی پێكا. شەش ساڵ پاش گەڕانەوەی لە پارەگوای، دواجار خەریك بوو بەو ئامانجە دەگەیشت كە هەمیشە لە ژیانیدا هەوڵی بۆ دەدا و لە تەمەنی 54 ساڵیدا ئیدی وردە وردە بە پێگە كۆمەڵایەتییە دڵخوازەكەی دەگەیشت. تەنیا یەك هەنگاو مابوو بۆ سەركەوتنی یەكجارەكی. فریدریک نیچە دوای چەند ساڵێك لە ژیانی ڕووەكی، لە 25ی ئابی 1900دا دواكۆچی كرد. لەمەودوا ئیدی هیچ سەدێك لە بەردەم ویستی دەسەڵاتی ئێلیزابێتدا نەبوو. ساڵێك دوای مردنی نیچە، ئێلیزابێت كتێبی «ویستی دەسەڵات»ی بە ناوی نیچەوە بڵاو كردەوە؛ كارێك كە تا پێش مردنی نیچە، نەیدەوێرا بكات. ئاخر هەمیشە ئەگەری ڕوودانی پەرجووێك هەبوو؛ نیچە لە باری بێهۆشی ڕزگاری ببێت و هۆشی بێتەوە، ئەوسا بە ناپاكیی خوشكەكەی بزانێت. هەر بۆیە بەدیار مردنی نیچەوە دانیشت، دوای ئەوە، بە دڵێكی ئاسوودەوە دواهەمین پلانی خۆیی جێبەجێ كرد. لە ساڵی 1901دا كتێبی ویستی دەسەڵات، وەك شاكار و چەقی فكری نیچە بڵاو كرایەوە. هەڵبەتە ئەمە شاكاری ئێلیزابێت بوو، نەك شاكاری نیچە. كتێبەكە بە سەربەشی ڕوونەوە، بە جۆرێك كە خوێندنەوەی بۆ وانەران زۆر ئاسان بێت، ڕێك خرابوو. ئەو ئایدیا دژەیەهوودییەكانی خۆیی ترنجاندنە نێو سەربەشەكانەوە و تیشكی كتێبەكەی خستە سەر ناسیۆنالیزمی ئەڵمانی. ئێلیزابێت بە مۆنتاژكردنێكی ڕقاویانەی یادداشتەكانی نیچە ئەم كتێبەی هێنایە ئارا. هەڵبەتە ڕەنگە نیچە خۆی پڕۆژەی نووسینی كتێبێكی تری هەبووبێت، لەم بارەیەوە شەش دەفتەری یادداشتی دەستنووس دۆزراوەتەوە، پسپۆڕان تا ئێستەش هەر خەریكی لێكۆڵینەوە و لێكدانەوەیانن. ئێلیزابێت ئازادانە ئەم یادداشتانەی لە بەردەستدا بوون و بەكاری هێنان. كۆمەڵێك لاپەڕەی گۆڕین، هەندێك لاپەڕەی بە سەلیقەی خۆی تەواو كردن، بڕێك لاپەڕەشی لە سەرتاسەرەوە ساختە كردن. ئێلیزابێت كۆمەڵێك بۆچوونی سیاسیی خۆیی لە كتێبەكەدا خستنە بەر باس كە بە تەواوی پێچەوانەی بۆچوونە سیاسییەكانی براكەی بوون. گەر نیچە زیندوو با، هەرگیز دەرفەتی بڵاوبوونەوەی وەها كتێبێكی نەدەدا.

یادداشتەكانی نیچە پەرش و هێمائامێز و بە زمانێكی ئەدەبی و پڕ لە خوازە نووسراون. بەم پێیە كاتێك لە ڕەوتی خۆیاندا دەربهێنرێن، زۆر بە ئاسانی دەشێت لێكدانەوەیەكی هەڵەیان بۆ بكرێت و بەكار بهێنرێن. بە لەبەرچاوگرتنی یادداشت و نووسینەكانی نیچە، ئەوە گەلێك گرنگە هەر ڕستەیەك لە ڕەوت و دەقی نووسینەكەی خۆیدا لێك بدرێتەوە و ڕاڤە بكرێت. ئێلیزابێت لە كۆكردنەوەی كتێبی ویستی هێزدا، بە تەواوی ڕەوتی ڕستەكانی نیچەی گۆڕی. بەو جۆرەی كە خۆی دەیویست، هزرەكانی نیچەی بە ساختەكاری و دەستبردن بۆ كاكڵەكەیان، ڕێك خستن. بەم پێیە چەمكگەلی وەك «ویستی دەسەڵات» و «مرۆڤی باڵا»، بە تەواوی جیاواز دەبێت لەوەی كە نیچە خۆی ویستوویەتی. ئێلیزابێت بە مرۆڤی باڵا، ناسیۆنالیستێكی ڕەگەزپەرستی دژەیەهوودی دروست دەكات. نیچە هەرگیز مەبەستی ئەمە نەبووە. ئەو چەندان جار بە بەڵگەوە لە یادداشتەكانیدا نووسیویەتی: لە نێوان ڕۆحی یەهوودی و ڕۆحی وڵاتی ئەڵمانیادا ڕایەڵێكی نەپچڕاو هەیە. نووسیویەتی ڕۆحی ئەڵمانی بەبێ یەهوودی، ناتەواو دەبێت و واتای خۆی لە دەست دەدات. ئێلیزابێت ئەم بەشەی یادداشتەكانی نیچەی لەوانی تر شاردبووەوە. وای دەنواند كە نیچە بەرگریكاری ڕەگەزی باڵای ئاریایی بووە. نیچە گەر خۆی زیندوو با، هەرگیز مۆڵەتی نەدەدا ناوەكەی بخرێتە خزمەت دەسەڵاتی ئیمپراتۆریەتی تازەوە. ئەمەشی چەندان جار لە گوتار و هەڵسوكەوتیدا نیشان دابوو. بەكارهێنانی ناوی نیچە لەپێناو پاكانەكردن بۆ ئایدیۆلۆژیایەكی ڕەگەزپەرستانەی شێتانە، گەورەترین ناپاكی بوو كە ئێلیزابێت لە براكەیی كرد.

ئێلیزابێت بە درێژایی ژیانی هەمیشە بە پیاوانێك سەرسام دەبوو كە وای دەزانی دەتوانن ئاراستەی مێژوو بگۆڕن. ساڵی 1933 هیتلەر دێتە سەر دەسەڵات؛ پیاوێك كە چارەنووسێكی شووم بۆ مێژوو یەكلایی دەكاتەوە. ئێلیزابێت بە كتێبی ویستی دەسەڵات، بنیادێكی ئایدۆلۆژیانە دەخاتە بەردەستی هیتلەر تا پڕوپاگەندەكانی خۆیی پێ بەهێز بكات… هیتلەر لە ڕێی ئێلیزابێتەوە، خۆیی لە ناو و یادگاریی نیچە نزیك كردەوە. گوتی لە ڕێی فەلسەفەی نیچەوە، دەركی بە ئامانجی بڵندی ڕەگەزی ئاریایی كردووە. بەپێی نووسینەكانی ئێلیزابێت، هیتلەر لە ماوەی چواردە مانگدا هەشت جار بانگهێشتی ئەوی پەسەند كرد و بە مەبەستی دیدەنیی چووە بۆ ڤایمار. هیتلەر دەیزانی خەڵكی چەندە گرنگی بە هێماكان دەدەن. ئەو وێنا ساختەیەی نیچە كە ئێلیزابێت كێشابووی، هیتلەر وەكوو هێمایەك بەكاری هێنا بۆ ئەوەی ڕەوایەتی بە بیروبۆچوونە نەفرەتییەكانی بدات. دوای تەلاری ئۆپێرای بایرۆیت، ئێستە ماڵی ئەرشیفی بەرهەمەكانی نیچە بووبووە گەورەترین ناوەندی فەرهەنگیی پڕوپاگەندەكانی ناسیۆنال–سۆسیالیزم… ئەو دواجار لە ڕێی هەر فڕوفێڵێكەوە بێت، خۆی بە پێگەیەك گەیاند كە لە ڕوانگەی خەڵكی ڕواڵەتبینەوە، شیاوی پیاهەڵدان بێت. لە تەمەنی 86 ساڵیدا، بە یەكێك لە كاریگەرترین ژنانی ئەڵمانیا دادەنرا. ئەو لە كۆتاییەكانی تەمەنیدا، دواجار بە ئامانجەكەی گەیشت. ئێلیزابێت بووە ئەڵقەیەك لە زنجیرەی دەسەڵات.

لە هەشتی تشرینی دووەمی 1935دا دواكۆچی كرد. هیتلەر بە تایبەت لە ڕێوڕەسمی بەڕێكردنی تەرمەكەیدا بەشداریی كرد، بە وێنەی منداڵێكی پرسەدار كە بۆ دواجار ماڵئاوایی لە دایكی دەكات.

چەند دەیەیەك بەسەر مردنی ئێلیزابێتدا تێپەڕی جا لێكۆڵەر و پسپۆڕان بە ساختەكاریی بەڵگەكانیان زانی. ئێلیزابێت ساختەكارییەكی كردبوو كە تا ماوەیەكی زۆر بەرهەمەكانی نیچە ناڕوون، ئاڵۆز، دژیەك و سەرلێدەرنەكراو بێنە بەرچاو. بە دڵنیاییەوە بەبۆنەی كتێبی «ویستی دەسەڵات»ـەوە ئێلیزابێت بە یەكێك لە كەسایەتییە دیارەكانی مێژووی هزری ئەڵمانیا دادەنرێت. كە هەڵبەتە ئێستاكە زۆربەی خەڵكی ئەڵمانیا دەڵێن: «بریا ئەو هیچ پەیوەندییەكی بە نیچەوە نەبا.» سەرەڕای ئەمانەش، نیچە لە بەرهەمەكانیدا فەلسەفەیەكی سەردەمبڕی بۆ مرۆڤایەتی جێ هێشت. تێگەیشتنی قووڵی ئەم فەلسەفەیە، نیشاندەری ئەو ڕاستییەیە كە ئەو، هیچ پەیوەندییەكی بە فاشیزم و ڕەگەزپەرستییەوە نەبوو.

هاوشێوە