رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

دۆستۆیڤسکی سەرزەنشت مەکەن

Facebook
Twitter
LinkedIn

ن:میخایل شیشکین

و:ئەرکان جەوهەر

[لەو بڕوایەدام] فەرهەنگیش وەک هەر کایەیەکی تر دەبێتە قوربانی دەستی جەنگ. دوای هێرشە سەربازییەکەی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، هەندێک لە نووسەران و [بیرمەندانی] ئۆکرانیا داوای دەستبەجێ بایکۆتی مۆسیقا، فیلم، کتێب و ئەدەبی ڕووسییان‌ دەکرد. هەندێکی تر ئەدەبی ڕووسییان بە هاوبەش و هاوکاری تاوانەکانی سەربازانی ڕووسی دەزانی و ئیدانەیان دەکرد و دەیان وت: تەواوی فەرهەنگی ڕووسی، فەرهەنگێکی ئیمپریالیستییە و ئەم هێرشە سەربازییە نیشانەی ئیفلاسی ئەخلاقی بە ناو شارستانییەتی ڕووسیا نیشان دەدات؛ ئەوان ئەرگومێنتی ئەوەیان بۆ ئەمە دەهێنایەوە کە ڕێگای گەیشتن بە شاری بووچا  بەناو ئەدەبیاتی ڕووسی‌دا تێدەپەڕێت.

تێدەگەم کە تاوانی ترسناک بە ناوی گەلەکەم و خۆم و نیشتیمانەکەیشمەوە ئەنجام دەدرێت، لەوەیش تێدەگەم کە چۆن ئەم جەنگە زمانی پوشکین و تۆڵستۆی کردووە بە زمانی بکوژان و تاوانبارانی جەنگ. ئەمڕۆ جیهان جگە لە بۆمبارانکردنی نەخۆشخانەی منداڵان و جەستەی پارچەپارچەی سەر شەقام و گەڕەکەکانی کێڤ‌، چ ڕوویەکی دیکەی فەرهەنگی ڕووسی ببینێت؟

[هەر بە ڕاستی] لە ئێستادا ڕوسیبوون گەلێک بەئازارە، بڵێم چی کاتێك دەبیستم پەیکەری ”پوشکینـ”ــینیان لە ئۆکرانیا هێناوەتە خوارەوە. تەنها بێدەنگ دەبم و  هەست بە شەرمەزاری دەکەم و دڵ بەوە خۆش دەکەم کە ڕەنگە شاعیرێکی ئۆکرانی هەبێت بەرگیری لە پوشکین بکات.

ڕژێمەکەی پۆتین گورزێکی کوشندەی لە کولتووری ڕووسی داوە. دروست هەر وەک ئەو بەڵایەی کە حکوومەتی ڕووسیا چەندان جار بەسەر هونەرمەند و مۆسیقاژەن و نووسەرانی وڵاتەکەی خۆیشیدا هێناویەتی. لێرە، لە ڕووسیا هونەرمەندان ناچارکراون، یان دەبێت گۆرانی نیشتمانپەروەری [بۆ ڕژێمەکەی پووتین] بڵێن، یان دەبێت وڵات بەجێ بهێڵن. لە ڕاستیدا لە نیشتیمانەکەی مندا، ڕژێم هەموو چالاکییەکی فەرهەنگی و ڕؤشنبیری هەڵپەساردووە. [هەر بۆ نموونە:]ماوەیەک لەمەوپێش گەنجێکی ناڕازی پۆستەرێکی بەرزکردبووەوە کە وتەیەکی  تۆڵستۆی وەل دروشم تێدا نووسیبوو، دەستبەجێ دەستگیر کرا.

هەمیشە فەرهەنگ و ڕۆشنبیری ڕووسی هۆکارێکی بۆ ترس لە حکوومەتە [یەک لەدوای یەکەکانی]ئەم وڵاتە پێ بووە، ئەمە وتە بەناوبانگەکەی بیرمەند و نووسەری سەدەی نۆزدەیەم ”ئەلیکساندەر هێرستن”مان بیر دەخاتەوە کە دەڵێت: “هەمیشە حکوومەت لە ڕووسیا بە جۆرێک خۆی وەک سوپایەکی داگیرکەر ڕێکخستووە”. بە درێژایی سەدان ساڵ، سیستەمی حکوومڕانی و سیاسی لە ڕووسیادا بە تەواوی وەک خۆی ماوەتەوە، سیستەمێکی هەرەمی کە تیایدا کۆیلەکان هەردەم ناچارن خانی گەورە بپەرستن. ڕووسیا لە سەردەمی شانشینی (هۆردۆی زێڕینـ) دا بەو شێوەیە بووە، [چەند سەدە دواتر و]لەسەردەمی ”ستالینـ”ـیشدا هەر وابووە، ئەمڕۆیش لە سەردەمی پۆتیندا هەر وەهایە [هیچ نەگۆڕاوە.]

[ئەمڕۆ] جیهان سەری سووڕماوە لەو بێباکی و دژایەتی نەکردنەی گەلی ڕووسیا بەرانبەر ئەو جەنگە [ماڵوێرانییەی کە پووتین هێناویەتە ئاراوە]، لێ ئەم بێدەنگییەی خەڵک چەندان نەوەیە بەردەوامە و جۆرێکە‌ لە ستراتیژی مانەوە، ئەمە لە دوا دێری شانۆنامەی بۆریس گۆدۆنۆفی ئەلکساندەر پوشکیندا ڕەنگی داوەتەوە، کاتێک مالسکی هاوار دەکات و دەڵێت: ((خەڵکی لە هەواڵەکە بێدەنگبوون، چونکە بێدەنگییان پێ باشتربوو))، هەمیشە هەق لەگەڵ ئەو کەسانەدا بووە کە دەسەڵاتیان بە دەستەوەیە و هەر بڕیارێک کە لە لایەن ئەوانەوە دەردەچێت دەبێت گوێڕایەڵ بین پێیەوە، هەر کەسێکیش سەرپێچی بکات زیندانی دەکەن، یان لەوە خراپتری بەسەر دێنن. ڕووسەکان بە هۆی ئەو ئەزموونە تاڵانەی کە لە مێژوودا چەشتوویانە بە باشی ئەوە دەزانن کە هەرگیز نابێت بڵێن:”دۆخەکە لەمە خراپتر نابێت” [چونکە هەمیشە خراپ و خراپتریان بینیوە]. پەندێکی کۆنێش هەیە کە دەڵێت: ”هەرگیز ئارەزووی مردنی هیچ زۆرداریک مەخوازە”، چونکە ناتوانیت بزانێت ئەوەی دوای ئەو دێت چۆن دەبێت.

تەنیا وشەیەک دەتوانێت ئەم بێدەنگییە بشکێنێت، هەر لەبەر ئەمەیە کە هەمیشە شیعر لە ڕووسیا شتێکی زیاتر بووە لە شیعری ئاسایی. زیندانیانی ”یەکێتیی سۆڤێتـ”ـی پێشوو ئەوە دەگێڕنەوە، لە ئۆردوگاکانی کاری زۆرەملێ‌دا ئەوەی گیانیانی لە مردن ڕزگار کردووە خوێندنەوەی بەرهەمە ئەدەبییە کلاسیکەکان بووە. شوێنێک کە زیندانییەکان تیایدا ستایشی ڕۆمانەکانی تۆرگنیڤ، تۆڵستۆی و دۆستۆیڤسکییان بۆ یەکتر دەکرد. ئەدەبی ڕووسی نەیتوانی ڕێگە لە درووستبوونی گولاگـ(Gulag)ـەکان  بگرێت، بەڵام توانی کۆمەک بە زیندانییەکان بکات بۆ ئەوەی بتوانن بەرگەی ئازار و ناسۆرەکانی زیندان بگرن.

حکوومەتی ڕوسی هەرگیز کاری بە فەرهەنگ و ڕۆشنبیری نەبووە، مەگەر تەنیا کاتێک بیەوێت دەستی بەسەردا بگرێت و [بیخاتە خزمەت ئەجێندای سیاسی خۆیەوە]. وەختێک یەکێتیی سۆڤێتی پێشوو ویستی ڕووخساری مرۆڤدۆستانە و چاکەخوازییانەی خۆی نیشان بدات، ناچار بوو پەیکەر و مۆنۆمێنت بۆ نووسەر و بیرمەندانی ڕووسی دروست بکات. لە ساڵی (١٩٣٧)دا کە هاوکاتە لەگەڵ تەسفیە حساباتی (پاکسازییە گەورە) نەیارەکانی ستالیندا، کە ئەوکات تەنانەت جەلاد و پیاوکوژەکانیش لە ترسی گیانی خۆیان دەلەرزین، درووشمی ئەوەی ”پوشکین هەموو شتێک و هەموو کەسی ئێمەیە” لەسەر سەکۆی هەموو شانۆکانی ڕووسیا دەبیسترا. دەسەڵات هەردەم فەرهەنگ و ڕۆشنبیریی وەک دەمامک و قەڵغانێک بەکار دەهینێت بۆ شاردنەوەی ڕووی ڕاستەقینەی خۆی]. هەر لەبەر ئەمەیە ستالین پێویستی بە بلیمەت و مۆسیقاژەنێکی گەورەی وەک “دیمیتری شۆستاکۆڤیچ” هەبوو، ئەمڕۆێش پۆتین بە ڤالێری ئەبسالۆڤیج.

کاتێک ڕەخنەگران دەڵێن فەرهەنگی ڕووسی فەرهەنگێکی ئیمپریالیستییە، بیر لە جەنگ و پەلامارە داگیرکارییەکانی حکوومەتی ڕووسی دەکەنەوە و مەبەستیان ئەوەیە، ڕۆشنبیر و هونەرمەندانی ڕووسیا [لەبری ڕەخنەگرتن] پاساو بۆ هەوڵە داگیرکارییەکانی حکوومەتەکەی پۆتین دەهێننەوە. لێ ئەوەی بە لای ئەوانەوە گرنگ نییە، داگیرکارییە ناوخۆییەکانی ڕووسیایە، رووسیا بەر لە هەر شتێک، ئیمپراتۆرییەتێکی کۆیلەداری بووە، ئیمپراتۆرییەتێک کە دەبوو پێش هەر کەسێک خەڵکی ڕووسیا بەرگەی ئازار و ناسۆرەکانی بگرن. حکوومەتی ڕووسیا جگە لە خۆی، هیچ مانا و شەرعیەتێکی بۆ گەلی ڕووسیا نییە، چونکە تاکە ئامانجی حکوومەتی ئێستای ڕووسیا مانەوەیە لە دەسەڵاتدا. سەدان ساڵە حکوومەت لە ڕووسیا ئایدیای (جیهانی ڕووسی) بە زۆر خستووەتە ناو مێشکی خەڵکەوە، ئایدیای ئەوەی کە نیشتیمانی باوکی پیرۆز وەک دوورگەیەک بە ئۆقیانووسی دووژمنان دەورە دراوە و تەنیا کەسێکیش بتوانێت ئەم دوورگەیە ڕزگار بکات و حکوومەت و خەڵکەکەی بەدەستێکی ئاسنین بپارێزێت، جگە لە ئاغاکەی کرملن (ڤلادمێر پۆتین) کەسی تر نییە.

پرسیارە هەمیشەییەکە بۆ چینە خوێندەوار و کەمینەکەی ڕووسیا، یان وەک ڕۆشنبیرانی سەدەی نۆزدەیەم پێیان دەوت ”پرسیارە نەفرەتییەکان”،  ئەو پرسیارانە بوون کە هەردوو ڕۆمانی گەورەی ئەو سەردەمە، واتا ڕۆمانی ”خەتای کێیە”ی ئەلیکساندەر هێرزن و ”دەبێت چی بکرێت”ی نیکۆلای چیرنیشڤیشکی خستبوویانە ڕوو. لێ بۆ ملیۆنان جووتیاری نەخوێندەوار تەنها پرسیارێک کە لە ئارادا بوو، ئەوە بوو دەوترا: ”ئایا ئەم ئیمپراتۆرییەتە ئیمپراتۆرییەتێکی ڕەسەنە، یان نادرووست و ساختەکار”. چونکە ئەگەر ئیمپراتۆر ڕەسەن بووایە، هەموو شتێک لە دونیادا ئاسایی و نۆرماڵ دەبوو. لێ ئەگەر  ئیمپراتۆر لە ڕێگەی ڕاست لایدایە، ئەوا ڕووسیا پێویستی بە ئیمپراتۆرێکی تر دەبوو؛ ئیمپراتۆرێکی ڕاستی و واقعی. لە زیهنییەتی خەڵکدا تەنیا سەرکەوتن بەسەر دووژمنانی ڕووسیادا دیاری دەکات، کام ئیمپراتۆر ڕەسەن و واقعییە و کامیان درۆ و ساختە. [هەر بۆ نموونە:] لە ساڵی (١٩٠٥)دا نیکۆلای دووەم لە جەنگی جیهانی یەکەمدا لە دژی یابان شکستی هێنا، ئیتر وەک سەرکردە (ئیمپراتۆر)ـێکی ساختە و درۆینە ناوبانگی دەرکرد و تەواوی [پێگە] و خۆشەویستی خۆی لەناو خەڵکیدا دۆڕاند. لێ چونکە ستالین لە جەنگی گەورەی نیشتیمانپەروەریـ(جەنگی جیهانی دووەم)ـدا، گەلی ڕووسیای بەرەو سەرکەوتن برد و [بەسەر ئەڵمانیای نازیدا سەرکەوت، لەناو خەڵکیدا] وەک سەۆکێکی واقعی و دڵسۆز سەیر دەکرێت و کەسایەتی وی تا ئێستایش لەناو کۆمەڵگەی ڕووسیدا جێگای ڕێزێکی زۆرە. هەروەها ”میخایل گورباچۆڤـ”یش کە کۆتا سەرۆکی یەکێتیی سۆڤێت بوو، چونکە لە هەردوو جەنگی ئەڤغانستان و جەنگی سارددا دژی ڕۆژئاوا تووشی شکست هات، تا مرد گەڵی ڕووسیا ڕقیان لێ بوو.

وەختێکیش لە ساڵی (٢٠١٤)دا پۆتین سەرکەوتووبوو لە لکاندنی هەرێمی کریما بە ڕووسیاوە، وەک سەرۆکێکی واقعی لەناو خەڵکیدا شەرعییەت و خۆشەویستییەکی زۆری بەدەست هێنا. لێ گەر نەتوانێت لەم جەنگەدا بەرانبەر ئۆکرانیا سەرکەوتن بەدەست بهێنێت، مومکینە هەموو شتێک لەدەست بدات. ئیدی دوای ئەویش کەسێکی تر لە جێگەکەی دێتە مەیدان، ئەو کەسەی کە سەرەتا پۆتین وەک سەرۆکێکی ناڕەسەن دەناسێنیت و دواتر بە سەرکەوتنی بەسەر دووژمنانی ڕووسیادا شەرعییەتی خۆی لەناو خەڵکیدا دەسەلمێنیت.

هەردەم کۆیلەکان دیکتاتۆر دروست دەکەن و دیکتاتۆرەکانیش کۆیلە، تەنها یەک ڕێگا بۆ کۆتایی هێنان بەم دۆخە دزێوە هەیە، ئەویش فەرهەنگ و ئەدەبە، ئەدەب دژەژەهری داگیرکاری و ئیمپریالیستییە. ئەو درز و کەلێنە شارستانییەی کە تا ئێستایش لە نێوان هەستی مرۆڤدۆستانەی ڕۆشنبیران و گەلی ڕووسیادا هەیە، دەتوانرێت بەهۆی فەرهەنگ و ئەدەبەوە ڕیشەکێش بکرێت. ئەمڕۆ حکوومەت هەرچی لە توانادا بێت دەیکات تا کەمێک ڕێگری لە فراوانبوونی ئەم درزە بکات.

[بۆیە لە کۆتاییدا دەڵێم]؛ ئەو کوشتوبڕەی کە لە شەقامەکانی بووچا بەڕێوە دەچیت، نەک بەشێک نییە لە فەرهەنگ و ئەدەبی ڕووسی، بەڵکوو ئەوەی لەوێ دەگوزەرێت جۆرێکە لە سەرکوتکردنی خودی ئەدەبی ڕووسی و سووکایەتیکردنە بە بەرهەمەکانی کەسانی وەک: فیدۆرۆ دەستۆیڤسکی و میخایل بوڵگاکەف، تا دەگاتە لە سێدارەدانی، نیکۆلای گومیلیڤ و ئایزاک بابل و ناچارکردنی ماریانا تسڤیتێڤا بە خۆکوشتن، هاوکات سەرکوتکردن و سووکایەتیکردن بە دەیان و سەدان ئەدیب و بیرمەندی گەورەی تر. [لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت] سەرەڕای کەوتن و سوکایەتیکردنی بەردەوام، مێژووی فەرهەنگ و رۆشنبیری ڕووسیا، مێژووی کۆڵنەدان و ململانێی بەردەوامە لە بەرانبەر حکوومەتە تاوانکارە یەک لە دوای یەکەکانی ڕووسیادا.

[لە کۆتاییدا دەڵێم]: جیهان قەرزاری شاکارێکی ئەدەبی دیکەی ڕووسییە. زۆر جار لە خەیاڵی خۆمدا وێنای کوڕێکی گەنج دەکەم، کە ئێستا لە سەنگەرەکانی جەنگدایە و هێشتا نازانێت نووسەرە و لە خۆی دەپرسێت: ”ئاخۆ من لێرە چی دەکەم؟” بۆچی دەوڵەت درۆ و خیانەتی لێکردم؟ بۆچی یان دەبێت بکوژین، یان دەبێت بکوژرێین؟ [هەر بە ڕاستی] بۆچی هەردەم ئێمەی ڕووسی فاشیست و بکوژین؟

سەرچاوە: https://www.aasoo.org/fa/articles/4012

هاوشێوە