رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

ئاخۆ شتێک گرنگە؟

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسین: پیتەر سینگەر

وەرگێڕان: دڵشاد حامید دەروێش

ئاخۆ دەشێت حوکمە ئاکارییەکان دروست یانژی هەڵە بن؟ یان ئاخۆ ئیتیک لە گەوهەردا پرسێکی خودییە و تاکەکان هەڵی دەبژێرن؟ یاخود وابەستەی کولتووری ئەو جڤاتەیە كه‌ مرۆی تێدا دەژی؟

ئەو بۆچوونەی فەیلەسووفەکان کە دەیگوت حوکمە ئاکارییەکان ڕاستیگەلێکی بابەتی دەردەخەن، لە سییەکانی سەدەی بیستەمه‌وە باوی نەماوە، کاتێک لۆجیکاڵ پۆزەتیڤیستەکان جەختیان کردەوە لەسەر ئەوەی کە ڕێگەیەک بۆ پشتڕاستکردنەوەی حوکمە ئاکارییەکان لە گۆڕێ نییە، بۆیە جگە لە گوزارشتکردن لە هەست و هەڵوێستەکانمان، هیچی دیکە نین. کەواتە بۆ نموونە، وەختێ دەڵێین “نابێت لەو منداڵە بدەیت”، ئەوا ڕاستییەکەی ئێمە ناڕەزایەتیمان لەسەر لیدانی منداڵەکە دەربڕیوە، یان هانمان داویت تا لە منداڵ نەدەیت. ڕاستییەک لەبارەی ئەوەی کە هەڵەیە لە منداڵ بدەیت یاخود نا، بوونی نییە.

هەرچەندە ئەم دیدە بۆ ئیتیک زۆر جاران ڕووبەڕووی ئاڵه‌نگاری بووه‌تەوە، بەڵام زۆربەی ڕەخنەکان لە لایەن ئەو بیریارە ئایینییانەوە گیراون کە فەرمانەکانی خودا جێبەجێ دەکەن. ئەم ئارگیومێنتانە لە دونیا سیکولارەکەی فەلسەفەی ڕۆژئاواییدا، سەرنجڕاکێش نین. بەرگرییەکانی دیکەی ڕاستیی بابەتی لە ئاکاردا پەنایان بۆ ئایین نەبردووە، بەڵام بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ پێشکەوتنێکی کەمیان لە بەرانبەر مەزاجی فەلسەفیی باودا بە دەست هێنا.

پارفیت ساڵی ١٩٤٢ لە دایک بووە و ساڵی ٢٠١٧ مردووە. ساڵێک بەر لە مردنی، لە ڕاپرسییەکی وێبسایتێکی فەلسەفیی دیاردا، وەک گرنگترین فەیلەسووفی زیندووی ئینگلیزیزمان دیاری کرا؛ لەپای نووسینی کتێبی “Reason and Persons” کە لە ساڵی ١٩٨٤دا هاتە دەر، ستایشێکی مەزن کرا، بەڵام ئەو کتێبە دەرگیری پرسی بابەتیبوونی ئیتیک نەبوو. هەرچۆنێک بێت، ئەم پرسە بوو بە بابەتی کتێبی دووەمی، کتێبێکی دوو بەرگی بە ناوی “On What Matters” کە لە ساڵی ٢٠١١دا بڵاو کرایەوە. (بەرگی سێیەم، کە زیاتر وەڵامدانەوەی ڕەخنەکانە، لە ساڵی ٢٠١٧دا دوای ماوەیەکی کورت لە مردنی پارفیت هاتە دەر). بڵاوکردنەوەی ئەم کتێبە کە پشتی بە هیچ جۆرە باوەڕێکی ئایینی نەبەستووە، تێکڕای ئەوانەی کە بابەتیبوونی ئیتیکیان ڕەت دەکردەوە، خستە دۆخی بەرگرییەوە.

کتێبی “On What Matter” بە قەبارە زۆر گەورەیە، لە ١٨٠٠ لاپەڕە زیاترە، بەڵام کرۆکی ئارگیومێنتەکە لە ٤٠٠ لاپەڕەی یەکەمدایە، ئاڵه‌نگارییەکی قورس نییە بۆ ئەوانەی لە ڕووی عەقڵییەوە کونجکۆڵن – بە تایبەت ئەگەر بزانین پارفیت دەستی بە باشترین نەریتی فەلسەفەی زمانی ئینگلیزییەوە گرتووە، هەمیشە لەپێناو ڕوونیدا تێ بکۆشە، هەرگیز وشەی تەمومژاوی بەکار مەهێنە ئەگەر وشەی ڕوونتر هەبن. ڕستەکان ڕێکوپێک و سادەن، ئارگیومێنتەکان ڕوونن، پارفیت زۆر جاران نموونەی زیندوو بۆ گەیاندنی مەبەستەکەی دەهێنێتەوە. ئەم کتێبە دەستوپەنجەنەرمکردنێکی فیکرییە بۆ تێکڕای ئەوانەی دەیانەوێ تێ بگەن نەک لەوەی [چی گرنگە]، بەڵکو لەوەی ئاخۆ شتێک دەشێت لە ڕووی بابەتییەوە گرنگ بێت.

زۆرێک گریمانەی ئەوە دەکەن کە ئاوەزگەرایی هەمیشە ئامێرییانەیە: ئاوەز تەنها پێمان دەڵێت کە چۆن ئەوەی دەمانەوێت، بە دەستی بهێنین. بەڵام پێداویستییە بنەڕەتی و خواستەکانمان لەودیو تخوبی ئاوەزەوەن. پارفیت ئەمە بە ڕاست نازانێت. ئەو لەو بڕوایەدا بوو چۆن پەی بەو ڕاستییە دەبەین کە ١ + ١ = ٢، بە هەمان شێوە هۆیەکم بۆ خۆلادان لەو ئازارە هەیە کە لە داهاتوودا تووشم دەبێت. ئەمەش بەبێ گوێدان بەوەی کە ئاخۆ ئێستا گرنگی ده‌ده‌م یان خوازیاری ئەوەم کە ئاخۆ لەو کاتەدا تووشی ئازار دەبم. هەروەتر، هۆگەلێکی دیکەمان هەیە (هەرچەندە هەمیشە هۆکاری یەکلاکەرەوە نین) بۆ ڕێگەگرتن لەوەی ئەوانی دیکە ئازار بچێژن. ئەم ڕاستییە نۆرماتیڤە حاشاهەڵنەگرانە، بنەڕەتی بەرگریکردنی پارفیتن لە بابەتیبوون لە ئیتیکدا.

یەکێک لەو ئارگیومێنتە دیارانەی دژ بە بابەتیبوونە لە ئیتیکدا، بریتییە لەوەی خەڵکی بە قووڵی لەبارەی ڕاست و هەڵەوە ناکۆکن. ئەم ناکۆکییە بۆ نێو فەیلەسووفانیش درێژ دەبێتەوە، کەسانێک کە ناتوانین بە نەزانی و سەرلیشێواوی تۆمەتباریان بکەین. ئەگەر بیرمەندە مەزنەکانی وەک ئیمانوێل کانت و جێرمی بێنسام لەبارەی ئەوەی پێویستە چی بکەین جیاواز بن، دەشێت وەڵامێکی دروستی بابەتییانە بۆ ئەم پرسیارە هەبێت؟

وەڵامی پارفیت بۆ ئەم ئارگیومێنتە وا دەکات بانگەشەیەک بکات کە ڕەنگە تەنانەت لە بەرگریکردنی لە بابەتگەرایی لە ئیتیکدا بوێرانەتر بێت. ئەو سێ تیۆرە پیشەنگەکە لەبارەی ئەوەی دەبێت چی بکەین لەبەرچاو دەگرێت. یەکێکیان لە کانتەوە سەرچاوە دەگرێت. یەکێكی دیکەیان لە نەریتی پەیمانی کۆمەڵایەتی لای هۆبز و لۆک و ڕۆسۆ و فەیلەسووفە هاوچەرخەکانی وەک جۆن ڕاولز و تی ئێم سکانلۆنەوە. کۆتا دانەیان لە سوودگەرایی جێرمی بێنسامەوە. ئەو جەختی لەسەر ئەوە دەکردەوە کە بۆ ئەوەی شیاوی بەرگریلیکردن بن، پێویستە بە تیۆری کانتی و پەیمانی کۆمەڵایەتدا بچینەوە.

پاشان دەڵێت ئەم تیۆرە بژارکراوانە لەتەک فۆرمێکی تایبەتی دەرئەنجامگەرایی (consequentialism)دا تەبان. ئەمیش تیۆرێکە کە سەر بە خێزانە گەورەکەی سوودگەراییە. ئەگەر پارفیت ڕاست بێت، ئەوا دژیەکییەکی کەمتر لەوەی بیری لێ دەکەینەوە، لە نێوان ئەو تیۆرە ئاکارییانەدا کە دژیەک دەردەکەون، هەیە. بەرگریکارانی هەر یەکێک لەم تیۆرانە، بە دەربڕینە ڕەوانەکەی پارفیت، »لە ڕووی جیاوازەوە بەسەر هەمان شاخدا سەردەکەون.«

ئەوانەی کتێبی “On What Matter” بە مەبەستی گەیشتن بە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ناونیشانەکەی دەیخاتە ڕوو، دەخوێننەوە، ڕەنگە بێهیوا ببن. ئەوەی بە ڕاستی پارفیت گرنگیی پێ دەدات، بەرەنگاربوونەوەی خودگەرایی (subjectivism) و هیچگەراییه‌ (nihilism). بە ڕای وی، ئەگەر دروستیی بابەتگەرایی [Objectivism] نەسەلمێنێت، هیچ شتێک گرنگ نییە.

پارفیت کە دێتە سەر پرسیاری “چی گرنگە”، ڕەنگە وەڵامەکەی بە شێوەیەکی سەرسووڕهێن ڕوون و ئاشکرا بێت. بۆ نموونە، ئەو پێمان دەڵێت، نها لە هەموو شت گرنگتر ئەوەیە: »ئێمەی خەڵکانی زەنگین دەست لە هەندێک لە خۆشگوزەرانییەکانمان هەڵبگرین، چیتر بەرگەهەوای زەوی گەرمتر نەکەین، هەروەتر بە شێوازی دیکە گرنگی بەم هەسارەیە بدەین، تا زەوی لە پشتگیریکردنی ژیانی زیرەک بەردەوام بێت.«

زۆرێک لە ئیمە بەو ئەنجامگیرییە گەیشتووین، ئەوەشی لە کارەکەی پارفیتەوە دەستمان دەکەوێت، شیاوێتیی بەرگریکردنە لەم بانگەشە ئاکارییانە و بانگەشە ئاکارییەکانی دیکە وەک ڕاستیگەلێکی بابەتی.

هاوشێوە